12- یووسوف

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 17 خولەک  1137 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، ڕا. ئەمانە چەندین نیشانەن لە کتێبی دیاری دەرەوە.

2) قورئانێکە بە عارەبی ئێمە ناردمانە خوارەوە، شایەتا ئێوە تێبگەن.

3) ئێمە وێڕای ئەم قورعانەی کە بەتۆن ڕاگەیاندووە، شیرین ترین چیرۆکت بۆ وەدەگێڕین؛ کە دەپێشدا تۆ هەر ئاگاشت لێ نەبووە.

4) وەختێ یووسف بە باوکی گوت: بابۆ! من یازدە ئەستێرە و خۆر و هەیڤم بە خەو دیتن، کە سەر بۆ من دەچەمێنن.

5) گوتی: ئەی کوڕێژگەکەی خۆم! ئەو خەونەت لە لای براکانت مەگێڕەوە، نەوەک گەڕێکت پێ بکەن؛ چونکە شەیتان بۆبنیادەم دوژمنێکی ئاشکرایە.

6) ئەمە دیارە پەروەرندەت ویستوویە هەڵت بژێرێ و فێرت بکا مانای خەونان لێک دەیەوە و دەربارەی تۆ و هەموو خانەدانی یەعقووب، چاکەی بێ کەمایەسی بکا؛ وەک ئەو چاکەی سەبارەت بە ئیبڕاهیم و ئیسحاقی باوانی تۆی کرد. دیارە پەروەرندەی تۆ هەرە زانای لەکارزانە.

7) لە ڕابوردەی ناو یووسف و برایانی، پەندی زۆر هەن بۆ ئەو کەسانەی دەپرسن.

8) کاتێ گوتیان: دیارە یووسف و براکەی لای باوەمان لە ئێمە خۆشەویستترن؛ خۆ ئێمەش دەستەپیاوێکین. بێ گومانە بابی ئێمە بە ئاشکرا گومڕا بووە.

9) یووسف بوگژن، یان لە شوێنێکا فڕێی دەن؛ هەتا باوک ببێتە تایبەت بە خۆتان. لە پاش ئەویش ئێوە ببن بە کۆمەڵێکی بەرکەتی.

10) یەکێ لەوان هەڵیدایە: ئەگەر کارەکەی هەر دەکەن؛ لە یووسف کوشتن گەڕێن و بیخەنە بن بیرەکەوە؛ کاروانچی هەڵیگرنەوە.

11) گوتیان: بابۆ! چۆنە کە تۆ لەمەڕ یووسف لە ئێمە ئارخەیان نابی؟ خۆ ئێمە خۆشمان گەرەکە.

12) سوو دەگەڵ ئێمەی بنێرە، گەشت بکات و گەپ بدات و خۆمان پارێزگاری دەبین.

13) گوتی: ئەگەر بیبەنە دەر، تووشی کوڵ و کەسەر دەبم؛ ترسیشم هەس گورگ بیخوا و ئێوە ئاگاتان لێ نەبێ.

14) گوتیان: ئەگەر گورگ خواردی – کە دە خۆرتین و پێکەوەین - دیارە ئێمە زیانبارین.

15) کاتێ کە بردیانە دەرێ و بە گەلەکۆمەگی ویستیان بیخەنە بن بیرەکەوە، [ئیتر کاریان تەواو کرد و] ئێمەش ئەومان تێگەیاند کە: تۆ لەم کارە ئاگاداریان دەکەیەوە؛ کە خۆیان هەستی پێ ناکەن.

16) ئێوارێ لە تاریکاندا، بۆ لای بابیان - بە گریانەوە - وەگەڕان.

17) گوتیان: بابۆ! چووبووین غارغارێنێ بکەین و یووسفیشمان لای کەل و پەلمان بە جێهێشت؛ گورگ خواردی. هەر چەند ڕاستیشت پێ دەڵێین، بڕوایە بە ئێمە ناکەی.

18) کراسەکەشیان هێنابوو؛ خوێنە درۆزنەی پێوە بوو. گوتی: دیارە دڵی خۆتان کارێکی لەبەر خەمڵاندوون. خۆڕاگری بێ ناشوکری [چاری منە]؛ لەمەڕ ئەوانەش کە ئێژن، خودا دەهانامەوە دێ.

19) کاروانێ هات، ئاوکێشیان نارد، دۆڵچەی داهێشت: مژدە ئەمە کوڕیژگەیە. وەکوو کاڵا تاقەتیان کرد؛ خوا لە کاریان بە ئاگا بوو.

