23- موئمینوون

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 11 خولەک  733 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) بێ گومانە باوەڕداران، ڕزگارانن.

2) ئەو کەسانەی لە نوێژاندا خۆیان بەگەورە نازانن؛

3) ئەوانەش کە لە قسەی پووچ دووری دەکەن؛

4) ئەوانەش کە زەکات دەدەن؛

5) هەر ئەوانەش کە شەرمی خۆ دەپارێزن؛

6) مەگین لە هاوسەری خۆیان، یان ئەوی مڵکی خۆیانن؛ کە نابێ سەرکۆ نەبکرێن.

7) هەرکێش جیا لەمانەی بووێ، ئەو لە ئەندازە لادەرە.

8) ئەوانەش [لە ڕزگارانن] کە ئامانەت و بەڵێنیان دەپارێزن؛

9) ئەوانەش کە لەسەر نۆژخۆندنێ سوورن؛

10) ئەمانە گشتیان بەشبەرن.

11) ئەو کەسانەی کە بەشبەری بەهەشتن و تاهەتا هەر تیا دەبن.

12) ئێمەین مرۆن لە قوڕێکی خۆشکراو دروست کردووە.

13) ئەوسا کردمانە تنۆکێک، لە بنکەیەکی پتەودا.

14) پاشان هەر لەو تنۆکەوە، خوێنی پندرمان پێک هێنا و لەو خوێنەوە پلە گۆشتێکمان ساز کرد و ئەوسا لە پلە گۆشتەکە هەستین چێ کرد؛ هەستییەکەشمان خستە ناو پۆشەنێ لە گۆشت. لە پاشانا کرمانە چێ کراوێکی تر. دەسڕەنگینی هەر بۆ خوایە؛ کە هیچ وەستایە پێی ناگا.

15) لە ئاکامدا تووشی مردن دەبن.

16) ڕۆژی سەڵاش سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە.

17) ئێمەین کە ئەم حەوت نهۆمەن لە ژوور ئێوەڕا پێک هێنا و لە هەرچی دروستی دەکەین ئاگادارین.

18) لەو حەوایە بە ئەندازە ئاومان [بۆتان] داباراند و جێگەمان لە زەمین پێدا و هەر ئێمەشین کە دەتوانین لە بەین بەرین.

19) سا بەو ئاوە هەر بۆ ئێوە باغاتێکمان لە دارخورما و لە ڕەزان بەرهەم هێناوە، زۆر میوەجاتوو دەداتێ و لێیان دەخۆن.

20) دارێکیش هەر [لە سۆنگەی ئەو] لە تووری سینایە دەڕوێ، کە ڕۆنێ بەرهەم دێنێت و پێخۆریشە بۆ خۆرایان.

21) دیارە وڵساتیش بۆ ئێوە هەر دەرسێکە: لەوەی کە وا لە دەرونیاندایە، پێتان دەنۆشێنین. لێان دەخۆن و زۆریش بەهرەیان بۆوهەیە.

22) لەسەریان و لەسەر گەمی هەڵدەگیرێن.

23) هەروەها نووحیشمان ناردە لای هۆزەکەی. گوتی: گەلۆ! تەنیا خودا بپەرستن؛ بەغەیرەز ئەو هیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ دەسا بۆ هیچ ترسوو نییە؟

24) گرەگرەی هۆزەکەی ئەو - کە خودایان نەدەناسی - گوتیان: ئەمە هەر بنیادەمە خۆمانەس؛ نیازی وایە خۆتان بەسەردا زاڵ بکا. گەر خودا مەیلی لێ بووایە، فرشتێکی دەناردە خوار؛ ئێمە لە باب و کاڵانیش شتی وامان نەبیستووە.

25) ئەم پیاوە دیارە لێوەیە، تا ماوەیەک وا باشە چاوێری بکرێ.

26) گوتی: ئەی پەروەرندەی خۆم! وا بە درۆزنم دەزانن، هەر بۆ خۆت دەهانام وەرە.

