11- هوود

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 19 خولەک  975 بینین

وە ناو خودا کە دەهەندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، ڕا. کتێبێکە بەڵگەکانی پتەو کراون و لە پاشان لەلایەن کارزانی زانا شی کراون.

2) کە نابێ هیچ بپەرستن غەیرەز خودا؛ من لە خوداوە بۆ ئێوە ترسێنەر و موژدەدەرم.

3) لە پەروەرندەی خۆتانیش داوا بکەن، لێو ببوورێ و بشگەڕێنەوە بۆ لای ئەو، تا ماوەیەکی ناونراو ژیانی خۆشتان بۆ دابین کا و دەگەڵ خاوەن هەر چاکەیەک چاکەی بکا. ئەگەر پشتیشوو هەڵ بکەن، ترسم هەیە ڕۆژا مەزن سزاو بدرێ.

4) بەرەو خودا دەگەڕێنەوە و خۆی هەموو شتی پێ دەکرێ.

5) تۆ بزانە ئەوانە سنگی خۆ خوار دەکەنەوە تا لە خوداوە دیار نەبن؛ تۆ بزانە لەو کاتەدا خۆ بە جلکیان دادەپۆشن، ئەو دەزانێ چیپە لەمەڕچی دەکەن و چی بە ئاشکرا دەبێژن؛ خۆی لە ڕازی هەموو دڵان ئاگادارە.

6) لەم زەمینە هەر شتێ دەجووڵێتەوە گشتی ڕۆزی لەسەر خوایە؛ دەزانێ بنکەی لە کوێیە و لە کوێدا خۆی حەشار دەدا؛ سەرلەبەری لە نووسراوی دیاریدایە.

7) هەر ئەویشە کە ئاسمانان و زەمینی لە شەش ڕۆژا دروست کرد و تەختی فەرمانڕەوایی ئەو لە سەر ئاو بوو؛ تا بەتاقیتان کاتەوە، کاموو ئاکاروو چاکترە. گەر وتیشت: لە پاش مردن ئێوە زیندوو دەکرێنەوە، دیارە خودانەناسەکان ئێژن: ئەمە هەر بە ئاشکرا جادووە.

8) ئەگەر بۆ ماوەیێ کەمیش ئازاریان لێ وەدوا بخەین، ئێژن: چی ڕێ پێ نەداوە؟ بزانن ڕۆژێ ئازاریان بگاتە لا، ئیتر لێان ناوەگەڕێ، ئەوی گەمەیان پێدەهات دەوریان دەدا.

9) گەر تامی خۆشییمان بە مرۆ چێژاند و پاشان لێمان ئەستاندەوە، بێ گومان لە ناهومێدی مل لە ناسوپاسی دەنێ.

10) ئەگەر پاشی لێ قەومانیش شادمانیمان پێ تاماند، هەڵبەت ئێژێ: قۆرتەکانم لێ ڕەویون. بە کەیفە و بە خۆی هەڵدەڵێ.

11) مەگین ئەوی خۆڕاگر و ئاکارچاک بوون؛ بەشی ئەوان بووردن و پاداشی هەرە مەزن دەبێ.

12) وێدەچێ لە هێندێ فەرمان - کە بۆ تۆ دێ - خۆ ببوێری و ببێتە مایەی دڵتەنگیت، کە پێت ئێژن: چما گەنجێ لە باڵاوە بۆی نەهاتۆتە خوارەوە؛ یان لانی کەم، فرشتێکی دەگەڵ نەهات؟ تۆ تەنیا ترسێنەرێکی و هەر خودایە کە چاودێری هەموو شتە.

13) یان ئێژن: هەڵیبەستگە. بێژە: ئەگەر قسەو ڕاستە، دەسا ئێوە بەیارمەتی هەر کەسێ دەستوو دەکەوێ - غەیرەز خودا - دەسووڕەتی هەڵبەستە هەر وەک ئەم بێنن.

14) ئەگەر لە پەرسڤتان دامان، سا بزانن قورعان لە زانستی خواوە ناردراوەتە خوارەوە؛ کە هیچ شتیش شیاوی پەرستنێ نییە، مەگین هەر خۆی. ئاخۆ ئێوە دەیسەلمێنن؟

15) هەرکێ ژینی ئەم دنیایە و زەرق و بەرقی ئەوی دەوێ، ئێمە مزەی کردەوەیان - بە تەواوی هەر لەم دنیایە دەدەینێ و چیشیان لێ کەمەوە ناکرێ.

