10- یوونوس

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 18 خولەک  860 بینین

وە ناوخودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، ڕا، ئەمە چەند نیشانەیەکن لە کتێبی لەکارزانی و دوور لە گۆڕان.

2) ئاخۆ مەردم سەیر ماون، پیاوێکمان هەر لە ناو خۆیان ڕاسپاردووە کە: ترسێ وەبەر مەردم نێ و مژدە بدا بەوانەی خاوەن باوەڕن: پلەی بەرزیان لە لای پەروەرێنیان هەیە؟ خودانەناسەکان گوتیان: ئەم کابرایە ئاشکرایە جادووگەرە.

3) پەروەرێنتان خودایەکە بە شەش ڕۆژان ئەم ئاسمانانە و زەمینەی چێ کردووە و ئەوسا لە سەر تەختی فەرمانڕەوایی خۆی دامەزراوە و بەکاروباری ڕادەگا. کێ دەتوانێ لای ئەو ببێتە تکاکار، مەگین بۆ خۆی ئیزنی بدا؟ هەر ئەو خودایە پەروەرندەی ئێوەیە؛ دەسا عەبدایەتی بکەن. ئاخۆ ئێوە هیچ بیری لێ ناکەنەوە؟

4) بەڵێنی خودا دروستە، ئێوە گشتوو بەرەو ئەو دەگەڕێنەوە. ئەو لە پێشدا دەئافرێنێ و پاشان دەیگەڕێنێتەوە؛ تا ئەوانەی باوەڕدارن و کردەوەی ڕەوایان بووە - بێ جیاوازی - پاداشی خۆیان بداتێ؛ ئەوانەش کە خودانەناس بوون - لە سزای ناسوپاسیدا - ئاوی زۆر گەرم وەخۆن و جەزرەبەی بەژانیان دەبێ.

5) ئەو خۆیەتی خۆری کردە تیشکدەر و هەیڤی کردە تریفەدار و چەند قۆناغی بۆ دیاری کرد؛ تا هەژماری ساڵەکان و حیسابتانی پێ بزانن. خوا بەڕاستی ئەمانەی وەدی هێناوە. بەڵگەکان شی دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە زانان.

6) لە هاموشۆی شەو و ڕۆژ و ئەوەی کە لەم عاسمانان و زەمینەدا ئافراندوونی، زۆر بەڵگە هەن بۆ ئەوانەی لە خواترسن.

7) ئەو کەسانەی دیداری ئێمەیان ناوێ و بە ژینی دنیا ڕازین و لەو بارەوە خاترجەمن، ئەوانەش لە بەڵگەکانمان هایان نییە،

8) لە سوێنگەی کردەوەکانیان ئاگر دەبێتە جێگەیان.

9) ئەو کەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، بە باوەڕەی کە هەیانە خوا ڕێگەیان نیشان دەدا و دەیانباتە ناو باغاتێک پڕ لە خۆشی و جۆباریان بە بەردا دەڕوا.

10) نزایان لە بەهەشتێدا هەر ئەمەیە: خودایە! پاکی بۆ تۆیە و خۆش و بێشیان هەر سڵاوە. دوامین نزایان هەر ئەمەس: سپاس بۆ خوای ڕاهێنەری گش دنیایە.

11) ئەگەر هەر وەک مەردم لە خۆشی بەلەزن، خوداش بۆ زیان لێدانیان بەلەز بایە، دیارە دەمێک بوو نەدەمان. ئێمە لەوانە واز دێنین کە حەز بە دیدارمان ناکەن؛ با هەر لە سەرکێشی خۆیاندا سەرگەردان بمێننەوە.

12) مرۆ ئەگەر بەڵایەک پێسیری دەگرێ - لە سەر تەنیشت یا بە ڕاکشان یان بە پێوە - لەبەرمان دەپاڕێتەوە. کاتێ بەڵان لەسەر لادان، وەها دەڕوا هەر وەک هیچ لەبەرمان نەپاڕابێتەوە، بۆ بەڵایەک تووشی بووە! ئا بەم جۆرە کردەوەمان بۆ ئەوانەی هەڵەڕۆن، ڕازاندۆتەوە.