27) ئیتر خۆمان تێمان گەیاند، کە: لە ژێر چاوەدێری و فەرمانی ئێمە، گەمیە ساز دە. جا کاتێ فەرمانمان هات و ئاو لە تەندووردا زایەوە؛ لە هەر جسنەی جووتەیەکی بخە ناوی. وێڕای خێزانەکەی خۆشت؛ مەگین ئەوی بڕیاری لەسەر دراوە و لەمەڕ ئەوانەم مەدوێنە کە ناهەقییان کردووە؛ چونکە لە خنکاوەکانن.

28) هەرگا خۆت و هاوڕێکانت لەسەر گەمیەکە جێتان گرت، بێژە: سوپاس بۆ خودایێ کە لە کێشەی ناهەقان ڕزگاری کردین.

29) بشڵێ: ئەی پەروەرندەی خۆم! لە شوێنێکی بە پیتم داببەزێنە و؛ تۆ لە هەموو میوانداران باشتر میوان بەخێو دەکەی.

30) لەمەشدا چەند نیشانە بوون. دیارە ئێمەش ویستمان بە تاقی کەینەوە.

31) لە پاش ئەوان چینێ ترمان بەدی هێنا.

32) هەر لە خۆیان پێغەمبەرێکمان بۆ ناردن، کە: تەنیا خوا بپەرستن؛ کەسی تری واتان نییە کە بۆ پەرستن هێژا بێ. مەر ناترسن؟

33) پیاوماقووڵانی هۆزەکەی - کە خودایان نەدەناسی و دیداری ڕۆژی سەڵایان پێ درۆ بوو؛ لە ژینی سەر دنیایەشدا خۆشگوزەرانین پێدا بوون - گوتیان: ئەمە مرۆیەکی لە خۆتانە و بۆ وەخواردن و خواردنیش وەک خۆتانە.

34) ئەگەر وەشوێن مرۆیێ وەک خۆتان کەون، لێتان ڕوون بێ زیانبارن.

35) چۆن دەتوانێ بەڵێن بدا، هەرگا مردن و لاشەتان بوو بە خۆڵ و چەند پێشەیەک، سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە؟

36) با واش بڵێ چۆن ئاوەز قبووڵی دەکا؟

37) ژین لەوە پتر نییە، لەسەر دنیایە هەمانە. ئێمە هەر دەمرین و دەژین؛ [هەر کە مردین] تازە زیندوو نابینەوە.

38) ئەم کاورایە پەیدا بووە درۆ بە ناو خواوە دەکا؛ ئێمەش باوەڕی پێ ناکەین.

39) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! وا بە درۆزنم دەزانن، هەر بۆ خۆت دەهانام وەرە.

40) گوتی: هەر زۆر بەزووێکی زوو، یانە پەشیمان دەبنەوە.

41) ئەوسا - وەک هێژای خۆیان بوو - نارەتە دایانی گرت و وەکوو ئاوماڵکن لێکردن. ناهەقان تەرت و تونا بن!

42) لە پاش ئەوان چەند بەرەی ترمان پێک هێنا.

43) هەر کۆمەڵێ لە بنیادەم - کە دێتە وەختی مردنیان - نە وەپێش دەخرێن نە وەپاش.

44) بۆ هەر کۆمەڵێک لەوانە پێغەمبەرمان بەڕێ کردوون، کە باوەڕیان پێ نەکردوون؛ بە شوێن یەکا بە دەردێکی وامان بردوون کە بە چیرۆک بیانگێڕنەوە. با دوورکەون ئەوانەی بڕوا ناهێنن.

45) لە پاش ئەوان، مووسا و هاڕوونی برایمان وێڕای نیشانەکانمان و بەڵگەیەکی ئاشکرا نارد،

46) بۆ لای فیرعەون و سەرزلانی هۆزەکەی؛ [بەڵام] خۆیان بە زل زانی و کۆمەڵێکی بە دەعیە بوون.

