13- ڕەعد

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 9 خولەک  817 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، میم، ڕا. ئەمانە چەند نیشانێکی ئەم کتێبەن. ئەوەی لە پەروەرێنتەوە بۆ تۆ هاتۆتە خوارەوە، دیارە ڕاستە؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە بڕوا ناکەن.

2) خودایێکە ئاسمانەکانی بەرزۆ کرد،، بێ هەستوندەک، کە لێو دیارن؛ جا ئەوساکە نیشتە سەر تەخت. خۆر و هەیڤیشی خستە کار؛ هەر یەکەیان بۆ ماوەیەکی دیارکراو دێن و دەچن. خۆی بە کاروبار ڕادەگا و نیشانان شی دەکاتەوە؛ بەشکوو ئێوە لە دیداری پەروەرندەو بێ گومان بن.

3) هەر ئەمیشە ئەم زەمینەی ڕاخستووە و گەلێ کێوات و ڕووباری لێ ئافراند و ئەوگ ش بەروبووە زۆرەشی - کە هەمووی کردوونە جووتە - لەوێدا بەدی هێناوە؛ شەو بەسەر ڕۆژ هەڵدەکێشێ. ئەمانە گشتی نیشانەن بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن.

4) لەم هەردەدا گەلێک پارچە بە پەنا یەکترییەوە هەن. هەروەها باغاتی ڕەز و زەوی و زار و دارخورمای لفی یەکتر و لێک جودا؛ گش لە یەک ئاو پاراو دەبن؛ [بەڵام] تام و چێژەی بڕێکیان بەرانبەر بە بڕێکی تر وەسەر دەخەین.

5) ئەگەر تۆ سەیر دەمێنی، سەیر وا لە قسەکانیاندا کە دەبێژن: ئاخۆ ئەگەر دەبینە ئاخ، سەرلەنوێ ساز دەکرێینەوە؟ ئا ئەمانەن لە پەروەرندەکەی خۆیان حاشا دەکەن؛ ئەوانە تۆقی ئاسنیان لە ملدایە و ئەوانە یاری ئاگرن و تاهەتایەی تێدا دەبن.

6) بەر لەوە پاداش و چاکەت لێ بخوازن، بە هەڵپە و لەز، ئازارت لێ داوا دەکەن. بەرلەوانیش زۆری وا بوون تووشی جەزرەبە کراون؛ گەرچی مەردم ستەمکار بن پەروەرندەت بەخشەندەیە و لە تۆڵەشدا توند و تیژە.

7) خودانەناسەکان ئێژن: ئەدی بۆچی لە پەروەرندەی خۆیەوە بەڵگەیەکی پتەوی بۆ نەهاتگە؟ تۆ هەر تەنیا ترسێنەرێکی و هیچی تر؛ بۆ هەر گەلێک لە گەلانیش ئەشێ ڕێشاندەرێک هەبێ.

8) لە تۆلی هەر مێچکەیەکدا هەرچی هەیە خوا دەیزانێ و دەزانێ چی دێتەسەرێ و چیشی لێ کەم دەبێتەوە. هەموو شتێک لە لای ئەو ئەندازەی هەیە.

9) لە نەدیاران و لە دیاران ئاگادارە و جێ بەرزی هەرە مەزنە.

10) هەرکێ لەنگۆ پەنامەکی قسە بکا و دەنگ هەڵبڕێ، یان لە شەودا خۆپەنا دا و لە ناو ڕۆژی ئاشکرادا بێت و بچێ، لای ئەم گشتی وەکوو یەکە.

11) لە پێشیەوە و لە دوایەوە، فریە پەیجۆری وای هەیە کە بەپێی فەرمانی خودا دەیپارێزن. خوا لە هیچ گەلێک ناگۆڕێ، تا ئەوان دڵیان نەگۆڕن. ئەگەر خودا گەرەکی بێ تیرەیەک تووشی بەڵا بن، هیچ لەمپەری نایەتە بەر و خواش نەبێ، هیچ کەس دۆستایەتییان ناکا.

