21- ئەنبیاء

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 13 خولەک  808 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) خەڵک ئاگایان لێ نییە، ڕۆژی ژماریان نزیکە و هەر باوەڕیش ناکەن هەبێ.

2) هەر پەندێکی تازەیان لە پەروەرێنیانەوە بۆ بێ، دەی بیسن و گورجێ دەیکەنە گاڵتەجاڕ؛

3) دڵ خافڵن. ئەوانەش ناهەقییان کرد، بە سرتەوە گوتیان: ئاخۆ ئەمەش مرۆیەک وەک خۆتان نییە؟ دەی چۆن ئێوە بە جادوو دەسخەرۆ دەبن کە بە چاوی خۆ دەبینن؟

4) گوتی: پەروەرندەکەی من، لە هەر قسێ لە عەرز و عاسمانان بکرێ، ئاگادارە و هەر خۆی بیسەر و زانایە.

5) گوتیان: خەونە درۆزنەیە؛ نەخێر خۆی هەڵیبەستووە؛ دەشبێ هەر خۆی شاعیرێک بێ. دەسا با نیشانەیێکمان نیشان بدا، وەک پێغەمبەرانی پێشوو.

6) بەرلەوانیش ئەو شارانەی قڕمان کردن، هەر بڕوایان نەهێنا بوو؛ ئاخۆ ئەمان بڕوا دەکەن؟

7) ئەو مێرانەی بەرلە تۆش ڕامان سپاردوون – هەر وەکوو تۆ – ئێمە وڵاممان بۆ ناردن. سا ئەگەر ئێوە نازانن، لە خاوەن کتێبان پرسن.

8) هیچ لەشی واشن پێ نەدان کە هیچ نەخۆن و نەمر بن.

9) پاشان هەموو بەڵێنێکی – کە پێن دابوون – بە جێن هێنا؛ کە ئەوانیش و هەر کەسیش خۆمان ویستمان نەجاتن دان؛ هەڵەڕۆشمان قڕان تێخست.

10) ئەوا ئێمە کتێبێکمان بۆ ئێوە ناردۆتە خوارێ، باسی ئێوەشی تێدایە. چیتانە کە هەر تێناگەن؟

11) چەند باژێریشمان وێڕان کرد؛ چونکە ئەوانەی تیا بوون، ستەمکار بوون؛ لە پاش ئەوان خەڵکی ترمان لێ دامەزراند.

12) هەر پێ حەسیان کە ئێمە بە گژیان دادێین، لەپڕێکدا لە ئاوایی ڕایان دەکرد.

13) ئێوە ڕامەکەن و بگەڕێنەوە سەر خۆشگوزەرانی خۆتان و ماڵەکانتان؛ بەڵکوو پرسیارتان لێ بکرێ.

14) وتیان: هەی ماڵ وێران خۆمان! دیارە کە ئێمە ناهەق بووین.

15) هەر دەربارەی ئەمە دەدوان، تا بە دەردی ساقەتەی دووراومان بردن و دان مرکاندن.

16) ئێمە ئاسمان و زەوین و هەرچی لە ناو ئەوانەدایە بۆ لەیستۆک دروس نەکرد.

17) ئەگەر ئێمە گەرەکمان با لەیستۆکێک هەڵبژێرین، هەر لای خۆمان هەڵمان دەبژارد. ئەگەر بمانویستایە ئەو کارە بکەین [هەر دەمانکرد.]

18) نەخێر، ئێمە گەرەکمانە پڕوپووچ لە بەین بچێت و ڕاستی جێگەی بگرێتەوە. واوەیلا هەر بۆ ئێوەیە لەو باسی خوداکردنەو.

19) هەرچی لە عاسمانەکان و زەوی دایە، سەربە خوایە؛ ئەوانەش کە لە لای ئەون، لە پەرستنی بە فیز نین؛ فلیش نابن.