13) گەلێک بەرەمان - لە پێشوودا - لەبەین برد؛ کاتێ کە ناهەقیان کرد. پێغەمبەران بە نیشانانی دیارییەوە هاتنە لایان، هەر باوەڕیان پێ نەهێنان. ئێمە ئاوا تاوانباران سزا دەدەین.

14) لە پاش ئەوان ئێوەمان لەم سەرزەمینە جێنشین کرد؛ کە ببینین کردەوەی ئێوە چۆن دەبێ.

15) کاتێ بەڵگە ئاشکراکانی ئێمەیان بەسەردا دەخوێنرێتەوە، ئەو کەسانەی بە ئاواتی چاوپێکەوتنی ئێمە نین، دەڵێن: قورئانێکی ترمان - بەغەیرەز ئەمە - بۆ بێرە، یان بیگۆڕە. بێژە: لە وزەمدا نییە کە لە خۆمەوە بیگۆڕم. من هەرچی لە خواوە بۆم بێ، هەر لەوە پەیڕەوی دەکەم؛ ئەگەر ئەمن لە فەرمانی پەروەرندەی خۆم دەربچم ترسم هەیە لە جەزرەبەی ڕۆژا مەزن.

16) بێژە: گەر خوا بیویستایە، بۆتانم نەدەخوێندەوە و هەر فێریشی نەدەکردن. من بەرلەوەش تەمەنێکم لە ناو ئێوەدا ڕابوارد، دەی سا چۆنە کە تێناگەن؟

17) کێ لەوە ناهەقترە درۆ بۆ خوا هەڵدەبەستێ، یان نیشانەکانی خودای بە درۆ زانی؟ بێگومانە تاوانباران ڕزگار نابن.

18) غەیرەز خودا شتانێ وا دەپەرستن، نە زیانێکیان لێ دەدەن نە بەهرەیان بۆیان هەیە؛ دەشڵێن ئەمانە لای خودا بۆمان دەبن بە تکاکار. بێژە: ئاخۆ گەرەکتانە خوا لە شتێک ئاگادار بکەن کە لە ناو ئاسمانەکان و زەمیندا پێی نەزانیون؟ خودا پاکە و بەرزترە لەو شتانەی ئەوان دەیکەن بە شەریکی.

19) هەموو مرۆ، یەک تیرە بوون؛ پاشان لێک جیابوونەوە. گەر لە پێشدا گفتی پەروەرندەت نەبا، ئەوەی کە مایەی کێشەیە لە ناویاندا، ئێستە یەکاڵا کرابوو.

20) دەشڵێن: بۆچی پەرجوێکی لە لای پەروەرندەیەوە بۆ نەهاتۆتە خوارەوە؟ بێژە: زانستی نەدیاری بۆ خودایە. دەسا ئێوە چاوەنۆڕ بن، ئەوا منیش دەگەڵ ئێوە لە رێزەی چاوەنواڕانم.

21) هەرگا لە پاش زیان دیتن - کە ئەو مەردمە تووشی دێن - لە ئێمەوە تامی بەزەیی دەچێژن، بەلای ئەوان لە نیشانانی ئێمەدا گزی هەیە. بێژە: خودا لەسەر گزی بەلەزترە و هەر گزەیەکی ئێوە دەیکەن، ئەسپاردەکانمان دەینووسن.

22) هەر خۆیەتی لە ناو دەریا و لەسەر بەژا دەتانگێڕێ. هەرگا لە ناو کەشتی دان و بە بای لەبەر تەڤگەڕیانە، پێی دڵخۆشن؛ تا بای زۆر بەتوند هەڵدەکا و لە گش لاوە پێلیان بۆ دێ و باش دەزانن کە هەموو دەوریان گیراوە؛ بەوپەڕی بڕوای پاکەوە لە خودا دەپاڕێنەوە: گەر تۆ لەمەمان ڕزگار کەی، لە سپاسگوزاران دەبین.