47) گوتیان: جا چۆن بە دوو مرۆی وەکە خۆن بڕوا دەکەین و هۆزەکەیان [بە گشتی] کۆیلەی خۆمانن؟

48) هەر بە درۆزنیان زانین و بوو بە مایەی لە ناو چوونیان.

49) کتێبیشمان دا بە مووسا، بەشکێکم شارەزا ببن.

50) کوڕی مریەم و دایکیشی لە ئێمەوە کران بە نیشانەیەک و لای گردێک دامان مەزراندن؛ کە جێ حەسانەوە و کانیاوێکی لێ بوو.

51) ئەی کۆمەڵی پێغەمبەران! بژیوی پاکژ بخۆن و ئاکارچاک بن؛ لە هەر کارێ ئێوە دەیکەن ئاگادارم.

52) دیارە ئەمە دینی وەیە و هەر دینێکی یەکپارچەیە و ئەمن پەروەرێنی ئێوەم؛ سا هەر لە خۆم ترسوو هەبێ.

53) دینەکەیان لە ناو خۆدا لەتوپار کرد. هەر کۆمەڵێکیش لەوانە، بەو پشکەی ئێستا هەیانە، دڵی خۆشە.

54) لێیان گەڕێ تا ماوەیەک لە زەلکاوی نەزانی خۆدا ڕۆبچن.

55) ئاخۆ ئەوان پێیان وایە کە ئێمە بە ماڵ و کوڕان یارمەتییان دەدەین، هەر بۆ ئەوەیە کە:

56) پەلەمانە لە چاکە دەگەڵ کردنیان؟ نەخێر، ئەمانە نەزانن.

57) ئەوانە کە لە ترسی پەروەرندەیان تووشی لێوەلەرزێ دەبن،

58) ئەوانەش کە بە هەموو نیشانەکانی پەروەرێنیان باوەڕ دەکەن،

59) ئەوانەش کە هیچ شەریکێ پەیدا ناکەن بۆ پەروەرندەکەی خۆیان،

60) ئەوانەش کە هەچی لە ڕای خودا داویانە، هەر دەیدەن؛ کەچی لە سامی گەڕانەوەیان بۆ لای پەروەرێنیان، دڵەکوتەیان تووش دەبێ؛

61) ئەوانەن کە لە چاکەدا لەز دەکەن و بۆ ئاکاری چاک لە پێشن.

62) ئەرکی پتر لە توانا ناخەینە سەر کەس. کتێبێکیشمان لەلایە، هەرچی دەوێدایە ڕاستە و هیچ ناهەقییان لێ ناکرێ.

63) بەڵام ئەمان دڵیان ئاگای لەمە نییە و خجڵی کارگەلی ترن.

64) تا ئەو دەمەی کە خۆشگوزەرانەکانیان گرفتاری ئازار دەکەین؛ لەپڕ دەست دەکەن بە هاوار.

65) ئەمڕۆ ئیتر هاوار و دادی پێ ناوێ؛ ئێمە دەفریاتان نایەین.

66) نیشانەکانی ئێمەتان بەسەردا دەخوێندرایەوە، هەمووتان پێ دزەتان بوو.

67) خۆتان زۆر بەزل دەزانی و لەشەونشینی خۆتاندا، هاتەران پاتەرانتان بوو.

68) ئاخۆ ئەوان لەم وتەیە ڕانەماون، یان ئەوی بۆ وان هاتووە، بۆ باب و کاڵی پێشوویان نەهاتبوو.

69) یان پێغەمبەرەکەی خۆیان نەناسیبوو، کە وا حاشایان لێدەکرد؟

70) یان دەبێژن: جن دەستی لێ وەشاندووە. نەخێر، کە ئەو ڕاستی بۆ ئەوان هێناوە؛ کەچی زۆربەیان خۆشیان لە ڕاستی نایە.

71) ئەگەر ڕاستی شوێن ئارەزووی وان کەوتبا، بێ گومانە ئاسمانەکان و زەمین و هەرچی دەناو ئەواندایە، خرا دەبوون. بەڵکوو ئێمە ئامۆژگاریمان بۆ ناردن؛ ئەوان لە ئامۆژگاری خۆ دەتەکنەوە.

