15- حیجر

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 7 خولەک  941 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، ڕا. ئەمانە بەڵگە و نیشانەی ئەم کتێبەن کە قورئانە و چاک و خراپ نیشان دەدا.

2) هیچ دوور نییە ئەوانەی خودانەناسن، ڕۆژێ بێژن: خۆزی موسوڵمان بووینایە.

3) لێیان گەڕێ بخۆن و خۆش ڕاببوێرن و ئارەزوو سەرگەرمیان بکا؛ زۆر ناخایەنێ دەزانن.

4) ئێمە خەڵکی هیچ شارێکمان توونا نەکرد، مەگین پێشان دیاردەیەکیان بۆ نووسرابێ.

5) هیچ تیرەیەک بەر لە رۆژی خۆی نامرێ و هەرگیز وەپاشیش ناخرێ.

6) وتیشیان: کاورای کە ئەوشی «ئەم قورعانە بۆ من بە خەڵات هاتووە»، بەڕاستی تۆ پیاوێ لیوەی.

7) ئەگەر قسەکانت ڕاستن، دەی بۆ فریشتەکان ناهێنی بۆ لامان؟

8) ئێمە فریشتە نانێرین مەگین بە هەق؛ جا ئیتریش قان نادرێن.

9) مە خۆمان ئەم قورعانەمان ناردۆتە خوار، هەر ئێمەشین دەیپارێزین.

10) بەرلە تۆش پێغەمبەرانمان ناردۆتە ناو کۆمەڵەکانی پێشوونە.

11) هیچ پێغەمبەرێک نەهات بۆ لایان مەگەر، دایانە بەر گاڵتە و تەشەر.

12) ئەمەش ئێمەین کە دەیخەینە دڵی تاوانبارانەوە.

13) بڕوایە بە مە ناهێنن و شێوەی پێشینەکانیشیان هەر وابووگە.

14) تەنانەت ئەگەر دەرکێکیان لەم ئاسمانە بۆ بکەینەوە و خەریکی سەرکەوتنێ بن،

15) بێ شک ئێژن: ئێمە چاومان بەستراوە و دیارە جادوومان لێکراوە.

16) لەم ئاسمانە چەند برجێکمان هەڵناوە و خەمڵاندوومانە بۆ ئەوانەی سەیرێ دەکەن.

17) ئەوانەشمان لە گش شەیتانێکی تڕۆکراو پاراست.

18) مەگین ئەوەی کۆڵە دەکا؛ کە ئاگرێکی ڕووناک ڕاوی دەنێ.

19) زەویشمان کردە ڕایەخ و کێواتیشمان هاویشتە ناو. هەموو جۆرە ڕووەکێکمان بە تەکووزی تیا ڕوواند.

20) مایەی گوزەرانی ئێوە و بوونەوەرانی جیا لەنگۆ - کە ئێوە بژیویان نادەن - لەوێدا پێکمان هێناوە.

21) گەنجینەی هەموو شتێکیش لای ئێمەیە و ئەوەشمان هەر بە ئەندازەی دیاری کراو ناردۆتە خوار.

22) بامان ناردن ئاوس بکەن؛ لەو هەواشە ئاومان هەنارد و ئێوەمان پێ تێراو کرد. ناشتوانن ئەو ئاوە لە لای خۆ ڕاگرن.

23) هەرخۆمانین گیان بەخشین و گیان ئەستێنین؛ ئێمەش میراتبەری هەمووین.

24) ئاگادارین لەوانەی بەرلە ئێوە بوون. دەشزانین کێن ئەوانی لە دوای ئێوە دێن.

25) پەروەرندەت هەموویان کۆ دەکاتەوە، هەر خۆی کارزان و زانایە.

26) ئێمە مرۆمان دروست کرد، لە قوڕە ڕەشەی بۆگەنیوی ڕەق هەڵاتوو.

27) لەمەوبەریش جنۆکەمان ئافراندووە، لە ئاگرێکی بەهاڵاو.

28) کاتێ پەروەرندەت بە فریشتانی گوت: وا من مرۆم لە قوڕە ڕەشەی بۆگەنیوی وشکەڵاتوو چێ کردووە؛

29) هەرگا ڕێک و پێکم کرد و لە گیانی خۆم فووم پێدا کرد، ئێوە بۆ سوژدە بۆ بردن داوەرنەوە و دەمەوڕوو بن.

