25- فوڕقان

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 10 خولەک  703 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) مەزنایەتی بۆ خودایێ ئەم فوڕقانەی بۆ عەبدی خۆی ناردە خوارێ، تا ببێتە هۆی ترسانێ بۆ هەموو خەڵکی جیهانێ.

2) ئەو خودایەی فەرمانڕەوای ئاسمانەکان و زەمینە و کەسی نەکردە ڕۆڵەی خۆی؛ لە فەرمانڕەواییشدا شەریکی نەبووە و هەموو شتی لە ڕادەی خۆی دروست کرد و ئەندازەی گرت.

3) بە جێگەی چتگەلێکیان کردە خودا، کە ناتوانن شتێک چێ کەن؛ بۆ خۆشیان هەر چێ کراون. تەنانەتی قازانج و زەرەری خۆشیان بە دەس نییە؛ نە مردنیشیان بە دەستە و نە ژیان و نە ژینەوەی لە پاش مردن.

4) خودانەناسەکان وتیان: ئەمە هەمووی درۆی هەڵبەستەی خۆیەسی و کەسانێ تر لەمەدا یارییان داوە. ئاشکرایە هەرچی وتیان درۆیە و ناهەقی دەکەن.

5) گوتیان: ئەمانە چیرۆکی پێشینانن؛ هەموو بەیانی و ئێواران بۆی دەڵێن و لە بەری دەنووسێتەوە.

6) بێژە: کەسێکە ناردوویە، لە نهێنی عاسمانەکان و زەمینێ ئاگادارە؛ ئەویش لە گوناح دەبوورێ و دلۆڤانە.

7) گوتووشیانە: ئەمە چۆن پێغەمبەرێکە خۆراک دەخوا و بە بازاڕاندا دەگەڕێ؟ ئەدی چۆنە فرشتێکی دەگەڵ نەهات، کە وێڕای ئەو ترس وەبەر مەردم بێنێ؟

8) یان گەنجێکی بۆ هاویژرابایە خوارێ، یان باغێکی هەبووایە لێی بخواردایە. ناهەقیکارانیش گوتیان: ئێوە هەر شوێن پیاوێ کەوتوون سیعر و جادووی لێکراوە.

9) دەبڕوانە چلۆن نەزیلەیان بۆ تۆ هێناوە و لە ڕێی لایاندا و هەرچی دەکەن ڕێ دەرناکەن.

10) مەزنایەتی هەر بۆ کەسێ ئەگەر حەز کا لەوە چاترت دەداتێ. باغاتێکت پێ دەبەخشێ جۆباریان بە بەردا دەڕوا و چەند کۆشکیشت بۆ دادەنێ.

11) دیارە ئەوان قیامەتیان بە درۆ ژمارد؛ ئێمەش کڵی جەهەندەممان ساز داوە بۆ هەر کەسێ کە قیامەت بە درۆ دەزانێ؛

12) کە لە شوێنێکی دوورەوە دەیانبینێ، لرفە و نێڵەی کڵی ئاگریان دێتە گوێ.

13) هەرگایەکیش شەتەک درا و داوێژرێنە ناو جێگەی تەنگەبەرایی دۆژەهەوە، منە بۆ مردنێ دەکەن.

14) ئەمڕۆ ئیتر هەر مردنێ داوا مەکەن؛ داوای گەلێ مردن بکەن.

15) بێژە: ئاخۆ ئەمە باشە، یان بەهەشتی هەمیشەیی؛ کە بەڵێنی بە خودێ ترسان دراوە، کە: پاداش و دواڕۆژیانە؟

16) چی بخوازن لەوێ هەیە و هەروهەر تێدا دەمێنن. ئەم بەڵێنە لە پەروەرندەی تۆڕایە و هەر دێتەجێ.

17) لەو ڕۆژەدا کەئەمانە و ئەوانەی - لە غەیرەز خودا - دەیانپەرست، لە جێیەک کۆ دەکاتەوە، دەپرسێ: ئاخۆ ئێوە بوون ئەم عەبدانەموو لاڕێ کرد، یان خۆیان لە ڕێ کلا بوون؟

18) ئێژن: پاکانەی تۆ دەکەین؛ ئێمە کەی ڕێمان دەکەوێ - بەدەرلە تۆ - کەسێ بکەینە دۆستی خۆ؛ بەڵام هەر خۆت بۆ ئەوان و باب و کاڵانی ئەوانیش ئەوەندەت بەر بەرەڵدا کرد، کە یادی تۆیان لە بیر چوو، بوونە گەلێکی وا بێ خێر.

