22- حەج

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 13 خولەک  1054 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەی خەڵکینە لە پەروەرندەو بترسن، بوومەلەرزەی ڕۆژی سەڵا ڕووداوێکی زۆر گرینگە.

2) ڕۆژێ چاوتان پێ دەکەوێ، گ شیردەرێک شیرەخۆرەی لە بیر دەچێ و هەرچی تۆلی لە زگدایە بەرداوێژێ. وادەزانن هەموو ئەو خەڵکە سەرخۆشن؛ خۆ مەستیش نین، بەڵام ئازار لە خوداوە زۆر دژوارە.

3) هێندێ کەس هەن، بە بێ ئەوە هیچ تێگەیبن کێشەی لەمەڕ خوا دەکەون و دەکەونە دووی هەموو شەیتانێکی بەدفەڕ.

4) بۆ شەیتان بڕیار دراوە و بۆی نووسراوە، کە هەر کەس ببێتە دۆستی، دیارە ئەو لە ڕێ لای دەدا و بەرەو ئازاری ئاگری بەڕێ دەکا.

5) ئەی خەڵکینە! ئەگەر لە زیندووبونەوە بەگومانن، سا بزانن ئێمە ئێوەمان دروس کرد، هەوەڵ لە ئاخ، پاشان لە تنۆکەیەک و پاشان لە جەڵتەخوێنێک و پاشان لە پلە گۆشتێکی بیچم پێدراو، یان پێ نەدراو، تا پێتانی بسەلمێنن. چیمان بوێ تا ماوەیەک دەخەینە ناو پزدانەوە و پاشان بە ساوایی دەوهێنینە دەرێ؛ ئەوسا [ماوەتان پێدەدەین] هەتا دەگەنە توانایی. هێندێ لە ئێوە دەمرن و هێندێکتان دەخرێنە پیری و کەلەلایی، هەتا هەرچی دەیزانێ لە بیری بکا. ئەم زەمینەش دەبینی - بێ هەست و خوستە - هەرگا بارانمان لێ باراند، بە خۆدا دێ و گەشە دەکا و هەموو جووتێکی دیمەن جوان، ڕووەک لە خۆیدا دەڕوێنێ.

6) ئەمە بەڵگەس کە بەڕاستی خودا هەقە و ئەمیشە مریان زیندوو دەکاتەوە و هەر ئەویشە لەسەر هەر شتێ توانایە.

7) ڕۆژی قیامەتیش بێ گومان هەر وەدی دێ و هەر خودا خۆی ئەو کەسانەی لەگڵکۆدان - هەموویان - دەردەخاتەوە.

8) لە ناو خەڵکا هی واهەیە، لەمەڕ خودا کێشە دەکا، بێ ئەوەی چی لێ بزانێ؛ نە هیچ شارەزایی هەیە و نە کتێبێ کە بۆی ڕۆشن بکاتەوە.

9) بە فیز مل بەلاوە دەنێ، تا خەڵکی لە ڕێگەی خودا کلا بکا. لە دنیادا بەشی هەر سووکایەتییە و ڕۆژی سەڵاش لە ئێمەوە ژانی سووتانێ دەچێژێ.

10) ئەمە سزای ئاکار و کردارەکەتە؛ خوداش هەرگیز ناهەقی لە عەبدان ناکا.

11) هەر لەم خەڵکەدا ئی واهەن، بە دوودڵی خواپەرستە؛ ئەگەر چاکەیەکی تووش هات، بەوە لە خوا دڵنیایە؛ ئەگەر بەڵاشی بەسەر دێ، بەرەو پاش دەگەڕێتەوە. دنیاش و قیامەتیشی چوو، دووسەرە زەرەر ئەمەیە.

12) لەغەیرەز خوا، هانا بۆ شتێ وا دەبا، کە نە زیانی لێ دەدا نە قازانجیشی پێ دەدا. ئەوەیە لە ڕێ هەتڵە بوون.

13) هانا بۆ کەسێ وادەبا، زیانەکەی لە قازانجی نزیکترە. ئای چ یارێکی بەدکارە و چ هاودەمێ نالەبارە.

14) ئەوانەی خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، خوا دەیانباتە باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا. دیارە خودا هەرچۆنێکی بوێ دەیکا.

15) کێ پێی وایە کە خوا لە دنیا و قیامەتیش دەهانای [پێغەمبەر] نایە، با بە پەتێک خۆی هەڵواسێ تا دەخنکێ؛ دەبا بزانێ بەم فێڵە ئۆخەی دڵی دێ؟

16) بەو ئاوایەش ئەو قورئانەمان ناردە خوار، کە نیشانەگەلێکی ڕۆشن کەرەوەن. هەر کەسێکیش خوا بیەوێ، شارەزای بەرەو خۆی دەکا.

