9- تەوبە

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 26 خولەک  1449 بینین

1) دەربڕینی بێزارییە لە خودا و پێغەمبەریەوە، لەو شەریک دانەرانە وا ئێوە بوونە هاوپەیمانیان.

2) هەتا چوار مانگ ڕێتان هەیە لەم زەمینەدا بگەڕێن؛ دەبێ ئەوەندەش بزانن کە ناتوانن خۆتان لە خودا ڕزگار کەن. خوا هەموو دوژمنانی دین ڕیسوا دەکا.

3) خودا و پێغەمبەری خودا لە ڕۆژی حەجی مەزندا، بە مەردم ڕادەگەیەنن کە خودا و پێغەمبەری خوا لە بتپەرستان بێزارن. ئەگەر پەشیمان ببنەوە، قازانجتانە؛ ئەگەریش قبووڵی نەکەن، لێتان ڕوون بێ کە لە دەس خودا دەرناچن. مژدەش بدە بەوانەی خودانەناسن، بەشیان ئازاری بەژانە.

4) غەیرەز بتپەرستانێ کە پەیمانوو دەگەڵ بەستوون و لە سەر پەیمانەکەیان لانەکەوتوون و دژی ئێوە یاریدەی کەسیان نەداوە، هەتا ماوەی پەیمانەکە بەسەر دەچێ، ئێوە پەیمانتان مەشکێنن. خوا پارێزگاری خۆش دەوێن.

5) هەرکە مانگەحەرامەکان بڕانەوە، ئەو بتپەرستانەو لە کوێ وەدەس کەوێ، لە گرتن و بەند کردن و کوشتنیان دەس مەپارێزن و بۆسەیان بۆ بنێنەوە. ئەگەر پەژیوان بوونەوە و بوونە نوێژکەر و زەکات دەر، ئەوسا دەستیان لێ هەڵگرن. خودا لە گونا خۆش دەبێ و دلۆڤانە.

6) هەرگا یەکێک لەو کەسانەی بتپەرستن خۆی خستە بەر داڵدەی تۆوە، پەنای بدە؛ با گوتەی خودا ببیسێ. ئەوسا کە بینێرە شوێنێ کە نەترسێ؛ چونکە ئەوانە نەزانن.

7) کوا ئەوانەی بتپەرستن، ئەو پەیمانەی بە خوا و پێغەمبەری دەدەن بە جێی دێنن؟ هەر ئەوانە هێشتا لە سەر پەیمان ماون، کە پێکەوە لە پەنا «مسجدالحرام» پەیمانوو بەست؛ تا لە سەر پەیمانەکەمان، ئێوە پەیمان شکێن مەبن. خوا پارێزگاری خۆش دەوێن.

8) چۆن پەیمانێک! ئەوان هەر کاتێ بزانن پێو دەوێرن، بە بێ ئەوەی گوێ بدەنە سوێندخۆری یان خزمایەتی، بە گژوودا دێن؟ هەر بە دەم دڵخۆشتان دەکەن، بەڵام نیازی خراپیان لە دڵدایە؛ زۆربەیان تووش و بەدفەڕن.

9) نیشانەکانی خودایان بە نرخێکی هندک فرۆت؛ ئەوسا ڕێگەی خودایان بەست. ئاکاری زۆر خراپ دەکەن.

10) لەمەڕ هیچ خاوەن باوەڕێک، هاوپەیمانی و خزمایەتی ڕەچاو ناکەن؛ ئەمانە هەر دەستدرێژی پیشەیانە.

11) سا ئەگەر لە بتپەرستی وازیان هێنا و نوێژیان کرد و زەکاتیان دا، ئیتر برای دینی ئێوەن. ئێمە ئەم نیشانانەمان بۆ خەڵکێ ڕوون دەکەینەوە کە زانا بن.

12) ئەگەر لە دوای پەیمان بەستن سوێندەکەیان هەڵوەشاند و تەوسیان دەدینەکەتان گرت، ئێوە لەیەل گەورەکانی خوانەناسان بە شەڕ وەرن؛ ئەوانن کە بێ پەیمانن، بەشکوو دەستوو لێ هەڵگرن.

13) ئاخۆ ئێوە بە گژ ئەوانەدا ناچن کە لە سوێند پاشگەز بوونەوە و نیازیان وابوو پێغەمبەر لە ناو خۆ دەرکەن؛ دەس پێشکەریش [لە شەڕێدا] ئەوان کردیان؟ بۆ ئێوە لەوان دەترسن، ئەگەر باوەڕوو هێناوە؟ بۆ لێ ترسان، خودا لەوان هێژاترە.

14) ئێوە دەگژیان ڕابچن؛ خودا هەر بە دەستی ئێوە ئەوان تووشی ئازار دەکا و ژێریان دەخاو سەروو دەخا بە سەریاندا و کارێک دەکا کوڵی دڵی باوەڕداران دابمرکێ.

15) ڕکی دڵیان دادەماڵێ و خودا حەز کا، هەر کەسێکی لە گوناهان دەس هەڵگرێ، لێی وەردەگرێ. خودا زانای لەکارزانە.

16) پێتان وایە کەس خۆتان تێ ناگەیەنێ و خواش لەوانەی لە ئێوە چوونە خەزایە و غەیرەز خودا و پێغەمبەر و باوەڕداران هیچ کەسێ ڕازداریان نەبووە، بێ ئاگایە؟ خودا لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.

17) نوێژگەی خودا ئاوا کردن بۆ بتپەرستان نەشیاوە. خۆیان ئێژن: خوا ناناسین؛ هەرچی دەیکەن بە فیڕۆ دەچێ و هەتا سەر لە دۆژەە دەبن.