23) هەرگا خودا نەجاتی دان - بە ناهەقی - لەسەر زەوی یاغی دەبن. خەڵکینە! ئەم ناهەقییانە هەر زیانی بۆ خۆتانە و بۆ خۆشی ژیان لە دنیایە؛ پاشان دێنەوە لای ئێمە و ئەوسا ئاگادارتان دەکەین کە چوو دەکەرد.

24) هەڵبەت ژیانی ئەو دنیایە هەر وەکوو ئەو ئاوە وایە کە لە حەوا دەیبارێنین و ڕووەکی جوراوجۆری ئەم سەرزەمینەی پێ دەڕوێ؛ ئەو شتانەی کە مرۆڤ و ئاژەڵ دەیخۆن. تا ئەو کاتەی زەمین ڕەنگاوڕەنگ دەبێت و خۆ جوان دەکا و خێوی زەوی لایان وایە لە دەستەڵاتی واندایە. هەتا کاتێ فەرمانی ئێمەی دێتە سەر - جا بە شەو یان لە ڕۆژێدا - ئاوا وەکوو درەوکراوی لێ دەکەین، هەر وەک دوێنێ هەر نەبووبێ! ئێمە ئاوا نیشانان شی دەکەینەوە بۆ وانەی بیر دەکەنەوە.

25) خودا بۆ ماڵی هێمنی گازی دەکا و هەر کەسێ ئەو خۆی حەز بکا، ڕێگەی ڕاستی نیشان دەدا.

26) بۆ ئەوانەی چاکە دەکەن، چاکەی دەکەین و زیاتریش؛ تۆزی ڕەش و سووکایەتی نانیشێتە سەر ڕوخساریان. ئەوانە بەهەشتییەکانن؛ تاهەتایە تیا دەبن.

27) ئەو کەسانەش کاری خراپیان کردووە، سزایان خراپەیەکی وەکوو ئەوە و سووکایەتییش سەرباریانە و کەس لە خوایان ناپارێزێ؛ ئێژی ڕوویان چەند بەتڵێک لەتاریکەشەو دایپۆشیون. ئەمانە یاری ئاگرن؛ تا هەتایە تیادەبن.

28) لەو ڕۆژەدا کە هەمووان کۆ دەکەینەوە، پاشان بەو کەسانە ئێژین کە، شەریکیان بۆ خوا زانی: ئێوە دەگەڵ شەریکانوو لە جێ مەبزوون! ئەوسا لێکیان هەڵداوێرین. شەریکەکان دەیاندوێنن: ئێوە هەرگیز ئێمەتان نەپەرستووە.

29) لە نێوان ئێمە و ئێوەدا خودامان شایەت بێ بەسە؛ ئێمە هیچ ئاگان لێ نەبووە کە ئێوە پەرستووتانین.

30) هەر لەو جێیە هەموو کەسێک بە ئەزموونا تێدەپەڕێ؛ هەر کارێکی کە لە پێشدا کردوویەتی دێتەوە ڕوو. دەیانبەینەوە لای خودای گەورەی بەڕاستی هەموویان؛ هەر درۆی هەڵیان بەستبوو بەفیڕۆ چوو.

31) بێژە: کێیە لە ئاسمان و زەمینەوە ڕۆزیو دەدا؟ یان خاوەنی ئەم گوێ و چاوانەتان کێیە؟ چ کەسێکیش زیندوو لە مردوو دەردەخا. مردوو لە زیندوو دەردێنێ و کێیە بە کاران ڕادەگا؟ زوو ئێژن: خوا. بێژە: دەی بۆ لێی ناترسن؟

32) بەڵێ، هەر خوا پەروەرندەی ڕاستیتانە؛ لە پاش ڕاستی چ هەیە غەیرەز گومڕایی؟ دەی چۆن لە ڕاستی لادەدرێن؟!

33) ئا بەم جۆرە وتاری پەروەرندەی تۆ لە سەر لەڕێ لادەرەکان وەڕاست گەڕا؛ کە ئەوان بڕوا ناهێنن.