20) بە شەو و ڕۆژ هەر پاکانەی خودا دەکەن؛ سستی نازانن.

21) ئاخۆ ئەوان خواگەلێکیان لەم سەر هەردە دەسکەوتووە، مریان لە گۆڕان وەژیەنێن؟

22) ئەر لە ئاسمان و زەویدا - بێژگە لە خوا - خواگەلێکی تر بوونایا، بێ شک هەر دووکیان تێک دەچوون. خودای پەروەرێنی تەخت، زۆر پاکترە لە هەرچی ئەوان بۆی دەڵێن.

23) چی ئەو بیکا ناشێ پرسیاری لێ بکرێ و ئەوانن کە بەرپرسیارن.

24) ئاخۆ ئەوان - لەغەیرەز خوا - خوداگەلێکیان بۆ خۆیان دیوەتەوە؟ بێژە: بەڵگەی خۆتان بێنن؛ ئەمە پەندە بۆ ئەوانەی دەگەڵ مندان؛ بۆ ئەوانەش کە پێش من بوون. بەڵام ئەوان - زۆربەی زۆریان - لە ڕاستی سەریان دەرناچێ و لێی نەبانن.

25) بەرلە تۆش ئێمە هەر پێغەمبەرێکمان نارد، ڕامان سپارد، کە: هیچ پەرستووێک بەغەیرەز من نییە و هەر تەنیا من بپەرستن.

26) وتیشیان: خودا ڕۆڵەی هەس. نەخێر؛ ئەوانە عەبدانی ڕێزگیراون، خودا لەو شتانە پاکە.

27) لە قسە پێشی ناکەون و هەر بە پێ فەرمانی ئەویش دەجوڵنەوە.

28) لەوەی کە ئێستا دەیکەن و لەوەش کەوا کردوویانە، ئاگادارە و هەر کەسێ خۆی ڕەزای نەبێ، ناتوانن تکای بۆ بکەن؛ وای لێ دەترسن، دەلەرزن.

29) هەرکێ لەوان بێژێ: منیش خودایەکم بەغەیرەز ئەو؛ سزای ئەو کەسە دۆژەهە و هەر بەم جۆرەش خوانەناسان سزا دەدەین.

30) ئاخۆ خودانەناسان ئەمە نازانن، کە عاسمانەکان و زەمین یەکپارچە بوون، ئێمە لێکمان هەڵوەشاندن. هەر جانەوەرێکیش هەیە، لە ئاومان بەرهەم هێناوە؟ ئاخۆ هێشتا باوەڕ ناکەن؟

31) لەسەر زەویش کەژوکۆمان وەدی هێنا، نەوەکا وەیان لەرزێنێ و چەند ڕێبازمان لێ پێک هێنا بەڵکوو ئەوان شارەزا بن.

32) ئاسمانیشمان کردە میچێکی پارێزراو، کەچی ئەوان لەو گش نیشانانەی تێیدان، خۆ دەبوێرن.

33) هەر خۆیەتی شەو و ڕۆژ و خۆر و هەیڤی دروست کرد و هەر یەک لە شوێنی خۆیاندا مەلە دەکەن.

34) وامان نەکرد هیچ مرۆیەک بەر لە تۆ هەبێ و نەمر بێ. ئاخر چۆن ئەگەر تۆ بمری، ئەوانە تا سەر دەمێنن؟

35) هەموو گیانێک تامی مردن هەر دەچێژێ. بە خراپە و بە چاکە بێ، بە تاقیتان دەکەینەوە و هەر دەوهێننەوە لای خۆمان.

36) هەر کاتێ خوانەناسەکان تۆ دەبینن، گاڵتەی خۆیان بە تۆ دەکەن: ئاخۆ ئەمە باسی بتەکانوو دەکا؟ کەچی خۆشیان لە یادی [خودای] دەهندە حاشا دەکەن.

