16- نەحل

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 19 خولەک  941 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەوا فەرمانی خودا هات، پەلەی مەکەن. خودا پاکە و گەلێک لەوە بەرزترە کە بێژن هاوکاری هەیە.

2) فرشتەکان وێڕای وەڵامەکانی ئەو - بەپێی فەرمانێ کە ئەیدا - دەنێڕێتە خوارێ بۆ لای هەر کەسێ لە عەبدەکانی کە خۆی حەز کا؛ گەفان لە خەڵکەکە بکەن کە: هیچ شتێ شیاوی پەرستنێ نییە جگە لە خۆم؛ دەبێ هەر لە خۆم بترسن.

3) ئەم عاسمانانە و زەوینەی هەر بۆ ڕاستی داهێناوە. بەرزترە و دوورە لەوەی ئەوان دەیکەن بە شەریکی.

4) بنیادەمی لە تنۆکێک بەرهەم هێنا؛ کەچی بۆتە دوژمنێکی بە ئاشکرا.

5) وڵساتیشی هەر بۆ ئێوە بەرهەم هێنا، کە گەرمایی و بەهرەیان بۆ ئێوە تێدا و لێشیان دەخۆن.

6) لاتان جوان و ڕازاوەن، کاتێک دەیانبەن بۆ لەوەڕ و کاتێکیش دەیانهێننەوە.

7) گرانبارتان ڕادەگوێزێ بۆجێگەی وا کە بۆ ئێوە زۆر دژوار دەبوو بیگەنێ. پەروەرندەت زۆر دڵسۆز و دلۆڤانە.

8) ئەسپ و ئێستر و کەریشی، هەم بۆ سواری هەم بۆ خۆ بە جوان ڕانانی ئێوە چێ کرد. شتی وەهاش دروس دەکا کە نایزانن.

9) خودا هەر هێندەی لەسەرە ڕێگەی ڕاست دەست نیشان بکا. ڕێگەی خێچ و خواریش هەیە. ئەگەر بۆ خۆی بیویستبا، هەمووتانی دەخستە سەر ڕاستەڕێیە.

10) هەر خۆیەسی لەم حەوایە ئاوێکی بۆ داباراندن کە ئێوە لێی ڤەدەخۆن و ڕووەکیشی پێ شین دەبێ و لەو ڕووەکە، وڵساتەکانوو دەچەرن.

11) هەر بەو ئاوە چاندەمەنی و زەیتوون و ڕەز و دارخورماو بۆ دەڕوێنێ و گش بەروبۆتان پێدەدا. ئەمە زۆر بەڵگەی تێدایە بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن.

12) شەو و ڕۆژی بۆ ڕام کردن؛ هەیڤ و خۆر و گش هەسارەش ملکەچی فەرمانی ئەون. لەمەشدا زۆر نیشانە هەن بۆ کەسانێ کە تێدەگەن.

13) لەم زەمینەش گەلێ شتی ڕەنگاوڕەنگی بۆ ئێوە وەدی هێناوە؛ لەمەدا نیشانە هەیە بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن.

14) هەر ئەویشە زەریای خستۆتە بەردەستوو کە گۆشتی تازەی لێ بخۆن؛ خشڵیشی لێی بێننە دەرێ و بە خۆتانیەوە هەڵواسن. ئەوا دەبینی کە گەمیەش سنگی دەریا دەقەڵێشن؛ تا چاکەی ئەوتان دەس کەوێ و بەشکوو شوکرانە بژێر بن.

15) کێوە هەڵەمووتەکانی لەم زەمینە کردە لەنگەر، هەتا ئێوە نەلەرزێنێ و چۆم و ڕێبازیشی شاندان، تا ئێوە ڕێو بدۆزنەوە.

16) نیشانەگەل دیکەش هەن و بە ئەستێرەش ڕێ دەردەکەن.

17) ئاخۆ کەسێ لە چێ کردنێ وەستایە، چلۆن وەک ئەو کەسە وایە، لەو بارە چی لە دەس نایە؟ ئاخۆ ئێوە پەند ناگرن؟

18) ئەگەر هەرچی چاکەی خودایە بژمێرن، لە ژماردن دواییو نایە. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.

