18- کەهف

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 16 خولەک  901 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) شوکرانە بۆ ئەو خودایەی ئەم کتێبەی بۆ عەبدی خۆی ناردە خوارێ و هیچ نالەباری تێ نەخست.

2) [کتێبێکی] زۆر پتەوە، تا لە سزای توندوتیژی - کە بینوێنێ - ترسی وەبەر مەردم بنێ و بە ئەو خاوەن باوەڕانەی ئاکارچاکن مژدە بدا کە پاداشی باشیان دەبێ؛

3) پاداشێ هەتاهەتایی.

4) هەتا ئەوانەش بترسێنی کە وتیان: خودا فرزەندی بۆ خۆی هەڵبژاردووە.

5) نە خۆیان چییان لێ زانیوە نە باب و باپیرانیشیان؛ قسێکی یەگجار زەلامیان لە دەم دەرچوو. هەرچی ئێژن لە ڤڕ پێوە، چی تر نییە.

6) ڕەنگە تۆ بۆ ئەو کەسانەی بڕوا بەم کتێبە ناکەن، خەمێ وا بخوی، تێ بچی.

7) هەرچی لەم سەرزەمینەیە ئێمە کردن بە زەنبەری تا بیان ئەزمووین کامەیان کارچاکتر دەبن.

8) ئێمە ئەوەی وا لە ڕووی ئەم زەمینەیە دەکەینە بیاوانێکی وشکارۆی قاقڕ.

9) تۆ پێت وابوو کە یارانی غار و ڕەقیم، لە نێوانی نیشانەکانی ئێمەدا سەمەرەیە؟

10) کاتێ لاوەکان پەنایان بۆ غارەکە برد و گوتیان: ئەی پەروەرێنی هەموومان! تۆ بەر بەزەیی خۆتمان بخە و کارەکەمان بۆ مەیسەرکە.

11) لەو غارەدا هەتا چەند ساڵ و زەمانان، گوێی هەموویانمان ئاخنی و [دەخەوڕا چوون].

12) پاشان وەخەبەرمان هێنان تا بزانین کام لە دوولا - هەر بە هەژمار - ساڵەکانی ئەم مانەوەیان لە بیرە.

13) ئێمە سەرگوروشتەی ڕاستی ئەمانت بۆ وەدەگێڕین: چەند خورتێک بوون کە بەڕاستی بەهوەڕیان بە پەروەرندەی خۆیان هەبوو؛ ئێمەش پتر شارەزاییمان دابوونێ.

14) ئازاییشمان خستە دڵیان، کە ڕاپەڕێن. ئەوسا وتیان: پەروەرێنمان، پەروەرێنی ئاسمانەکان و زەوینە. ئەگەر بێژگە لە ئەو هانا بۆ هەر پەرستووێک بەرین، دیارە ئێمە لە ڕاستی گوتن لانداوە.

15) ئەوانەی لە هۆزی ئێمەن، بەغەیرەز ئەو چەند پەرستووی تریشیان هەس. ئەدی چۆنە بەڵگەیەکی ئاشکرایان بۆ ناهێنن؟ سا کێ لەوە ناهەقترە کە بوختانێ بە خوا دەکا؟

16) ئەگەر ئێوە لەوان و لەو چتگەلەی وا - غەیرەز خوا - دەیانپەرستن، هەڵبڕاون، سا بەم غارە پەنا بەرن؛ پەروەرێنوو وەبەر بەزەیی خۆیتان دەخا و هۆیەکی واش دەڕەخسێنێ بە ئاواتوو بگەهێنێ.

17) کە خۆر هەڵدێ، بڕوانی لە ئالی ڕاستی ئەشکەوتەکەیانی داوە؛ لە دەمی زەردەپەڕیشدا، بەرەو چەپ لێان لادەدا و ئەوان لە گۆڕاییەکەدان. هەر کەس خوا شارەزای بکا، ئەو شارەزا دەبێت و هەر کەسیش گومڕا بکا، دۆستێکی ڕێنمای بۆ نادۆزرێتەوە.