37) مرۆ لە پەلە چێ بووە. هەربینا زوو نیشانانی خۆم نیشان دان؛ ئیتر هیچ پەلەم لێ مەکەن.

38) ئێژن: ئەگەر بە ڕاستانە، دەی کەی ئەم بەڵێنەو پێک دێ؟

39) ئەگەر ئەو خوانەناسانە ئاگادار بان لەو ڕۆژەی کە قەت ناتوانن ئاگر لەسەر سەروچاویان و لە پشتیان وەلادەن و کەسیش دەهانایان نایە، [ئیتر ئاوایان نەدەکرد].

40) لەپڕ تێیان هەڵدەگەڕێ و تووشی واق و وڕمانیان دەکا؛ ناتوانن خۆی لێ لادەن و هیچ مۆڵەتیشیان پێ نادەن.

41) ئەو گاڵتانە بە پێغەمبەرانی بەرلە تۆش هەر کراوە. جا ئەوسا گاڵتەجاڕەکان، سزای ئەو گاڵتەی دەیانکرد، دەوری گرتن.

42) بێژە: کێیە - بە شەو و ڕۆژ - ئێوە لە [ئازاری] خودا بپارێزێ؟ نەخێر، ئەوان لە یادی پەروەرندەیان خۆ دەبوێرن.

43) یاخۆ ئەوان - غەیرەز ئێمە - خواگەلێکی تریان هەیە، لە بەڵایان بپارێزن؟! [ئەو خواگەلە] یاریدەی خۆشیان پێ نادرێ و ئێمەش پەنایان پێ نادەین.

44) بەڵکوو ئێمە کارێکمان کرد کە ئەوان و باب و باپیرانی وانیش ڕای ببوێرن، هەتاوەکوو تەمەنی زۆریان بردەسەر. ئەدی ئەوەندە نازانن ئێمە دێین و ئەم زەمینە - لە هەموو لا - هەروا لێی کەم دەکەینەوە؟ ئاخۆ هەر خۆیان لە سەرن؟

45) بێژە: من هەر بەو فەرمانەی بۆم هاتووە، دەوترسێنم. بەڵام بانگ بە گوێی کەڕاندا و ترساندنیان بەهرەی نییە.

46) خۆ ئەگەر هەر سۆزەیەکیان لە ئازاری پەروەرندەت وەلەش کەوێ، ئێژن: ئەی هاوار لەمە، ئێمە هەر لەسەر ناهەق بووین.

47) ڕۆژی قیامەت چەندین تەرازووی بەرانبەر وەکار دەخەین. ئەوسا بە قەد سەنگی تۆمی وردیلەی دانە خەردەلیش دەخەینە ڕوو ناهەقی لە کەس ناکرێ. ئەوسا بەسە کە هەر خۆمان پێ ڕادەگەین.

48) دیارە ئێمە هۆی هەڵاواردنمان دا بە مووسا و هاڕوون؛ کە ڕۆشنی و بیرەوەری تێدایە بۆ خۆپارێزان.

49) ئەو کەسانەی کە بە نهێنی لە پەروەرندەی خۆیان دەترسن و لە سەڵا ڕابوون دەلەرزن.

50) ئەمەش پەندێکی پیرۆزە کە ناردوومانەتە خوارێ. ئاخۆ ئێوە خۆتانی لێ نەبان دەکەن؟

51) لەمەوبەریش ئیبڕاهیم مان لە کاران شارەزا کرد و هەمیشە لێی بە ئاگا بووین.

52) لەو دەمەدا کە بە ئاپی و هۆزەکەی گوت: ئەم کۆتەڵانە چ کارەن کە ئێوە دەیانپەرستن؟

53) گوتیان: باڤ و کاڵی ئێمەش هەر ئەمانەیان دەپەرست.

54) گوتی: ئەگەر ڕاستوو دەوێ، دیارە باب و کاڵی ئێوەش هەر وەکوو خۆتان گومڕا بوون.

