28- قەسەس

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 15 خولەک  748 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) تا، سین، میم.

2) ئەمانە نیشانەکانی کتێبی ڕۆشنکەرەوەن.

3) ئێمە بۆ تۆ، بۆ [ئاگاداری] ئەوانەی بڕوا دێنن، باسی مووسا و فیڕعەون دەخوێنینەوە.

4) بێ سۆ فیرعەون لەو زەمینا باڵادەس بوو؛ خەڵکی ئەوێ کردبوونە چەند دەستەیەک؛ هێندێکی هەر زەبوون دەکرد، کوڕەکانی سەر دەبڕین و ژنەکانی ڕادەگرتن. لە بەدفەڕ و بەزەڕان بوو.

5) بڕیارن دا ئەوانەی لەو زەمینەدا زەبوون کران، بە چاکە وەیان خوێنین و بیانکەینە پێشەوا [ی خەڵک]؛ لە دواییشدا بۆ خۆیان بمێنێتەوە.

6) لەو عەرزەدا جێگایان بۆ خۆش بکەین و بە فیرعەون و هامان و لەشکرەکانیان ئەو شتانە نیشان بدەین، کە ئەوان لێیان دەترسان.

7) بە دایە مووسان ڕاگەیاند: شیری دەیە و، هەر وەختێ لێی نیگەران بووی، بیهاوێژە ناو دەریاوە و هیچ مەترسە و خەمیش مەخۆ؛ ئێمە بۆتی دێنینەوە و دەشیکەینە یەکێ لە پێغەمبەرەکان.

8) دەستەوبەستەی فیرعەون ئەویان هەڵگرتەوە، تا ببێتە دوژمنیان و هۆی مەینەتیان. دیارە فیرعەون و هامان و دەس و پێوەندەکانیشیان بە خەڵەت چوون.

9) پیرەکا فیرعەون گوتی: بۆ من و تۆ دەبێتە مایەی چاوڕوونی؛ واز لە کوشتنی بهێنن، بەشکوو سوودی بۆمان هەبێ، یان بیکەینە کوڕی خۆمان. کەچی هیچ ئاگاشیان نەبوو.

10) ئیتر ئەوسا دایکی مووسا هیچ هۆشی لە دڵدا نەما و لەوانە بوو کە ئەو ڕازە بدرکێنێ؛ کە هەر ئێمەش دڵی ئەومان وا پتەو کرد تا لە خاوەن باوەڕان بێ.

11) بە خۆشکی گوت: شوێنی کەوە! بێ ئەوەی هەستی پێ بکەن، کارێکی کرد دووراودوور چاوی پێ بکەوێ.

12) هەر لە پێشدا وان بۆ دانا مەمکی هیچ تایەنێک نەمژێ. وێ گۆ: ئاخۆ دەتانەوێ ماڵێکتان بۆ بدۆزمەوە کە بۆتانی بەخێو بکا و زۆر باشیشی پێ ڕابگا؟

13) ناردمانەوە لای دایکی، تا چاوی پێ ڕوون بێتەوە و خەمێ نەخوا؛ تا بشزانێ کە بەڵێنی خودا ڕاستە؛ بەڵام زۆربەیان نازانن.

14) وەختێ گەییە تافی جوانی و پیاوێ تەواوی لێ دەرچوو، زانست و کارزانین دایە و ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین.

15) [جارێ] ڕووی کردە شارەوە، بێ ئەوەی خەڵکەکەی ئاگایان لێ ببێ. لەوێ تووشی دوو پیاوان هات، پێکەوە مشت و مڕیان بوو؛ یەکیان لە ڕەگەزی خۆی و ئەوی تریان سەر بە دوژمنەکانی بوو. ئەوی هاوڕەگەزی خۆی بوو، دژی کاورا نەیارەکە هانای پێ برد؛ مووسا مستێکی تێ سرەواند، مرخەی بڕی. گوتی: ئەو کارە دیارە شەیتان پێمی کرد؛ کە ئاشکرا دوژمنە و ڕێگا دەگۆڕێ.

16) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئەمن ناهەقیم لە خۆم کرد، عافووم بکە. ئیتر خودا خەتای بەخشی؛ کە ئەو لە خەتا دەبوورێ و دلۆڤانە.

17) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! لە بەرانبەر ئەو چاکەی دەگەڵ منت کرد، بڕیار ئەدەم هەرگیز نەبمە پشتیوانی تاوانباران.