18) تۆ پێت وایە کە بێدارن، کەچی خەوتوون. ئێمە بە ڕاستە و چۆپەدا هەڵگێڕوەرگێڕیان پێ دەکەین. سەیەکەشیان لە لای ڕێسمەی دەرگاکەوە وەرکەوتبوو. تۆ ئەگەر چووبای بت دیبان، بە قاچاندن بەرەو دووا دەگەڕایەوە و سەرتاپات ترس دای دەگرت.

19) ئاواش وەخەبەرمان هێنان تا لەگەڵ یەکترا بدوێن. یەکیان وتی: چەند مانەوە؟ گوتیان: ڕۆژێک یان پاژە ڕۆژێک ماینەوە. گوتیان: پەروەرندەی ئێوە لە خۆتان چاتر دەزانێ چەند مانەوە. دە یەکێکی بەم دراوە و بنێرنە شار با ببینێ کام خواردەمەنی پاکترە، بژیوێکتان لەو بۆ بێنێ و بەزیتی ببزوێتەوە و هیچ کەسیش پێتان نەزانێ.

20) چونکوو ئەگەر دەستیان کەون، یا بەردەبارانوو دەکەن، یا دەتانبەنەوە سەر دینی خۆیان و هەرگیز ڕزگاریتان نایە.

21) هەر بەم جۆرە وامان کرد پێیان بزانن کە بەڵێنی خودا ڕاستە و ڕۆژی سەڵاش بێ گومانە. دەربارەیان لە ناو خۆدا ملیان لە ڕاوێژ کردن نا؛ گوتیان: چاوەخانوێکیان لەسەر دروس کەن، پەروەرێنیان لەنگۆیان چاتر دەناسێ. ئەوانەی دەربارەی ئەمان قسەیان زۆرتر دەڕۆیی، گوتیان: دەبێ مزگەوتێکیان لەسەر بکەین.

22) دبێن: سێن و بە بەشدارەکەوە چارن؛ ئەشڵێن: پەنجن، بە سپڵۆتەکەڕا شەشن. لە نەدیو خەیاڵات دەکەن تەنانەت بازێکیش ئێژن: حەوتن وێڕای سەیەکەیان دەبن بە هەشت. بێژە پێیان: پەروەرندەم چاتر دەزانێ چقاسن. کەمێکیان نەبێ بۆی نەچوون، تۆ لەو بارە [بنارەکەیان ببیسە و] زۆر لەسەر باسەکە مەڕۆ؛ سەبارەت بەوانیش لە کەسیان مەپرسە.

23) هەرگیز مەیژە: من سۆزی ئەم کارە ئەکەم؛

24) مەگین خواحەز کای دەگەڵ بێ. ئەگەر لە بیریشت نەما، یادی پەروەرندەت بکە و بێژە: بەشکوو پەروەرندەم ڕێگایەکی نزیکتر لەمەم نیشان با.

25) سێسەد ساڵان لە ئەشکەوتەکە مانەوە و نۆ ساڵیشیان لێ زێدە کرد.

26) بێژە: خوا باشتر دەزانێ چەند مانەوە؛ بەرپیواری ئەم عاسمانانە و زەمینە لەوڕا دیارە. پەک چ بیسەر و بینایە! بەغەیرەز ئەو کەسیان بە دۆست دەس ناکەوێ و کەس ناکا بە شەریک لە فەرمانی خۆیدا.

27) ئەوەی بۆت هاتگە خوارە و لە کتێبی پەروەرندەت، بخوێنەوە. ناشێ هیچ کەس وتاری خودا بگۆڕێ و لەغەیرەز ئەو هیچ کەسێ دەهانات نایە.

28) تۆ هەر دەگەڵ ئەوانە بە کە سبەینان و ئێواران بۆ دیداری پەروەرندەیان بە نزان و تەنیا ڕەدای ئەویان دەوێ و چاو لەوانە هەڵمەبوێرە بۆ ژینی پڕ زەرق و بەرقی ئەم دنیایە و گوێ لە مستی کەسێ مەبە کە نەمانهێشت دڵی یادی ئێمە بکا و هەر لە شوێن ئارەزووی خۆیە و کاری لە ڕادە دەرچووە.