55) گوتیان: ئاخۆ ڕاستێکت بۆ هاوردگین، یان هەر گاڵتەمان پێ دەکەی؟

56) گوتی: پەروەرندەی ئێوە، پەروەرندەی ئاسمانەکان و زەمینە؛ کە خۆی دروستی کردوون و منیش وێڕای شایەتانم.

57) سوێند بە خودا، هەر ئێوە پشت بکەنەوە و لێرە لاچن، دەبێ گەڕێک دەو بتانەو بهاڵێنم.

58) گشتی تیکەتیکە کردن، بتە مەزنەکەیان نەبێ؛ بەشکوو بێنەوە بۆ لای ئەو.

59) گوتیان: ئاخۆ کێ ئەم کارەی بەسەر خواکانمان هێناوە؟ دیارە لە ناهەقان بووە.

60) گوتیان: ئێمە بیستوومانە لاوێک دەربارەیان دەدوا؛ کە ناویشی ئیبڕاهیمە.

61) گوتیان: بیهێنن با خەڵکیش چاویان لێ بێ، شایەت ئەوانیش شایەت بن.

62) گوتیان: ئاخۆ ئەی ئیبڕاهیم! تۆ ئەم کارەت دەربارەی بتەکانمان کرد؟

63) گوتی: نەخێر، گەورەکەیان ئەو کارەی کرد؛ دە ئەوەتانێ لێی پرسن، ئەگەر دەتوانن پەرسڤتان بدەنەوە.

64) زۆر بە خۆدا شکانەوە و ئەوسا گوتیان: دیارە خۆتان ستەمکارن.

65) پاشان سەری خۆیان داخست: خۆت دەتزانی کە ئەمانە قسە ناکەن.

66) گوتی: ئاخۆ - غەیرەز خودا - ئێوە شتێ دەپەرستن کە نە هیچ بەهرەو پێ دەدەن، نە زیانیشوو لێ دەدەن؟

67) بێزم لە ئێوە هەستاوەو لەوشتانەش کە بەغەیرەزخودان و دەیانپەرستن. بۆ تێناگەن؟

68) گوتیان: ئەگەر لە دەستوو دێ، بیسووتێنن و خوداکانوو یاری بدەن.

69) گوتمان: ئاگر! دەبێ سارد و بێ زیان بی بۆ ئیبڕاهیم.

70) ویستیان تەشقەڵێکی پێ بکەن، زۆر زیانبارترمان کردن.

71) ئێمە ئەویش و «لووت» یشمان بەرەو ئەو عەرزە نەجات دا کە بۆ هەموو خەڵکی دنیا پیت و پیرۆزیمان پێدا.

72) ئیسحاقیشمان هەر پێ بەخشی و یەعقووبیش زێدە بەشی بێ و هەموومان کردن بە مێرخاس.

73) کردیشمانن بە پێشەوا - کە هەر بە فەرمانی ئێمە - شارەزایی مەردم بکەن و بە هەمووشیانمان ڕاگەیاند لە کاری چاک نەوێستن و نوێژ بکەن و زەکات بدەن و، گشتیان ئێمەیان دەپەرست.

74) «لووت» یشمان فێری کارزانی و زانستی کرد. ڕزگاریشمان کرد لەو شارەی بێ نامووسی تێدا دەکرا. خەڵکی ئەوێ کۆمەڵێکی خراپی لە ڕێلادەر بوون.

75) وەبەر بەزەیی خۆشمان خست. ئەو یەکێ لە پیاوچاکان بوو.

76) «نووح» یش هەر وەبیر بێنەوە کە لەوەپێش گازی کردین، ئێمە بە دەنگیەوە هاتین؛ خۆی و کەسوکارەکەیمان لە بەڵای گەورە نەجات دا.

77) لە بەرانبەر هۆزەکەیدا - کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ ژمارد - فریای کەوتین. گەلێکی گەلێک بەدفەڕ بوون؛ هەموومان بە ئاو خنکاندن.