30) فریشتە گش سوژدەیان برد؛

31) مەگین ئیبلیس، ملی نەدا دەگەڵ سوژدەبەرەکان بێ.

32) گوتی: ئەی ئیبلیس! تۆ چیتە، دەگەڵ ئەم سوژدەبەرانە سوژدە نابەی؟

33) گوتی: من چۆن سوژدە دەبەم بۆ مرۆیەک، لە قوڕە ڕەشەی بۆگەنیوی ڕەق هەڵاتووت چێ کردووە؟

34) گوتی: سا لێرە دەرکەوە، تۆ [لە لای من] دەرکراوی.

35) نفرەی خودا لەسەر تۆیە، تا ڕۆژی پێ ڕاگەیشتن.

36) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! مەودام بدە تا ڕۆژێ زیندوو دەبنەوە.

37) گوتی: بڕۆ، تۆ لە مۆڵەت دراوانی؛

38) هەتا وەختی دیاری کراو.

39) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! هەر چونکە تۆ گومڕات کردم، لە ڕووی زەمین خراپەیان وەها لەبەر دەخەمڵێنم، گشتیان لە ڕێ هەڵە دەکەم؛

40) مەگین عەبدە دڵ و دەروون پاکەکانت.

41) گوتی: ئەمە ڕێگەی ڕاسی بەرەو منە.

42) عەبدانی من - جیا لەوانەی شوێن تۆ کەوتوون و گومڕا بوون - لەوانە نین تۆ بتوانی دەرۆستیان بێی.

43) جەحەندەمیش جێژوانێکی هەمووانییەو،

44) حەو درگای هەس. بۆ هەر درگایەک لەمانە پاژێکی لێ بەش کراوە.

45) پارێزگاران لە باغات و کانیاوانن.

46) بچنە ژوورە و بە هێمنی و خاترجەمی.

47) هەر کینەیەک لە سینەیان بوو، دان ماڵی. دەبنە براو لە بان تەختان هەموویان هەمبەر بە یەکن.

48) لەوێدا نەماندوو بوونە و نە هەرگیز لێی دەردەکەون.

49) خەوەر بدە بە عەبدانم، کە هەر خۆمم لە گوناهان دەبوورم و دلۆڤانم.

50) جەزرەبەشم زۆر بەژانە.

51) باس و خواسی میوانانی ئیبڕاهیمیشیان بۆ بێژە.

52) کاتێ لێی چوونە ژوورەوە و گوتیان: سەلام. گوتی مە لێتان دەترسین.

53) گوتیان: ترست ڕێ نەنیشێ؛ ئێمە مزگێنیت ئەدەینێ تۆ کوڕی زۆر زانت دەبێ.

54) گوتی: منێکی هێندە پیر، بە چیم مزگێنی دەدەنێ؟

55) گوتیان: ئەو مژدەی پێماندای، ڕاستە و دەبێ و لە هەیڤی بڕاوان مەبە.

56) گوتی: کێ لە بەزەیی خودا بێ هومێدە، مەگین لە ڕێ لادەرەکان؟

57) گوتی: ئێوە ڕاسپاردەکان! کارتان چییە؟

58) گوتیان: ئێمە بۆ سەر گەلێکی تاوانبار ناردراوین.

59) مەگین خاوخێزانی لووت، کە هەمویان ڕزگار دەکەین.

60) غەیرەز ژنی، کە بڕیارمان داوە دەبێ جێ بمێنێ.

61) کاتێ کە ڕاسپاردەکان بوونە میوانی ماڵی لووت،

62) گوتی: ئێوە کەسانێکن ناتان ناسین.

63) گوتیان: بەڵام ئێمە شتێکمان هێناوە، کە ئەوانە لێی دوودڵ بوون.

64) ڕاستیمان بۆ تۆ هێناوە و ئێمە دیارە درۆ ناکەین.

65) کە چەند بەتڵێک لە شەو بووری، تۆ خاوخێزانت بەرە و، خۆت لە دوایان وەڕێ کەوە. کەسیش ئاوڕ نەداتەوە، بۆ کوێتان ڕێ نیشان دەدرێ، بۆ وێ بچن.