19) هەر شتێکی وەیشێرن و هەرچی ئاشکراشی بکەن، خودا دەیزانێ.

20) ئەو شتانەش کە هانایان پێ دەبەن و غەیرەز خودان، لیان نایە هیچ دروس کەن؛ هەر بۆ خۆشیان دروس دەکرێن.

21) مردووێکن گیانیان بە بەردا نەکراوە؛ هەستیش ناکەن کەنگێ زیندوو دەکرێنەوە.

22) خودای ئێوە هەر یەکێکە. ئەو کەسانەی بڕوایان بە دواڕۆژ نییە، دڵەکانیان دژباوەڕن و خۆشیان هەر بە زل دەزانن.

23) بێ گومانە خوا دەزانێ چی لە خودا دەشارنەوە و چی دەردەخەن. خودا لە خۆبەزل زانان خۆشی نایە.

24) هەرگایەکی لێیان پرسی: پەروەرێنتان کام مەبەستی ناردۆتە خوار؟ ئێژن: چیرۆکی پێشینان.

25) دەسا با ڕۆژی قیامەت باری تاوانی خۆیان و ئەو کەسانەش هەڵگرن کە بە بێ زانست، ئەوان لە ڕێان لا دەدەن؛ ئای چەند بارێ نالەبارە!

26) ڕاستت دەوێ ئەوی لە پێش ئەمانەش بوون، دەهۆباز بوون. خودا دام و دەزگایانی لە هیمەوە هەڵتەکاند و میچیشیان بەسەردا ڕما و لە شوێنێکەوە ئازاریان بۆ داباری، کە هەر هەستیشیان پێ نەکرد.

27) پاشان لە ڕۆژی سەڵاشدا ئابڕویان پێوەناهێڵێ و دەڵێ: لەکوێن ئەو شەریکانەم کە ئێوە کێشەتان لەسەردەکردن؟ ئەوانەی ئەهلی زانستن، ئێژن: ئەمرۆ ئابڕووچوون و بەدبەختی خوانەناسانە.

28) ئەو کەسانەی کە پێ مێردی خودا گیانیان لێ دەستێنێ و ستەمیان لە خۆ کردووە، مل ڕادەکێشن و ئێژن: چی خراپن نەکردووە؛ بەڵێ، خودا خۆی دەزانێ کە ئێوە ئاکاروو چۆن بوو.

29) سا لە دەرگای دۆژەهەوە بچنە ئەودیو، تاهەتایە هەر لەوێ بن. ئای کە جێی بادی هەوایان ناهەموارە.

30) لە پارێزگاران دەپرسن: پەروەرندەو چی بە خەڵات ناردە خوارێ؟ ئێژن: هەرچی هەرە باشە. بۆ ئەوانەی لە دنیا خاوەن چاکە بوون، چاکە هەیە و دیارە بارەگای ئەو دنیاش باشترە و ئای کە ماڵی لە خوداترسان چەند خۆشە!

31) دەڕۆنە ناو باغاتێکی وا کە هەرگیز لە بەین ناچێ؛ جۆباریان بەبەردا دەڕوا؛ چی ئارەزوو کەن تیایە. خودا ئاواینە پاداشی خۆپارێزان دەداتەوە.

32) ئەو کەسانەی فرشتە گیانیان دەکێشێ و چاک و پاک لە دنیا دەڕۆن؛ ئێژن: سڵامی خواو لێ بێ و لەباتی کردەوەکانتان دە بچنە ناو بەهەشتەوە.

33) ئاخۆ ئەو خوانەناسانە غەیرەز ئەوە کە فریشتان بێنە لایان، یان فەرمانی پەروەرندەتیان پێ بگا، چاوەنۆڕێکی تریان هەس؟ پێشینەکانی ئەمانەش هەر ئەم ئاکارەیان هەبوو. خوا ناهەقیی لێ نەکردن؛ بەڵام هەر خۆیان ناهەقییان لە خۆیان کرد.

34) سزای ئاکاری خراپیان هاتە ڕێیان؛ ئەو شتەی گاڵتەجاریان بوو ئابڵۆقەی دان.

