24- نوور

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 13 خولەک  869 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) سووڕەتێکە ناردوومانەتە خوارەوە و [مەبەستەکانمان] کردۆتە ئەرکی پێویست؛ چەن نیشانەی ئاشکراشمان تێدا ناردۆتە خوارەوە، بەشکێکوو پەند [ی پێ] بگرن.

2) ئەگەر ئێوە باوەڕیتان بە خوا و ڕۆژی سەڵا هەیە، داوێنپیسانی مێر و ژن - هەریەکەیان - بە لێدانی سەد تازیانە تەمێ کەن. لە ئایینی سەر بە خودا، بەزەیی هاتن بێ جێیە. با چەند کەسیش لەوانەی خاوەن باوەڕن، لەو لێدانە ئاگادار بن.

3) مێری داوێنپیس هەر دەبێ ژنی داوێن تەڕ بخوازێ؛ یان ژنی بتپەرست بێ. ژنی داوێن تەڕیش هەروا: یان مێرد بە داوێنپیس بکا، یان مێری بتپەرست بێ و لە بۆ خاوەن باوەڕانیش ئەم کارە بەربەست کراوە.

4) ئەو کەسانەش کە بوختانێ بۆ ژنی داوێن پاک دەکەن، چوار شایەتیش ناهێنن، هەشتا شەلاقیان لێ بدەن. هەرگیز نابێ بە شایەتییان قبووڵ بکەن؛ ئەوانەن کە لە ڕێی خودا لایان داوە.

5) مەگین ئەوی پاش ئەم کارە پەژیوانی دەردەبڕن و ئاکاری خۆیان چاک دەکەن. دیاریشە کە خوا لێ بوردەی دلۆڤانە.

6) ئەو کەسانەش کە بوختانی داوێنتەڕی بە ژنانی خۆ دەکەن و غەیری خۆیان چەن شایەتی [تریان] نییە، هەر کامێکیان دەبێ چوار جار خودای لێ بە شایەت بگرێ کە لەم بارە درۆ ناکا.

7) با بۆ جاری پێنجەم بێژێ: ئەگەر ئەم قسەم درۆیە، بەر نەفرینی خودا کەوم.

8) ژنەکەش لە ئازار دانێ ڕزگار دەبێ، کە ئەویش هەتا چوار کەڕەت خوا بە شایەت بێنێتەوە کە مێردەکەی درۆ دەکا.

9) با بۆ جاری پێنجەمین بێژێ: ئەگەر قسەی کابرا ڕاست بێ، بەر غەزەبی خودا کەوم.

10) ئەگەر چاکە و دلۆڤانی و لەکارزانی و تۆبەپەزێری خوداتان نەبووبایە، [ئێوە چتان بەسەر دەهات؟].

11) ئەوانەی ئەو بوختانەیان هەڵبەستبوو، دەستەیەک هەر لە خۆتان بوون. پێتان وانەبێ بۆ ئێوە خراپ دەبێ، بەڵکوو قازانجە بۆ ئێوە و هەرکێش لەوان چەند لەم تاوانە بەشدارە، تاوانی لە سەر نووسراوە. ئەو کەسەش کە بەشی زۆری ئەو گوناهەی وەئەستۆ گرت، جەزرەبەی دژواری هەیە.

12) ژن و پیاگی خاوەن باوەڕ، بۆچی هەرگا ئەم دەنگۆیە و بە گوێ گەیشت، بە چاکیان لێک نەدایەوە بۆ خۆیان و نەیانگوت کە ئاشکرایە ئەمە درۆی هەڵبەستەیە.

13) ئەدی بۆچی چوارشایەتیان بۆ نەهێنا؟ کە هەر شایەتیان نەهێنان؛ ئەوانە بەلای خوداوە درۆزنن.

14) ئەگەر خودا بەزەیی پێتاندا نەهاتبا و چاکەی دەربارە نەکردبان، ئێوە لە دنیا و قیامەتێ لەسەر درۆیە سازتان کرد - سوور بزانن - ئازارێکی یەکجار گەورەتان تووش دەبوو.

15) کاتێ لە یەکتان دەبیست و هیچیشوو لێ نەدەزانی، هەر بەدەموودا دەهات و بە زمانوو دەتانقۆزتەوە و لاتان وابوو زۆر هاسانە؛ کە ئەم کارە لجەم خودا زۆر گەورە بوو.

16) بۆچی وەختێ ئەوەتان بیست، نەتانگوت کە: ئێمە چیمان بەسەر ئەم قسانە داوە؛ پاکی وبێ عەیبی بۆ تۆیە؛ ئەمە تۆمەتی گەورەیە.

