3- ئالی عیمران

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 37 خولەک  1735 بینین

وە ناو خوا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، میم.

2) غەیرەز خودا هیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ هەر زیندووە و بەسەر هەموو شت ڕادەگا.

3) ئەم کتێبەی - بەڕاست - کە بۆ تۆ ناردووە. باوەڕ بەو کتێبانەش دەکا کە بەرلەوی لە خواوە بەڕێ کراون؛ تەورات و ئینجیلیشی لە بەرا هەنارد؛

4) تا ڕێنیشاندەر بن بۆ خەڵک. فورقانیشی [لەوەودوا] نارد. ئەوانەی کە لە نیشانەکانی خودا حاشایان کرد، جەزرەبەیان زۆر بەژانە و خودا خاوەن دەستەڵاتی تۆڵەستێنە.

5) هەر شتێکی لە زەمین یان لە ئاسمانان بێ، لە خودا وەشێراو نابێ.

6) هەر ئەوە هەرچۆنێ حەز کا - هەر لە تۆلی دایکانوودا - بیچمتان بۆ دیاری دەکا و بە غەیرەز ئەو هیچ شت بۆ پەرستن نابێ؛ دەستەڵاتداری لەکارزانە.

7) هەر ئەویشە ئەم کتێبەی بۆ تۆ بە خەڵات ناردووە، کە لەوێدا ئایەتگەلێکی پتەو هەن کە ماکن بۆ کتێبەکە؛ تێشیدایە وەک یەک دەچن و مانای جۆراوجۆر هەڵدەگرن. ئەو کەسانەی دڵی دەغەزداریان هەیە، هەر ئەوانە حەز لێ دەکەن کە خەڵکی پێ هەڵ دەخەڵەتێ و هەرچۆنی دڵیان دەیەوێ مانایان لێک دەدەنەوە کە غەیرەز خوا نایانزانن. ئەو کەسانەش کە زۆر زانان، ئەڵێن: بڕوامان پێ هەیە و ئەمانە گش لە پەروەرندەمانڕایە و غەیرەز ئەو دڵ وشیارانە، بە وردی بیر ناکەنەوە.

8) ئەی پەروەرندەی گ لامان! لە پاش ئەوەی ڕێگەی ڕاستت نیشان داوین، دڵمان لە ڕێی خۆت لا مەدە و وەبەر بەزەیی خۆتمان بخە. بەخشندەی هەرە مەزن تۆی.

9) پەروەرێنمان! هەر تۆی مەردم لەو رۆژەدا - کە گومانی تێدا نییە - لە یەکتر کۆ دەکەیتەوە و بێ سۆ خوا پەیمان ناشکێنێ.

10) ئەوێ ڕۆژێ ماڵ و عەولاد، دە هانای ئەوانە نایە کە خودایان نەناسیوە و چاری ناچار دەبنە دەستەچیلەی ئاگر؛

11) وەک دارودەستەی فیرعەون و ئەوانەی بەر لەوانیش بوون؛ کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ زانیی و خوا لە سزای تاوانی خۆیان گرتنی. خودا لە تۆڵەساندنا زۆر دژوارە.

12) بەو خوانەناسانە بێژە: بەم زووانە ژێر دەکەون و هەربینا ڕەپێچەک دران بۆ جەهەندەم؛ کە جێ خەوێکی خراپە!

13) ئەمە بۆ ئێوە دەرسێک بوو کە دوو دەستە لە خۆتان دەگژیەک ڕاچوون؛ دەستەیەکتان بۆ خودا بەشەڕ دەهاتن و دەستەکەی تر لەدژی خودا دەجەنگین و زەق دەیاندی کە خواناسەکان دوو هێندەی ئەمانەن. دیارە خودا بە مەیلی خۆی هەر کەسێکی خۆی حەز بکا، سەری دەخا؛ ئەمەش پەندە بۆ ئەوانەی خاوەن فامن.

14) ئارەزووی ژنان کردن و کوڕی زۆر پەیدا کردن و دەسکەوتنی کۆمای زلی زێو و زێڕان و ڕەوەئەسپی بە درۆشم و وڵسات و زەوی کێڵانێ، بۆ مەردم ڕازاوەتەوە و لە ژیانی دنیایەدا مایەی خۆشین؛ بەڵام وەختێ دێنەوە بەردەستی خوا، پێدەزانن کە زۆر لەوە باشتر هەیە.

15) بێژە: ئاخۆ گەرەکتانە پێتان بێژم لەمە باشترە کە چۆنە؟ بۆ ئەوانەی لە هەڵە خۆدەپارێزن، لە لای پەروەرێنیانەوە باغاتێکی وایان دەبێ، جۆباریان بە بەردا دەڕوا و هەتا سەر هەر لەوێ دەبن و چەند ژنی پاک و بێ گەرد و سەرەڕای ئەو هەموو خۆشییەش، ڕەزای خودایان پێدەگا. خودا چاوی لە عەبدەکانی خۆی هەیە.

16) ئەوانەی کە دەڵێن: ئەی پەروەرندەمان! ئێمە بڕوامان پێت هەیە؛ سا تۆ لە گوناهن ببوورە و لە جزیادانمان - بە ئاگر - بپارێزە.

17) ئەو کەسانەی خۆڕاگرن و بەڕاستیانە و ئامادەی هەر فەرمانێکن و ماڵی خۆیان لە ڕای خوا بەخت دەکەن و هەموو ڕۆژێ - سەرلەبەیان - لە خودا دەپاڕێنەوە لێیان خۆش بێ.

18) خودا بۆ خۆی ئاگادارە و فرشتەکانی ئەویش و زانایانی بە ئینسافیش باش دەزانن کە هیچ کەسێ غەیرەز خودا، شیاوی پەرستنێ نییە و هەر خۆیەتی بە دەستەڵاتی لەکارزان.

19) لە لای خودا دین ئیسلامە و ئەوانەی ئەهلی کتێبن لەو ڕاستەقینە دەزانن؛ بەڵام هەر لەبەر ئێرەیی - کە لە ناو خۆیاندا هەیە - پێک نەهاتوون. هەر کەسێکیش - بەهەر جۆرێ - لە نیشانەکانی خودا حاشا بکا، با تێبگەن کە خوا لە لێ پرسینەوە زۆر بەلەزە و پێ ڕادەگا.