20) بە نرخێ کەم، بە چەند درەم فرۆتیان و نەشیان دەویست.

21) ئەو کەسەی لە میسر سەندی، بە ژنێ خۆی وت: قەدری بگرە بەشکوو قازانجی لێ بکەین؛ یان بیکەینە زارۆی خۆمان. بەم ئاوایە لەو هەردەدا یووسفمان زۆر باش دامەزراند؛ تا ئێمە فێریشی بکەین چۆن خەونان لێک بداتەوە. خوا لەسەر کاری خۆی زاڵە؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە لێ نەزانن.

22) وەختێ بوو بە پیاوی تەواو، سەلیقە و زانستمان پێدا. ئێمە ئاوا پاداش بە کارچاکان ئەدەین.

23) ئەو ژنە وا یووسف لە ماڵی ئەوا بوو، تەمای تێکرد. دەرگاکانی لێ گاڵە دا و گوتی: بەلەز ئامادەیە. گوتی: ئەی پەنا بە خودا؛ ئەو ئاغامە، قەدری گرتووم، [بێ ئەمەگانی داوێنپیس] کە ناهەقن، ناخەلەسێن.

24) وێ پەلاماری ئەمی دا و ئەمیش گەر بەڵگەی پەروەرندەی نەدیبا، ئاوقای دەبوو. بۆ ئەمە بوو کە خراپە و شوورەیی لێ وەپرینگێنین؛ ئەم یەکێ بوو لە عەبدە دڵپاکەکانمان.

25) بە کێبەرکێ هەر دوو گەینە لای دەرگاکە؛ گجی یووسفی لای پشتەوە دادڕی و لە بەردەری، تووشی سەروەری وێ هاتن. گوتی: سزای کەسێ چییە دەگەڵ ماڵ و خێزانی تۆ، تەماداری شوورەیی بێ؛ غەیر لە زینان یا جەزرەبەیەکی بەژان؟

26) پەرسڤی دا: وێ تەمای دەمن کردبوو. یەکێ لە خزمەکانی وێ هەڵیدایە: گەر گجی ئەم لە لای پێشەوە دڕاوە، وێ ڕاست ئەکا و ئەم ڤڕۆیە؛

27) گەر گجیشی لە پشتەوە دادڕاوە، وێ درۆی کرد، ئەو ڕاست دەکا.

28) وەختێ دیتی کراسەکەی لە پشتەوە دادڕاوە، وتی: ئەمە لە هێندێک فێڵی ئێوەیە؛ فێڵی ئێوەش زۆر گەورەیە.

29) یووسف! واز لەم باسە بێنە. حورمێ! تۆش بووردن لە خەتات داوا بکە؛ کە تۆ لە خەتاکارانی.

30) ژنانی شار قاویان داخست: ژنا عەزیز حەز لە خوڵامێ خۆ دەکا؛ لە دڵداریدا سووتاوە؛ وا دیارە تەواو لە ڕێگە دەرچووە.

31) لە پاش ئەوەی تیزوتانەی ئەوانی بیست، لە دووی ناردن؛ گەلێ باڵگە و [خواردەمەنی] لا دانان و هەر یەکەی چەقۆیەکیشی پێ سپاردن. گوتی: بۆیان وەرە دەرێ. هەر کە دیتیان حەپەسان و دەستەکانی خۆیان بڕی و گوتیان: ئەی نامەخوا! ئەمە مرۆ نییە و بێ سۆ فرشتەیێ خۆشەویستە.

32) وێ گوت: ئەمە ئەو کەسەیە کە لەسەر ئەو سەردەنشی منتان دەکرد؛ ویستم ببێتە دۆستم و دەستم دەگەڵ تێکەڵ بکا، خۆی ڕاگرت و بۆم تاو نەکرا؛ ئەگەر ئەوەی لەوم دەوێ بیکا، نەیکا، دەبێ بچێتە زیندانێ و وەک ئێسیرانی ڕابوێرێ.

33) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! زیندانەکەم پێ خۆشترە لەوەی ئەوان لێم دەخوازن؛ ئەگەر تۆ گەڕی ئەوانەم لێ لا نەدەی، دڵم دەچێ بۆ لایان و یەکێک دەبم لە نەزانان.

34) خودا نزای قبووڵ کرد و گەڕی ئەوانی لێ لا دا، کە خۆی بیسەر و زانایە.