78) لە داوود و سولەیمانیش باسێک بکە، کە بەسەر کێشەی کێڵگەیەک ڕاگەیشتن، ئەوسا کە ئاژەڵی گەلێک - کاتی شەوێ - پێی وەرببوون. ئێمە ئاگان لە پێ ڕاگەینەکەیان بوو.

79) سولەیمانمان تێگەیاند کە دەبێ چ بکا؛ بە هەر دووکان کارزانی و زانستیمان دا و کێوەکان و مەلانیشمان کەوی کرد کە وێڕای داوود، هەر پەسندی خودا بدەن؛ ئەم کارەش لە ئێمە ڕابوو.

80) فێریشمان کرد زرێتان بۆ دروس بکا، تا لە شەڕدا بووپارێزێ. ئاخۆ ئێوە شوکرێ دەکەن؟

81) بۆ سولەیمان بای بەهێزمان دەستەمۆ کرد، کە بە فەرمانی بگاتە ئەو زەمینەی ئێمە پیتمان تێخستووە و ئێمە لەمەڕ هەموو شتێک ئاگادار بووین.

82) لە شایەتینیش بازێکیان بۆ ئەو دەچوونە بن ئاوێ و کاری تریشیان بۆ دەکرد. هەر ئێمەش دەمانپاراستن.

83) یادێ لە ئەییوبیش بکە؛ کاتێ کە گازی لە پەروەرندەی خۆی کرد، کە: تووشی مەینەتێ هاتووم، ئەتۆش لە هەموو دڵسۆزان دڵسۆزتری.

84) نزامان لێ قبووڵ کرد و وەزەنمان لەسەر لابرد و خێزانەکەیمان پێداوە و هێندەی تریش وێڕای ئەوان. بەزەیی بێ لە ئێمەوە و پەندێکیش بێ بۆ ئەوانەی کە هەر ئێمە دەپەرستن.

85) [یادیش بکە لە] ئیسماعیل و [لە] ئیدریس و زەلکیفل؛ کە هەموویان لە دەستەی خۆڕاگران بوون.

86) وەبەر بەزەیی خۆمان خستن، کە ئەوان لە پیاوچاکان بوون.

87) ماخۆی ماسیش بێنەوە بیر؛ ئەوسا بە تووڕەیی ڕۆیی و هەر پێی وابوو ئێمە دەرۆستی ئەو نایەین؛ تا لە ناو تاریکاییدا هاواری کرد: لەغەیرەز تۆ هیچ خودایەکی شک نابەم، پاکی و بێ عەیبی بۆ تۆیە، من لە ڕێزەی ناهەقان بووم.

88) سا دەهانای ئەویش هاتین، لە خەمەکەمان ڕزگار کرد. ئێمە ئاوا باوەڕداران ڕزگار دەکەین.

89) باسێکی زەکەریاش بکە، کە هاواری بردە بەر پەروەرندەی خۆی: پەروەرندەم! هەر بە تەنێم مەهێڵەوە و تۆ باشترین کەسێکی کە هەر دەمێنی.

90) نزامان لێ قبووڵ کرد و یەحیامان بە بەخشش دایە و ژنەکەیمان چاک کردەوە. ئەمان لە کاری چاکەدا بە هەڵپە بوون؛ بە هومێد و بە ترسەوە لەبەرمان دەپاڕانەوە و لە حاند ئێمە لارەمل بوون.

91) ئەو پیرەکەش کە وا شەرمی خۆی دەپاراست، ئێمە بەهۆی ڕووحی خۆمان فوومان تێکرد؛ خۆی و کوڕەکەی ئەویشمان کردە نیشانەی ئاشکرا بۆ هەموو خەڵکی دنیایە.

92) ئەمە ئایینی ئێوەیە و یەک ئایینە. منیش پەروەرندەی ئێوەم، ئەشێ هەر من بپەرستن.

