17- ئیسراء

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 16 خولەک  1349 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) پاکی و بێ عەیبی بۆ کەسێ لە شەوێکدا شەوڕۆیی بە عەبدی خۆی کرد؛ لە «مسجدالحرام»ەوە تا «مسجدالاقصیٰ» (مزگەوتەکەی ئەولاتر)؛ ئەو مزگەوتەی ئێمە پیت و پیرۆزیمان داوە بە دەوروبەرەکەی؛ بەو نیازەی کە هێندێک بەڵگەی خۆمانی پیشان بدەین. هەر خۆی بیسەر و بینایە.

2) کتێبیشمان دا وەمووسا و کردمانە ڕێنوێنێک بۆ بەرە و هەزی ئیسڕائیل، کە: غەیرەز من با بریکارێکتان نەبێ.

3) ئەی تۆرەمەی ئەوانەی کە دەگەڵ نووحا هەڵمان گرتن! بەڕاستی ئەو عەبدێ شوکرانەبژێر بوو.

4) هەر لە ناو کتێبەکەدا ئاگاییمان بە تۆرەمەی ئیسرائیل دا، کە: ئێوە لەم سەرزەمینە - لە دوو هەلدا - مل لە بەدفەڕی دەنێن و زۆر بە توندی بادی هەوایی دەنوێنن.

5) هەرگا ئێکەم لەم دوو هەلانە هاتەبەر، چەند عەبدێکی هەرە ئازای خۆن ناردنە سەر، گش وڵاتیان لێ ئاژنین. ئەم بڕیارەش جێ بەجێ بوو.

6) لە پاشان کارێ وامان کرد، ئێوە لەوان بەهێزتر بن؛ هەژماریشتان فرەتر بێ و بە دارایی و زاروزیچیش یارمەتیمان پێ گەیاندن.

7) ئەگەر ئێوە چاکە بکەن، چاکەی دەگەڵ خۆتان دەکەن؛ ئەگەریش خراپەتان کرد، لە خۆتانە. هەر کاتێکی بەڵێنی پاشین هاتە جێ، دیسان دەنێرینە سەرتان، واتان لێکەن پەژارە و خەم لە ڕوخسارتانا دیار بێ و تا بشچنە مزگەوتەوە - وەک جاری پێشووشی چوونێ - و هەر چێکیشیان دەسکەوێ تەفروتوونای کەن.

8) بەشکوو پەروەرندەی خۆتان بتانخاتە بەر بەزەیی. ئەگەریش تێهەڵچنەوە، ئێمەش تێهەڵدەچینەوە و، دۆژەهیشمان کردە زیندان بۆ گرۆی خودانەناسان.

9) بێ گومانە ئەم قورعانە ڕێگایەکی پیشان دەدا لە گش ڕێیان سەرڕاسترە. بەو بڕوادارانەش کە وا ئاکارچاکن، موژدە دەدا: پاداشێکی گەورەیان هەس.

10) ئەو کەسانەش کە باوەڕ بە دواڕۆژ ناکەن، ئازارێکی زۆر بەژانمان بۆ ساز کردوون.

11) مرۆ چۆن دەبوو بخوازێ چاکی بۆ بێ، ئاواش دەیەوێ خراپی لێ بقەومێ. مرۆ هەروا بەلەز بووە.

12) شەو و ڕۆژمان بە دوو نیشانە نیشاندان: نیشانی شەومان داکوژاند، نیشانی ڕۆژیشمان کردە هۆی دیتنێ؛ تا بگەڕێن بە شوێن ڕۆزی کە پەروەرندەتان دەیدا و لە ژماری ساڵەکان و ژماردنێ سەروو دەرچێ؛ هەموو شتمان بە وردی شی کردۆتەوە.

13) نامەی ئاکاری هەر کەسمان - وەک تۆق - لە ئەستۆی کردووە و ڕۆژی سەڵا بە نووسراوی سەرئاواڵە، شانی دەدەین.

14) نامەی خۆت بخوێنەرەوە! ئەمرۆ ئیتر هەر خۆت حەسێوگەری خۆتی.