12) هەر خۆیەتی - بۆ ترسان و تەماداری - برووسکەتان بەرچاو دێنێ و هەوری پڕ دادەوەستێنێ.

13) هەورەکان و فرشتەکان - لە سامی ئەم - هەمیشە هەر پەسن دەدەن. هەورەتریشقەش دەنێرێ، کێ حەز بکا تووشی دەکا؛ کەچی ئەوان لەمەڕ خودا کێشەیانە و خوا لە جزیادانا گەلێ توندوتیژە.

14) نزای هەقیش هەر بۆ ئەوە [تەنها هاوار لە خوا بکەن]. ئەو کەسانەی گاسی غەیرەز خودا دەکەن، کەسیان بە دەنگەوە نایە. وەک کەسی وان کە هەر لە دوور دەستی بۆ ئاو ڕابدێرێ و حەز بکا بێتە دەمیەوە و ناشیگاتێ. نزای خودانەناسەکان گش پووچە و بەفیڕۆ دەچێ.

15) هەرچییەک هەیە لە نێوانی ئەم عاسمانانە و زەوینە - خوانەخوایی - خۆیان و سێبەرەکانیان هەموو بەیانی و ئێواران، گشتیان سوژدە بۆ خوا دەبەن.

16) بێژە: کێیە ڕاهێنەری ئەم عاسمانان و زەوینە؟ بێژە: خودا. بێژە: ئاخۆ گەورەگەلێکتان بۆ خۆتان نەقاندووە، کە قازانج و زیانی خۆشیان بە دەس نییە؟ بێژە: ئاخۆ کوێر و بینا بەرانبەرن؟ یاخۆ تاریکی و ڕووناکی سەربەسەرن؟ یان ئەوانە شتی وایان بە شەریکی خوا داناوە کە وەکوو ئەو چێکراویان چێ کردووە و، وەک ئەوەیە کە خودا دروستی دەکا و تیا سەریان لێ شێواوە؟ بێژە: هەر شتێکی هەیە، گشتی دەسکاری خودایە و هەر ئەمیش تاک و تەنیایە و بە سەر هەموو شتدا زاڵە.

17) لەو حەوایە ئاوێکی داڕژاندوە، پڕاوپڕی بارستایی نەواڵان دێ؛ لەهی کەفێکی بڵندی هاتەسەر، هەروەک ئەو کەفەی بەهۆی ئاگر دەماندنێ، دێتە سەر کەرستەی خشڵ و ئەسپابی تر. ئا بەم تەرزە خوداش باسی ڕاست و دەغەڵ دەخاتە ڕوو. جا کەفەکە لە ناو دەچێ و هەر ئەو شتەی کە بۆ مەردم بەهرەی هەس دەمێنێتەوە. خودا ئاوا نموونە دەهێنێتەوە.

18) ئەو کەسانەی بە دەنگی خوداوە هاتوون، چاکەیان دەربارە دەکرێ. ئەو کەسانەش کە بە دەنگیەوە نەهاتوون، ئەگەر هەرچی لەم هەردەدا هی ئەوان بێ و هێندەی دیش و لەباتی خۆیانی بدەن، زۆر بە سەختی دەکەونە بەر پرسینەوە و هەر جەهەندەمیان جێگایە؛ کە خراپترین ئەنوایە.

19) ئاخۆ کەسێ بڕوای وابێ ئەوەی لە پەروەرێنتەوە بۆ تۆ هاتۆتە خوارەوە هەموو ڕاستە، وەک ئەوەیە کە لەم بارە کوت و کوێرە؟ ئەم ڕامانە هەر بۆ خاوەن ئاوەزانە.