29) بێژە: ئەمەیە بە ڕاستی لە پەروەرندەتان ڕایە؛ کێ بڕوای پێدەکا، بیکا و کێش بڕوا ناکا هەر نەیکا. ئێمە بۆ ناهەقییکاران کڵێکی وامان نێڵ داوە، کە بڵێسەی هەر وەکوو کۆن دەورەی گرتوون؛ تا هاواری چارە دەکەن ئاوێکیان دەفریا دەخەن وەک مسی تاواوە وایە؛ دەم و چاویان دەبرژێنێ و وەخواردنێکی کرێتە و ژیگەیێ زۆر نالەبارە.

30) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، [با بزانن] ئێمە پاداشی کارچاکان وندا ناکەین.

31) بۆ نشیمەن دەیانبەینە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا. پارچەی سەوزی تەنک و ستووری ئاوریشم دەبەر دەکەن و لەوێدا بە بازنەی زێڕ دەخەمڵێن و لەسەر تەختان پاڵ ئەکەفن؛ ئای چەند پاداشێکی باشە و شوێنەکەیان چەند لەبارە!

32) تۆ نەزیلەی دوو مرۆڤیان بۆ وەگێڕە: دوو ڕەزمان بە یەکێکیان دا و بە دارخورما دەورەن گرتن و ناویشیانمان کردە مەزرا.

33) ئەو دوو ڕەزە بەری خۆیان بە بێ کەمایەسی دەدا و لە ناو هەرکان شەقە جۆیەکمان ڕاکێشا.

34) دارایی دیکەشی زۆر بوو؛ کاتێ دەگەڵ هەواڵەکەیدا خەریکی گفتوگۆی بوو، گوتی: ئەمن لە تۆ دراوم زۆرترە و دەست و پێوەندیشم پتر.

35) بە نێو باغەکەیدا گەڕا و بۆ خۆی ناهەقی لە خۆ کرد. گوتی: هەرگیز پێم وا نییە ئەمەم لەدەستی دەربچێ.

36) باوەڕ ناکەم سەڵاش ڕا بێ. گەر هەر براشمەوە بۆ لای پەروەرندەم، دەزانم لەمە چاکترم دەس دەکەوێ.

37) هەواڵەکەی - کە خەریکی گفتوگۆ بوو دەگەڵ ئەودا - پێگوت: ئەرێ چۆن تۆ حاشات کرد لەو کەسەی تۆی لە ئاخێ دروس کرد و پاشان هەر لە دڵۆپێک و دوایی کردووتی بە پیاوێ؟

38) بەڵام من هەر [دەبێژم] کە ئەو خودایە و پەروەرندەمە و کەس ناکەم بە شەریک بۆ پەروەرندەم.

39) وەختێ چوویە ناو باغەکەت، بۆچی نەتگوت: ئەمە بە مەیلی خودایە؛ تواناییش هەر بە خودایە؟ ئەگەر ئێستە تۆ دەمبینی کە بە ماڵ و زارۆڵە لە تۆ کەمترم،

40) نابێ بە دووری بزانی، پەروەرندەم لە باغی تۆم باشتریش بۆ بڕەخسێنێ و بەڵایەکیش لە حەواوە بەسەر باغەکەی تۆ بێنێ و لێت ببێتە دەشتێکی بێروونی قاقڕ.

41) یان ئاوەکەی بە ناخی ئاخدا ڕۆ بچێ و نەتوانی تازە پەیدای کەی.

42) هەموو بەروبووی هەڵوەری و دارەکانی گشتی بەسەریەکا هاتن؛ کە بەیانی هاتە ناوی، هەر دەستی خۆی دەشکاندەوە بۆ ئەو ماڵەی لێی بەخت کرد. دەیگوت: بریا هیچ کەسێکم بە شەریکی پەروەرندەم نەزانیبا.

