7- ئەعراف

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 36 خولەک  1658 بینین

وە ناو خودا کە دهەندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، میم، ڵاد.

2) کتێبێکە بۆ تۆ هاتۆتە خوارەوە، تا بە هۆی ئەو ترس وەبەر مەردم بنێی و خۆت تووشی دڵتەنگی مەکە لەو بارەوە؛ ئەم کتێبە نسحەتیشە بۆ وانەی بڕوای پێ دێنن.

3) هەرچی لە پەروەرندەتانەوە بۆتان ناردراوەتە خوارەوە، شوێنی کەون و بە غەیرەز ئەو مەکەونە شوێنی سەرپەرستانی دیکە. ئێوە زۆر کەم عیبرەت دەگرن.

4) ئێمە خەڵکی چەندین شارمان قڕ تێ خستن. وەختێ نیشانەی غەزەبی ئێمەیان بە سەردا دەهات - لە شەودا بوو، یان نیوەڕۆ - دەسانەوە.

5) کە دەیاندی ئێمە غەزەبمان لێ گرتوون، هەر ئەوەندەیان بۆ دەما بێژن: ئێمەین ناهەقیمان لە خۆمان کرد.

6) ئێمە بێ سۆ پرسیار دەکەین، هەم لەوانەی پێغەمبەرمان بۆ ناردوون و هەم لەوانەش بە پێغەمبەریی ناردنمان.

7) ئەوسا ئێمە - کە دەزانین - نووک و بەدی بۆ هەموو لا باس دەکەین و قەت لێیان بێ ئاگا نەبووین.

8) هەڵسەنگاندنی بە ڕاستی، ئەوێ ڕۆژێ دێتە گۆڕێ. ئەو کەسانەی تای تەرازوویان گران بێ، ئەوانە ڕزگارەکانن.

9) ئەو کەسانەش کردەوەیان لە هەڵکێشانێدا سووک بێ، زەرەریان لە خۆیان داوە و بە نیشانانی مە غەدریان کردووە.

10) ئێمە ئێوەمان لەم هەردە جێ کردەوە؛ هەر لەوێشدا بژیومان بۆ بڕیونەوە. کەمتان شوکرانەبژێرن.

11) ئێمەین ئێوەمان ساز داوە و لە پاشانا بەو شکڵەمان دەرێناون؛ پاشان بە فریشتانمان گوت: سەر بۆ ئادەم نەوی بکەن. هەموویان سەریان دانەواند ئیبلیس نەبێ؛ ئەو لە کۆڕی کڕنۆش بەران خۆی هەڵاوارد.

12) گوتی: کە فەرمانم پێ دای، لە بەر چی تۆ سوژدەت نەبرد؟ گوتی: من لەو هێژاترم؛ منت لە ئاگر دروس کرد، ئەوت لە حەڕی ساز داوە.

13) گوتی: لێرەوە داگەڕێ؛ لەم شوێنەدا ڕێت ناکەوێ بە سەر کەسدا فیز بنوێنی. سا لەم شوێنەدا مەمێنە، تۆ لە سووک و چرووکانی.

14) گوتی: تا سەڵا ڕادەبێ، ماوەم بدە.

15) گوتی: وا تۆ لە ماوە دراوەکانی.

16) گوتی: چونکە لە ڕێت لا دام، منیش بۆیان ڕۆدەنیشم، ڕاستە ڕێی تۆیان لێ دەگرم.

17) ئەوسا لە پێش و پاشەوە بۆیان دەچم، ڕاست و چەپیشیان لێ دەگرم؛ جا دەبینی زۆرینەیان شوکر ناکەن.

18) گوتی: لێرە بڕۆ دەرێ! ناوزڕاوی تڕۆ کراو! دەبێ وێڕای ئەوانەی شوێن تۆ دەکەون، جەهەندەمتان لێ پڕ بکەم.

19) ئەی ئادەم! تۆش وێڕای ژنت لە بەهەشت بحاوێنەوە، لە هەر کوێدا هەرچی دەخۆن بە ئارەزووی خۆتان بکەن؛ هەر تخونی ئەو داری هانا مەکەون، دەنا ئێوە لە ناهەقیکاران دەبن.

20) شەیتان کەوتە کڵیشەیان تا ئەو ئەندامەیان - کە پۆشرا بوو - بێنێتە بەرچاویان. گوتی: خودا کە نەیدەهێشت لەو دارە نزیک ببنەوە، هەر بۆیە بوو کە ئێوە نەبنە فرشتە؛ یان هەمیشە هەر لە بەهەشتا بمێنن.

21) سوێندی بۆ هەر دووکانیش خوارد کە: من بە دڵ ئامۆژگاریتان بۆ دەکەم.

22) بە فریوان ئەوانی خستە تەماوە. لە دوای ئەوەی لە بەری دارەکەیان چەشت، عەیب و عاریان کەوتە دەشت و کۆششیان کرد بە گەڵای بەهەشت دایپۆشن. پەروەرندە گازی کردن: ئاخر من بە ئێوەم نەگوت توخنی ئەم دارە مەکەون؟ پێشم ڕانەگەیاندبوون بە ئاشکرا شەیتان دوژمنی ئێوەیە؟

23) گوتیان: ئەی پەروەرندەمان! ناهەقیمان لە خۆمان کرد. ئەگەر تۆ لێمان نەبووری و بەزەییت پێماندا نەیە، بێ شک لە زیانبارانین.

24) گوتی: داگەڕێنە خوارێ، ئێوە دوژمنی یەکترین. تا ماوەیەک جێگا و مایەی ژیانتان لە زەوی دەبێ.

25) گوتی: دەوێدا دەژین و لەوێش دەمرن؛ هەر لەوێش دەوهێننەوە دەر.

26) ئەی فرزەندەکانی ئادەم! ئێمە جلکی وامان داونێ کە عەیب و عارتان داپۆشێ و جوانیشتان کا؛ چاکتر لەویش پۆشاکی خۆپارازتنە. ئەمەش یەکێ لە نیشانەکانی خوایە شایەتا بیربکەنەوە.

27) ئەی فرزەندەکانی ئادەم! شەیتان نەتانخەڵەتێنێ، هەر وەک باوک و دایکتانی لە بەهەشت بە دەرکردن دا و جل و بەرگی لێ داڕنین تا شەرمی خۆیانیان پێیان نیشان بدا. شەیتان و دەستە و بەستەکەی لە لایەکەوە دەتانبینن کە ئێوە ئەوان نابینن. ئێمە شایەتینییەکانمان کردۆتە دۆستی ئەوانەی بڕوایان بە خودا نییە.

28) هەرگا کارێ خراپی ئابڕووبەریان لێ ڕوو دەدا، ئێژن: ئێمە باوباپیری خۆمان دیوە کە هەر ئاوایان کردووە و خودا فەرمانی پێ داوین ئاوا بکەین. بێژە: خودا بۆ کاری پیس فەرمان نادا. ئاخۆ ئێوە بە زمانی خوداوە شتێک هەڵدەبەستن کە نایزانن؟!

29) تۆ بێژە: پەروەرندەم فەرمان بە بەرامبەری دەدا. لە هەر مزگەوتێکا ڕووتان بەرەو خودا بکەن و بە دڵێکی پاک لە بەری بپاڕێنەوە. وەک بەرێ ئێوەی دروست کرد، گشتوو بۆ لای ئەو دەچنەوە.

30) هێندێکانی شارەزای ڕێگە کردووە و دەستەیێکیش هەر شیاوی گومڕا بوونن، کە ئەوانە لە بری خودا دەگەڵ شەیاتین بوونە دۆست؛ لایان وایە شارەزا هەر بۆ خۆیانن.

31) ئەی فرزەندەکانی ئادەم! هەرگا دەچن بۆ نوێژ کردن، جلکی جوان دەبەر بکەن؛ خواردنێ بخۆن و وەخۆن و لە ئەندازە دەرمەچن. خوا لەوانە خۆشی نایە لە ئەندازە دەردەکەون.