35) پاشان وایان بە باش زانی - دوای ئەو هەموو نیشانانەش - تا ماوەیەک زیندانی بێ.

36) دوو خوڵامیش دەگەڵ ئەو چوونە زیندانێ. یەکیان گوتی: من خەونم دیت ترێ دەوشم. ئەو دی گوتی: من لە خەوما نانم بەسەر سەرەوەیە، مەل لێی دەخۆن. خەونەکەمان بۆ لێکدەوە؛ ئێمە دەتۆ ڕادەبینین کە لە خێرەومەندەکان بی.

37) گوتی: بەرلە ژەمە نانێ کە بۆتان دێ و پێش خواردنی، مانای خەونەکەو پێدەڵێم؛ کە ئەمەش لەو بەهرانەیە پەروەرندەم فێری کردووم. من ئاینی ئەو کەسانەم وەلانایە، کە نە بڕوایان بە خوایە و لاشیان وایە قیامەت نایە.

38) من شوێن دینی باوانی خۆم، ئیبڕاهیم و ئیسحاق و یەعقووب کەفتگم؛ بەڕەوامان نەزانیگە هیچ شتێکی بە شەریکی خوا بزانین. ئەمەش لە چاکەی خواوەیە کە دەربارەی ئێمە و مەردمی کردگە؛ بەڵام بەشی زۆر لە مەردم هەر ناشکورن.

39) ئەرێ ئێوەی دوو هاوبەندم! ئاخۆ چەندین پەروەرندەو پێ باشترە، یا خۆ خودای تاک و تەنیای زاڵ بەسەر هەموو شتێکا؟

40) ئەوانەی دەیانپەرستن، چەند شتێکی غەیرەز خودان، کە خۆتان و باب و کاڵتان - سەربەخۆ - ناوتان لێ ناون؛ هیچ بەڵگەیەکی پتەوتان لە خواوە لە دەستا نییە. فەرمانیش هەر هی خودایە و هەر ئەویش فەرمانی داوە کە غەیرەز ئەو مەپەرستن. دینێ کە ڕاست و دروستە هەر ئەمەیە، بەڵام زۆربەی خەڵکی دنیایە نازانن.

41) ئەی هەر دووی هاوبەندیخانەم! یەک لە ئێوە دەبێتە مەیگێڕی خێوی؛ ئەوەکەی تر لە دار دەدرێ، ئەوسا مەلان چینەی لە سەریدا دەکەن. کارێکی کە دەتانەویست لە ئەنجامەکەی بپرسن، وا زاندرا و هەر وەدیش دێ.

42) بە یەکێک لەو دوو کەسانەی بۆی دانابوو ڕزگار دەبێ، وتی: کە دەچیە لای ئاغات، باسم بکە. شەیتان نەیهێشت لە بیری بێ، لە لای ئاغای باسی بکا؛ تا چەند ساڵێک لە گرتووخانە مایەوە.

43) شا گوتی: لە خەوما دیتم، حەو گای قەڵەو حەو چێڵی لەڕ دەیانخواردن؛ حەو گوڵەدەخڵی شینیش و حەوتی دیکەی وشکەڵاتوو. ئەی دیوەخان نشینەکان! ئەم خەونەم بۆ لێکدەنەوە، ئەگەر لێکدەرەوەی خەونن.

44) گوتیان: هەر خەونە درۆزنەن؛ ئێمە لەم تەرزە خەونانە سەر دەرناکەین.

45) لەو دوو کەسە ئەوەی کە ڕزگار کرابوو - بە دێروژوان - تازە وەبیری هاتەوە، گوتی: ئەمن بۆتانی لێکدەدەمەوە؛ سا بمنێرن.

46) یووسف! مێری هەمیشە ڕاست! حەو گای قەڵەو حەو چێڵی لەجەر ئەیانخۆن، حەوت وشووی هێشتا هەر شین و حەوتی دیکەش وشکەڵاتوون. ئەم خەونەمان بۆ لێکدەوە؛ کە من دەچمەوە لای مەردم، بەشکوو ئەوانیش تێبگەن.

47) وتی: حەو ساڵ لە کشت وکاڵ وچان نادەن؛ هەرچییەکی درووتانەوە - کەمێک نەبێ کە لێی دەخۆن - لە وشووی خۆیا بێڵنەوە.