17) ئەوانەی بڕوایان هێنا و ئەوانەی بوونە جوولەکە و سوببی و مەسیحی و مەجووسی و ئەو کەسانەش شەریک بۆ خودا دەناسن، دیارە خودا ڕۆژی سەڵا بە کاری هەمووان ڕادەگا. دیارە خودا لە هەموو شت ئاگادارە.

18) تۆ نابینی ئەو کەسانەی وا لە ناو عاسمانەکان و ئەوانەی لە زەمیندان و خۆر و هەیڤ و ئەستێرەکان و کۆسار و درەختان و جانەوەر و زۆر لە مەردم سوژدە هەر بۆ خودا دەبەن؟ زۆرێکیش ئازاریان بۆ بڕیاردراوە. خودا هەرکێ تووشی سووکایەتی بکا، تازە کەس ڕێزی لێ نانێ. دیارە خودا هەرچی ئارەزووی بێ دەیکا.

19) ئەم دووانە لەسەر پەروەرندەی خۆیان کێشەیانە: ئەوانەی بوونە خوانەناس، کراسێکی ئاگریان بە بەژنی بڕا؛ ئاوی گەرمی داتوڵێنیان لەسەرڕا بەسەردا دەکرێ.

20) هەر بەو ئاوە قژکوڵاوە، هەناویان بە پێستیانەوە دادەبەڵۆخێ.

21) بەر گورزی ئاسنیش دەدرێن.

22) تا گەرەکیان بێ لە مەینەت ڕزگار ببن، هەس دەدرێنەوە بۆ ناوی: دەی ژانی ئاگر بچێژن!

23) ئەوەی باوەڕیان هێناوە و ئاکارچاکن، خوا دەیانباتە باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا. خشڵیان بازنەی لە زێڕ و مروارییە و بەرگی بەریان هەورەمیشە.

24) بەرەو وتاری پاکژ و بەرەو ڕێگەی خوداپەسند، ڕێگەیان دراوە.

25) ئەوانەی خودانەناسن و دەبنە لەمپەر لە ڕای خودا و ئەو «مسجدالحرام» ەی کە کردوومانەتە [پەرسگە] بۆ هەموو خەڵک - چ نیشتەجێ و چ غەوارە - [تووشی سزای دژوار دەبن]. هەر کەسێکیش لەوێ دەسدرێژی بکاو لە ڕێ لادا، ئازارێکی زۆر بەژانی پێ دەچێژین.

26) ئەوحانە کە ئیبڕاهیم مان لە جێ ئەم ماڵە ئەنوادا، کە: نەکەی کەس بکەی بە شەریکی من و ماڵی من خاوێن کەرەوە، بۆ دەورەدەر و وێستاو و کڕنۆشکەر و سوژدەبەران.

27) بانگەوازی خەڵک بکە بێنە زیارەت؛ با بە پیادەیی و بە سواری، تەنانەت لەسەر چارەوێی لە جەریشڕا، لە ڕێی دوور و درێژیشڕا، بە تۆ بگەن.

28) با بێنە بەهرە بردنێ بۆ خۆیان و لە چەند ڕۆژی دیاری کراو، لەسەر وڵساتێ پێی داون، یادی ناوی خودا بکەن. خۆتان لە گۆشتیان بخۆن و با ئەو کەسانەش لێی بخۆن کە تامەزرۆن و هەژارن.

29) لە پاش ئەوە گەمار لە خۆ دوورخەنەوە و نەدرەکانیان پێک بێنن و با خول بخۆن بە دەوری ماڵی کەونارا.

30) ئا بەم جۆرە و هەر کەس دەستووراتی خودا بەڕێز بگرێ، لە لای پەروەرندەیەوە بۆی چاترە. پاتاڵیشتان بۆ ڕەوایە؛ مەگین ئەوی کە پێتان ڕادەگەیەنرێ. لە گەماری بتەکان دوورەپەرێز بن؛ لە درۆش خۆبپارێزن.

31) بە دڵی پاک بۆ خودا بن؛ شەریکی بۆ پەیدا مەکەن؛ هەر کەسێکی شەریک بۆ خودا بناسێ، وەک ئەوەیە لە حەواوە هەڵدێراوە و مەل تێی ڕۆبێن، یان بایەک هەڵیداشتبێ بۆ شوێنێکی دووری چەپەک.