15) کەسێکی شارەزای ڕێ بێ، شارەزایی بۆ خۆیەتی؛ هەر کەسێکیش لە ڕێ دەرچێ، هەڵە بو ن لە دژی خۆیە. کەس گرانایی کەسێ تر ناگرێتە مل. تا پێغەمبەریش نەنێرین، جەزرەبە لەمەڕا نییە.

16) هەرکە ویستمان شارێک قڕ کەین، دەوڵەتمەنە خۆشگوزەرانەکانی وان، دنەدەدەین بۆ بەدفەڕی و خراپکاری و لە ئاکاما ئازاریان بۆ واجۆ دەبێ؛ ئەوساکە تێکی دەهاڕین.

17) زۆر بەرەشمان لە پاش نووح لەناوبردوە. بۆ تۆ ئەوەندە بەسە کە پەروەرندەت لە گوناحانی عەبدانی ئاگادارە و دەیانبینێ.

18) هەر کەسێکی خۆشی هەر لە دنیا دەوێ، ئەگەر ئێمە بمانەوێ، ئاواتەکەی زوو پێک دێنین، پاشان بە ئابڕوو نەماوی دەرکراوی دۆژەهێکمان بۆ داناوە، دەیبرژێنێ.

19) کێش خۆشی ئەو دنیای دەوێ و - بە پێی توانا - بۆی دەکۆشێ و باوەڕدارە، کۆششیان بەفیڕۆ ناچێ و لە بەرچاوە.

20) هەموو لایان - چ ئەوان و چ ئەمانە - لە خەڵاتی پەروەرندەت بێ بەش ناکەین. خەڵاتی پەروەرندەی تۆ هیچ لەمپەری لەبەر نییە.

21) دەبڕوانە، چۆن بازێکمان لە چاو بازێک سەرخستووە؛ دیارە کە لە دواڕۆژیشدا پلەوپایە و سەرخستن لەمە زۆرترە.

22) دەگەڵ خودا هیچ شتێ تر مەپەرستە، دەنا ئەوسا بە وەبەر تەشەر دراوی و دەرکراوی ڕۆدەنیشی.

23) پەروەرێنت فەرمانی دا کە غەیرەز وی مەپەرستن؛ سەبارەت بە دای و بابیش چاکە بکەن. هەرگا یەکیان یان هەردووکیان - تا لە لای تۆن - تووشی تەمەنی پیری بوون، هەرگیز ئۆفیشیان پێ مەڵێ و تێان مەخوڕە و بە زمانی خۆشیان بدوێنە.

24) بە بێ فیزی بیانخە ژێر باڵی بەزەیی و بێژە: ئەی پەروەرندەی من! وەکوو ئەمان منیان بە شلکی پێگەیاند، تۆش وەبەر بەزەیی خۆتیانخە.

25) خودانێ وە، لە خۆتان چێتر دەزانێ چیتان بە دڵدا دەبوورێ؛ ئەگەر کردەوەتان چاک بێ، بۆ ئەوانەی لە گوناهـ دەپرینگێنەوە، بە بووردنە.

26) خزمت بەشی خۆی بدەرێ؛ هەژار و لە ڕێدا ماویش بێ بەش مەکە؛ تەواویش دەس بڵاو مەبە.

27) ئەو کەسانەی هەڵەخەرجن، دەگەڵ شەیتان دەبنە برا؛ شەیتانیش بۆ پەروەرندەی، بێ ئەمەگ و سپڵە دەرچوو.

28) ئەر نەشتبوو بەشیان دەی و چاوەنۆڕ بووی خودا لە بەزەیی خۆیەوە دەرووێکت لێ بکاتەوە، بە زمانێکی نەرم و نیان بیاندوێنە.

29) دەستەکانت دەگەردنت وەرمەهێنە و تەواویش پانیان مەکەوە، کە بە سەرکۆنەکراوی و عەزرەتەوە دەمێنیەوە.

30) پەروەرندەت بە پانەوە و بە دەستندە ڕۆزی بە هەر کەسێ بدا بەستە بە مەیلی خۆیەتی؛ هەر خۆیەتی لە عەبدانی ئاگادارە و دەیانبینێ.

31) زارۆی خۆتان لە ترسی لە برسان مردن لە ناو مەبەن. ئێمەین ڕۆزی ئەوانیش و ئێوەش دەدەین. کوشتنی وان، هەڵە کارییەکی مەزنە.