32) بێژە: کێیە، جلکی جوان و خشڵ و بژیوی پاکژێ - کە خوا بە عەبدەکانی خۆی ڕەوا دیوە - لای وایە کە ناڕەوایە؟ بێژە: ئەمانە شایانی ئەو کەسانەن کە لە ژیانی دنیادا بڕوایان بە خوا هێناوە و ڕۆژی سەڵاش هەر تایبەتی بە خۆیانە. ئێمە ئاوا نیشانەکان بۆ ئەوانەی کە زانا بن ڕۆشن دەکەین.

33) بێژە: پەروەرندەم تەنیا ئەمانەی ناڕەوا دیوە: کاری خراپ بە ئاشکرا و بە نهێنی، بە ناهەق لە ڕێگە لادان، بێ هیچ بەڵگەیەک شەریک دانان بۆ خودا و ئاخافتن دەربارەی خودا، بە بێ زانین.

34) ل بۆ مەرگی هەر ئۆمەتێ، وەختێ هەیە؛ ئەگەر وەختی مردنیان هات، نە تاوێک دەکرێ پێش کەون، نە تاوێکیش دوا دەکەون.

35) ئەی فرزەندەکانی ئادەم! هەر کاتێ کە پێغەمبەرانێ لە خۆتان دێنەلاتان تا نیشانەکانی منتان بۆ باس بکەن، ئەوانتانە خۆپارێزن و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکەن، نە ترسێکیان لە سەر هەیە و نە خەم دەخۆن.

36) کەسانێکیش نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا و بە بادیهەوایی ڕوویان لێ وەرگێڕا، ئەوانە یاری ئاگرن و لێی دەرناچن.

37) کێ لەوانە ناهەقترە کە درۆ بە دەم خوداوە هەڵدەبەستن؛ یاخۆ بە نیشانەکانی بڕوا ناکەن؟ ئەوانە چی لە چارەیانا نووسرا بێ، دێتە ڕێیان؛ تا ئەو کاتەی کە فریشتە لە ئێمەوە دێتە لایان بۆ گیان کێشان و دەپرسن: کوان ئەوانەی غەیرەز خودا هاناتان وەبەر دەهێنان؟ ئێژن: خۆیان لێ گوم کردین. ئەوسا هەر خۆیان شایەتی لە خۆ دەدەن کە خودایان نەناسیوە.

38) ئێژێ: وێڕای ئۆمەتگەلێ وا بەر لە ئەنگۆ لە بەین چوون - لە مرۆڤ و لە جندۆکە - بڕۆنە ناو ئاگرەوە. هەر ئۆمەتێک دەچێتە ناو، تووک و نەفرین لە هاو ڕەوشتانی دەکا. وەختێ هەموویان لەوێدا کۆ بوونەوە، پەیڕەوانیان سەبارەت بە ڕێبەرانیان ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەوان سەریان لێ شێواندین؛ دوو ئەوەندە لە ئاگردا ئازاریان دە! ئێژێ: بۆ گشت دوو چەندانە، بەڵام ئێوە پێ نازانن.

39) ڕێبەرەکان بە پەیڕەوەکانیان ئێژن: ئێوە هیچتان لە ئێمە زیاتر نییە؛ دەبچێژن ئازاری ئەو کارانەی وا کردووتانە!

40) ئەوانە وا نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا و بە فیزەوە لەوانە ڕوویان وەرگێڕا، دەروازەکانی ئەزمێنیان بۆ ناکرێتەوە و ناچنە ناو بەهەشتەوە هەتا وشتر بە کونی دەرزیدا نەچێ! ئێمە ئاوا سزای تاوانباران دەدەین.

41) ڕایەخەکەیان ئاگرە و هەر هاڵاویش دای پۆشیون. ئەوانەی ناهەقی دەکەن، ئاوایان جەزرەبە دەدەین.

42) ئەوانەی بڕوایان هێنا و کارگەلی چاکیان ڕەچاو کرد - کە هیچ کەسیش ئەرکی لە وزەبەدەری ناخەینە سەر - دەیانبەینە بەهەشتەوە و هەتا سەر هەر لەوێ دەبن.

43) کینەمان لە سینەیانان، داماڵیوە و لە بەهەشتا جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ئێژن: سوپاس بۆ خودایێ کە ئێمەی هێنایە ئێرە؛ ئەگەر خودا نەیهێناباین ئێمە کوا ڕێمان دەر دەکرد؛ بێ گومان پێغەمبەرانی پەروەرێنمان بە هەق هاتن. [لەم کاتەدا] گازی دەکرێن: ئەو بەهەشتە پێو دراوە، پاداشی کارێکە کەوا کردووتانە.

44) بەهەشتییەکان گازی جەهەندەمیان دەکەن: ئەوا ئێمە ئەو بەڵێنەی پەروەرندەمان پێی داوین جێ بەجێ بوو؛ ئاخۆ ئێوەش - وەک هەڕەشەو لێکرا بوو - هەروا دەرچوو؟ ئێژن: بەڵێ، بە سەرمان هات. ئەوسا یەکێ لەو ناوەدا بانگ ڕادێڵێ: دەک هەرچی ناهەقیکارە بەر نەحلەتی خودا کەوێ؛

45) ئەو کەسانەی لە ڕای خودا لا دەدەن و وای نیشان دەدەن کە خوارەو بە ڕۆی سەڵا بێ باوەڕن.

46) پەردەیەکیشیان لە ناودا. پیاوانێک هەن لە سەر ئەعراف ڕاوەستاون، هەموو کەسێ بە تەرح و بیچم دەناسن؛ دەنگ لەو بەهەشتییانە دەکەن - کە هێشتا نەچوونەتە نێو بەهەشتەوە، بەڵام بە تەمان بیچنێ - سڵاوتان لێ بێ.

47) هەرگا ئاوڕ لەو کەسانە دەدەنەوە کە دۆژەهین، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! لە گرۆی ناهەقیکاران دوورمان بگرە.

48) ئەوانەی لە سەر ئەعرافن لەو پیاوانە - وا بە بیچم دەیانناسن - بانگ دەکەن: گردەوە کۆیی و فیز و لە خۆبایی بوونتان بەهرەی نەدان.

49) هەر ئەوانە نین کە ئێوە سوێندوو دەخوارد: بەر بەزەیی خودا ناکەون؟ دەسا بڕۆنە بەهەشت و نە هیچ ترسوو لە سەر هەیە نە خەم دەخۆن.

50) جەهەندەمی لە بەهەشتییەکان دەخوازن: لەو ئاوە یا لەو ڕۆزیە خوا پێداون شتێکیش بەشی مە بدەن. ئێژن: خودا ئەم شتانەی بەشی بێ دینان نەداوە.

51) ئەو کەسانەی دینەکەیان هەر بە گاڵتە و گەپ دەزانی و ژیانی دنیا فریوی دان، هەر ئەوانە تووش هاتنی ئەمڕۆیان لە بیر بردەوە و لە نیشانەکانی ئێمە حاشایان کرد؛ ئێمەش ئەمڕۆ ئەوان لە بیر دەبەینەوە.

52) ئێمە بۆ وان کتێبێکمان هاوردووە، کە بە زانستەوە ڕوونمان کردۆتەوە و ڕێنموونی و بەزەییە بۆ کۆمەڵێ کە بڕوا بێنن.

53) ئاخۆ ئەمان هەر بۆ ئەو ڕۆژە دەڕوانن کە هەرچی لەم کتێبەدا، بە چاوی خۆیان بیبینن؟ ئەوێ ڕۆژێ کە ئاکام ڕوون دەبێتەوە، ئەو کەسانە وا لە پێشا ئەم ڕۆژەیان لە بیرەخۆ بردبووەوە، ئێژن: دیارە هەرچی پێغەمبەرەکانی خودا گوتیان، وەڕاست گەڕا؛ ئاخۆ ئێستە کەس دەبێتە تکاکارمان؟ یاخۆ دیسان بگەڕێینەوە سەر دنیا، خدەی خۆمان بگۆڕین و ئاکاری باشتر ڕەچاو کەین؟ ئەمان خۆیان دۆڕاندووە و ئەو درۆی کە هەڵیان دەبەست - سەر لە بەری - بە فێڕۆ چوو.