19) ئەوانە بۆ ئەو قسانەتان، ئێوەیان وەدرۆ خستەوە. خۆ ئێستا ئیتر ناتانن [ئازار لە خۆتان] لابدەن؛ یان هانادەرێ پەیاکەن؛ هەر کامیشتان ناهەقی کا، ئێمە ئازاردانی گەورەی پێ دەچێژین.

20) لە پێش تۆشا هەر کەسێکمان بۆ پێغەمبەری ناردووە، هەموو خواردنیان خواردووە و لە ناو بازاڕان گەڕاون؛ هێندێکیشتانمان کردۆتە مایەی ئەزموونی هێندێ تر. ئاخۆ ئێوە خۆ ڕادەگرن؟ وا پەروەرندەت دەبینێ.

21) ئەوانەی کە بە هیوا نین بە دیداری ئێمە بگەن، گوتیان: بۆچی فرشتەمان نەهاتە لا؟ یان پەروەرندەی خۆن نەدی؟ ئەوانە لە پاڵ خۆیاندا خۆیان بە زل دەزانن و سەربزێوی و فیزێکیان لێ پەیدا بووە کە ئەو سەری دیاری نەبێ.

22) ئەو ڕۆژەی ئەوان فرشتان بە چاوی خۆیان دەبینن، کە فرشتە دەنگیان دەدەن: هەیدێ گوم بن! هیچ مژدەیەکمان لانییە کە بیدەین بە تاوانباران؛ پێشیان دەڵێن: مژدە لە ئێوە حەرامە.

23) هەر کارێکی کردوویانە ڕای دەنێن و هەروەکوو تۆزی بابردەڵەی پێدەکەین.

24) ئەوێ ڕۆژێ ئەنوا و جێگەی حەسانەوەی بەهەشتییەکان باشترینە.

25) ئەوێ ڕۆژێش ئەزمان بە هەور دەقەڵشێ و فریشتەکان - بە هەڕەمە - بەرەو زەمین بەڕێ دەکرێن.

26) ئەوێ ڕۆژێ فەرمانڕەوایی بەڕاستی بۆ خودایە و، بۆ گەلی خودانەناسان ڕۆژێکی پڕ تەنگانەیە.

27) لەو ڕۆژەشدا کە ناهەقکار بە دەستی خۆیدا دەنووسێ و ئێژێ: ئەی کاشکایە منیش وەل پێغەمبەر چووبامە ڕێ.

28) ئەی مخابن، خۆزی هەرگیز نەبووبام بە دۆستی فڵان.

29) لە پاش ئەوەی کە ئەم قوڕعانەم پێ گەیشت، هەر ئەو منی لێ کلا کرد؛ شەیتان هەمیشە مرۆ بەرەڵا دەکا.

30) پێغەمبەریش ئێژێ: ئەی پەروەرندەکەم! هۆزەکەم ئەم قوڕئانەیان وەپشت گوێ خست.

31) هەرواش بووە؛ ئێمە بۆ هەر پێغەمبەرێک دژمنێکمان - لە تاوانباران - بۆ دانان. پەروەرندەت بۆ شارەزایی کردن و هاریکاری بەسی تۆیە.

32) خوانەناسەکان دبێژن: بۆچی خودا بە تێکڕایی ئەم قوڕئانەی بۆ نەناردۆتە خوارەوە؟ هەر بۆ ئەمە بوو کە ئێمە دڵتی پێ دامەزرێنین و بەتەکووزی و هێدیکا بۆتی وەخوێنین.

33) ئەگەر ئەوان نەزیلانت بۆ دێننەوە، ئێمە ڕاستیت بۆ دێنین و [نەزیلەیەکی] پڕ ماناتر لە ئی ئەوان.

34) کەسگەلێ کە دەمەوڕوو ڕادەکێشرێن بۆ جەهەندەم و هەر لەوێ کۆ دەکرێنەوە، خراپترین جێیان هەیە و بە تەواوی لە ڕێ کلان.

35) کتێبیشمان دا بە مووسا و هاڕوونی براشیمان کرد بە وەزیری.

36) ئەوسا گوتمان: بڕۆن بۆ لای ئەو هۆزە کە نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ ژمارد؛ ڤێگاڤێ تێکمان شکاندن.

37) هۆزی نووحیش - کاتی بە پێغەمبەران باوەڕیان نەکرد - نوقمی بناومان کردن و کردمانن بە نیشانە بۆ مەردم و ئازارێکی بەژانیشمان ساز داوە بۆ ناهەقەکان.