16) ئەوانە هەر ئەو کەسانەن ڕۆژی سەڵا، غەیرەز ئاگر، بەشیان نییە و هەرچی لە زەمین کردیان بەفێڕۆ چوو.

17) ئاخۆ کەسێ لە پەروەرندەی خۆیەوە بەڵگەی ڕوونی پێدراوە و شایەتێکیش لە خواوە بە شوێنیا هاتووە و کتێبی مووساش - کە بەرلەو پێشەوا و جێ بەزەیی بوو - باسی دەکا، [وەل ئەوانەی کە بێ بەڵگەن وەکوو یەکن؟ ئەوانە بەڵگەیان هەیە] بەو قورئانە بڕوا دەکەن. هەر کەسیش لەو کۆمەڵانە حاشای لێ بکا، جێی لە ئاگر خۆش کراوە. سا تۆ لێی بەگومان مەبە، ئەمە ڕاستە و لە پەروەرندەی تۆڕایە؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە باوەڕ ناکەن.

18) کێ لەو کەسە ناهەقترە درۆ بۆ خوا هەڵ ببەبەستێ؟ گش ئەمانە لە بەرانبەر پەروەرێنیان ڕادەنێن و شایەتان شایەتی دەدەن کە ئەمانە بە دەم پەروەرندەی خۆیان ئەو درۆیانەیان هەڵبەست. دەبا ناهەقیکارەکان بەر نەحلەتی خودا کەون.

19) هەر ئەمانەن ڕێی بەرەو خوا دەبەستن و مەردمی پێ لاڕێ دەکەن و خۆشیان بە ڕۆژی قیامەتێ بێ بڕوان.

20) ئەمانە لەم سەرزەمینە ناتوانن لە خودا ڕاکەن؛ لە خوداش پێوە کەسیان بۆ دۆست دەست ناکەوێ. ئەو کەسانە دووسەرە ئازاریان هەیە و نە توانیویانە ببیسن، نە توانیویانە ببینن.

21) ئەوانەن کە خۆیان دۆڕاند؛ هەر درۆیەکیش هەڵیان بەست، بەفێڕۆ چوو.

22) هیچ گومان لەوەدا نییە کە لەو دنیا لە هەموو کەس دۆڕاوترن.

23) ئەوانەی خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بوون و دڵیان بە پەروەرێنیان داسەکناوە، ئەوانەن دەچنە بەهەشت و تاهەتایەی تێدا دەبن.

24) نەزیلەی ئەم دوو تاقمە وەک نەزیلەی کوێر و کەڕ و چاوساغ و ژنەوەندەیە؛ ئاخۆ ئەمانە چون یەکن؟ دەی بۆچی پەند وەرناگرن؟

25) نووحمان شاندە لای هۆزەکەی، کە: من بۆتان ترسێنەرێکی ئاشکرام.

26) جگە لە خوا مەپەرستن؛ نیگەرانم نەوەک ڕۆژێ ئازاری بەژانوو تووش بێ.

27) گرەگرەی هۆزەکەی - کە خوانەناس بوون - گوتیان: وەک ئێمە دەت بینین، تۆش مرۆیەکی وەک خۆمان؛ ئەمانەش کە شوێن تۆ کەوتوون، ڕووتەوپووتەی بێ ئاوەزن؛ نەشمان دیوە شتێکتان لەمە زیاتر بێ؛ بەڵکوو ئێمە پێمان وایە درۆ دەکەن.

28) گوتی: گەلۆ! ئەگەر بێژم پەروەرندەم بەزەیی بە مندا هات و خوێندومیەوە و نیشانەی ئەوم لەلایە و ئێوە ئاگاتان لێ نییە، چۆن دەبینن؟ ئاخۆ گەر خۆتان حەز نەکەن، دەکرێ ئێمە بەسەرتاندا بسەپێنین؟

29) گەلۆ! ئەوەندەش بزانن هیچ مزم لە ئێوە ناوێ؛ پاداشی من لەسەر خوایە و ئەوانەی خاوەن باوەڕن دەریان ناکەم؛ بێ سۆ ئەوان دەگەڵ پەروەرێنی خۆیان دیدار دەکەن. بەڵام من دەبینم ئێوە کۆمەڵێکی بێ ئاوەزن.