48) لە پاش ئەمە حەوتی قاتی و قڕی دادێ؛ هەرچی پێشوو بۆ ئەمانەتان هێشتۆتەوە، هەمووی دەخۆن؛ مەگین کەمێ لەوەی قایم هەڵیدەگرن.

49) لە دوای ئەمە ئەمجارە شاڵێکی وا دێ، بۆ هەموو کەس باران و ڕووەک مشەیە و لەودا مل لە گوشین دەنین.

50) شا گوتی: بۆم بهێنن. کاتێ ڕاسپاردەکە هات، گوتی: وەگەڕێ لای ئاغات و لێی پرسە، ئەو ژنانەی کە دەستی خۆیانیان بڕی، نیازیان چ بوو؟ پەروەرندەم لە دەهۆیان ئاگادارە.

51) وتی: بۆچی گەرەکتان بوو یووسف بۆ خۆو دەستەمۆکەن؟ گوتیان: خوا بەو ڕۆژە نەکا، ئێمە کاری شوورەییمان لێ نەدیوە. ژنا عەزیز هەڵیدایە: ئێستە ڕاستی ئاشکرا بوو؛ من تەماحم دەو کردبوو؛ هەرچی ئەو گوتوویە ڕاستە.

52) [یووسف گوتی:] ئەمەش بۆیە بوو بزانی، پاشەملەش غەیانەتم پێ نەکرد و خودا دەهۆی دەغەڵبازان ناخاتە ڕێ.

53) منیش هەرگیز هیچ پاکانە بۆ خۆم ناکەم. نەوس هەموو خراپەیەک بە پیاو دەکا؛ مەگین ئەوی پەروەرندەم بەزەیی پێدا بێتەوە. پەروەرندەم خەتابەخش و دلۆڤانە.

54) شا گوتی: بیهێننە لای من، وا دەکەم هەر سەر بە من بێ. کاتێ دواندی، گوتی: تۆ هەر لەمڕۆکەوە لە لای ئێمە بەڕێزی و جێگای باوەڕی.

55) گوتی: بمکە بە سەرکاری نەغدینە و بەروبووی وڵات؛ چاوەدێری لێدەکەم و لێزانیشم.

56) ئا بەم جۆرە یووسفمان لەم سەرزەمینە [بە ڕێزەوە] جێ کردەوە؛ [خۆش نشینێک بوو] لە هەر جێ خۆی ویستبای لەوێ دەژیا. هەرکێ ئێمە بمانەوێ بەر بەزەییمانی دەخەین؛ پاداشی چاکەکارانیش وندا ناکەین.

57) خۆ دیارە پاداشی ئەو لاش هێژاترە بۆ ئەوانەی باوەڕدار و خۆپارێزن.

58) برایانی یووسف هاتن؛ بۆ دیتنی وەژوور کەوتن؛ ناسینیەوە، ئەوان ئەمیان نەدەناسی.

59) دوای ئەمە باری بارکردن، گوتی: ئێوە برایەکی باوکیتان هەس، بۆمی بێرن؛ ئەی نەتاندی من خانەخوێی چاکم و پێوانەکەشم تەواوە؟

60) ئەگەر ئەوم بۆ نەهێنن، پێوانەو لەلای من نییە و لێشم نزیک مەکەونەوە.

61) گوتیان: بە فێڵ ئەو لە بابی دەستێنین و بێ خەم بە، ئەم کارە دەکەین.

62) خوڵامانی خۆی تێگەیاند: ئەو دراوەی کە داویانە، بیخەنە ناوبارەکانیان؛ شایەت ئەگەر گەڕانەوە ماڵی خۆیان، بیناسنەوە؛ بەشکوو ئەمجارەش بێنەوە.

63) کە چوونەوە لای باوەیان، گوتیان: باڤۆ! لە پێوانە بێ بەش کراین؛ سا تۆ بران وێڕای ئێمە ڕەوانەکە؛ دەشپێوین و ئاگاداریشی لێدەکەین.

64) گوتی: هەروەک جاری پێشوو براکەیم پێتان سپارد، ئەویش بسپێرم بە ئێوە؟ چاکتر پارێزەر خودایە و هەر خۆی لە هەموو دڵسۆزان دڵسۆزترە.