20) ئەگەر کێشەت دەگەڵ دەکەن، تۆ هەر بێژە: من دەگەڵ پەیڕەوەکانم بە دڵی پاک ڕوومان کردۆتە خوداوە. بەو کەسانەش کە بوونە ئەهلی کتێب و بەو کەسانەش کە نەزانن، بێژە: ئاخۆ ئێوەش وەک مە خۆتان هەر بە خوا سپاردووە؟ جا ئەر خۆیان سپاردبوو، ئەوا کەوتوونە سەر ڕێگا. ئەگەر ڕوویان لێ وەرگێڕای، تۆ هەر ئەوەندەت لەسەرە ڕابگەیێنی و خوداش بۆ خۆی لە عەبدانی شارەزایە.

21) ئەو کەسانەی لە نیشانەکانی خوایان حاشا کرد و پێغەمبەرەکانی خوایان - لە خوت و خۆڕایی - دەکوشت و ئەوانەیان لە ناو دەبرد کە فەرمانی چاکەیان بە مەردم دەدا، با بزانن کە جەزرەبەدانی بەژان بەشیان دەبێ.

22) لە دنیا و قیامەتیشا هەر کارێ بیکەن فیڕۆیە و هیچ کەس دەهانایان نایە.

23) خۆ تۆ دیتت، ئەو کەسانە کە لە کتێبی ئێمەدا بەشێکیان پێ گەیشتبوو، خۆیان گوتیان: بە هەر حوکمێ خودا بیدا ئێمە ڕازین. کەچی هێندێک لەوانە پێی ڕازی نەبوون.

24) هەر چونکە ئەمان دەیانگوت: ئێمە ئەگەر بشمانخەنە دۆژەهەوە، چەند ڕۆژێک پتر پێ ناچێ، ڕزگار دەبین؛ بەو درۆیە بۆ دینی خۆیان هەڵیان بەست، خۆیان پێ هەڵخەڵەتاندەوە.

25) سا ئەو رۆژە دەبێ لە چ بارێکدا بن، کە بێ گومان هەر وەدی دێ و هەموویان کۆدەکەینەوە و هەر کەس هەرچی کردوویەتی دێتەوە ڕێی و ناهەقی لە کەس ناکرێ.

26) بێژە: خوایە! ئەی خاوەن هێز و دەستەڵات! هەر کەس بۆ خۆت مەیلت لێ بێ دەستەڵاتی پێ دەدەی و کێش تۆ حەز کەی دەستەڵاتی لێ دەستێنی؛ هەر کەسێکی وەقەدر خەی و هەر کەسێ زەبوونی بکەی، خۆت دەیزانی؛ چاکە هەر بەدەستە خۆتە و تۆ لەسەر هەموو شت توانای.

27) شەو دەناو ڕۆژ هەڵدەکێشی، ڕۆژ دەخەیە ناو شەوەوە؛ زیندوو لە مردوو دەردەخەی، مردوو لە زیندوو دەردێنی؛ هەر کەسێ خۆت مەیلت لێ بێ، بێ هەژمار بژیوی دەدەی.

28) باوەڕداران، با جگە لە باوەڕداران نەگرن بە دۆست. هەر کەس لەم فەرمانە دەرچێ، هیچ بەشی بە خواوە نییە. جا مەگین لێیان بترسن و لە ناچاری پێیان بڵێن: دۆستی ئێوەین. خودا دەیەوێ هەر بەڕاستی لەو بترسن و پاشەرۆژتان هەر لای ئەوە.

29) بێژە: ئەوەی وا لە دڵتانایە ئەگەر بیشارنەوە یا دەریخەن، خوا دەیزانێ و لە هیچێکیش لە ئاسمانان و زەوینداس، ئاگادارە و لەسەر هەرشت توانایە.

30) لەو ڕۆژەدا کە هەموو کەس کردەوەی چاک و خراپی لەبەر چاوی خۆی دەبینێ، ئاوات خوازە کە لە نێوان خۆی و کردەوەکانیدا مەودایەکی دوور ببووایە. هەر بۆ خودا دەبێ خۆتان بپارێزن؛ خوا هەمیشە بەرانبەر بە عەبدانی خۆی دلۆڤانە.

31) بێژە ئێوە ئەگەر خوداتان خۆش دەوێ، شوێن من کەون هەتا خوداش خۆشی بوێن و لە گوناهانیشوو ببوورێ. دیارە خودا خەتابەخش و دلۆڤانە.

32) بێژە: دەبێ بە فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بن. جا ئەگەر لە فەرمان دەرچوون، ئیتر خودا لە خوانەناسان حەز ناکا.

33) ئادەم و نووح و نەتەوەی ئیبراهیم و بەرەی عیمران، لە خوداوە لە ناو خەڵکی هەموو جیهان هەڵبژاردەن؛ خوا پتر ڕێزی لەوان نا.

34) هەموو لا هەر سەر بە یەکن و خوا بیسەر و ئاگادارە.

35) کاتێ کەیوانووەکەی عیمران گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئەو مناڵەی کەوتۆتە تۆلی منەوە، من دەقەبەڵی تۆی دەکەم. بەهیوام لێم قبووڵ بکەی، بیسەر و ئاگادار هەر تۆی.

36) ئەوسا کە بارەکەی دانا، گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئەوا من مێوینەم دیوە - خوداش چاتر خەوەر دارە لەوەی دیویە - دیارە کچیش وەک کوڕ نییە. من ناوم لێ ناوە مریەم، ئەوا ئەویش و بەریشیم بە تۆ سپارد؛ کە لە شەیتانی نەحلەتی بیانپارێزی.

37) پەروەرندەی، ئەو پێشکەشەی گەلێ بەباشی لێ وەرگرت؛ کیژەکەی باش بە خودان کرد و زەکەرییای بۆ سەرپەرشتی وێ دانا. هەر جارێکی زەکەرییا لە میعراودا سەری دەدا، دەیدی بژیوی لە لایە. گوتی: مریەم! تۆ ئەم بژیوەت لە کوێ بوو؟ گوتی: لەلایەن خوداوە بۆم هاتووە؛ خودا حەز کا بۆ هەر کەسێ بێ هەژمار دەنێرێ.

38) هەر لەوەیڕا زەکەرییا گازی لە پەروەرندەی کرد: ئەی خودانم! زارۆیەکی چاک و پاکم پێ ببەخشە؛ دەزانم تۆ پاڕانەوەی من دەبیسی.