43) لە خوا بەدەر، هیچ دەستەیەکی وا نەبوو بێنە یاری و بە بێ یاریدەدەر مایەوە.

44) لە وێندەرێ یاریدەدەر هەر خودای هەقە؛ پاداشی باشتر دەدات و سەرنجامەکەش باشترە.

45) نەزیلەیەکیان لە ژینی سەر دنیایە بۆ بێنەوە؛ وەک ئاوێکە لە حەواوە دامان باراند، هەموو تەرزە ڕووەکێکی تەڤ لهەڤی بەرهەم هێنا، سەرەنجامیش بوو بە پووش و با پژگاندی. خوا بەسەر هەموو شتاندا توانی هەیە.

46) ماڵ و مناڵ زەنبەری ژینی دنیان و ئەو کارە چاکانەش کەوا دەمێننەوە، پاداشەکەیان لە لای پەروەرێنتەوە هێژاترە و بێتریش جێگەی هومێدن.

47) ڕۆژێ کە ژان دەخەینە ڕێ و تەختی بنیان بە ئاشکرایە دەبینی و هەموویان کۆ دەکەینەوە، بێ ئەوە کەسیان وەمێنێ.

48) لە بەرانبەر پەروەرندەت لە ڕیز دەدرێن؛ وەک یەکەمجارمان چێ کردن، هەر ئاوا هاتوونەلامان، لاشتان وابوو لە ژوانێکوو وەکۆ ناکەین.

49) دەفتەرەکە دێتە گۆڕێ؛ دەبینی تاوانبارەکان - لەبەر ئەوەی کە تیایە - ترسی زۆریان ڕێ نیشتووە؛ دەڵێن: هاوارە لە ئێمە، ئەمە چ تۆدەفتەرێکە! هەموو شتێک - ورد و درشت - سەرلەبەر تیا نووسراوە. ئەوسا کردەوەی خۆیانی تیا دەبینن. پەروەرندەت ناهەقی لە هیچ کەس ناکا.

50) ئەوسا بە فریشتەکانمان گوت: سوژدە وەبەر ئادەم بەرن. سوژدەیان برد ئیبلیس نەبێ؛ بنەجن بوو، لە فەرمانی پەروەرێنی سەرپێچی کرد. ئاخۆ ئێوە توخمی شەیتان و تۆرەمەی، بێ من دەکەن بە دۆستی خۆ، کە ئاشکرا دوژمنتانن؟ خوانەناس لەو یاربەیارە پیس تێشکاون.

51) ئێمە لە چێ کردنی ئەم ئاسمانان و زەوینەدا، هیچ پرسێکمان بەوان نەکرد؛ تەنانەت بۆ چێ کردنی خودی خۆشیان. هەرگیز ئەوی ڕێگە لە مەردم تێک دەدەن، نەم کردوون بە یاریدەرم.

52) ڕۆژێ ئێژێ: دەسا بانگ لەوانە بکەن کە بە خەیاڵ پێتان وابوو شەریک منن؛ بانگیان دەکەن؛ کەنداڵێکی هەراومان کردە نێوانیان، هەر جوابیشیان نەدانەوە.

53) تاوانباران ئاگریان بە چاوی خۆ دی؛ زانیان هەر تێی دەکەون و هیچ دەرەتانێکیان نییە.

54) ئێمە لە ناو ئەم قورئانە هەموو جۆرە نەزیلەمان بۆ مەردم هێناوەتەوە؛ مرۆش لە هەر شتێ پتر، وازی لە گێرە کردنە.

55) ئەوەی نەیهێشت کە ئەو خەڵکە - پاش هاتنی ڕێ نیشاندەر - بڕوا بێنن و داوای بووردن لە پەروەرندەیان بکەن، ئەوە بوو کە: [چاوەنۆڕ بوون] یا بە دەردی ئەوانی پێشوویان بچن، یان ڕووبەڕوو جەزرەبە بە گژیاندا بێ.