30) گەلۆ! ئەگەر من لەلای خۆمیان دەربکەم، کێ لە خوا ڕزگارم دەکا؟ ئاخۆ هیچ بیر ناکەنەوە؟

31) پێشوو ناڵێم من گەنجینەداری خودام؛ بە پیوارانیش نازانم؛ ناش بێژم فرشتەیێکم؛ ناشڵێم ئەوانەی کە ئێوە بە سووکی لێیان دەڕوانن، خوا چاکەیان دەگەڵ ناکا. خوا چاکتر دەزانێ چییان لە دڵدایە. ئەگەر وابم، ئەوسا یەک لە ناهەقانم.

32) گوتیان: ئەی نووح! دەم بەدەمەت وەل کردین و جوابەجەنگیت فرەی خایاند؛ گەر ڕاست ئەکەی، هەرچی ئێژی بەسەرتان دێ، پێن بنوێنە.

33) گوتی: خودا ئەگەر حەز کا، پێو دەنوێنێ و ناکرێ لەبەری بڕەون.

34) هەر ئامۆژگاریەکتان بکەم بەهرە نادا؛ ئەگەر خودا بڕیار بدا گومڕاو بکا. خۆی خودانی هەمووتانە و هەر بۆ لای ئەویش دەچنەوە.

35) یان دەبێژن: خۆی هەڵیبەست. بێژە: ئەر هەڵمبەستووە، تاوانەکەی لەسەر خۆمە؛ منیش لە تاوانی ئێوە بەرکەنارم.

36) بە نووح ڕاگەیاندرابوو، کە: لە ناو هۆزەکەی تۆدا، جگە لەوانەی تا ئێستا باوەڕیان بە خوا هێناوە، کەسی تر بڕواناهێنێ و لەو ئاکارەی کە هەیانە غەمگین مەبە.

37) لە ژێر چاوەدێری ئێمە و هانای ئێمە، گەمیە ساز کە و لەمەڕ ئەوانە مەمدوێنە کە ناهەق بوون، ئەوان دەبێ ژێر ئاو کەون.

38) خەریکی گەمیە سازکردن بوو؛ هەر چەند خاوەن پایە و مایە لە هۆزەکەی بەلایدا ڕاببردنایە، حەنەکی خۆیان پێدەکرد. گوتی: ئەگەر ئێوە گاڵتەمان پێ دەکەن، بەم زووانە هەر وەک ئێوە گاڵتە دەکەن، ئێمەش گاڵتەتان پێ دەکەین.

39) لەمە بەو لاوە تێ دەگەن، کێ تووشی ئازاری وا دێ ئابڕووی بچێ و جەزرەبەی لە بنەنەهاتووی بەسەردا بێ.

40) تا ئەو کاتەی کە فەرمانی ئێمە گەیی و تەندوور بە نهێم زایەوە؛ گوتمان: لە گش نێر و مێوێ دووان هەڵگرە؛ دەگەڵ کەس و کارەکەت و هەرکێ باوەڕی هێناوە؛ مەگین ئەوی بەرێ بڕیاری بۆ دراوە؛ کە هەموویان بێ باوەڕ بوون، مەگین کەمیان.

41) گوتی: لە ناویدا سوار بن! ڕەوانەبوونی و لەنگەری، بە ناو خوایە؛ خودانی من بەبوورینە و دلۆڤانە.

42) گەمیەکە ئەوانی دەبرد، بە ناو پێلی وادا دەچوو وەک چیایان. نووح گاسی کردە کوڕێ خۆ - کە لە شوێنێکی چەپەک بوو -: کوڕیژگەکەم! وەل ئێمەدا سوار ببە و دەگەڵ خوانەناسان مەبە.

43) گوتی: ئەمن پەنا بە چیایەک دەبەم کە لە ئاوم دەپارێزێ. گوتی: ئەمڕۆ هیچ پارازتن لە فەرمانی خودا نییە؛ مەگین کەسێ خۆی بەزەیی پێدا بێتەوە. شەپۆل کەوتە نێوانیان و خرایە ڕێزی خنکاوان.

44) ئەوجا گوترا: زەمین! ئاوت هەڵقوڕێنە؛ بەرزایی! بەس ببارێنە. ئاو ڕۆچوو بە ناخی ئاخا و کار سەری گرت؛ لەسەر جوودی لەنگەری گرت. وترا: تارن، ئەوانەی ناهەقیکارن.

