6- ئەنعام

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 35 خولەک  1432 بینین

وە ناو خودا کە دەهەندە و دلۆڤانە

1) پەسن و سوپاس بۆ خودایێ کە ئاسمانان و زەمینی چێ کردووە و تاریکایی و ڕووناکاییش ئەو پەیدای کرد. ئەو کەسانەش کە حاشایان لە پەروەرندەیان هەیە، دێن لە پاشان شەریکی بۆ پەیدا دەکەن.

2) ئەو خودایەی کە ئێوەی لە قوڕ چێ کرد و ماوەی ژینی بۆ داناون. ئەو کاتەشی بڕیار داوە و ناوی ناوە [کە لە ژیان بێ بەش دەبن]. کەچی ئێوە دیسانەکە هەر دوودڵن.

3) لە ئاسمانان و زەمیندا خوا هەر ئەوە و لە نهێنی و ئاشکراتان ئاگادارە و هەر کارێک بیکەن دەیزانێ.

4) هەر نیشانەیەک لە لایەن خوای پەروەرێنیانەوە بێ و بێتە لایان، ئیللا هەر حاشای لێ دەکەن و خۆیانی لێ دەبوێرن.

5) ئەوا وەختێ ئەم ڕاستەشیان بۆهات، بڕوایان پێ نەکرد. لەدواڕۆژدا ئەوانە ئاگادار دەبن لەوشتانەی ئێستا گەپی خۆی پێ دەدەن.

6) ئاخۆ ئەمەندە نازانن کە ئێمە لە پێش ئەواندا چەندین بەرەمان قڕ کردن؟ ئەو دەستەڵاتەش لەم زەمینە بەوانمان دابوو، بەمانمان نەداوە. لە حەواوە کەیکەم و شەستەڕەهێڵە بارانەمان بۆ باراندن و وامان کرد کە لە سەر ڕووبارەکان دەژیان. کەچی هێند نافەرمانیان کرد قڕمان کردن و لە پاش ئەوان - لە جێی ئەوان - بەرەی ترمان دامەزراندن.

7) ئەگەر ئێمە لە سەر کاغەز نامەیەکمان بۆ تۆ ناردبایە خوارەوە و بەدەست هەڵیان گڵۆفیبا، ئەوانەی خودانەناسن هەر دەیانگوت: ببێ و نەبێ جادوو نەبێ چی تر نییە.

8) ئەوا دەشڵێن: ئەدی بۆچی خوا فرشتەی بۆ ئەو نەناردە خوارەوە؟ ئەگەر ئێمە فرشتەشمان بناردایە، بێ سۆ کار لە کار دەترازا و هیچ مۆڵەتیان پێ نەدەدرا.

9) خۆ ئەگەر ڕاسپاردەمان فرشتەش با، هەر دەبوو جلکی پیاوێکی دەبەر بکەین و ئەو جلەی ئەوان دەیپۆشن ئەو پۆشیبای.

10) بە گەلێک لە پێغەمبەرانی بەرلە تۆ، ڕشخەن کرا و ڕشخەنکەران تووشی کارەکەی خۆیان بوون.

11) بێژە: ئێوە لەم زەمینە گەشتێ بکەن، تا بزانن دواڕۆژی بێ باوەڕەکان بە کوێ گەیشت.

12) بێژە: هەرچی لە ناوی عاسمانەکان و زەمیندایە، ماڵی کێیە؟ بێژە: هەموو بۆ خودایە. خودا لە سەر خۆی نووسیوە کە دەبێ خاوەن بەزە بێ. دیاریشە لە ڕۆژی قیامەت - کە بێگومانە هاتنی - گشتوو لێک کۆ دەکاتەوە و ئەو کەسانەی گیانی خۆیان دۆڕاندووە ئەوانن بڕواناهێنن.

13) بۆ ئەویشە هەر شتێکی لە شەوگاڕ و لە ڕۆژێدا، هەدا دەدا و هەر خۆی بیسەر و زانایە.

14) بێژە: ئاخۆ دەتانەوێ غەیرەز خودا هیچ کەسی تر بە سەروەری خۆ بزانم، کە ئاسمانان و زەمینی داهێناوە و ڕۆزی بە زیندەوەر دەدا و خۆی لە بژیو بێ نیازە؟ بێژە: فەرمان بە من درا کە یەکەمین بەرفەرمان بم. سا تۆ قەت لەوانە مەبە شەریک بۆ خودا پەیدا کەی.

15) بێژە: ئەگەر نافەرمانی خودای پەروەرێنم بکەم، لە ئازاری ڕۆژە هەرەدژوارەکەی پڕ مەترسی، ترسم هەیە.

16) ئەوێ ڕۆژێ خوا لە هەر کەسێ وازبێنێ، ئەوە دیارە وەبەر بەزەیی خستووە؛ ئەم کارەش ڕزگارییەکی ئاشکرایە.

17) ئەگەر خودا بەڵایەکت بە سەر بێنێ، بە غەیرەز خۆی کەس لە سەرتی وەلا نابا. گەر بەچاکەشت وەخوێنێ، هەر خۆیەتی هەموو کارێکی پێ دەکرێ.

18) هەرخوداشە لە سەر هەموو عەبدەکانی دەستی دەڕوا و هەر بۆ خۆیەتی کارزانە و ئاگادارە.

19) بێژە: شایەتی دانی کێ لە هەموو شایەتی دانێک گرینگترە؟ بێژە: خودا شایەتە لە نێوانماندا؛ ئەو بە خەڵات بۆ منی ناردە خوارەوە، تا بە هۆی ئەو ترس وەبەر ئێوە بێنم و هەر کەسێکیش کە پێ دەگا. ئێوە شایەتی دەدەن کە وەل خودا چەند خودایەکی تریش هەیە؟ بێژە: من شایەتی نادەم. بێژە: خودا هەر یەکێکە و من لە شەریک بۆ خوادانانی ئێوە دوور و بێزارم.

20) ئەهلی کتێب هەر وەک کوڕەکانی خۆیان باش دەناسن، پێغەمبەریش وا دەناسن. ئەوانەی خۆیان تووشی خوسار کردووە، بڕوا ناکەن.

21) کێی وا هەیە لەو کەسانە ناهەقتر بێ کە درۆ بۆ خوا هەڵدەبەستن یا بە نیشانەکانی خوا باوەڕ ناکەن؟ دیاریشە هەر کێ ناهەق بێ، ڕزگار نابێ.

22) ڕۆژی قیامەت کە گشتیان کۆ دەکەینەوە، بەو کەسانەی کە شەریکیان بۆ خودا پەیدا کردبوو، ئێژین: کوانێ بە خەیاڵ دەوگوت شەریکن دەگەڵ خودا؟ دە بیانهێنن.

23) جا ئەو کاتە هیچ عوزرێکیان نابێ غەیرەز ئەوە بێژن: سوێند بە خودا کە ئێمەی پەروەراندوە؛ ئێمە هەرگیز هیچ شتێکمان نەکردۆتە شەریکی ئەو.

24) بڕوانە چۆن درۆ لە سەر خۆشیان دەکەن! ئەو شتانەش کە ئەوان بە درۆ دەیانگوت، لە بەین چوون.

25) ئی وایان لە ناودا هەیە گوێت پێ دەدا. بەڵام ئێمە پەردەیەکمان بە سەر دڵیان هەڵکێشاوە کە تێت نەگەن، گراناییشمان خستۆتە ناو گوێچکەیان کە [نەبیسن] و هەر نیشانەیەک ببینن باوەڕ ناکەن. ئی واش هەیە کە دێنە لات جوابەجەنگیت دەگەڵ دەکەن؛ ئەو کەسانەی خوانەناسن ئێژن: ئەمە چیرۆکی پێشینەکانە و چیتر نییە.