32) تخونی زیناح مەکەون؛ داوێنپیسی ئاکاری زۆر نالەبارە و ڕێبازێکی ناهەموارە.

33) بنیادەمێ کە کوشتنی بە ناڕەوا زاندراوە، مەکوژن مەگین لەسەر هەق. هەر کەسێکی بە ناهەقی بێتە کوشتن، دەسەڵاتمان داوەتە دەس خوێنگرەکەی؛ ناشێ لە تۆڵەساندنا هەڵەڕۆ بێ و لەو بارەوە ئاریکاری بۆ کراوە.

34) نەچن تخوون ماڵی هەتیوان بکەون، مەگین جۆرێ کە باشتر بێ؛ هەتا پێدەگا وتێدەگا. پەیمانیشتان بەرنە سەرێ؛ پەیمان، پرسینەوەی هەیە.

35) ئەگەر پێوانە دەپێون، با تەکووز بێ. کێشانەشتان بە تەرازوی بەرانبەر بێ؛ وا هەم بۆ ئێوە باشترە، هەم ئاکامی پەسندترە.

36) مەکەوە شوێن شتێکی وا کە نازانی چییە و چۆنە، چونکە گوێچکە و چاو و دڵیش، گشتیان پرسیاریان لەسەرە.

37) بە فیزەوە هەنگاو بەسەر هەردا مەنێ؛ تۆ ناتانی ئەم زەمینە بقەڵێشی و لە درێژیشدا هەرگیز ناگەیە بەندەنان.

38) گش ئەمانە - خراوەکانیان - بە لای پەروەرندەی تۆوە ناپەسندن.

39) ئەمانەش بەشێکن لەو کارزانییانە، کە پەروەرندەت بە تۆی ڕاگەیاندووە. وێڕای خودا پەرستووی تر مەپەرستە؛ کە ئەوسا بە لۆمەکراوی و ڕاونراوی تووڕ ئەدرێیتە دوڕ جەهەندەم.

40) ئاخۆ پەروەرندەی ئێوە، بە تایبەتی کوڕی بە ئێوە بەخشیون و فرشتە مێوینەکانیشی بۆ خۆی دانا؟ قسەیەکی زۆر زل دەکەن.

41) ئێمە لە ناو ئەم قورئانە زۆر شتمان شی کردۆتەوە هەتا ئەمان پەند وەرگرن، کەچی هەر ڕەوینەوەیان پتر دەکا.

42) بێژە: ئەگەر - بەو جۆرە ئەوان دەبێژن - وێڕای خودا خوایانێکی تر ببوونا، ئەوسا پەیجۆر دەبوون کە ڕێی چوونەلای خاوەنی تەختیان وەدۆزیبا.

43) خوا لە کەمایەسییان دوورە و زۆر بەرزترە لەوانەی کە ئەوانە باسی لێدەکەن.

44) حەوت ئاسمانان و زەوین و هەرچی لە ناو ئەواندایە، هەر پاکانەی خودا دەکەن. هەموو شتێک - بە پەسن دانەوە - پاکانەی ئەو دەکا؛ بەڵام ئێوە پاکانەی ئەوان نابیسن. ئەو لەسەر خۆو بە بووردنە.

45) دەمێ کە قورعان دەخوێنی، ئێمە لە نێو تۆو ئەوانەی بە دواڕۆژ بڕوایان نییە، پەردەیەکی داپۆشێنەر ڕادەنگێوین.

46) سەرپۆش گەلێکی وامان نایە بان دڵیان کە تێی نەگەن؛ گوهەکانیشیان کپ دەبن. هەرگا لە قورئانەکەدا ناوی پەروەرندەی تاکت بە دەمدا دێ، بە قینەوە پشت هەڵدەکەن.

47) ئێمە باشتر دەزانین گوێ لە چی دەگرن، لەو دەمەدا کە گوێ بۆ تۆ ڕادەدێرن، ئەو کاتەش کە خەریکی سرتە کردنن. کاتێ ناهەقان دەبێژن: ئێوە هەر دەکەونە شوێنی مێرێکی جادوو لێکراو.

