8- ئەنفال

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 13 خولەک  1086 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) لەمەڕ دەسکەوتی جەنگەوە لێت دەپرسن، بێژە: تاڵانی دوژمنان بۆ خودا و بۆ پێغەمبەرە. ئەگەر بڕواتان هێناوە، ئێوە ترسوو لە خودا بێ و لە ناو خۆتاندا پێک وەرن و بەرفەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بن.

2) خاوەن بڕوا ئەو کەسانەن هەر کە ناوی خودا برا، دڵیان ترسی ڕێ دەنیشێ و کەنیشانەکانی ئەویان بۆ وەخوێنن، بڕوایان بە هێزتر دەبێ و دەربەست خۆیان بە پەروەرێنیان دەسپێرن.

3) ئەوانەن کە نوێژ دەکەن و لەو بژیوەی بەشمان داون بەشی هەژارانیش دەدەن.

4) باوەڕداری بێ کەمایەسی ئەمانەن کە لە پەروەرێنیانەوە پلە و پایە و لێ خۆشبوون و بژیوی پەسندیان هەیە.

5) هەروەک ئەوەی پەروەرندەت - بە هەقانەت - تۆی لە ماڵی خۆت هێنادەر؛ هێندێکیش لە باوەڕدارەکان ناڕازی بوون.

6) لە پاش ڕاستی ڕوون بوونەوەش، ئەوان کێشەت دەگەڵ دەکەن؛ وەک بە ئاشکرا ببینن کە بەرەو مردنیان داژۆن.

7) ئەوسا کە خوا سۆزی پێدان کە یەکێک لەو دوو کۆمەڵە بۆ ئێوەیە، ئێوە هەر ئارەزووتان بوو دەستە بێ دەستەڵاتەکە بۆ ئێوە بن. خوداش ویستی هەر چۆنێ خۆی گوتوویەتی وەڕاست گەڕێ و خوانەناسان بنەبڕ کا.

8) تا ڕاستی سەقام گیر بکا و پووچ و چرووک لە ناو بەرێ؛ هەرچەند تاوانبارەکان حەزی لێ نەکەن.

9) لەو کاتەشدا کە هاناتان بۆ پەروەرندەتان دەبرد، گوتی: ئەوا بە شوێن یەکدا هەزار فریشتە دەنێرم بۆ یاریتان.

10) خودا ئەو بەڵێنەشی هەر بۆیە پێدان، هەتاکوو موژدەیەک بێتوو دڵگەلتان پێ ئۆقرە بگرێ. یاریدەش هەر لە خواوەیە. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

11) ئەو دەمەشتان هەر لە بیر بێ وا ئەو سووکەخەوەی لە لای خۆیەوە بۆ هەناردن و بوو بە هۆی دڵنیاییتان. بارانیشی لە حەواوە بۆ باراندن تا خاوێنتان بکاتەوە و خەیاڵاتی شەیتانوو لێ دوورخاتەوە و دڵگەرمتان کا و مەیدانێ بە جێ نەهێڵن.

12) خوا فریشتەی تێگەیاندن کە: خۆشم دەگەڵ ئێوەدام، غیرەت وەبەر خاوەن باوەڕەکان بێنن، منیش ترس وەبەر خوانەناسان دەنێم. سا ئێوە لە ملیان دەن و هەموو ئەنتگوستەکانیشیان بپەڕێنن.

13) چونکە ئەوان بەرهەڵستی خودا و پێغەمبەری وێستان. هەر کەسانێک دژی خودا و پێغەمبەر بن، خوا بە توندی سزا دەدا.

14) با بیچێژن! خوانەناسان بە ئاگریش ئازار دەدرێن.

15) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەر تووشی خوانەناسان بوون - با زۆریش بن - ئێوە لە بەریان هەڵ مەیەن.

16) هەر کەس لە ڕۆژێکی وادا خۆ لە شەڕێ بدزێتەوە - مەگین بۆ شەڕ کردن لە شوێنێکی کەوە، یان بۆ یاریدەی یارانی - خودا لە خۆ تووڕە دەکا و جێگەی لە جەهەندەم دەبێ و چارەنووسی زۆر خراپە.

17) ئەوان ئێوە نەتان کوشتن؛ خوا کوشتنی. کە هاویشتت، هاوێژەرەکە تۆ نەبووی؛ خوا هاویشتی. ئەو دەیەویست باوەڕداران بە باشی تاقی کاتەوە. خودا بیسەر و زانایە.