26) هەر ئەوانە ناهێڵن خەڵک بێنە لای و بۆ خۆشیان خۆی لێ دوور دەگرن. ئەم کەسانە بە بێ ئەوەی هەستی پێ بکەن هەر بۆ خۆیان لە بەین دەبەن.

27) ئەگەر ئەوسا بیانبینی کە لە سەر لێواری ئاگر ڕاگیراون، ئێژن: خۆزی دیسان دەیانگێڕاینەوە، ئەوسا بە نیشانەکانی پەروەرندەن بڕوامان دەکرد و ئێمەش لە ڕێزی باوەڕداران بووین.

28) ڕاستیش ناکەن، تەنیا هەر ئەوەیان بۆ ئاشکرا بووە کە لە پێشا لە دڵدا حاشاریان دابوو. ئەگەر بشگەڕابانەوە، ئەو کارانەی کە پێیان دەگوتورا مەیکەن، هەر دەیانکرد. ئەمانە هەر درۆزنن.

29) گوتیشیان: جگە لەم ژینەی سەر دنیامان چیتر نییە و ئێمە زیندوو نابینەوە.

30) گەر بیان دوونی لەو کاتەدا کە لە هەمبەر پەروەرێنیان ڕاگیراون، پێیان ئێژێ: ئاخۆ ئەمەو پێ ڕاست نەبوو؟ ئێژن: بەڵێ، سوێندەکە بە پەروەرەندەن ڕاستی ڕاستە. ئێژێ: دە ئازار بچێژن بۆ ئەو حاشایەی دەتانکرد.

31) ئەو کەسانە زیانمەند بوون کە هیچ باوەڕیان نەدەکرد، دێنە بەر بارەگای خودا. تا ئەو ساتەی لە پڕ سەڵایان لێ ڕابوو. ئیتر ئەوسا لە حاڵێکدا کۆڵەپشتی باری گرانی گوناهیان لە سەر پشتە، هەر ئاخ و داخ و پەکیانە؛ ئێژن: حەیفێ ئێمە چەندن درێغی کرد. سا بزانە چەند بارەکەیان گران و نالەبارە.

32) ژینی دنیا جگە لە گاڵتە و گەپ نییە و ماڵی ئەولا بۆ ئەوانەی لە خواترس و خۆپارێزن زۆر چاکترە. دەسا بۆ دەبێ تێ نەگەن؟!

33) ئێمە دەزانین ئەو قسەی ئەوان دەیکەن بۆت دەبێتە هۆی دڵتەنگی. خۆ ئەوانە تۆ وەدرۆ ناخەنەوە؛ لە ڕاستیدا ئەو ناهەقیکارانە لە نیشانەکانی خودایە حاشا دەکەن.

34) فرە لە پێغەمبەرانی بەر لە تۆش - هەر وەک ئێستەی تۆ - بە درۆزن ژمێراون. وێڕای باوەڕ پێ نەکران و ئازاردانیش، هەروا خۆڕاگر مانەوە؛ هەتاکوو یارمەتی ئێمەیان پێ گەییشت. سۆزی خوداش بە هیچ کەسێک ناگۆڕدرێ و دیاریشە تۆ دەنگوباسی پێغەمبەرانت زانیوە.

35) ئەگەر تۆ لە لات گران دێ کە بە دەنگتەوە نەهاتوون، سا ئەگەر لە تواناتدایە، ڕەهۆڵێکی لەم زەمینەدا بکۆڵە، یان پەیژەیەک کە پێی هەڵچی بۆ ئاسمان و بەڵگەیەکی پتەو بۆ ئەمانە بێنە [بڕوات پێ بکەن]. ئەگەر خوا خۆی مەیلی لێ با، هەموویانی شارەزای ڕاستەڕێ دەکرد. ئیتر ناشێ تۆ لە ڕێزەی نەزانان بی.

36) هەر ئەوانە گوێت لێ دەگرن کە دەبیسن. مردووەکانیش خوا زیندوویان دەکاتەوە و پاشان گشتیان بۆ لای خۆی دەگەڕێنەوە.

37) ئێژن: بۆچی نیشانێکی لە لایەن پەروەرندەیڕا بۆ نەهاتۆتە خوارەوە؟ بێژە: خودا توانای هەیە هەر بەڵگەیەک [خۆی حەز بکا] بە ڕێی بکا؛ بەڵام ئەوانە زۆربەیان لێ نەزانن.

38) هەر زیندەوەرێ لە عەرزا تەڤگەڕیەتی و هەر مەلێ بە باڵان دەفڕێ، هەموویان کۆمەڵانێکن وەکوو ئێوە. ئێمە لە ناو ئەم کتێبە هیچ شتمان هەڵ نەبواردووە؛ لە دواڕۆژیش گش ئەمانە لە لای پەروەرندەی خۆیان کۆوە ئەکرێن.

39) ئەو کەسانەی کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ زانی، کەڕ و لاڵن و لە تاریکیدا خول دەخۆن. خودا بەکەیفی خۆی دەکا، لە هێندێکان ڕێ دەگۆڕێ و هێندێکانیش دەخاتە سەر ڕاستەڕێیە.

40) بێژە: ئەگەر خوا بەڵایەکوو بۆ بنێرێ یان ڕۆژی سەڵا و لێ ڕابێ، ئاخۆ ئەوسا غەیرەز خودا هانا بۆ کەسی تر دەبەن؟ ئەگەر ڕاستن، ڕاستی بڵێن.

41) نەخێر، ئەوسا هەر هانا بۆ خودا دەبەن. ئەگەر خودا خۆی حەز بکا، بەڵاتان لە سەر لا دەبا و ئەو شتانەتان لە بیر دەچێتەوە کە [ئێستا] بە شەریکی خودایان دەزانن.

42) ئێمە بۆ سەر گەلێک لە گەلانی پێش تۆش [پێغەمبەرمان] بە ڕێ کردوون. [ئەو کەسانەی یاغی دەبوون] تووشی بەڵا و نسیبەتانمان دەکردن، تا بەشکێکوو لە بەرمان بلاڵێنەوە.

43) دەیسا بۆچی کە بەڵاشمان بە سەر هێنان، لە بەرمان نەپاڕانەوە؟ بەڵام ئەمان دڵڕەش بوون و، شەیتانیش کارەکانیانی وا لە بەر ڕازاندبوونەوە [کە هەر لە سەر حاشایە مان].

44) جا وەختێ ئەو هەموو ئامۆژگاریانەیان - کە کرابوون - لە بیرەو چوو، هەموو دەرگای بەختەوەرین بۆ کردنەوە هەتا کەوتنە خۆشی و شادی؛ ئەوسا لەپڕ و نەکاوێک بەر تووڕەیی خۆمان خستن و هەموو ناهومێد مانەوە.

45) ئیتر ئەوسا ئەو کەسانەی پیشەیان هەر ناهەقی بوو، دوابڕاو بوون و سپاس بۆ خوای ڕاهێنەری هەموو دنیا.

46) بێژە: بە من بێژن ئەگەر خوا هەستی گوێ و سۆمای چاوتان لێ بستێنێ و لە سەر دڵگەلیشتانەوە مۆر دابنێ، کێ دەتوانێ - بەدەر لە خوا - بووداتەوە؟ دەبڕوانە ئێمە چلۆن نیشانەکان بۆ ئەوان شی دەکەینەوە؛ هێشتا هەر خۆی لێ دەبوێرن.

47) بێژە: بە من بێژن ئەگەر بەڵای خودا لە پڕێک و بەنهێنی یان بە تەرزێکی ئاشکرا، تووشتان ببێ، جیا لەوانەی غەدرێ دەکەن کێ قڕ دەبێ و تێدا دەچێ؟

48) هەر پێغەمبەرێک دەنێرین پێی دەسپێرین مژدەدەر و ترسێنەر بێ؛ سا هەر کەسێ بڕوای هێنا و ئاکاری چاکی ڕەچاو کرد، نە هیچ ترسی لە سەر هەیە و نە هیچ خەمێکیان دێتەبەر.