48) دەبڕوانە چۆن مەزموودەت لێ دەخوێنن، ئەوانە وا لە ڕێ کلان، کە تازە ڕێگە دەرناکەن.

49) دەشڵێن: ئاخۆ ئەگەر ئێسک و پرووسکیش بین، ژنۆ دروست دەبینەوە؟

50) بێژە: کوچک یان ئاسن بن،

51) یان چێ بووێک کە لە خەیاڵی ئێوەدا زل دەنوێنێ. ئەوسا ئێژن: کێ زیندوومان دەکاتەوە؟ بێژە: ئەوی یەکەم جار دروستی کردن. ئەوسا سەر دەلەقێنن و ئێژن: کەنگێ؟ بێژە: شایەت بەم زووانە.

52) ڕۆژێ کە بانگوو لێدەکا و ئێوە بە پەسن دانەوە و سوپاسەوە پەرسڤی لێ وەگەڕێنن و وا تێدەگەن - کەمێک نەبێ - لەسەر دنیا نەماونەوە.

53) تۆ بە عەبدانی من بێژە چی باشترە ئەوە بێژن؛ چونکە شەیتان سۆدرەیو لە نێودا دەکا. ئەو شەیتانە بە ئاشکرا دوژمنی جسنی عینسانە.

54) پەروەرندەت بە ئێوە ئاگادارترە. ئەگەر حەز کا بەر بەزەیی خۆیتان دەخا؛ حەزیش بکا تووشی جەزرەبەتان دەکا؛ تۆشمان نەناردۆتە لایان بریکار بی.

55) پەروەرندەت بەو شتانەی لە ئاسمانان و زەمیندان، زاناترە. لە ناو پێغەمبەرەکانیش هێندێکمان لە هێندێکی دی بەڕێزتر گرت، زەبووریشمان دا بە داوود.

56) بێژە: هانا بەرن بۆ ئەو کەسانە وا - بە جێ خودا - بە پەرستووتان دەزانین؛ کە ناتوانن بەڵاو لەسەر لابەرن، پێشیان ناکرێ بۆ یەکی تری بنێرن.

57) ئەو کەسانەی ئەوان هانایان پێ دەبەن، کامانیانە نزیکترن، بە دووی هۆدا دەگەڕێن کە بگەن بە پەروەرێنیان و هیوای بەزەیی ئەویانە و لە جەزرەبەشی دەترسن. جەزرەبەی پەروەرندەی تۆ هێژایە لێی بەپارێز بن.

58) پێش هاتنی ڕۆژی قیامەت، هیچ ئاوەدانی نامێنێ تێکی نەدەین یان خەڵکەکەی تووش ئازار نەکەین؛ کە هەر ئەمەش لە کتێبەکەدا نووسراوە.

59) ئێمە کە نیشانەکانمان نەدەناردن، هەر بۆیە بوو پێشینەکان بە درۆیان لە قەڵەم دەدان. ئاروانیشمان بە ئاشکرا دا بە سەموود؛ کەچی ناهەقییان دەگەڵ کرد. ئێمە هەر بۆ ترس وەبەرنان، نیشانەکان بەڕێ دەکەین.

60) ئەو حەلەش کە بە تۆمان وت: پەروەرێنی تۆ دەورەی لە مەردم داوە؛ خەونێکیش کە پێمان دیتی و ئەو دارە نەحلەتییە کە لە قورعاندا باسی کراوە؛ گش بۆ ئەزموونی مەردم بوو. ئێمە ئەوان دەترسێنین؛ کەچی ئەوان هەر پتر ملهوڕی دەکەن.

61) کاتێ وتمانە فریشتان: سوژدە لەبەر ئادەم بەرن، سوژدەیان برد ئیبلیس نەبێ. گوتی: چۆن من سوژدە دەبەمە بەر کەسێ کە لە حەڕیت چێ کردووە؟

62) گوتی: بە من بێژە ئەم تەرح و دیدارەت، لە من بەزلتر زانیوە؟ ئەگەر هەتا ڕۆژی سەڵا بەرم بۆ بەرهەڵا بکەی، تۆرەمەکەی - کەمێک نەبێ - سەرلەبەری، دەبێ بخەمە ژێر چنگم.