18) لەو شارەدا بە ترسەوە شەوی بووری و چاوەنۆڕ بوو. هەر ئەو کەسەی دوێنێ هانای پێ بردبوو، دیسان هاواری بۆ هێنا. مووسا گوتی: دیارە تۆ لە ڕێگە دەرچووی.

19) کاتێ بەرەو ئەو کەسە چوو کە دوژمنی هەر دووکیان بوو، گوتی: مووسا! هەر وەک دوێنێ یەکێکت کوشت، دەتەوێ منیش بکوژی؟ تۆ گەرەکتە لەم هەردە ببیە ملهوڕ و ناتەوێ لەوانە بی وا کاروباران سامان دەدەن.

20) پیاوێک لەوپەڕی شارەوە بە هەڵەداوان گەیشتێ، وات: ئەی مووسا! سەرگەورەکان دەربارەی تۆ ڕاوێژ دەکەن؛ گەرەکیانە تۆ بکوژن. زوو دەرکەوە، ئەمەت بە چاکە پێ دەڵێم.

21) بە ترسەوە لەوێ ڕۆیی و بە نیگەرانی دەیڕوانی. گوتی: ئەی پەروەرندەی من! لەم کۆمەڵە ستەمکارە ڕزگارم کە.

22) کاتێ بەرەو مەدیەن دەچوو، گوتی: بەشکوو پەروەرندەم شارەزای ڕاستەڕێم بکا.

23) کە هاتە سەر ئاوی مەدیەن، کۆمەڵێ لە خەڵکەکەی دیت ئاو هەڵدێنجن. لەو لای ئەوان دوو ژنی دین [پەزێ خۆ] دوور دەخەنەوە. گوتی: ئێوە خەریکی چن؟ گوتیان: هەتا شڤانەکان پەزەکانیان لە ئاودانێ نەهێننەوە، ئێمە پەزێ خۆ ئاو نادەین؛ باوکی ئێمەش ئیختیارێکی زورهانە.

24) ئەوسا ئاوی بۆ هەڵێنجان؛ پاشان خۆی گەیاندە سێبەر. گوتی: ئەی پەروەرندەی من! من ئاتاجی ئەو خێرەم کە بۆم دەنێری.

25) یەک لەو دووانە - کە بە شەرمەوە ڕێ دەچوو - هاتە لای و گوتی: باوکم بانگت دەکا تا بۆ ئاوێ کە بۆ ئێمەت هەڵێنجاوە، کرێت داتێ. وەختێ هاتوو ڕووداوەکەی بۆ گێڕاوە، گوتی: ئیتر ترست نەبێ، لە کۆمەڵی ستەمکاران ڕزگارت بوو.

26) یەکێ لەوان گوتی: باوە! بە کرێی بگرە؛ چاترین ڕەنجبەر ئەوەیە بە تاقەت و جێ باوەڕ بێ.

27) گوتی: من خەیاڵم وایە یەکێ لەو دوو کیژانەی خۆم بدەم بە تۆ؛ بەو مەرجە هەتا هەشت ساڵان ڕەنجبەرم بی. ئەگەر دە ساڵت بردە سەر، کەیفی خۆتە و نامەوێ زۆریت بۆ بێنم. گەر خوا حەز کا زوو دەزانی کە لە پیاوە باشەکانم.

28) گوتی: ئەمە بڕیارێک بێ لە نێوانی من و تۆدا؛ هەر کام لەو دوو ماوەم پەڕاند، نابێ ناهەقیم لێ بکرێ؛ خوداش لەسەر هەرچی ئێژین، بریکارە.

29) مووسا کە ماوەکەی پەڕاند و خێزانی برد و ڕۆیی، ئاگرێکی لە ئالی توورێ بەدی کرد. بە ماڵ و منداڵی خۆی گوت: ڕابووەستن، من ئاگرێکم بەدی کرد؛ بەشکوو لەوێ خەبەرێکوو بۆ بهێنم؛ یان چۆڵێکوو لەو ئاگرە بۆ بێنمەوە؛ بەڵکوو خۆ گەرم کەنەوە.

30) وەختێ گەیشتە لای ئاگر، لای دەستی ڕاستی دۆڵەوە - لە شوێنە پیرۆزەکەدا - لە دارەکەوە بان کرا: ئەی مووسا! من هەر خودی خۆم، ئەو خودایەم کە ڕاهێنەری جیهانم.