20) ئەو کەسانەی پەیمانی خوا پێک دێنن و تازە لێی پاشگەز نابنەوە؛

21) ئەو کەسانەش کە هەودای نێوانی خۆیان دەگەڵ خودا - وەک خودا فەرمانی داوە - قوت ناکەن و لە پەروەرێنیان دەترسن و لە حیساب کێشانی دژوار نیگەرانن؛

22) ئەو کەسانەش کە لە ڕاهی ڕەزای خودا خۆیان گرت و - بە نهێنی بە ئاشکرا - لەو بەشەی ئێمە پێمان دان، خێر دەکەن و بە چاکە خراپەکانیان دەشۆنەوە؛ دواڕۆژی خۆش بۆ ئەوانە.

23) خۆیان و باب و کاڵیان و ژنەکان و تۆرەمەشیان - ئەوانەی خوداپەسند بن - لە باغاتی دوور لە نەمان، دەچنەژوور و فرشتە لە هەموو لاوە دەچنە لایان.

24) هەر لەسای هێمنی دابن، چونکە ئێوە خۆڕاگر بوون؛ پیرۆزتان بێ دواڕۆژی ڕوون.

25) ئەو کەسانە کە پەیمانیان دا بە خودا و لە پاشان پاشگەز بوونەوە و هەودای نێوان خۆ و خودانی خۆیان پساند - کە خۆی فەرمانی پێدابوون نەیپسێنن - و لە هەردا بەدفەڕی دەکەن، لە بەهرەی خودا بێ بەشن و دواڕۆژی دژواریان هەیە.

26) هەر خودایە - چ زۆر چ کەم - بە هەر کەسێ خۆی حەز بکا، ڕۆزی دەدا. ئەوان بە ژینی سەردنیا دڵیان خۆشە؛ ژینی دنیاش لەچاو ژیانی ئەو دنیا ڕابواردنێکی هندکە.

27) ئەوانەی خودانەناسن، ئێژن: بووچە بەڵگەیەکی لە خواوە بۆ نەهاتگە؟ بێژە: خودا هەر کەسێکی خۆی حەز بکا گومڕای ئەکا و هەر کەسێکیش بەرەو ئەو بگەڕێتەوە، شارەزای ڕاستەڕێی دەکا.

28) ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە خوا هەیە و بە یادی خوا دڵیان ئارام دەبێتەوە، باش بزانن کە یادی خوا ئۆقرە و ئارامی دڵانە.

29) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، خۆشی لەوان؛ کە دواڕۆژی باشیان هەیە.

30) ئاوا تۆمان ڕاسپاردە ناو ئەو گەلە، کە بەرلەوان زۆر گەلی تر هاتوون و چوون؛ کە هەر شتێ لە ئێمەوە بە تۆ گەیوە، بۆ ئەوانی بخوێنیەوە؛ کەچی ئەوان لە خوای ڕۆزی دەری خۆیان حاشا دەکەن. بێژە: ئەو پەروەرندەمە و بەغەیرەز ئەو کەس بۆ پەرستنێ نابێ و من خۆم هەر بەو سپاردووە و هەر بۆ لای ئەویش دەچمەوە.

31) ئەگەر قورئانێ واش هەبا کەژی لە جێ لابردبان، یان زەوی پێ لەت کرابا، یان مردووی وەقسە هێنابان، [هێمان باوەڕیان نەدێنا.] هەموو کار هەر بە دەس خودان. بۆچی خاوەن باوەڕان ئەوە نازانن، ئەگەر خودا حەزی لێ با، گش مەردمی شارەزای ڕاستەڕێ دەکرد؟ خودانەناسەکانیش هەر - لەبەر کاروکردەوەیان - گرفتاری بەڵایەکی دژوار دەبن؛ یان هەر لە پەنا ماڵ خۆیان ئەو بەڵایە دێتەسەریان؛ تا ئەو کاتەی بەڵێنی خودا دێتە جێ. دیارە خوداش بەڵێنی خۆی ناداتە پاش.

32) بە پێغەمبەرانی پێش تۆش گاڵتە کرا. ئەو کەسانەم مۆڵەت دا کە خوانەناس بوون؛ تا لە ئاکاما گرتمن؛ چۆن تۆڵەیەکم لێ ساندن!