63) گوتی: بڕۆ! سا هەر کەسێ لەوان وەشوێن تو بکەوێ، سزای هەمووتان دۆژەهە و سزایەکی پڕبەپڕە.

64) هەر کامێ تۆ پێی دەوێری، بانگی بکە و دنەی بدە و بە سوار و پیادەی خۆتەوە بگە سەری و ببە هاوبەش لە ماڵ و زارۆڵەکانیان، سۆز بدە وان؛ سۆزی شەیتان تەنیا هەر خەڵەتاندنە.

65) تۆ بەسەر عەبدانی مندا هیچ دەستەڵاتێکت نییە؛ پەروەرندەت بریکاریانە، بەسیانە.

66) پەروەرندەو لە حاند ئێوە دلۆڤانە. گەمیەتان لە زەریایەدا دەخاتە گەڕ تا لە سۆنگەی، بژیوی خۆتان دەس کەوێ.

67) هەرگا لە ناو دەریایەدا تووشی فەرتەنەیەک هاتن، هانا بۆ هەر کەسێک بەرن، بەر پێوارە، بەغەیرەز ئەو. هەرکە ڕزگاری کردن و چوونە سەر بەژ، ئاوڕیشی لێ نادەنەوە؛ مرۆ زۆر ئەمەگ نەناسە.

68) ئاخۆ لەوە ئارخەیانن کە لە بەژەکە ڕۆناچن یان باهۆزتان لێ هەڵ ناکا، ئەوسا کەستان گیر نەکەوێ فریاو کەوێ؟

69) یاخۆ لەوە ئارخەیان بوون جارێکی تر ڕێتان دەوێ ناخاتەوە، ئەوسا بایەکی بەهێزتان لێ هەڵ بکا و لە تۆڵەی پێ نەزانیتان نوقموو بکا؟ لە پاشانیش هیچکەستان بۆ پەیدا نەبێ کە لە بەرانبەر ئێمەوە یاریدەو دا؟

70) ئێمە ڕێزمان لە تۆرەمەی ئادەم گرت و لە وشکانی و لە زەریادا هەڵمان گرتن؛ ڕۆزی پاکژمان پێداون؛ لە چاو زۆر لە کردەی خۆمان زۆر پتر قەدرمان گرتوون.

71) لەو ڕۆژەدا کە هەر تیرەیەک لە مەردم - وێڕای نامەی کردەوەیان - گاسی دەکەین؛ هەرکێ نامەی دەدەستی ڕاستی نراوە، ئەمانە نامەکەی خۆیان دەخوێننەوە و بەقەی داوی زراوی ناو ناوکە خورماش هەقیان لێ زەوت ناکرێ.

72) هەرکێش لەم دنیایە کوێرە ، لە دواڕۆژیشدا کۆرەیە و پتریش ڕێگەی لێ گوم دەبێ.

73) هێندەی نەمابوو ئەمانە لەو فەرمانەی - کە ئێمە پێن ڕاگەیاندووی - کلات کەن و شتێکی تریان بۆ بێنی و درۆ بە زاری ئێمەوە هەڵ ببەستی؛ کە ئەوسا دەبوونە دۆستت.

74) ئەگەر خۆمان تۆمان توند ڕانەگرتایە، لەوانەبوو کەمێک بە لای ئەواندا بێی.

75) ئەگەر واش با، سوور بزانە هەر لە ژیندا دوو قات جەزرەبەمان دەدای؛ لە مەرگیشدا ئازارەکەت دوو سەرە بوو. ئەوسا کەسی واشت نەبوو - دەسەر مەڕا - بێتە هانات.

76) هێندەی نەمابوو ئەوانە لەو سەرزەمینە بتخەنە تەنگانەوە، تاکوو لەوێ وەدەرت نێن. ئەگەر واش با، بە شۆن تۆدا - دەمێک نەبێ - [ئەوانیش] تێدا نەدەمان.

77) پێودانێکە [لە ئێمەوە]، کە بۆ ئەو پێغەمبەرانەی بەرلە تۆش بوون، ناردوومانن؛ یاسای ئێمە گۆڕانی بەسەردا نایە.