18) بەڵێ، ئاوا خودا فێڵی دین دوژمنان پووچەڵ دەکا.

19) گەر دەتانەویست سەرکەون، وا سەرکەوتن؛ ئەگەر لە شەڕ بەسیش بکەن، قازانجتانە؛ ئەگەریش تێ هەڵ بچنەوە، ئێمەش تێ هەڵ دەچینەوە و با دەستەوبەستەتان زۆر بن، هیچ بەهرە بۆ ئێوە نادا. خودا وەل باوەڕدارانە.

20) ئەی گرۆی خاوەن باوەڕان! بەرفەرمانی خودا و پێغەمبەری بن و لە هەر شتێ ئەو پێتان ئێژێ و دەیبیسن، خۆ مەبوێرن.

21) ئێوە وەک ئەوانە مەبن، گوتوویانە: گوێمان لێیە، کە چی هەر نەشیان بیستووە.

22) خراترین زیندەوەران لە لای خودا، ئەو کەڕ و ڵاڵانەن کەوا هیچ تێ ناگەن.

23) ئەگەر خودا بیزانیبا خێرێکیان دەباراندایە، کارێکی دەکرد ببیسن. خۆ ئەگەر گوێ بیستنیشی پێ بدابان، هەر ڕوویان لێ وەردەگێڕا و خۆیان دەبوارد.

24) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەرگا خودا و پێغەمبەر لێو داوا دەکەن کارێ بکەن ئێوەی پێ بژووژێنەوە، گورجێ بیکەن؛ ئێوەی پێ دەبووژێنەوە. بشزانن خوا دەبێتە لەمپەر لە نێوان مرۆ و دڵی؛ هەموو لاشتان لە لای ئەو کۆ دەکرێنەوە.

25) لەو بەڵایەش خۆ پارێزن کە تایبەتی ناحەقیکارانتان نییە. بشزانن کە تۆڵەی خودا توند و تیژە.

26) بیر لەو دەمە بکەنەوە کە ئێوە لەم وڵاتەدا کەمێکی بێ دەستەڵات بوون؛ ترسوو هەبوو خەڵکی تر دەرتان بکەن و بێ جێ و ڕێ بمێننەوە. پەنای دان و یاریدەی دان و سەرکەوتن و ڕۆزی پاک و ڕەوای پێ دان؛ بەشکە شوکرانەبژێر بن.

27) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! دەگەڵ خودا و پێغەمبەر دەغەڵی مەکەن. ئەو شتانەش کە دەزانن ئامانەتن، غەیانەتی تێدا مەکەن.

28) بشزانن ماڵ و منداڵتان هۆی ئەزموونن؛ پاداشی زۆر لای خودایە.

29) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر لە خودا بترسن، ئامێری جیا کردنەوەی پاک و پیستان پێ دەدات و لە خراپەتان دەبوورێ. خودا زۆر چاکەی لە لایە.

30) بێتە بیرت ئەوسا خودانەناسەکان ویستیان فێڵێکت لێ بکەن، یان بەندت کەن، یان بتکوژن، یان دەرت کەن. ئەوان فێڵەکەی خۆیان کرد؛ خواش فێڵی کرد. خواش چاترین فێڵەزانە.

31) هەرگا نیشانەی ئێمەیان بۆ وەخوێنن، ئێژن: بیسمان؛ ئەگەر حەزمان بکردایە، ئێمەش وەک ئەمەمان ئەوت؛ لە چەند چیرۆکی کەونارا بەدەر نییە.

32) ئەوساش گوتیان: ئەی خودایە! ئەگەر بە ڕاستیە و لە لایەن تۆوە هاتووە، لە حەواوە وەبەر تەوەن بارانمان دە، یان ئازارێکی بەژانمان بۆ بنێرە.

33) هەتا تۆیان لە ناودا بێ، خودا جەزرەبەیان نادا. هەتا داوای بووردن لە گوناهیش بکەن، خودا هەر ئازاریان نادا.

34) خودا چۆن ئازاریان نەدا، کە ئەوانە ڕێگەی «مسجدالحرام» یان لە زیارەت کەران گرتووە و هەڵیش ناگرن خاوەنی بن؟ خاوەنانی هەر دەبێ ئەو کەسانە بن کە ترسی خودایان هەیە؛ بەڵام زۆربەیان نەزانن.

