14- ئیبراهیم

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 9 خولەک  793 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، ڕا. کتێبێکە بۆ تۆمان ناردە خوارەوە، هەتا خەڵکی - بە ئیزنی پەروەرندەیان - لە تاریکی بەرەو ڕووناکی وەگوێزێ؛ ڕێگەی خاوەن دەستەڵاتی شایانی هەموو پەسنێکیان نیشان بدەی.

2) ئەو خودایەی هەرچی لە عاسمانەکان و زەمیندان، گش هی ئەون. واوەیلا بۆ خوانەناسان لە جەزرەبەی زۆر توندوتیژ.

3) ئەوانەی ژینی دنیایان لە هین ئەولا پێ باشترە، دەبنە لەمپەر لە ڕای خودا و گەرەکیانە خواروخێچ بێ؛ ئەوانە لە گومڕاییدا زۆر پێوە چوون.

4) هیچ پێغەمبەرێکمان نەنارد، مەگین بە زوان گەلەکەی خۆی؛ تا هەقیان بۆ ڕوون کاتەوە. خودا هەر کەسێ حەز بکا گومڕای دەکا و کێشی بوێ شارەزای ڕاستەڕێی دەکا و هەر خۆی خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

5) مووساشمان وێڕای چەند بەڵگەی لە خۆمانەوە ڕائەسپارد، کە: هۆزی خۆت لە تاریکایی ڕزگار کە و بەرەو ڕووناکایی بەرە؛ ڕۆژەکانی خودایان وەبیر بێنەوە؛ کە ئەم کارە بۆ هەموو خۆڕاگرێکی سوپاسگوزار زۆر پەندی باشی تێدایە.

6) ئەوسا مووسا بە هۆزەکەی خۆی ڕاگەیاند: ئەو چاکەیەی خودا دەربارەی ئێوەی کرد، لە بیر مەکەن؛ کە لە دەستی فیرعەون و دارودەستەکەی دەری هێنان؛ زۆر خراپ ئازاریان دەدان، کوڕەکانیان لێ سەر دەبڕین، ژنەکانیان بە زیندوویی دەهێشتەوە و ئەمەش ئەزموونێ گەورە بوو لەلایەن پەروەرندەوڕا.

7) پەروەرندەتان ڕای گەیاند: ئەگەر شوکرانە بژێربن، بۆو زیاد دەکەم؛ خۆ ئەگەر سەرپێچی بکەن، جەزرەبەم زۆر توندوتیژە.

8) مووسا گوتی: جا ئەگەر ئێوە و هەر کەسێ لەم عەردەیە ناسوپاس بن، خوا نیازی بە کەس نییە و هەر شیاوی تاریف کردنە.

9) ئاخۆ ئێوە دەنگوباسی ئەوانەتان نەبیستووە کە بەرلە ئێوە ژیاون؟ وەک هۆزی نووح و هۆزی عاد و سەموود و ئەوانەی لە دووی ئەوان بوون؛ کە خوا نەبێ، هیچ کەسی تر نایانزانێ. پێغەمبەرەکانی ئەوان بە بەڵگەی زۆر ئاشکراوە هاتنە لایان. گشتیان دەسیان خستە ناو دەمی خۆیان و گوتیان: ئێمە بەو شتانەی ڕاسپێراون باوەڕ ناکەین؛ لەوەش ئێمەی بۆ بانگ دەکەن، زۆر بە گومانین.

10) پێغەمبەرەکانیان وتیان: ئاخۆ ئێوە لە داهێنی عەرز و عاسمانان بە شکن؟ بانگتان دەکا تا لە گوناحانوو خۆش بێ و تا ماوەیەکی دیارکراو لێو ڕاوەستێ. گوتیان: ئێوە هەر بنیادەمە خۆمانەن؛ گەرەکتانە لەوانەی کە باب و کاڵمان دەیانپەرست، وەرمانگێڕن؟ سا هەر بەڵگەیێ پتەوتان لە جانتادا، پێن بنوێنن.