17) خودا نسیحەتوو دەکا؛ ئەگەر بڕواتان پێی هەیە، جارێکی تر بوختانی وا هەڵنەبەستن.

18) خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە؛ خودا زانای لەکارزانە.

19) ئەو کەسانەی حەزێ دەکەن باسی کاری بێ نامووسی لە ناو باوەڕدارەکاندا ببێتە قاو، لە دنیا و لە قیامەتیشا جەزرەبەی بەژانیان دەبێ و خوا دەیزانێ و ئێوە ئاگاتان لێ نییە.

20) ئەگەر چاکە و بەزەیی خودا و میهرەوانی و دلۆڤانی ئەوتان نەبا، [دیارە تووشی ئازار دەبوون].

21) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەدەنە سەر شۆپی شەیتان. هەر کەسێ گاڤ لەجێ گاڤی شەیتان دانێ، با بزانێ شەیتان هەر فەرمان بە کاری ناشیرین و کرێت دەدا. ئەگەر چاکە و بەزەیی خوداو لەسەر نەبا، هیچ کەسێکتان هەرگیز پاک نەدەبوونەوە؛ بەڵام خودا - لە هەر کەسێکی حەز بکا - گەماری لەسەر لادەبا و خودا بیسەر و زانایە.

22) با ئەوانەی لە ناوتاندا دەوڵەمەندن، سوێندێ نەخۆن کە خزمان و هەژاران و ئاوارەکانی ڕای خودا بێ بەش دەکەن. بڵا چاویان لێ بپۆشن و لە هەڵەکانیان ببوورن؛ مەگەر ئێوە حەز ناکەن خوا لە گوناهانوو ببوورێ؟ خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.

23) ئەو کەسانەی بۆ ژنانی باوەڕداری داوێنپاکی دوورە ئاگا [سەربەخۆ] بوختان ڕێک دەخەن، لە دنیاش و لە سەڵاشا، بەر نەحلەتن؛ جەزرەبەشیان زۆر دژوارە.

24) ڕۆژێ دەبێ کە زمان و دەست و پایان، لەسەر هەر کارێ دەیانکرد دەبنە شایەت.

25) ئەوێ ڕۆژێ چی لیان دەوەشێتەوە، خودا دەگەڵیانی دەکا. سا دەزانن خودا هەقی ئاشکرایە.

26) کێ ناپاکن بۆ ناپاکان. یا پاکیشن بۆ پاکانن. ئەمانە دوورن لەوانەی قسەیان بۆ هەڵببەستن؛ [خودا] ئەوانەی بەخشیوە و بژیوی باشیان دەداتێ.

27) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! جیا لەوە ماڵی خۆتان بێ، سەر بە هیچ ماڵاندا مەکەن هەتا ئیزنێ نەخوازن و سڵاو بۆ خەڵکەکەی دانەخەن. ئەمە بۆ ئێوە باشترە و شایەت پەندی لێ وەربگرن.

28) ئەگەر کەسوو تێدا نەدیت، مەچنە ژوورێ تا خاوەنی ئیزنوو دەدا. ئەگەر گوتیشیان: وەگەڕێن، پێویستە بگەڕێنەوە. ئەمە بۆ ئێوە باشترە. خودا لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.

29) هیچ سەرکۆنەو لەسەر نییە بچنە ماڵێک کە هیچ کەسی تێدا نییە و کەل پەلی ئێوەی تێدایە. هەرچی ئێوە دەیشێرنەوە و خۆیای دەکەن خوا دەیزانێ.

30) تۆ بە باوەڕداران بێژە؛ چاو داخەن و شوورەیی خۆ بپارێزن. ئەمە بۆ ئەوان باشترە و خوداش ئاگای لە هەموو ئاکاریان هەیە.

31) بە ژنانی باوەڕداریش بێژە با چاویان داخەن و شەرمی خۆیان بپارێزن و خشڵی خۆیان وەدەر نەخەن؛ مەگین ئەوانەی لە دەرێن. با سەرپۆشیان تا سەر پێسیر دابپۆشێ و خەمڵی خۆیان نیشان نەدەن، مەگین بە مێرد، یان بابۆیان، یا خەزوریان، یان فرزەندی نێری خۆیان، یان زڕکوڕیان، یان برا، یان برازایان، یان کوڕانی خوشکەکانیان، یان ژنانی هاوباوەڕیان، یان ئەو نێری خوڵامیانن، یان ئەو پیاوی سەربەوانن و هەر نیازیان بە ژن نییە، یان منداڵانی نەگەیونە ئەو تەمەنەی وازیان بچێتە مێوینە. پاشیان بە زەویدا نەدەن، کە بزانرێ چۆن خشڵێکیان وەشاردووە. هەموو لاتان بگەڕێنەوە لای خودا، ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەشکوو گشتوو ڕزگار ببن.