18) هەر ئەوانە بۆیان هەیە نوێژگەی خودا ئاوا بکەن، کە باوەڕیان بە خوا و ڕۆژی سەڵا هەیە و نوێژ درووست و زەکات دەرن و - لە خوا نەبێ - ترسیان لە هیچ کەسێ نییە. لەوانەیە ئەمانە ڕێ زانەکان بن.

19) ئاو لە حەجاج بە شینەوە و سەرپەرشتی ماڵی کابە، پێتان وایە دەگەڵ کاری ئەو کەسانەی بۆ خودا چوونە خەزایە و بڕوایان هەیە بە خودا و ڕۆژی سەڵا، وەکوو یەکە؟ لجەم خودا وەکوو یەک نین. خوا گرۆی ناهەقیکاران ناخاتە سەر ڕاستەڕێگە.

20) ئەوی بڕوایان هێناوە و تووشی ئاوارەیی بوون و بۆ خودا چوونە خەزایە و دەستیان لە ماڵ و گیانی خۆ هەڵگرتووە، لای خودا زۆر لە پێشترن و بە ئاواتی خۆیان دەگەن.

21) پەروەرێنیان مژدەی بەزە و ڕەزای [خۆی و] باغاتی وایان پێدەدا کە دەوێدا خۆشی پایەداریان دەبێ.

22) هەتا سەر هەر لەوێ دەبن. خودا پاداشی زۆر گەورەی لە لا هەیە.

23) ئەی گرۆی خاوەن باوەڕان! ئەگەر باب و برای ئێوە لایان وابوو ناباوەڕی لە باوەڕهێنان باشترە، ئێوە تخونیان مەکەون و خۆشتان نەوێن؛ هەر کەس لەنگۆ خۆشی بوێن، دیارە ناهەقیکارە.

24) بێژە: ئەگەر باب و کوڕ و برا و ژن و خزمەکانوو ئەو ماڵەی پەیداو کردووە و کەل و پەلی بازرگانی - کە دەترسن لە برەو کەوێ - و خانووبەرەی ڕند و دڵخۆشکەرەی خۆتان، پێ لە خودا و پێغەمبەر و خەزا کردن لە ڕێی خوادا گرینگترە؛ چاوەنۆڕبن تا فەرمان لە خوداوە دێ. ئەوانەی لە ڕێ لادەرن، خودا شارەزایان ناکا.

25) خودا لەگەلێک شوێناندا دەهاناو هات؛ ڕۆژی حونەینیش هەروەها؛ کە هەرچەندە بە زۆری خۆتان دەنازین، کە چی هیچ بەهرەی بۆ نەدان؛ ئەم زەمینە گوشادەتان لێ تەنگ هەڵات. لە دواییدا هەموو پاشەکشەتان کرد و بەرەو دووا گەڕانەوە.

26) پاشان خودا دڵنیایی بۆ پێغەمبەرەکەی خۆی و بڕواداران بە ڕێ کرد و زۆر پێشمەرگەشی دابەزاند کە نەودەدین. خوانەناسانی سزا دا و سزای خودانەناسەکان هەر ئەمەیە.

27) لە دوای ئەوەش هەرکێ خودا مەیلی لێ بێ پەژیوانی قبووڵ دەکا و خوا دەبوورێ و دلۆڤانە.

28) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەو کەسانەی شەریک بۆ خودا دەناسن ناپاکن، نابێ - پاش ئەمساڵ - لە «مسجدالحرام» خۆ نزیک کەنەوە. ئەگەر لە ئاتاجیش ترسان، خوا بخوازێ لە چاکەی خۆی هەمووتان بێ نیاز دەکا. خودا زانای لەکارزانە.

29) وەل ئەوانەدا بجەنگەن کە بە خودا و ڕۆژی سەڵا بێ باوەڕن و هەرچی خوا و پێغەمبەری خوا بە ناڕەوایان زانیوە، ئەمان بە ڕەوای دەزانن و نایەنە سەر دینی ڕاستیش، تا ئەو کاتەی بە زەلیلی و بە دەستی خۆ، سەرانەی خۆ بەنگۆ دەدەن.

30) جوولەکەکان گوتیان: عوزەیر کوڕی خوایە. فەلەش گوتیان: مەسیح فرزەندی خودایە. ئەو قسانەی دەمی ئەوان ئەیدرکێنێ، وێنەی قسەی خودانەناسانی پێشوون. خوا بیان کوژێ، چۆنین لە حەقێ لادەدرێن؟

31) لە بری خودا، مەلاکان و ڕەبەنەکانی خۆیان و مەسیحی فرزەندی مەریەمیان کردە خوا؛ فەرمانیشیان پێدرا بوو بێژگە لە خوای تاک وتەنیا نەپەرستن. لە غەیرەز ئەو هیچ شت بۆ پەرستن ناشێ. خودا بێ عەیبە و بە دوورە لەو شتانەی بە هاوتای ئەوی دەزانن.

32) دەیانەوێ بە فووی دەمیان، تیشکی ڕۆشنیایی خودا وەکوژێنن؛ خوداش خۆی بڕیاری داوە کە ئەم تیشکەی هەر سەرکەوێ، جا با خودانەناسەکانیش حەز نەکەن.

33) خودا بۆ ڕێ نیشاندان و ڕاگەیاندنی دینی ڕاست، پێغەمبەری خۆی ناردووە؛ تا گش دینەکانی دیکە بەرخۆی بدا؛ هەرچەند ئەوانەش حەز نەکەن کە شەریک بۆ خودا دادەنێن.

34) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەلاچاک و ڕەبەنەکانی ئەوانە، بەشی زۆریان - لە هەوانتە - ماڵی ئەو خەڵکە دەخۆن و ڕێی خوداشیان نیشان نادەن. ئەو کەسانەی زێڕ و زێو کۆ دەکەنەوە و لە ڕای خودا بەختی ناکەن، تۆ لەو ئازارە بەژانەی تووشی دێن ئاگاداریان کە.

35) ڕۆژێ کە ئەم زێڕ و زێوە بە ئاگری جەهەندەم سوور دەکرێنەوە، توێڵ و کەلەکە و پشتیانی پێ داغ دەکرێ: دەردی ئەو شتانە بچێژن کە بۆ خۆتان سەریەکوونان.

36) لەو ڕۆژەوە خوا ئاسمانان و زەمینی داهێناوە، نووسیویەتی ژمارەی مانگەکان دوازدەن؛ لە چواریاندا شەڕ دەوەستێ. ئەمە ڕەوشتێکی ڕاستە، لەمانەدا ناهەقی لە خۆتان مەکەن. ئەگەر ئەم بتپەرستانە بە تێکڕایی بە گژوودا دێن، ئێوەش بە گەلەکۆمەگی بە گژ ئەواندا بچنەوە؛ بیشی زانن خوا دەگەڵ خۆپارێزانە.

37) ڕاگوێزان و ئاڵوگۆڕی ئەو مانگانە، دەبێتە هۆی زێدە بوونی خوانەناسی و خوانەناسەکانی پێ گومڕا دەبن. لە ساڵێکا شەڕ بە ڕەوا دەزانن و لە ساڵێکا بە ناڕەوا؛ تا ژمارەی مانگە ڕەوا و ناڕەواکان ئەوسا بەرانبەر بێنەوە و لە ئاکاما، ئەوەی خودا ڕەوای نەدیوە، ڕەوای کەن. دیارە شەیتان ئەو کردەوە نالەبارەی بۆ جوان کردوون. خوا ئەوانەی دژی دینن، شارەزای ڕاستەڕێ ناکا.

38) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! چیتانە کە پێتان ئێژن: وەدەرکەون بۆ خەزا لە ڕای خودادا، تەمەڵن و لە جێی خۆ نابزوون؟ ئاخۆ ژیانی دنیاتان لە قیامەتێ پێ خۆشترە؟! گوزەرانی سەر دنیایە بەرانبەر بە گوزەرانی ئەو دنیاتان شتێکی زۆر کەم بایەخە.

39) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە خواوە تووشی جەزرەبەی بەژان دێن و دەستەیەکی تازە بابەت دەخاتە شوێنەکەی ئێوە و لەم بارەوە هیچ زیانێکی پێ ناگەیەنن. خوا بۆ هەموو شت توانایە.

40) ئەر ئێوە یاریدەی نادەن، خودا بۆ خۆی دەهانای هات: وەختێ خودانەناسەکان ئەویان دەرکرد، ئەو دەمەش کە لە ئەشکەوتەکەدا بوون و هەر یەکێک بوو لە دوو کەسان، ئەوێ کاتیش بە هەواڵەکەی خۆی دەگوت: خەمت نەبێ! ئێمە خودامان دەگەڵە؛ ئۆقرەی لە خوداوە بۆ هات و چەندین پێشمەرگەشی بۆ نارد یاری بکەن؛ کە ئێوە نەتان دەدیتن. قسەی خودانەناسەکان وەبن کەوت و هەر قسەی خودا لە سەرە. خودا خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە.

41) سووکباربن یان گرانبار بن، بۆ خەزایە ڕێ دابگرن و لە گیان و ماڵ بەخت کردن درێغ مەکەن. گەر بزانن هەر بە قازانجی خۆتانە.

42) ئەگەر دەسکەوتێ بێ ڕەنج و سەفەری سانا لە ڕێ با، هاسان بە دووتدا دەهاتن؛ بەڵام مەودای دوور و سەختیان، لا گران هات. دێن سوێندێ بە خودا دەخۆن کە: ئەگەر بمان توانیبا، ئێمەش دەگەڵتان دەهاتین. [بەو سوێندە] خۆ لە بەین دەبەن. خواش دەزانێ کە ئەمانە درۆ دەکەن.

43) خوا بت بەخشێ، بۆچ ئیزنت دان؟ ڕاوەستا بای هەتا بۆت ڕۆشن بباوە، کام ڕاستن و درۆزنەکانیش بناسی.

44) ئەوانەی بڕوایان هەیە بە خودا و بە ڕۆژی سەڵا، نایەن ئیزنت لێ بخوازن تا بە ماڵ و گیان لە ڕێی خوا خەزا بکەن. خوا خۆپارێزان دەناسێ.

45) هەر ئەوانە دێن کە ئیزنت لێ بخوازن، کە بڕوایان بە خوا و ڕۆژی دوایی نییە و لەو ناوەدا دوودڵ ماون و لە گومانی خۆیاندا هاتوچۆیانە.

46) ئەگەر بیان ویستایە دەرچن، خۆیان بۆ ئامادە دەکرد؛ بەڵام خودا هاتنیانی پێ خۆش نەبوو؛ ورەی لە دڵیان بردە دەر. پێیان گوتن: ئێوەش وێڕای بە جێ ماوان بە جێ مێنن.

47) گەر وێڕای ئێوەش هاتبان بۆ خەزایە، کاریان لە ئێوە تێک دەدا و کێشەیان بۆ دەنانەوە و ئاژاوەیان بەرپا دەکرد. هێندێکیشتان لە ناودا بوون قسەکانیان لێ دەبیستن. خودا لە ناهەقیکاران بە ئاگایە.

48) بەرێش پشێوییان نایەوە و کاری تۆیان بەراوەژوو نیشان دەدا. هەتا کارەکە ڕاست هات و بە کوێرایی چاوی ئەوان فەرمانی خودا هاتە جێ.

