19- مەریەم

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 11 خولەک  1053 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) کاف، ها، یا، عەین، ساد.

2) باسی چاکەی پەروەرێنتە سەبارەت بە زەکەریای خوڵامی خۆی.

3) ئەو کاتە کە هانای بۆ پەروەرندەی برد بە دەنگێکی نزم و نەوی.

4) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! من ئەوا پێشەم سیس بوون و سەرم لەبەر [دەردی] پیری ترووسکەی دێ. پەروەرندەم! تا لەبەرت پاڕاومەوە هەرگیز لێت ناهومێ نەبووم.

5) من لە پاش خۆم لە خزمەکانم نیگەرانم؛ کەیوانووەکەشم نەزۆکە. سا تۆ لەلایەن خۆتەوە فرزەندێکم پێ ببەخشە؛

6) با میراتی من و خانەدانی یاقووب بەر ئەو کەوێ. پەروەرندەم! هێڤیمە تۆش پەسندی کەی.

7) ئەی زەکەریا! ئێمە مزگێنی مناڵێک بە تۆ ئەدەین، وە ناو یەحیا؛ کە پێشتر لەم، کەسن نەکردە هاوناوی.

8) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! جا کوا من مناڵم دەبێ! لەبەر پیری کەلەلام و خێزانەکەشم نەزۆکە.

9) گوتی: [فەرمان] هەر ئەمەیە و پەروەرندەکەی تۆ ئێژێ: ئەمە لەلای من هاسانە؛ ئاخر تۆشم لە بەرێدا هەر لە نەبووڕا درووس کرد.

10) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! نیشانێکم بۆ دابنێ. گوتی: نیشان بەو نیشانەی تا سێ شەوان - بێ وەی هیچ وەیێکت هەبێ - قسەی دەگەڵ مەردم ناکەی.

11) ئەوسا لە میحرابەکەوە ڕۆویشتە لای هۆزەکەی و بە هیمایە تێی گەیاندن کە بەیانیان و ئێواران هەر پاکانەی خودا بکەن.

12) ئەی یەحیا! کتێب توند بگرە. هەر لە زارۆکایەتیشدا لەکارزانیمان پێ بەخشی.

13) دەگەڵ دڵسۆزی و بێ گەردی - لەلایەنی خۆمانەوە - کەسێکی خۆپارێزیش بوو.

14) لەیەل دای و بابیشیدا خۆشڕەفتار بوو؛ سەربزێوی و لاساری نەببوە پیشەی.

15) سڵامی لێ بێ، ڕۆژێ کە لە دایک بووە و ڕۆژێ دەمرێ و ڕۆژێ زیندوو دەکرێتەوە.

16) لەم کتێبە باسی مەریەمیش بێنە گۆڕ؛ کاتێ دوور لە کەسوکاری، شوێنێکی خۆرەڵاتی بۆ خۆی هەڵبژارد.

17) لە نێوان خۆی و ئەماندا پەردەیەکی ڕاهەنگاوت. ئێمە ڕووحی خۆمان بۆ نارد؛ بنیادەمێکی تەواوی هاتە بەرچاو.

18) وێ گوت: ئەمن پەنا دەبەمە بەر خودا لە دەستی تۆ [سا] ئەگەر تۆ خۆپارێزی [لێم مەیە پێش].

19) ئەو گوت: ئەمن لە پەروەرندەی تۆوە ڕاسپێراوم فرزەندێکی پاک و خاوێنت پێ ببەخشم.

20) وێ گوت: چۆن مناڵم دەبێ، کە هیچ مرۆیەک لە پێشدا منی بە دەست نەگرتووە و هەرگیز داوێن تەڕیش نەبووم.

21) گوتی: فەرمان هەر ئەمەیە و پەروەرندەی تۆ وتوویە. ئەوە لە لای من هاسانە و دەمانەوێ چاکەیەک بێ لە ئێمەوە و نیشانەیەک بێ بۆ مەردم. ئەم فەرمانەش هەر دێتە جێ.

22) دەناو تۆلی وێدا گوورا و بەو زگەوە خۆی گەیاندە شوێنێکی دوور.

23) ژانی زانی، وێ بردە لای دار خورمایێ. گوتی: خۆزیا هەر بەر لە ئێستا دەمردم و یەک جێ لە بیر دەچوومەوە.

24) لە خوارووی وێڕا بانگی کرد: خەمت نەبێ، پەروەرندەت لە ژێر تۆڕا جۆگە ئاوێکی پێک هێنا.

25) کۆتەرەی ئەو دارخورمایەش بهەژێنە، خورمای تازە پێ گەیشتووت بەسەردا دادەوەرێنێ.

