29- عەنکەبووت

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 11 خولەک  773 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، میم.

2) ئاخۆ مەردم لایان وایە هەر کە بێژن: ئێمە باوەڕمان هێناوە، ئیتر وازیان لێ دەهێنرێ و تووشی هیچ ئەزموونێ نابن؟

3) ئێمە ئەوانەی بەرلەمانیشمان بە تاقی کردەوە. بێ گومانە خوا ئەوانەی کە ڕاسیان گوت، ئەوانەش کە درۆزنن، دیاری دەکا.

4) ئاخۆ ئەوانەی بەدکارن، وادەزانن ناکەونە بەر قەمچی ئێمەوە؟ خراپیان لێک داوەتەوە.

5) هەر کەسێ هومێدی وایە بگا بە دیداری خودا، وەختێ کە خودا دایناوە، هەربینا هات. بیسەر و زاناش هەر ئەوە.

6) هەر کەس دەچێتە خەزایە، خەباتێکە بۆ خۆی دەکا. دیارە خودا لە هەموو کەس بێ نیازە.

7) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، خراپەکانیان دەسڕینەوە و باشتر لەوی کردوویانە، ئێمە پاداشیان پێ دەدەین.

8) ئێمە مرۆمان ڕاسپارد کە دەگەڵ داک وباوکی خۆی چاکە بکا. هەرگا ئەوان هەڵیان پێچای، هەر لە ڕووی نەزانیتەوە شەریک بۆ من بڕیار بدەی، تۆ نابێ بە قسەیان بکەی. هەموو لاتان هەر دەگەڕێنەوە لای خۆم؛ ئەوسا خۆم حاڵیتان دەکەم، ئێوە چ کارێکتان دەکرد.

9) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، ڕەگەڵ پیاوچاکانیان دەخەین.

10) لە مەردمدا ئی واش هەیە، ئێژێ: ئێمە باوەڕیمان بە خوا هەیە؛ هەرگاش لەسەر خوداناسین ئازار درا، وا دەزانێ ئازاری خەڵک وەکوو سزای خودا وایە. ئەگەریش لە پەروەرندەت یاریێک بێ، ئێژن: ئێمەشتان دەگەڵ بووین. مەر خوا لەوەی کە لە سینەی خەڵکی دنیادایە، ئاگادارتر نییە؟

11) خوا بڕوادارەکان باش دەناسێت و دووڕازانیش باش دەناسێ.

12) خوانەناسان بە خاوەن باوەڕان دەڵێن: کەونە شوێنی ڕێگای ئێمە، ئۆباڵی گوناهەکانتان وەمل دەگرین؛ کە ناشکرێ هیچ ئۆباڵی گوناهانیان وەستۆ بگرن؛ بێ گومانە کە ئەوانە درۆزنن.

13) باری گرانی خۆیان و باری گرانی خەڵکی دیش - وەل باری گرانی خۆیان - هەڵدەگرن و ڕۆژی قیامەت لەسەر ئەو بوختان کردنە، دەکەونە بەر پرسیارەوە.

14) ئێمە نووحمان ڕاسپاردە لای هۆزەکەی؛ هەزار ساڵی پەنجا ساڵ کەمیان لە ناوما؛ چونکە هەر لەسەر ناهەق بوون، تۆفان ئەوانی ڕاماڵی.

15) ئێمە خۆی و هەرکێ لە گەمیەکەدا بوون، نەجاتن دان. ئەمەشمان کردە بەڵگەیەک بۆ هەموو خەڵکی دنیایە.

16) ئیبڕاهیمیش وەبیر بێنە؛ کاتێ بە هۆزەکەی خۆی گوت: ئێوە خوابپەرستن و لەو بترسن؛ ئەگەر بیزانن ئەم کارە هەر بە قازانجی خۆتانە.

17) لە بری ئەوەی ئێوە خودا بپەرستن ، بت گەلێک دەپەرستن و درۆی گەورەش هەڵدەبەستن. ئەوی دەیانپەرستن و غەیرەز خودان، خۆ ناتوانن ڕۆزیو بدەن. ڕۆزی لە خودا داوا کەن و بیپەرستن و شوکری بکەن. هەموو لاتان بۆ لای ئەو دەگەڕێنەوە.

18) ئەگەر باوەڕ بە من نەکەن، کۆمەڵانی بەر لە ئێوەش هەبوون کە باوەڕیان نەکرد. ڕاسپاردە جگە لە ڕاگەیاندنی پەیامەکەی - بە ئاشکرا - هیچی تری لەسەر نییە.