49) هەر لەوانەدا ئی وا هەن، دێن پێت ئێژن: ئیزنمان بدە با نەیەین؛ نەوەک تووشی گوناهان بین. با بزانن کە هەر ئێستا کەوتوونەتە ناو گوناهەوە. ئەوانەی خودانەناسن، دۆژەە دەورەیان لێ دەدا.

50) ئەگەر چاکەت بێتە ڕێگە، ئەوانە پێیان ناخۆشە؛ ئەگەر تووشی بەڵایەش بی، ئێژن: ئێمە هەر لە پێشدا مشووری خۆمان خواردووە و بە دڵخۆشی خۆت لێ دوورەپەرێز دەگرن.

51) بێژە: بێژگە ئەوەی خودا بۆی نووسیبین تووشمان نایە؛ هەر ئەو سەروەری ئێمەیە و گەرەکە خاوەن باوەڕان هەر خۆ بە خودا بسپێرن.

52) بێژە: ئاخۆ چاوەنۆڕن جگە لە یەکێ لەو دووانەی - کە هەر دووکیان باشەکانن - شتێکی ترمان تووش ببێ؟ ئەوا ئێمەش چاوەنۆڕین خودا هەر خۆی، یان بە هۆی ئێمە جەزرەبەو بۆ بنێرێ. دەسا ئێوە چاوەنۆڕ بن، ئەوا ئێمەش چاوەنۆڕین.

53) بێژە: بە خۆشی خۆتان بێ یان بە زۆری ماڵ بەخت کەن، خودا لێتان قبووڵ ناکا؛ چونکە ئێوە کۆمەڵێ لە ڕێ لادەر بوون.

54) بۆیەش هەرچی بەختی بکەن، خودا لێتان قبووڵ ناکا، چونکە ئەوان حاشایان کرد لە خودا و پێغەمبەرەکەی، نوێژەکانیان بە تەنبەڵی بە جێ دێنن و ئەو ماڵەش کەوا دەیبەخشن، زۆر بە نابەدڵی دەیدەن.

55) سەیرت نەیە لە دارایی و زاروزیچێ کە هەیانە؛ خوا دەیەوێ لە دنیادا بەمانە ئازاریان دا و هەر بە خوانەناسی بمرن.

56) بە سوێندەوە ڕەش دەبنەوە، دەڵێن: ئێمەش لە خۆتانین؛ درۆش دەکەن لە ئێوە نین؛ بەڵام ئەوان گرۆیەکی ترسەنۆکن.

57) گەر ئەنوایەک یان ڕەهۆڵێک یان ئەشکەوتێکیان شک بربا، بە هەڵەداوان بۆی دەچوون.

58) هێندێک لەوان لە سەدەقە بەشینەوەت بە گازندەن؛ ئەگەر بەشی خۆیان بدرێ، ڕازی دەبن؛ ئەگەر بەشیان بەر نەکەوێ، تووڕە دەبن و بۆڵە دەکەن.

59) ئەگەر ئەوان بەو بەشە ڕازی بوونایە کە خودا و پێغەمبەری خوا دەیانداتێ و بیانگوتا: ئێمە هەر خودامان بەسە و بەم زووانە خودا و پێغەمبەری خوا لە چاکەی خۆ بەشمان دەدەن، چ دەقەوما؟

60) زەکات هەر دەبێ بدرێتە هەژاران و کەم دەستان و ئەو کەسانەی پێ ڕادەگەن؛ بەختیش بکرێ بۆ هۆگری نەیاران و ڕزگار کردنی کۆیلان و قەرزداران لە ڕای خودا و لە ڕێگا بە جێ ماواندا. بڕیارێکە لە خوداوە؛ خودا زانا و لەکارزانە.

61) لەوانەدا ئی واش هەیە پێغەمبەر ناڕەحەت دەکەن؛ ئێژن: هەموو شت دەبیسێ. بێژە: گوێ لە چاکە دەگرێ کە بە قازانجی ئێوەیە؛ باوەڕی بە خودا هەیە؛ بە باوەڕدارانی تریش بڕوای هەیە و بەزەییشە بۆ ئەوانەی لە ئێوە بڕواو هێناوە. ئەو کەسانەش کە پێغەمبەر عەزیەت دەدەن، تووشی ئازاری بەژان دێن.

62) سوێندوو بە خودا بۆ دەخۆن، کە ئێوەیان لێ ڕازی بن. با ئەگەر خاوەن باوەڕن، کارێ بکەن خوا و پێغەمبەری خودایان لێ ڕازی بن.

63) بۆ دەبێ نەیانزانیبێ هەر کەسێکی دژی خودا و پێغەمبەری خوا بووەستێ، تا هەتایە لە ئاگری دۆژەهدایە؛ کە ڕیسوا بوونی گەورەیە؟

64) ئەوانەی دووڕوون دەترسن سەبارەت بەوان سووڕەتێک بێتە خوارێ، هەرچی لە دڵیاندا هەیە ئاشکرای کا. بێژە: ئێوە گاڵتە بکەن، ئەوەی خۆی لێ دەپارێزن خودا هەر ئاشکرای دەکا.

65) خۆ ئەگەر لێشیان بپرسی: خەریکی چن؟ دەڵێن: ئێمە خەریکی گەپ و گاڵتە بووین. بێژە: ئاخۆ گاڵتەو بە خوا و پێغەمبەری خودا دەکرد؟

66) داوای لێ بووردنێ مەکەن؛ ئێوە لە پاش بڕواهێنان بوونە دژی ئیسلامەتی؛ ئەگەر ئێمە لە هێندێکانوو خۆش ببین، دەبێ هێندێک ئازار بدرێن؛ لە بەر ئەوەی تاوانبار بوون.

