20- تاها

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 14 خولەک  916 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) تا، ها.

2) ئەم قورعانەن بۆ نەناردی تووشی چەوسانەوە بی.

3) تەنها بیرهێنانەوەیە بۆ کەسێ کە ترسی هەیە.

4) لەلایەنی داهێنەری ئەم زەمین و ئاسمانە بڵندانەوە هاتۆتەخوار.

5) ئەو خودایەی لەسەر تەختی خۆی دامەزرا.

6) هەرچی هەیە لە ئاسمانان و زەمیندا و هەرچییەکیان لە نێواندایە، گش بۆ ئەوە و هەرچی لە ژێر خاکیشدایە.

7) ئەگەر دەنگیشت هەڵبڕی، ئەو بە ڕاز و هێدیکاتریش دەزانێ.

8) خودایێکە لەغەیرەز ئەو کەس بۆ پەرستنێ نابێ؛ ناوە هەرە پیرۆزەکان هەر بۆ ئەون.

9) ئاخۆ سەرگوروشتەی مووسات بۆ هاتووە؟

10) ئەو کاتە ئاگرێکی دی و بە ماڵ و خێزانەکەی گوت: لێرە مەبزوون، من ئاگرێکم بە دی کرد؛ بەشکوو لەوێ خەتیرەیەکتان بۆ بێرم؛ یان کەسێکم - بۆ شارەزا – هەر لەوێ وەدەس بکەوێ.

11) دەمێ گەیشتە بەر ئێگر، گاسی لێکرا: ئەی مووسا!

12) من، منم پەروەرندەی تۆم. شەکالەکانت باوێژە. تۆ وای لە ناو شیوی پیرۆزی «توا» دا.

13) هەر خۆمم تۆم دەس نیشان کرد؛ سا گوێدێری ڕاسپێری بە.

14) ئەمن خوام، جگە لە من خوای تر نییە؛ سا تۆ هەر من بپەرستە و نوێژێ بکە تا وەبیر خۆتم خەیتەوە.

15) ڕۆژی سەڵا ها لە ڕێدا؛ من دەمەوێ کە جارێ ئاشکرا نەبێ و بیشێرمەوە، تا هەر کەسێ بەرەی کۆششی دەس کەوێ.

16) ئەوی باوەڕی پێی نییە و شوێن ئارەزووی خۆی کەوتووە، نەکا تۆی لێ وەپرینگێنێ و بەڵای بەلاتەت تووش بوێ.

17) ئەی مووسا! ئەی ئەمە چییە کە لە دەستی ڕاستت دایە؟

18) گوتی: ئەمە عاساکەمە، وەبەر پشتی خۆ دەدەم و گەڵای پێ دادەوەرێنم بۆ ڕانەکەم، چەند ئیشی دیشی پێدەکەم.

19) گوتی: مووسا بیهاوێژە!

20) کە هاویشتی، لەپڕ دیتی وا مارێکە و دشێڵەهێ.

21) گوتی: بیگرە و ترست نەبێ؛ هەر ئێستاکە دەیخەینەوە تەرحی پێشووی.

22) دەستیشت بخە باخەڵت – بە بێ ئازار – دێتە دەرێ وەک چۆڕی شیر؛ [ئەمیش] نیشانێکی ترە.

23) تا ئێمە لە نیشانانی هەرە گرینگی خۆمانت نیشان بدەین.

24) ڕێکەوە بۆ لای فیرعەون، یەکجار شووی لێ هەڵکێشاوە.

25) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! پشوو درێژترم بکە.

26) کاریشم لێ سانا بکە.

27) گیریەکم لە زماندایە، بۆم ڕەها کە.

28) تا دەئاخافتنم بگەن.

29) لە خزمانم ئاریکارێکم بۆ دانێ.

30) [مەبەست] هاڕوونی برامە.

31) پشتی منی پێ پتەو کە.

32) بیشیکە شەریک لە کارم.

33) تا ئێمە، زێدە پەسنی پاکی تۆ بدەین.

34) گەلێکیش یادی تۆ بکەین.

35) تۆ چاوەدێریت لێ کردووین.

36) گوتی: مووسا! هەرچی تۆ ویستت پێت درا.