34) بێژە: ئاخۆ لە ناو ئەو شەریکانەودا ئی وا هەیە کە لە نوێ شتێک چێ بکا و لە پاشان زیندووی کاتەوە؟ بێژە: خودا پێشوو بوونەوەر چێ دەکا و دوایەش زیندووی دەکاتەوە. دەی چۆن لە ڕاستی لادەدرێن؟

35) بێژە: ئاخۆ لە ناو ئەو شەریکانەودا ئی وا هەیە، کە ڕێبەری ڕاستەڕێ بێ؟ بێژە: خودا بەرەو ڕاست شارەزا دەکا. دەسا کەسێک کە ڕێبەری ڕاستەڕێیە، هێژاترە شوێنی کەون، یان کەسێکی بۆ خۆی بە ڕێگە نازانێ، مەگین ڕێگەی پێ نیشان دەن؟ چیتانە، چۆن پێ ڕادەگەن؟

36) زۆرینەیان هەر لە شوێن خەیاڵ وێڵ دەبن؛ خۆ خەیاڵیش لە حاند ڕاستی چ ناهێنێ. خودا لە ئاکارەکانیان ئاگادارە.

37) ناگونجێ ئەم قورئانە هی خودا نەبێ و هەڵبەسترابێ. ئەم قورئانە باوەڕ دەکا بەو کتێبەی کەوا لە پێشدا هاتووە و ئێستا لەبەردەستی دایە و ڕۆشنیشی دەکاتەوە؛ هیچ گومانی تێدا نییە لەلایەن پەروەرێنی گش جیهان ڕایە.

38) یا ئێژن: خۆی هەڵیبەستووە. بێژە: گەر بەڕاستیتانە خۆتان و هەر کەسێکی تر - کە دەتوانن غەیرەز خودا گازی بکەن - تاقە سووڕەتێکی وەک ئەم وەدی بێنن.

39) نەخێر ئەوان شتێک بە درۆ دەزانن، کە هیچی لێ تێنەگەیون و بۆشیان لێک نەدراوەتەوە. ئەوانەی پێش ئەمانەش بوون، بەو دەردە چوون. سا بڕوانە دواڕۆژی ناهەقیکاران بە کوێ گەیشت.

40) لەوانیشدا ئی وا هەیە بڕوای پێیە و هەشیانە بڕوای پێ نییە و پەروەرندەت بەدفەڕان باشتر دەناسێ.

41) ئەگەر ئێژن: تۆ درۆیان دەکەی، بێژە: ئاکاری من سەربەمنە و کردەی ئێوە سەربەخۆتان؛ ئێوە لە کارم تەریکن و منیش تەریکم لەو کارەی ئێوە دەیکەن.

42) لە ناویاندا ئی واش هەیە گوێت لێدەگرن؛ ئاخۆ ئەگەر هیچ تێنەگەن، تۆ دەتوانی گوێ نەبیستان تێبگەیەنی؟

43) تێشیاندایە لێت دەڕوانێ؛ ئاخۆ تۆ گەرەکتە - کوێران کە چاوی دیتنیان نییە - شارەزاکەی؟

44) دیارە خودا - بە هیچ ئاوا - ناهەقی لە مەردم ناکا؛ بەڵام مەردم ناهەقی لە خۆیان دەکەن.

45) ڕۆژێ کۆیان دەکاتەوە - هەر وەک تاوێک لە ڕۆژێکا مابێتنەوە - خۆ بەیەکتر دەناسێنن. بێ گومانە زیانبارن ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە دیداری خودا نەبووە و شارەزای ڕێگەش نەبووگن.

46) ئەر ئێمە هێندێک لەمانەی بەڵێنمان پێیان داوە، شانت بدەین، یان بۆ خۆشت ببەینەوە، ئەوان هەر دێنەوە لامان؛ ئەوسا خودا شایەتە لە سەر ئاکاریان.

47) هەر تیرەیەک لە بنیادەم پێغەمبەری خۆیان هەبوو. کاتێ پێغەمبەرەکەیان هاتە ناویان، بێ جیاوازی کاریان بۆ بەڕێوەچووە و هیچ ناهەقیان لێ نەکراوە.