38) عاد و سەموود و خاوەنی چاڵاوەکانیش و گەلی بەرەوچینی نێوانیان [هەر بەو دەردە چوون].

39) بۆ هەمووانیان چەند نەزیلەمان هێناوە و لە ئاکامدا ونجڕبەونجڕمان کردن.

40) خۆ ئەوانە بەو شارەدا ڕابردوون کە بارانەی بەڵامان بۆ باراندن؛ مەگەر بە چاوی خۆیان ئەوەیان نەدی؟ بەڵام بە هیوای زیندوو بوونەوە نەبوون.

41) هەر کەتۆیان چاو پێ کەوت، دەتکەنە گەپجاڕی خۆیان: هەر ئەمەیە کە خودا ڕای سپاردووە؟!

42) لەوانە بوو لە پەرستیوەکانی خۆن لامان بدا، ئەگەر خۆمان لەسەریان ڕانەگرتایە. دواجار - کە ئازار دەبینن - پێدەزانن کە کێ پتر لە ڕێگەی ڕاست هەڵە بووە.

43) تۆ ئەو کەسەت دی کە هەرچی خۆی حەز بکا دەیکاتە پەرستیوی خۆی؟ ئاخۆ ئەتۆ بۆ ئەمیش هەر دەستەبەری؟

44) یان پێت وایە کە زۆربەیان گوێ شل دەکەن و تێدەگەن؟ ئەوانە وێنەی وڵساتن، بگرە لەویش گومڕاترن.

45) بۆ نەت دیوە پەروەرندەت درێژە بە سێبەر دەدا؟ ئەگەر خۆی حەزی کردبا، وای دەکرد لە جێ نەبزووێ. خۆریشمان کردۆتە بەڵگەی.

46) لە ئاکامدا - کەمەکەمە - بەرەو خوونی دەبەینەوە.

47) هەر خۆیەتی کە بۆ ئێوە شەوی کردۆتە پۆشاک و خەوی بۆ سانەوە [تان] و ڕۆژیشی بۆ هەڵسانەوە [تان] داناوە.

48) هەر ئەویشە باکانی نارد، کە مزگێنی بەزەیی ئەوتان بۆ بێنن؛ جا ئەوسا لە حەوایەوە بارانێکی پاک و خاوێنمان ناردە خوار؛

49) تا زەمینی هێز لێ بڕاو - بە هۆی ئەم - زیندوو کەینەوە و وڵسات و زۆر لەو خەڵکانەی - کەخۆمان دروستن کردوون - تێراو بکەین.

50) ئەوەشمان هەر جۆرەجۆرە لە نێوانیانا دابەش کرد، تا پەند بگرن؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە هەر فێرن ناشکوری بکەن.

51) ئەگەر بۆ خۆن کەیفن لێ با بۆ هەر شارێ کەسێکی وامان ڕادەسپارد بیان ترسێنێ.

52) سا تۆ هەرگیز بە قسەی خوانەناسان مەکە و بە هەموو هێز و تواناوە هەر بە گژیاندا وەرەوە.

53) خوا کەسێکە کە دوو زەریای بەیەک گەیاند؛ یەکێ شیرن، یەکێ شۆری ئاماڵ تاڵە و لەمپەرێک و بەرگرێگی زۆر ئەستووری لە نێوانیان بەدی هێنا [کە تخوونی یەکتر نەبن].

54) هەر خۆیەتی لە [تنۆکێ] ئاو، مرۆیەکی وەدی هێنا و کردیە ماکی تۆرەمە و خزم پەیدا بوون. پەروەرندەت هەموو کارێکی پێدەکرێ.

55) غەیرەز خودا شتی وەها دەپەرستن کە نە بەهرەیان پێدەدا، نە زیانیشیان لێدەدا. خوانەناسان خۆ دەکەنە پشتیوانی دژی پەروەرندەی خۆیان.

56) ئێمە تۆمان تەنیا بۆ ئەوە ناردووە، مژدەدەر و ترسێنەر بی.

57) بێژە: من بۆ ئەو کارە هیچ پاداشێکم لەنگۆ ناوێ، غەیرەز ئەوە: کێ پێ خۆش بێ، بەرەو لای پەروەرندەی خۆی ڕێ دەربکا.

58) سا تۆ خۆت بدە دەس کەسێ کە هەر زیندووە و نامرێ و بۆ شوکرانەی، پێی هەڵبڵێ و هەر ئەو بەسە کە لە گوناهی عەبدانی ئاگادارە.