35) ئەو کەسانەی شەریکیان بۆ خوا پەیدا کرد، گوتیان: ئەر خوا مەیلی لێ با، نە ئێمە و نە باب و کاڵمان، غەیرەز خۆی چن نەدەپەرست؛ هیچمان بێ فەرمانی ئەومان بە ناڕەوا نەدەزانی. ڕابردووەکانی ئەوانەش هەر ولۆبوون. پێغەمبەران جگە لە ڕاگەیاندنی بە ئاشکرا، چی دیکەیان لەسەر هەیە؟

36) بۆ ناو هەموو کۆمەڵەیەک پێغەمبەرێکمان بەڕێ کرد، کە خودا بپەرستن و لە شەیتان دوورەپەرێز بن. بازێ لەوان خودا خۆی شارەزای کردن؛ هێندێکیشیان گومڕایی بە بەژنیان بڕا. دە لەسەر ئەرز بگەڕێن و تواشا کەن چارەنووسی پێغەمبەر بە درۆزن زانان بە کوێ گەیشت.

37) هەرچەندە هەوڵ بۆ شارەزابوونیان بدەی، گومڕایەکان، خوا ڕێگەیان نیشان نادا و کەسیش دەهانایان نایە.

38) بە سوێندەوە ڕەش بوونەوە، کە: وەخودا، خودا کەسێکی کە دەمرێ، تازە زیندووی ناکاتەوە. هەر بەڵێنێ خودا بیدا، هەر دێتە جێ؛ بەڵام زۆربەی ئەو مەردمە دەوەناگەن.

39) تاکوو خودا ئەو شتەی وا ئەوان کێشەیان لەسەر کرد، ئاشکرا کا و با خوانەناسان تێبگەن کەئەوان درۆیان دەکرد.

40) مە هەرچییەک بمانەوێ پەیدا ببێ، هەر هێندەیە کە پێی بێژین: ببە؛ دەبێ.

41) ئەو کەسانەی لەبەر زوڵمێ تەرەبوون و ئاوارەی ڕاهی خودا بوون، لەم دنیایە جێگەیێ باشیان ئەدەینێ و ئەگەر بۆ خۆیان بیزانن، پاداشی ئەولاش باشترە.

42) ئەو کەسانەی خۆڕاگر بوون و خۆیان هەر بە خودا ئەسپارد.

43) لە پێش تۆشدا هەر کەسێکمان بە پێغەمبەری ناردووە - ئیللان و بیللان - پیاو بووە و بە فرشتەدا فەرمانی خۆمان بۆ ناردوون. ئەگەر ئێوە نەوزانیوە، سا لەو کەسانە بپرسن، کە کتێبیان خوێندۆتەوە.

44) بە بەڵگە و نیشانانەوە و بە پەڕەنووسراوانەوە [ئەوانمان نارد]. وا بۆ تۆش ئەم کتێبەن نارد. تا خەڵکی لێ تێبگەیێنی شایەتا بیر بکەنەوە.

45) ئاخۆ ئەوانەی بە فێڵبازی خەریکی بەدفەڕی بوون، ئارخەیانن کە خوا نوقمی عەرزیان ناکا، یان لە شوێنێکەوە - کە هەر بیریشی لێ ناکەنەوە - ئازارێکیان بۆ نابارێ؟

46) یان لە ڕێی هاتوچۆیاندا دەگیریان خا و نەتوانن خۆیان دەرباز کەن؟

47) یان کاتێ کە تووشی ترسن، بیانگرێ؟ سا هەر پەروەرندەی تۆیە وا دڵسۆز و دلۆڤانە.

48) داخوم بە چاو نەیاندیگە، کە هەرچێ خوا دایهاوردگە، سێوەریان بە ڕاس و چەپا - بە ملکەچی - سوژدە بەرەو خوا ئەوەن؟

49) هەرچی لە ناو ئاسمانان و هەرچی لە ناو زەویندا بزاوی هەیە و فریشتانیش، سوژدە بۆ خودا دەبەن و باغریش نین.

50) ترسیان هەیە لە پەروەرندەی بان سەریان؛ هەر فەرمانێکی بۆیان بێ، بە جێی دێنن.

51) خوا وتوویە: با دوو پەرستووتان نەبێ، پەرستوو تەنیا یەکێکە و ئەشێ هەر لە من بترسن.