11) پێغەمبەرەکانیان وتیان: ئارێ ئێمەش بنیادەمێکین وەک ئێوە؛ بەڵام خودا لە هەر عەبدێکی خۆی حەز کا، بە چاکە دەیخوێنێتەوە؛ بۆ مە ناشێ هیچ بەڵگەیەکتان بۆ بێنین، مەگین خۆی ئیزنی لەسەر بێ. با هەرچی خاوەن باوەڕن، خۆیان بدەنە دەس خودا.

12) جا چۆن ئێمە خۆمان بە خودا ناسپێرین، کە هەر بۆ خۆی ڕێگەی ڕاستی نیشان داوین؟ هەر ئازارێکیشمان بدەن، خۆڕادەگرین. با ئەوانەش خوا بە پشتیوان دەزانن، خۆیان بدەنە دەس خودا.

13) ئەوانەی دژی خودا بوون، بە پێغەمبەرەکانیان گوت: ئێمە دیارە لەم سەرزەمینەی خۆمانتان وەدەر دەنێین، یان دێنەوە سەر ئایینەکەی خۆمان. پەروەرێنیان تێیگەیاندن: ئێمە ناهەقییکارەکان گەرەک قڕ کەین.

14) لە پاش ئەوان لەم عەرزەدا ئێوەی لێ دادەمەزرێنین؛ ئەمەش لەمەڕ کەسانێکە کە لە پایەبەرزی من و لە هەڕەشەی من دەترسن.

15) داوایان کرد خودا دەروێکیان لێ وەکا. هەر کەسێکیش کە ملهوڕ و لاسارێک بوو، ناهومێد بوو؛

16) لە دواشیەوە جەهەندەمە و ئەشێ زووخاو بخواتەوە.

17) فڕی دەکا بەڵام بە قێز و بێزەوە و لە گش لاوە مەرگی بۆ دێ کە ناشمرێ و جەزرەبەی هەرە بەژانیش بە دوایەوە.

18) ئەوکەسانەی لە پەروەرێنەکەی خۆیان حاشادەکەن، نەقڵیان نەقڵی ئەو بوڵەیە کە لەرۆژی ڕەشەبادا بای لێ هەڵکا. لەوەش بەدەسیان هێناوە، ناتوانن بەهرەیەک ببەن. ئەمەیە لە ڕێ لادانێ کە زۆر لە ڕێ وەلا کەوتوون.

19) تۆ نابینی خودای مەزن عاسمانەکان و زەمینی هەر بۆ ڕاستی چێ کردووە؟ ئەگەر خۆی مەیلی لەسەر بێ، ئێوە دەبا و سەرلەنوێ ئی تر چێ دەکا.

20) کە ئەم کارەش لەبەر خودا گران نییە.

21) گشت لە گشتیان لە لای خودا کۆ دەبنەوە. کەم دەستەکان بە باغرەکانیان ئێژن: ئێمە پەیڕەوی ئێوە بووین؛ ئاخۆ ئێوە پێتان دەکرێ لە سزادانی خودامان بپارێزن؟ ئێژن: ئەگەر خودا ئێمەی شارەزای ڕێ بکردایە، دیارە ئێمەش ئێوەمان ڕەگەڵ خۆ دەخست. ئێستا بۆ هەموو لایەکمان - لەسەرخۆ بین یا بیکەین بە دادوهاوار - هیچ دەرەتانێک نەماوە.

22) لە پاش کارلەکارترازان، شەیتان دەڵێ: خوا بەڵێنی ڕاستی پێدان، منیش بەڵێنی خۆم پێدان؛ بەڵام درۆم دەگەڵ کردن. هیچ زۆرێکیشم بەسەرتانەوە نەبوو؛ غەیرەز ئەوە گازیم کردن، ئێوە بە دەنگمەوە هاتن. ئێوە سەرکۆنەی من مەکەن، سەرزەنشتی خۆتان بکەن؛ ناشتوانم دەفریاتان بێم؛ هەر وەک ئێوە ناتوانن بە فریام بگەن. لەمەش کە لە پێشوودا منتان بە شەریکی خوا زانی، حاشام هەیە. بێگومانە ئەوانەی ناهەقییکارن، ئازاری بەژانیان دەبێ.