45) نووحیش لەبەر پەروەرندەی پاڕایەوە، گوتی: ئەی پەروەرێنی من! کوڕم کەسوکاری منە؛ بەڵێنی تۆش هەر دێتە جێ و تۆ لە گش فەرمانڕەوایەک لێزانتری.

46) گوتی: ئەی نووح ئەم کوڕەت کەسی تۆ نییە؛ ئاکاری ناپەسندی هەس؛ هەر شتێ چی لێ نەزانی، داوا مەکە؛ من ئامۆژگاریت لێدەکەم کە نەچییە ڕێزەی نەزانان.

47) گوتی: ئەی پەروەرندەکەم! هەر خۆ بە تۆ دەپارێزم؛ داوای شتێکت لێ بکەم کە نایزانم؛ ئەگەر بەزەت پێمدا نەیە و لێم نەبووری، یەکێکم لە زیانباران.

48) وترا: ئەی نووح! بە سڵامەتی و بەو پیتەوە - کە داومانە بە تۆ و بە هاوسەفەرانت - دابووەزە؛ چین و بەرەکانی دوایەش، تا ماوەیەک مەودای ژیانیان ئەدەینێ و پاشان تووشی ئازاری بەژانیان دەکەین.

49) ئەمانە لەو هەواڵانەی بەرپێوارن - کە بە تۆی ڕادەگەیەنین - لەمەوبەر نە تۆ دەت زانین نە هۆزەکەت. خۆڕاگر بە، دواڕۆژ بۆ خودێ ترسانە.

50) بۆ لای عادیش هوودمان نارد - کە برایان بوو - گوتی: گەلۆ! پەرستندەی خودای تاک بن؛ بەغەیرەز ئەو ئێوە خودایەکتان نییە؛ ئێوە تەنیا هەر درۆیان دەنەخشێنن.

51) گەلۆ! بۆ ئەم کارە مزێکم لێو ناوێ؛ پاداشی من لەسەر داهێنەری منە. ئاخۆ بۆ دەبێ تێنەگەن؟

52) گەلۆ! داوای لێ بووردنیش هەر لەو بکەن و بەرەو ئەو بگەڕێنەوە؛ کە لەو بەرزەوە بە ڕێژنە بارانتان بۆ بنێرێ و پێزێ تر بدا بە هێزتان. هەروا بە تاوانباری ڕوو وەرمەگێڕن.

53) گوتیان: ئەی هوود! تۆ هیچ بەڵگەت لە خوداوە بۆ نەهێناین؛ هەر بە قسەی تۆش، مە لە پەرستیوەکانمان دەس بەرنادەین؛ بڕوایەش بە تۆ ناهێنین.

54) ئێمە هەر ئەوەندە ئێژین: ڕەنگە هێندێک لەوانەی دەیانپەرستین، تووشی تووشیەکیان کردبی. گوتی: خوا بە شایەت دەگرم، ئێوەش هەروەها شایەت بن لەوی ئێوە دەیپەرستن بەرکەنارم؛

55) لە غەیرەز خوا. سا هەمووتان فێڵانم لێ بدۆزنەوە و مەودام مەدەن.

56) من خۆم سپارد بەو خودایە کە منی پەروەراندووە و پەروەرندەی ئێوەش ئەوە. هەر شتێ دەجووڵێتەوە، ژی و ژیاری لەسەر ئەوە و دیارە ڕێگەی پەروەرندەم ڕاستەڕێیە.

57) ئەگەر نەیێنە ڕەدایەش، من بە هەرچی ڕاسپێراوم پێم گەیاندن؛ خودانی من مەردمێ تر لە شوێنی ئێوە دادەنێ و هیچ زیانیشی لێ نادەن. پەروەرندەم چاوەدێری هەموو شتە.

58) کاتێ فەرمانی ئێمە هات - لە بەزەیی خۆمانەوە - هوود و ئەوانەی دەگەڵ ئەو هاوباوەڕ بوون، لە جەزرەبەی هەرە سەخت نەجاتمان دان.

59) ئەوەش عاشیرەتی عاد بوو، کە سەبارەت بە نیشانەی پەروەرێنیان حاشایان کرد و لە فەرمانی پێغەمبەرەکانی خۆیان لایاندا. هەر کەسێکی بلەوەز و لاسار بوو شوێنی دەکەوتن.