31) عاساکەشت فڕێ بدە! وەختێ دیتی لە چەشنی مارێ دەبزوێ، هەڵات و هیچ ئاوڕێکی نەدایەوە. ئەی مووسا لێی وەرە پێش و ترست نەبێ، هیچ زیانێکت پێ ناگا.

32) دەستیشت بخە باخەڵت، چەرمووی بێ زەرەر دێتە دەر؛ بۆ ئەوەش ترست نەمێنێ، دەستت بنە ژێری باڵت. ئەم دووانە دوو بەڵگەی ڕوونن، لە پەروەرندەتڕا بۆ لای فیرعەون و دارودەستەکەی؛ ئەوان گەلێ نافەرمانن.

33) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! من یەکم لەوان کوشتووە؛ لەوە دەترسم بمکوژن.

34) برام هاڕوون، لە من زمان ڕەوانترە؛ سا ئەویشم دەگەڵ کل کە، یاوەرم بێ و قسەکانم بسەلمێنێ. من ترسم هەس پێم بێژن: تۆ درۆزنی.

35) گوتی: وا دەکەین براکەت پشتت بگرێ؛ بە نیشانەکانی خۆشمان دەستەڵاتێکوو دەدەینێ، دەستیان بە ئێوە ڕانەگا؛ ئێوە دووان و ئەوانی لە دووی ئێوە بن سەردەکەون.

36) کاتێ مووسا وەل بەڵگە ئاشکراکانمان هاتە لایان، گوتیان: ئەمە بل ژ جادوو شتێ نییە و لە خۆوە ڕێکی خستووە؛ کە لە باوانی پێشووشمان ئەم شتەمان نەبیستووە.

37) مووسا گوتی: پەروەرندەم لە هەر کەس چاتر دەزانێ کێ لجەم ئەو ڕێنوێنی هاوردووە و کێ پاشەڕۆژ تووشی بەختەوەری دەبێ. بێ سۆ ناهەقیکارەکان ڕزگار نابن.

38) فیرعەون گوتی: ئەی دیوەخان نشینەکان! وا نازانم غەیر لە من خوایەکتان هەبێ؛ سا هامان! تۆ خشتی کاڵم لە کڵدا بۆ بخارێنە، قەڵایەکم بۆ دروس کە، تا لەوێڕا بڕوانمە خواکەی مووسا؛ کەمن تەواو لە ڤڕ بێژانی دەزانم.

39) فیرعەون و لەشکرەکەکانی لەو زەمینە، هەر بە ناهەق خۆیان بە زلتر دەزانی و لایان وابوو ناگەڕێنەوە لای ئێمە.

40) سا فیرعەون و لەشکریمان وەگیر هێنا و هەڵمانداشتنە دەریاوە. دەسا بڕوانە ئاکامی ناهەقیکاران چلۆن بوو.

41) کردیشمانن بە پێشەوایانێک کە وا بانگ بۆ ئاگر ڕادەهێڵن و ڕۆژی سەڵاش هیچ کەس دەهانایان نایە.

42) هەر لەم دنیایە نەحلەتمان وەشوێن خستن و ڕۆژی سەڵاش [ڕووڕەش و] بیچم کرێتن.

43) لە پاش ئەوەی چین و بەرەکانی پێشوون قڕ تێ خستن، ئەو کتێبەن دا بە مووسا کە بۆ مەردم ببێتە هۆی ڕۆشن بینی و بەزەیی و شارەزای ڕێ بوون؛ بەشکوو بیر لە خۆ کەنەوە.

44) ئەو سەردەمەی کە ئێمە ئەم کارەی خۆمان بە ئەرکێک دانا بۆ مووسا، نە تۆ لە لای خۆراواکەی [توور] ەوە بووی، نە هیچ ئاگاشت لێ بووە.

45) بەڵام ئێمە زۆر بەرەمان هێنایە ڕوو؛ تەمەنیشیان زۆر درێژ بوو. تۆ ئەو کاتە لە ناو خەڵکی مەدیەن نەبووی، کە نیشانەکانی مەیان بۆ وەخوێنی؛ بەڵام ئێمە هەر پێغەمبەرن دەناردن.

46) لەو دەمەشدا کە ئێمە گازی مووسان کرد، تۆ لە نزیک توورێ نەبووی؛ بەڵام ئەمە بەزەییەکە لەلایەن پەروەرندەتڕا، کە ئەوانەی بەر لە تۆ کەسی وا نەبووە ترسێکیان وەبەر بهێنێ؛ ئەتۆ ترسیان وەبەر بێنی، بیر لە خۆ کەنەوە.