49) ئەوانە وا نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ ئەژمارد، لە سزای ئەم نافەرمانییە، گرفتاری ئازار دەبن.

50) بێژە: من بە ئێوەم نەگوت: کلیل داری گەنجینەکانی خوا منم؛ نەشم گوتووە: لە نادیاران ئاگادارم؛ پێشم نەگوتوون: فریشتەم. تەنها من هەر ئەوە دەکەم کە خودا پێی ڕاگەیاندووم. بێژە: ئاخۆ کوێر و چاوساغ وەکوو یەکن؟ دەیسا بۆ بیر ناکەنەوە؟

51) بەم قورئانە تۆ ئەوانە بترسێنە، کە لە ڕۆژی کۆ بوونەوە لە قاپی پەروەرندەیان نیگەرانن؛ کە لەو بەدەر نە هیچ دۆستیان گیر دەکەوێ و نە تکاکار، بەشکوو لە خودا بترسن.

52) ئەو کەسانە مەتۆرێنە و دەریان مەکە کە گش شەوەکی و ئێواران هانا دەبەنە بەر خوای پەروەرێنیان و بۆ ڕەزای ئەو کۆشش دەکەن. تۆ هیچ کارت بە کاری ئەوان نەدابێ؛ ئەوانیش هیچ کاریان بە سەر تۆوە نییە. سا ئەگەر ئەمانە دەرکەی، غەدرێکە لە خۆتی دەکەی.

53) ئێمە ئاوا گەرەکمانە هێندێ لەوان بە هێندێکان تاقی وەکەن، هەتا بێژن: چلۆن خودا لە ناوماندا هەر ئەمانەی وەبەر چاکەی خۆی خستووە؟ ئاخۆ خودا لەوان باشتر شوکربژێران ناناسێ؟

54) هەرگا ئەوانە دێنەلات کە بە نیشانانی ئێمە بڕوادارن، پیان بێژە: دڵنیابن پەروەرێنتان هەر خۆی لە سەر خۆی نووسیوە بەر بەزەیی خۆیتان بخا؛ دیارە خودا هەر کەسێکی لە ئێوە - لە نەزانی خۆی - کاری خراپی لێ ڕوودا و پاشان پەشیمان بێتەوە و ئاکاری چاک ڕەچاو بکا، لە گوناحەکانی دەبوورێ و دلۆڤانە.

55) ئێمە ئاوا نیشانەکانی خۆمانیان تەواو بۆ شی دەکەینەوە و دەمانەوێ ڕێبازی تاوانباران ڕوون ببێتەوە.

56) بێژە: من ڕێم پێ نەدراوە کە لە خودا بتکەمەوە و ئەو شتانە بپەرستم کە ئێوە دەیانپەرستن. بێژە: قەت من بە ئارەزووی ئێوە ناکەم. ئەگەر بێتوو شوێن ئارەزووی ئێوە کەوم، دیارە ڕێگەم گوم کردووە و لە ڕاستەڕێ وەدەر کەوتووم.

57) بێژە: وا من لە لایەن پەروەرێنمەوە، بەڵگەی پتەوم لە لایە؛ کەچی ئەوەی لای منتان بە درۆ دانا. ئەوەش ئێوەی بۆ بەلەزن، هیچی لە دەس مندا نییە. فەرمان هەر فەرمانی خوایە و هەر خۆی ڕاستیو بۆ باس دەکا. چاکتر لێک جوداکەرەوەش هەر خۆیەتی.

58) بێژە: ئەگەر ئەو شتەی داوای دەکەن و بۆی بە پەلەن بە دەس من با، کاری نێوان من و ئێوە هەر لە زوودا دوایی دەهات. هەر خوا باشتر ناهەقیکاران دەناسێ.

59) هەموو کلیلی نهێنی و بەرپیواران وا لای ئەوە؛ لە خۆی بەدەر هیچ کەسێ ئاگای لێ نییە و هەرچی لە زریا و بەژدایە باش دەیزانێ؛ هیچ گەڵایەک لە هیچ شوێنێ بێ زانینی ئەو ناوەرێ. هەرچی دەنکە و لە تاریکایی زەویدا و هەرچی تەڕە، یان زوهایە، گشتی لە ناو دەفتەرێکی ئاشکرایە.

60) هەر خۆیەتی بە شەو هەستوو لێ دەستێنێ و لە ناو ڕۆژا چیتان کردووە. جا بە ڕۆژ ڕاو دەپەڕێنێ، هەتا ماوەی دیاری کراو بە سەر دەچێ. لە پاشان دەچنەوە لای خۆی؛ ئەوسا ئاگادارتان دەکا کە لە پێشدا چوو کردووە.

61) هەر خۆیە دەستەڵاتدار بە سەر عەبدانیا. پاسەوانانێکیشتان بۆ بەڕێ دەکا. هەرگا وەختی مردنوو دێ، پێمێردی خوا لە پێک هێنانی فەرمانی درێغ ناکا.

62) پاشان دەیانگەڕێننەوە بۆ لای خودا، کە سەروەری ڕاستەقینەی هەموویانە. با بزانن فەرمان هەر بە دەستی ئەوە و زووتر لە هەر حیسابگەرێ بە حیسابی گش ڕادەگا.

63) بێژە: کێ ڕزگارتان دەکا لە تاریکی بەژ و دەریا؟ کە ئەوساکە بە نهێنی و بە ئاشکرا لە بەری دەپاڕێنەوە: ئەگەر خودا ئەمجارەش ڕزگارمان بکا، هەر شوکرانەی ئەو دەبژێرین.

64) بێژە: خوا ڕزگاروو دەکا لەو تەنگانە و لە هەموو بەڵایەکی دیش؛ کەچی ئێوە شەریکی بۆ پەیدا دەکەن.

65) بێژە: خودا توانای هەیە کە لە لای سەرووتانەوە یان لە لای ژێرپاتانەوە ئازارتان بۆ بەڕێ بکا؛ یان بتانکاتە چەند دەستەو تێکتان بەردا و ئازار لە یەکتر بچێژن. دە بڕوانە چۆن ئێمە نیشانەکانمان - جۆرە جۆرە - بەو مەردمە نیشان دەدەین، بەشکوو ئەوانە تێبگەن.

66) هۆزەکەی تۆ ئەم قورعانی وا ڕاستیشیان پێ درۆیە. بێژە: خۆ من نەبوومە هەمەکارەتان.

67) زۆر بە زوو ئاگادار دەبن کە هەر باس و خەبەرێک جێگەی خۆی هەیە.

68) هەرگا ئەوانە دەبینی دەربارەی نیشانەکانمان خراپ دەدوێن، تۆ ڕوویان لێ وەربگێڕە تا باری قسە دەگۆڕن و قسە لە شتێکی تر دەکەن. گەر وا ڕوویدا شەیتان لە بیری بردیەوە، هەرگا وەبیرت هاتەوە ئیتر وەل ناهەقیکاران ڕۆمەنیشە.

69) ئەوانەی خودێ ترسن و خۆپارێزن، هیچ ئوباڵی ئەوانەیان لەستۆ نییە. بەڵام دەبێ ئامۆژگاری [بۆ نالەبارەکان] بکەن، بەشکوو لە خودا بترسن.