19) ئاخۆ هێندە ڕانەماون کە بزانن خودا چۆن شت وەدی دێنێ و پاش نەمان دەیهێنێتەوە؟ ئەمە لای خودا هاسانە.

20) بێژە: گەشتێ لەم سەرزەمینە بدەن و تماشا کەن، چێ کردنی چۆن دەس پێ کرد؟ پاشان [هەر] خوا ئافراندنی؛ پاشینیش وەدی دەهێنێ. خودا توانای بەسەر هەموو شتدا هەیە.

21) بە مەیلی خۆی، هەرکێ ئازار بدا دەیدا و، هەر کەسێکیش خۆی حەز بکا وەبەر بەزەیی خۆی دەخا و، هەر دەوهێننەوە بۆ لای خۆی.

22) لە عەرز و لە عاسمانێ بن، ناتوانن خۆ ڕزگار بکەن؛ غەیرەز خوداش هیچ هانا و یاریکاروو نین.

23) ئەو کەسانەی باوەڕیان نەکرد بە نیشانانی خودا و بە دیداری، ناهومێد بوون لە بەزەم و جەزرەبەی بەژان بەشیانە.

24) تەنیا وەرامی هۆزەکەی هەر ئەمە بوو، کە: بە کوشتن بیکوژن یان بیسووتێنن. خودا لە ئاگری پاراست. ئەم ڕووداوە بۆ ئەوانەی خاوەن بڕوان، زۆر نیشانەی تێدا هەیە.

25) گوتی: ئێوە لە بری خودا بۆیە بوتان دەپەرستن، کە لە ژینی دنیاییدا ئێوە یەکترتان خۆش دەوێ؛ پاشان لە ڕۆژی قیامەتا حاشا لە یەکتر دەکەن و نەفرین بۆ یەکتر دەنێرن؛ جێشتان لە ئاگردا دەبێ و کەسیش یاریدەتان نادا.

26) ئیتر لووت بڕوای پێ هێنا. گوتی: ئەوا من کۆچ دەکەم بەرەو لای پەروەرندەی خۆم. هەر ئەو خاوەن دەستەڵاتە و لەکارزانە.

27) ئێمە ئیسحاق و یەعقووبمان بە وی بەخشی و پێغەمبەری و کتێبیشمان کردە بەشی نەتەوەی ئەو؛ لە دنیادا پاداشی ئێمەی پێ گەیشت و لە قیامەتیش ئەو لە پیاوەچاکەکانە.

28) باسی «لووت» یشیان بۆ بکە، ئەوسا کە بە هۆزەکەی گوت: ئێوە کاری ئەوندە شوورەیی دەکەن، لە دنیادا کەس بەر لە ئێوە وای نەکرد.

29) ئێوە سواری پیاوان دەبن و ڕێگریو کردۆتە پیشە و لە دیوەخانی خۆتاندا ئاکاری ناشیرین دەکەن؟ تەنیا وەرامی هۆزەکەی هەر ئەمە بوو: ئەگەر قسەکانت ڕاستن، ئازاری خوامان بۆ بێنە.

30) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! لەسەر ئەو هۆزە بەدفەڕە، یاریدە لە تۆ دەخوازم.

31) ئەوساش کە ڕاسپاردەکانمان مژدەیان برد بۆ ئیبراهیم، گوتیان: دەبێ خەڵکی ئەم شارە قڕ بکەین، چونکە خەڵکەکەی ناهەقن.

32) گوتی: «لووت» یش هەر لەوێە. گوتیان: ئێمە باشتر دەزانین کێی لێیە، خۆی و خاوخێزانی - جگە لە ژنەکەی - ڕزگار دەکەین کە ئەو لە بە جێ ماوانە.

33) وەختێ کە ڕاسپاردەکانمان چوونە جەم لووت، بە دیتنیان شڵەژا و تەنگانەی هاتێ. گوتیان: مەتر سە و خەم مەخۆ؛ ئێمە تۆش و خێزانەکەت - غەیری ژنت - ڕزگار دەکەین، کە ئەو لە بە جێ ماوانە.

34) ئێمە بۆ سەر خەڵکی ئەم شارە بەڵایەک - لە حەواوە - دەبارێنین، سزای لە ڕێ لادانیان بێ.

35) نیشانێکی ئاشکرامان لێ بە جێ هێشت؛ بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن.

36) بۆ مەدیەنیش شوعەیبی برای ئەوانمان ناردە لایان. گوتی: گەلۆ! ئەشێ خودا بپەرستن؛ بەتەماش بن ڕۆژی سەڵا و لێ ڕادەبێ؛ لەم عەرزەشدا مل لە خراپکاری مەنێن.