37) جارێ تریش تۆمان وەبەر چاکەی خۆ خست.

38) کاتێ ئەوەی کە پێویست بوو ئاویتمانە دڵی داکت؛

39) کە: بیخەرە داربەستەوە و بیهاوێژەرە ناو زێوە؛ با زێش بیخاتە کەنارێ و دژێکی من – کە دوژمنێکی ئەویشە – بیگرێتەوە. ڤیانی خۆم خستە سەر تۆ، تا لە ژێر چاوەدێری خۆم بپەروەرێی.

40) کاتێ خوشکت دەچوو دەیگوت: گەرەکتانە کەسێکتان بۆ بدۆزمەوە کە بۆتانی بە خێو بکا؟ تا بەم جۆرە هێنامانیەوە لای داکت، کە چاوی پێت ڕوون بێتەوە و خەمێ نەخوا. ئەی مووسا! ئەمەش دەزانی یەکیش بە دەستت زایە بوو؛ لەو خەمەش ڕزگارمان کردی، چەند جاری دیش ئەزموومانی. چەند ساڵێکیش لە ناو خەڵکی مەدیەنا مای؛ پاشان لە سەر بڕیاری خۆن ئەوا هاتی.

41) من تۆم کردە تایبەتی خۆم.

42) بە نیشانەگەل منەوە لەل براکەتا ڕێکەوە و لە وەبیر هێنانەوەی من سستی مەکەن.

43) هەردووک هەڕنە نک فیرعەون، ئەو لە ڕادەی دەرکردووە.

44) نەرم و نیانی بدوێنن، شایەتا بیر بکاتەوە، یان بترسێ.

45) وتیان: پەروەرندەی ئێمە! ترسن هەیە لێن دەرهەڵبێ و یان تەواو لە شۆری دەرکا.

46) گوتی: هیچ ترسێکوو نەبێ، من لەل ئێوەم. ئەبیەم، چاویشیم تێوەیە.

47) سا بچنە لای و پێی بێژن: ئێمە هەرتک ڕاسپاردەی پەروەرندەی تۆین؛ تۆ تۆرەمەی ئیسڕائیلمان ڕەگەڵ بخە و [چیتر] مەیان چەوسێنەوە. وا بەڵگەشن لە ئالی پەروەرندەتڕا بۆ هێناوی؛ دروود لەسەر ئەو کەسانەش بێ، لە راستەڕێ، لانەکەوێ.

48) بە ئێمە ڕاگەیەنراوە کە هەر کەسێ بڕوا نەکا و پشتی تێکا، ئازار دەرێ.

49) گوتی: مووسا! پەروەرندەی ئێوە کێیە؟

50) گوتی: پەروەرندەی ئێمە ئەو کەسەیە کە بە هەموو دەسکردی خۆی هەموو پێداویستی داوە، پاشانیش ڕێی نیشان داوە.

51) گوتی: بەرەو چینەکانی پێشوو چۆن بوون؟

52) گوتی: لە دەفتەرێکدایە لە لای پەروەرندەمەوە و ئەو دەیزانێ. پەروەرندەم نە هیچ شتی لێ گوم دەبێ و نە هیچیشی لە بیر دەچێ.

53) کەسێکە زەوی بۆ کردن بە ڕایەخ و ڕێبازگەلێکی بۆ ئێوە تێهەڵکێشاو، ئاوێکیشی لە حەوایەوە داباراند، کە زۆر جووتەی جۆراوجۆری ڕووەکانمان پێ دەرهێنا.

54) بخۆن و وڵساتەکەشتان بچەرێنن؛ کە لەمەدا زۆر نیشانە بۆ خاوەن ئاوەزان هەیە.

55) لە زەویمان بەرهەم هێنان، دیسان دەتانخەینە ناوی و جارێکی تر لەوێتان دەردەخەینەوە.

56) ئێمە هەموو نیشانەکانمان نیشان دا؛ ئەو هەر بڕوای پێ نەکرد و گوێی پێ نەدا.

57) گوتی: ئەی مووسا! ئاخۆ تۆ هاتیە لامان، تا بە جادووت لە عەرزی خۆمان دەرمانکەی؟

58) مەرجە ئێمەش جادووی وەک ئەمەت بۆ بێنین. سا خۆت بۆ ئێمە و بۆ خۆشتان جێ ژوانێکی لەتەختانێ ڕەچاو بکە؛ نە مە و نە تۆ، هیچمان تەنەخی لێ نەکەین.