48) دەڵێن: ئەگەر قسەو ڕاستن، کەی ئەم بەڵێنە بە جێ دێ؟

49) بێژە: مەگین خودا حەز کا، دەنا من خۆم لە قازانج و زیانی خۆشم نازانم. هەر کەسێ لە هەر تیرەیەک مەودایەکی دیاردەی بۆ دیاری کراوە؛ ئەگەر مەودایان تێپەڕێ، بۆ ساتێکیش دوا ناکەفن و پێش ناکەون.

50) بێژە: ئەگەر لە شەوێک یان ڕۆژێکدا بەڵاو لە خوداوە بۆ بێ، تاوانکار پەلەی چی دەکەن؟

51) ئەگەر دواجار دەناو بەڵای خودا کەوتن - کە زۆر پەلەتان بۆ دەکرد - ئەوسا بڕوا بە خودا دێنن؟

52) ئەوسا بەوانە دەبێژن کە بەناهەق جووڵانەوە: دە بچێژن ئازاری لەبنەنەهاتوو؛ ئاخۆ جیا بۆ کارانێکی دەتانکرد، سزا دەدرێن؟

53) لێت دەپرسن: داخۆ ڕاستە؟ بێژە: بەڵێ، سوێند بە پەروەرندەکەم تەواو ڕاستە و ناتوانن لەبەری ڕاکەن.

54) هەرکێ ناهەقی کردبێ، گەر هەرچی لە زەمیندایە ماڵی ئەوبا، لە بارتەقای خۆیا دەیدا. کاتێک چاویان بە ئازار کەوت، پۆشمانی خۆیان وەشێرن. بە یەکسانی بە ناویاندا ڕادەگەن و هیچ ناهەقییان لێ ناکرێ.

55) باش بزانن هەرچی لە ناو عاسمانەکان و زەویدان، گش هی خودان. لێشتان ڕوون بێ کە بەڵێنی خودا ڕاستە؛ بەڵام زۆربەیان نازانن.

56) خۆی ژین دەدا و گیان دەستێنێ و هەر بەرەو خۆی دەوگێڕنەوە.

57) ئەی خەڵکینە! لەلایەن پەروەرندەوڕا ئامۆژگاریەکوو بۆ گەیشت؛ چارەی دەردی دڵانیشە و ڕێشاندەرە و بەزەییە بۆ باوەڕداران.

58) بێژە: لەو چاکە و بەزەییە - کە خوا دەربارەی ئێوەی کرد - کەیف خۆش بن؛ کە ئەمە لە هەر شتێکی وەکۆی دەکەن هێژاترە.

59) بێژە: ئاخۆ لەو بژیوەی کە خودا بۆی بەڕێ کردوون، نۆڕیوتانە؟ کە بەڕەوا و ناڕەوا دابەشووکردن؟ بێژە: خودا ئیزنی پێدان یان بۆ خودای هەڵدەبەستن؟

60) ئەو کەسانەی درۆ بۆ خودا هەڵدەبەستن، بە گومانیان دەبێ ڕۆژی قیامەت چۆن بێ؟ دیارە خودا خاوەن چاکەیە بۆ مەردم؛ بەڵام بەشی هەرە زۆریان ناسوپاسن.

61) ئەتۆ لە هەر بارێکدا بی و هەرچی لە قورئان بخوێنی و هەر کارێکی ئێوە بیکەن، ئێمە لێتان ئاگادارین، کاتێ خەریکی ئەو کارەن. هەرچی هەیە لە زەمین و لە عاسمانا - با لە سەنگی مێروولەی هەرە وردیلەش یان ورتر یان درشتتر بێ - هیچیان لە پەروەرێنی تۆ پێوار نابێ و وا لە کتێبی دیاری دەردا.

62) با تێبگەن کە ئەوانەی دۆستی خودان، هیچ ترسێکیان لەسەر نییە و خەمیش ناخۆن.

63) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و خۆ لەگواناهـ دەپارێزن،

64) مژدە بۆ وان کە لە دنیا و لە قیامەتێ گفتی خودا گۆڕانی بەسەردا نایە؛ ئەمەیە دەسکەوتی مەزن.