70) تۆ وازبهێنە لەوانەی دینەکەیان بە گەمە و گاڵتە گرتووە و ژینی دنیا تەواوێک لە خشتەی بردوون. بەم قورئانە بیریان خەوە کە هەر کەسێک بکەوێتە زیندانی بێ دەرەتانی کردەوەی خۆی - لە خوابەدەر - هیچ کەسی دەهانای نایە و هیچ کەسیش تکای بۆ ناکا. هەرچی ماڵی دنیاش هەبێ و لە لای ئەوبێ لە قەرەبووی خۆیدا بیدا، قبووڵ ناکرێ. ئەوان لەسۆنگەی ئەو کارەی کردوویانە و بڕوایان بە خودا نەبووە، لە دوژەهێ دەرناکەون و ئاوی کوڵیو دەخۆنەوە و جەزرەبەی بەژانیان هەیە.

71) بێژە: ئاخۆ گەرەکتانە - لە خوا بەدەر - هاوار بۆ شتانێک بەرین نە زەرەرێکمان لێ دەدەن، نە بەهرەیان بۆمان هەیە و لە پاش ئەوەی شارەزای ڕاستەڕێگە بووین، سەرلە نوێ پاشگەز بینەوە؟ هەر وەک ئەوەمان بە سەردێ کە شەیتان خەڵەتاندوویە و لە سەر زەوی سەرگەردانە. هێندێک هەواڵی وای هەیە کە پێی ئێژن: وەرە لامان لە ڕێگەت شارەزا دەکەین. بێژە: ڕێی ڕاست هەر ڕێگەی ڕووبە خودایە و فەرمان بە ئێمە دراوە خۆ بدەینە دەس ڕاهێنەڕی دنیایە.

72) فەرمووشیە دەبێ نوێژ بکەن؛ ترسیشوو لە خودا هەبێ؛ کە هەموو لاتان لای ئەو خڕ دەکرێنەوە.

73) هەر خۆیەتی بۆ ڕاستی، ئەم ئاسمانانە و زەمینەی بەرهەم هێناوە. هەر ڕۆژێکی بۆ دروست بوونی هەر شتێ فەرمان بدا: ببە! دەبێ. قسەی ڕاستە و لاری نییە و ئەوێ ڕۆژێ فوو بە کەڵەشاخدا دەکرێ، تەنیا خۆی دەستەڵات دارە و دیار و بەرپیوار دەزانێ و هەر خۆیەتی لەکارزان و ئاگادارە.

74) بیر لەو کاتەش بکەرەوە کە ئیبراهیم بە ئازەری ئاپی خۆی گوت: ئەتۆ بۆچی ئەو بتانە دەپەرستی؟ ئەمن تۆشوو گەلەکەشت دەبینم لە ڕێ لاو داوە.

75) [هەر ئەو دەمەش بوو کە] ئێمە نیشانی ئیبراهیمندا دام و دەزگای ئەم عاسمانان و زەمینە سەر بە کێیە، تا لە ڕێزی باوەڕدارە ڕاستەکان بێ.

76) کە شەوی بە سەرداهات و تاریک داهات، ئەستێرەیەکی بەدی کرد. گوتی: ئەمە پەروەرێنمە. هەرکە لە بەر چاو ئاوا بوو، گوتی: هەرچی ئاوا ببێ خۆشم ناوێ.

77) وەختێ کە دیتی مانگ هەڵات، گوتی: ئەمە پەروەرێنمە. کە ئەویش لە بەر چاو نەما، گوتی: ئەگەر پەروەرێنی ڕاستەقانیم خۆی شارەزاییم پێ نەڵێ، منیش لە گومڕایان دەبم.

78) کاتێ دیتی وا خۆر لە کەل سەر دەکەوێ، گوتی: ئەمە لەوانی تر مەزنترە، ڕەنگە پەروەرندەکەی من هەر ئەمە بێ. کە خۆریش کەوتە خۆرنشین، گوتی: گەلۆ! من لەو کارە و کە شەریکان بۆ خودانی من دەناسن، تەکیمەوە.

79) وامن - بە دڵپاکی - ڕووم کردە ئەو کەسە کە ئاسمانان و زەمینی داهێناوە و لەوانە نیم شەریکی بۆ پەیدا دەکەن.

80) هۆزەکەی لە سەر ئەم باسە شەڕ و کێشەیان پێ فرۆشت. گوتی: ئێوە چۆن دەگەڵ من دەربارەی خودایێکەوە کێشە دەکەن کە خۆی شارەزای کردووم و هیچ ترسێکم لەوانە نییە کە ئێوە دەیانکەنە شەریکی ئەو. هەر شتێکی پەروەرندەم حەزێ بکا هەروا دەبێ و زانستی پەروەرێنی من هەموو شتی داگرتووە. ئاخۆ ئێوە ڕانامێنن؟

81) جا چۆن دەبێ لەو بتانەی - کە ئێوە دەیانپەرستن - ترسم هەبێ؟ کەچی ئێوە ترسوو نییە و ئەو بتانە بە شەریکی خودا دەزانن و هیچ بەڵگەیەکی پتەوتان بۆ نەهاتۆتە خوارەوە. ئەگەر ئێوە لە زانین هیچ بەشتان هەبا، دەتانزانی لە من و لەنگۆ کامەلامان پتر شیاوی نەترسانە.

82) ئەو کەسانەی بڕوایان بە خودا هێناوە بڕواکەیان تێکەڵی ناحەقی نەکرد، دڵنیایی بۆ ئەوانە و شارەزای ڕای خودا ئەون.

83) ئەمانە چەند بەڵگەیەک بوون کە دابوومانە ئیبراهیم، کە بەرانبەر بە هۆزی خۆی ڕابووەستێ. هەر کەسێ ئێمە حەز بکەین پلەی ڕێزی باڵا دەبەین؛ بێ گومانە پەروەرندەت لەکارزان و ئاگادارە.

84) ئێمە ئیسحاق و یەعقووبمان هەر بەو بەخشی و هەموو لامان شارەزای ڕای خۆمان کردوو، لە پێش ئەواندا نووحیشمان بەرەو خۆمان ڕێ نیشاندا و لە ناو زاروزێچی ئەودا داود و سولەیمانیش و ئەییوب و یوسف و مووسا و هاڕوونمان خستە سەر ڕێگا. ئێمە ئاوا پاداشی باش بە کارچاکان دەدەینەوە.

85) هەروەها زەکەرییاش و یەحیا و عیسا، وێڕای ئەلیاس؛ هەموویان لە مێرخاسان بوون.

86) ئیسماعیل و ئەلیەسەع و یوونس و لووتیش هەروەها؛ سەر لەبەریانمان لە خەڵکی سەر زەمینێ، زێدەتر قەدر لێناوە.

87) لە باب و کاڵ و عەولاد و برایانیان، بڕێکیانمان سەرخستن و شارەزای ڕای ڕاسمان کردن؛

88) ئەم شارەزایی کردنە لە لای خودایە. لە هەر کەسێ لە عەبدانی مەیلی لێ بێ، بەرەو خۆی ڕێی نیشان دەدا. خۆ ئەگەر شەریکیان بۆ خوا پەیدا کربا، کردەوەیان سەرپاکی بە فێڕۆ دەچوو.

89) ئەوانە کەسانێک بوون کە کتێبی خۆمان پێداون و لە کارزانیمان ڕاهێنان و کردمانن بە پێغەمبەر؛ گەر ئەمانە لێیان بکەونە حاشایە، ئێمە ئەو کارە دەدەینە کۆمەڵێ وا کە بڕوایان پێیان هەبێ و هیچگا حاشایان لێ نەکەن.

90) ئەوانە کەسانێک بوون کە خودا ڕێنموونی کردن؛ تۆش هەر لە شوێن ئەوان بڕۆ! بێژە: خۆ من هیچ پاداشێکم لێو ناوێ، ئەم قورئانە هەر تەنیا ئامۆژگارییەکە بۆ هەموو خەڵکی دنیایە.