54) ڕاهێنەرتان خودایێکە ئاسمانەکان و زەمینی لە شەش ڕۆژاندا درووس کرد. ئەو جارەکە لە سەر تەختی فەرمانڕەوایی دامەزرا. ڕۆژێ بە شەوێ دەپۆشێ و ڕۆژیش بەلەز دەکەوێتەوە شوێنی شەوێ. خۆر و مانگ و ئەستێرانی بەدی هێنا و هەر دەژێر فەرمانی ئەودان. ئافراندن و ڕاگەییشتن هەر بۆ ئەوە. زۆر و زەبەندەیە و دمی خودایێ کە ڕاهێنەری گش جیهانە.

55) بە نهێنی و بە سەرکزی هەر پەروەرندەو لە بیر بێ و لە بەری بپاڕێنەوە. خودا ئەوانەی خۆش ناوێ کە لە ڕێگەی ئەو لا دەدەن.

56) خراپەش مەکەن لەم زەمینە دوای باش بوونی. بە ترسەوە و بە هیوای تووشی چاکە بوون لە بەر خودا بپاڕێنەوە. ئەو کەسانەی چاکە کارن، لە بەزەیی خودا نزیکن.

57) هەر خۆیەتی پێش بارانە - کە بەزەیێکە لە خواوە - بایەکانوو بە مزگێنی بۆ هەڵ دەکا؛ کاتێ ئەو بایانە هەوری بارگرانیان بەرزەوە کرد، بەرەو وڵاتێکی مردوو دەیخەینە ڕێ و ئەوسا ئاوی پێ دەنێرینە خوارەوە و بە ئاوەکەی هەموو جۆرە بەروبووی زەمین دەڕوێنین. هەر بەم جۆرەش مردوو زیندوو دەکەینەوە؛ شایەت ئێوە بیر لەوانە بکەنەوە.

58) زەمینی باش - بە ئیزنی ڕاهێنەری خۆی - ڕووەک بە باشی دەڕوێنێ. زەوی خراپ هەر دڕک و داڵی بێکارەی لێ شین دەبێ. بەم تەرزە نیشانەکانمان بۆ ئەو کەسانە باس دەکەین سپاسکارن.

59) ئێمە نووحن ڕاسپاردە لای هۆزەکەی. گوتی: گەلۆ! دەبێ ئێوە عەبدایەتی خودا بکەن؛ کە غەیرەز ئەم ئێوە خودایەکتان نییە. من لەو ڕۆژەو لێ دەترسم کە ئازار دانی دژواری تێدا هەیە.

60) پیاوماقووڵانی گەلەکەی [لە پەرسڤی ئەودا] گوتیان: هیچ گومانێکمان نییە تۆ تووشی گومڕایێکی ئاشکرا بووگی.

61) گوتی: گەلۆ! من گومڕا نیم؛ ڕاسپاردەی ڕاهێنەری هەموو دنیام.

62) ڕاسپاردەکانی پەروەرندەم بە ئێوە ڕادەگەینم و ئامۆژگاریتان دەکەم و ئەوی سەبارەت بە خودا من دەیزانم، ئێوە ئاگاتان لێ نییە.

63) ئاخۆ ئێوە پێتان سەیر بوو کە پەندێک لە لای پەروەرندەتانەوە هات بۆ پیاوێک هەر لە خۆتان؛ هەتا بتانترسێنێت و خۆپارێزن؛ بەشکەم بکەونە بەر بەزە؟

64) چی وتی بە درۆیان دانا و ئەوسا ئێمە خۆی و ئەوانەی وێڕای ئەو چووبوونە ناو گەمیەکەوە، ڕزگار کرد و ئەوانەشمان لە ئاودا بە خنکاندن دا، کە نیشانانی ئێمەیان پێ درۆ بوو. ئەوانە لە دڵدا کوێر بوون.

65) هوودیشمان کردە پێغەمبەر بۆ هۆزی عادی هاوتیرەی. گوتی: گەلۆ! عەبدایەتی خودا بکەن؛ بە غەیرەز ئەو ئێوە خودایەکتان نییە. چیتانە لە خوا ناترسن؟

66) پیاوماقووڵانی هۆزەکەی - کە خودایان نەدەناسی - گوتیان: ئێمە تۆ بە نەفام دەزانین و پێمان وایە تۆ لە درۆزنەکانی.

67) گوتی: گەلۆ! نەفام نیم، پێغەمبەرێکم؛ پەروەرندەی هەموو دنیا ڕای سپاردووم.

68) پەیامگەلی پەروەرێنم بە ئێوە ڕادەگەیێنم. من بۆ ئێوە ئامۆچیارێ درووسکارم.

69) ئاخۆ ئێوە پێتان سەیر بوو کە پەندێک لە لای پەروەرندەتانەوە هات بۆ پیاوێک هەر لە خۆتان، هەتا وەکوو بووترسێنێ؟ لە بیرتان بێ، پاش هۆزی نووح ئێوەی لە جێ دامەزراندن و قەڵافەتی زۆرتریشی پێتان بەخشی. دەسا ئێوە نابێ ئەو هەموو چاکەیەی خودا دەربارەتانی کرد، لە بیر بکەن؛ بەشکوو بگەنە ڕزگاری.

70) گوتیان: هاتووی [پێمان بێژی] تەنیا خوا بپەرستین و لەو خودایانە واز بێنین کە باب وباپیرەکانمان پەرستیانن؟ ئەگەر تۆ لە ڕاست بێژانی، بە هەرچیمان دەترسێنی پێکی بێنە.

71) گوتی: بێ سۆ ئێوە تووشی ئازار و تووڕەیی پەروەرێنتان بووگن. جا چۆن ئێوە بۆ چەند شتێ کە خۆتان و باوانتان ناوتان لێ ناون و هیچ بەڵگەیەکی پتەوتان لە خواوە بۆ نەهاتووە، جوابەجەنگیم دەگەڵ دەکەن؟ چاوەنۆڕ بن؛ ئەوا منیش دەگەڵ ئێوە چاوەنۆڕم.

72) ئێمە لە چاکە و بەزەیی خۆمانەوە هوود و هاوڕێکانی هوودمان ڕزگار کرد و ئەو کەسانەش کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ دانا و بێ بڕوا بوون، یەک جێ بنەبڕمان کردن.

73) بۆ لای سەموودیش ساڵحی برای خۆیانمان بە ڕێ کرد. گوتی: گەلۆ! عەبدایەتی خودا بکەن، بە غەیرەز ئەو ئێوە خودایەکتان نییە. ئەوا لە پەروەرندەوڕا ئەم وشترەو بە نیشانە بۆ هاتووە؛ لێ گەڕێن با لە زەوی خوادا بچەرێ، هیچ زیانێکوو بۆی نەبێ؛ دەنا تووشی ئازاری زۆر بەژان دەبن.

74) لە بیرتان بێ پاش هۆزی عاد ئێوەی کردە جێنشین و لە سەر زەمین دای مەزراندن؛ لە پێ دەشتان کۆشکانتان بەرز کردەوە و لە کێوەکانیشدا خانووتان دەتاشی. نیعمەتی خواتان لە بیر بێ و پێ دامەگرن لە سەر بەدفەڕی لە هەردا.

75) سەرگەورەکانی هۆزەکەی - ئەوانەی لە خۆ بایی بوون - لای کەم دەست و هەژارەکان و ئەوانەی بڕوایان هێنا بوو گوتیان: داخۆ ئێوە پێتان وایە ساڵەح لای پەروەرێنیەوە ڕاسپێراوە؟ گوتیان: ئێمە باوەڕیمان پێ هێناوە.