59) گوتی: جێ ژوان لە ڕۆژی ڕازانەوە بێ، لە وەختی چێشتەنگاوێدا کە مەردم خڕ دەکرێنەوە.

60) فیرعەون [جڤاتی] جێهێشت و فێڵی خۆی [گشت] کۆ کردەوە و گەڕایەوە.

61) مووسا بە فێڵبازانی گوت: نەچن بە دەم خوداوە درۆ هەڵبەستن؛ بە جەزرەبە گشتوو تەرت و توونا دەکا. کێ بوختانێ بە خوا بکا، دەم لە پووشە.

62) لێیان بوو بە مقۆمقۆ و ملیان لە سرتەکردن نا.

63) گوتیان: دیارە ئەوانە دوو جادووگەرن، دەیانەوێ بە جادوویان لە هەردی خۆتان دەرکەن و نەریتە هەرە باشەکەو لە ناو بەرن.

64) فێڵی خۆتان کۆ کەنەوە و پاشان هەموو بەڕێز وەرن. ئەمڕۆ هەر کەسێ سەرکەوێ، ڕزگار دەبێ.

65) گوتیان: ئەی مووسا! یان باوێ، یان ئێمە پێش تۆ داوێژین؟

66) گوتی: نا ئێوە باوێژن. لەپڕ مووسا – لە جادووی وان – وای گومان برد پەتەکان و عاساکانیان دێن و دەچن.

67) مووسا ئەوسا لە دڵی خۆیا کەمێک ترسا.

68) گوتن: هیچ ترسێکت نەبێ، تۆ سەرتری.

69) ئەوی لە دەستی ڕاستتدا بیهاوێژە، هەرچی ئەمان کردوویانە قویتی دەدا. ئەوانەی ئەو کردوویانە، تەڵەکەی جادووگەرانە؛ جادووگەران لە هەر کوێ بن سەرناکەون.

70) جادووگەر سوژدەیان برد و گوتیان: بڕوان بەوە هێنا مووسا و هاڕوونی پەروەراند.

71) گوتی: بەر لەوە ڕێو بدەم، ئێوە بڕواتان پێ هێنا. دەرکەوت ئەو مەزنتانە و درزی جادووگەری دادان. سوور بزانن هەموو دەست و پایەکانتان بە پێچەوانە دەبڕم و بە کۆتەرەی دارخورمایانوو دادەکەم؛ سا تێدەگەن ئێشاندنی کێ توندتر و پڕ کێشترە.

72) گوتیان: لە دوای ئەو نیشانانەی دیومانە، سوێند بەو کەسەی کە ئێمەی دروس کردووە، هەرگیز بۆ تۆ دەسمان پێ لەو هەڵناگیرێ؛ سا هەرچییەکی لە دەستت دێ دریغ مەکە؛ تۆ هەر تەنیا لە ژینی ئەم دنیایەدا دەستت دەڕوا.

73) ئێمە بڕوان بە پەروەرندەن هێناوە؛ هەتا وەکوو لە هەڵەکانمان ببوورێ و لەو جادووگەرییەشمان خۆش بێ؛ کە تۆ بەسەرتا سەپاندین. خوا چاترە و هەر دەشمێنێ.

74) هەر کەسێ بە تاوانباری بچێتە لای پەروەرندەی، دیارە بەشی جەهەندەمە و – نەمر، نەژی – تیا دەبێ.

75) هەر کەسیش خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بێ و بچێتە لای، ئەنوای ئەوان وان لە پلە بەرزەکانا.

76) نشیمەنیان باغاتێکە جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تاهەتایە تیا دەبن. ئەمەیە پاداشی پاکان.

77) ئیتر بە مووسان ڕاگەیاند، کە وێڕای عەبدەکانی من بە شەو بڕۆ، ڕێیەکی وشک و برینگیان لە دەریا بۆ ڕەچاو بکە؛ نە نیگەرانی گرتن بەو نە بترسە.

78) فیرعەون بە خۆو لە شکرەوە کەوتە دوویان. پێلی دەریا هاتە سەریان و دای پۆشین.