32) مێوینەی بێ مێردی خۆتان بە شوو بدەن. عەبد و کەنیزی هێژاشتان بزەوجێنن. ئەگەر لە هەژارانیش بن، خودا بە دڵاوایی خۆی هەموو لا بێ نیاز دەکا. بەخشینی خودا هەراوە و ئاگادارە.

33) با ئەوانەی توانای زەماوەندیان نییە، خۆڕا بگرن هەتا خودا - لە چاکەی خۆی - دەرووێکیان لێ دەکاتەوە [و کارەکەیان مەیسەر دەکا]. ئەوانەش ماڵی ئێوەن و دەیانەوێ پسوولەیان بۆ بنووسرێ، ئەگەر خێرێکتان تێدا دین، با پسوولەو لە ناودا بێ و شتێکیشیان لەو ماڵەی خودا پێی داون، پێ ببەخشن. نەچن کەنیزەکانیشتان - کە گەرەکیانە پاک بژین - ناچار بکەن خۆ بفرۆشن؛ هەر هەتا ماڵی دنیاتان وەدەس کەوێ. هەر کەسیش ناچاریان کا، خودا پاش ناچار کردنیان، گونابەخش و دلۆڤانە.

34) ئەوا ئێمە چەند نیشانەی نیشاندەرمان بۆ ئێوە نارد، وێڕای چەندین سەرگوڕوشتەی ڕابردووەکانی پێش ئێوە و پەندێکیش بۆ پارێزگاران.

35) خوا ڕووناکی ئاسمانەکان و زەمینە. ڕووناکی ئەو وەک تاقێکە چرای تێدا هەڵکرا بێ، چراکە لە جامێکدا بێ، جامەکە وەک ئەستێرەیەک ترووسکەی بێ و ماکی چرا لە زەیتوونێکی ممبارەک دەس کەوتبێ؛ کە دارەکەی نە هەمیشە بەرەو ڕۆژە و نە هەمیشە لە نزارە. تۆ ئێژی ڕۆنی چراکە - بە بێ ئاگر تخوون کەوتن - تیشک دەدا؛ ڕووناکی لە بان ڕووناکی. خودا هەر کەسێ حەز بکا، ڕووناکی خۆی نیشان دەدا. خودا بۆ مەردم نەزیلان دێنێتەوە. خوا بە هەموو شت دەزانێ.

36) لە ناو ماڵانێکدا خودا ئیزنی داوە، کە دەستی ڕێزیان لەسەر بێ و ناوی ئەویان تیا ببرێ، هەموو بەیانی و ئێواران هەر پەسنی پاکی ئەو دەدەن:

37) پیاوانێ کە نە بازرگانی نە سەودا، یادی خودا و نوێژ کردن و زەکات دانیان، لە بیر نابا؛ ترسی ئەو ڕۆژەیان هەیە، کە لەوێدا دڵ و چاو گش وەردەچەرخێن.

38) بۆ ئەوەی خوا لە بارتەقای کردەوەیان باشتر پاداشیان بداتێ و بە چاکەی خۆی لێشیان زیاد کا. خودا هەر کەسێ حەز بکا، بە بێ هەژمار ڕۆزی دەدا.

39) ئەوانەی خودانەناس بوون، کردەوەیان وەک ئەو تراویلکە وایە کە لە بیاواندا هەیە. تینوو وا دەزانێ ئاوە و کە دەیگاتێ، ئەوسا دەزانێ هیچ نییە. بەڵام خودا لە نزیکی خۆی دەبینێ و حیسابی ئەنێتە مستی. خوا زوو بە حیساب ڕادەگا.

40) یان وەک لە تاریکستانێ، لە زەریایەکی بێ پەیدا، پێل لەسەر پێل دای پۆشن و لە لای ژوورووشی هەور بێ؛ تاریکایی و هەرگا دەستی خۆی دەربخا، لەوانەیە هەر نەیبینێ. هەر کەسێکی خوا ڕووناکی نیان نەدا، هیچ ڕووناکایی شک نابا.