39) لە کاتێکا کە لە ناو میحرابەکەدا نوێژی دەکرد، فریشتەی ئێمە بانگی کرد: خودا مزگێنیت پێ دەدا، کوڕێکی ناو «یەحیا» ت دەبێ، کە هەموو فەرموودەی خودا دەسەلمێنێ و مرۆڤێکی گەورە و خۆڕاگر [لەژن] و، یەکێک لە پێغەمبەرە چاکەکان دەبێ.

40) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! جاچۆن ئەمن کوڕم دەبێ، منی وا پیر و زورهان و ژنیشم لە زگ وێستاوە؟ گوتی: خودا، چی ئارەزوو بێ وادەکا.

41) گوتی: ئەی پەروەرێنی من! خۆت نیشانەم بۆ دیاری کە. گوتی: نیشان بەو نیشانەی هەتا سێ ڕۆژ ناتوانی مەردم بدوێنی؛ مەگین بەهیما و ئاشیرەت. لە ئێوارە و بەیانان دا، یادی پەروەرندەت بکە و لە پەسندانی مەوێستە.

42) لەو کاتەشدا فریشتە بە مەریەمی گوت: خودا تۆی هەڵبژاردووە و پاک و خاوێنی ڕاگرتووی؛ تۆی لە چاو ژنانی دنیا بەرێزتر گرت.

43) ئەی مەریەم! تۆ لە فەرمانی پەروەرندەی خۆت دەرمەچۆ؛ بۆی بچۆرە سەر سوژدە و تۆش دەگەڵ کڕنۆش بەراندا کڕنۆش بەرە.

44) ئەمە لەو دەنگ و باسەیە کە تۆ ئاگات لێ نەبوون و ئێمە دەیخەینە دڵتەوە. هەروەها تۆ لەوێ نەبووی کە قەڵەمیان تووڕهەڵدەدان کێ سەرپەرشتی مەریەم بێ؛ ئەو کاتەش لە ناو خۆیاندا کێشەیان دەکرد، تۆ لە ناو ئەواندا نەبووی.

45) لەو کاتەدا فرشتەکان گوتیان: مریەم! خودا مژدەی بەڵێنێکی خۆت پێدەدا، کوڕت دەبێ و بە ناو مەسیحی کوڕ مەریەم ناو دەردەکا و لە دنیاش و لە قیامەتیش قەدری هەیە و یەکێک دەبێ لە نزیکانی خودا.

46) لە بێشکەدا و بە گەورەییش، قسە دەگەڵ مەردم دەکا و یەکێک لە پیاوچاکان دەبێ.

47) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! جا چلۆن کوڕم دەبێ، هیچ مرۆیەک تا وێستا تخوونم نەبووە؟! گوتی: خودا هەرچی حەز کا بەدی دێنێ؛ هەرکە ویستی کارێک ببێ، هەر پێی ئێژێ: ببە! دەبێ.

48) هەر بۆ خۆشی فێری کتێب وەخوێندن و لەکارزانی و تەورات و ئینجیلی دەکا.

49) دەشیکا بە پێغەمبەرێک بۆ سەر نەتەوەی ئیسرائیل. [پێیان ئێژێ:] ئەوا من لە پەروەرندەوڕا نیشانەم بۆ هێناون. هەر لە حەڕی شکلی مەلێک ساز دەکەم و بە ئیزنی خوا فووی تێدەکەم، دەبێتە باڵداری ڕاست و جگە لەوەش زگماگ کوێر و پێست بەڵەکان چار دەکەم و بە ئیزنی خودا مردوو زیندوو دەکەمەوە و هەرچی لە ماڵوودا دەیخۆن، هەچی تێشیدا ڕادەگرن پێتان دەڵێم. ئەمانە بەڵگە و نیشانەن بۆتان، ئەگەر بڕوادار بن.

50) بەو تەوراتەی - کە لە لامە - بە باوەڕم و بە ئەرکی خۆمی دەزانم هێندێک شتوو بۆ حەڵاڵ کەم کە لێتان حەرام کراوە. من نیشانەم لە پەروەرندەی ئێوەڕا بۆ هێناون؛ دەسا ئێوە لە فەرمانی من دەرمەچن و لە خودا ترستان هەبێ.

51) پەروەرێنی من و ئێوە هەر خودایە؛ دەسا هەر ئەو بپەرستن؛ ئەمە ڕێگەیەکی سەرڕاسە.

52) عیسا پاش ئەوەی تێگەییشت کە باوەڕی پێ ناهێنن، گوتی: کێ بێ لە ڕای خودا یاریم بکا؟ حەوارییەکان جوابیان داوە، کە: خۆمانین لە ڕای خودا یاریدەرین. بڕوایان بە خودا هێنا و تۆش شایەت بە، ئێمە خۆمان بەو دەسپێرین.

53) ئەی پەروەرندەی گ لامان! بەوشتەی تۆ بۆ ئێمەت نارد، بڕوامان کرد و کەوتووینە شوێن پێغەمبەرت؛ تۆ دەگەڵ شایەتەکاندا بمان نووسە.

54) ئەمان فێڵی خۆیان کرد و خوداش فێڵی خۆی لێکردن؛ فێڵی خودا بە سەر هەموو فێڵێکدایە.

55) ئەوسا خوا گوتی: ئەی عیسا! من بۆ خۆمت دەبەمەوە و لە لای خۆم جێ بەرز دەبی و لەوانەت پاک دەکەمەوە کە باوەڕیان نەهێناوە و ئەوانەش کە پەیڕەوی تۆن، هەتا قیامەت زاڵیان دەکەم بە سەر بێ باوەڕەکاندا. لە پاش ئەوە گشتوو دێنەوە لای خۆم و بەو کێش ەو گێرە ڕادەگەم کە لە نێوانتاندا ڕووی دا.

56) بەڵام ئەوانەی باوەڕیان پێ نەهێنای، لە دنیاش و لە قیامەتیش بە توندی سزایان دەدەم؛ کەسیش دەهانایان نایە.

57) ئەو کەسانەش کە بڕوای تەواویان هەبووە و ئاکارچاک بوون، خودا هەموو پاداشی خۆیان پێ دەدا و خوا، ستەمکاری خۆش ناوێن.