60) لەم دنیایە و لە ڕۆژی هەستانەوەشدا، نەفرینیان هەر بە شوێنەوە. ئاگادار بن کە هۆزی عاد لەمەڕ پەروەرندەی خۆیان بە حاشا بوون. با بتارێن عادەکان کە هۆزی هوود بوون.

61) بۆ لای سەموودیش برایان ساڵحمان نارد. گوتی: گەلۆ! هەر خودای تاک بپەرستن؛ ئێوە بەغەیری ئەو خودایەکتان نییە؛ ئەو لەم خاکەی وەدی هێنان و ویستی ئاوەدانی بکەن؛ لێبووردنی لێ بخوازن؛ پاشان بەرەو خۆی وەگەڕێن. پەروەرندەی من نزیکە و دەفریاودێ.

62) گوتیان: ساڵح! بەرلە ئێستێ جێگەی هومێدی ئێمە بووی؛ ئاخۆ ڕێ نادەی ئەوانەی باب و کاڵمان دەیانپەرست، بیانپەرستین؟ ئێمە لەوەی کە تۆ ئێمەی بۆ بانگ دەکەی، بەگومانین و دوودڵین.

63) گوتی: گەلۆ! ئەر من لە پەروەرندەمڕا بەڵگەی ئاشکرام هێنابێ و وەبەر بەزەیی ئەو کەوتبم، ئەگەر لە فەرمانی دەرچم، کێ هەیە بە فریام بگا؟ لەنگۆش هیچم نایەتەبەر غەیرەز زەرەر.

64) گەلۆ! ئەمە وشتر خوایە و نیشانەیەکە بۆ ئێوە؛ بەڕەڵدای کەن لە زەوی خودا بچەرێ و بە خراپ دەستی بۆ مەبەن؛ دەنا ئازارێکی نزیک دەتانگرێ.

65) کەچی لەت و پەتیشیان کرد. گوتی: سێ ڕۆژ لە ماڵ خۆتانا ڕایبوێرن؛ ئەمە بەڵێنی [خودایە و] بێ درۆیە.

66) هەر کە فەرمانی ئێمە هات، لە بەزەیی خۆمانەوە ساڵح و ئەو چەند کەسانەی دەگەڵ ئەوا هاوباوەڕ بوون، لە ڕیسوا بوونی ئەو ڕۆژە نەجاتمان دان. پەروەرندەت خێوی هێز و دەستەڵاتە.

67) ئەوانەش کە ناهەقییان کرد، نارەتەیێ وایان بۆ هات، لە ناو ماڵانی خۆیاندا دەمەوڕوو هەستیان لێ بڕا؛

68) دەتگوت هەر لەوێ نەژیاون. بزانن کە هۆزی سەموود لە پەروەرندەی [مەزنیان] حاشایان کرد؛ هەی لەوەش بەولاوەتر چن.

69) ڕاسپاردەکانی ئێمەش مژدەیان دا بە ئیبڕاهیم؛ گوتیان: سەلام. وتی: سەلام. زۆر پێ نەچوو گۆلکێکی بریانی هاورد.

70) وەختێ دیتی دەستیانی بۆ درێژ ناکەن، کارەکەیانی پێ بەڵاجەوی هات و ترسی ڕێ نیشت. گوتیان: تۆ ئەندێشت نەبێ؛ ئێمە بۆ لای هۆزی لووت بەڕێ کراوین.

71) ژنەکەی - کە هەڵوێستابوو - کەنی هاتێ. ئەوسا مزگێنیمان پێ دا بە ئیسحاق و سەرەڕای ئیسحاق بە یەعقووب.

72) ژنە گوتی: های لە منێ! ئاخۆ منی پیرێژن مناڵم دەبێ و ئەم شووەشم پیرەمێرە؟ بەڕاستی شتێکی سەیرە!

73) گوتیان: ئاخۆ فەرمانی خودات پێ سەیرە؟ خێزانی ئەم ماڵە! بەزە و پیتی خوداتان نسیو بێ. پایەبەرزی و پێ هەڵگوتن هەر لە خۆی دەوەشێتەوە.

74) ئیبڕاهیم - کە ترسی شکا و مزگێنییەکەشی پێ گەیشت - لەسەر هۆزی لووت سکاڵای دەگەڵ کردین.