32) دیارە هەر کەس ئەو پێودانەی خوا دایناوە ڕێز لێ بگرێ، نیشانەیە، کە بە دڵ لە خودا دەترسێ.

33) تا ماوەیێ ناودێر کراو بەهرەی وڵساتوو پێدەگا، ئەوسا جێی سەرژێ کردنیان لای ماڵە کەوناراکەیە.

34) بۆ هەموو خاوەن ئاینان یاسای قوربانی کردنمان دیاری کرد؛ تاوەکوو لەسەر وڵساتێ کە بۆ ڕۆزی پێمان داون، ئەوان ناوی خودا بێنن. خوای ئێوە تاک و تەنیایە؛ خۆتان بدەنە دەست ئەم و مژدە بەو کەسانە بدە کە خۆیان بە کەم دەزانن.

35) ئەو کەسانەی هەتا ناوی خودا دەبیەن، دڵیان ترسی ڕێ دەنیشێ و هەرگا بەڵایان بەسەر دێ، خۆڕاگرن و نوێژ دەکەن و لەو ڕۆزی ئێمە پێن داون، لە ڕای خودای بەخت دەکەن.

36) بۆمان دانان، کە وشتری قوربانی لەوانەیە کە بەر یاسای خودا دەکەوێ؛ ئێوەش بەهرەیان لێ دەبەن. تا بە پێوەن، ناوی خوایان لەسەر بێنن. هەرگا لەسەر تەنیشت کەوتن و سەرژێ کران، لێیان بخۆن؛ تامەزرۆی شەرمێونیش و پارسەکی لێ بێ بەش مەکەن. ئێمە ئەوانەن بۆ ئێوە دەستەمۆکرد، بەشکوو شوکرانەبژێر بن.

37) گۆشت و خوێنی ئەوانە بۆ خودا ناچێ؛ تەنیا هەستی ترسوو لە خوایە بەو دەگا. ئەوانەی ئاوەهاینە بۆ ئێوە ڕام کرد؛ هەتا باسی مەزنایەتی و سوپاسی خودای خۆ بکەن؛ کە ئەم ڕێگەی نیشان داون. مژدەش بە کارچاکان بدە.

38) خودا لەسەر ئەو کەسانە دەکاتەوە کە باوەڕیان پێ هێناوە؛ چونکە خودا گش خەیانی پێ نەزانی ناخۆش دەوێن.

39) ئەو کەسانەی شەڕیان بەسەردا سەپاندوون، چونکە ناهەقییان لێکراوە، دەتوانن تۆڵەی خۆوەکەن. خوداش دەتوانێ سەریان خا.

40) ئەوانەی هەر لە ناهەقی لە زێدی خۆیان دەرکران، گوناهیان هەر ئەوەندە بوو کە دەیان وت: خودا پەروەرندەمانە. ئەگەر خودا هێندێکانی بە هێندێکان ڕاو نەنابا، دێر و کلیسا و کەنشت و مزگەوتەکان - کە لەواندا فرە ناوی خودا دەبرێ - وێران دەکران. خوا دەهانای ئەوانە دێ کە یاریدەی خودا دەدەن؛ دیاریشە خوا زۆر بەهێز و دەستەڵاتە.

41) ئەوانەی وا ئەگەر لەم زەوینەدا دایانمەزرێنین، نمێژکەر و زەکات دەرن و فەرمان بە چاکە دەدەن و بەر لە کاری خراپ دەگرن. سەرئەنجامی هەموو کاریش هەر بۆ خوایە.

42) گەر ئەمانە ئەتۆ بە درۆزن دەزانن، پێش ئەمانەش هۆزی نووح و عاد و سەموود، هەر ئەمە پیشەیان بووە.

43) دیسان هۆزی ئیبڕاهیم و هۆزی لووتیش.

44) خەڵکی مەدیەنیش هەروەها. مووساش بە درۆزن زاندرا. ئەوسا تا ماوەیەک وازمان لەو خوانەناسانە هێنا، پاشان غەزەبم لێ گرتن، بەڵام چۆن غەزەب گرتنێک!

45) ئای کە قڕمان دەچەند شاری ناهەقان خست؛ داریان بەسەر بەردا درا؛ دەوری چاڵاویان چۆڵ کرا؛ کۆشکی پتەویان تێک درا.