47) ئەگەر لەبەر ئەوە نەبا کە کاتێکی - لە سۆنگەی ئاکارەکانیان - تووشی بەڵایە بن، بێژن: پەروەرێنمان! تۆ بۆچی پێغەمبەرێکت بۆ نەناردین، تا پەیڕەوی لە نیشانانی تۆبکەین و لە ڕێزی بەباوەڕان بین، [سزادانمان پێش دەخستن].

48) بەڵام وەختێ ئەم ڕاستەیان لەلایەن ئێمەوە بۆ هات، گوتیان: بۆچی ئەوی بۆ مووسا هاتووە بۆ ئەم نەهات؟ ئەدی ئەوی لەوە پێش بە مووسا درا، ئەمان حاشایان لێ نەکرد؟ گوتیان: ئەمە دوو جادوون کە پشتی یەکتریان گرتووە و گوتیشیان: ئێمە لە هەر کان حاشامانە.

49) بێژە: ئەگەر ئێوە ڕاستن، نووسراوێک لە خواوە بێنن کە لە هەر دووکانیان پتر ڕاستەڕێگە نیشان بدا؛ هەتا من شوێنی بکەوم.

50) گەر پەرسڤیان نەدایەوە، سا بزانە کە ئەوانە پەیڕەوی ئارەزوویانن؛ کێش خوا شارەزای نەکا و پەیڕەوی ئەلهای دڵی بێ، کەسی لێ گومڕاتر نییە. خواش ناهەقان لە ڕێگە شارەزا ناکا.

51) لە پەستا ئەو وتارەمان بۆ هەناردن، بەشکوو پەند [ی لێ] وەربگرن.

52) ئەو کەسانەی کە بەر لە هاتنی قورعان، ئێمە کتێبمان پێداون، باوەڕیان بە قورعان هەیە.

53) هەتا بۆیان وەدەخوێنن، ئێژن: بڕوامان پێ هێنا و بێ سۆ ڕاستە و لە پەروەرندەمان ڕایە. بەر لەوەش بێتە خوارەوە ئێمە قبووڵن کردبوو.

54) ئەوانە چوون خۆڕاگر بوون، دوو جار پاداشیان پێ دەدرێ. کاری خراپیش بە چاکە دەسڕنەوە و لەو بژیوەی پێمان داون، خێران دەکەن.

55) هەر کە وتاری هەرزەشیان بە گوێ دەگا، لە گوێی خۆیانی دەرداوێن و ئێژن کە: ئێمە کاری خۆ دەکەین و ئێوەش ئاکاری خۆو هەیە، لە ئێمەوە بێ وەزەنن؛ کەیفن بەنەزانان نایە.

56) تۆ ناتانی کەسێ بۆ خۆت خۆشت بوێ شارەزای کەی؛ بەڵام خودا کێ بخوازێ ڕێگەی ڕاستی نیشان دەدا. هەر خۆشی چاتر دەزانێ کێ هێژای ئەم ڕێبازەیە.

57) ئێژن: ئەر دەگەڵ تۆ بین و پەیڕەوی دینەکەی تۆ بین، لە زێدی خۆن تەرەن دەکەن. ئەدی ئێمە لە شوێنێکی هێمنمان دانەمەزراندوون، کە هەموو جۆرە بەروبووی بۆ دەنێرن و ئەم بژیوە لەمەڕایە؟ بەڵام زۆربەیان نەزانن.

58) چەندە شاریشمان قڕ کردن [کە خەڵکەکەی] بە خۆشگوزەرانی خۆیان سەرخۆش ببوون. ئەمەش ماڵەکانیانە کە لە دوای ئەوان - کەمێک نەبێ - کەسیان لێ نیشتەجێ نەبووە و هەر بۆ خۆمان ماونەتەوە.

59) پەروەرندەت ئەو شارانەی قڕ نەکردن، تا لە ناوەندی ئەوانا پێغەمبەری بۆ هەناردن، نیشانەکانی ئێمەیان بەسەردا بخوێنێتەوە. هەرگیز ئێمە هیچ شارێکمان بە قڕ نەدا، مەر خەڵکەکەی ناهەق بوو بن.