65) قسەیان خەمگینت نەکا؛ هەموو دەستەڵات بە خوایە و هەر خۆی بیسەر و زانایە.

66) با بزانن هەرکێ لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە، بۆ خودایە. کەسانێکیش کە هانایان- جگە لە خوا - دەبەنە بەر شەریکانی، وەدووی ئەوانە نەکەوتوون؛ وەدووی خەیاڵی خاو کەوتوون و لە گومان نەترازاون.

67) هەر خۆیەتی، شەوی بۆ ئێوە هێناوە کە تێیدا بحەسێنەوە و ڕووناکیشی دا بە ڕۆژێ؛ کە لەمەدا بەڵگە زۆرن بۆ ئەو کەسانەی ئەژنەون.

68) گوتیان: خودا فرزەندی هەڵبژاردووە! خوا لەو تۆمەتانە پاکە و بێ نیازە. هی خۆیەتی هەرچی لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە و ئێوە هیچ بەڵگەتان بۆ ئەم قسە نییە؛ چۆن شتێکی کە نایزانن دەربارەی خودا دەبێژن؟

69) بڵێ: ئەوی درۆ بۆ خوا هەڵدەبستن، ڕزگار نابن.

70) ڕابواردنێکی هندکە لە دنیایە؛ لە دواییدا دەگەڕێنەوە بۆ لامان لە پاش ئەوە، لە سزای حاشاکردنیان بەتوندی ئازاریان دەدەین.

71) تۆ بەسەرهاتەکەی نووحیان بۆ وەخوێنە، کە وا بە هۆزەکەی خۆی گوت: گەلۆ! ئەگەر مانەوەم و بیر هێنانی نیشانانی خوا لە منڕا لاو گران دێ، من خۆم بە خودا سپارد و ئێوەش دەگەڵ شەریکانوو کاری خۆتان بکەنە یەک و کارسازییەکی وەها بکەن هیچ دوودڵی تێدا نەبێ. ئەوسا پەلامارم دەن و ماوەم مەدەن.

72) ئەگەر نەشهاتنە ڕەدایە، من داوای هیچ پاداشتێکم لێ نەکردوون؛ پاداشم لە خوداڕایە. من فەرمانم پێدراوە ملکەچی بەر بارەگای بم.

73) هەر بە درۆزنیان دەرێنا، ئەوسا خۆی و ئەوانەی کە دەگەڵیا بوون - لە گەمیەدا - نەجاتمان دان و کردمانن بە جێنشین لەسەر زەمین. ئەوانەشمان وەژێر ئاو خست کە نیشانانی ئێمەیان باوەڕ نەکرد. دە بڕوانە ئەوانەی ترسێندرا بوون، چییان بەسەرهات.

74) لە پاش ئەویش فریەمان لە پێغەمبەران بە نیشانانی دیاریەوە ناردە لای گەلانی خۆیان؛ بەڵام نەهاتنە سەر بڕوا بەو شتانەی کە لە کۆندا بڕوایان پێ نەهێنابوو. ئێمە ئاوا مۆر دەخەینە سەردڵی دەسدرێژکەران.

75) لە پاش ئەوان مووسا و هاڕوونمان بەڕێ کرد وێڕای نیشانانی خۆمان، بۆ فیرعەون و سەرزلەکانی دیوانی. خۆیان گەلێک بەزل زانی و تاوانکار بوون.

76) کاتێ ڕاستیان لە لای ئێمەوە پێ گەیشت، گوتیان: ئەمە هەر بە ئاشکرا جادووە.

77) مووسا گوتی: وەختێ ئەم ڕاستە و پێگەیوە، ئاخۆ بەمە ئێژن جادوو؟ کە جادووگەر ڕزگار نابن.

78) گوتیان: ئاخۆ هەر بۆ ئەوە هاتییە لامان، کە لەوانەی باب و کاڵمان لەسەری بوون، وەرمان گێڕی و ئاغایەتی ئەم زەمینە بۆ ئێوە بێ؟ بەڵام ئێمە باوەڕیمان پێتان نییە.

79) فیرعەون گوتی: هەموو جادووگەرەکانی فرەزانم لێ کۆوەکەن.