76) خۆ بە زل زانەکان گوتیان: ئێمە لەوەی کە بڕواتان پێ هێناوە، حاشا دەکەین.

77) لە فەرمانی خودای خۆیان وازیان هێنا و وشترەکەیان پەل پەل کرد. گوتیان: ساڵح! ئەگەر ڕاستە پێغەمبەری، چۆنت هەڕەشە لێ کردین بە جێی بێنە.

78) زۆر بە توندی بوومەلەرزەیەکیان بۆ هات؛ هەر لە ناو ماڵەکانیاندا هەموو مردن.

79) ساڵح لەوان دوور کەوتەوە، گوتی: گەلۆ! من پەیامەکانی خودام پێ گەیاندن، زۆریشم نسێحەت کردن؛ بەڵام ئێوە ئامۆچیارانتان خۆش ناوێ.

80) لووتیشمان نارد. ئەوسا بە هۆزەکەی خۆی گوت: ئێوە کاری ئەوەندە شوورەیی دەکەن، بەر لە ئێوە کەس لە دنیا نەیکردووە؟

81) ئێوە بۆ خۆ ڕەحەت کردن - لە بری ژنان - پەلاماری پیاوان دەدەن. ڕاستی ئێوە بۆ بەدفەڕی لە ئەندازەو دەرکردووە.

82) هۆزەکەی لووت وەرامیان هەر ئەوەندە بوو: لە شاری خۆتان دەریان کەن؛ ئەمانە کەسگەلێکن کە دەیانەوێ بە پاک و خاوێنی بژین!

83) ئیتر خۆی و کەس وکاریمان ڕزگار کرد؛ هەر تەنیا ژنەکەی نەبێ، کە کەوتە تەک بە جێماوان.

84) بارانێکمان بۆ باراندن ئەمما باران! دە بڕوانە پاشە ڕۆژی ئەو تاوانبارانە چۆن بوو!

85) بۆ «مەدیەن» یش شوعەیبن نارد، کە ئەویش هەر لە خۆیان بوو. گوتی: گەلۆ! عەبدایەتی خودا بکەن، بە غەیرەز ئەو ئێوە خودایەکتان نییە. نیشانەیەکی ئاشکراتان لای پەروەرندەتانەوە بۆ هاتووە. با پێوانە و تەرازووتان بەرانبەر بێ و لە ماڵی خەڵک مەدزنەوە. لە هەردیشا - دوای ئاوەدان کردنی - بەدفەڕی مەکەن. ئەگر بڕواو بە خوا هەبێ ئەمە بۆ ئێوە باشترە.

86) لە سەر هەموو ڕێگایەکا دامەنیشن بۆ ترس وەبەرهێنانی ئەو کەسانە وا بڕوایان بە خودا هێناوە؛ بۆ ئەوە کە لە ڕێگەی ئەو لایاندەن و ڕێگای ئەویان بە لار و چەفت نیشان بدەن. لە بیرتان بێ ئێوە کەم بوون، زۆری کردن؛ لێ بڕوانن پاشە ڕۆژی بەدفەڕەکان بە کوێ گەییشت.

87) ئەگەر هێندێک لە ئێوە بڕوای هێناوە بەو شتانەی کە منی پێ ڕاسپێراوە و هێندێکیشتان بڕوایان نەهێناوە، خۆ ڕابگرن هەتا خودا بۆ خۆی لە بەینی ئێمەدا داوەری کا. خۆشی چاترین داوەرە.

88) گرەگرەکانی هۆزی - کە لە خۆیان بایی بوو بوون - گوتیان: شوعەیب! ئێمە تۆش و ئەو کەسانەش وەل تۆ باوەڕیان هێناوە، لە شاری خۆمان دەردەکەین؛ یان دێنەوە سەر دینی مە. گوتی: ئەگەر حەزیش نەکەین؟

89) گوتی: ئەگەر بێینەوە سەر دینی ئێوە، لە پاش ئەوە کە خودا لێی ڕزگار کردین، درۆمان بە دەم خوداوە هەڵبەستووە. ڕەوا نییە ئیتر بگەڕینەوە سەر ئەو ئایینە؛ جا مەگین پەروەرندەمان مەیلی لێ بێ؛ زانستی ئەو هەموو شتی داگرتۆتەوە؛ خۆمان بە خوا سپاردووە. ئەی خودای پەروەرندەمان! تۆ لە نێوان ئێمە و هۆزەکەماندا داوەری بکە؛ چاکترین داوەر هەر خۆتی.

90) سەرزلەکانی هۆزەکەی - کە وا لە دین لایان دابوو - گوتیان: ئەگەر پەیڕەوی شوعەیبێ بکەن، بێ سۆ تووشی زەرەر دەبن.

91) ئیتر ئەوسا بوومەلەرزەی وا بە تەوژم دای گرتن، کە هەموو لە ماڵی خۆیاندا لە بەین چوون.

92) ئەو کەسانەی قسەکانی شوعەیبیان بە درۆ دانا، [وا لە بەین چوون] دەتگوت هەر لەوێدا نەبوون. ئەوانە وا قسەکانی شوعەیبیان بە درۆ دانا، هەر بۆ خۆیان زیانبار بوون.

93) ئەوسا شوعەیب ڕووی لێ وەرگێڕان و گوتی: گەلۆ! من پەیامەکانی پەروەرندەم بە ئێوە ڕاگەیاندووە و ئامۆژگاریشم لێکردن. دەسا چلۆن بۆ ئەوانەی خوانەناس بوون، خەمێ دەخۆم؟

94) ئێمە هەر پێغەمبەرێکمان بۆ هەر کۆمەڵێک ناردووە، بە نەخۆشی و ناگوزووری بە تاقیمان کردوونەوە؛ شایەتا بپاڕێنەوە.

95) جاری دوایی ناخۆشیمان بە خۆشی بۆ گۆڕیونەوە، تا هەموو شتیان زێدە بوو. گوتیان: باب و باپیریشمان تووشی خۆشی و ناخۆشیان بوون. ئیتر لە پڕ - بەبێ ئەوەی هەست پێ بکەن - گرتمانن.

96) نیشتەجێی ئەو باژێڕانە ئەگەر خوایان بناسیبا و خۆپارێز بان، دەروازەی بەرەکەتانمان لە ئاسمان و زەمینەوە بە ڕوویاندا دەکردەوە. بەڵام ئەوان نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی؛ لە سزای ئەم ئاکارەیان گرتمانن.

97) ئاخۆ خەڵکی ئەو شارانە نەترسا بوون کە لە شەودا، بەڵای ئێمەیان تووش ببێ و ئەوان لە جەنگەی خەودا بن؟

98) ئەو شارنشینانە داخۆ نەترسا بوون کە لە دەمی چێشتەنگاودا و لە جەنگەی گەمە کردندا، ئێمە تووشی بەڵایان کەین؟

99) ئاخۆ لەوە دڵنیا بوون لە مەکری خودا ڕزگارن؟ خۆ بە غەیر لە زیانباران، کەس لە مەکری خوا هەستی هێمنی ناکا.

100) ئەو کەسانەی ئەم عەرزەیان - پاش نەمانی خەڵکەکەی - بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، بەوەندەیان نەزانیوە ئەگەر حەز کەین - بە گوناهانێ کە دەیکەن - تۆڵەیان لێ دەکەینەوە و مۆریان لە سەر دڵ دادەنێین؛ کەهەر نەتوانن ببیسن؟

101) ئێمە بڕێک لە نەقڵی ئەو باژێڕانەت بۆ باس دەکەین؛ ڕاست ئەوەیە پێغەمبەریان بە نیشانەی ئاشکراوە هاتەلایان؛ وەک لەپێشدا بڕوایان بە خودا نەبوو، هەروا بێ باوەڕ مانەوە. ئاوا خودا مۆر دەخاتە سەر دڵی لە دین لادەران.

102) زۆربەی ئەوانەمان نەدی کە پەیمانی خۆ پێک بێنن؛ زۆرینەشیان لە ڕێزەی نافەرمانان بوون.