75) کە ئیبڕاهیم لە سەرەخۆ و دڵنەرم و بەرەو خودا بوو.

76) ئیبڕاهیم لەمە واز بێنە، فەرمانی خودات هاتگە و بێ گومانە بەڵایەکی بێ گەڕانەوەیان بۆ دێ.

77) کاتێ ڕاسپاردەکانمان گەینە لای لووت، بە گەیشتنیان دژداما و پێیان کەوتە تەنگانەوە و گوتی: ئەمڕۆ کار دژوارە.

78) هۆزەکەی بە هەڵەداوان لێی وەکۆ بوون؛ دەپێشیشدا هەر کاریان بێ نامووسی بوو. گوتی: گەلۆ! ئەم کیژانەم بۆ ئێوە بن، پاکژترن؛ ترستان لە خودا هەبێ و شەرمەزاری میوانەکانی خۆم مەکەن. ئاخۆ پیاگێ ئاکارباشتان تێدا نییە؟

79) گوتیان: خۆت ئەمەت زانیوە، هیچ کارێکمان بە کیژەکانی تۆ نییە؛ دیارە بۆ خۆشت دەزانی چیمان دەوێ؟

80) گوتی: بریا هێزم بە ئێوە بشکایە؛ یاخۆ پەنام ببردایە بە جێ پەنایەکی حەستەم.

81) گوتیان: ئەی لووت! ئێمە ڕاسپاردەی خوداتین؛ دەستی ئەمانەت پێ ناگا. تۆ دەگەڵ ماڵ و خێزانت - لە چەند بەتڵێکی شەوێدا - بکەونە ڕێ؛ کەستان ئاوڕ نەداتەوە؛ غەیری ژنت، کە هەرچی تووشی ئەوان بێ، تووشی ویش دێ. ژوانیشیان بەری بەیانە؛ ئاخۆ بەیان نزیک نییە؟

82) کە فەرمانی ئێمە گەییشت، ئەو جێمان سەرەونخوون کرد. گزموولەقوڕی بەرداسان بە بێ ناوبڕ بۆ باراندن.

83) بە دروشمی پەروەرندەت هەموو نیشانە کرابوون. بەڵای ئاوا دەربارەی ناهەقیکاران هیچ دوور نییە.

84) بۆ مەدیەنیش شوعەیبی برایانمان [نارد]. گوتی: گەلۆ! خودای تەنیا بپەرستن؛ لە غەیری ئەو هیچ پەرستوویەکتان نییە. لە کێشان و پێوانەدا گزی مەکەن. خۆش گوزەرانوو دەبینم و من لەو ڕۆژە ترسم هەیە ئازاری داگرتان بۆ بێ.

85) گەلۆ! کێشانە و پێوانە و بەرانبەر بێ؛ شتیش کەم مەدەن بە خەڵک و لە دنیا لەسەر بەدفەڕی، پێ دامەگرن.

86) ئەگەر بڕواتان بە خوا بێ، هەرچی ئەو بۆو بێڵێتەوە بۆتان چاکە و چاوەدێریو بە من نییە.

87) گوتیان: شوعەیب! مەر نوێژەکەت هانەت دەدا ئێمە واز لەو شتە بێنین کە باب و باپیرانی مە دەیانپەرست، یان وەک خۆمان دەمانەوێ لە دارایی خۆماندا دەسکاری نەکەین؟ بەڕاستی کە تۆ پیاوێکی لەسەرەخۆ و بە سەلیقەی.

88) گوتی: گەلۆ! ئەگەر بێژم بەڵگەیەکی بەهێزم لە پەروەرندەڕا لەلایە و هەر ئەویشە بژیوی باشی پێداوم، چۆن دەبینن؟ ئەگەر دژوو دەوێستم و ئێژم فڵان کارە مەکەن، خۆ نیازم ئەوە نییە کە خۆم بیکەم. نیازی من هەر ئەوەیە - تا دەتوانم- [کاروبارتان] سامان بدەم. بە ئاوات گەیشتنیشم هەر بە خوایە و ژینی خۆم بەو سپاردووە و بەرەو خۆی دەگەڕێمەوە.

89) گەلۆ! دژوێستانی ئێوە لە حاندی من تووشی تاوانێکتان نەکا کە ئەو بەڵای هۆزی نووح و هۆزی هوود و هۆزی ساڵح بەسەریان هات، بەسەروو بێ. بەسەرهاتی هۆزی لووتیش لەمێژ نییە.