46) ئاخۆ هێشتا بە زەویدا نەگەڕاون، تا ببنە خاوەن دڵان و گوێچکەگەلێ کە پێ تێبگەن و ببیسن؟ لە ڕاستیدا چاو کۆر نابن؛ ئەو دڵانە کوێر دەبن کە جێیان لە ناو سێنەکانە.

47) بۆ ئازارێت لێ بە پەلەن؛ خوداش هەرگیز لە بەڵێنی پاشگەز نابێ. تاقە ڕۆژێک لە کن پەروەرندەت، بە قەد هەزار ساڵە کە ئێوە حیسابی دەکەن.

48) بە زۆر شاران - کە ناهەق بوون - مۆڵەتم دا و لە پاشانا وەبەر تووڕەیی خۆم خستن.

49) بێژە: مەردم! ئەمن بۆ ئێوە تەنیا هەر ترسێنەرێکی ئاشکرام.

50) ئەوانەی بڕوایان هێنا و ئاکاری چاکیان ڕەچاو کرد، لێ خۆش بوون و بژیوێکی باشیان دەبێ.

51) ئەو کەسانەش کۆششیان کرد کە نیشانەکانی ئێمە گەشە نەکەن، پێشیان وابوو کە دەتوانن دەستەڵاتمان لێ بستێنن، ئەوانە یاری دۆژەهن.

52) لە پێش تۆشدا ئێمە هەرچەند پێغەمبەر و ڕاسپاردەمان ناردووە و لە نیشانەکانی ئێمەی بە مەردم ڕاگەیاندووە - ئیللان و بیللان - شەیتان [بە هەلی زانیوە و لە خۆیەوە] شتێکی دەپاڵ ئاخنیوە. ئەوسا خودا فەند و فێڵەکەی شەیتانی پووچ کردەوە و؛ لە دوا جاردا نیشانەکانی خۆی پتەو کردۆتەوە. خودا زانای لەکارزانە.

53) هەتا وەبکا ئەوەی شەیتان هاویشتوویەتە ناویەوە، ببتە مێمڵ بۆ ئەوانەی دڵی دەغەزداریان هەیە و دڵیان ڕەقە. ناهەقان بۆ دژایەتی زۆر چوونەپێش.

54) تا زاناکانیش بزانن، ئەمە ڕاستە [و] لە پەروەرندەی تۆڕایە؛ ئیتر بڕوای پێ بکەن و دڵیشیان پێ دابمەزرێ. هەرکێ باوەڕیان پێی هەیە، بێ سۆ خودا شارەزای ڕاستەڕێی کردوون.

55) ئەوانەی خودانەناسن هەتا ئێستاش لێ دوودڵن، تا - گوز و گوممەت - سەڵایان لێ ڕادەبێ؛ یان بە ڕۆژێکی هومێدبڕ دەکەونە ناو ئازارەوە.

56) ئەوێ ڕۆژێ هەر خودا فەرمانڕەوایە و بە کاری گشتان ڕادەگا. ئەوسا ئەوی خاوەن بڕوا و ئاکارچاک بوون، لە باغاتی پڕ خێروبێر دادەمەزرێن.

57) ئەوانەی خوانەناس بوون و نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی، بەشیان جەزرەبەدانێکی ئاوڕووبەرە.

58) ئەو کەسانەش لە ڕای خودا ئاوارە بوون، پاشان کوژراون یان مردوون، خودێ ڕۆزیکە گەلەک ڕند دەداتە وان. دیارە خودا دڵاواتر لە هەموو ڕۆزی دەرێکە.

59) هەر دەیانباتە ئەو شوێنەی کە خۆیان حەزی لێ کەن. خودا زانای لە سەرخۆیە.

60) ئەگەر ناهەقی لێکراوێک بۆ تۆڵەی خۆی دەس ببزێوێ و دیسان ناهەقی لێ بکرێ، بێ گومانە خودا کۆمەکی پێدەکا. خوا لێبوردە و گونا بەخشە.

61) چونکە خودا شەو دەڕۆژێ هەڵدەکێشێ و ڕۆژیش دەخاتە ناو شەوێ و هەر خۆی ئەبینێ و ئەژنەوێ.

62) چونکوو هەر خودایە ڕاستە و، هەر شتێکی بەدەر لەو هانای بۆ دەبەن، لە پڕوپووچ بەدەر نییە و باڵادەستی هەرە مەزن هەر خودایە.

63) ئەی نەت دیوە خوا بارانی لەو حەوایەوە باراند و زەوی پێ کەسک هەڵگێڕا؟ دیارە خودا لە هەموو وردەکارییەک ئاگادارە.