103) پاش ئەوان بە چەند نیشانەی ئاشکرا مووسامان ناردە سەر فیرعەون و سەرزلەکانی هۆزەکەی، دژیان وێستان. سا بڕوانە پاشە ڕۆژی ئەو بەدفەڕانە چلۆن بوو.

104) مووسا گوتی: ئەی فیرعەون! من ڕاسپاردەی ئەو کەسەم کە ڕاهێنەری گشت دنیایە.

105) وا ڕەوایە لە ڕاست پێوە، دەربارەی خودا هیچ نەڵێم. لە پەروەرندەی ئێوەڕا نیشانەم بۆتان هێناوە. تۆ گەرەکە فرزەندانی ئیسڕائیل وێڕای من کل کەی.

106) گوتی: ئەگەر بە ڕاستیتە و هیچ نیشانەت دەگەڵ خۆتا هێناوە، نیشانی بدە.

107) مووسا عاساکەی فڕێ دا؛ کەچی لە پڕ بوو بە مارێک بە ئاشکرا.

108) دەستی خۆشی لە باخەڵیەوە وەدەرخست؛ لە بەر چاوی چاوەدێران سپیەکی بێ خەوش دەرکەوت.

109) سەرزلانی هۆزی فیرعەون گوتیان: ئەمە جادوگەرێکی زۆر زانە.

110) وای گەرەکە گشتوو لەم وڵاتە دەرکا، خۆتان بە چی فەرمان دەدەن؟

111) گوتیان: تۆ خۆی و براکەی گل بدەوە؛ دەستەیەکی کۆکەرەوەش بەڕێ بکە بۆ شارەکان.

112) تا جادووگەرانی زۆر زان بێنن بۆ لات.

113) جادووگەرەکان لە فیرعەون کۆ بوونەوە. گوتیان: گەر ئێمە سەرکەوتین، تۆ دەبێ خەڵاتمان بکەی.

114) گوتی: بەڵێ، ئێوە بێ سۆ لە نزیکانی خۆم دەبن.

115) گوتیان: مووسا! تۆ داوێژی یان ئێمە پێش تۆ بهاوێین؟

116) گوتی: ئێوە بهاوێژن. ئەوانەی ئەوان هاویتیان، چاوی حەشامەتەکەیان پێ خەڵەتا و لێیان ترسان و جادووی زۆر عاجباتیان کرد.

117) خستمانە دڵی مووساوە، کە: عاساکەت بهاوێژە. هەر لە جێوە هەموو جادووکارییەکانی ئەوانی ماشی و هەڵ لووشی.

118) ئیتر کە ڕاستی هاتە ڕوو، پڕوپووچی کردەوەیان چرووک دەرچوو.

119) هەر لەوێدا تێشکان و بە کزی و زەبوونی دامان.

120) هەرچەندی جادوگەر هەبوون، کڕنۆشیان کرد.

121) گوتیان: وا بڕوامان هێنا بە ڕاهێنەری گش دنیا؛

122) ڕاهێنەری مووسا و هاروون.

123) فیرعەون وتی: بەر لەوە من ئیزنوو بدەم، ئێوە چۆن بڕواو پێ هێنا؟ ئێوەی فێڵباز ویستووتانە لەم شارەدا فێڵێک بکەن تا خەڵکەکەی لێ وەدەرنێن. سا لە دواییدا دەزانن.

124) پێچەوانە دەست و پێیەکانوو دەبڕم. لێشتان ڕوون بێ گشتوو لە قەنارە دەدەم.

125) گوتیان: ئێمە دەچینەوە بۆ لای پەروەرندەی خۆمان.

126) هەر بۆیە ڕکت لە ئێمە هەستاوەو سزامان دەدەی، چون کاتێ نیشانەکانی پەروەرندەی خۆمان هاتن، تەواو بڕوامان پێ هێنان. ئەی خودای پەروەرندەمان! خۆڕاگریمان بدەیە و بە باوەڕی پاکەوە بمان مرێنە.

127) سەرگەورەکانی هۆزەکەی فیرعەون گوتیان: چۆن تۆ لە مووسا و هۆزەکەی واز دەهێنی، وڵاتت لێ بشێوێنن و دەس لە خۆت و پەرستووەکانی تۆ بەردەن؟ گوتی: بەم زوو کوڕەکانیان دەکوژین و ژنانیشیان [بۆ ڕاژە] دەهێڵینەوە. ئێمە لە سەر ئەوان زاڵین.

128) مووسا بە هۆزەکەی خۆی گوت: هەر پشت بە خوا ببەستن و خۆڕاگر بن؛ ئەم زەمینە هی خودایە؛ بە هەر کەسێ لە عەبدانی خۆی حەز بکا، پێی دەبەخشێ و دواڕۆژیش بۆ ئەوانەیە کە لە خودا ترسیان هەیە.

129) گوتیان: بەر لەوە کە تۆ بێی، چەوساینەوە؛ کە تۆش هاتووی، هەروا دەمان چەوسێننەوە. گوتی: دوور نییە ئەو ڕۆژەی پەروەرندەو دوژمنتان لە بەین بەرێ و ئێوە بکاتە جێنشین لەم عەرزەدا و بڕوانێ ئێوە چۆن دەکەن.

130) کارێکمان کرد کە لاگیرەکانی فیرعەون بکەونە قاتی و قڕییەوە و داهاتیان کەمتر دەس کەوێ، بەشکە بیر لە خۆ بکەنەوە.

131) ئەگەر تووشی خۆشی دەبوون، دەیانگوت: کاری خۆمانە. ئەگەر تووشی بەڵا و چورتمیش دەهاتن، دەیانگوت: ئەمە شوومی مووسا و یارانی مووسایە. خۆ دیاریشە ئەگەر چاکە و خراپەیە، لە خواوەیە. بەڵام زۆربەیان نەزان بوون.

132) دەیانگوت: هەر نیشانێکمان بە نیازی جادوو لێکردن نیشان بدەی، ئێمە بڕوات پێ ناهێنین.

133) ئەو جار ئێمە چەند نیشانەی ئاشکرامان ناردە سەریان کە بریەتی لە لافاو و کوللە و ئەسپێ و خوێن و بەق بوو. بەڵام ئەوان دەمارزلیان نوان دو گرۆیەکی تاوانبار بوون.

134) لە پاش ئەوە کە ئەو بەڵایانەیان دی، گوتیان: مووسا! لە پەروەرندەت وەپاڕێ - وەک پەیمانی بە تۆ داوە - ئەگەر بێتوو بەڵامان لە سەر لابەرێ، شەرتە باوەڕیت پێ بکەین و تۆرەمەی ئیسڕائیلیشت ڕەگەڵ بخەین.

135) بەڵام کاتێ بەڵامان لە سەر لا بردن - تا ئەو ماوە دیاری کراوە تێپەڕیان کرد - جارێ تر پەیمانەکەیان وەبەر پێ دا.

136) جا تۆڵەمان لێکردنەوە و لە دەریادا قوممان کردن. چونکە ئەوان نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا؛ هەر بە لاشیانەوە نەچوون.

137) ئەوسا ئێمە خۆرهەڵات و خۆرئاوای ئەو وڵاتەمان - کە بەرەکەتمان پێ دابوو - کردە بەشی ئەوانەی چەوسابوونەوە. بەڵێنی هەرە پیرۆزی پەروەرندەت - بێ کەم و کوڕی - دەربارەی بەرەی ئیسڕائیل هاتە جێ؛ لە باتی خۆڕاگرتنیان. هەرچی فیرعەون و یارانی دایان ناو بەرزیان کردەوە، هەموومان لێ تێک و پێک دان.

138) بەرەبابی ئیسڕائیلمان لە دەریایە پەڕاندەوە. ئەوسا تووشی هۆزێک هاتن، هەر خەریکی پەرستنی بتگەلیان بوون. گوتیان: مووسا! خودایەکمان وەکوو خوداکانی ئەوان بۆ پەیداکە! گوتی: ئێوە هۆزێکن کە هیچ نازانن.