23) ئەو کەسانەش کە بڕوایان بە خوا هەیە و ئاکارچاک بوون، بە ئیزنی پەروەرندەیان دەبرێنە ناوەند باغاتێک ڕووباریان بە بەردا دەڕوا و تاهەتایە لەوێ دەبن و هەر بە سەلام، خۆشی و بێشی لێکتر دەکەن.

24) نەودی خودا چلۆن مەسەل دێنێتەوە؟ قسەیەکی بە ڕێ و جێ، بە شەنگەدارێک دەشبهێ، ڕەگی قایم داکوتاوە و لقی لە تەشقی ئاسمانە.

25) بە ئیزنی ڕاهێنەرەکەی خۆی چوار فەسڵە میوەی دەبێ. خوا نەزیلان بۆ ئەوخەڵکە دێنێتەوە، بەشکوو پەندی لێ وەرگرن.

26) نەزیلەی قسەی نابەجێش وەکوو پنجێکی ناجسنە، کە لە زەمین هەڵکەنرا بێ و هەر خۆی نەگرێ.

27) خودا لە دنیا و سەڵادا، بە قسەی پتەو بڕواداران توندوقایم دەکاتەوە. ناهەقیکارانیش لە رێگە لا دەدا. خودا چۆنی بوێ دەیکا.

28) ئەدی نەت دی ئەو کەسانەی ناشوکریان لە بەرانبەر چاکەی خودادا کردەوە و گەلی خۆیان بەرەو هەڵدێری زۆر هەتەر ڕەتاندووە،

29) لە دۆژەها هەڵدەچۆقێن؛ پیسترین بنکەیان هەیە؟

30) هاوتاشیان بۆ خوا بڕیاردا، تا [خەڵکی] لە ڕێی کلا کەن. بێژە: جارێ خۆش ڕابوێرن! چارەنووستان ئاگر دەبێ.

31) تۆ بە عەبدە باوەڕدارەکانم بێژە نوێژ بکەن و لەو بژیوەی بەشمان داون - پەنامەکی و بە ئاشکرا - خێرێ بکەن؛ بەرلەوە ئەو ڕۆژە دابێ کە نە کڕین و فرۆشتنێ لە گۆڕێیە و نە دۆستایەتی و هەواڵێ.

32) ئەو خودایەی ئاسمانەکان و زەمینی داهێناوە و لە حەواوە ئاوێکی داباراندووە، بەروبووی بژیوی ئێوەی پێ دەڕوێنێ؛ گەمیەشی داوەتە دەستوو - کە هەر بە پێی فەرمانی ئەو - لە زەریادا بێت و بچێ و ئەم هەموو ڕووبارانەشی بۆ ڕام کردوون.

33) خۆر و هەیڤی بۆ ئێوە خستۆتە بەرکار؛ وەستان و وچانیان نییە. ئەم شەوگار و ڕۆژگارەشی هەر بۆ ئێوە دەستەمۆ کرد.

34) هەرچی لێتان خواستووە، پێی ڕەوا دیون. ئەگەر بێنە سەر ژماری چاکەی خودا، لە ژماردن دادەمێنن. بەڕاستی کە مرۆ گەلێ ناهەقییکار و سپڵەیە.

35) کاتێ کە ئیبڕاهیم گوتی: پەروەرندەم! هێمنایی بدە بەم شارە و من و زاروڵەکانیشم لە بتپەرستی دوورخەوە.

36) پەروەرندەم! ئەو بتانە خەڵکێ زۆریان لە ڕێ لادا؛ سا هەر کەسێ شوێن من کەوت، ئەو لە خۆمە؛ هەر کەسێکیش لێم یاخی بوو، ئەوسا ئەتۆ خەتا بەخشێ دلۆڤانی.