35) نوێژیان لە ماڵی خودادا هەر بریەتی لە چەپڵە و فیتووکێشانە. سا لە سزای ئەو بڕوا نەهێنانەدا، ئەشێ تووشی ئازار ببن.

36) ئەوانەی خودانەناسن، ماڵی خۆیان خەرج دەکەن ڕێگەی بەرەو خودا بگرن. ئەو ماڵ بەخت کردنەیان دەبێتە کەسەرێک بۆیان و پاشان هەر ژێر دەکەون. خڕوپڕی خوانەناسان لە دۆژەە کۆ دەکرێنەوە.

37) هەتا خودا پاک و پیس لێک هەڵاوێرێ و پیسەکان لە سەر یەک دانێ و بەتێکڕایی کۆگایان دا و بیانخاتە دۆژەهەوە؛ هەر خۆیان زیانبار بووگن.

38) بە خوانەناسەکان بێژە: ئێستاش ئەگەر دەس هەڵگرن، هەرچی پێشوو کردووتانە عافوو دەکرێ. ئەگەریش تێ هەڵ بچنەوە بەسەرهاتی پێشینەکان دیارە چ بوو.

39) وەلیان شەڕ کەن هەتا ئاژاوە نامێنێ و دین گشتی دینی خوا دەبێ. سا ئەگەر تەمێ گرتوو بوون ئەوسا هەر کارێکی بیکەن خوا دەیبینێ.

40) ئەگەریش ڕوویان وەرگێڕا، با بزانن کە گەورەتان هەر خودایە؛ گەورەی هەرە باشتان هەیە و چاکترین یاریدەرتانە.

41) ئەگەر باوەڕتان بە خودا و باوەڕیتان بەوەش هەیە کە ڕۆژی لێک هەڵاواردن بۆ عەبدی خۆمان ناردەخوار، ئەوێ ڕۆژێ کە دوو کۆمەڵ تووشی یەک بوون؛ دەبێ ئەوەندەش تێ بگەن هەر تاڵانێکوو دەس کەوت، پێنج یەکێکی بەشی خودا و پێغەمبەرە و بۆ خزمان و هەتیوان و هەژاران و ڕێبوارانە. خودا توانای بە سەر هەموو شتدا هەیە.

42) وەختێ ئێوە لە داوێنەی نزیکتر و ئەوان لە داوێنەی دوورتر دامەزرا بوون، کاروانیش لە خوار ئێوە بوو، ئەگەر کاتی پێک گەیشتنوو دانابا، بێ سۆ لە سەر ژوانگە تووشی کێشە دەبوون؛ بەڵام دەوبو هەرچی خوا بڕیاری دابوو هەر ڕوو بدا. تا مردن و ژینی هەر کەس، بە بەڵگەی ئاشکراوە بێ. خوا دەبیسێ و ئاگادارە.

43) لە خەوتندا خودا ژمارەی ئەوانی کەم نیشان دای؛ ئەگەر زۆرایی ئەوانی نیشان دابان، لە ترسان زراوتان دەچوو؛ لە ناو خۆدا کێشەتان لێ پەیدا دەبوو. بەڵام خودا ئێوەی پاراست، خۆی لە نهێنی دڵانیش ئاگادارە.

44) ئەوساش کە تووشی یەک هاتن، لە بەر چاوتان ئەوانی کەمتر نیشان دا و ئێوەشی کەمتر هێنایە بەر چاوی ئەوان. دەبوو خودا کارێ کە بڕیاری درابوو بێنێتە جێ. کاریش هەر دەچنەوە لای ئەو.

45) ئەی گرۆی خاوەن باوەڕان! ئەگەر دەگەڵ دوژمنان ڕووبەڕوو دەبن، خۆ بگرن و گەلێک یادی خودا بکەن، شایەتا ئێوە سەرکەون.

46) لە فەرمانی خودا و پێغەمبەر دەرمەچن. نەچن کێشە و لێ پەیدا بێ و سست ببنەوە و هەموو هێز و لە بەین بچێ. خۆڕاگر بن؛ خوا دەگەڵ خۆڕاگرانە.

47) ئێوە وەک ئەوانە مەبن، بۆ خۆبینی و بۆ ڕووبینی لە ناو مەردم لە زێدەکەیان دەرکەوتن؛ دەیانەویست ڕێگەی خودا بەربەست بکەن. خودا لە هەموو کارێکیان ئاگادارە.