91) ئەو دەمەی وا گوتیان: خودا هیچ شتێکی بۆ هیچ کەسێک نەناردووە، وەک پێویستە خوا بناسرێ، نەیانناسی. بێژە: ئەی کێ ئەو کتێبەی ناردووە کە مووسا هێنای و ڕووناکی و شارەزایی بوو بۆ مەردم؟ کتێبێ کە پەڕەپەڕەی دەکەنەوە و بەشی کەمی نیشانی خەڵکی دەدەن و بەشی زۆری دەشارنەوە! بەو کتێبە شتگەلێکتان پێ فێر کرا کە نە خۆ نە باب و کاڵتان نەو دەزانین. بێژە: هەرخودا ناردوویە. تۆ ئیتر وازیان لێ بێنە با بە گاڵتە کردنەوە خۆ خەریک کەن.

92) ئەم قورعانەشمان بە خەڵات بۆ تۆ نارد و مەمبارەکە و ئەوانەیشی لە لا ڕاستە کە دەپێشدا ناردراون؛ تا تۆ بە هۆی ئەم قورئانە خەڵکی مەککە و دەوروبەری بترسێنی و ئەو کەسانەی بڕوایان بە قیامەت هەیە، دیارە باوەڕی پێ دێنن و هۆشیان بە نوێژەکانیشیانەوە هەیە.

93) کێ لەو کەسە ناهەقترە درۆ بە دەم خواوە بکا؟ یا بێژێ من لە خوداوە فەرمانم پێ ڕاگەیەنراوە؛ کە هەرگیز هیچ فەرمانیشی لە خواوە بۆ نەهاتووە؛ یان بێژێ منیش لە وێنەی ئەوانەی خودا ناردوویە، دەتوانم بۆتان بنێرم؟ بریا وەختی ئاویلکەدان تۆ ناهەقیکارەکانت بدیبا کە فریشتە لێیان ڕاساوە، کە: گیانوو لە قاڵب دەرخەن؛ وا ئەمڕۆ لە تۆڵەی ئەوە کە درۆتان بە دەم خوداوە هەڵدەبەست و لە نیشانەکانی خودا حاشاو دەکرد، ئێوە بە سووکایەتییەوە ئازار دەدرێن.

94) هەر وەک تاک تاکە و بە تەنیا لە پێشوودا، ئێوەمان وەدی هێناوە، هەرواش هاتوونەوە لامان. هەرچیش ئێمە پێمان دابوون، لە دواتانەوە بەجێ ما. ئەو کەسانەش نابینن کە لاتان وابوو تکاکارن و بە شەریکی خواتان دەزانین. دیارە ئێستا لە یەکتری جیا بوونەوە و چی بە خەیاڵ سازوو دابوو، هەمووتان لێ بە هیچێ چوو.

95) خودا دانە و دەنکی میوە دەقەڵێشێ. هەر ئەویشە زیندوو لە مردوو دەردەخا و مردوو لە زیندوو دەردێنێ. ئەمە خوایە، دەسا ئێوە چۆن [لە ڕێگا] کلا دەکرێن؟

96) تێکوڵی شەوگار لا دەدا و سپێدە و بۆ دەخاتە ڕوو. شەوی بۆ ئۆقرە گرتن و خۆر و هەیڤی بۆ ژمارەی ئێوە سازدا. خودای خاوەن دەستەڵاتی زانا ئەم کارەی کردووە.

97) هەر ئەویشە ئەستێرەی بۆ خستوونە ڕوو؛ تا بەوانە - لە تاریکی بەژ و زریا - ڕێ پەیدا کەن. ئێمە بۆ کەسانێ زانان، نیشانانمان بە ڕوونی شی کردۆتەوە.

98) هەر ئەویشە هەموو ئێوەی لە تاقەکەسێک خستەوە؛ لە دوای ئەوە لە شوێنێک کۆی کردنەوە و دای مەزراندوون. بۆ ئەو کەسانەی تێ دەگەن، نیشانانمان بە ڕوونی شی کردۆتەوە.

99) هەر خۆیەتی لە حەواوە ئاوێکی بۆ ئێوە باراند، هەموو ڕووەکمان پێ ڕوواند، هەتا لە سەوزە گیاکەوە دەنک و کەلووی سواری یەک و لە کڵوکی دارخورماوە هێشووی پڕ و شۆڕەوە بۆ دەگەڵ باغاتێک لە ڕەز و زەیتوون و بنەهەناری هاووێنە و لە یەک جیامان بەرهەم هێنا. وەختێ میوەیان پێدەگا سەیری بکەن، کە لەواندا گەلێک نیشانەی خودا هەن بۆ کەسانێ کە بڕوایان بە خوا هەیە.

100) لە جنۆکان شەریکیان بۆ خوا پەیدا کرد؛ کە بۆ خۆی دروستی کردوون. لەو نەزانی کە هەیانە، خەیاڵ دەکەن دەبێ کۆڕ و کیژی هەبن. خودا پاک و بەرزترە لەو باسانەی ئەوان دەیکەن.

101) داهێنەری ئاسمانەکان و زەمینە؛ چۆن دەبێ عەولادی هەبێ؟ کە هیچ ژنی نەهێناوە و هەرچی هەیە هەموو دەسکردی خۆیەتی و ئاگای لە هەموو شت هەیە.

102) هەر خودایە ئێوەی پەروەردە کردووە و بەغەیرەز ئەو هیچ شت بۆ پەرستن نابێ؛ هەموو شتیش ئەو کردوویە. لە سەرتانە عەبدایەتی ئەو بکەن و سەرپەرستی هەموو شت هەر بە خۆیەتی.

103) ئەو نایەتە بەر چاوان و هەموو بینەرێک دەبینێ و کارناسک و ئاگادارە.

104) ئێوە لە پەروەرندەوڕا چاوی دڵتان پێدراوە. هەر کەسێکی بە چاوی دڵ شت ببینێ، بە قازانجی تەواو دەبێ. هەر کەسێکیش چاوی دڵی نابینایە، زیانبارە و من کێشک گری ئێوە نیم.

105) ئێمە نیشانەکان ئاوا جۆراوجۆر شی دەکەینەوە؛ هەتا لە ئاکاما نەیژن خوەنەواری! هەتا ڕوونیشیان کەینەوە بۆ ئەوانەی کە تێدەگەن.

106) هەر فەرمانێ لە پەروەرندەوڕا بۆت دێ، پێکی بێنە؛ بە غەیرەز ئەو کەس بۆ پەرستنێ ناشێ. تۆ وازت لەوانە بێنە شەریک بۆ خوا پەیدا دەکەن.

107) ئەگەر خودا مەیلی لێ با، شەریکیان پەیدا نەدەکرد. ئێمە تۆمان نەکردۆتە پاسەوان بەسەریانەوە و نەبوویتە هەمەکارەیان.

108) قسەی خراپ دەربارەی ئەوانە مەکەن کە داوا [ی یارمەتی] لە غەیرەز خوا دەکەن؛ چونکە ئەوانەی نەزانن، لەوانەیە لەبەر دژایەتی خۆیان، خراپ لە مەڕ خودا بدوێن. ئاکاری هەر دەستەیەکمان لە بەرچاو ڕازاندوونەوە و لە ئاکامدا هەر دێنەوە بەر دەستی پەروەرندەیان؛ ئەوسا ئاگاداریان دەکا کە چییان دەکرد.

109) بە سوێندەوە ڕەش بوونەوە کە بە خودا هەر تاکە نیشانەیەکیان لە خواوە بۆ بێتە خوارێ، بڕوا دێنن. بووش نیشانان هەر لای خودان؛ کوو دەزانن؟ [من دەزانم] ئەگەر نیشانەشیان بۆ بێ، باوەڕ ناکەن.