52) هەرچیش لە ئاسمانەکان و زەویندا هەن، هەر هی ئەون و دینی هەمیشەییش هەر تایبەتی ئەوە. ئاخۆ دەبێ لە غەیرەز خودا بترسن؟

53) هەر بەهرەیەک ڕوو تێدەکا لە خواوەیە؛ پاشان ئەگەر چورتمێکیشتان بەسەر دێ، بەرەو ئەو دەلاڵێنەوە.

54) لە دوای ئەوە بەڵاشی لەسەر لابردن، هێشتا کۆمەڵێک لە ئێوە شەریک بۆ پەروەرندەی خۆ پەیدا دەکەن.

55) هەر تا هەرچی پێمان داون حاشای لێ بکەن. سا ڕای بوێرن، زۆر ناخایەنێ تێدەگەن.

56) لەو بژیوەش کەپێمان دان، بەشێکی دەدەن بەوانەی کە هیچ قازانج و زیانیان لێ نابینن. سوێند بە خودا، لەسەر درۆ هەڵبەستنوو لێ پرسینەوەتان دەبێ.

57) کیژان بۆ خودا دادەنێن - کە ئەو لەو شتانە پاکە - بۆ خۆشیان چی ئارەزوو کەن.

58) هەر کاتێکیش مژدەی کچێ بۆ یەکێک لەمانە بچێ، ڕوخساری ڕەش هەڵدەگەڕێ و لەبەر خۆی پیش دەخواتەوە.

59) لە مەینەتی ئەو هەواڵەی پێیدراوە، لە هۆزی خۆی تەرە دەبێ؛ ئاخۆ بە سووکایەتی بە خێوی بکا، یان دەناخی ئاخی ڕاکا؟ ئای چەند خراپ پێ ڕادەگەن!

60) ئەم کردەوە خراپانە هی وانەیە، کە باوەڕیان بە ڕۆژی سەڵایە نییە. نموونەی باشترین ئاکار، لای خودایە و هەر خۆی خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

61) ئەگەر مەردم لەسەر ناهەقی کردنیان خوداگیر بان، لەم سەرهەدە جووقەواریان لێ بڕا بوو؛ بەڵام دەیانهێڵێتەوە هەتا ڕۆژی دیاری کراو؛ ئەگەر ئەو دەمەش وەختی هات، نە تاوێک وەپێشیان دەخا، نە دەشکرێ بمێننەوە.

62) هەر شتێ پەسندی ناکەن، لایان وایە هی خودایە؛ زمانی فێرە درۆشیان چاکەی دەداتە پاڵ خۆیان. بێ گومانە بەشی ئەمانە ئاگرە و بۆ لای ئەوەش دەدرێنە بەر.

63) سوێند بە خودا، بەرلە تۆش پێغەمبەرانمان بۆ سەر گەلان بەڕێ کردن. شەیتان کردەوەکانیانی بۆ خەمڵاندن؛ کەوا ئەمرۆش دۆستی نزیکی ئەمانە، هەر شەیتانە و بەشیان ئازاری بەژانە.

64) هەر بۆیە ئەم کتێبەمان ئەڕای تۆ هەناردە بەرۆ، کە بەکێشەی نێوان ئەمانە ڕابگەی و ڕێشاندەر و بەزەیی بێ بۆ کەسانی خاوەن باوەڕ.

65) خوا ئاوی لە حەوایەوە داباراند؛ زەوی مردووی پێ ژیاندەوە. کە لەمەدا بۆ ئەوانەی گوێ بیس دەبن، نیشانەیە.

66) لە وڵساتیشا بۆ ئێوە پەندێک هەیە: لە ناو سکیان، لە نێوانی ڕیخ و خوێنڕا، شیرێکی پاک و ڕەوانوو دەرخوارد ئەدەین، بۆ ئەوانەی وەخۆرەوەن گۆارایە.

67) لە بەرهەمی دارەخورما و ڕەزەکانیش، سەرخۆش کەرە و بژیوی باش ڕەنێو دێنن. لەمەشدا نیشانە هەیە بۆ ئەو کەسانەی تێدەگەن.