33) ئاخۆ ئەوی چاودێری کاروکردەوەی هەموو کەسە [وەک ئەوەیە کە خەبەری لە هیچ نییە]؟ شەریک گەلێکیان بۆ خودا بڕیار داوە. بێژە دەسا ناویان هەڵدەن. یاخۆ ئێوە نیازوو وایە ئەو لە شتێک - لەم زەمینە - ئاگادار کەن، کەنایزانێ؟! یا نە ئەمە وتەیەکی پڕوپووچە؟ نەخێر، ئەو خوانەناسانە گزی خۆیان لە لا خەمڵاوە و لە ڕێ ڕاستیش لادراون. هەرکەش خودا گومڕای بکا، هیچ کەسێ شارەزای ناکا.

34) هەتا لەسەر دنیا دەژین، هەر تووشی ئازارێ دەبن. دیارە جەزرەبەی دواڕۆژیش دژوارترە و کەس ناتوانێ لە خودایان بپارێزێ.

35) ئەو بەهەشتەی بەڵێن وایە بەر خودێ ترسان بکەوێ، جۆباری بە بەردا دەڕۆن، خواردەمەنی دوایی نایە و هەمیشە سێبەریش هەیە. ئا ئەمەیە ئاکامی لە خوداترسان؛ پاشەڕۆژی خوانەناسانیش ئاگرە.

36) ئەو کەسانەی ئێمە کتاومان پێداون، بەوەی کە بۆ تۆ هاتووە، دڵیان خۆشە. بڕێکیشیان بڕوا بە بازێکی ناکەن. بێژە: فەرمانم پێدراوە کە خودا بپەرستم و کەسی لێ نەکەم بە شەریک؛ هاوار هەر بە ئەو دەبەم و بەرەو خۆی دەگەڕێمەوە.

37) ئێمە ئەم فەرمانەی خۆمان بە عەرەبی بۆ تۆ هەنارد. ئەگەر لە دوای ئەو زانستەی بۆت هاتگە، شوێن ئارەزووی ئەمان کەوی، ئیتر نەخودا یارتە و نە ئەویش پارێزگارتە.

38) هەڵبەت پێش تۆش پێغەمبەرانمان هەناردوون؛ ڕێگەشمان دان ژن و نەتەوەشیان هەبن. هیچ یەک لەو پێغەمبەرانەش نەیانتوانیوە هیچ بەڵگەیەک نیشان بدا، مەگین خودا ئیزنی دابێ و بۆ هەر کارێک وەختێکی تایبەتی هەیە کە نووسراوە.

39) لە ناودان و هێڵانەوە، بەستە بە ویستی خودایە و ماکی هەموو کتێبانیش وا لای ئەوە.

40) یان هێندێکت لەوەی بۆمان بڕیار داون نیشان دەدەین، یان بۆ خۆنت دەبەینەوە. تۆ هەر ئەوەندەت لەسەرە ڕاگەیێنی و بە حیساب ڕاگەیشتنیش لە عۆدەی مە.

41) چۆن هێشتا نەیانزانیوە ئێمە دین و ئەم زەمینە - لە گش لا - کەم دەکەینەوە و فەرمانڕەوا هەر خودایە و کەس ناتوانێ دەس دەکاری خودا بدا و زۆر زوو بە حیساب ڕادەگا؟

42) ئەوانی بەرلەمانەش بوون، گەلێک فێڵیان دەدیتەوە؛ فێڵیش هەموو هی خودایە. خۆی دەزانێ هەر کەسێ چ کارێک دەکا و هەر بینا خوانەناسەکان تێگەیشتن کە دواڕۆژ کێ دەیباتەوە.

43) ئەوانەی خودانەناسن، پێت ئێژن: تۆ پێغەمبەر نیت. بێژە: خودا و کەسێ کە زانستی کتاوی لەلایە، بۆ شایەتی نێوان من و ئێوە بەسە.