79) فیرعەونیش ڕێی لە گەلەکەی هەڵە کرد و نەیکرا شارەزایان کا.

80) ئەی وەچ و بەرەی ئیسڕائیل! لەبەر چەنگی دوژمنوو ڕزگارن کردن؛ بۆشمان دانان – لەلای ڕاستی چیای توورێ – بگەنە لام؛ گەزۆ و مەلی شێلاقەشمان بۆ ناردنە خوار.

81) لەو بژیوە پاکانەی پێمان دان، بخۆن؛ بەڵام هەڵەڕۆیی مەکەن؛ نەوەکا لێتان تووڕە بم. هەر کەس تووشی تووڕەییم بێ، هەڵدێراوە؛

82) هەر کەسێکیش تۆبەکار و باوەردار و ئاکارچاک و شارەزای ڕاستەڕێگە بێ، من دەیبەخشم.

83) ئەی مووسا! ئەوە چۆنە لە هۆزەکەت بەلەزتر بووی؟

84) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! پەلەم بوو زوو بگەم بە تۆ، هەتاوەکوو لێم ڕازی بی؛ وا ئەوانیش هان لە دووی من.

85) گوتی: پاش تۆ ئێمە هۆزەکەتمان ئەزموو. سامری لە ڕێی دەرکردن.

86) ئەوسا مووسا – بە تووڕەیی و داخ لە دڵی – هاتەوە بۆ ناو هۆزەکەی. گوتی: گەلۆ! ئاخۆ پەروەرێنی ئێوە بەڵێنی باشی پێ نەدان؟ بۆچی من زۆرم پێ چووە، یان هەر ویستوو بەر تووڕەیی پەروەرندەتان بکەون، وا پەیمانی منتان شکاند؟

87) گوتیان: ئێمە بە خۆشی خۆ پەیمانەکەی تۆمان نەشکاند. چەند بار خشڵی گەلەکەیان لە کۆڵ نابووین، ناچار ئاویتنە ناو بۆتە؛ هەروا سامریش تێی هاویشت.

88) ئیتر کۆتەڵی گۆلکێکی بۆ دەرخستن کە ئەیبۆڕاند. ئەوسا وتیان: ئەمەیە خودای ئێوەیە و خوای مووساشە؛ [جا مووسا ئەمە] لە بیر چوو.

89) ئاخۆ ئەمانە نابینن، نە جوابێکیان دەداتەوە و نە زیانێکی بۆیان هەیە و نە قازانجێ؟

90) هاڕوونیش بەرێ پێی وتن: گەلۆ! هۆن بڤی گۆلکێ خاپێنراون؛ پەروەرێنتان دەهندەکەی ڕۆزیتانە. دەوەرن وەدووی من کەون و فەرمانی من بە جێ بێنن.

91) گوتیان: لێی وەلا ناکەوین، هەتا مووسا دەگەڕێتەوە بۆ لامان.

92) گوتی: هاڕوون! ئەگەر دیتت ئەوانە لە ڕێ لاکەوتن، چی نەیهێشت تۆ،

93) شوێنم کەوی؟ ئاخۆ تۆش لە فەرمانی من سەرپێچیت کرد؟

94) گوتی: ئەی دایک براکەم! ڕیشم بەردە و قژم مەگرە. من لەوە ترسام کە بێژی: تۆ جوداییت خستە نێوان من و بەرەی ئیسڕائیل و لەسەر قسەم ڕانەوەستای.

95) گوتی: سامری! ئەم کارە چ بوو کردت؟

96) گوتی: شتێکم بەدی کرد، کە ئەوانی دی نەیاندی: لە دەوسی ڕاسپاردەکەدا لاوێچەخۆڵێکم هەڵگرت، ئەویشم هاویشتە ناوی. ئاوەهاینە نەفسم ئەوەی بۆ خەمڵاندم.

97) گوتی: دەسا بڕۆ گوم بە! ئەشێ هەتا ژینت ماوە، هەر بێژی توخنم مەکەون؛ چارەنووسێکیشت هەیە هەر دێتە ڕێت. دەبش نۆڕە، ئەو شتەی تۆ دەت پەرست و دەت گوت: قەت بە جێی ناهێڵم، چتۆ ئاگری دەدەین و خۆڵەکەشی لە دەریایە دەپڕژێنین، بە پڕژاندن.