48) شەیتان ئاکاری ئەوانی ئەو کاتە لە بەر جوان کردن، گوتی: ئەمڕۆ هیچ هێزێک دەرۆستوونایە، منیش جێگەی هاناتانم. لە کاتێکا هەر دووک لا لێک وەدەرکەوتن، پێ دزەی کرد و بۆی دەرچوو، گوتی: ئەمن وەل ئێوە نیم؛ من شتی وام دێتە بەرچاو کە بۆ ئێوە نادیارە؛ من لە خودا ترسم هەیە؛ تۆڵەی خودا زۆر دژوارە.

49) دووڕووان و ئەو کەسانەی دڵی دەغەزداریان هەیە، ئەوسا وتیان: ئەوانە بە دینەکەیان خەڵەتاون. هەر کەسێکی هەر خۆ بە خودا بسپێرێ، خودا خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە.

50) گەر ببینی ئەوسا خودانەناسەکان فریشتە دەیان مرێنن و دیم و پشتیان دەکوتنەوە [پێیان ئێژن]: دەیسا دەردی بە ئاگر سواتان بچێژن.

51) ئەمە سزای ئەو کارانەی کە دەتانکرد؛ خودا هەرگیز غەدر لە عەبدی خۆی ناکا.

52) [ئاکاریان هەر] وەک ئاکاری دارودەستەی فیرعەون و ئەو کەسانەیە بەرلەوان بوون؛ کە لە نیشانەکانی خوا حاشایان کرد. خواش لە سزای گوناهانیان وەبەر غەزەبی خۆی خستن. خودا بە هێز و توانایە و تۆڵەی ئەو گەلێ دژوارە.

53) چونکە خودا دەرووی چاکەی لە هەر گەلێ وەکردبێ، هەتا ئەوان بیری خۆیان نەگۆڕیبێ، قەت خودا لێی نەگۆڕیون. خوا بیسەر و زۆر زانایە.

54) جا ئەوانە - وەک دارودەستەی فیرعەون و پێشینیانیان - بەو دەردە چوون: بە نیشانەی خودای خۆیان باوەڕ نەکرد؛ لە سۆنگەی گوناهەکانیان قڕمان کردن. هەرچی سەر بە فیرعەونیش بوون، بڕیارماندا کە لە ئاوێدا بخنکێن؛ کە سەر لە بەریان ناهەق بوون.

55) خراترین زیندەوەران لە لای خودا ئەو کەسانەن کە خودایان نەناسیوە و ئیتریش بڕوا ناهێنن.

56) ئەو کەسانەی پەیمانت دەگەڵ بەستن و لە پاشانا هەموو جاران پەیمانیان هەڵدەوەشێنن و هیچ ترسی خودایان نییە،

57) جا ئەوانەت کە لە شەڕدا بە گیر هێنان، وێڕای ئەوانەش کە هاتوون پشتیان بگرن، بڕەتێنە؛ بەشکوو تەمێ گرتوو ببن.

58) گەر هەستت کرد کۆمەڵێ لەو سوێندخۆرانە غەیان دەرچوون، تۆش وەک ئەوان سوێندیان بە سەردا بدەوە. خودا غەیانی خۆش ناوێن.

59) خوانەناسان وا بیر نەبەن وەپێش کەوتوون؛ ئەوان ئێمە نابەزێنن.

60) تا بۆو دەکرێ چەک و جبەخانەی شەڕ و ئەسپی سواری پەیدا بکەن؛ دوژمنی پێ بترسێنن؛ کە دوژمنانی خوداشن. غەیری وانیش دوژمنوو هەن نایان ناسن، بەڵام خودا دەیان ناسێ. هەر ماڵێکی لە ڕاهی خودای بەخت کەن، خودا دەیبژێرێتەوە و هیچ ناهەقیو لێ ناکرێ.

61) ئەگەر داوای شەڕبەسیان کرد، قبوڵی کە و هەر خۆت بە خودا بسپێرە؛ هەر خۆی گوێدێر و زانایە.

62) گەر ویستیشیان فریوت دەن، بەستە کە خودات دەگەڵە. هەر ئەویش هاتە هاواری خۆت و خاوەن باوەڕان و یاریدەی دان.