80) کە جادووگەرەکان هاتن، مووسا گوتی: چیتان گەرەکە باوێژن، بیهاوێژن.

81) کە ئاویتیان، مووسا گوتی: هەرچی ئێوە هاوردووتانە جادووە و خوا لێتانی پووچەڵ دەکا. خودا کاری خراپکاران ڕاست ناهێنێ.

82) خودا هەر وەڕاست گەڕانی بەڵێنەکانی شان دەدا؛ جا با تاوانباریش حەزی لێ نەکەن.

83) بەغەیرەز چەند تازەلاوێک لە هۆزەکەی، هیچ کەسی تر- لە ترسی ڕک لێ هەستانی فیرعەون و پایەبەرزانی دیوانی ئەو- نەیانوێرا بڕوایە بە مووسا بێنن. فیرعەون لەو سەرزەمینەدا جێ بەرزێک و لە ڕێزی هەڵەڕۆیان بوو.

84) مووسا بە هۆزەکەی خۆی گوت: گەلۆ! ئەگەر باوەڕیتان بە خوا هەیە و ملکەچی فەرمانی ئەون، سا پشتوو هەر بەو بسپێرن.

85) گوتیان: خۆمان بە خوا سپارد. ئەی پەروەرندەی هەموومان! مەمانخەرە بەر ئازار و بێگاری ناهەقییکاران.

86) لە سۆنگەی بەزەیی خۆتڕا، ڕزگارمان کە، لە کۆمەڵی خوانەناسان.

87) مووساو برایمان تێگەیاند، کە: ئێوە بۆ هۆزی خۆتان - لە میسردا - چەند ماڵێک بکەن بە ئەنوا و ماڵانتان بکەن بە ڕوگە و نوێژ بکەن و مژدە دە بە باوەڕداران.

88) مووسا گوتی: ئەی پەروەرندەی گلامان! تۆ لە ژینی دنیایەدا مایەی خەمڵ و ماڵی دنیاتدا بە فیرعەون و پیاوانی دیوەخانی. خودانێ مە! هەر تا ڕێگەی تۆ وندا کەن. خودانێ مە! ماڵیان لێ تەرت و توونا کە و دڵیان پتر ڕەق و ڕەش کە بڵا باوەڕی نەهێنن؛ هەتا جەزرەبەی بەژان بە چاوی خۆیان دەبینن.

89) گوتی: نزاتان قبووڵ بوو، ئێوە لە مەیدان دەرمەچن و مەکەونە شوێن ئەو کەسانەی کە نەزانن.

90) وەچەو بەرەی ئیسڕائیلمان لە دەریایە پەڕاندەوە. فیرعەون و لەشکرەکەشی - بۆ ناهەقی و دەستدرێژی - شوێنیان کەوتن؛ تا ئەوسا کە هات بخێنکێ، گوتی: من باوەڕیم هێنا؛ هیچ کەس بۆ پەرستن ناشێ، مەگین ئەوەی کە تۆرەمەی ئیسڕائیل باوەڕیان پێیە؛ منیش لە تەسلیم بووگانم.

91) جا تازە؟ تۆیەک لە پێشدا یاغی بووی و لە ڕێزەی خراپکاران بووی؟

92) ئەمڕۆ لاشت - بە زرێتەوە - ڕزگار دەکەین، تا بۆ وانەی لە پاشە تۆ دێن، پەندێک بێ؛ چونکە زۆری ئەم مەردمە لە نیشانەکانی ئێمە ئاگادار نین.

93) ئیتر ئەوسا ئێمە بەرەی ئیسڕائیلمان لە شوێنێک خۆش دامەزراند و ڕۆزی پاک و چاکمان دانێ. هەتا زانستیان هاتە لا، کێشەیان لێ پەیدا نەبوو؛ خودانی تۆ ڕۆژی سەڵا پێ ڕادەگا کە لەسەرچی کێشەیان بوو.