98) پەرستیو هەر خودایە کە هەموو شتێک دەزانێ و هیچ شتی تر – لە غەیرەز ئەو – هێژای پەرستنێ نییە.

99) ئا بەم جۆرە سەرگوروشتەی پێشینەکانت بۆ ئێژین. هەروەها ئەم قوڕعانەشمان لە خۆمانڕا داوە بە تۆ.

100) هەر کەسێ خۆی لێ نەبان کا، ڕۆژی سەڵا بارێکی گران هەڵدەگرێ.

101) هەرگیز لە ژێری دەرناچی. ئای کە لە ڕۆژی قیامەتا بۆ ئەوانە چەند بارێکی نالەبارە.

102) ئەو ڕۆژە وا فوو بە کەڵەشاخدا دەکرێ، ئەوێ ڕۆژێ تاوانباران کۆ دەکەینە و؛ کۆرن و شین هەڵگەڕاون.

103) هێدیکا بە یەکتر دەڵێن: دە ڕۆژ نەبێ، نەماونەوە.

104) لەو شتەی ئەوان لێی دەدوێن، ئێمە پتر ئاگادارین. لە گشتیان هێژاتر ئێژێ: تەنیا هەر ڕۆژێک ماونەوە.

105) لەمەڕ کێوان لێت دەپرسن. بێژە: پەروەرندەکەی من هەر بە هاڕین دەیانهاڕێ؛

106) دەیانکاتە دەشتێکی کاکی بە کاکی؛

107) نە هیچ کەندی تیا دەبینی و نە هیچ کۆسپێ.

108) لەو ڕۆژەدا وەدەنگ کەسێکەوە دەچن، کە بە هیچ بارا خوار نییە. لەبەر خودا هەموو دەنگێک نەوی دەبێ؛ چپەچپ نەبێ نابیسی.

109) ئەوێ ڕۆژێ تکا [بۆ کەس] بەهرە نادا، مەگین کەسێ خودا ئیزنی تکای بدا و قسەکەشی پەسند بکا.

110) ئەو دەزانێ چییان بەسەر هات یان بەسەر دێ؛ هەر ئەمانن کە لەمەڕ ئەو هیچ نازانن.

111) هەموو مەردم لارەملی ئەو کەسەن کە هەر نامرێ و پایەدارە؛ کێ ناهەقێکی کردووە، ناهومێدە.

112) هەر کەسیش خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکە، ناترسێ کە پاداشەکەی زەوت کرێ یا کەمتر بێ.

113) هەر بەم تەرزەش قورئانێ بە عەرەبیمان ناردە خوارێ، گەلێک مایەی ترساندنێن تێخستووە، بەشکوو پێی بپرینگێنەوە یان خۆیان وەبیر بێننەوە.

114) پایەبەرزە ئەو خودایە کە پاوشای ڕاستەقینەیە. تۆش بەرلەوەی ئێمە پێتی ڕاگەیێنین، دبۆ [خوێندنی] ئەم قورئانە پەلەت نەبێ و بێژە: ئەی پەروەرندەی من! گەشە بە زانستم بدە.

115) بەرلە ئێستاش دەگەڵ ئادەم پەیمانن بەست؛ لە بیری کرد و پێی نەکرا پێکی بێنێ.

116) ئەوساش بە فرشتانمان وت: سوژدە لەبەر ئادەم بەرن. هەموویان سوژدەیان بۆ برد مەگین ئیبلیس؛ ئەو لە فەرمان سەرپێچی کرد.

117) گوتمان: ئادەم! ئەمە هەم نەیاری تۆیە، هەم نەیاری ژنەکەتە؛ لەم بەهەشتەتان دەر نەکا و تووشی قەرەبەختی ببی.

118) [هەتا لێرەی] نە قەت ڕووتی ڕووت تێدەکا، نە برسێتی؛

119) نە قەت تێیدا توونی دەبی، نە تاوان گاز.