66) نووک و بەدی کارەکەمان لە پێش دانا؛ کە لە دەمی بەیان بەر بوون ئەمانە دوابڕاو دەبن.

67) خەڵکی شاریش - وەهەلهەلە کێشانەوە - پەیایان بوو.

68) گوتی: ئەوانە میوانمن، ڕوو زەردی ئەوانەم مەکەن.

69) ترستان لە خودا هەبێ و ئابڕووم مەبەن.

70) گوتیان: ئەدی پێن نەوتووی نابێ کەس تخوونت کەوێ؟

71) گوتی: ئەوا کیژەکانم، چیتان دەوێ وەرن دەگەڵ وانی بکەن.

72) دەبەگیانی خۆت سوێندە کە، ئەوانە لەبەر سەرخۆشی، سەرگەردان بوون.

73) دەگەڵ گزینگی هەتاوێ شریخە و گرمە گرتنی.

74) هەموومان ژێروڕوو کرد و بارانێکمان لە کەستەکێ - کە ببووە بەرد - لەسەر ئەمانە داباراند.

75) بەراستی لەم ڕووداوەدا زۆر بەڵگە هەن بۆ ئەوانەی کە وشیارن.

76) ئێستاش شوێنەواری ئەوان لەسەر ڕێکی ئاوەدانە.

77) ئا لەمەدا نیشان زۆرن بۆ ئەوانەی بەباوەڕن.

78) خاوەنانی بێشە و داریش هەروا لەسەر ناهەقی بوون.

79) تۆڵەن لەوانیش کردەوە؛ کە هەر دووکیان وان لەسەر کاروانەڕێیە.

80) خەڵکی «حیجر» یش پێغەمبەرەکانی خۆیان بە درۆزن لە قەڵەم دا.

81) نیشانەی خۆشمان بۆ ناردن، کە هیچیان لێ نەسەلماندن.

82) لە کاواندا خانووگەلێکیان دەتاشی، هەتا لێیان ئارخەیان بن.

83) تا لەبەرە بەیانێکدا شریخە و گرمە گرتنی.

84) هەرچی پەیدایان کردبوو هیچ بەهرەیەکی بۆ نەدان.

85) ئاسمانەکان و زەوین و هەرچی لە ناو ئەو دووانەیە، بۆ ڕاستیمان وەدی هێنان. ڕۆژی قیامەتیش هەر دادێ؛ سا تۆ گەرەک چاوپۆشی بکە بە پیشە و چاوپۆشیت بێ گازندە بێ.

86) بێ گومان بە، هەر پەروەرندەت وەدی هێنی زانایە.

87) ئێمە حەو نیشانەکانی فاتیحامان داوە بە تۆ و قورئانی گەورەش هەروەتر.

88) چاوت مەدە سەر ئەو شتەی کە داومانە بە دەستەگەلێ لەوانە و خەمیان مەخۆ؛ تۆ هەر باوەڕدارەکان بخە ژێر باڵت.

89) بێژە: من ترسێنەری ڕوون کەرەوەم.

90) هەروەک ئەوەی هەناردمان بۆ بەشکەرەکان؛

91) ئەو کەسانەی قورئانیان دابەش دابەش کرد.

92) سوێندەکە بە پەروەرندەت، لە هەمووان دەپرسینەوە.

93) بۆ ئەو کارانەی دەیانکرد.

94) هەر فەرمانێک بە تۆ دەدرێ، ئاشکرای کە و لە بتپەرستان واز بێنە.

95) ئەو کەسانەی گاڵتەی خۆیان بە تۆ دەکرد، ئێمە لێخەتمان کردنەوە.

96) ئەو کەسانەی - وێڕای خودا - شتی تریش دەپەرستن، لە دواییدا لێی تێدەگەن.

97) ئێمە ئاگامان لێ هەیە کە تۆ لە گفتی ئەمانە دڵتەنگ دەبی.

98) سا هەر شوکری پەروەرندەی خۆت لە بیر بێ و لە ڕێزەی سوژدەبەران بە.

99) پەروەرندەت بپەرستە تا ئەو کاتەی کە شتە بێ گومانەکەت لێ ڕوودەدا.