110) هەر ئەوان جاری یەکەم باوەڕیان بە قورئان نەکرد، [ئێمەش] دڵ و دیدەی ئەوان لە کار دەخەین. هەر وەک هەن وازیان لێ دێنین کە هەر بە نافەرمانییەوە سەرگەردان بن.

111) فرشتەشمان بناردایە و مردییەکانیش قسەیان دەگەڵ کردبان و هەموو شتمان لە ڕووبەڕووی ئەوانەوە خڕ کردباوە، هێمان باوەڕیان نەدێنا؛ جا مەگین خوا مەیلی لێ با. بەڵام زۆربەیان نەزان بوون.

112) ئێمە بۆ هەر پێغەمبەرێک دوژمنێکمان - لە نێو شەیتانەکانی بنیادەم و جندۆکە - دانا. هێندێک لەوان - بۆ فریودان - قسەی ڕازاوە و درۆیان بە هێندێک تر ڕادەگەیاند. پەروەرندەت ئەگەر حەزی بکردایە، ئەو کارەیان بۆ نەدەکرا. لێیان گەڕێ با هەر درۆیان هەڵبەستن.

113) با ئەوانەی بڕوایان بەو دنیا نییە، بە دڵ گوێ بۆ ڕاگرن و پەسندی کەن و هەر کارێ دەیکەن با بیکەن.

114) ئاخۆ ڕەوایە غەیرەزخوا داوەرێکی پەیدا بکەم؟ هەر ئەویشە ئەم کتێبەی دوور لە هەموو کەمایەسی بۆ ئێوە ناردە خوارەوە. ئەوانەی کتێبمان پێدان، سوور دەزانن کە خەڵاتە و لە پەروەرندەی تۆڕایە و گشتی ڕاستە. کە وایە تۆ هەرگیز لە دوودڵان مەبە.

115) قسەکانی پەروەرندەت - لە بێ لایەنگری و ڕاستیدا - تەواو و بێ کەم و کووڕین؛ کەس ناتوانێ بیانگۆڕێ. زۆر بیسەر و هەرە زاناش هەر خۆیەتی.

116) ئەگەر کەوتییە شوێنی قسەی زۆربەی ئەوانە وا لەم سەرزەوینەدان، لە ڕێگەی خودا لات دەدەن؛ چونکە هەموو بە شوێن خەیاڵدا دەڕۆن و هەر لە پڕوپووچ خەریکن.

117) پەروەرندەت زۆر لە خۆت باشتر دەزانێ کێن ئەوانەی لە ڕێی خودا لایانداوە و باشتریش لە تۆ دەزانێ کێ ڕێگەی ڕاستی لەبەرە.

118) دەسا ئێوە ئەگەر بڕواو بە خودا هەیە و نیشانەکانی خوداتان لە لا ڕاستە، لە گۆشتی ئاژەڵێ بخۆن کە دەمی سەر ژێ کردنێ، ناوی خوای لە سەر هاتووە.

119) بۆچی ئێوە خۆتان لە گۆشتی ئەوانە دەپارێزن کە ناوی خوایان لە سەر دێ؟ کە هەر خوداش بە تەواوی باسی ئەمانەی بۆ کردوون کە خواردنیان ناڕەوایە، - مەگین لە ڕووی ناچاریەوە - زۆر لەوانە هەر بە ئارەزووی خۆیان و لە نەزانی، مەردم لە ڕێگە لا دەدەن. خودا خۆی ئاگادارترە لەو کەسانەی لە ئەندازە دەردەکەون.

120) لە تاوانی بە ئاشکرا و نهێنی خۆ بپارێزن؛ ئەوانەوا خۆیان تووشی تاوان دەکەن، سزای تاوانیان دەبینن.

121) هەر ئاژەڵێ لە کاتی سەر ژێ کردنێ ناوی خودای لە سەر نەیە، نابێ لە گۆشتەکەی بخۆن؛ ئەمە لە ڕێگە لادانە. شەیتانەکان دنەی دۆستانی خۆدەدەن، تا کێشەتان دەگەڵ بکەن. جا ئەگەر بە گوێیان کردن، بێ گومان شەریکتان بۆ خودا داناوە.

122) ئاخۆ کەسێ کە مردوو بوو، ئێمە زیندوومان کردەوە و ڕووناکییەکمان خستە پێشی، بە سەربەستی لە ناو خەڵکا بوخلێتەوە، وەک کەسێکە کە لە ناو تاریکیدایە و هیچ دەرەتانێکی نییە؟ ئەو کەسانەی خوانەناسن کارەکانیان لە بەر چاوی خۆیان جوانە.

123) هەر وا تاوانکارانی هەر کۆمەڵێکمان کردووتە خاوەن دەستەڵات، تا لەوێدا خەڵک فریودەن. لە ڕاستیشا هەر فێڵ لە خۆیان دەکەن و هەست پێ ناکەن.

124) هەرگا بەڵگەیەکیان بۆ بێ، ئێژن: ئێمەش تا وەک پێغەمبەرانی خوا، ئەو بەڵگانەمان بۆ نەیە، نامانکرێ بڕوا بێنین. خودا خۆی باشتر دەزانێ چ کەسێ بۆ پێغەمبەری هەڵبژێرێ. زۆری پێ ناچێ ئەوانەی تاوانباربون - لە بەر فێڵبازی و دەغەڵیان - لە لای خواوە سوکی و ئازارێکی دژواریان تووش دەبێ.

125) هەر کەسێ خودا حەزبکا، بۆخۆی ڕێگەی نیشان دەداو بۆبڕوا بە ئیسلامەتی دڵی گوشادی دەداتێ. کێش حەزبکا گومڕای بکا، هێندە نەفەس تەنگی دەکا، وەک بەرەوحەوا سەرکەوێ. خودا ئاوا ئەو کەسانەی بڕوا ناهێنن تووشی ڕسوایی دەکا.

126) ئەمە ڕێکەڕێگەی پەروەرندەی تۆیە. بۆ ئەوانەی لە نسیحەت بەهرە دەبەن، نیشانانمان بە باشی ڕوونکردۆتەوە.

127) ئەو کەسانە لە پەروەرندەی خۆیانڕا شوێنەکەیان ئەنوای هێمنایەتی دەبێ و لە بەرانبەر کارەکەیان دۆستایەتی ئەویان هەیە.

128) لەو ڕۆژەدا کە هەمووان کۆ دەکاتەوە؛ ئەی دەستەوگرۆی جندۆکان! ئێوە زۆرینەی مرۆتان کردبووە پەیڕەوی خۆتان. دۆستەکانیان لە نێوان بەرەی مرۆدا ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! بڕێکمان لە بڕێکی تر بەهرەی برد تا گەییشتینە ئەو مۆڵەتەی کە بۆمانت دیاری کرد. گوتی: دەسا جێگەی هەتاهەتاییتان جەهەندەمە؛ مەگین خودا - بە کەیفی خۆی - بۆو بگۆڕێ. پەروەرندەت لەکارزان و ئاگادارە.

129) ئاوەهاینە بڕێک لە ناهەقیکاران - لە سۆنگەی ئاکارێ دەیکەن - دەخەینە ژێر دەستەڵاتی بڕێکتریان.

130) ئەی گەلی جنۆکە و مرۆ! مەگەر پەیغەمبەرانێکتان هەر لە خۆتان بۆ نەهاتن، کە لە نیشانەکانی من بە سەر ئێوەدا وەخوێنن و لەم ڕۆژەتان بترسێنن؟ گوتیان: بەڵێ، شایەتی لە خۆمان دەدەین. ژینی دنیا فریوی دان شایەتیان لە سەر خۆیان دا، کە خودایان نەناسیوە.