58) ئەو شتانەی کە بۆ تۆمان خوێندۆتەوە، لە نیشانانی خودان و ڕێشاندەر ن بۆ کارزانی.

59) نەقڵی عیساش - لە لای خودا - لە چەشنی نەقڵی ئادەمە؛ هەر لەگڵ دروستی کرد و پاشان پێی گوت: ببە بە ئادەم! ئەویش بوو.

60) هەق لە پەروەرندەتڕایە و خۆت لە ڕێزی دڵ بەگومانان دەراوێ.

61) هەر کەسێکی پاش ئەو زانستەی بۆ تۆ هات، ویستی کێشەت دەگەڵ بکا، بێژە: وەرن با کوڕانمان و ژنانمان و یەکترین بان کەین و ئەوسا دەس کەینە لاڵە و نزا و نەفرینی خوا بنێرین بۆ ئەوانەی وا درۆزنن.

62) هیچ گومانت تێدا نەبێ، ئەوانەی بۆت باس کراون، هەموو ڕاستن. هیچ شتێکیش غەیرەز خودا نابێ هیچ کەس بیپەرستێ؛ هەر خودایە کە خاوەنی دەستەڵاتە و لەکارزانە.

63) ئەگەر هەر خۆیان لێ بواردی، خودا بۆ خۆی خراپەکاران دەناسێ.

64) بێژە: ئێوەی ئەهلی کتێب! دەسا وەرن ئێمە و ئێوە لەسەر ئەو قسەیە سوور بین، کە بۆ هەموومان وەک یەکە: غەیرەز خوا نەپەرستین، هاوکاری بۆ پەیدا نەکەین، نەچین هێندێکمان هێندێکان - جیا لە خوا - بۆ پەرستن هەڵبژێرین. جا ئەگەر هەر خۆیان لێ بوارد، پێیان بێژە: ئێوە بە شایەتی دەگرم، کەوا ئێمە خۆمان بە خودا دەسپێرین.

65) ئەهلی کتێب! ئێوە بۆچی دەربارەی ئیبراهیمەوە کێشە دەکەن؟ کە دەشزانن تەورات و ئینجیلیش - هەر دووک - لە پاش زەمانی ئیبراهیم هاتوونە خوار. دە ئاخر بۆچی تێناگەن؟!

66) وامان دانا کە دەتوانن ئێوە لە سەر ئەو شتانە کێشە بکەن کە دەزانن. دەیسا چۆنە کێشە لە سەر شتێ دەکەن کە هیچی لێ حاڵی نەبوون؟ هەر خودایە زانایە بە هەموو شت و ئێوەش هیچی لێ نازانن.

67) ئیبراهیم نە مووسایی بوو نە مەسیحی؛ بەڵام یەکتاپەرەستێک بوو خۆی بە خودا سپاردبوو؛ هیچ هاوکاری بۆ خودا پەیدا نەدەکرد.

68) ئەو کەسانەی لە هەموو کەس لە ئیبراهیم نزیکترن، ئەوانەن کە ئەوسا شوێنی ئەو کەوتن و ئەم پێغەمبەرە و ئەوانەش کە بڕوایان پێ هێناوە. خوداش یاری هەموو خاوەن باوەڕانە.

69) هێندێک لە خاوەن کتێبان بەتەما بوون ئێوە لە ڕێ کلا بکەن؛ کەچی ئەمانە نازانن کە هەر ڕێ لە خۆ دەگۆڕن.

70) ئەهلی کتێب! بۆچی ئێوە حاشا لە نیشانەکانی خودا دەکەن؟ هەرچەندە دەشزانن ڕاستن.

71) ئێوە کە خاوەن کتێبن! چۆن ڕەوایە بە ناڕەوا دادەپۆشن و ڕاست و ڕەوا دەشێرنەوە و دەشزانن چ کارێک دەکەن؟

72) لەوانەی ئەهلی کتێبن هێندێک بە هێندێکان دەڵێن: ئێوە لە دانی بەیانی بڵێن بڕوامان هێناوە بەوەی کە خودایە بۆ ئێوەی ناردووە؛ سەرلەنگۆرێ لێیان پەشیمان ببنەوە؛ بەشکوو ئەوانیش وەگەڕێن.

73) پێشیان وتوون: باوەڕ هەر بەوانە بکەن کە لە سەر دینی خۆتانن. بێژە: هەر خوا ڕێگەی ڕاستن نیشان دەدا و ئەو دەتوانێ - وەک پێشوو شارەزای کردن - کەسێکی تریش وەک ئێوە شارەزا کا. ئەگەر وتیان: کێشەکەمان دەبەینە لای پەروەرندەتان؛ بێژە: چاکە بە دەس خوایە، کێی حەز بکا بە چاکە دەیخوێنەتەوە و خاوەن چاکەی هەرە زانا هەر خودایە.

74) هەر کەسێکی ئەو بخوازێ وەبەر بەزەیی خۆی دەخا و خودا چاکەی فرە و گرینگی لە لایە.

75) هەر لە ناو ئەهلی کتێبدا ئی وا هەیە، کلوورێکی لە لا دانێ، بە دەسپاکی دەتداتەوە؛ ئی واش هەیە دینارێکی پێ بسپێرە، ناتداتەوە؛ جا مەگین بەجێی نەهێڵی و هەڵیپێچی. بەهانەکەشیان ئەمەیە: زیان گەیاندن بەو نەخوێندەوارانە، بۆ مە گوناهێکی نییە. درۆ بۆ خواش هەڵدەبەستن، دەشزانن درۆیە دەکەن.

76) دیارە هەر کەس ترسێکی لە خودا هەبێ و بەڵێنی بەرێتە سەرێ، خوا پارێزگاری خۆش دەوێن.

77) ئەوانەی پەیمانەکەیان دەگەڵ خودا و سوێندی خۆیان بە نرخێکی کەم دەفرۆشن، لەو دنیا هیچ بەشیان نییە و خوداش لە ڕۆژی قیامەتا نایان دوێنێ و نایان دێنێ و گونایان پاک ناکاتەوە و بەشیان جەزرەبەی بەژانە.

78) هەر لەواندا هی واش هەیە، جۆرێک زمانیان دەگەڕێ گۆیا لە کتێبی خودا دەخوێننەوە، کە لە کتێبەکەشدا نییە. دەڵێن: ئەمە خوا گوتوویە؛ کەچی خوداش نەیگوتووە. بۆ خۆشیان ئەوە دەزانن کە درۆیە و بە دەم خواوەی هەڵدەبەستن.