65) کە بارەکانیان کردەوە، دراڤەکەیان دەسکەوتەوە کە بۆیان ناردرابۆوە. گوتیان: باڤۆ! چمان دەوی؟ ئەمە دەزمایەکەمانە کە بۆمان ناردراوەتەوە. بژیوی خێزانمان دێنین؛ براکەشمان دەپارێزین؛ پێوانەی پشت وشترێکیش زێدە دێنین؛ ئەم پێوانەیە هندکە.

66) گوتی: ڕەگەڵتانی ناخەم تا پەیمانم بە ناوی خودا نەدەنێ، کە هەر دەبێ بۆم بێننەوە؛ مەگین گش دەرەتانێکوو لێگیرا بێ. کاتێ کە پەیمانیان دایە، گوتی: خودا لەم بنارە ئاگادارە.

67) گوتی: ئەی فرزەندەکانم! لە یەک درگاوە مەچنە ناو، لە دەروازەی جیاجیاوە بچنە ژوور؛ ئەمن ناتوانم هیچ شتێک لە قەزای خوا لە ئێوە دوور بخەمەوە؛ فەرمان هەر بۆ خودایە و بەس؛ خۆم هەر بە وی دەسپێرم و کەسانێکیش کە ئەو بە کارساز دەزانن، با خۆیان هەر بەو بسپێرن.

68) کاتێ لەو جێی - کە بابیان ڕای سپاردبوون - چوونە ژوورێ، ئەم کارەیان هیچ شتێکی لە ئەوان دوور نەخستەوە، تەنیا هەر بۆ نیازێک بوو کە لە دڵی یاقووبدا بوو پێکی هێنا؛ ئەویش بۆ خۆی لەو شتانەی کە فێرمان کرد زانایەک بوو؛ بەڵام زۆربەی زۆری مەردم لێی نازانن.

69) کاتێ لە ماڵەکەی یووسف چوونە هوندور، براکەی خستە لای خۆی و گوتی: من برایەکەی تۆم؛ لەوەی کە ئەوان وایان کرد خەمگین مەبە.

70) گاڤا باری بۆ بار کردن؛ زەرکا ئاوێی خستە دوڕباری برکەی؛ پاشان جاڕچیک جاڕی ڕاهێشت: کاروانینە! ئێوە دزیتان کردووە.

71) ڕوویان تێکردن و گوتیان: ئێوە چیتان لێ گوم بووە؟

72) گوتیان: شەربەی ئاوی شامان لێ گوم بووە و هەر کەسێ بی هێنێتەوە، بارە حوشترێکی هەیە؛ منیش دەستەبەری دەبم.

73) گوتیان: سوێندەکە بە خودا - خۆو دەزانن - ئێمە بۆیە نەهاتگین لەم هەردە بەدفەڕی بکەین و دزی لە مە ڕووی نەداوە.

74) گوتیان: ئەگەر درۆو لە سەر سوورەوە بوو، سزاو چییە؟

75) وتیان: هەرکێ لە باریدا پەیدا کرا، هەر بۆ خۆی سزای خۆیەتی، کە سزادانی ناهەقان هەر ئەمەیە.

76) ئەوسا پێش باری براکەی باری ئەوانی پشکنی؛ پاشان لە باری براکەی هێنایەدەر. ئاوا فێڵمان بۆ یووسف کرد. لە یاسای ئەو پادشایەدا نەدەبووایە براکەی گل بدرایەوە؛ مەگین خودا وا حەز بکا. هەر کەسێکی ئێمە حەز کەین پلەپلە باڵای دەبەین. لە بان هەموو زانایێ زاناترێک هەس.

77) گوتیان: ئەگەر ئەو ئێستاکە دزی دەکا، لە پێشووشدا برایەکی ئەو دزی کرد. یووسف ئەوەی دەدڵ گرت و لەوانی ئاشکرا نەکرد. گوتی: حاڵی ئێوە لەوان خراترە؛ ئەو باسەش کە ئێوە دەکەن، خوا لەنگۆی چاتر دەزانێ.

78) وتیان: ئەی عەزیز! باوکێکی زورهانی هەس؛ لە جێگەی ئەو یەکێ لە ئێمە گل دەوە؛ تۆ دەبینین لە ڕێزەی خێرەومەندانی.

79) گوتی: ئەی پەنا بە خودا ئەگەر ئێمە غەیرەز کەسێ کاڵای خۆمان لە لای ئەو دۆزیوەتەوە، گل دەینەوە. گەر وەبکەین، ئەوسا لە ناهەقییکارانین.