139) ئەو ئاکارەی ئەوان دەیکەن، بێ بەهرەیە و هەرچی دەیکەن بە فیڕۆیە.

140) ئاخۆ ئێوە دەتانەوێ - غەیرەز خودا - پەرستوێکوو بۆ پەیدا کەم! کە هەر بۆ خۆی لە چاو خەڵکی ئەم دنیایە، ئێوەی بەڕێزتر کردووە؟

141) لە بیر مەکەن کە ئێمە ڕزگارمان کردن لە فیرعەون و دەستەوبەستەی، کە ئێوەیان زۆر بە سەختی سزا دەدان؛ نێرینەکانیان دەکوشت و ژنەکانیان [بە یەخسیری] دەهێشتەوە. ئەو بەڵایە و لە لایەن پەروەرندەوڕا ئەزموونەکی پڕ مەزن بوو.

142) دەگەڵ مووسا ژوانی سێ شەوەمان دانا؛ دەی دیکەشمان بۆ خستە سەر. بەم چەشنە ماوەی ژوانی پەروەرندەی، بوو بە چل شەو. بە هاڕوونی برای خۆی گوت: تۆ لە ناو هۆزەکەمدا بە و لە جێی من بەو هەر کاری چاک ڕەچاو بکە و لە دووی خراپکاران مەچۆ.

143) کە مووسا گەیشتە ژوانگە بۆ لای ئێمە و پەروەرندەی دەگەڵی کەوتە ئاخافتن، گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئارەزوومە تۆ ببینم. گوتی: ناتوانی بم بینی؛ بەڵام لەم کەژە بڕوانە؛ ئەگەر لە شوێنی خۆی نەبزووت، ئەوسا دەتوانی بم بینی. کە خۆی بۆ کەژەکە دەرخست، هەر بە جارێ کەژەکەی پریش پریش کرد. مووسا بە بێ هۆشی کەوت. وەختێ هاتەوە سەر خۆ، گوتی: پاکی هەر بۆ تۆیە، پەژیوانم؛ من لە خاوەن باوەڕاندا یەکەمینم.

144) گوتی: مووسا من تۆم - بە پەیامەکانم و ئاخافتنم - بەرانبەر بە خەڵکی دنیا، خستۆتە سەر؛ چم پێداوی، وەری بگرە و لە شوکرانەبژێران بە.

145) دەربارەی هەموو کارێک و ئامۆژگاری بۆ گەلەکەی، هەموو شتمان - بێ کەم و کوڕی - بۆ نووسی و بۆمان خستە سەر تەتەڵان. مووسا! ئاگات لەوانە بێ و توندیان بگرە و فەرمان بە هۆزەکەت بدە با هەرەچاکیان وەرگرن. من زوو پێتان نیشان دەدەم جێگە و ڕێگەی ئەوانەی سەرپێچی بکەن بەرەو کوێیە.

146) بەم زووانە ڕووی ئەوانە وا بە ناحەق لە سەر زەمین فیز دەنوێنن، لە نیشانەکانی خۆم وەردەسووڕێنم؛ بە چەشنێک کە هەر نیشانەیەک بیبینن، نەیسەلمێنن؛ یا ئەگەر ڕێی ڕاست ببینن پێیدا نەچن؛ بەڵام ئەگەر ڕێگای گومڕایی ببینن، بیگرنە بەر. چون ئەوانە نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا و هەرگیز سەرنجیان نەدانێ.

147) ئەو کەسانە نیشانەکانی ئێمە و ڕۆژی پەسڵانیان بە درۆ دانا، کارەکانیان ب ەفێڕۆ چوو. ئاخۆ جگە لە بارتەقای کردەی خۆیان سزا دەدرێن؟

148) لە پاش مووسا هۆزەکەی ئەو - لە خشڵ و زەنبەری خۆیان - کۆتەڵی گوێرەکەیەکیان درووس کرد کە هەر دەیبۆڕاند! مەر نەیاندی ئەو گوێرەکە قسەیان دەگەڵا ناکا و ڕێگایان پێ نیشان نادا؟ بەڵێ کەوتنە [پەرستنی و] ستەمکار بوون.

149) کاتێ تەواو پەژیوانی دایگرتن و دیتیان سەریان لێ شێواوە، گوتیان: ئەگەر پەروەرێنمان بەر بەزەیی خۆیمان نەخا و لە گوناهانمان نەبوورێ، ئێمە لە زیانبارانین.

150) مووسا وەختێ گەڕایەوە ناو هۆزەکەی، بە تووڕەیی و بە دڵ پڕی تێی ڕاخوڕین کە: لە دوای من چەند جێنشینی خراپ بوون؛ ئاخر بۆچی ڕانەوەستان تا فەرمانی پەروەرندەتان پێ دەگا؟ تەتەڵەکانی تووڕهەڵدا و قژی برایەکەی کێشا و بەرەو خۆی برد. گوتی: ئەی دایک براکەم! هۆزەکەم هێزیان لێ سەندم؛ لەوانەش بوو بشم کوژن! دژمنان بە من خۆش مەکە و منیش دەگەڵ ناهەقکارەکان دامەنێ.

151) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! لە خۆم و برام ببوورە و بەر بەزەیی خۆتمان بخە. تۆ لە گش خاوەن بەزەییان دڵسۆزتری.

152) ئەو کەسانەی کە بوونە گوێرەکەپەرست، بەر غەزەبی پەروەرندەیان دەکەون و لە ژیانی دنیایە زەلیل دەبن. هەر کەس درۆیان هەڵبەستێ، ئێمە وایان سزا دەدەین.

153) ئەو کەسانەش کە ئاکاریان خراپ بووە، پاشان پەژیوان ببنەوە و بڕوا بێنن، پەروەرندەت لە گوناهانیان دەبوورێ و دلۆڤانە.

154) کاتێ مووسا لە تووڕەیی هێدی بووە، تەتەڵەکانی چنیەوە؛ کە تێیاندا ڕێ شاندان و بەزەیی بوو بۆ ئەوانەی خودێ ترسن.

155) ئەوسا مووسا حەفتا کەسی لە هۆزکەی دەس نیشان کرد کە بێنە دیدەنی ئێمە. کاتێ بوو لەرزە دایگرتن، گوتی: ئەی پەروەرندەکەم! ئەگەر مەیلت لە سەر بایە هەر لە پێشدا دەت مراندین. ئاخۆ دەتەوێ بەو کارەی کە بێ ئاوەزان لە ئێمە کردوویانە، تۆ هەموومان لە ناو بەری؟ ئەمەش هەر ئەزموونی خۆتە؛ بە مەیلی خۆت کەسانێ گومڕا دەکەیت و هێندێکانیش بەرەو خۆت شارەزا دەکەی. گەورەمان تۆی، بمان بوورە و بەزەت پێماندا بێتەوە. باشترین بەخشێنەر هەرتۆی.

156) لە دنیایە و لە قیامەتیش بە چاکە بمانخوێنەوە؛ ئێمە هاتووینەوە لای تۆ. گوتی: هەرکێ ئازار بدەم کەیفی خۆمە. بەزەییشم هەموو شتی داگرتووە. چاکەی ئەوانە دەنووسم لە خراپە خۆپارێزن و زەکات دەدەن؛ ئەو کەسانەش کە بڕوایان بە خوا هەیە؛

157) ئەوانەوا دەکەونە شوێن ئەم پێغەمبەرەی کە ڕاسپاردەی خوایە و نەیخوێندووە و لە تەورات و ئینجیلیش ناوی نووسراوە و هانەی چاکەیان دەدات و ناهێڵێ خراپە بکەن؛ پاکژ بە ڕەوا دەزانێ و گەماری پێ ناڕەوایە و گرانایی زنجیریان لە سەر لا دەبا؛ کە بەوانیان شەتەک دابوون. ئەوانەی بڕوای پێ دەکەن، بە قەدرەوە لێی دەڕوانن؛ لە یاریدەی دانامێنن و لە دووی ئەو ڕووناکیە دەچن کە وێڕای ئەو ناردراوە؛ ئەوانە ڕزگارەکانن.