79) هیچ مرۆیەک ئەمەی دەخۆڕا نەدیوە، کە خوا کتێبی دابێتێ و فێری کارزانی کردبێ و کردبێتی بە پێغەمبەر، پاشان چووبێ و ب ەخەڵکی ڕاگەیاندبێ کە: ئێوە لەباتی خودا هەر عەبدایەتی من بکەن. ئەوانە هەر گوتویانە: ئێوە کە فێری کتێب و خوێندنەوەی بوون، لەسەرتانە هەر پەروەرندەو بناسن.

80) فەرمانی بەوە نەداوە کە فرشتە و پێغەمبەران بپەرستن. ئاخر چۆن دەبێ وەختێکی دینی خوداو سەلماندبێ، پێتان بڵێن: گەرەکە لە دین وەرگەڕێن؟

81) [بێنەوە بیر] ئەو کاتە خوا پەیمانی بەست دەگەڵ پێغەمبەرەکانا: ئەر من کتێب و زانستی لەکارزانیم بە ئێوە دا و پاشانە کە پێغەمبەرێک هاتە ناوتان کە ئەوانەی لە لای ئێوەی بەڕاست زانی، دەبێ بڕوای پێ بێنن و یاریدەی دەن. ئەوسا گوتی: بەڵێ، ئەوا وەعۆدەی خۆمان گرت. گوتی: دەسا بە شایەت بن؛ ئەوا منیش دەگەڵتانم.

82) کەسانێ لەمە بەولاوە لە پەیمان پاشگەز ببنەوە، دیارە لە ڕێ لادەرن.

83) ئاخۆ دینێک بێژگە دینی خوایان دەوێ؟ کەچی هەرچی لە ئاسمانان و زەویدا - چار و ناچار - ملکەچی فەرمانی وین و دەشگەڕێنەوە بۆ لای ئەو.

84) بێژە: باوەڕمان هێناوە بە خوا و بەوەی کە لەوڕا بۆمان هاتووە و بەو شتانەش کە لە لای پەروەرندەوە بۆ ئیبراهیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب هاتبوو؛ بۆ نەتەوەکەش هەروەتر؛ بەو شتانەش کە بۆعیسا و مووسا و گش پێغەمبەرانی دی هات. ئێمە بەرانبەر بە کەسیان فەرق و جوداییمان نییە و خۆمان بە خودا دەسپێرین.

85) هەر کەسێ بەدەر لە ئیسلام، هەر دینێکی دیکەی هەبێ، قبووڵ نییە و لە دواڕۆژا لە ڕێزەی زیانبارانە.

86) جا چۆن خودا ئەو کەسانە دەخاتە سەر ڕاستەڕێگە کە پاش باوەڕی هێنان و شایەتی دان کە: «ئەم پێغەمبەرە ڕاستە» و چەندین نیشانەشیان دیوە، سەر لەنوێ حاشای لێ دەکەن؟ خودا قەت ناهەقیکاران ڕزگار ناکا.

87) جەزای ئەمانە نەفرینە لە خوداوە و لە فرشتانی خوداوە و لە هەموو خەڵکی دنیاوە؛

88) تا هەتایە لەم نەفرینا دەمێننەوە و ئازاریان لە سەر سووک نابێ و ماوە پێدانیشیان نییە؛

89) مەگین ئەوانەی لە دوو جار - بۆ خۆ - پەژیوان دەبنەوە و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکەن؛ ئەوسا خودا گوناهـ بەخشە و دلۆڤانە.

90) ئەو کەسانەی دوای بڕواهێنان وەرگەڕان و هەر وا مان و پێوە چوون، پەژیوانی تازە بەهرەیان بۆ نادا و چوونەتە ناو گومڕاهییەوە.

91) ئەوانەی خوانەناس بوون و هەر بە خوانەناسی مردوون، هەرکامێکیان ئەگەر پڕی ئەم زەمینە زێڕیش بە بارمتە بدا، هەرگیز بەهرەی پێ ناگەینێ؛ ئەوانە ئازاری بەژانیان دەبێت و کەسیشیان دەهانا نایە.

92) تا لەو شتەی کە ئێوە خۆشتان گەرەکە، نەبەخشن لەڕێی خودادا، هەرگیز هیچ خێروو پێ ناگا. هەرشتێکیش بە خێر بیدەن لە ڕای خودادا، خوا دەیزانێ.

93) هەموو جۆرێ خواردەمەنی بۆ نەتەوەی ئیسرائیل ڕەوا کراوە، مەگین ئەوەی کە ئیسرائیل بەر لەمە تەوراتی بووبێ، خۆی پارێزی لێ کردووە. بێژە: ئەگەر ئێوە ڕاستن، تەورات بێنن بیخوێننەوە.

94) سا کەسانێ لەمە بەولا درۆ بە دەم خواوە بکەن، ئەوانە ناهەقیکارن.

95) بێژە: هەرچی خودا گوتوویە، ئەو ڕاستە؛ ئیتر ئێوە شوێن دینی ئیبراهیم کەون؛ کە خوای تاقانەی پەرست و هیچ هاوکاری بۆ نەناسی.

96) یەکەمین ماڵ کە بۆ مەردم ساز کراوە، هەر ئەوەیە وا لە مەککە؛ کە زۆر بە پیت و پیرۆزە و نیشانگەی خوداناسینە بۆ هەموو خەڵکی دنیایە.

97) بەڵگەی دیاریدەر لەوێدا شوێنەواری ئیبراهیمە و هەر کەسێ پەنای پێ بەرێ، ناشێ لە هیچ شت بترسێ. خودا حەجی بڕیار داوە بۆ هەر کەسێ کە بۆی بلوێ. هەر کەسێکیش حاشا بکا، خوا لە هەموو خەڵکی دنیا بێ نیازە.

98) بێژە: ئێوەی ئەهلی کتێب! بۆچی لەنیشانانی خوا حاشا دەکەن؟ خودا لە کردەوەی ئێوە ئاگادارە.

99) بێژە: ئێوەی ئەهلی کتێب! لەبەرچی باوەڕدارەکان لە ڕێگەی خوا لادەدەن و گەرەکتانە ئەم ڕێگایە لار و ناڕێک نیشان بدەن؟! خۆشتان باش ئاگاتان لێیە و خوداش لەوەی ئێوە دەیکەن، خافڵ نییە.

100) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر بەقسەی هێندێک لەوانەی ئەهلی کتێبن، دەسخەرۆ بن، لە پاش باوەڕی هێنانتان دەتانکەنەوە خوانەناس.

101) جا چۆن ئێوە حاشا دەکەن! کەچی ئایەتانی خواتان بە سەردا دەخوێنرێتەوە و پێغەمبەرتان لە ناو دایە؟ هەر کەس پشت بە خوا ببەستێ، کەوتۆتە سەر ڕاستەڕێگە.

102) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! چۆن پێویستە، ئاوا لە خوا بترسن و هەر بە موسوڵمانی بمرن.

103) هەموو لاتان دەس دە ڕشتەی پەیمانی خوا وەرێنن و بڵاو مەبن. بیر لەو چاکە بکەنەوە کە خودا دەربارەی کردن: کە ئێوە دژ بە یەکتر بوون، بەدڵ کردوونی بە هۆگر؛ لە سایەی چاکەی ئەمەوە، ئێستا لێکتر بوونە برا و لە سەر لێواری ئاگر بوون؛ هەر ئەو بوو ڕزگاری کردن. خوا ئاوا نیشانانی خۆی بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە؛ بەڵکوو ڕێگا بدۆزنەوە.

104) دەبێ لە نێو ئێوەدا کۆمەڵێک ببن، فەرمان بە چاکە بدەن و ڕێ لە خراپە ببەستن؛ هەر ئەوانەش ڕزگار دەبن.

105) نەکا وەک ئەوانە بکەن کە لێکتر جیابوونەوە و لە دوای ئەوەی نیشانەی ئاشکرایان دیت، ئەوسا کێشەیان تێکەوت. بۆ ئەوانە ئازارێکی گەورە هەیە.

106) لەو ڕۆژەدا کە هێندێک ڕوویان چەرمگە و هێندێک تر ڕەش داگەڕاون، ئەو کەسانەی ڕووڕەشی ڕۆژی قیامەتن، پێیان ئێژن: ئێوە دوای باوەڕی هێنان چۆن ببوونەوە خوانەناس؟ سا لەو حاشاکردنەتان جەزرەبە گۆڕی گیانوو بێ.

107) ئەوانەش کە ڕوو چەرمووگن، بۆ هەمیشە بەزەیی خودایان هەیە و تا هەتا هەر دەگەڵیانە.

108) ئەمانە نیشانەی خودان، بەڕاستن و ئێمە بۆتی وەدەخوێنین. هیچ گا خودا ناهەقی لە هیچ کەس ناکا.

109) هەرچێ لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە - گش لە گشتی - سەر بە خوایە؛ سەرلەبەری کاروباریش هەر بۆ خودا دەگەڕێتەوە.

110) ئێوە چاکترین کۆمەڵن لە ناو مەردمی دنیادا سەروو هەڵدا؛ فەرمان بە چاکە دەدەن و ڕێ لە ناڕەوا دەبەستن. باوەڕیشتان بە خوا هەیە. خۆ ئەگەر ئەهلی کتێبیش بڕوایان بهێنابا، بۆیان چاکتر بوو. ئەوانیش ئی وایان تێدا کە بەبڕوان؛ بەشی زۆریش لە ڕێی خودا لایان داوە.

111) ئەوانیش - مەگین هەر بە دەم - دەنا هەرگیز ناتوانن بۆتان بەزەڕ بن. ئەگەر دەگژیشوو ڕابچن، زۆر زوو پشتوو تێ دەکەن. ڕا دەکەن و کەسیش دەهانایان نایە.

112) لە هەر جێش بن، هەر ژێر چەپۆکی و زەبوونی بۆتە بەشیان؛ جا مەگین هەر پەیمان دەگەڵ خودا و خەڵکا بگاتە فریایانەوە. تووشی تووڕەیی خوا بوون و مۆری زەبوونییان بە سەردا نراوە؛ لەبەر ئەوە لە نیشانەکانی خودا بە حاشا بوون و بە ناهەق پێغەمبەرانیان دەکوشت و هەر نافەرمانی و دەس درێژیان دەکرد.

113) ئەهلی کتێب گش وەک یەک نین؛ کۆمەڵی وایان تێدایە کە ڕوو بە خوا دەوێستن و بە شەوا ئایەتانی خوا دەخوێننەوە و سەر دەخەنە سەر سوژدەوە؛

114) بڕوایان هەیە بە خودا و ڕۆژی سەڵا و فەرمان بە چاکە دەدەن و ڕێگە لە خەراپە دەبڕن و بۆ خێر کردن ملە دەکەن؛ ئەوانە لە پیاوچاکانن.

115) هەر کارێکی چاک ڕەچاو کەن، بێ بەهرە نامێنێتەوە و خوا ئەوانەی لێی دەترسن، باش دەناسێ.

116) ئەوانەی خودا نەناسن دارایی و ماڵ و مناڵیان هیچ دەردێکیان دەرمان ناکا و لە لای خودا بەهرە نادا؛ جێگەیان هەر جەحەندەمە و هەتا سەر هەر لەوێ دەبن.

117) هەرچی ئەوان بەڕووبینی لە ژیاندا لە ماڵی خۆیان دەبەخشن، هەر وەکوو ئەوشەختە وایە کە بۆ کێڵگەی ئەو کەسانەی ناهەقی لە خۆیان دەکەن، وەیشوومەیە. خوا ناهەقی لێ نەکردوون؛ بەڵام ئەوان ناهەقی لە خۆیان دەکەن.

118) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بێژگە خۆتان دەگەڵ کەسا مەبنە هامڕاز. ئەوان لە کار لێ تێکدانوو درێغ ناکەن؛ هەر حەز دەکەن تووشی ناڕەحەتیتان کەن. جگە لەوەی کە دژایەتی ئێوەیان بە دەمدا دێت، غەرەزێکی لە دڵی ئەوان دایە فرەترە. ئەر تێبگەن، زۆر نیشانەمان بۆ ئێوە دەرخستووە.