60) ئەوی بە ئێوە دراوە هەر مایەی گوزەرانتانە لە دنیادا و زەمبەریەتی. ئەوەش کە لجەم خودایە، چاترە و زۆرتر دەمێنێ؛ ئاخۆ لەوەندەش تێ ناگەن؟

61) ئاخۆ کەسێ بەڵێنی باشمان پێداوە و بۆشی پێک دێ، دەگەڵ کەسێ هەر لە دنیادا ژیاندوومانە، وەکوو یەکن؟ کە ئەمەشیان ڕۆژی سەڵا دەهێنین بۆ جابدانەوە؟

62) ئەوێ ڕۆژێ بانگیان دەکا و، ئێژێ: کوا شەریکەکانم، وەک ئێوە خەیاڵتان دەکرد؟

63) ئەوانەی وەبەر بڕیاری ئێمە کەوتوون، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەمانە هەرئەوانەن کە ئێمە لە ڕێگەمان لادان؛ بۆیەش لە ڕێگەمان لادان کە بۆ خۆن ڕێن لێ تێکچوو بوو. وا لە لای خۆت ئێمە حاشایان لێ دەکەین. ئەوانە هەرگیز ئێمەیان نەدەپەرست.

64) پێشیان ئێژن: شەریکەکانتان بانگ بکەن. بانگیان دەکەن؛ هیچ وەرامیان نادەنەوە. هەست بە جەزرەبەدان دەکەن، ئێژن: خۆزیا لە شارەزایان بووینایە.

65) هەر ئەو ڕۆژە بانگیان ئەکا و پێیان ئێژێ: چلۆن وەدەنگ پێغەمبەرەکانەوە چوون؟

66) ئەوێ ڕۆژێ لە هەواڵان زەین کوێر دەبن. لەو ڕۆژەدا نایانکرێ پرسێ بە یەکتریش بکەن.

67) بەڵام ئەوی کە پەژیوان بۆتەوە و بڕوای بە خودا هێناوە و ڕووی دەکاری چاک کردووە، لەوانەیە لە دەستەی ڕزگارەکان بن.

68) پەروەرندەت هەر شتێکی مەیلی لێ بێ وەدی دێنێ و هەڵدەبژێرێ [بەڵام] ئەوان هەقی بژاردنیان نییە. لەو شەریک بۆ دۆزینەوەشیان، خودا پاکە و بەرزترە.

69) هەر پەروەرندەت دەزانێ چییان لە دڵدا پەنا داوە و چیش ئاشکرا ئەدرکێنن.

70) خوا هەر ئەوە و لەغەیرەز ئەو هێژای پەرستنێک نییە. لە دنیاش و لە قیامەتیش سوپاس هەر تایبەتی ئەوە؛ فەرمان هەر فەرمانی ئەوە و بۆ لای ئەویش دەبرێنەوە.

71) بێژە: چۆن بیر دەکەنەوە ئەر خوا شەوتان هێندە لێ درێژ کاتەوە، کە تا قیامەت نەبڕێتەوە؟ غەیرەز خودا کام شیاوی پەرستنێ هەس ڕووناکیتان بۆ بێنێ؟ مەر نابیسن؟!

72) بێژە: چۆن بیر دەبەن ئەر خوا ڕۆژتان هێندە لێ درێژ کاتەوە هەتا قیامەت بخایەنێ؟ غەیرەز خودا چ پەرستیوێ دەتوانێ شەوێکتان بۆ دابێنێ کە ئێوە تێیدا هەدا بدەن؟ مەر نابینن؟!

73) لە بەزەیی خوداوەیە، کە شەوی بۆ هەدادان و ڕۆژی بۆ پەیدا کردنی ئەو ڕۆزییەی ئەو دەتانداتێ، بۆ دانان؛ بەشکەم ئێوە شوکرێ بکەن.

74) ئەو ڕۆژە کە بانگیان دەکا و ئێژێ: کوا شەریکەکانم کە بە خەیاڵوودا دەهات؟

75) وەختێ لە ناو هەر کۆمەڵێک یەکیان لێ دەکەینە شایەت، ئەوسا ئێژین: کوانێ؟ بەڵگەی خۆتان بێنن؛ جا تێ دەگەن ڕاست هەر ئەوەیە لای خوایە و هەرچی کە هەڵیان دەبەست لە دەسیان دەچێ.