64) هەرچی لەو عاسمانانەیە و هەرچی لە زەمیندا هەیە، ماڵی ئەوە و خودا بۆ خۆی بێ نیازە و هەر دەبێ تاریفی بکرێ.

65) ئەی نەت دیوە، هەرچی لە زەمیندا هەیە بۆ ئێوەی کەوی کردووە و گەمیەش هەر بە فەرمانی ئەو [لە دوڕ] دەریادا ڕەوانە و، ئەم عاسمانەی ڕاگرتووە کە بەسەر عەرزا نەکەوێ، مەگین خۆی ئیزنی لەسەر بێ؟ بێ سۆ خودا بۆ ئەم خەڵکە، زۆر دڵسۆز و دلۆڤانە.

66) هەر ئەویشە ژی پێدان و لە پاشان دەتانمرێنێ، پاشان ژیو پێدەداتەوە. ڕاستی مرۆ ناسپاسە.

67) هەر کۆمەڵێک ڕێوشوێنێکمان بۆ داناوە، کە هەر بەو پێودانە بڕوا. سا نابێ لەسەر ئەم کارە ئەوان کێشەت دەگەڵ بکەن. تۆ هەر بەرەو پەروەرندەت گازی بکە و سوور بزانە کە تۆ لەسەر ڕێگەی ڕاستی.

68) ئەگەر کێشەشیان پێکردی، بێژە: خودا ئاگادارترە لەو کارەی ئێوە دەیکەن.

69) خودا لە ڕۆژی قیامەتا، ئەو شتانەو بۆ یەکاڵا دەکاتەوە کە لەسەریان کێشەتان بوو.

70) مەرتۆ نەت زانیوە هەرچی لە ئاسمان و زەویدایە خوا دەیزانێ؟ ئەمە گش لە دەفتەردایە و ئەم کارە بۆ خوا هاسانە.

71) شتی وەهای غەیرەز خودا دەپەرستن کە بەڵگەیەکی پتەوی بۆ نەناردۆتەخوارەوە و، خۆشیان هیچی لێ نازانن و ناهەقانیش هیچ یاریدەدەریان نییە.

72) کاتێ نیشانە ئاشکراکانی مەشیان بە سەردا دەخوێنرێتەوە، لە چڕوچاوی خودانەناسەکاندا، نیشانەی حاشا دەبینی و لەوانەیە هێرش بەرنە سەر ئەوانەی کە نیشانانی ئێمەیان بە سەردا دەخوێننەوە. بێژە: ئاخۆ پێتان بێژم کەچی لەمە خراترە؟ ئەو ئاورەی کە خوا بەڵێنی داوە بە بێ باوەڕان؛ پەک لەو ئاکامە خراوە!

73) هۆ خەڵکنۆ! مەسەلێک هێنراوەتەوە گوێ بۆ بگرن: لە خوابەدەر، ئەوانەی هانای پێ دەبەن، ئەگەر هەموویان وەکۆ بن، ناتانن مێشێ ساز بدەن. ئەگەر مێشیش شتێکیان لێ بقاپێنێ، ناتوانن لێی بستێننەوە. داواکار و داواکراو چەند زەبوونن.

74) خوایان - وەک هێژای ناسین بێ - نەناسیوە. خودا یەکجار تواناو بەدەستەڵاتە.

75) خودا لە ناو فرشتەکان پەیام نێری هەڵدەبژێرێ و لە نێو مرۆشدا هەروەتر. خودا بیسەر و بینایە.

76) لەوەی کە ئێستا دەیکەن و لەوەش کەوا کردوویانە، ئاگادارە و هەموو کاریش هەر دەچنەوە بەردەستی خوا.

77) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! پەروەرندەو بپەرستن، کڕنۆش و سوژدەی بۆ بەرن، چاکەش بکەن؛ لەوانەیە ڕزگار ببن.

78) بە دڵ و داو - وەک پێویستە - لە ڕای خودا بچنە خەزا. ئەو هەر خۆی ئێوەی هەڵبژارد؛ لەم دینەشدا تووشی زەحمەتی نەکردوون؛ هەر ئاینی ئیبڕاهیمی باوەتانە؛ لە پێشدا و لەم قورئانەشدا، هەر ئەو ناوی نان موسوڵمان؛ تا پێغەمبەر بە شایەت بێ لەسەر ئێوە و ئێوەش شایەت بن لەسەر خەڵک. سا نوێژ کەن و زەکات دەن و پشتوو هەر بە خودا ببەستن؛ ئای چەن گەورە و یاریدەرێکی هێژایە.