56) کە پێغەمبەران دەنێرین، هەر ئەوەندەیان لەسەرە مژدەدەر و ترسێنەر بن. خوانەناسان هەر بە ناهەق چەقە دەکەن، تا هەقی پێ لە بەین بەرن. ئەوان نیشانەکانی مە و ئەو کتێبە کەوا ترسی وەبەر ناون، هەر بە گاڵتە و گەپ دەزانن.

57) کێ لەو کەسە ناهەقترە چەند نیشانەی پەروەرێنی بۆ وەخوێندراو گوێ نەدایە و ئەوەشی لە بیر بردەوە کە دەپێشدا کردوویەتی. ئێمە پەردەن بەسەر دڵیان هەڵکێشاوە کە تێنەگەن؛ گوێشمان هێندە گران کردوون کە نەبیسن. چەند بکۆشی شارەزای ڕێگەیان بکەی، هەرگیز بۆت ناکەونە سەر ڕێ.

58) پەروەرندەت گوناح بەخش و دلۆڤانە. ئەگەر هەر کێ کاری خراپی کردبا و ئەویش بۆ لێ پرسینەوە بیگرتبا، دەبوایە هەر گوز و گوممەت سزای دابان. بەڵام خستوویەتە دەمی دیاری کراو؛ کە ئەو دەمەش هات، ناتوانن خۆ خەلاس کەن.

59) ئەو شارانەش هەرگا ملیان لە زوڵم نا، قڕمان تێخستن و بۆ لە بەین بردنیان، قەیرانێکمان ل بۆ دانان.

60) جارێ مووسا، بە لاوی بەردەستی خۆی گوت: من لێ بڕاوم سەفەر بکەم تا دەگەمە جەمسەری هەر دوو دەریاکان؛ یان لەوێش وێوەتر بچم.

61) وەختێ گەیینە ئەو جەمسەرە، ماساوەکەیان لە بیر کرد؛ ئەویش بە هەڵبزۆقینێ خۆی گەیاندەوە دەریاکە.

62) کە دەرباز بوون مووسا بە بەردەستەکەی گوت: لەو سەفەرە زۆر شەکەت بووین، کانێ تاشتیا مە، وەرێنە.

63) گوتی: ئەوسا کە لە پەنا بەردەکەدا دەساینەوە، دیتت چلۆن من ماساوەکەم لە بیر چوو؟ دیارە شەیتان نەیهێشت وەبیرم بێتەوە. ئەمیش وەک شتی سەمەرە ڕێگەی دەریای گرتە بەرێ.

64) گوتی: ئێمەش هەر شتێکی وامان دەویست. ئیتر بە شۆپی خۆیاندا بە چاوگێڕان، گەڕانەوە.

65) ئەوسا تووشیان هات بەتووشی عەبدێک لە عەبدانی ئێمە کە بەر بەزەیی خۆن خستبوو زانیاریشمان لە خۆمانەوە پێدابوو.

66) مووسا پێی وت: ئاخۆ دەتوانم دوات کەوم و لەو زانستەی فێر کراوی منیش وەکوو خۆت ڕابێنی؟

67) گوتی: تۆ هەرگیز ناتانی دەگەڵ منا دەری بەری.

68) نەمازە گەر ئاگاداری کاریش نەبی، چۆن دەردەبەی؟

69) گوتی: ئەگەر خودا حەز کا، بە خۆڕاگرم دەبینی و هیچ نافەرمانییەکت ناکەم.

70) گوتی: ئەگەر شوێنم کەوتی، هیچ شتێکم لێ مەپرسە هەتا بۆ خۆم دەربارەی باست بۆ دەکەم.

71) سا ڕۆیشتن تا هەر دوو سواری گەمیە بوون؛ کونی تێکرد. گوتی: هەر بۆیە کونت کرد خەڵکەکەی لە ئاوا قوم کەی؟ کارێکی ناشیرینت کرد.

72) گوتی: ئاخر بە تۆم نەگوت تۆ ناتوانی لەگەڵ منا خۆڕابگری؟

73) گوتی: لەمەی لە بیرم چوو لێم ببوورە و گەلێکم سەخت لێ مەگرە.