26) بە چاوی ڕوون بخۆ و وەخۆ؛ هەر کەسێکیشت لە مرۆ چاو پێ کەوت بێژە پێی: لە خۆم گرتووە لە ڕای خودا لە ئاخافتن بتەکمەوە و ئیتر ئەمڕۆ هیچ مرۆیەکی نەدوێنم.

27) هاتەوە ناو کەسوکاری و مناڵێک بە باوەشەوە. گوتیان: مریەم! قەت دەتۆمان وا ڕانەدیت ئەم سەمەرەت لێ ڕوو بدا.

28) خوشکی هاڕوون! تۆ نە باوکت پیاو خرا بوو، نە دایکیشت داوێن تەڕ بوو.

29) هیمای بۆ مناڵەکە کرد. وتیان: جا چۆن دەگەڵ ساوای سەر بێشکەدا بئاخێوین.

30) [منداڵەکە] وتی: من خولامی خودام؛ کتێبی بە خەڵات دامێ و منی کردۆتە پێغەمبەر.

31) لە هەر کوێش بم، پێ و قەدەمم پیرۆز دەکا و ڕای سپاردووم - هەتا زیندووم - نوێژ بکەم و زەکات بدەم.

32) گوێ لە مستی دایکیشم بم؛ نەشیکردووم بە ملهوڕێکی سەربزێو.

33) سڵامم لێ بێ ڕۆژێ کە لە دایک بووم و ئەوێ ڕۆژێ کە دەمرم و ئەوێ ڕۆژێش کە زیندوو ڕادەکرێمەوە.

34) قسەی دروست لەمەڕ عیسای کوڕی مەریەم، هەر ئەمەیە؛ کە ئەمان تیا دوودڵن.

35) لە خودا ناوەشێتەوە زارۆی هەبێ؛ پاکی و بێ عەیبی بۆ ئەوە. هەرگا ویستی کارێک ببێ، هەر پێی بێژێ: ببە! دەبێ.

36) هەر خودایە پەروەرندەی من و ئێوە؛ سا هەر دەبێ بیپەرستن؛ ئەمە ڕاگەیەکی سەرڕاستە.

37) هێندێ لەو دەستەوبەستانە لە ناو خۆدا، دەستیان کردە کێشە و هەرا. جا واوەیلا بۆ ئەو خودانەناسە، لە کاتی دیتنی ڕۆژە دژوارەکە.

38) ڕۆژێ کە دێنە لای ئێمە گەلێک چاوزیت و گوێ سووکن؛ بەڵام ئەوڕۆ ناهەقەکان بە ئاشکرا لە ڕێگەی ڕاست لایانداوە.

39) لەو ڕۆژی داخ و کەسەریان بترسێنە؛ کاتێ کار لە کار دەترازێ؛ کەچی ئەوان هەر بە خۆیان نەزانیوە و خۆیان لە باوەڕ بواردووە.

40) ئەم زەمینە و هەرچی وا بەسەریەوەیە لە دواجاردا هەر بۆ ئێمە ئەمێنێت و سەرلەبەریان دەهێننەوە بۆ لای خۆمان.

41) لەم کتێبە باسی ئیبراهیمیش بکە، کە [لە کار و وتاریدا] هەر ڕاست و پێغەمبەریش بوو.

42) ئەو چاخە بە ئاپی خۆی گوت: ئاپۆ! تۆ بۆ شتێکی وا دەپەرستی، نە دەبیسێ و نە دەبینێ و هیچ بەهرەیەک بە تۆ نادا.

43) ئاپۆ! ئەوەی من دەیزانم تۆ نایزانی؛ شوێنم کەوی، شارەزای ڕاستەڕێت دەکەم.

44) ئاپۆ! شەیتان پەرست مەبە. شەیتان لە فەرمانی خودا سەرپێچی کرد.

45) ئاپۆ! من لەوە دەترسم، لە خواوە تووشی ئازار بی و ببی بە دۆستی شەیتانێ.

46) [گوتی:] ئاخۆ ئەی ئیبراهیم! تۆ بە بێزی لەوانەی من دەیانپەرستم؟ ئەگەر دەست لەمە هەڵنەگری، بەردەبارانت دەکەم و تا ماوەیەکی درێژیش لە لام بڕۆ.

47) گوتی: سڵام لەسەر تۆ بێ؛ لە پەروەرێنم دەخوازم لێت ببوورێ و ئەو دەگەڵە من بەڤیانە.