67) نێر و مێ لەم دووڕووانە وەکوو یەکن؛ فەرمان بە خراپە دەدەن و ڕێگە لە بەر چاکە دەگرن؛ دەستی خۆشیان لە خێرکردن دەقووچێنن؛ خودایان لە بیر بردەوە و خوداش ئەوانی لە بیر کرد. ئەوانەی دووڕوویی دەکەن، هەموویان لە ڕێ لادەرن.

68) بڕیاری خودا هەر وەک بۆ خودانەناسەکان هەیە، دووڕووانی ژن و پیاویش دەگرێتەوە؛ بە تێکڕایی دەیانخاتە جەهەندەم و تا هەتا هەر تیا دەبن؛ کە ئەمە بۆ ئەوان بەسە؛ بەر نەفرینی خواش کەوتوون و ئازاردانیان بنەی نایە.

69) وەک ئەوانەی پێش ئێوە بوون، زۆر لە ئێوە بە هێزتر بوون؛ ماڵ و منداڵیشیان پتر. ئەوان لەو بەشەی کە بوویان کەڵکیان وەرگرت؛ ئێوەش وەتر؛ هەر وا ئەوانەی پێش ئێوەش، لەب ەشی خۆ کەڵکیان وەرگرت. ئەنگۆ تووشی پڕوپووچ بوون؛ هەروەک ئەوانە تووشی بوون. ئەوان لە دنیا و سەڵادا کردەوەیان بە فێڕۆ چوو؛ هەر بۆ خۆشیان زیانبار بوون.

70) ئاخۆ دەنگ و باسی نووح و عادو سەموودو خەڵکی مەدیەن و موئتەفیکەو هاوچەرخانی ئیبڕاهیمیان پێ نەگەیوە، کە لە پێش واندا ژیاون؛ کە پێغەمبەرانی ئەوان بە چەند بەڵگەی ئاشکراوە چوونە ناویان؟ خوا ناهەقی لێ نەکردن؛ هەر بۆ خۆیان ناهەقیان لە خۆیان کرد.

71) ژن و پیاوی باوەڕدار دۆستی یەکترین؛ فەرمان بە چاکە دەدەن و بەر لە کاری کرێت دەگرن و نوێژ دەکەن و زەکات دەدەن و بەر فەرمانی خودا و پێغەمبەری خودان. خوا ئەمانە وەبەر بەزەیی خۆی دەخا. خودا خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە.

72) خودا بەڵێنی بە پیاوان و ژنانی بە باوەڕ داوە، باغاتێکیان خەڵات دەکا، جۆباریان بە بەردا دەڕوا و هەر دەوێدا دەمێننەوە. چەندین خانووی هەرە باشی لە ناو باغاتی عەدندا بۆ داناون. ڕەزای خوداش، کە لە گشتی هێژاترە؛ دەسکەوتی مەزن ئەمەیە.

73) ئەی پێغەمبەر! دەگەڵ خودانەناسان و ئەوانەی دووڕوویی دەکەن، بە شەڕ وەرە و بە توند و تیژی ڕەفتاریان دەگەڵ بکە. ئەنوای ئەوان جەهەندەمە و دواڕۆژی دژواریان هەیە.

74) سوێندێ دەخۆن کە بە خودا ئەوەیان نەدرکاندووە؛ کەچی قسەی خودانەناسانەیان کرد. دیارە لە پاش موسوڵمان بوون لە دین پەشیوان بوونەوە؛ خەیاڵیان دابووە سەر شتێ، بۆیان نەلوا پێکی بێنن. هەر بۆیەش ڕکیان بۆتەوە کە خودا و پێغەمبەری خوا بەو چاکەی دەگەڵی کردوون، ناگوزووری بۆ نەهێشتوون. ئەگەر پەشیمان ببنەوە، هەر بە قازانجی خۆیانە و ئەگەر هەر ڕوویان وەرگێڕا، خودا لەم دنیا و لەو دنیا، ئازاری بەژانیان دەدا و لەم هەردەدا، نە کەس دۆستایەتییان دەکا، نە یاوەریان دەس دەکەوێ.

75) هێندێک لە ناو ئەوانەدا پەیمانیان دەگەڵ خودا بەست کە: شەرتە ئەگەر خودا لە چاکەی خۆی بەشمان بداتێ، ئێمەش خێر و خێرات دەکەین و دەچینە ڕێزەی پیاوچاکانەوە.

76) کە خوا کردی و لە چاکەی خۆی زێدەی دانێ، ڕژدایەتییان لە سەر کرد و دیسان پشتیان هەڵکرد و ڕوویان وەرگێڕا.

77) چونکە ئەوان پەیمانی خوایان شکاند و درۆیان لەیەل خودا کرد، دووڕوویی هەر لە دڵیاندا هێشتۆتەوە، تا ئەو ڕۆژەی دێنە بەر بارەگای خودا.

78) بۆ نازانن خودا بە ڕازیان دەزانێ و ئاگای لە سرتەشیان هەیە و خۆی لە هەرچی نادیارە، ئاگادارە.

79) ئەو کەسانە تەوس دەگرنە بڕوادارانێ کە زێدە لە زەکات، خێراتێ دەکەن؛ تانەش دەدەن لەوانە وا هەر ئەوەندەیان دەس دەڕوا کە دەیبەخشن؛ ئەوسا گاڵتەشیان پێ دەکەن. خودا گاڵتە بەمان دەکا و ئازاری بەژانیان دەبێ.