78) لەو ماوەی خۆر کلا دەبێ هەتا تاریکانی شەوێ نوێژ بکە و نوێژ خۆندنی سپێدەشت هەر لەسەرە. نۆژخۆندنی سپێدە بەهەڕمەیە.

79) لە شەویشدا بۆی هەستەوە؛ ئەمە زیادە نوێژی تۆ بێ. بەشکێکم پەروەرندەی تۆ بتنێرێتە جێگایەکی پەسند کراو.

80) بشپاڕێوە کە: ئەی پەروەرندەکەی من! ڕێگەم بەرەو ڕاستی بەرەو بەرەوڕاستیم بە ڕێ بکە؛ هێزێکی ئاریکاریشم بۆدیاری کە.

81) بێژە: ئەوا ڕاستی هات و چرووک نەما؛ دیارە چرووک لە نەمانە.

82) ئێمە وێڕای ئەم قوڕعانە، شتی واو بۆ بەڕێ دەکەین کە مفا و بەزەیی تێدایە بۆ خاوەن باوەڕەکان و ناهەقانیش پتر پێی زیانبار دەبن.

83) مرۆ هەرگا ئێمە بەهرەیەکی دەدەینێ، پشت تێدەکا و بادی هەوایی دەنوێنێ؛ هەرگا بەڵاشی بەسەر هات، تووشی ناهومێدی دەبێ.

84) بێژە: ڕەفتاری هەر کەسێ بەپێی ئاکاری خۆیەتی. پەروەرندەت زاناترە، کێ لە ئێوە لە ڕێگە شارەزاترە.

85) لە تۆ دەپرسن: گیان چییە؟ بێژە: گیان هەر لەوانەیە کە پەروەرندەم دەیزانێ؛ ئێوە کەمێکتان لە زانست پێدراوە.

86) ئەگەر ئێمە کەیفن لێ بێ، هەرچییەکمان پێ ڕاگەیاندووی دەیبەینەوە؛ کەسیش نییە دژی ئێمە لەمەدا ئاریکارت بێ.

87) جا مەگین پەروەرندەی تۆ بەزەیی پێتا بێتەوە، کە زۆری چاکە لەسەرتە.

88) بێژە: ئەگەر مرۆ و جن، گش وەکۆ بن، وێنەی ئەم قورئانە بێنن، لە شبی ئەو دادەمێنن؛ با هەمووشیان پشتیوانی یەکتری بن.

89) ئێمە لە هەر بارێکەوە لە قورئاندا نەزیلەمان بۆ مەردم هێناوەتەوە، بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە - حاشا نەبێ - هیچ نازانن.

90) گوتیان: بڕوات پێ ناهێنین تا لەم عەرزە کانییەکمان بۆ هەڵدەقوڵێنی؛

91) یان باغێکی خورما و ڕەزت هەبێ و کارێکی وا بکەی کە جۆباران لە ناویانا فڕکەیان بێ؛

92) یان - وەک خۆت خەیاڵت دەکرد - پاژپاژی ئەم عاسمانەمان بەسەردا دابوەرێنە؛ یا خودا و چەند فرشتەیەک بێنە و ڕووبەڕوومان بکە؛

93) یان ماڵێکت لە زێڕ هەبێ؛ یان بە ئاسماندا هەڵبچی و سەریش کەوی، باوەڕ ناکەین؛ تا کتێبێکمان دەگەڵ خۆت بۆ دێنی و دەیخوێنینەوە. بێژە: پاکی هەر بۆ پەروەرندەکەمە، ئاخۆ من چیم بل لە مرۆیێ پێغەمبەر؟

94) تەنیا بیانووی ئەم مەردمە - کە شارەزاییشیان بۆ هات و بڕوایان پێ نەکرد - ئەمەیە ئێژن: جا چۆن خودا مرۆیەکی بە پێغەمبەر ناودێر دەکا؟

95) بێژە: ئەگەر فرشتە بە ئارخەیانی لەم هەردەدا ڕۆیشتبان، دیارە ئێمە لە ئاسمانۆ پێغەمبەرێ فرشتەمان بۆ دەناردن.

96) بێژە: خودا بەسە بۆ شایەت لە نێوان ئێمە و ئێوە؛ هەر ئەو دەربارەی عەبدانی ئاگادارە و دەیانبینێ.