94) گەر تۆ لەوەی بۆمان ناردوویەتە خوارێ بەگومانی، سا بپرسە لەو کەسانەی بەرلە تۆ کتێبیان دەخوێند. هەرچی لە پەروەرندەتڕا بۆت هاتووە، بێ شک ڕاستە و لە ڕێزەی دوودڵان مەبە.

95) هەرگیز ناشێ لەوانەش بی کە نیشانانی خودایان بە درۆ دانا، ئەوساکە تۆش دەچییە ڕێزی زیانباران.

96) ئەو کەسانەی گفتی پەروەرندەی تۆیان لێ هاتە دی، ئیتر باوەڕی ناهێنن.

97) جا با هەموو نیشانەیەکیشیان بۆ بێ، هەتاکوو ئازاری بەژان بە چاوی خۆیان دەبینن.

98) بۆچی هیچ شارێک نەبوو کە خەڵکەکەی بڕوا بێنن تا ئەو دەمەی کە بڕواکەیان بەهرەیان پێ بگەیێنێ، بێژگە لە هۆزەکەی یوونوس؟ کە کاتێ بڕوایان هێنا، ئازاری ئابڕووبەرەمان، لەسەر دنیا لێ لادان و وان کرد کە هەتا ماوەیەک خۆش ڕابوێرن.

99) ئەگەر خودا کەیفی لێ با، دیارە هەرکێ لەم زەمینەن، تێکڕا باوەڕیان دەهێنا. ئاخۆ تۆ دەتەوێ بە زۆر ئەم مەردمە بڕوا بێنن؟

100) هیچ کەس نەبووە بڕوا بێنێ، مەگین هەر بە ئیزنی خودا. خوا کرێتی بۆ ئەوانە بڕیار داوە کە تێ ناگەن.

101) بێژە: بەری خۆ بدەنێ لە ئاسمانان و زەمیندا چها هەیە؛ کەچی ئەم هەموو نیشانە و ترساندنە کار ناکاتە سەر گرۆی بڕوا نەهێنان.

102) ئاخۆ نە هەر چاوەنۆڕی ڕۆژانێکن هەر وەک ڕۆژانی ئەوانە کە بەر لەوان بوون و نەمان؟ بێژە: دەسا چاوەنۆڕ بن، ئەوا منیش وێڕای ئێوە چاوەنۆڕم.

103) پاشان پێغەمبەرانمان و ئەوانەی بڕوایان هەیە، ڕزگار دەکەین؛ چون ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە باوەڕداران ڕزگار کەین.

104) بێژە: خەڵکینە! گەر ئێوە لە دینی من بە گومانن، من ئەوانەی غەیرەز خودان و ئێوە دەیانپەرستن، ناپەرستم. بەڵام ئەمن ئەو خودایەی دەپەرستم، دەومرێنێ و فەرمانیش بە من دراوە لە ڕێزەی باوەڕداران بم.

105) ڕووش هەر کە ڕەوشتی خوداپەرستی و هەرگیز نەکەی لە ڕێزی بتپەرستان بێ.

106) جگە لە خوا هانا بۆ شتێ وا مەبە کە نە بەهرەی بۆ تۆ هەیە و نە زیانی لێ دەبینی. ئەگەر کردت، ئەوساکە لە ناهەقانی.

107) خوداش ئەگەر تووشی زیانێکت بکا - بێژگە لە خۆی - هیچ کەسێ نییە لای بدا. ئەگەر چاکەشتی گەرەک بێ، کەس پێش بە چاکەی ناگرێ و هەر عەبدێکی ئەو حەز بکا، تووشی دەکا. هەر خۆی لە گوناهـ دەبوورێ و دلۆڤانە.

108) بێژە: خەڵکینە! وا ڕاستیو لەلایەن پەروەرندەتانەوە بۆ هات. هەرکێ ڕێگەی ڕاست بەدی کا، شارەزا بوون بۆ خۆیەسی؛ هەر کەسێکیش گومڕا ببێ، گومڕایی دژی خۆیەسی. من بریکاری کەستان نیم.

109) هەر فەرمانێ بۆت دەنێرین، شوێنی کەوە و خۆڕابگرە، هەتا خودا پێ ڕادەگا و خودا باشترین داوەرە.