158) بێژە: خەڵکینە! بزانن ئەمن خودا ڕای سپاردوومە لای ئێوە، گش لە گشتوو. ئەو خودایەی موڵکایەتی ئاسمانەکان و ئەم هەردەش هەر بۆ ئەوە؛ لە خۆی بەدەر هیچ شت بۆ پەرستن نابێ. گیان دەبەخشێ و گیان دەستێنێ. دەسا ئێوە بە خودا و بە پێغەمبەری نەخوێندەوار بڕوا بکەن؛ کە ئەویش خۆی باوەڕی بە خودا هەیە و بە هەرچی خودا گوتوویە بڕوا دەکا. پەیڕەوی بن، شایەت شارەزای ڕێگە بن.

159) دەستەیەکیش لە هۆژی مووسادا هەنە، بە ڕاستی ڕێ دەنوێنن و بە ڕاستیش داوەری دەکەن.

160) ئەوانەمان بە دوازدە دەستە (دوازدە ئۆمەت) بەش بەش کرد و ئەو کاتەش هۆزەکەی مووسا داوای ئاوی وەخواردنیان لە مووسا کرد، ئێمە مووسامان تێگەیاند کە: بە دارعاساکەی دەستت لەو بەردە دە. دوازدە کانی لە بەردەکەوە هەڵقوڵین؛ هەر دەستەیەی دەراوی خۆی ناسیەوە. هەوریشمان لە لای سەروویان کردە سەیوان؛ گەزۆشمان دەگەڵ شێلاقە بۆ هەناردن: بخۆن لەو شتە پاکانەی کردوومانەتە ڕۆزیتان. هیچ غەدرێکیان لێمان نەکرد؛ بەڵام غەدریان لە خۆیان دەکرد.

161) [لە بیروو بێ] ئەو کاتەش کە پیان گوترا: لەو شارە نیشتەجێ بن و لە هەر لایەک هەرچی دەتانەوێ بیخۆن. نزا بکەن گوناهوو لێ هەڵبوەرێ و لە دەرگاوە کە دەچنە ژوور، سوژدە بەرن؛ هەر هەڵەیێ کردووتانە دەتانبەخشین. بۆ ئەوانەی ئاکارچاکن، پاداشی زیاتریش دەدەین.

162) ئەوسا ناهەقیکارانیان ئەو قسانەی پێیان وترا بوو، گۆڕیانە بارێکی دیکە. ئێمەش لە سەر ئەو ناهەقی کردنەیان، بەڵایەکمان لە ئاسمانەوە بۆ ناردن.

163) دەربارەی ئەوباژێڕەی وا کەوتبوە قەراخی دەریا لێیان پرسە، کە بە شەممە نافەرمانی خوایان دەکرد. چونکە لە ڕۆژی شەممەدا ماسی گەل سەراو دەکەوتن و ڕۆژێ کە شەممە نەبووایە، دیاریان نەبوو. ئەو کەسانەی لە ڕێگەی خودا لا دەدەن، ئێمە ئاوا دەیان ئەزمووین.

164) کە دەستەیەکیش لە خۆیان گوتیان: بۆچی ئێوە دەربارەی کەسانێ خودا گەرەکیە قڕیان کا یان بە توندی ئازاریان دا، بە ئامۆژگاری خەریکن؟ گوتیان: تا لای پەروەرندەتانەوە تووشی شەرمەزاری نەبین و شایەت ئەوانیش بترسن.

165) کە ئامۆژگاری کردنیان بەهرەی نەدا، ئەو کەسانەمان ڕزگار کرد کە دژی خراپە وێستان؛ زۆر بە توندی ئازاری ئەوانەشماندا کە ناهەقی پیشە بوون و فەرمانیان بەجێ نەهێنا.

166) کاتێ هەر ئەو کارەیان کرد کە پیان گوترا بوو مەیکەن، گوتمان: ببنە مەیموون گەلی تڕۆ کراو!

167) ئەو کاتەشوو لە بیر بێ کە پەروەرێنی تۆ ڕایگەیاند: دەیانکەمە بەر فەرمانی کەسانی وا کە تا قیامەت - بە توندی - ئازاریان دەن. پەروەرندەت بە پەلە تۆڵە دەستێنێ و هەر بۆ خۆشی لە گوناهکاران دەبوورێ و دلۆڤانە.

168) لە زەمیندا کردمانن بە چەندین دەستەی لێکتر جیا. هێندێ لەوان بەچاک دەرچوون؛ هێندێ تر وەک ئەوان نەبوون؛ بە خۆشیان و بە ناخۆشیانیشمان ئەزموون، سا بەشکوو بگەڕێنەوە.

169) ئەوسا جێ نشینانێکی بەدفەڕ هاتنە جێگایان و، کتێبەکە لای ئەوان بە کەلەپوور ما؛ کە هەر بۆ تەماحی دنیا تێ دەکۆشان. دەشیانگوت: ئێمە هەر زۆر زوو عافوو دەکرێین. ئەگەر دیسانیش لە شتێک دەستیان گیر با، وەریان دەگرت. مەر لەو کتێبەدا لەوان پەیمان وەرنەگیرا، لە ڕاستی بەو لاوە دەربارەی خودا نەخێون؟ کە هەرچی تێشیدا هەبوو خوێندبوویان. ماڵی ئەولا بۆ ئەوانەی خۆپارێزن زۆر باشترە، هێشتا ئێوە تێ ناگەیەن؟

170) ئەو کەسانەی کە بەرانبەر بە کتێب ڕەفتار دەکەن و نوێژیش دەکەن، ئێمە پاداشی ئەوانەی ئاکارچاکن وندا ناکەین.

171) ئەو کاتە کە کێوەکەمان وێنەی سەیوان بە سەریاندا ڕاهەنگاوت و لایان وابوو هەر بە سەریاندا دەڕووخێ [وتمان]: ئەوی داومانە پێتان پەیت بیگرن؛ چی تێدایە لە بیرتان بێ؛ دەشقەم خۆتان بپارێزن.

172) ئەوساش کە پەروەرندەی تۆ لە پشتی عەولادی ئادەم زاروزیچی بەرهەم هێنا، لە سەر خۆیان شایەتی هەر بە خۆیان دا. گوتی: من پەروەرێنتان نیم؟ گوتیان: بەڵێ، ئێمە لەوە ئاگادارین. نەکا ڕۆژی سەڵا بێژن: نەمانزانی.

173) یان نەبێژن: ئەو کەسانە وا لە پێشدا شەریکیان [بۆ خودا] دانا، باب و باپیرانمان بوون و ئێمە بەرەی دوای ئەوانین؛ ئاخۆ ئێستا تۆ گەرەکتە لە سەر ئاکاری ناحەقان ئێمە قڕکەی؟

174) نیشانەکان ئاوا ڕۆشن دەکەینەوە، شایەتا بگەڕێنەوە.

175) دەنگوباسی ئەو کەسەشیان بۆ وەخوێنە کە نیشانەکانی خۆمان پێ بەخشی بوو، خۆی لێ بوواردن؛ ئەوسا شەیتان وەدووی خۆی دا و کەوتە ناو ڕێزی گومڕایان.

176) ئێمە گەر بمان ویستایە لەمانەڕا پایەبەرزیمان دەدایە؛ بەڵام ئەو هەر خۆی بە عەرزەوە چەسپاند و پەیڕەوی ئارەزووی خۆی بوو. نەزیلەی ئەو وەکوو نەزیلەی سەگێکە بۆی بچی زمان دەردێنێ و لێشی گەڕێی زوان دەکێشێ. ئەم چیرۆکە بەسەرهاتی ئەوانەیە کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ دانا. تۆ لەو تەرزە باسانەیان بۆ وەگێڕە، شایەتا بیر بکەنەوە.