37) پەروەرندەی هەموو لامان! من لە ناو شیوێکی قاقڕ، لە پەنا ماڵی پیرۆزت، یەکێ لە زارۆڵەکانم جێ کردەوە. پەروەرێنمان! بۆ ئەوە کە نوێژان بکەن. دەسا تۆش کارێ وا بکە خەڵک بە دڵ خۆشی بوێن و لە بژیویش بەشیان بدە؛ شایەتا شوکری تۆ بکەن.

38) پەروەرێنمان! هەرچی نهێنی و ئاشکرای ئێمە هەبێ، تۆ دەیزانی و هەرچییەک هەیە - چ لە عەرز چ لە عاسمان - هیچی لە خودا گوم نابێ.

39) شوکرانە بۆ ئەو خودایە کە - بە پیری - ئیسماعیل و ئیسحاقی بە من بەخشیوە. پەروەرندەم نزای نزاکار دەبیسێ.

40) پەروەرندەم! کارێ بکە منیش و فرزەندانیشم سوور بین لە سەر نوێژ خوێندنێ. پەروەرێنمان! دوعایەکەم قبووڵ بکە.

41) پەروەرێنمان! ڕۆژی ژمار کە دامەزرا، لە منیش و دای و بابم و هەموو خاوەن باوەڕانی دیکەش خۆش بە.

42) پێت وانەبێ خودا لە کردەی زاڵمان بێ ئاگایە؛ بەڵام دەیانهێڵێتەوە تا ئەو ڕۆژەی کە لەویدا هەموو چاو مۆلەق دەوەستن.

43) لە ترسانا بەلەز دەچن؛ سەروگەردنیان ڕەق بووە؛ چاوەکانیان ناترووکێنن و دڵیان بەتاڵ و حەتاڵە.

44) هەڕەشە لەو خەڵکە بکە، لەو ڕۆژە کە جزیا دەدرێن. ناهەقکاران ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! تۆ هەر کەمێک مۆڵەتن دە هەتا بە دەنگتەوە بین و وەشوێن پێغەمبەران کەوین. ئاخر هەر بۆ خۆتان نەبوون کە لە پێشوو سوێندوو دەخوارد، کە هەرگیز لە بەین ناچن؟

45) هەر چوونە جێگەی ئەوانەش کە ناهەقییان لەخۆ دەکرد و تێش گەیشتن کە چیمان بەسەر وان هێنا و زۆر نەزیلەشمان بۆ گوتوون.

46) مەکری خۆیان دەکار هێنا و مەکرەکەشیان لە خواوە بوو؛ هەر چەند ئەو مەکرەی ئەو کردیان، چیاشیان پێ هەڵدەتەکان.

47) پێت وانەبێ خوا لەو بەڵێنانەی کە بە پێغەمبەرانی خۆی داوە، هیچگا پاشگەز دەبێتەوە. خودا خاوەن دەستەڵاتی تۆڵەستێنە.

48) ڕۆژێ زەمین دەگۆڕدرێت و دەبێتە زەمینێکی تر؛ ئاسمانەکانیش هەروەها؛ ئەوسا هەموو دێنە بەر بارەگای خودای تاک و تەنیا و زاڵ بەسەر هەموو شتێکا.

49) ئەوێ ڕۆژێ تاوانبارەکان دەبینی بە زەنجیر جەلە کراون.

50) پۆشاکیان قەترانی ڕەشە و ڕوویان ئاگر دای پۆشیوە.

51) هەتا خودا هەر کەسێکی - بە گوێرەی ئاکارێ کردی - جزیا بدا. خودا - بەلەز - بە گش حیسابان ڕادەگا.

52) ئەمە جارێکە بۆ مەردم تا بەو بۆنەوە بترسن و بیشیزانن کە ئەو خوایەکی یەکتایە و تا خاوەن ئاوەزەکانیش ئامۆژگاری لێ وەرگرن.