63) بە دڵ وانی کردە هۆگری یەکتری. ئەگەر هەرچی لەم سەرزەمینەدا هەیە، هەمووت بەخت بکردایە، نەت دەتوانی وا لێکیان کۆ بکەیتەوە؛ بەڵام خودا وا لێکی کردوون بە هۆگر؛ هەر خۆی خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

64) ئەی پێغەمبەر! بۆ تۆ و بۆ باوەڕدارانێ شوێنت کەوتوون، خودا بەسە.

65) ئەی پێغەمبەر! هانەی باوەڕداران بدە بچنە خەزا؛ ئەگەر ئێوە بیست کەس بن و خۆڕاگر بن، هێزتان بە دوو سەد کەس دەشکێ؛ گەر سەد کەستان خۆڕاگر بن، - بە ئیزنی خوا - دوو هەزار کەس لە خوانەناسان ڕادەنێن؛ چونکە ئەوان کەسانێکی بێ ئاوەزن.

66) ئێستا خودا کە دەزانێ ورە و تواناتان کەم بووە، کاری بۆ هاسانتر کردن. ئەگەر ئێوە سەد کەس بن و خۆڕاگر بن - بە ئیزنی خوا - دەرۆستی دوو هەزاریان دێن. خوا دەگەڵ خۆڕاگرانە.

67) بۆ هیچ پێغەمبەرێک نەبووە دیلی هەبن؛ مەگەر وەختێ لە سەر زەمین بە تەواوی بووبێتە خاوەن دەستەڵات. دەتانەوێ ماڵی دنیاتان دەس کەوێ، خوداش پاشە ڕۆژی دەوێ. خودا خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە.

68) ئەگەر خودا ئەم ڕووداوەی پێشووتر نەنووسیبایە، لەمەی کە وەدەستوو کەوت ئازاری زۆروو تووش دەهات.

69) ئەو تاڵانەی گرتووتانە، حەڵاڵ و زەڵاڵە بیخۆن؛ ترسیشتان لە خودا هەبێ. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.

70) ئەی پێغەمبەر! تۆ بەو یەخسیرانە بێژە کە دەبەر دەستی ئێوەدان: ئەگەر خودا ئاگای لێ بێ چاکەیەکتان لە دڵدایە، چاکتر لەوەی لێو سەنراوە، دەوداتەوە و لێو خۆش دەبێ. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.

71) خۆ ئەگەر بە ونیازەش بن کە درۆ دەگەڵ تۆ بکەن، زوو وەل خوداش ناڕاست بوون و ئەتۆی زاڵ کرد بە سەریانا. خودا زانای لەکارزانە.

72) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و زێدی خۆیان جێ هێشتووە و لە ڕای خودا بە گیان و ماڵ خەزایان کرد، ئەو کەسانەش کە ئەمانیان حاواندەوە و ئاریکار بوون، بوونە کەس و کاری یەکتر. ئەو گرۆی باوەڕدارانەش کە هەر لە شوێنەکەی خۆیان ماونەتەوە و نەهاتنە دەر، هەتا ئەوانیش دەرنەچن، نابێ دۆستایەتییان بکەن. بەڵام گەر ئەوان دەربارەی دینەکەیان یاریدە لەنگۆ بخوازن، لە سەرتانە کە ئێوە کۆمەگیان بکەن؛ مەگین لە دژی ئەوانەی دەگەڵ ئێوە هاوپەیمانن. هەرچی بیکەن خوا دەیبینێ.

73) بەرەی خودانەناسانیش دۆستی نزیکی یەکترین. گەر ئێوە - وەک من پێم گوتوون - ڕەفتار نەکەن، بشێوێنی و خراپەی زۆر لەم سەرزەمینە ڕوو دەدا.

74) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و لە وڵات ئاوارە بوون و لە ڕای خودا خەزایان کرد، ئەوانەش پەنایان دان و کۆمەگیان کرد، خاوەن باوەڕی بە ڕاستن. خودا لەوانە خۆش بووە و بژیوی باش بۆ ئەوانە.

75) ئەو کەسانەش کە پاشان بڕوایان هێنا و بە ئاوارەیی دەرکەوتن و وێڕای ئێوە خەزایان کرد، لە خۆتانن. بە گوێرەی کتێبی خودا، خزم بۆ خزم لە نامۆ نزیکترە. خودا لە هەر شت ئاگادارە.