80) کاتێ کە لێی ناهومێد بوون، بۆسرتە چوونە کەنارێک. گەورەکەیان هەڵیدایە: بۆ ئێوە نەتانزانیوە کە باوکتان پەیمانێکی بە ناوی خودا لێ ساندن؛ لەوە پێشیش خراپەو لە ڕادەبەدەر دەربارەی یووسف کردووە؟ سا لەم هەردە دەرناکەوم هەتا بابم ئیزنم دەدا، یان خوا بڕیارم بۆ دەدا؛ ئەو خۆی چاکتر لە هەر کەسێ پێ ڕادەگا.

81) ئێوە بچنە لای بابتان؛ بێژن: بابۆ! کوڕەکەت دزی کردووە؛ شایەتیشمان نەدا مەگەر لەسەر ئەوەی کە زانیمان؛ ئاگاشمان لە نەدیار نەبوو.

82) لە مەردمی ئەو شارە کە ئێمەی لێ بووین لەو کاروانەش کە دەگەڵیان هاتینەوە، پرسیار بکە؛ ئێمە بێسۆ ڕاست دەبێژین.

83) گوتی: نەخێر، هەوای دڵتان کارەکەی لە بەر خەمڵاندوون. [دیسانەکە] خۆڕاگری بێ ناشکوری؛ ئەوە خوایە بەشکوو گشتیان بهێنێتەوە بۆ لای من. خودا بۆ خۆی ئاگادار و لەکارزانە.

84) ئیتر ڕووی لەوان وەرگێڕا و گوتی: ئەی داخم بۆ یووسف و لە سۆی یانی تانە پەڕیە سەرچاوانی و هەروا پیشی دەخواردەوە.

85) گوتیان: بە خودا سوێندەکە، تۆ قەت یووسف لە بیر ناکەی؛ لەوانەیە نەخۆشت خا یان بتکوژێ.

86) گوتی: گازندە و دڵمەندیم هەر بۆ خودا ئەدرکێنم و من لە خواوە گەلێ شتی وا دەزانم کە ئێوە لێی ئاگادار نین.

87) ڕۆڵەکانم! بڕۆن، بەڵکە سۆراغێکی یووسف و براکەی بکەن؛ ناهومێدیش مەبن لە بەزەیی خودا؛ هەر ئەوانەی خوانەناسن، لە بەزەیی خوا ناهومێدن.

88) لە دوای ئەوەی گەیشتنە لای، گوتیان: ئەی عەزیز! هەم خۆمان هەم خێزانمان لە بێ بژیوی کەلەلاین؛ کەمێکمان دراو هێناوە، بیکە سەدەقەی سەری خۆت، پێوانەی تەواومان دەیە؛ خوا پاداشی خێرەومەندان لە بیر ناکا.

89) گوتی: ئاخۆ پێو زانیوە چیتان بە سەر یووسف و براکەی هێنا؟ ئێوە بەڕاستی نەزان بوون.

90) گوتیان: ئا تو خوا بەڕاستە! یووسف خۆتی؟ وتی: بەڵێ، خۆم یووسفم و براکەشم ئەوەتانێ. خودا بەر منەتی کردین؛ چونکوو هەرکێ خۆپارێز و خۆڕاگر بێ، دیارە خودا پاداشی ئاکار پەسندان وندا ناکا.

91) گوتیان: وەخودا سوێندەکە، خوا تۆی - بەرانبەر بە ئێمە – سەرخستووە و ئێمە لە خەتاکاران بووین.

92) گوتی: ئەمڕۆ گازندە و لەسەر نەماوە؛ خودا خەتاتان دەپۆشێ و هەر خۆی لە گش بە بەزەییەک دڵسۆزترە.

93) ئەم کراسەی من بەرنەوە، بیخەنە سەر دیمی بابەم؛ چاوەکانی چا دەبنەوە. هەموو کەس و کارێکیشتانم بۆ بێنن.

94) وەختێ کاروان ڕەوانە بوو، بابیان گوتی: ئەگەر نەیژن هاتەران پاتەرانی وت، من بۆنی یووسفم بۆ دێ.

95) گوتیان: بە خوا، تۆ هەر لەسەر ڕێ نەزانینی پێشووتی.

96) کە مزگێنیدەر هاتە بەر، هاویتیە سەر دەموچاوی؛ چاوەکانی چاک بوونەوە. گوتی: من نەواتم پێتان، ئەوی من لە خوای دەزانم، لە زانستی ئێوە دوورە؟

97) وتیان: باڤۆ! ئێمە لە ڕێ لامان داوە، لە پەروەرێنت داوا کە لێمان خۆش بێ.