90) ئێوە لە پەروەرندەتان داوا بکەن، لێو ببوورێ؛ پاشان بەرەو خۆی وەگەڕێن. پەروەرندەم دلۆڤان و میهرەوانە.

91) وتیان: شوعەیب! زۆر لەو شتانە تێناگەین کە تۆ ئێژی؛ لە ناو خۆمان بێ دەستەڵاتت دەبینین. ئەگەر لەبەر خاتری خزمانت نەبا، بەردەبارانمان دەکردی؛ تۆ دەرۆستی ئێمە نایەی.

92) گوتی: گەلۆ! ئاخۆ خزمەکانی منتان پێ لە خودا گرینگترە، کە خوداتان خستۆتە پشت گوێتانەوە؟ هەر کارێکی ئێوە دەیکەن، پەروەرندەم دەورەی داوە.

93) گەلۆ! ئێوە ئەوەی لە دەستوو دێ بیکەن؛ منیش وا خەریکی کارم. لەوە بەولاوە دەزانن کێ ئازاری ئابڕووبەرەی دێتە سەر و کێ بە درۆزن دەردەچێ. چاوەنۆڕ بن؛ ئەوا منیش دەگەڵ ئێوە چاوەنۆڕم.

94) کە فەرمانی ئێمە گەییشت، لە بەزەیی خۆمانەوە شوعەیب و هەواڵەکانی باوەڕداریمان نەجات دا؛ ناهەقیکارانیش نەعرەتێک وای تاساندن کە هەموویان دەمەوڕوو پشوویان بڕا؛

95) دەتگوت هەر لەوێشدا نەبوون. با بتارێن خەڵکی مەدیەن؛ وەکوو هۆزی سەموود تاران.

96) هەروا ئێمە مووسامان بە چەندین نیشانەی خۆمان و بەڵگەیەکی ئاشکرا نارد،

97) بەرەو فیرعەون و پیاوانی دیوانی. ئەویش هەر گوێ بەفەرمانی فیرعەون بوون؛ کە فەرمانی فیرعەونیش دژی ڕاستی بوو.

98) ڕۆژی سەڵا وەپێش دەستەی خۆی دەکەوێ و هەمووان دەباتە ناو ئاگر. چەند خراپە ئەو جێی ئەوانە دەیچنێ!

99) لەم دنیا و لە ڕۆژی دواییش، نەحلەتیان بە شوێنەوەیە. ئای لەو خەڵاتە دزێوە!

100) ئەمانە چەند هەواڵێک بوون لەو شارانە کە بۆ تۆی دەگێڕینەوە؛ هێندێک لەوانە هەر هەن و هێندێکیشیان لەبەین چووگن.

101) ناهەقییمان لێ نەکردن؛ بەڵام ئەوان ناهەقییان دەربارەی خۆ کرد. کاتێ فەرمان لە پەروەرندەی تۆڕا هات، ئەوانەی پەرستیویان بوون - جگە لە خوا - هیچ کارێکیان بۆ نەکردن و - جیا لە زیان - هیچ شتیان بۆ زیاد نەکردن.

102) ئاواینەیە غەزەبی پەروەرندەی تۆ، کاتێ شارانێ دادەگرێ کە خەڵکەکەیان ناحەقن. ئەو ئازارەی خودا دەیدا، زۆر بەژان و زۆر دژوارە.

103) لەمانەدا بۆ ئەوانەی لە ئازاری ڕۆژی پەسڵانێ بترسن، پەندێ هەیە؛ کە ڕۆژێکە هەموو مەردم گش لەوێ کۆ دەکرێنەوە؛ ڕۆژێکی دیار و بەرچاوە.

104) ئەو ڕۆژە وەدرەنگی ناخەین، مەگین بۆ ماوەیەکی کەم.

105) ڕۆژێ کە دێ، هیچ کەس بە بێ ئیزنی خودا متەق ناکا؛ لە ناویاندا قەرەبەخت و بەختەوەر هەن.

106) سا ئەوانەی قەرەبەختن، لە ئاگران بە ئاخ و هەنیسک دانن.