48) من لە ئێوە و لەوانەش بەغەیرەز خودا لەبەریان دەپاڕێنەوە، دوور ئەگرم و گازی پەروەرندەم دەکەم؛ بەشکوو لە گازی کردنی پەروەرندەم، تووشی قەرەبەختی نەبم.

48) جا کە ئەوانەی وەلا نا و وازی لەو شتانە هێنا کە ئەوان - بەغەیرەز خودا - دەیانپەرست، ئیسحاق و یاقووبمان دایە و گشمان کردن بە پێغەمبەر.

50) وەبەر بەزەیی خۆشمان خستن و واشمان کرد کە زۆر بە چاکە ناویان دەرچێ.

51) باسی مووساش هەر لەم کتێبەدا بکە؛ کە بێ سۆ هەڵبژاردە و ڕاسپاردەیەکی پێغەمبەر بوو.

52) لە لای ڕاستی چیای تووریش گازیمان کرد، لە خۆشمان نزیک کردەوە کە بە نهێنی حاڵی کەین.

53) هەر لە چاکەی خۆشمانەوە هاڕوونی برایمان پێ بەخشی؛ کە ئەویش هەر پێغەمبەر بوو.

54) لەم کتێبە باسی ئیسماعیلیش بکە؛ ئەو ڕاست بوو لە بەڵێنیدا و پێغەمبەرێ ڕاسپاردە بوو.

55) کەسوکاری بۆ نوێژ کردن و خێرکردن هەڵدەپێچا و جێگەی ڕەزامەندی پەروەرێنی خۆی بوو.

56) هەروەها لەم کتێبەدا لەمەڕ ئیدریسیش باخێوە؛ کە ئەو هەرە ڕاست بێژێکی پێغەمبەر بوو؛

57) بە پایەی بەرزیشمان گەیاند.

58) ئەوانە لەو پێغەمبەرانەن کە بەر چاکەی خوا کەوتن؛ لە ڕەگەزی بابەدەم بوون و لەوانەش دەگەڵ نووحا هەڵن گرتن و لە تۆرەمەی ئیبڕاهیم و ئیسڕائیل و لەو کەسانەی خۆمان شارەزان کردن و بۆ خۆمان هەڵمان بژاردن. هەرگا نیشانانی خوایان بەسەردا دەخوێنرایەوە، دەمەوڕوو دەکەوتنە زەوی بۆ سوژدە و بە کوڵ دەگریان.

59) لە دوای ئەوان کەسانێ بوونە جێگریان، بەلای نوێژدا نەچوون و شوێن ئارەزووی خۆیان کەوتن؛ ئەوانە بەم زووانە تووشی ئازار و خوسار دەبن؛

60) مەگین ئەوی بڕوا بێنێ و لە گوناهـ بپرینگێتەوە و ئاکارچاک بێ؛ ئەوانە دەچنە بەهەشت و هیچ ناهەقییان لێ ناکرێ.

61) باغاتێ هەمیشە خۆشە و لە نەدیتە خوا بەڵێنی بە عەبدەکانی خۆی داوە و بەڵێنی ئەو هەر دێتە جێ.

62) چەڵتەی لابەلا نابیسن و هەر سڵاوە و هەموو بەیانی و ئێواران ژەمیان هەیە.

63) ئا ئەمەیە ئەو بەهەشتەی کە دەیبەخشین بە عەبدانی خۆپارێزمان.

64) بە فەرمانی پەروەرندەی تۆ نەبێ ئێمە هەر داناوەزینەخوار، هەرچی ئێستا لە لامانە و هەرچی لە دوامانەوەیە و هەرچی لەم ناوەدا هەیە هەر بۆ ئەوە و پەروەرندەی تۆ هیچ شتی لە بیر نەچووە.

65) ڕاهێنەری عاسمانەکان و زەمینە و هەرچی لە ناویاندا هەیە. سا تۆش هەر ئەو بپەرستە و دەبێ بۆ پەرستنی ئەو خۆڕاگر بی. ئاخۆ ئاگات لێیە هاوناوێکی هەبێ؟

66) مرۆ ئێژێ: ئەگەر مردم، ئاخۆ وەک زیندوو بووم بەرێ، هەروا دەم هێننەوە دەرێ؟

67) ئەو مرۆیە بۆ هیچ بیرێک ناکاتەوە، کە سەرەتا ئێمە ئەومان دروس کرد و هیچیش نەبوو؟

68) سوێندەکە بە پەروەرێنت، هەر دەبێ دەگەڵ شەیاتین پێکەوە کۆیان کەینەوە و دەوراندەور لە جەهەندەم چۆک دابدەن.

69) پاشان لە ناو هەرگرۆیەک، ئەوی پتر دژی خودای ڕەحمان بووگن، ئێمە جوێیان دەکەینەوە.