59) ئەو خودایەی عاسمانانەکان و زەمین و هەرچی لە ناویاندا هەیە، بە شەش ڕۆژی داهێناوە. پاشان لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی خۆی دامەزراوە؛ هەر ئەویشە خودای ڕەحمان. سا تۆ لەوانەش بپرسە کە چازانن.

60) هەرگا پێیان بوترێ کە: بەرەو ڕەحمان سوژدە بەرن، ئێژن: ڕەحمان چ کەسێکە؟ دەتەوێ هەرکێ تۆ بێژی، ئێمە کڕنۆشی بۆ بەرین؟ سڵ بوونیشیان پتر دەکا.

61) سەروەری بۆ ئەو کەسەیە چەند قۆناغی لە عاسمانا دامەزراند و لە ناو ئەمدا چرایەک و هەیڤێکی تریفەداری جێ کردەوە.

62) هەر ئەویشە نۆرە بە شەو و ڕۆژ دەکا، هەتا کەسێ گەرەکی بێ بیر کاتەوە یان بیەوێ سوپاسکار بێ.

63) عەبدە ڕاستەکانی ڕەحمان ئەو کەسانەن کە بێ دەعیە دەچنە ڕێوە و هەر کاتێکیش نەزانەکان بیاندوێنن، پەرسڤی نەرم و نیانیان دەدەنەوە.

64) ئەوانەشن کە شەو تا ڕۆژ، ڕووەو پەروەرندەی خۆیان سوژدە دەبەن و وێستاون.

65) ئەوانەشن کەوا ئێژن: ئەی پەروەرندەی هەموومان! جەزرەبەدانی دۆزەخمان لێ دوورخەوە؛ چونکە جەزرەبەی جەهەندەم دوایی نایە.

66) کە بەڕاستی زۆر شوێنێکی نالەبار و زۆر ئەنوایەکی خراپە.

67) ئەوانەشن کە لە کاتی ماڵ بەخشینا، نە یەکجاری دەس بڵاون، نە تەواویش دەس قووچاون؛ هەر لەو ناوەندەدا، ماون.

68) ئەوانەشن کە وێڕای خوا، هیچ شتی تر ناپەرستن؛ کەسێکیش ناگوژن کە خوا ڕژتنی خوێنی بە ناڕەوا زانیوە؛ مەگین بە هەق؛ تووشی داوێنپیسیش نابن. هەرکێ ئەم کارانە بکا، تاوانی خۆی دێتەوە ڕێی.

69) ڕۆژی سەڵا دوو چەندانە ئازار دەدرێ و بە سووکایەتی هەر لەوێدا دەمێنێ؛

70) مەگین ئەوی تۆبە دەکا و باوەڕ دێنێ و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکا؛ کە خودا خراپەکانیان بە چاکە بۆ وەدەگۆڕێ و خوا لێبووردەی دلۆڤانە.

71) هەر کەسێکی تۆبە بکا و ئاکاری چاک ڕەچاو بکا، بەڕاستی دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا.

72) ئەوانەشن کە بە درۆ، شایەتی نادەن و هەرگا بە لای کاری نالەباردا ڕادەبوورن، مەردانە خۆی لێ لا دەدەن.

73) ئەوانەشن کە هەرکاتێ نیشانەکانی پەروەرندەیان وەبیر دەخرێتەوە، وەک کەڕ و کوێر ناوێستن [و گوێ پێدەدەن].

74) ئەوانەشن کە ئێژن: ئەی پەۆوەرێنمان! ژن و مناڵانی وامان پێ ببەخشە، ببنە مایەی چاوڕونیمان؛ بشمانکە پێشەوا بۆخۆپارێزەکان.

75) جا ئەوانە لە پاداشی خۆڕاگرتنیان، ئۆدە [کانی بەهەشت] یان پێ دەدرێت و لەوێدا هەر بە دروود و سەلامەوە تەکیانا ڕووبەڕوو دەبن.

76) هەر لەوێدا دەمێننەوە؛ کە زۆر بنکەیەکی باشە و زۆر نشیمەنێکی خۆشە.

77) ئەتۆ بێژە: پەروەرندەم هیچ هەواڵتان لێ ناپرسێ، ئەر لە بری نەپاڕێنەوە و نەیپەرستن. ئەوا ئێوەش باوەڕیتان بەو نەهێنا و بەم زووانە گرفتاری سزا دەبن و هەر لێتان جوێ نابێتەوە.