131) بۆیە ئەمەمان ڕاگەیاند کە بزانن پەروەرندەت لە ناهەقی هیچ شارێکی قڕ نەکردووە و خەڵکەکەی بێ ئاگا بووبێ.

132) بۆ هەر کەسێ - بەرانبەر بە ئاکاری خۆی - پلەوپایەگەلێک هەیە و پەروەرێنت لەوەی دەیکەن خافڵ نییە.

133) پەروەرندەت بێ نیاز و دلۆڤانە. ئەگەر خۆی ئارەزوو بکا، ناتانهێڵێ و حەزێ بکا، لە پاش ئێوە چینێکی تر لە شوێنی ئێوە دادەنێ؛ هەروەک ئێوەی لە تۆرەمەی کەسانی تر خستۆتەوە.

134) هەر بڕیارێ بۆتان درا، شک نییە هەر ئەوە دەبێ و بەسەروو دێ و ناتوانن خوا بێ هێز و دەستەڵات بکەن.

135) بێژە: گەلۆ! هەرچی لە دەستی ئێوە دێ، درێغ مەکەن؛ وا منیش هەروا خەریکی کاری خۆمم. لە ئاکامدا تێ دەگەن کە ئەنجامی [باشی] ئەو دنیا بۆ کێ دەبێ. هەر چۆنێک بێ، خوا ناهەقان ڕزگار ناکا.

136) لە [بەروبووی ئەو] کێڵگە و وڵساتەی کە خودا بەدی هێناوە، بەشێکیان بۆ خۆی دانا. جا بە خەیاڵ گوتیان: ئەمە بەشی خوایە و ئەمەش هی بتەکانمانە. خۆ بەهرەی بتەکانیشیان، نەدەکەوتە لای بەهرەی خوا؛ بەڵام بەهرەی خوا دەچووە لای بتەکانیان! ناشیرین داوەری دەکەن.

137) بتەوانانی شەریک دانەر بۆ خودا، وایانکرد کە زۆرێک لە هاوبیرەکانیان، کوشتنی فرزەندی خۆیان بەلاوە جوان و ڕەوا بێ؛ تاکوو لە بەینیان ببەن و دینەکەیان لێ تێکەڵ و پێکەڵ بکەن. ئەگەر خودا کەیفی لێ با، ئەوان ئاوایان نەدەکرد. لێیان گەڕێ هەر بوختانێ دەیکەن بیکەن.

138) هەر بە خەیاڵ دەیانگوت کە: ئەم ماڵات و کێڵگە قاخەن. بێ ئیزنی مە هیچکەس نابێ تامیان بکا. ئەم ماڵاتەش کەس نابێ سواری پشتیان بێ. هێندێک ماڵاتیشیان هەیە، لە وەختی سەر ژێ کردندا ناوی خوای لەسەر ناهێنن و درۆ بە دەم خواوە دەکەن. خودا لەسەر ئەو درۆ هەڵبەستنەیان تووشی جەزرەبەیان دەکا.

139) دەشیانگوت کە: چی لە پژدانی ئەو ئاژەڵانەدایە، بۆ نێرینەی فرزەندی ئێمە ڕەوایە و بۆ ژنانمان ناڕەوایە! ئەگەر مردارەوەبووش بێ، هەمووان تێدا شەریک دەبن. بەم زووانە خوا سزای ئەم قسانەیان دەداتەوە. خودا هەر خۆی لەکارزان و زۆر دانایە.

140) ئەو کەسانە - وا لەبەر گەوجی و نەزانی - فرزەندانی خۆیانیان کوشت، زیانبار بوون و بە بوختان کردن بۆ خوا، ئەو بژیوەی کە پێدا بوون، حەرامیان کرد؛ دیارە ڕێیان لێ تێک چووە و شارەزا نین.

141) هەر ئەویشە باغاتی وەدی هێناوە. هێندێک داربەستیان گەرەکە و هێندێکیان داربەستی ناوێ. داری خورما و مەزرا و کێڵگەی بەدی هێنا، کە لە خواردنا لێک جیان. زەیتوون و دارهەناریشی چێ کردووە؛ کە بە ڕواڵەت وەک یەک و لە تام و ڕەنگا جیاوازن. هەرگا میوەیان پێ دەگا، لێی بخۆن و لە ڕۆژی میوەچنیندا، بەشی خوداش جوێ کەنەوە بۆ هەژاران. کارێک مەکەن کە لە ئەندازە بەدەر بێ؛ خودا ئەوانەی خۆش ناوێ کە لە ئەندازە دەردەچن.

142) لە ماڵاتیش بڕێکی بۆ بارلێنان و بڕێکی بۆ کوڵکە و خوری، بەدی هێنا. لەوەی وا خودا کردوویەتە ڕۆزی بۆتان، بخۆن و ڕێ و شوێنی شەیتان مەگرنەبەر؛ چونکە شەیتان بە ئاشکرا دوژمنتانە.

143) هەشت سەر ماڵاتی نێر و مێ چێ کردووە: مەڕ و بەران، نێری و بزن. بێژە: ئاخۆ خوا نێرینەکانی حەرام کردووە؟ یان مێوینەکان؟ یان ئەوی وا لە پزدانی مێیەکاندا؟! بەڵگەم نیشان دەن، ئەگەر ئێوە ڕاس ئێژن!

144) [چواری دیکەش بریەتین لە:] لۆک و سایە و چێڵ و مانگا. بێژە: ئاخۆ خوا نێرینەکانی حەرام کردووە؟ یان مێوینەکان؟ یان ئەوی وا لە پزدانی مێیەکاندا؟ یان بۆ خۆتان ئاگادار بوون کە خودا وای ڕاسپاردوون؟ سا کێ لەوە ناهەقترە درۆ بۆ خوا هەڵدەبەستێ؛ کە بێ ئەوەی بۆ خۆی زانستێکی هەبێ، تێ بکۆشێ خەڵکی دیکەش گومڕا بکا؟ خودا دەستەی ستەمکاران شارەزای ڕێگەی خۆی ناکا.

145) بێژە: لە ناو ئەوانەدا کە وا پێم ڕاگەیێنراوە، شتێکی وا پەیدا ناکەم کە خواردنی لە کەسێک حەرام کرابێ، بێژگە لە مردارەوەبوویان خوێنی ڕژێنداراو یان گۆشتی بەراز - کە پیسە - یان ئاژەڵێ کە بە ناوی غەیرەز خودا سەر بڕاوە. هەر کەسێکیش - بە ناچاری بە بێ مەیلی - لەو ناڕەوایانە بخوا و لە ئەندازەی تێربوونی خۆی پتر نەخوا، بێگومان خوا بەخشەندەیە و دلۆڤانە.

146) ئێمە هەموو زیندەوەری ناخۆن دار و پیوی گا و پەزمان، لەوانەی بوونە مووسایی، حەرام کرد؛ مەگین پیوێ کە لە سەر پشتی ئەو دووانە جێی گرتووە؛ یان ئەو پیوەی دەگەڵ ڕیخۆڵەکانیانە؛ یان ئەو پیوەی تێکەڵاوی پێشە بووە. بۆیەشمان ئەو سزایە دان، ناهەق بوون و لە ڕێگەی ئێمە دەردەچوون. دیاریشە ئێمە ڕاست ئێژین.

147) ئەگەر وتیان: تۆ ئەم قسانەت ڕاست نییە، بێژە: پەروەرندەی ئێوە خێوی دلۆڤانیێکی بەربڵاوە و تاوانباریش لە سزای لانادرێن.