177) چەن خراپە سەرگوروشتەی ئەو کەسانە نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی و لە خۆیان ناهەقیان کرد.

178) هەر کەسێکی خودا خۆی شارەزای بکا، ڕێگەی ڕاست دەگرێتە بەرێ و هەر کەسێکیش گومڕا بکا، لە ڕێزەی زیانبارانە.

179) ئێمە گەلێک لە جنۆکە و لە مرۆمان بۆ جەهەندەم وەدی هێنا: دڵیان هەیە و پێی تێناگەن؛ چاویان هەیە و پێی نابینن؛ گوێیان هەیە و پێی نابیسن؛ ئەوانە وەکوو ئاژەڵن؛ بگرە لەوان گومڕاترن؛ ئاگایان لە هیچ شت نییە.

180) ناوی خودا، هەموویان ڕند و لەبارن؛ هەر بەو ناوانە بانگی کەن. گوێ مەدەنە ئەو کەسانەی ناوەکانی هەر بە ئانقەست بۆ دەگۆڕن. ئەمانە بۆ ئەو کارەیان سزا دەدرێن.

181) لەوانەدا کە ئێمە دروستن کردوون، دەستەیەک هەن بەرەو لای هەق ڕێشاندەرن و بە هەقیش داوەری دەکەن.

182) ئەوانەش کە نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا، وردەوردە - بێ ئەوەی بە خۆ بزانن - بەرەو تێدا چوونیان دەبەین.

183) ماوەیەک مۆڵەتیان دەدەین، چونکە تەگبیرم پتەوە.

184) ئاخۆ بە بیریاندا نەهات هاوڕێکەیان تووشی شێت بوون نەهاتووە؟ ئاشکرایە ئەو لە ترس وەبەرهێنەرێک بەدەر نییە.

185) ئاخۆ ئەوان لە دام ودەزگای پڕ شکۆی عاسمانەکان و زەمین هەرچی خوا دروستی کردوون، ڕا نەماون؟ وێش دەچێ بەم نزیکانە بە ئاکامی مەرگ بگەن. دەیسا لە پاش ئەم قورعانە بە کام قسە بڕوا دەکەن؟

186) خوا ڕێ لە هەر کەس بگۆڕێ، هیچ ڕێبەری دەس ناکەوێ. وازیان لێ دێنێ با هەر وا لە سەر بزێوی خۆیاندا سەرگەردان بن.

187) دەربارەی ڕۆژی سەڵاوە لێت دەپرسن: کەی وەدی دێ؟ بێژە: زانینی هەر تەنیا لە لای پەروەرێنی منە؛ بۆ خۆی نەبێ کەس ناتوانێ وەختەکەی ئاشکرا بکا؛ هەڵێنانی بۆ ئەوانەی لە ئاسمانان و زەمیندان، زۆر گرانە و لە نەکاوێک ئەو ڕۆژە ڕووتان تێ دەکا. جۆرێک پرسیارت لێ دەکەن وەک تۆ دەربارەی بزانی. بێژە: تەنیا هەر خودا بۆ خۆی دەیزانێ؛ بەڵام زۆربەی ئەم خەڵکە ئەمە نازانن.

188) بێژە: ئەمن خاوەنی سوود و زیانی خودی خۆم نیم؛ جا مەگین خودا حەز بکا. گەر نادیارم زانیبان بەهرەی فرەم گیر دەکەوت و زیانێکم تووش نەدەهات. من تەنیا هەر ترسێنەر و مژدەدەرم بۆ کەسانێ بڕوا دەکەن.

189) هەر ئەو ئێوەی لە یەک کەس وەدی هێناوە؛ ژنەکەشی هەر لە ماکی ئەو پێک هێنا، کە لەوڕا بحەسێتەوە. وەختێ [ئادەم] وەل [دایکەوا] سەر جێی کرد، باردار بوو بە بارێکی سووک. ماوەیەک پێەوە گەڕا. کە هەستی بە قورس بوون کرد، هەرتک لە پەروەرندەیان پاڕانەوە: ئەگەر زارۆیێ هێژامان پێ ببەخشی، لە شوکرانەبژێران دەبین.

190) کە زارۆی هێژای پێ بەخشین، لەوەی کە خوا پێدا بوون، چەند شەریکیان بۆ پەیدا کرد؛ کە خودا زۆر بەرزترە لەوەی کە شەریکی هەبن.

191) چۆن ئەوانە دەکەن بە شەریکی خودا کە ناتوانن هیچ شتێ درووست بکەن و خۆیان دەبێ درووست بکرێن.

192) توانایان نییە یارمەتی ئەوان بدەن و یاریدەی خۆشیان پێ نادرێ.

193) ئەگەر ئێوەش بانگیان بکەن کە بێنە سەر ڕاهی خودا، دواو ناکەون. بانگیان بکەن یان دەنگ نەکەن، بۆ ئێوە هەر وەکوو یەکە.

194) ئەوانەی کە - بە جێ خودا - ئێوە هانایان پێ دەبەن، عەبدگەلێکن وەک خوەتان. دەسا ئەگەر ئێوە ڕاستن، بانگیان بکەن با وەرامتان بدەنەوە.

195) ئاخۆ ئەوان دەتوانن لە سەر پا بڕۆن، یان دەستی ڕاسانیان هەیە، یان چاوی دیتنیان هەیە، یان گوێی بیستنیان پێوەیە؟ بێژە: بانگی ئەو هاوبەشانەتان بکەن، ئەوسا داوی فێڵانم بۆ بێنەوە و ماوەم مەدەن.

196) گەورەی من هەر خودایە کە ئەم کتێبەی ناردۆتە خوار؛ هەر بۆ خۆشی سەرپەرستی چاکان دەکا.

197) ئەو کەسانەی - بە غەیرەز ئەو - ئێوە هانایان پێ دەبەن، ناشیەن یاریدەتان دەن و یاریدەی خۆشیان پێ نادرێ.

198) ئەگەر ئێوە بەرەو ڕێی ڕاستیان بانگ بکەن، لێو نابیستن؛ دەبینی تواشات دەکەن و نەشیان دیتوووی.

199) چاو بپۆشە و فەرمان بە کاری چاک بدە و لەو نەزانانە واز بێنە.

200) هەرگایەکیش خەیاڵاتێکی خراپت لە شەیتان بە دڵدا بووری، هەر پەنا بە خودا بەرە؛ کە خۆی بیسەر و زانایە.

201) ئەو کەسانەی پارێزگارن، هەرگا خەیاڵی خراپیان لە شەیتانەوە تووش دەبێ، گورجێ یادی خوا دەکەن و بەرچاویان ڕوون دەبێتەوە.

202) براکانیشیان بۆ ئەوەی هەر گومڕا بن، تێ دەکۆشن و لە تەقالادانەکەیان کۆتا نایەن.

203) هەرگا هیچ نیشانەیەکیان نیشان نادەی، ئێژن: تۆ بۆ لە خۆتەوە ڕێکی ناخەی؟ بێژە: من هەر لەوانە پەیڕەوی دەکەم کە لە لای پەروەرندەمڕا پێم دەگا. ئەمانە چاوڕۆشن کەرن لە پەروەرندەی ئێوەڕا و ڕێشاندەرن و بەزەیین بۆ ئەو کەسانەی بە باوەڕن.

204) هەرگا قورئان دەخوێندرێ، کڕ بن و گوێ لێ بدێرن؛ شایەت بەر بەزەیی خوا کەون.

205) هەموو بەیانی و ئێواران، بە پاڕانەوە و ترسەوە - بە بێ ئەوە دەنگ هەڵێنی - یادی پەروەرندەت بکە و هەرگیز تۆ لەوانە مەبە کە بە بیریشیاندا نایە.

206) ئەو کەسانەی لای پەروەرندەت پەسندن، بێ فیزن لە پەرستنی و پەسنی پاکی ئەو دەدەن و هەر بەرەو ئەو سوژدە دەبەن.