119) ئاگادار بن! ئێوە ئەوانتان خۆش دەوێ و ئەوان خۆشیان لە ئێوە نای. ئێوە بڕواشتان بەو کتێبە - گشتی - هەس. هەر وەختێکیش پێتان دەگەن، ئێژن: بڕوامان هێناوە؛ بەڵام هەر لێوو تەکینەوە - لە کینەیێ کە هەیانە - سەرپەنجەی خۆیان دەگەزن. بێژە: دەک لە ڕکان بمرن! خوا بەوەی وا لە دڵدایە باش دەزانێ.

120) تا چاکەیەکتان بێتە ڕێ، خەمێ دەخۆن. ئەگەر تووشی ناخۆشی بن، کەیفێ دەکەن. ئەگەر ئێوە خۆڕاگر و پارێزگار بن، گزی و فێڵیان هیچ زیان لە ئێوە نادا. خوا بە کردەیان دەزانێ.

121) ئەوسا کە تۆ - سەرلەبەیان - کەس و کاری خۆت جێ هێشت و جێگەت بۆ خاوەن باوەڕان لە شەڕگەدا دیاری دەکرد، خودا دەیبیست و دەیزانی.

122) لەو کاتەشدا کە دوو دەستە هەر لە خۆتان خەریکی ورەبەردان بوون، هەر خودا دەهانایان هات. باوەڕداران کاروباریان دەبێ هەر بە خوا بسپێرن.

123) وا دیتیشوو کە خودا لە شەڕی بەدرا سەری خستن؛ هەرچەند کەم و بێ هێزیش بوون. سا هەر لە خودا ترسوو بێ؛ بەشکەم شوکری بەجێ بێنن.

124) ئەوسا کە تۆ بە خاوەن باوەڕەکانت ڕاگەیاند: ئەگەر خودا سێ هەزار لە فریشتەکانی بۆ ئێوە بنێرێتە خوار، بێنە یاریو، بەستان نییە؟

125) بەڵێ ئەگەر خۆڕاگرن و ترستان لە خودا هەبێ، لە جەنگەی پەلاماردانی دوژمنوودا، پەروەرندەو پێنج هەزار لە فرشتانی، بەدرۆشم و بەکۆمەکەوە دەنێرێ.

126) خودا هەر بۆ ئەوە مزگێنێک بە ئێوە بدات و هەر بۆ ئەوە دڵنیا بن، ئەو کارەی کرد. سەرکەوتنیش هەر بە دەستی خودای خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

127) خوا دەیەویست لەو ڕۆژەدا هێندێک لە خوانەناسەکان دەخوێنی خۆیان بگەوزن و ئەوی ماشن دەمکوت بن و بە ناهومێدی وەگەڕێن.

128) ئیتر لە شەڕ دۆڕاوەکان - چ لەو کارەی کردوویانە پەژیوان بن و خوا بیان بوورێ، یان لە سەر ناهەقییەکەیان ئازاریان بۆ بڕیار بدا - تۆ کارێکت بە کاری ئەواندا نییە.

129) هەرچی لە ناو ئاسمانان و زەویدایە، بۆ خودایە. کێ حەز بکا لێی دەبوورێ و کێش حەز کا ئازاری بدا، خۆی دەزانێ. خودا لە گوناهـ دەبوورێ و دلۆڤانە.

130) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە سووت خواردن بتەکنەوە و چین لە سەر چین وەری مەگرن. لە خودا ترستان هەبێ، بەشکوو بگەنە ڕزگاری.

131) خۆشتان دوورەپەرێز بگرن لەو ئاگرەی نێڵ دراوە بۆ ئەوانەی خوانەناسن.

132) بەر فەرمانی خودا و ئەم پێغەمبەرەش بن، بەشکوو بەر بەزەیی کەون.

133) پەلە بکەن بۆ گەیشتن بە بەخشینی پەروەرێنتان و بەهەشتێ کە هەراوی بە ئەندازەی ئاسمانەکان و زەوینە و ساز کراوە بۆ ئەوانەی لە خواترسن.

134) ئەو کەسانەی لە تەنگانە و فەرحانیدا، ماڵی خۆیان لە ڕێی خودا دەبەخشن و ڕکی خۆیان دەخۆنەوە و لە مەردم چاوپۆشی دەکەن؛ خوا چاکەکاری خۆش دەوێن.

135) ئەو کەسانەی هەرگا کاری خراپ دەکەن، یان ناحەقی لە خۆ دەکەن خودا لە بیر نابەنەوە و لەبەری دەپاڕێنەوە: لە خەتاکانیان ببوورێ؛ بێژگە خوداش کێ لە گوناهان دەبوورێ؟ جا ئەوانە لە سەر کارێ کە زانیویانە هەڵەیە، پێ داگر نین.

136) ئەوانە پاداشیان لە لای پەروەرێنیان لێ بووردنە و باغاتێکە کە جۆباران بە بەریاندا دەڕۆن و هەر لەو باغاتە دەمێننەوە. بەە! چەندە جوانە پاداشی ئاکارچاکان.

137) بەر لە ئێوە زۆر ڕێگا و شوێن تێپەڕیون. جا ئێوە لەم سەرزەمینە گەشتێ بکەن و سەرنج بدەن کە ئاخری کاری هەق بەدرۆزانان بە کوێ گەیشت؟

138) ئەمە پەندی بۆ هەموو خەڵک تێدایە و نیشانەیە لە خوداوە و بۆ ئەوانەی دەیانەوێ خۆپارێز بن، ڕێشاندەرە.

139) با سستی ڕووتان تێ نەکا و خەمیش مەخۆن. هەر ئێوەن کە سەردەکەون، ئەگەر بڕواو بە خوا هەیە.

140) ئەگەر ئێوە بریندار بوون، دوژمنیشتان وەک ئێوە بریندار بووە. ئێمە ئاوا لە ناو خەڵکا زەمانە دەستاودەس دەکەین، هەتا خودا خاوەن باوەڕان بناسێ و کەسانێکیش بۆ شایەتی لە بەینتانا هەڵبژێرێ. خودا خۆشی لە ناهەقیکاران نایە.

141) هەتا خودا باوەڕداران هەڵاوێرێ و بێ باوەڕان لە ناو بەرێ.

142) ئاخۆ ئێوە لاتان وایە هەر سەربەخۆ دەچنە بەهەشت؟ کەچی هێشتا خودا خەباتکاران و خۆڕاگرانی ئێوەی دیاری نەکردووە.