72) یان تۆ مزت لەوان دەوێ؟ خۆ مزی پەروەرندەی خۆت زۆر باشترە و باشترین ڕۆزی دەر ئەوە.

73) تۆ هەر گەرەکتە بیانخەیە سەر ڕاستەڕێ.

74) ئەو کەسانەش کە باوەڕیان بە ڕۆژی سەڵایە نییە، هەر لە ڕاستەڕێ لا دەدەن.

75) ئەگەر بەر بەزەیی خۆشمان بخستنایە و ئەو بەڵایەشمان لادایە کە بەسەریاندا هاتووە، ئەوانە هەر بە لاساری و سەرگەردانی دەمانەوە.

76) تووشی ئازاریشمان کردن؛ کەچی لە حاند پەروەرێنیان نە لە فیز داوەزین و نە ملیان لە پاڕانەوە نا.

77) تا ئەو کاتەی بە توندی جەزرەبەمان دان؛ ئەوسا زانیان هومێد نەما.

78) ئەو کەسێکە چاو و دڵ و گوێی بۆ ئێوە قەرار داوە. کەم شوکرانەبژێری دەکن.

79) هەر ئەویشە کە ئێوەی لەم زەمینەدا چێ کردووە و هەر لای ئەو کۆ دەکرێنەوە.

80) هەر ئەویشە ژین دەبەخشێ و دەشمرێنێ؛ ئاڵوگۆڕی شەو و ڕۆژیش بە دەس ئەوە. دەی ئاخر تا کەی تێناگەن؟

81) نەخێر، ئەویش وەک ئەمانەی پێشوو ئێژن.

82) ئێژن: ئاخۆ ئەر مردین و بووینە ئاخ و ئێسک و پرووسکێک، دیسان زیندوو دەبینەوە.

83) ئێمە و باب و کاڵمان - بەرێ - ئەم بەڵێنەمان پێدرا؛ ئەم قسانە گش چیرۆکی پێشوونانن.

84) بێژە: ئەگەر هیچ دەزانن، ئەم زەمینەو هەرچی لە ناویدا هەیە، سەر بە کێیە؟

85) هەموو دەڵێن: سەر بە خوایە. بێژە: هیچ بیر ناکەنەوە؟

86) بێژە: ڕاهێنەری حەو عاسمانەکان و ڕاهێنەری تەختی هەرە مەزن کێیە؟

87) ئێژن: گش دەسکاری خوایە. بێژە: بۆ هیچ ترسوو نییە؟

88) بێژە: دەستەڵاتی هەر شت بە دەس کێیە و ئەر دەزانن کێیە، پەنای پەنابەرە و دژی ئەو پەنا نادرێ؟

89) ئێژن: ئەمە هەر خودایە. بێژە: دەی چۆن دەخەڵەتێن؟

90) بەڵکوو ئێمەین کە ڕاستیمان بۆ هێناون و دیارە ئەوان درۆزنن.

91) خوا هەرگیز ڕۆڵەی بۆ خۆ پەیدا نەکرد و هیچ خێویشی دەگەڵ نییە. دەنا ئەوسا هەر خێوێ هەرچی خۆی دروستی دەکرد، بۆ خۆی دەبرد و هێندێک بە سەر هێندێکانیاندا زاڵ دەبوون. ئەو بە دوورە لەو شتانەی ئەوان ئێژن.

92) ئەو لە پیوار و ئاشکرا ئاگادارە؛ بەرزترە لەوەی دەیکەنە شەریکی.

93) بێژە: ئەی پەروەرێنی من! ئەگەر ئەوەی کەوا بڕیاریان پێ دەدرێ هەر نیشانی منی دەدەی،

94) پەروەرندەم! ڕەگەڵ ناهەقانم مەخە.

95) ئێمە هەرچی بۆ ئەوانی بڕیار دەدەین، دەتوانین نیشانتی بدەین.