68) خوا مێشەنگوینی ڕائەسپارد، کە: لە کاوان و داران و ئەو شوێنی هەڵیدەبەستن، شوێنی ژینی خۆت هەڵبەستە.

69) پاشان لە گش بەروبوو بژیوت بمژە؛ ئیتر - بە ملکەچی - ڕێگەی ڕاهێنەری خۆت بگرەبەر. لە دەروونی تراوێکی هەمەڕەنگە دێتە دەرێ؛ مفای بۆ مەردم تێدایە؛ کە لەمەشدا بۆ کەسانێ ڕادەمێنن، نیشانەیە.

70) خودا ئێوەی هەر لە نەبوو دروس کرد و پاشان گیانوو لێ دەستێنێ. تێتاندایە دەبێتە پیری زەمینگیر، تا لەپاش زانینی زۆر شت هیچ شتی لە بیر نەمێنێ. خودا زانایە و توانایە.

71) خودا ڕۆزی هێندێکتانی لە هێندێکان پتر داوە. ئەوی پتریان پێدراوە، بەشی ژێردەستانی خۆیان نادەنەوە؛ کە لەوەشدا وەکوو یەکن. ئاخۆ ئێوە لە بەهرەی خوا حاشا دەکەن؟

72) خودا هەر لە جسنی خۆتان جووتەی دانێ؛ لە هاوجووتان کوڕ و نەوەی پێ بەخشیون و ڕۆزی پەسندی پێداون. چۆن بڕوایان بەو هیچ و پووچانە هەیە و لە بەهرەی خوا حاشا دەکەن؟

73) غەیرەز خودا، شتی وەها دەپەرستن کە لە ناو عەرز و عاسماندا هیچ بژیوێ شک نابەن کە بیاندەنێ و هەر ناشتوانن.

74) ئێوە نەزیلان بۆ خودا مەهێننەوە؛ خودا هەموو شت دەزانێ و ئێوەن کە هیچێک نەزانن.

75) خوا نەزیلێک دێنێتەوە: بەنیەک هەیە هیچ کارێکی لە دەس نایە؛ کەسێکیش هەس بژیوی باشمان داوەتێ، بە نهێنی و بە ئاشکرا بەختی دەکا؛ ئاخۆ وەکوو یەک دێنەوە؟ سوپاس هەر شایانی خوایە؛ بەڵام زۆربەیان نەزانن.

76) ئەمەش بە نەزیلە دێنێ: دوو مرۆ هەن؛ یەکیان لاڵە و هیچ کارێکی لە دەس نایە و سەرباری ئاغای خۆیەتی و بۆ هەر کوێەکی بینێرێ، هیچ بەهرە ناهێنێتەوە؛ لەل ئەو کەسەی فەرمان بۆ یەکسانی دەدا و خۆیشی لەسەر ڕاستەڕێیە، چۆن چون یەکن؟

77) هەر پیوارێ لە ئەرز و ئاسماناندایە، بۆ خودایە. هاتنی ڕۆژی سەڵایەش وەک چاوترووکانێ وایە؛ یا نزیکتر. خوا هێزی بەسەر هەموو شتدا دەشکێ.

78) خودا ئێوەی لە پزدانی دایکتانەوە وەدەرخست؛ کەچی هیچوو نەدەزانی. چاو و گوێچکە و دڵی دانێ، بەشکوو شوکرانەبژێر بن.

79) ئاخۆ پەلەوەر نابینن، کە لە تەشقی عاسمانێ ڕام کراون؟ غەیرەز خوا کێ ڕایاندەگرێ؟ کە لەمەدا نیشانەن بۆ باوەڕداران.

80) خودا خانووی بۆ چێ کردوون کە تێاندا بسێنەوە. ئەنواشی لە پێستی وڵسات بۆ ساز داون کە لە ڕۆژی کۆچ کردنا و لە کاتی مانەوەشتانا، سووک بێ بۆتان. لە هریش و لواو موویان، کەل پەلی پێویستی ماڵ و کاڵا هەیە لە ماوەی گوزەرانوودا.