120) شەیتان دنەی خراپەی دا. گوتی: ئادەم! گەرەکتە داری هەرمانت پێ بڵێم و ئەوی هەتە دوایی نەیە؟

121) ئەوسا هەر دووک لەبەری دارەکەیان خوارد. شەرمی خۆیان بۆ دەرکەوت؛ خەریک بوون بە گەڵای بەهەشت خۆ داپۆشن. ئادەم لە فەرمانی پەروەرندەی لای دا و، لە ڕێ دەرچوو.

122) پاشان پەروەرندەی، ئەوی هەڵبژارد و پەژیوانی قبووڵ کرد و ڕێی نیشان دا.

123) گوتی: هەرتکوو سەربەرەژێر داخۆزنە ژێر؛ سەرلەبەر دژی یەکترین؛ ئەر لە منڕا ڕێنوێنیتان هاتە لا، ئەوسا هەر کەس ڕێگەی منی گرتەبەرێ، ئیتر نە ڕێ هەڵە دەکا، نە تووشی نەگبەتی دەبێ.

124) هەر کەسێکیش بە ئامۆژگاری من نەکا، ژینی لە تەنگانەدایە و ڕۆژی سەڵاش کۆرە لە گۆڕی دەردەخەین.

125) ئێژێ: ئەی پەروەرندەی من! بۆچی منت بە کوێری زیندوو کردەوە؟ خۆ من ئەوسا چاوم ساغ بوون.

126) ئێژێ: هەروەک تۆ نیشانەگەل ئێمەت بۆهات و لە بیرە خۆتت بردەوە، ئەمڕۆش تۆ لە بیر دەچییەوە.

127) هەر کەسێکی بە نیشانەگەل پەروەرندەی بڕوا نەکا و لە ئەندازەی خۆی لابدا، ئەشێ ئەم دەردەی بدەینێ. دیارە جەزرەبەی دواڕۆژیش توندتر و بە مەوداترە.

128) مەگەر بۆیان دەرنەکەوتووە – بەرلەوان – هەر لەو شوێنەی ئەوان پیا دێن و دەچن، چەند بەرەمان لە ناو بردن. هەر لەمەدا بۆ ئەوانەی بە ئاوەزن، زۆر بەڵگە هەن.

129) گەر بەڵێنێک بەرلە ئێستا لە پەروەرندەتڕا نەبا، وەختێکیش دیاری نەکرابا، جەزرەبەیان بەسەر دەهات.

130) لەسەر هەرچی ئەوان ئێژن، خۆڕاگر بە. [هەموو دەمان] – پێش تاوهەڵات، پێش خۆراوا – هەر پەسنی پاکی ئەو بدە و لە بەتڵەکانی شەوێدا و لە هەر دوو ئالی ڕۆژێدا سەرگەرمی سوپاسی ئەو بە، بەشکوو بە ئاواتت بگەی.

131) چاوت مەدە سەر ئەو شتەی کە داومانە بە دەستەگەلێ لەوانە، کە ئەمە هەر خۆشی ژیانی دنیایە و هەر ویستوومانە بییان ئەزموین. بژیوی پەروەرندەی تۆ چاتر و بەردەوامترە.

132) بە کەسوکاری خۆت بێژە نوێژان بکەن؛ خۆشت وازی لێ مەهێنە. ئێمە ڕۆزین لە تۆ ناوێ؛ خۆمان بژیو بە تۆ دەدەین. لە دواییشدا پارێزگاری بەهرە دەدا.

133) وتیان: ئەی بۆچ بەڵگەیەکی پەروەرندەن بۆ ناهێنی؟ ئەدی بەڵگەی ئاشکرایان لە نووسراوانی پێشوودا نەهاتە لا؟

134) ئەگەر ئێمە بەرلەم قورئانە ئەوانمان بە ئازارێک لە ناو بردبا، دەیانگوت: ئەی پەروەرێنمان! تۆ بەرلەوە وا بێچارە و ڕیسوا ببین، بۆچی پێغەمبەرێکی خۆت بۆ نەناردین، تا بە گوێرەی نیشانەکانی تۆ بکەین؟

135) بێژە: هەموو چاوەنۆڕن، سا ئێوەش چاوەنۆڕ بن، هەربینا لێتان حاڵی بوو: کێ ڕێگەی ڕاستی لەبەرە و بۆ شارەزایی لە سەرە.