74) وەڕێ کەوتن، تووشی کوڕیژگەیەک هاتن، کوشتی. گوتی: چۆن گیانی پاکت زایە کرد کە بێ ئەوەی کەسی کوشتبێ؟ کارێکی زۆر نابەجێت کرد.

75) گوتی: نەمگوت ناتوانی لەگەڵ منا هەڵکەی؟

76) گوتی: ئەگەر پاش ئەمجارە هیچ شتێکم لە تۆ پرسی، هاوڕێم مەبە و هیچ گلەییشت لێ ناکەم.

77) دیسان ڕۆیین، هەتا گەیینە خەڵکی شارێ. زەوادیان لێ داوا کردن؛ ڕازی نەبوون ڕایانگرن. دیوارێکیان لەوێندەرێ چاو پێ کەوت، خەریک بوو بەلادا دەهات؛ ڕاستی کردەوە. گوتی: ئەگەر بتویستبا کرای ئەم کارەت وەردەگرت.

78) گوتی: ئەوا لە یەکتر جیا دەبینەوە؛ وا ئێستەکێ نهێنی ئەو ڕووداوانەت بۆ باس دەکەم، کە نەت دەتوانی خۆ بگری.

79) گەمیەکە بۆ هەژارانێک بوو، لە دەریا کاریان دەکرد؛ ویستم زەدەداری بکەم، کە لەم لایان پاشایەک بوو هەموو گەمیەکی زەوت دەکرد.

80) کوڕیژگەکەش دای و بابی باوەڕدار بوون. ترسم بوو ناچاریان بکا لە فەرمانی خوا دەرچن و کافر ببن.

81) ئێمە ویستن پەروەرندەی دای و بابی، بە ڕۆڵەیەکی دڵ پاک و بەزەدارتر بۆیان تێهەڵێنێتەوە.

82) دیوارەکەش بۆ دوو کوڕیژگەی سێوی بوو لەم باژێڕە؛ لە ژێریدا گەنجێ هەبوو سەربەوان بوو. باوکیشیان لە مێرخاسان بوو. پەروەرندەت ویستی ئەم دووانە پێ بگەن و گەنجینەی خۆیان دەرێنن؛ کە بەزەیەک بوو لە لای پەروەرێنتەوە و من هیچم لە خۆوە نەکرد. ئەمە بوو کە تۆ نەت تانی خۆڕاگر بی تا دەزانی.

83) لێت دەپرسن: ئەدی زیل قەڕنەین چۆن بووە؟ بێژە: وا دەربارەی ئەویش شتێکتان بۆ دەخوێنمەوە.

84) وامان کرد لەم زەمینەدا دەستی بڕوا و گش هۆیەکیشمان بۆ ڕەخساند.

85) سا بە شوێن مەبەستیدا چوو،

86) تا گەیشتە لای خۆرنشین؛ لای وابوو لە ناو کانییەکی قوڕە ڕەشە ئاوا دەبێ. لەو ئالی تووشی هەزێک بوو. گوتمان: زیل قەڕنەین! دەتوانی ئازار بدەی و بۆشت هەیە چاکەیان لەگەڵا بکەی.

87) وتی: بەڵام هەر کەسێ ناهەقی بکا - لە دواڕۆژا - ئێمە ئازاری دەدەین و پاشانیش دەبرێتەوە لای پەروەرندەی؛ ئەوسا ئەویش بەتوندی ئازاری دەدا.

88) هەر کەسیش باوەڕی هێنا و ئاکارچاک بوو، پاداشی چاک بەشی دەبێ و کاری لەسەر هاسان دەکەین.

89) دیسانیش ڕێگەی گرتەبەر.

90) هەتا گەیشتە خۆرهەڵات. دیتی تیشکی بەسەر گەلێکدا دەبارێ کە جیا لەو هیچ ستارێکمان نەدانێ.

91) تا بەم جۆرە هەرچی ئەو بیری بۆی دەچوو، دەمانزانی.

92) دیسانیش ڕێگەی گرتەبەر.