41) تۆ نەت دیوە کە هەر شتێ لە ئاسمانان و زەمیندان، ئەو مەلانەش کە لە حەوا لەنگەر دەگرن، پەسنی پاکی خودا دەدەن؟ گشتیان نزا و پەسنی خۆیان دەزانن و خوا لە کاریان ئاگادارە.

42) موڵکایەتی عاسمانان و زەمینیش هەر هی خودایە و گەڕانەوەش بۆ لای خوداس.

43) ئەتۆ نەت دیوە خودا هەورێک لە سەرەخۆ دەئاژوێ؛ پاشان چەند پارچەی لێک دەدا و دەیانکا بە هەورێکی پڕ؟ ئەوسا تۆ دەبینی دڵۆپەی بارانی لێ دێتە دەر؛ [هەر خوداشە] لەو حەوایە و لەو کێوانە - کە لەوێدان - تەیرۆکان دادەبارێنێ؛ هەر کەسێ ئەو مەیلی لێ بێ، بەری دەدا و کێش حەز کا بەری ناکەوێ؛ برووسکەکەی لەوانەیە سۆما لە چاوان بڕفێنێ.

44) ئاڵوگۆڕی شەو و ڕۆژان خودا دەیکا. کە لەمەشدا پەندێک هەیە بۆ هەر کێ خاوەن ئاوەزە.

45) خودا هەموو جانەوەری هەر لە ئاو بەرهەم هێناوە. هەیە زگەخشکێ دەکا و، هەیە لەسەر دوو پێ دەڕوا و هەیە لەسەر چوار پەلانە. خوا هەر شتێ حەزێ بکا سازی ئەدا. خودا بەسەر هەموو شتدا توانای هەیە.

46) دیارە ئێمە چەن نیشانەی نیشاندەرمان ناردە خوارێ. خودا هەر کەسێکی حەز کا، شارەزای ڕاستەڕێی دەکا.

47) ئەشڵێن: ئێمە باوەڕیمان بە خوا و پێغەمبەر هێناوە و بەر فەرمانین. لە دوای ئەمەش بڕێکیان ڕۆ وەردەگێڕن؛ ئەوانە هەر بڕوادار نین.

48) هەرگایەکیش بەرەو خودا و ڕاسپاردەی بانگیان دەکەن، کە خۆی بە کاریان ڕابگا؛ کەچی دەستەیەکیان هەر خۆی لێ دەبوێرن.

49) ئەگەر لە قازانجی وان بێ، دێنە لای و دەی سەلمێنن.

50) ئاخۆ ئەمانە دەغەزیان لە دڵدایە، یان دەترسن خودا و پێغەمبەری خودا ناهەقییەکیان لێ بکەن؟ نا، ئەوان خۆیان ناهەقن.

51) بەڵام ئەوی باوەڕدارن، هەر کاتێ بانگ دەکرێن کە بێن بەرەو خودا و ڕاسپاردەی، هەتا بە کاریان ڕابگا؛ گورجێ دەڵێن: بیستمان و بەر فەرمانین. ئەوانە دیارە ڕزگارن.

52) هەر کەسێکی بەر فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بێ و ترس و شەرمی لە خوا هەبێ، ئەوان بردوویانەتەوە.

53) بە سوێندان ڕەش بوونەتەوە، کە: بە خودا، هەرگا فەرمانیان پێ بدەی بچنە خەزا، خۆ ناگرن. بێژە: هیچ سوێندی پێ ناوێ؛ فەرمانبەردارێکی خاس بن. هەر کارێکی ئێوە دەیکەن، خوا دەیزانێ.

54) بێژە: بەر فەرمانی خودا و بەر فەرمانی پێغەمبەر بن. جا کە هەر خۆشیان وەپاش دا، ئەو هەر ئەرکی خۆی لەسەرەو ئێوەش ئەرکی خۆتان هەیە. خۆ ئەگەر بە قسەی ئەو بکەن، شارەزاییەکە بۆ خۆتان. پێغەمبەریش لە ڕاگەیاندن بەولاوە هیچی تری لەسەر نییە.

55) خوا بەوانەی لە ئێوە بڕوایان هەیە و ئاکارچاکن، بەڵێنی دا: لەم زەمینە دەیانکاتە جێگەنشین؛ هەر وەکوو چۆن ئەوانەی بەر لەوانی کردە جێنشین. دینەکەشیان - کە خۆی پەسندی کردووە - هەر بۆیان دادەمەزرێنێ و ترسەکەشیان بۆ دەکاتە دڵنیایی [تا] تەنیا من بپەرستن؛ هیچ شتێکیش بە شەریکی من نەزانن. هەر کەسێکیش لەمە بەولا سپڵەیی بکاتە پیشە، لە ڕێزەی سەر چەوتەکانە.