98) گوتی: هەر زوو داوا لە پەروەرێنی خۆم دەکەم کە عافووتان بکا و هەر خۆی لە گوناهـ دەبوورێ و دلۆڤانە.

99) وەختێ گەهانە جەم یووسف، داک و بابی بردە نک خۆو گوتی: ئێوە وەرنە میسر و - خودا یار بێ - هیچ ناڕەحەتیو تووش نابێ.

100) دای و بابی وەبان تەختەوە نیشاند و هەموویان کڕنۆشیان بۆ کرد. گوتی: باڤۆ! ئەمە خەونەکەی پێشوومە؛ پەروەرێنم ئاکامەکەی وەدی هێنا و لە پاش ئەوەی شەیتان لە نێوانی من و براکانم بەدفەڕی کرد، زۆر چاکەی دەربارە کردووم؛ لە زیندانی دەرهێنام و هنگۆشی لەو سارایەوە هاوردەوە. پەروەرێنم، بۆ هەر کەسێکی خۆی حەز کا دڵاوایە و بۆ خۆی زانای لەکارزانە.

101) ئەی خودانم! لەم وڵاتە تۆ دەستەڵاتت پێداوم و فێرت کردم چلۆن خەونان لێکدەمەوە. وەدی هێنی ئاسمانەکان و زەمینی! هەر تۆی لە دنیا و لە قیامەت گەورەی منی. لەسەر بڕوای تەواو بە خۆت، بم مرێنە و بمگەیەنەوە بە پیاوچاکان.

102) ئەمانە ئەو دەنگوباسانەی نادیارن کە بە تۆی ڕادەگەیێنین؛ ئەوسا ئەوان کاکەوبرالەی خۆیان کرد فێڵێ بکەن، تۆ هەر ئاگاشت لێ نەبووە.

103) هەر چەندە زۆریش پاپابی، ئەم مەردمە زۆربەیان بڕوا ناهێنن.

104) خۆ تۆ هەرگیز [بۆ ئەم کارە] پاداشێکت لەوان ناوێ و ئەمە تەنیا پەندێکە بۆ خەڵکی دنیا.

105) چەندە زەحفن نیشانەگەل لە عاسمانان و زەمیندا؛ بەلایاندا ڕادەبرن و گوێی پێ نادەن.

106) بەشی زۆریان بڕوا بە خوا ناهێنن و هەر گەرەکیانە کە شەریکی بۆوەدۆزن.

107) ئاخۆ ئەوان ئارخەیانن کە جەزرەبەی داپۆشەری خوایان بۆ نایا؟ یان گوزوگوممەت سەڵایان لێ ڕانابێ؛ کە هەر هەستیشی پێ نەکەن؟

108) بێژە: ئەمە ڕێگای منە؛ هەم خۆم هەم ئەو کەسانەش شوێنم کەفتوون - بە بەڵگەوە - بۆ خواناسی، گاسی دەکەم. خواش هەمیشە پاکە و تاکە و لەوانە نیم کە شەریکی بۆ پەیدا کەم.

109) پێشتر لە تۆش، هەر پیاوانێ لە خەڵکی باژێڕەکانمان - لەلایەن خۆمان - تێگەیاند. بۆچی نەچوون لەم زەمینە گەشتێ بکەن، تا ببینن چارەنووسی پێشینەکانیان چۆن بووگە؟ بۆ ئەوانەی خودێ ترسن، ماڵی ئەو دنیا خاسترە. دەی سا بۆچە هەر تێ ناگەن؟

110) تا ئەوسا کە پێغەمبەران ناهومێد بوون، مەردمیش وایان دەزانی کە درۆیان دەگەڵ کردوون؛ یارمەتی ئێمەیان بۆ هات. ئەوانەش وا حەزمان کرد، ڕزگار کران و توند و تیژیشمان لە هەمبەر تاوانباران ناوەگەڕێ.

111) لە سەرگوروشتەی ئەمانە، پەند هەیە بۆ بەئاوەزان. واتەیەکی هەڵبەستە نییە؛ بەڵکوو [ڕاستە] باوەڕ دەکا بەوەی لە بەر دەستیدایە و شی کەرەوەی هەموو شتە و ڕێشاندەرە و بەزەییە بۆ ئەو کەسانەی بەباوەڕن.