93) تا گەیشتە ناو دوو چیا. لە پەنا دوو کەژەکەدا هۆزێکی دی، کە لەوانە نەبوون لە هیچ زمانێکی حاڵی ببن.

94) دواندیان، کە: ئەی زیل قەڕنەین! عاجوج و ماجوج لەم وڵاتەدا بەدفەڕن؛ ئاخۆ باجێکت پێ بدەین کە لە نێوان ئێمە و ئەوان بەربەستێکمان بۆ چێ بکەی؟

95) گوتی: ئەوەی پەروەرندەم بۆی ڕەخساندووم، هێژاترە؛ سا ئێوە بە هێز [ی خۆتان] یاریم بکەن، تا لە نێو ئێوە و ئەوانا بەربەندێکی وەدی بێنم.

96) پاژەئاسنم بۆ بێنن. وەختێ هەر دوو لاشانەکەی پڕ کردەوە، گوتی: ئێوە بیدەمێنن؛ هەتاوەکوو کردیە ئاگر. گوتی: ئەمجا پاقری تواوەم بۆ بێنن، تا بەسەریا دابرێژم.

97) ئیتر تازە بۆیان نەلوا سەری کەون و نەشیان دەتوانی کونی کەن.

98) گوتی: ئەمە بەزەییەکە لەلایان پەروەرندەمڕا؛ جا هەرگا پەروەرندەی من بەڵێنەکەی بە جێگەیشت، گشتی دەکاتە گۆڕایی و بەڵێنی پەروەرندەی من هەر وەدی دێ.

99) ئەوێ ڕۆژێ وادەکەین لە ناو یەکترا پێل بدەن دەکەڵەشاخ دەمێندرێ و گشتیان لێک کۆ دەکەینەوە.

100) هەر ئەو ڕۆژە دۆژەە لە بەر خوانەناسەکان ڕادەنێین؛ چ ڕانانێ!

101) ئەوانەی چاویان لە یادی من قووچاو بوو نەشیان دەتوانی ببیسن.

102) ئاخۆ خودانەناسەکان پێیان وایە – لەباتی من - عەبدەکانم بکەن بە سەروەری خۆیان [هیچ قازانجێکیان دەداتێ]؟ ئێمە دۆژەهمان بۆ پەزێرایی لەو خوانەناسانە ساز کردووە.

103) بێژە: ئاخۆ دەتانەوێ پێتان بڵێم، کێن ئەوانەی لە کردەوەکانی خۆیان زیاتر زیانیان پێدەگا؟

104) ئەو کەسانەی تەقالایان لە ژیانی سەر دنیایەدا فێڕۆچووە و لاشیان وایە کارێکی چاکیان کردووە.

105) ئەوانە کەسگەلێکن کە لە نیشانان و دیداری پەروەرێنیان حاشایان کرد، ئیتر هەر کارێکی کردیان پووچەڵ بووگە و ڕۆژی سەڵاش هیچ سەنگێکیان بۆ دانانێین.

106) بەهۆی ئەو حاشا کردنە و گەمەیان بە پێغەمبەر و نیشانانم جەهەندەم گۆڕی گیانیان بێ.

107) ئەو کەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بوون، جێ پەزێراییان باغاتی فیردەوسە.

108) هەمیشە هەر تیا دەبن و نایانەوێ جێ بگۆڕن.

109) بێژە: ئەگەر بۆ نووسینی وتاری پەروەرندەی من دەریا هەموو مەرەکەف بێ، بەرلە دوایی پێ هێنانی وتاری پەروەرندەی من، بێ شک دەریا هەڵدەچۆڕێ؛ تەنانەت گەر هێندەی دیشی دەفریا خەین.

110) بێژە: منیش هەر مرۆیەکم وەک ئێوە؛ لە خواوە فەرمانم بۆ دێ کە: خودای ئێوە هەر یەکە. هەرکێ لەنگۆ بۆ دیداری پەروەرندەی بە ئاواتە، با کاری چاک ڕەچاو بکا و لەغەیرەز پەروەرندەی خۆی هیچ کەسێکی نەپەرستێ.