37) ئەوان بڕوایان پێ نەکرد. ئەوسا لەرزە وای داگرتن، کە لە ماڵی خۆیاندا هەستیان لێ بڕا.

38) هۆزی عاد و سەموودیشمان هەر بەقڕ دان؛ کە لە شوێنەوارەکانیان ئەمەتان بۆ دەرکەوتووە. شەیتان کارەکانیانی جوان نیشان دان و ڕێی لێ گرتن، دەشیان زانی [هەق لە ناهەق هەڵاوێرن].

39) قاڕوونیش و فیرعەونیش و هامانیش [هەر بەو دەردە چوون]. دیارە مووسا گەلێ نیشانەی ئاشکرای بۆیان هێنا؛ بەڵام خۆیان - لەم زەمینە - لە خەڵکی بە زلتر زانی. نەشیان توانی بە دەس ئێمەوە دەربچن.

40) ئێمە هەریەک لەوانەمان بە تاوانەکەی خۆیان گرت. جا هێندیکیان بای زۆر توندی پڕ لە چەومان ناردە سەریان، هێندێکیشان نارەتەی زل دای گرتن و هێندێکیشمان بە ناخی زەویدا ڕۆ برد؛ هێندێکیشیانمان لە ئاودا نوقم کردن. خوا ناهەقی لێ نەکردن؛ بەڵام خۆیان ناهەقییان لە خۆیان کرد.

41) ئەو کەسانەی غەیرەز خودا دۆسگەلێکیان بۆ خۆیان پەیدا کردووە - گەر بزانن - وەکوو کاکڵەمووشانیان بەسەر هاتووە، کە خانووی بۆ خۆی تەنیوە. دیارە خانووی کاکڵەمووشان لە هەموو ماڵان سس ترە.

42) خوا دەزانێ چین ئەوانەی غەیرەز خۆی؛ کە ئەوان هانایان پێ دەبەن. هەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە.

43) ئەو نەزیلانە بۆ خەڵک دێنینەوە و زانایان نەبێ، تێی ناگەن.

44) خوا ئاسمانان و زەمینی بە هەقانەت چێ کردوون. بێ گومانە ئەمە پەندە بۆ ئەوانەی بڕوادارن.

45) ئەوی بۆت بەڕێ کراوە - لەم کتێبە - بیخوێنەوە و نوێژی بکە؛ نمێژ خوێندن [مرۆ] لە کاری ناشیرین و ناڕەوا دەپارێزێ. یادی خودا هێژاترە و خودا لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.

46) ئەگەر دەگەڵ ئەهلی کتێب دەکەونە وتووێژەوە، بەو پەڕی نەرم و نیانی قسەیان لەتەکا بکەن؛ مەگین لەتەک ئەوانەیان کە ناهەقییان کردووە. ئێوە بێژن: بەو قورعانە کە بۆ ئێمە هاتە خوار و بەو کتێبەی بۆ ئێوە هاتۆتە خوارێ، بڕوا دەکەین؛ خودای ئێمە و خودای ئێوە هەر یەکێکە، ئێمە خۆمان بەو دەسپێرین.

47) هەروەها ئەم کتێبەشمان هەنارد بۆ تۆ؛ جا کەسانێ ئێمە کتێبمان پێداون، دەیسەلمێنن. لەوانیشدا [خەڵکی مەککە] ئی وا هەن بڕوای پێ دێنن. غەیرەز خودانەناسانیش، هیچ کەس نییە بە نیشانەکانی ئێمە بڕوای نەبێ.

48) تۆ بەر لەوە قورعانت بۆ بێتە خوارێ، نەت دەتوانی هیچ کتێبێکی وەخوێنی یان بە دەستی خۆت بینووسی؛ ئەگەر وابا، دڵ چەپەڵان گومانیان لێ پەیدا دەبوو.

49) بەڵکوو قورعان نیشانەگەلی ئاشکراس لە سینەی ئەو کەسانەدا، کە زانستیان پێ دراوە. غەیر لە ناهەقییکارانیش، هیچ کەس نییە بە نیشانەکانی ئێمە بڕوای نەبێ.

50) گوتیشیان: بۆ لە پەروەرندەی خۆیەوە نیشان گەلی [تایبەتی] بۆ نایەتە خوار؟ بێژە: نیشانەگەلی وا لای خودایە، من هەر تەنیا ترسێنەری نیشاندەرم، نەهیچی تر.