97) کەسێ خودا ڕێی نیشان دا، شارەزایە؛ گومڕاشی کا، غەیرەز خود ا تۆ دۆستیان بۆ پەیدا ناکەی. ڕۆژی سەڵاش بە دەمەوڕوویی و کۆرەیی و لاڵی و کەڕی، هەموویان کۆ دەکەینەوە. ئەنوایان جەحەندەم دەبێ. هەتا ئاگر دێ دامرکێ، کڵەکە پتر نێڵ دەدەین.

98) با ئەمە گۆڕی گیانیان بێ؛ چونکە ئەوان لە نیشانەکانی مە حاشایان کرد و گوتیان: ئاخۆ ئەگەر ئێسک و پرووسکیش بووین، دیسان زیندوو دەکرێینەوە؟

99) ئاخۆ ئەوەندە نازانن، ئەو خودایەی ئاسمانەکان و زەمینی داهێناوە، دەتوانێ هی وەک ئەوانیش دروس بکا؛ ماوەیشی بۆ دیاری کردوون کە بێ گومانە هەر دەگا؟ بەڵام ناهەقییکارەکان هەر حاشا کردن دەزانن.

100) بێژە: ئەگەر ئێوە خێوی گەنجینەکانی بەزەیی پەروەرندەی من بوونایە، هێمان دەس ڕژدیتان دەکرد. مرۆ چکووس و قڕنیسە.

101) نۆ نیشانەی ئاشکرامان دا بە مووسا؛ لە بەرەی ئیسڕائیل پرسە، [ئەو دەزانن.] کاتێ گەیشتە بەرەو، فیرعەون پێی وت: مووسا! من وا خەیاڵ دەکەم ئەتۆ جادووت لێکراوە.

102) گوتی: تۆ خۆت سوور دەزانی ئەم شتانە کەوا زەق لەبەر چاوانن، هەر داهێنەری زەوین و عاسمانەکان ناردوونیە خوار. فیرعەون! منیش لام وایە تۆ تێدا دەچی.

103) ویستی گەڕیان تێهاڵێنێ و لەو سەرزەمینە دەریان کا، ئێمەش ئەم و خڕ ئەوانەی دەگەڵیا بوون، نوقمن کردن.

104) لە پاش ئەویش بە بەرەی ئیسڕائیلمان گوت: نیشتەجێ بن لەم وڵاتە و هەر دەمێکیش سەڵا ڕابوو، ئەوسا گشتوو پێکەوە کۆ دەکەینەوە.

105) ئەمەمان بەڕاستی نارد و بەڕاستیش هاتە خوارەوە؛ ئێمە تۆمان هەر بۆیە نارد مژدەدەر و ترسێنەر بی.

106) قورئانێکە بە جیاجیا ناردوومانە؛ تا هێدیکا بۆ مەردمی بخوێنیەوە و بەرانبەر بە پێویستی ڕۆژ بەڕێمان کرد.

107) بێژە: ئێوە بڕواتان پێ بێ یا نەبێ، ئەو کەسانەی لە پێشوودا [لەمە] ئاگادار کرابوون، هەرگا بۆیان دەخوێننەوە ئەرزینگ دەخەنە سەر زەوی و سوژدە دەبەن.

108) ئەشڵێن: پاکی بۆ پەروەرندەی ئێمەیە، بەڵێنی پەروەرندەمان وا وەدی هات.

109) دەمەوڕوو خۆ تخێڵ دەکەن و دەگرین و ئەمەش خۆ بەکەم زانینیان پتر دەکا.

110) بێژە: هاوار لە خوا بکەن یان هانا بە ڕەحمان بەرن، هەر یەکێکە؛ ئەو ناوی زۆر پیرۆزی هەن. لە نۆژتدا مەقڕێنە و مەش ورتێنە! شێوەیەکی ناونجی بۆ خۆت ڕەچاو کە.

111) بێژە: سوپاس بۆ خودایێ کە هیچ فرزەندێکی بۆ خۆی هەڵنەبژارد و لە موڵکیدا هیچ برابەشێکی نەبووە و بە ناچاری هانای بە کەس نەبردووە و تاریفی گەورەیی بکە؛ تاریفێ کە هێژای ئەوە.