70) دواجار دیارە هەر خۆمان باشتر دەزانین کامەیان بۆ چوونە دۆژەە هێژاترن.

71) هەموو کەستان – ئیللا و بیللا – هەر دەبێ بچنە جەحەندەم، بڕیارێکە پەروەرندەی تۆ داویەتی و هەر دەبێ جێ بەجێ ببێ.

72) پاشان لە خوداترسەکان ڕزگار دەکەین. ناهەقانیش – دەستەوئەژنۆ- لە ناویدا دێڵینەوە.

73) هەر کاتێکی نیشانانی دیاریدەری ئێمەیان بۆ وەخوێندرێ، خوانەناسان بە خاوەن باوەڕان ئێژن: کامەلا ماڵی خۆشترە و دیوەخانی لەبارترە؟

74) ئای کە چەند بەرەن پێش ئەوان لە ناو بردوون، کە لەوانە کەل پەلی ناوماڵ ڕێکتر و بە دیمەن لەمان جوانتر بوون.

75) بێژە: کەسێ لە گومڕاییدا تل دەدا، با خوا پەتی بۆ شل بکا و وێڵی بکا؛ تا ئەو ساتە کە دەبینن قەیرانێ بۆیان داناون سەر وەختی هات؛ یان ئازاردانە یان سەڵا. لەوە بەولاوە تێدەگەن کێ ماڵەکەی ناخۆشترە و کێ یاریدەری کەمترە.

76) ئەو کەسانەی خودا شارەزای کردگن پتر شارەزایان دەکا؛ پەروەرندەت بۆ خێرێ دەمێنێتەوە پاداشی باشتری هەیە و سەرەنجامیشی باشترە.

77) کاوراکەت دی، حاشای هەبوو لە نیشانانمان و گوتی: لێم ڕوونە ماڵ و مناڵم هەر دەدەنێ؟

78) ئاخۆ نهێنی دەزانێ یان لە خواوە بەڵێنێکی پێدراوە؟

79) نەخێر، هەرچی ئەو دەیڵێ ئێمە دەینووسین و ماوەی جەزرەبەدانی پتر دەکەین.

80) هەرچی ئێژێ لە لای ئێمە دەمێنێتەوە و خۆی بە تەنیا دێتە لامان.

81) بەدەر لە خوا، ئەوان پەرستیوانێکی تریان دەپرست، تا ببنە هۆی سەربەرزییان.

82) نەخێر، حاشا لە پەرستنیان دەکەن و لە دژیشیان ڕادەوەستن.

83) تۆ نەتزانی ئێمە شەیاتینیەکانمان ناردۆتە سەر خوانەناسان ختووکە و هانەیان دەدەن؟

84) هیچ پەلەیەکیان لێ مەکە، ئەوا ئێمە بە ژماردن لەسەر ئەوانی دەژمێرین.

85) تاوانبارانیش بۆ دۆزەق [وەکوو گاگەل بۆ سەراو]، دەم تینگ ڕەپێچەک دەدەین.

87) ئەوانە دەستەڵاتی تکایان نییە، مەگین ئەوی لە خوا پەیمانی ساندبێ.

88) وتووشیانە: خودا بویتە خاوەن فرزەند.

89) ئای کە قسەی ڕەقتان بە دەمدا هاتووە!

90) لەوانەیە لەو [قسەیە] ئاسمانەکان هەڵتەکێن و زەمین شەق با و کێوەکان لەبەریەک بچن؛

91) لەبەر ئەوە گوتیان خودا فرزەندی هەس.

92) لە خودا ناوەشێتەوە کە هیچ فرزەندێکی هەبێ.

93) هەرچی لە ناو ئەم عاسمانان و زەمینەن – گش لە گشتی – بە خوڵامەتی دێنە لای خودا.

94) سەر حیسابی هەموویانە و هەر بە هەژمار ژماردوونی.

95) سەرلەبەریان ڕۆژی سەڵا، تاک و تەنیا، دێنە لای ئەو.

96) ئەوانەی باوەڕیان هەیە و ئاکارچاکن، خودا دەیانکاتە خۆشەویست.

97) ئێمە بۆیە ئەم قورئانەن بە زوانی خۆتی هێسانی ڕەوانە کرد، تا تۆ بەوی پارێزگاران دڵخۆش کەی و گەلی دوژمنی سەرسەخت، بترسێنی.

98) چەندین بەرەن بەرلەمانەش قڕ تێخستوون؛ ئاخۆ هەست بە هیچیان دەکەی، یان نووزەشیان لێ دەبیسی؟