51) بۆیان ئەوەندە بەس نییە کە ئێمە ئەم کتێبەمان بۆ تۆ ناردۆتە خوارەوە و کە بۆیان دەخوێنرێتەوە؟ بێ گومانە کە لەمەدا - بۆ ئەوانەی بڕوا دێنن - بزی و ئامۆژگاری هەیە.

52) بێژە: کە خوا ئاگادارە لە من و لە ئێوە، بەسە. هەرچی هەیە لە ناو ئاسمانان و زەمین، ئەو دەیزانێ؛ ئەوانەی بڕوایان بە پڕوپووچ هێنا و، لە خودایە حاشایان کرد، هەر زیانیان لە خۆ داوە.

53) داوات لێ دەکەن کە زۆر زوو وا بکەی بەڵایان بەسەر بێ. ئەگەر وەخت و سەحاتی دیاری نەکرابا، ئازاریان بۆ دادەباری. هەربینا لە نەکاوێکدا تووشیان هات و پێش ناحەسن.

54) وا بە پەلە ئازاردانت لێ دەخوازن، کەچی بێ سۆ دۆژەە دەورەی لەخودانەناسان داوە.

55) ئەوێ ڕۆژێ لە بان سەر و لە ژێر پاوە ئازار دایان دەپۆشێت و پێیان ئێژێ: دەسا سزای کردەوەی خۆتان بچێژن.

56) ئەی ئەوانەی خاوەن بڕوان و خۆ بە عەدەم دەزانن! زەمینی من بەرفڕەهە، هەر تەنیا من بپەرستن.

57) هەموو کەسێک [تاڵاوی] مەرگ دەچێژێ؛ لە پاشانا دەتان هێننەوە لای خۆمان.

58) ئەوی خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بوو بن، لە بەهەشتا دەیانبەینە ناو ژوورگەلێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تا هەتا هەر لەوێ دەبن. ئای چەن چاکە پاداشی خەباتکارەکان!

59) ئەوانەی خۆڕاگر بوون و تەواو خۆیان داوەتە دەس پەروەرێنیان.

60) ئای کە زۆرن تیرەی ئەو جانەوەرانە، بژیو بۆ خۆ پەنا نادەن. خودا بەوان و بە ئێوەش ڕۆزی دەدا؛ بۆ خۆی بیسەر و زانایە.

61) ئەگەر تۆ لەمانە پرسی: کێ عاسمانان و زەمینی وەدی هێنا و خۆر و هەیڤی دەستەمۆ کرد؟ بێ گومان دەبێژن: خودا. دەسا چلۆن [لە ڕێگەی هەق] کلا دەکرێن؟

62) خودا هەر چۆنی گەرەک بێ، ڕۆزی هەر کام لە عەبدەکانی خۆی کەم و زیاد دەکا. خودا بۆ هەموو شت زانایە.

63) ئەگەر لەمانە بپرسی: کێیە وا لەو حەوایەوە بارانە دادەبارێنێ و هەر بەو ئاوە زەوی زیندوو دەکاتەوە پاش مردنی؟ بێ گومان دەبێژن: خودا. شوکرانە بۆ خودا. بەڵام زۆربەی ئەوانە دەوانە ناگەن.

64) ئەم ژیانەی سەر دنیایە هەموو هەر گەپ و گاڵتەیە و چی تر نییە؛ ژیانی ڕاستەقینە هەر لەو دنیایە؛ ئەگەر ئەوانە بیزانن.

65) هەرگا سواری گەمیە دەبن، بە دڵی پاک لەبەر خوا دەپاڕێنەوە. ئەگەر خوا نەجاتی دان و گەیاندنیە سەر وشکانی، دەڵێن: خودا شەریکی هەن.

66) با لەو چاکەی ئێمە دەربارەمان کردوون، حاشا بکەن؛ با ڕای ببوێرن و خۆش بژین، لە پاشەڕۆژا تێدەگەن.

67) ئاخۆ نابینن مەککەمان بۆ کردوونە شوێنی هێمن، کە خەڵکی دەوروبەریشیان دەڕفێندرێن؟ چۆن ئەوانە بە پووچ بڕوایان هێناوە و چاکەی خودا لە بیر دەکەن؟

68) کێ لەو کەسە ناهەقترە درۆ بۆ خودا هەڵدەبەستێ، یان ئەگەر ڕاستیشی بۆ دێ پێی درۆیە؟ ئاخۆ بۆ خودانەناسان جێ لە جەهەندەم نەماوە؟

69) ئەوانەی لە ڕای ئێمەدا چوونە خەزا، ئێمەش ئەوان بە ڕێگەی خۆماندا دەبەین. دیارە خودا لایانگری کارچاکانە.