81) خوا لەوەی خوڵقاندوویەتی، نسێ زۆری بۆ ئێوە وەدی هێناوە و لە کێوانیش پەسیوی بۆ چێ کردوون و جل و بەرگێکیشی بۆتان ساز داوە کە لە کاتی شەڕ و گەرمادا دەوپارێزێ. ئاوا خودا بەهرەگەلی خۆی بۆ ئێوە تەواو دەکا؛ بەڵکوو گوێ بە فەرمانی بن.

82) ئەگەر هەر ڕوویان وەرچەرخاند، ڕاگەیاندنی ئاشکرا، لەسەر تۆیە و هیچی تر نا.

83) بە بەهرەی خودا دەزانن؛ کەچی حاشای لێ دەکەن و زۆربەیان ئەمەگ نەناسن.

84) ڕۆژێ کە لە هەر کۆمەڵێک یەکێ بۆ شایەتی دێنین، ئەوسا ئیزنی [ئاخافتن] بە خودانەناسان نادرێ و عوزریشیان لێ ناپەزێرن.

85) هەرگا ئەوانەی ناهەق بوون، ئازار و جەزرەوەیان دی؛ نە لێیان سڤکتر ئەکرێ و نە هیچ وچانیان پێ دەدرێ.

86) ئەو کەسانەی دەیانوت: خوا شەریکی هەن، هەرکە چاویان بە هاوبەشەکانیان کەوت، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەمانەن هاوبەشەکانمان کە جیا لە تۆ هانامان ئەبردە بەریان. ئەمانە لە جواویانا ئێژن: ئێوە دەرەوان دەبێژن.

87) ئیتر هەر لەوێ ڕۆژێدا ناچار دەبن ملکەچی فەرمانی خوا بن. ئەوەش کەوا هەڵیان دەبەست، هەموو بەفێڕۆ دەردەچێ.

88) ئەوانەی خوایان نەناسی و ڕێگەی خوایان بەربەست ئەکرد، لە جەزای ئەو بەدفەڕیەدا کە دەیانکرد - قات لەبان قات - هەر ئازاریان پتر دەکەین.

89) ڕۆژێ کە لە ناو هەر گەلێ یەک لە خۆیان بە شایەت ڕاست دەکەینەوە، تۆ شایەتی ئێمەی بە سەر ئەمانەوە. ئەم کتێبەشمان بۆ ناردووی، هەموو شت ڕوون دەکاتەوە و ڕێنوێنی و دلۆڤانی و مژدەیە بۆ موسوڵمانان.

90) خوا بە عەداڵەت و چاکە و بەخشین بە خزم و کەسوکار، فەرمان دەدا و ڕێ نادا بە ئاکاری پیس و خراپە و دەسدرێژی. ئامۆژگاریتان لێدەکا بەشکوو پەندی لێ وەرگرن.

91) ئەو پەیمانەش کە دەگەڵ خودای دەبەستن، بە جێ بێنن. سوێندەکانیشوو مەشکێنن؛ پاش ئەوەی کە لێ بڕاون پێکیان بێنن و خوداتان بە چاودێری خۆتان داناوە. دیارە خودا های لە کردەوەتان هەیە.

92) نەچن وەک ژنەکە بکەن، کە ڕیسەکەی - لە پاش کرژی - خاو کردەوە و پس پسی کرد، سوێندەکەتان بکەنە هۆی فریودانێ؛ بەو بەهانەی فڵانەگەل لە گەلێ تر باوخۆشترن. دیارە خودا بەمە تاقیو دەکاتەوە؛ تا لە ڕۆژی قیامەتیشدا بۆتانی ڕۆشن بکاتەو، لەسەرچی پێک نەدەهاتن.

93) ئەگەر خودا کەیفی لێ با، گش دەیکردن بە هاو ئایین؛ بەڵام کەسێ خۆی حەز بکا، گومڕای دەکا و لە کێش حەز کا، دەیخاتە سەر ڕاستەڕێیە. دیاریشە لێتان دەپرسن کە ئێوە چیتان کردووە.

94) بە سوێندانوو یەکتری لە خشتە مەبەن؛ نەکا پاتان پاش پتەو بوونی بخلیسکێ و لەبەر ڕێگەی بەرەو خودا بەستنیشتان، تامی بەڵا بچێژن و جەزرەبەی زۆروو لەسەر بێ.