80) لێ خۆشبوونیان بۆ داوا بکەی یان نەکەی، بێ بەهرەیە. ئەگەر تۆ حەفتا کەڕەتیش نزای بەخشینیان بۆ بکەی، خوا هەرگیز لێیان خۆش نابێ؛ چون ئەوانە لە خودا و پێغەمبەرەکەی حاشا دەکەن؛ خواش گرۆی لە ڕێ لادەران ناخاتە سەر ڕاستەڕێیە.

81) ئەوانەی بەوە دڵخۆشن کە لە ماڵەخۆیان مان و لە هاوڕێ بوون دەگەڵ خودا و پێغەمبەری خۆیان بوارد و نەیانویست کە ماڵ و گیانیان لە ڕاهی خودا بەخت کەن و دەیانگوت: لەم گەرمایەدا دەرمەکەون. بێژە: ئەگەر تێگەیشتنیان هەبوایە، خۆ ئاگری جەحەندەم زۆر گەرمترە.

82) با کەم بخەنن و زۆر بگرین لە سزای ئەو کارانەدا کە دەیانکرد.

83) ئەر خوا تۆی لە خەزا گەڕاندەوە بۆ لای هێندێک لەوان و لە تۆیان داوا کرد ئیزنیان بدەی بچنە خەزا؛ بێژە: هەرگیز ناشێ دەگەڵمان دەرکەون قەت دەگەڵ من ناچنە شەڕی هیچ دوژمنێک. ئێوە هەر سەر لە هەوەڵێ خانەنشینیتان نەقاند؛ ئێستاش هەر خانەنشین بن؛ وێڕای ئەوانەی مانەوە.

84) هەر کەسێکیشیان لێ بمرێ، نابێ نوێژی لە سەر بکەی و لە سەر گۆڕی ڕامەوەستە. ئەوان لە خوا و پێغەمبەر حاشایان کرد و کە مردن لە ڕێ لادەر بوون.

85) داهات و عەولادی زۆریان بەلاتەوە گرینگ نەبێ. خوا دەیەوێ هەر بەمانە لە دنیا جەزرەبەیان دا و بە بێ دینی گیانیان دەرچێ.

86) هەرگا سووڕەتێک دێتەخوار کە باوەڕ بە خوا بهێنن و لە تەک پێغەمبەرەکەیدا بچنە خەزا، خاوەن دەستەڵاتەکانیان دێن ئیزن لە تۆ دەخوازن و ئێژن: واز لە ئێمە بێنە، با ئێمەش لە ماڵ بمێنین؛ وەک خانەنشینانی تر.

87) بەوە ڕازی بوون وەل بە جێ ماوەکان بن؛ مۆریان بە سەر دڵەوەیە و هیچ تێ ناگەن.

88) بەڵام پێغەمبەری خودا و ئەوانەی دەگەڵ ئەودان و باوەڕدارن، بە ماڵ و گیان چوونە خەزا؛ خۆشی و چاکی بۆ ئەوانە و ڕزگارەکانیش ئەوانن.

89) خوا باغاتێکی بۆوان ساز داوە کە جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تا هەتایەی تێدا دەبن. ئەمەیە دەسکەوتی گەورە.

90) عارەبی دەشتەکی هاتوون، بڕوبەهانە دەتاشن ئیزنیان بدەی [نەچنە خەزا]. ئەو کەسانەش حاشایان لە خوا و پێغەمبەری هەیە، لە ماڵە خۆیان ڕۆنیشتوون. ئەوانە بوونە خوانەناس - بەم زووانە - تووشی ئازاری تووش دەبن.

91) لە سەر ئەوانەی بێ هێز و لەش بە بار و ئەوانەی هێندە شک نابەن خێرات بکەن، سووچێک نییە، ئەگەر ئەوان بۆ خودا و پێغەمبەرەکەی ئامۆژگاری مەردم بکەن. هیچ گلەیەک لە سەر چاکەکاران نییە. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.

92) هیچ گلەش لەوانە ناکرێ کە هاتنە لات هەڵیانگری و گوتت: چارەوای وام نییە هەڵتانگرێ. لە خەمباری فرمێسکیان دەچاوان تزا و گەڕانەوە؛ چونکە هیچی وایان نەبوو بەختی بکەن.

93) ڕێی گازندە هەر لە سەر ئەو کەسانەیە کە بوودەن و مەرەخەسیت لێ دەخوازن؛ بەمە ڕازین دەگەڵ بە جێ ماوەکان بن؛ خودا مۆری بە سەر دڵیانەوە ناوە و هیچ تێ ناگەن.

94) کاتێ ئێوە دەگەڕێنەوە بۆ لایان، عوزرخواییتان لێ دەکەن. بێژە: هیچ عوزری پێ ناوێ، ئێمە بڕواتان پێ ناکەین؛ لەمەڕ ئێوە خودا خەبەری پێ داوین. خودا و پێغەمبەری خودا کردەوەکانتان دەبینن و لە ئاکاما دەبرێنەوە بۆ لای ئەوەی کە لە خویا و بەربێواران ئاگادارە؛ ئەوسا خەبەردارتان دەکا کە چۆن کارێکتان کردووە.

95) هەرگا ئێوە دەگەڕێنەوە بۆ لایان، دێن و بە خواتان سوێند دەدەن کە خۆیان تێنەگەیەنن. ئێوە واز لەوانە بێنن، چونکە ئەوانە گەمارن و لە سزای کردەوەکانیان جەهەندەمە جێگایان.

96) ملتان بۆ لە سوێندان دەنێن کە ئێوە لەخۆڕازی کەن؛ گەر ئێوەش لێیان ڕازی بن، خوا لە گرۆی لە ڕێ لادەر ڕازی نابێ.