93) ئەمانە کارەکەی خۆیان لە ناو خۆیاندا بەش بەش کرد. سەرلەبەریشیان بۆ لای مە وەدەگەڕێن.

94) هەر کەسێکی لە کاری چاکە خەریک بێ و بەباوەڕ بێ، تەقالای بەفیڕۆ ناچێ و دیارە ئێمە بۆی دەنووسین.

95) هەر شارێ کە قڕمان تێخست، تازە ناشێ بەرەو دووا بگەڕێنەوە.

96) هەتا ئەوسا درگا لە ئاجووج باجووجان دەکرێتەوە و لە هەموو شوێنی بەرزەوە دادەگەڕێن.

97) بەڵێنە ڕاستەکەش نزیک ببێتەوە، ئەوسا - لە پڕ - چاوی خودانەناسەکان دەردەپەڕێ و ئێژن: واوەیلا لە خۆمان، ئێمە لەوە بێ ئاگا بووین؛ نەخێر [ئاگاشیان پێ دابووین] بەڵام خۆمان ناهەقییمان لە خۆمان کرد.

98) ئێوە وێڕای ئەوانەی - لەغەیرەز خودا - دەپەرستن، گش ئێزنگی جەهەندەمن و هەر دەبێ بچنە ناویەوە.

99) ئەگەر ئەو پەرستیوانە [وەک خۆیان ئێژن] خوا بوونا، دیارە نەدەچوونە ناوی. ئێستا هەموو - تاهەتایە - هەر لەوێدان.

100) لەوێ هەنیسکان دەدەن و هیچ نابیسن.

101) ئەو کەسانەی لە پێشوودا بڕیارن دا کە چاکەیان دەگەڵ دەکەین، ئەوان لەدۆژەه بەدوورن.

102) کڵپەی کڵی جەهەندەمیان گوێ لێ نابێ و هەرچی ئارەزووی دڵیانە - هەتاهەتا - هەر هەیانە.

103) ترسە هەرە گەورەکە خەمباریان ناکا. فرشتانیش تووشیان دەبن: ئەوا ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە بەڵێنتان پێدرابوو.

104) ڕۆژێ کە ئێمە ئاسمانێ لە چەشنی تۆماری قاقەز بۆ نووسینێ، هەڵدەپێچین. هەر وەک پێشوو دروسمان کرد، دیسان سازی دەکەینەوە. بەڵێنێکە لە ئێمەوە و هەر دەشی کەین.

105) لە زەبووردا، - کە لە پاش تەوڕات بوو - نووسین: ئەم زەمینە هەر بۆ عەبدە هێژاکانی مە دەمێنێ.

106) دیارە لەمانەدا بانگەوازێک هەیە بۆ گەلی خوداپەرستان.

107) ئێمە هەر بۆیە تۆمان نارد کە بەزەیی و چاکەیەک بی بۆ هەموو خەڵکی دنیایە.

108) بێژە: من هەر پێم ڕادەگەینرێ بێژم خواتان یەکە. ئاخۆ ئێوە دەی سەلمێنن.

109) ئەگەر ڕوویان لێ وەرگێڕای، بێژە: وا من بە گشتانم ڕاگەیاند، بە بێ جیاوازی؛ ناشیزانم ئەوی بەڵێنوو پێدراوە، زوو دێتە جێ یان ماوەیەک دەخایەنێ.

110) هەر قسێکی بە ئاشکرا بیدرکێنن یا وەیشێرن، ئەو دەیزانێ.

111) ناشیزانم، شایەت ئەمە لەمەڕ ئێوە ئەزموونێک بێ و هەتا ماوەی دیاری کراو ڕای ببوێرن.

112) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! تۆ چۆن ڕاستە [بە کاری ئێمە] ڕابگە و، پەروەرێنمان خودای ڕۆزی دەهندەیە و دەربارەی وتاری ئێوەش هەر لەو یارمەتی دەخوازین.