148) ئەو کەسانەی شەریک بۆ خودا دەناسن، ئێژن: خودا مەیلی لێ با، ئێمە و باب و باپیرانمان، بت پەرستیمان نەدەکرد؛ هیچ شتیشمان لە خۆمان حەرام نەدەکرد. ئەوی بەرلەوانیش هەبوون، هەر بڕوایان بە پێغەمبەران نەهێنا، تا ئەو کاتەی کە جەزرەبەی ئێمەیان چەشت. بێژە: ئەگەر لە زانین شتێک شک دەبەن، بۆمان دەرخەن! بەڵام ئێوە هەر وەشوێن گومان دەکەون و هەر لەخۆوە قسە دەکەن.

149) بێژە: بەڵگەی بە قەوەت هەر هی خودایە؛ ئەگەر بۆ خۆی مەیلی لێ با هەمووتانی دەخستە سەر ڕاستەڕێیە.

150) بێژە ئەو شایەتانەتان بێنن وا شایەتی دەدەن: خوا ئەمەی حەرام کردووە. ئەگەر ئەو شایەتییەشیان دا، تۆ وەلیان شایەتی مەدە و مەچۆرە سەر ئارەزووی ئەو کەسانەی وا بە نیشانەکانی ئێمە بێ بڕوان و قیامەتیان لە لا درۆیە و هاوتا بۆ پەروەرندەیان پەیدا دەکەن.

151) بێژە: وەرن ئەو شتانەی پەروەرندەو لێی بە ناڕەوا زانیون، من بۆتانی بخوێنمەوە، کە هیچ شتێک بە شەریکی خوا مەزانن. دەگەڵ دای و بابی خۆشتان چاکە بکەن. لە ترسی لە برسان مردن، فرزەندی خۆتان مەکوژن؛ ئێمە بژیو بە ئێوە و بەوانیش دەدەین. بە ئاشکرا و بە نهێنی خۆ تووشی خراپە مەکەن. کەسیش مەکوژن کە خودا کوشتنی حەرام کردووە؛ مەگین لە ڕووی هەقەوە بێ. خوا ئەمانەی بە ئێوە ڕاسپاردووە، شایەتا ئێوە تێ بگەن.

152) مەچنە قەرەی ماڵ و دارایی هەتیوان؛ مەگین بە چەشنێ کە باشتر [بپارێزرێ]؛ تا کاتێ کە خۆی پێ دەگا. با پێوانە و تەرازووشتان بەرامبەر بێ و کەم وکووڕی تێدا نەبێ. ئێمە لە توانایی بەدەر هیچ ئەرکێ ناخەینە سەر کەس. کاتێ [بۆ ناوبژی یان بۆ شایەتی دان] قسە دەکەن، عەداڵەتتان لەبەر چاو بێ؛ جا با دژی خزمی نزیکی خۆشتان بێ. پەیمانی خواش - بە تەواوی - بە جێ بێنن. خوا ئەمانەی بە ئێوە ڕاسپاردووە، شایەتا هەر لە بیرتان بێ.

153) ئەمەیە ڕێگەی ڕاستی من؛ ئێوە هەر بەو ڕێگا بچن و مەچنە سەر ڕێگایانی تر، نەوا لە ڕێگای ئەو دوورتان بخەنەوە. خوا ئەوانەی بە ئێوە ڕاسپاردووە، بەشکوو خۆتان بپارێزن.

154) کتێبیشمان دا بە مووسا، هەتا چاکەمان بەرانبەر بەو کەسە وا ڕێگای چاکەی گرتۆتە پێش، بێ کەم و کوڕی و تەواو بێ؛ تا باسی هەموو شتێکیشمان کردبێ و ببێتە هۆی ڕێ شاندان و بەزەیی خوا. شایەتا بە دیداری پەروەرندەیان بڕوا بکەن.

155) ئەم کتێبە پیرۆز و پڕ لە پیتەشمان ناردۆتە خوار. گشتوو پەیڕەوی لەو بکەن و ترسیشتان لە خودا هەبێ، بەشکوو بەزەیی پێودا بێ.

156) نەچن بێژن کتێب هەر بۆ دوو کۆمەڵی بەر لە ئێمە هاتۆتە خوارەوە و ئێمە هیچ ئاگامان لە زانستی ئەوان نەبووە.

157) یاخۆ بێژن: ئەگەر ئێمەش وەکوو ئەوان کتێبمان بۆ بهاتایە، دیارە شارەزاییمان پتر لەوان بوو. ئەوا ئێستا لە لایەن پەروەرندەوڕا بەڵگەیەکی زۆر ئاشکرا و شارەزایی و بەزەییتان بۆ هاتووە. ئەمجار دەبێ کێ لەو کەسە ناهەقتر بێ کە بە نیشانەکانی خوا بڕوا نەکا و لە فەرمانی خۆ ببوێرێ؟ ئەو کەسانەی لەم کتێبە خۆ دەبوێرن و بە نیشانەکانی ئێمە باوەڕ ناکەن، زۆر پێ ناچێ بە توندی سزایان دەدەین.

158) ئاخۆ ئەوان چاوەنۆڕی چ شتێک دەکەن بێژگە ئەوە کە فریشتەیان بێتە لا، یان پەروەرێنی تۆ [بۆ خۆی] بێتە لایان، یان بڕێ لە نیشانانی پەروەرندەی تۆیان بۆ بێ؟ ئەوێ ڕۆژێ کە ئەم جۆرە نیشانانە بێتە لایان، هەر کەسێکی بەرێ بڕوای نەهێنا بێ و ئاکاری چاکی نەبوو بێ، بڕواهێنان تازە بەهرەیان بۆ نادا. بێژە: ئێوە چاوەنۆڕ بن، ئەوا ئێمەش چاوەنۆڕین.

159) ئەو کەسانەی دینەکەیان پەرژوبڵاو کردۆتەوە و دەستەی لێکتر جیاوازیان پێک هێناوە، پێویستە تۆ لەوان نەبی. خودا بە کاریان ڕادەگا و لە دواییدا ئاگاداریان دەکاتەوە لەو کردەوەی کردوویانە.

160) هەر کەسێ چاکەیەک بکا، دە ئەوەندەی چاکە دەگەڵ دەکرێتەوە. کەسێکیش خراپە بکا، بە ئەندازەی خراپەکەی سزادەدرێ و کەس ناهەقی لێ ناکرێ.

161) تۆ بێژە: پەروەرندەی من، خستوومیە سەر ڕاستەڕێگە؛ سەر دینێ کە پایەدارە: دینی ئەو ئیبراهیمە وا لە ناحەق لایداوە و هەرگیز هیچ شەریکێکی بۆ خوا بڕیار نەداوە.

162) بێژە: من نمێژکردنم و پێک هێنانی ڕێ و شوێنی حەج کردنم و ژین و مەرگم، بۆ خودایە؛ کە ڕاهێنەری دنیایە هەر خۆیەتی.

163) خودا هیچ شەریکی نییە. فەرمان وا بە من دراوە و من لەڕێزەی موسوڵمانان یەکەمینم.

164) بێژە: جاچۆن لە خوا بەدەر کەسێکی تر بە پەروەرندە بزانم؟ کە هەر ئەوە ڕاهێنەری هەموو شتێ. هەر کەسێکیش هەر کارێکی خراپ بکا، هەر بۆ خۆی سزای دەبینێ. هیچ کەس باری گرانی هیچ کەسێکی تر ناگرێتە کۆڵ. جێی گەڕانەوەی هەمووتان وا لای پەروەرندەتانە و ئەوسا ئاگادارتان دەکا کە لەسەر چی پێکەوە پێک نەدەهاتن.

165) هەر بۆ خۆشی ئێوەی کردە جێنشینانی زەوین و هێندێکانی بەرانبەر بە هێندێکی تر، چەن پلە بردە سەرەوە تا لەو شتانەی پێی داون بە تاقیتان بکاتەوە. پەروەرندەت بە پەلە تۆڵە دەستێنێ و هەر ئەویشە کە لە گوناهان دەبوورێ و دلۆڤانە.