95) پەیمانی خوا بە نرخی هندک مەفرۆشن؛ گەر تێبگەن، ئەوی لە جەم خوا هەیە زۆر باشترە.

96) ئەوەی ئێوە لە لاتانە لە بەین دەچێ؛ ئەوی لە لای خودا هەیە، هەر دەمێنێ و ئەو کەسانەی خۆڕاگر بوون، لە بەرانبەر کردەوەیان - بە زیادەوە - بۆیان تێهەڵدێنینەوە.

97) هەر کەسێ کرداری باشە و بەباوەڕە - چ نێر، چ مێ - هەتا دەژی وادەکەین بە خۆشی بژی؛ دیاریشە باشتر لەوەی وا کردوویانە، ئێمە پاداشیان دەدەینێ.

98) کاتێ قورئانێ دەخوێنی، هەر پەنا بە خودا بەرە لە شەیتانی تڕۆکراو.

99) ئەو هیچ زۆرێکی نییە بەسەر وانەوە کە بوونە خاوەن باوەڕ و خۆیان بە پەروەرندەیان ئەسپاردووە.

100) ئەو هەر بەسەر ئەوانەدا دەستی دەڕوا، کە خۆیان کردۆتە دۆستی و شەریک بۆ خودا پەیدا دەکەن.

101) هەرگا ئێمە بەڵگەیەکمان بە بەڵگەیێ تر وەگۆڕی - خوداش خۆی چاکتر دەزانێ چی دەنێرێ - ئێژن: خۆت هەڵت بەستووە. نا وا نییە! ئەوان زۆربەیان نازانن.

102) بێژە: گیانە پیرۆزەکە، بەڕاستی لە پەروەرندەتڕا هێناویە؛ هەتا خاوەن باوەڕەکان دڵنیا کا و ڕێشاندەر و مژدە بێ بۆ ئەو کەسانەی موسوڵمانن.

103) ئێمە ئەوە باش دەزانین ئەوان ئێژن: بنیادەمێ فێری دەکا. ئەو کەسەی ئەو نیازیانە لە عارەبیدا کۆڵیە و ئاشکراشە کە زمانی ئەم قورئانە بە عارەبییەکی ڕەوانە.

104) ئەو کەسانەی بە بەڵگەکانی خودایی باوەڕ ناکەن، خودا شارەزایان ناکا و جەزرەبەی بەژانیان دەبێ.

105) هەر ئەوانە درۆ بە دەم خواوە دەکەن، کە بە بەڵگەکانی خودا باوەڕ ناکەن. هەر بۆ خۆشیان درۆزنن.

106) هەر کەس بڕوای بە خودا بووبێ و لە پاشان حاشای لێ بکا، [سزا دەدرێ] مەگین کەسێ ناچار کرێ و لە باوەڕی دڵنیا بێ. بەڵام کەسێ بە حاشاکەی دڵی خۆش بێ، بەر تووڕەیی خوا کەوتوون و ئازاری زۆر دژوار دەدرێن.

107) چون ئەمانە گوزەرانی سەر دنیایان لە دواڕۆز پتر خۆش دەوێ؛ دیارە خوداش گرۆی خودانەناسان شارەزا ناکا.

108) ئەمانە هەر ئەو کەسانەن خودا مۆری بەسەر دڵیانەوە ناوە و چاوی بێ سۆ و گوێی کپ کردوون؛ ئەمانەن بێ ئاگایەکان.

109) دیاریشە لە قیامەتێدا هەر ئەوانن زیانبارن.

110) جا ئەوسا کە پەروەرندەت، لەوانە وا پاش ئەو ئەزموونە سەختانە، زێدی خۆیان بە جێهێشت و چوونە خەزا و خۆڕاگر بوون، پەروەرندەت - پاش ئەمانە - دیارە لەوانە دەبوورێ و دلۆڤانە.

111) لەو ڕۆژەدا کە هەر کەسێک هەر تەنیا کێشەی خۆیەتی و هەر کەس بە پێی کردەوەی خۆی، پاداشی تەواو وەردەگرێ و هیچ ناهەقیان لێ ناکرێ.