96) تۆ وەرامی خراپە بە چاکە بدە؛ ئێمە باشتر دەزانین ئەوان چ ئێژن.

97) تۆ بێژە: ئەی پەروەرندەم! هانام بە تۆ، لە دنەدانی شەیتانان.

98) هەر هاناش دەبەمە بەر تۆ؛ کە ئەوان دێن بەلامەوە.

99) [ئەوان هەروان] تا کاتێ کە مردن دێتە سەر یەکێکیان، ئەوسا دەڵێ: ئەی پەروەرندەم! وەم گێڕە.

100) بەشکوو ئەو ئاکارە چاکەی لێی نەبان بووم ئەوجار بیکەم. نەخێر، قسە بۆ خۆی دەکا؛ تازە تا ڕۆژی قیامەتێ لەمپەرێکی زۆر گەورەیان لە پێشدایە و [گەڕانەوەیان بۆ نییە].

101) هەرگایەکیش دەکەڵەشاخ دەمێندرا، نە خزمایەتی لە نێوانیان دەمێنێ و نە کەسیان لە کەس دەپرسێ.

102) هەر کەسێکی کێشانەی گرانتری بێ، ئەو دیارە لە ڕێزی ڕزگارەکانە.

103) هەر کەسێکیش لە کێشانە کەمی هێنا، ئەوانە دۆڕاوەکانن و لە دۆژەهدا دەمێننەوە.

104) دەم و چاویان بە ئاگر هەڵدەپرووزێت و لێوەکانیان هەڵدەچرچێ.

105) مەر نیشانانی مەتان بەسەردا نەدەخوێنرایەوە و هەر بە درۆتان دەژماردن؟

106) ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! نەگبەت بڕستی بڕین و ئێمە خەڵکێکی گومڕا بووین.

107) ئەی پەروەرندەی گلامان! لێرەمان بهێنە دەرێ؛ ئەگەر ئەمجاریش هەر وابووین، دیارە لە ناهەقان دەبین.

108) ئێژێ: ناشێ من بدوێنن، تا لەوێشدان نابێ هەر فزەتان لێ بێ.

109) هێندێکیش لە عەبدەکانم هەر دەیانگوت: پەروەرێنمان! ئێمە باوەڕیمان هێنا، تۆش بەزەییت پێماندا بێ و لە گوناهەکانمان ببوورە؛ تۆ لە گش کەس دڵسۆزتری.

110) ئێوە هەر گاڵتەو پێ دەکرد؛ هەتا ئەوان یادی منیان لە بیری ئێوە بردەوە و ئێوە بەوان پێ دەکەنین.

111) وا من ئەمڕۆ پاداش ئەو خۆڕاگرتنەم پێ بەخشیون؛ کە هەر ئەوان ڕزگار دەبن.

112) پێیان ئێژێ: چەند ساڵ لە زەمین مانەوە؟

113) ئێژن: ئێمە هەر ڕۆژێک یان هێندێک لە ڕۆژێ ماینەوە؛ لە حیسابگەران بپرسە.

114) ئێژێ: ئەگەر بووزانیبا، کەمێک نەبێ نەمانەوە.

115) ئاخۆ ئێوە پێتان وابوو بە گەمە دروستن کردوون، ناشووهێننەوە لای خۆمان؟

116) پایەبەرزی بۆ خودایە، کە پاشای ڕاستەقینەیە؛ هیچ پەرستیوێکیش بێژگە لە ئەو نییە؛ هەر خۆیەتی پەروەرێنی تەختی هێژا.

117) هەر کەسێکیش - وێڕای خودا - هانا بۆ کەسێ تر بەرێ و بەڵگەشی لە دەستا نەبێ، پەروەرندەی دەیکێشێتە پای حەساب و ئەو پێ نەزانانە هەرگیز ڕزگار نابن.

118) بێژە: ئەی پەروەرندەکەم! تۆ بم بەخشە و بەزەییت پێمدا بێتەوە، تۆ چاکترین دلۆڤانی.