76) قاڕوون لە هۆزی مووسا بوو، کە دەستی کرد بە ناهەقی کردن لێیان. هێندن گەنجینە دابوویە، هەرتەنیا کلیلەکانیان گرۆیەکی زۆر بەهێزی شەکەت دەکرد. کاتێ هۆزەکەی پێیان گوت: غللوور مەبە! خودا پیاوی لە خۆ دەرچووگی خۆش ناوێن؛

77) بەوەی خودا بە تۆی داوە، بە شوێن ماڵی سەڵاوە بە! بەشی خۆشت لەم دنیایە لە بیر مەکە! وەک خوا چاکەی دەگەڵ کردووی، چاکەی بکە و لەم عەرزەشدا مەکەوە شوێنی بەدفەڕی! خودا بەدفەڕی خۆش ناوێن.

78) گوتی: ئەوەی کە من هەمە، گشت لە زانستی خۆم ڕایە. بۆچ ئەوەندەی نەزانیبوو کە پێش ئەویش خودا چەن چینی بە قڕدا؛ کە لەویش زۆر بەهێزتر و بەدەست و پێوەندتریش بوون؟ لەو تاوانبارانە - لەمەڕ تاوانگەلیان - ناپرسنەوە.

79) بە تەنتەنە و سەنسەنەوە [ڕۆژێ] هاتە ناو هۆزەکەی. ئەوانەی هەر بە ئارەزووی ژینی دنیان، گوتیان: خۆزی مەش وەک قاڕوون دەوڵەمەن باین؛ ئای لەو بەختەی ئەو هەیەتی!

80) هۆزانەکانیش دەیانگوت: هەی ماڵ وێران! هەر کەسێ باوەڕی بە خودا هەبێت و ئاکارچاک بێ، ئەو خەڵاتی خوا دەیداتێ، زۆر چاکترە و ئەو خەڵاتەش هەر بەشی خۆڕاگرانە.

81) سا قاڕوونمان بە ماڵیەوە ڕۆبرد بە ناخی زەمیندا. هیچ دەستەیەکیشی نەبوو کە لە خودای بپارێزێ و خۆشی یاریدەی خۆی نەدا.

82) ئەو کەسانەی دوێنێ خۆزگەیان پێ دەخواست، ڕۆژی دوایی دەیانگوت: پەکوو لەو سەیرە! وا دیارە کە ڕۆزی عەبدان - زۆر بێ یان کەم - بەستە بە مەیلی خودایە و ئەر خوا چاکەی بۆ نەکردباین، ئێمەشی هەر لە ناخی زەمین ڕۆ دەبرد. وا دیارە خودانەناسان ڕزگار نابن.

83) ئێمە ماڵەکەی دواڕۆژن هەر بۆ ئەوانە دادەنێین، کە لەم عەرزە نایانەوێ خۆ بە زلتر بزانن و بەدفەڕی کەن. پاشەڕۆژیش هەر بۆ خۆپارێزەکانە.

84) هەرکێ کارێکی چاک بکا، چاکتر لەوی دێتەوە ڕێ؛ هەرکێش ئاکاری خرا بن، هەر بەرانبەر بە کردەخراپەکانیان جزیا دەدرێن.

85) ئەو کەسەی کە ئەم قورعانەی کردە ئەرکی سەرشانی تۆ، خاتر جەم بە دەتباتەوە ئەو شوێنەی بەڵێنی پێدای. بێژە: هەر پەروەرندەی من زاناترە کە کێ لە ڕاستەڕێ دەڕوا و کێ بە ئاشکرا لە ناو گومڕایی دایە.

86) خۆ ئەر بەزەیی پەروەرێنت نەبووایە، تۆ هەر بە هیوا نەبووی کە ئەم کتێبەت بۆ کل کرێ؛ سا تۆش هەرگیز پشتیوانی لە خودانەناسان مەکە!

87) لە دوای ئەوەش کە نیشانەکانی خودات بۆ کل کرا، هەرگیز نابێ تۆ لەوانە هەڵە بکەی. هەر بەرەو پەروەرندەی خۆ گازی بکە و هیچ گا دەگەڵ ئەو بتپەرستانە مەبە.

88) دەگەڵ خودا هانا بۆ هیچ پەرستیوێکی تر مەبە. بەغەیرەز ئەو پەرستیوێکی تر نییە. بەغەیرەز ئەو هەموو شتێ لە بەین دەچێ. فەرمان هەر فەرمانی ئەوەو هەر بۆ لای ئەو دەبرێنەوە.