112) خوا شارێکی نەزیلە هێناوەتەوە، کە زۆر هێمن و بێوەی بوون؛ لە هەموو ئاقارێکەوە فرە بژیویان بۆ دەهات؛ کەچی لەم هەموو چاکەیەی کە خودا دەربارەی کردن، حاشایان کرد. لە بارتەقای ئەو کردارەی کە دەیانکرد، خودا دەبەرگی برسێتی و ترسی پێچان.

113) پێغەمبەرێک هەر لە خۆیان هاتە لایان، هەموو بە درۆزنیان زانی. جا چونکە هێندە ناهەق بوون، هەموو تووشی تووشی هاتن.

114) لەو بژیوەی خوا پێی داون، بخۆن، حەڵاڵ و زەڵاڵە و هەر شوکرانە بژێری بەهرەکانی بن؛ ئەگەر هەر ئەو دەپەرستن.

115) خودا تەنیا هەر پارێزی بۆ داناون لە مردار و گۆشت بەراز و خوێن و هەرچی ناوی غەیرەز خوای لێ دێنن. کێش ناچار بوو، هەر ئەوەندەی تێری بکا و ئیتر دەست درێژی نەکا؛ ئەوسا خودا گونابەخش و دلۆڤانە.

116) بە درۆ زمانوو نەگەڕێ؛ کە ئەم ڕەوا و ئەم ناڕەواس؛ هەر بۆ ئەوە بە دەم خواوە ڤڕ هەڵبەستن. ئەو کەسانەی درۆ بۆ خوا هەڵدەبەستن ڕزگار نابن؛

117) گوزەرانێکی هندک و ئازاری بەژانیان هەیە.

118) بۆ ئەوانەی جوولەکەشن، ئەو پارێزەمان داناوە کە دەپێشدا بە تۆمان گوت. ئێمە هیچ گا ناهەقییمان لەوان نەکرد؛ ئەوان خۆیان ناهەقی لە خۆیان دەکەن.

119) بۆ ئەوانەی لە نەزانی خراپەیان لێ ڕوو دەدا و لە پاشان دەپرینگێنەوە و دەبنە پیاوچاک، پەروەرندەت - پاش ئەمانە - گونابەخش و دلۆڤانە.

120) ئیبڕاهیم پێشەوایێکی بەرەو هەق چووگ و بەرفەرمانی خودا بوو؛ نە لە ڕێزەی ئەوانە بوو شەریک بۆ خودا دەناسن.

121) چاکەی خودا و لە چاودا بوو؛ خواش بۆ خۆی هەڵیبژارد و شارەزای ڕێگەی ڕاستی کرد.

122) لە دنیا بەهرەمان دایەو لەو دنیاش لە بەرکەتیانە.

123) پاشان بە تۆمان ڕاگەیاند، کە: پەیڕەوی ئایینی ئیبڕاهیمی بەرەو هەق چووگ بە؛ ئەو وێڕای ئەوانە نەبوو کە شەریک بۆ خوا دادەنێن.

124) ڕێزگرتنی ڕۆژی شەممە بۆ ئەوانە بڕیار درا کە کێشەیان لەسەر دەکرد. پەروەرندەت ڕۆژی سەڵا دیارە بەو کێشە ڕادەگا کە لە ناو ئەواندا ڕووی دا.

125) بەکارزانی وئامۆژگاری پەسند، مەردم بەرەو ڕێگەی پەروەرندەت گازی بکە و بە چاکترین شێوە لەگەڵیانا بدوێ. پەروەرندەت لەو کەسانەی لە ڕێگەی ئەو لایانداوە - لە گش کەس - ئاگادارترە و هەر خۆیشی باشتر دەزانێ کێیە لەسەر ڕاستەڕێیە.

126) ئەگەر تۆڵە دەستێننەوە، داربەدار بێ و پتر نەبێ؛ خۆ ئەگەر خۆڕاگریش بن، دیارە بۆ خۆڕاگرەکان زۆر باشترە.

127) خۆڕاگر بە! دیارە خۆڕاگرتنیشت هەر بە خوایە و خەمیان مەخۆ و لەو گزی و فێڵانەش دەیکەن، دڵتەنگ مەبە.

128) بێ سۆ خودا وێڕای خۆپارێزان و چاکەکارانە.