97) عارەبەکانی دەشتەکی لەمەڕ خودانەناسین و دووڕوویی، بێ ڕەزاترن و بۆ سنوور پێ نەزانینی هەرچی خودا بۆ پێغەمبەری ناردووە، کۆڵی ترن. خودا زانای لەکارزانە.

98) هێندێک هەر لەو دەشتەکیانە، هەرچی بیدەن وای دەزانن کە خاوەیان لێ سەنراوە؛ لێو دەخەفتێن کە بەڵایەکتان بە سەر بێ؛ بەڵا هەر بە سەر خۆیان بێ. خودا بیسەر و زانایە.

99) هەر لە ناو ئەو دەشتەکیانەش ئی وا هەیە بڕوای بە خوا و بە ڕۆژی قیامەتێ هەیە و هەرچی لەم ڕێیەدا دەیدا، بۆ نزیکی لە خودایە و بۆ ئەمەیە کە پێغەمبەر بە نزا لە بیریان نەکا با بزانن کە هەربینا نزیک دەبنەوە لە خودا و دەیانخاتە بەر بەزەیی خۆی. خودا دیارە گوناهـ بەخش و دلۆڤانە.

100) خوا لەوانەی هەر پێشوو ئاوارە بوون و لەوانەش کە یاریدەر بوون، لەوانەش کە لە چاکەدا دایانە سەر شۆپی ئەوان، ڕازی بووە و ئەوانیش لە خوا ڕازین و باغاتێکی بۆ ساز داون جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تا هەتایە تێدا دەبن و ئەمەیە دەسکەوتی گرینگ.

101) لەو عەرەبە دەشتەکیانەی - کە لە دەوروبەری ئێوەن - هێندێکیان و هێندێکیش لە خەڵکی مەدینە دووڕوون و هەر بۆ دووڕوویی ڕاهاتوون؛ ئەتۆ ئەوانە ناناسی، ئێمە زۆر باشیان دەناسین. دوو جار ئازاریان دەدەین و لە دواییدا دەیانخەینە بەر جەزرەبەی هەرە دژوار.

102) هی تریش هەن دانیان ناوە بە گوناهەکانی خۆیاندا، کارێ باش و یەکێ خراپیان تێکەڵ کرد؛ شایەت خودا تۆبەیان لێ قبووڵ بکا. خودا لە گوناهـ دەبوورێ و دلۆڤانە.

103) لە داراییەکی هەیانە سەدەقەیان لێ وەرگرە، تا بەوە پاک و خاوێنیان بکەیتەوە. نزای باشیان دەرهەق بکە، نزای تۆ ئۆقرەیە بۆ وان. خودا بیسەر و زانایە.

104) چۆن دەبێ نەیانزانیبێ خودا تۆبە لە عەبدی خۆی قبووڵ دەکا و سەدەقەشیان لێ وەردەگرێ و خودا تۆبە قبووڵ کار و دلۆڤانە؟

105) بێژە: دەسا وەکار کەون، کاری ئێوە بە زوویەکی زوو لە لای خودا و پێغەمبەری خاوەن باوەڕان دیار ئەدا و بەو زووانە دەبرێنەوە بۆ لای زانا بە نادیاری و دیاران؛ ئەوسا ئاگاداروو دەکا کە چۆن کارێکتان کردووە.

106) هێندێکیشیان چاوەڕێی فەرمانی خودان. جا یان جەزرەبەیان دەدا، یان تۆبەیان لێ وەردەگرێ. خودا زانای لەکارزانە.

107) ئەوانەش وا مزگەوتێکیان چێ کردووە تا هۆی زیان و خوانەناسی و پژگ و بڵاوی نێوان باوەڕدارەکان بێ و تا ڕوانگە بێ بۆ ئەوانەی لە پێشوودا دژی خودا و پێغەمبەری ڕاوەستا بوون، سوێندیش دەخۆن کە: جگە لە چاکە کردن نیازێکی ترمان نەبووگە؛ خوا شایەتە کە ئەوانە درۆزنن.

108) هەرگیز لەوێدا نوێژ مەکە. ئەو مزگەوتەی ڕۆژی بەرێ لە سەر هەستی خوداترسی دامەزرا بێ، هێژاترە کە تۆ نوێژی تێدا بکەی. لەوێندەرێ پیاوی وا هەن حەز دەکەن بە پاکی بژین؛ خوداش لە پاکان خۆشی دێ.

109) ئاخۆ کەسێ کە هیمی مزگەوتەکەی خۆی لە سەر هەستی خواپەرستی و ڕەزای خودا داڕشتبێ هێژاترە، یان ئەو کەسەی کە بناغەی مزگەوتەکەی لە سەر لێواری کەنداڵی فشەڵە و ڕووخەک داناوە و دەگەڵ ئەودا دەکەوێتە ناو ئاگر و کڵپەی دۆژەە؟ خودا دەستەی ستەمکاران شارەزای ڕاستەڕێ ناکا.

110) ئەو خانووەی سازیان داوە، هەر مایەی دڵخورتیانە؛ جا مەگین ئەو دڵانەیان کوت کوت ببێ. خوداش زانای لەکارزانە.

111) خودا گیان و سامانی باوەڕدارانی کڕیوە و لە باتیاندا دەیانخاتە بەهەشتەوە. باوەڕدارانیش ئەوانەن کە لە ڕای خوا شەڕ دەکەن و دەکوژن و دەشیانکوژن. لە تەوڕات و لە ئینجیل و قورئانیشدا بەڵێنی وەها دراوە. سا کێ لە خوا بۆ پێک هێنانی بەڵێنی درووسترە؟ دەسا ئێوە بەو سەودایەو مزگێنی بە یەکتر بدەن، کە دەسکەوتێکی زۆر گەورەو دەس کەوتووە.