107) هەر دەوێدا دەمێننەوە، هەتاکوو ئەم عاسمانانە و زەمینە هەن؛ جا مەگین پەروەردگارت مەیلی لێ بێ. پەروەرندەت هەرچی خۆی بیەوێ دەیکا.

108) ئەوانەش کە بەختەوەرن، هەر لە بەهەشتێدا دەبن، هەتا ئەم ئاسمانانە و ئەم زەمینە هەن؛ مەگین ئەوەی پەروەرندەت مەیلی لێ بێ. بەخششێکە نابڕێتەوە.

109) سا تۆ سەبارەت بەوەی وان دەیپەرستن، دڕدۆنگ مەبە. هەر ئەوانە دەپەرستن کە باب و کاڵی پێشوویان پەرستیانن. ئێمەش بە بێ کەمایەسی بەشی خۆیانیان دەدەینێ.

110) مە کتێبمان دا بە مووسا و کێشەی لەسەر هەڵاییسا. خۆ ئەگەر پەروەرندەی تۆ ئەوسا بڕیاری نەدابا، زوو کێشەیان دەبڕایەوە؛ کە ئێستاش سەبارەت بەم، هەر دوودڵ و بەگومانن.

111) بێگومانە پەروەرندەت قەرەبووی کردەی هەموویان بە تەواوی دەداتەوە و هەر خۆی لە هەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە.

112) وەک فەرمانت پێدراوە، خۆڕاگرە! ئەوانەش کە لەتەک تۆدا بەرەو خودا وەگەڕاون، با هەروا بن؛ سەرپێچیش لە فەرمان مەکەن! هەرچی بیکەن خودا دەیبینێ.

113) ڕموودەی ئەوانە مەبن غەدرێ دەکەن! دەنا بە ئاگر دەسووتێن. غەیرەز خوداش هیچ کەس دۆستایەتیو ناکا و ئیتر کەسیش پاشان یاریدەتان نادا.

114) لە هەر دووک ئالی ڕۆژێدا و چەن بەتڵی سەرەتای شەوێ، نۆژێ بکە؛ چونکە چاکە خراپەیە لەبەین دەبەن. ئەمە پەندە بۆ ئەوانەی پەندگر بن.

115) هەر خۆبگرە؛ بێسۆ خودا پاداشی چاکەکارەکان وندا ناکا.

116) ئەم هەموو بەرەو چینانەی بەرلە ئێوە هاتن و چوون، چۆنە کەسێ وایان نەبوون، ڕێگا نەدەن لە زەمیندا خراپە بەڕێوە بچێ؟ مەگین کەمێک لەوانەی ڕزگارمان کردن لە نێویانا. ناهەقییکارەکانیش هەر کەوتنە شوێنی خۆشگوزەرانی خۆیان و تاوانبار بوون.

117) پەروەرندەت - بە ناهەقی - چ جار قڕانی نەخستە ئەو شارانەی ئاکارچاک بوون.

118) پەروەرندەت ئەگەر حەزی بکردایە، خەڵکی دنیای گشتی دەکردە یەک ئاین؛ بەڵام بە ناتەبایی هەر دەمێننەوە؛

119) [جا] مەگین پەروەرندەی تۆ بەزەیی پێیاندابێتەوە؛ کە هەر بۆیەی دروس کردوون. بڕیاری پەروەرندەشت هەر دێتە جێ، کە: جەهەندەم، لە جندۆکە و بنیادەم - هەموو - پڕ دەکەم.

120) ئەم حەمکە دەنگوباسانەی پێغەمبەرانت بۆ دەکەین، کە دڵداریت بدەینەوە. هەرچی لەمەدا بۆ تۆ هات، ڕاستی ڕستە و بۆ گەلی خاوەن باوەڕان ئامۆژگاری و بیرەوەری تێدا هەیە.

121) بەو کەسانەش کە باوەڕیان نییە، بێژە: هەرچی لە دەستوو دێ بیکەن؛ وا ئێمەش کاری خۆ دەکەین.

122) چەمەڕاش بن، ئەوا ئێمەش چاوەنۆڕین.

123) هەر شتێکی بەرپێوارە - لە ئاسمانان و زەمیندا - گش بۆ خودان؛ هەموو کارێک هەر سەربەوە. سا تۆ هەر ئەو بپەرستە و چارەنووست بەو بسپێرە. هەر کارێ کە ئێوە دەیکەن، پەروەرندەت لە هیچی بێ ئاگا نییە.