56) نوێژەکەتانیش بخوێنن و زەکات بەن و بەرفەرمانی پێغەمبەربن؛ بەشکوو بەر بەزەی خواکەون.

57) وامەزانن ئەوکەسانەی خوانەناسان، دەتوانن لەم زەمینە لەدەستن ڕاکەن؛ جێگەی ئەوانە ئاگرەو سەرئەنجامیان زۆرخراپە.

58) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! با ئەوانەی خوڵام و کەنیزی ئێوەن، ئەو کەسانەش لە ئێوە کە بلووق نەبوون، سێ جار ئیزنوو لێ بخوازن: لە پێش نوێژی بەیانی و نیمەڕۆیان، کاتێ شمەکان دادەنێن و لە پاش نوێژی خەوتنانیش؛ کە ئەم سێ کاتە وەختی تەنیایی ئێوەس. لە پاش ئەوە، نە بۆ ئێوە قەیدێ دەکا، نە بۆ ئەوان، کە بە دەوروبەرتاندا بێن؛ ئێوە پێکەوە تێکەڵن. ئا بەم جۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ئاشکرا دەکا. خودا زانای لەکارزانە.

59) هەر کاتێ منداڵەکانوو بلووقیان بوو - ئەویش وەک ئەوانی بەرێ - گەرەکە ئیزن بخوازن. ئا بەم جۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ئاشکرا دەکا. خودا زانای لەکارزانە.

60) ئەو ژنانەی وەختی شوویان بەسەر چووە، هیچ تاوانیان لەسەر نییە کە سەرپۆش لەسەر فڕێ دەن؛ بەڵام نابێ خشڵی خۆیان نیشان بدەن. بۆ ئەوان وەها باشترە پاک و شەرمێون بمێنن. خودا ئەژنەوێ و زانایە.

61) شەل و کوێران، لەش بەبار و بناوبوێران، خودی خۆشتان، هیچ تاوانوو لەسەر نییە لە ماڵ خۆتان یان باوکانتان، یان دایکانتان، یان لە ماڵی برایانتان، یان ماڵی سەربە خوشکانوو، یا ماڵی ئاپ و پلکانوو، یان لە ماڵانی خاڵانوو، یان میمانوو، یان ئەو ماڵەی کلیلەکەی لای ئێوەیە، یان لە ماڵی دۆستی چاکوو، خواردن بخۆن. هیچ گوناهیشتان ناگاتێ هەمووتان پێکەوە بخۆن؛ یان هەر کەس بە تەنیا بخوا. هەرگاش دەچنە ماڵانەوە، سڵامی یەکتری بکەن؛ سڵامێکی پاک و پیرۆز لە لای خواوە. ئا بەم جۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە، شایەتا ئێوە تێبگەن.

62) باوەڕدار هەر ئەو کەسانەن کە باوەڕیان بە خوا و پێغەمبەری هێنا و هەر کاتێکی بۆ کارێکی بە کۆمەڵ ڕەگەڵی کەون، لا ناکەون، هەتا ئیزنی لێ دەخوازن. ئەو کەسانە لێت دەخوازن ئیزنیان بدەی، ئەو کەسانەن کە باوەڕیان بە خودا و پێغەمبەرەکەی هاوردووە. هەرگا بۆ کارێکی خۆیان هاتن ئیزنت لێ بخوازن، هەر کامێکیان ئیزن دەدەی، کەیفی خۆتە و بۆیان لە خوا داوای لێ بووردنێ بکە. کە خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.

63) گازی لە پێغەمبەر کردن وەک گازی کردن لە خۆتان حەسێب مەکەن. هەر کەسیش خۆی پەنا دەدا و پێ دزەی دەرباز بوونیەتی، خوا دەیزانێ. با ئەوانەی کە خۆیان لە فەرمانی ئەو دەدزنەوە، ترسیان هەبێ کە بەڵایەکیان بەسەر بێ؛ یان وەبەر جەزرەبەیەکی بەژان کەون.

64) باش بزانن، هەرچی لە ناو عاسمانان و زەویدایە، بۆ خودایە. خودا هەم لە ئێستەی ئێوە و هەم لەو ڕۆژەش کە دەبرێنەوە بۆ لای ئەو، ئاگادارە. ئەوساش ئاگاداریان دەکا لەو شتەی واکردوویانە و خودا هەموو شت دەزانێ.