112) تۆبەکاران، خواپەرستن، هەر پەسندی خودا دەدەن؛ ڕۆژووگرن، بە کڕنۆش و سوژدەبەرن، هانەی کاری چاک دەدەن و بەر لە ناڕەوا دەگرن و سنووری خوا دەپارێزن. مژدە بدە بەوانەی خاوەن باوەڕن.

113) ڕەوا نییە بۆ پێغەمبەر و ئەوانەی باوەڕدارن، داوای بوووردن بۆ بتپەرستەکان بکەن - جا با خزمی نزیکیش بن - لە پاش ئەوەی سوور دەزانن کە جەحەندەم جێگەیانە.

114) کە ئیبراهیم داوای عافوو کردنی بۆ ئاپی خۆی کرد، تەنیا بۆ بەجێ هێنانی بەڵێنێک بوو کە پێی دابوو. بەڵام کاتێ کە سوور زانی دژی خوایە، ئیتر خۆی تێ نەگەیاند. بێ گومان ئیبڕاهیم گەلێک لە خواترس و لەسەرخۆ بوو.

115) پاش ئەوەی خوا کۆمەڵێکی خستە سەر ڕێ، ئیتر هەتا دیاری نەکا دەبێ لە چی بەپارێز بن، لە ڕاستەڕێیان دەرناخا. خودا هەموو شت دەزانێ.

116) خاوەن موڵکی عاسمانەکان و زەمینێ هەر خودایە. گیان وەبەر دێنێ و دەمرێنێ و جیا لە خودا، دۆست و یاریدەرتان نییە.

117) خودا لە پێغەمبەر و ئەوانەی دەربەدەرن و ئەوانەی یاریدەدەرن و لە جەنگەی تەنگانەدا هەر پەیڕەوی ئەو بوون، خۆش بووە. لە پاش ئەوەی هێندێک لەوان وەختا بوو دڵیان گومڕا بێ، دیسان خوا عافووی کردن. خودا دڵسۆزی ئەوانە و دەگەڵیانا میهرەوانە.

118) دەربارەی ئەو سێ کەسانەش خۆیان لە خەزا دزیەوە، تا وای لێهات ئەم زەمینە هەراوەیان لێ وەتەنگ هات؛ خۆشیان تەنگانەیان هاتێ و تێگەییشتن هیچ پەنایەکیان نەماوە، مەگین هەر پەنا بەو بەرن. پاشان ئەوانیشی بەخشی کە بەرەو خودا وەگەڕێن. خودا تۆبە قبووڵ دەکا و دلۆڤانە.

119) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! با ترسوو لە خودا هەبێ و لە ڕێزی ڕاستاندا بژین.

120) مەدینەیی و ئە وعارەبە دەشتەکیانەی لە دەوریانن، نەدەبووایە پێغەمبەری خودایان وەلا بنایە و خۆیان لەو هەڵاواردایە؛ چونکوو هەرچی لە تینگی و لە مانگی و لە برسییەتی - کە لە ڕای خودا تووشیان دێ - و هەر هەنگاوێکی دەیهاوێن، خوانەناسان تووڕە دەکا و هەر زەربەتێ لە دوژمنی دەوەشێنن، گشتی خودا بە چاکەیان بۆ دەنووسێ. خوا پاداشی چاکەکاران وندا ناکا.

121) هەرچەندە ماڵ بەخت دەکەن، کەم و زۆری و لە هەرگەڵیەک دەرباز دەبن، خودا بۆیانی دەنووسێ، تا پاداشی لەوە چاکتریان بداتێ.

122) نە پێویستە باوەڕداران هەموو تێکڕا وەدەرکەون؛ با لە ناو هەر کۆمەڵگایەک دەستەیەکیان بچنە دەرێ، تا لە دین شارەزا دەبن و کە گەڕانەوە ناو هۆزیان بیانترسێنن. بەشکوو خۆیان بپارێزن.

123) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! دەگەڵ ئەو خوانەناسانەی هاوساتانن بەشەڕ وەرن؛ با زەبر و زەنگوو ببینن. بیشیزانن خوا دەگەڵ خۆپارێزانە.

124) ئی وایان دەناودا هەیە، تا سووڕەتێک دێتە خوارێ، ئێژێ: کێتان بڕوای پێ پتەوتر بووە؟ جا ئەوانەی بڕوایان بە خوا هێناوە باوەڕیان بەهێزتر دەبێ و کەیفێ دەکەن.

125) ئەوی دڵیشیان ساغ نییە، حاشا دێتە سەر حاشایان و بە خوانەناسی دەمرن.

126) ئاخۆ ئەمانە نابینن کە ساڵانە کەڕەتێک یان دوو کەڕەتان دەکەونە بەر تاقیکاری؟ لە ئاکامدا نە تووشی پەژیوانی دێن نە پێی تەمێ گرتوو دەبن.

127) هەرگا سووڕەتێک دێتە خوار، هێندێک دەڕواننە هێندێکان: ئاخۆ کەس ئێوە دەبینێ؟ لە پاشان دەگەڕێنەوە. خوا دڵیانی وەرگێڕاوە؛ چونکە ئەمان لە دەستەی بێ ئاوەزانن.

128) پێغەمبەرێک هاتە لاتان، لە خۆتانە؛ هەر بەڵایە بە سەرتان بێ، لای گرانە؛ زۆری دڵ لە سەر ئێوەیە؛ دڵسۆزی باوەڕدارانە و دلۆڤانە.

129) ئەگەر هەر ڕوویان وەرگێڕا، بێژە: من هەر خودام بەسە، بە غەیرەز ئەو هیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ کاری خۆم داوەتە دەست ئەو، هەر ئەویشە خودانی تەختی مەزنە.