143) بەر لەوە تووشی مردن بن، ئارەزووی مردنوو دەکرد. سا ئەوا مەرگە هاتووە و ئێوە زەق تماشای دەکەن.

144) موحەممەد پێغەمبەرێکە و چیتر نییە؛ لە پێش ئەویش زۆر پێغەمبەر هاتوون و چوون. ئەگەر بمرێ یان بکوژرێ، لە ئیسلام پاشگەز دەبنەوە؟ هەرکەس پاشگەز ببێتەوە، زیانێک بە خودا ناگەینێ. خودا پاداشی سوپاسگوزارانی دەدا.

145) هیچ کەسێکیش بە بێ ئیزنی خودا نامرێ. کە مردنی هەر کەسێکیش وەختەکەی بۆ دانراوە و لە لای خوداوە نووسراوە. کێش هەر خۆشی لە دنیادا ئارەزوو بێ، خوا دەیداتێ؛ هەر کەسێکیش خۆشی ئەو دنیای گەرەک بێ، خودا ئارەزووی پێکدێنێ. ئەوانەش وا شوکر دەکەن، زوو جەزایان دەدەینەوە.

146) بەشی زۆر لە پێغەمبەران دەگەڵ گەلی خواپەرستانی هەڤاڵیان چوونە خەزا، هەرچەند بەڵای لە ڕێی خودا تووشی هاتن، نە هیچیانی سستەوە کرد نە زەبوونی ڕووی تێکردن. لەوانەی کە خۆڕاگرن، خوا خۆشی دێ.

147) هەر ئەوەندەیان درکاند، دەیانگوت: ئەی پەروەرێنمان! تۆ لە گوناهان و لە ئەندازە لادانمان ببوورە و جێ هەنگاومان پتەوتر کە و بە سەر خودانەناساندا زاڵمان بکە.

148) ئەوسا خودا پاداشی ئەم دنیا و چاکەپاداشی ئەو دنیای پێدان. خوا کارچاکانی خۆش دەوێ.

149) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر ئێوە وەشوێن خوانەناسان کەون، بەرەو پاشوو دەگەڕێنەوە و تووشی زیانباری دەبن.

150) بزانن کە گەورەی ئێوە هەر خودایە و ئەو چاکتر یاریدەرە.

151) ئەوانەش کە خوانەناسن، چونکە بێ ئەوە بەڵگەیان لە حەواوە بۆ هاتبێ هاوکار بۆ خودا دەناسن، ترسێ داوێژینە دڵیان؛ ئەنوایان لە ناو ئاگرە و جێی ناهەقان خراپترین جێگە دەبێ.

152) خوا بەڵێنی بە ئێوە دا و بەجێی هێنا: ئەوسا کە بە دەستووری خوا دەتان کوشتن، تا ئەو کاتەی ئەو تاڵانەی بە تەمای بوون هاتە بەرچاو، ئیتر کێشەو لە ناو خۆتان لێ پەیدا بوو؛ لە فەرمان سەرپێچیتان کرد. ئی وا هەبوو حەزی لە ماڵی دنیا بوو، ئی واش هەبوون خۆشی ئەو دنیایان دەویست. پاشان هەر تا بتان ئەزموێ، لە شەڕیانی گێڕانەوە. وا ئەو هەلەش لێتان خۆش بوو. خودا خاوەنی چاکەیە لە سەر خاوەن باوەڕەکان.

153) ئەو کاتەی کە ڕاتان دەکرد و ئاوڕتان وەسەر هیچکەس نەدەداوە، پێغەمبەریش لە دواوە گازی دەکردن؛ جا خوا جەزای خەمی هەر بە خەم دانەوە. نەکا لە بەر ئەوەی وا لە دەستان چووە و ئەوەی کەوا تووشتان بووە خەفەت بخۆن. خودا لەو کارانەی دەیکەن ئاگادارە.

154) پاش ئەو خەمە ئارامییەکی ناردە سەرتان، کە بریەتی لە ئۆقرەی خەو لێ کەوتن بوو، بە سەر هێندێکانوو داهات؛ هێندێکیشتان هەر تەنیا خۆتان لە بیر بوو. ئێوەش هەر وەک خوانەناسەکانی پێشین بیروو لە خوا دەکردەوە، دەیانگوت: ئاخۆ لەم کارە چن بۆ دەکرێ؟ بێژە: گش کار بە دەس خودان. ئەوانە نهێنی دڵیان لە لای تۆ ئاشکرا ناکەن؛ ئێژن: ئەگەر بە دەستە خۆمان بووایە، ئێمە لێرە نەدەکوژراین. بێژە: ئێوە ئەگەر لە ماڵی خۆشتان بان، ئەو کەسانەی کوشتنیان لە سەر نووسراوە، دەهاتنەوە جێی تخێڵ بوونی جەندەکەیان. خوا دەیەوێ دڵتان تاقی بکاتەوە و هەرچی لە دڵتاندا هەیە دەری هاوێ. خوا لە ڕازی دڵەکانتان ئاگادارە.

155) ئەوانتانە وا ڕایان کرد - لەو ڕۆژەدا کە دوو کۆمەڵ گەیشتنە یەک - شەیتان هەڵیخلیسکاندن، لە بەر کارێ کە کردوویان؛ خوایش بەخشینی. هەر خودایە کە لە گوناهان دەبوورێ و لە سەر خۆیە.

156) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە وەک ئەوانە مەبن کە خودایان نەدەناسی و سەبارەت بە براکانیان - کە لە سەفەر، یان لە شەڕی دوژمنان بوون - دەیانگوت: ئەگەر ئەوانە لامان مابان، نەدەمردن، نەدەکوژران. هەر بۆیە بوو خودا بیکا بە ئاخ و داخی سەر دڵیان. خودایە کە ژینێ دەدا و دەشمرێنێ و هەر کارێکی ئێوە دەیکەن، خوا دەیبینێ.

157) ئەگەر لە ڕێی خودا بمرن، یان لە ڕای خودا بە کوشت چن، دیارە لێ خۆشبوونی خودا و بەزەیی ئەو زۆر چاکترە لەو شتەی کۆی دەکەنەوە.

158) چ بمرن و چ بکوژرێن، بێ گومانە کە لای خوا کۆدەکرێنەوە.

159) لە بەزەیی خوداڕایە کە تۆ هێندە نەرم ونیانی دەگەڵیان؛ ئەگەر یەکێ دڵڕەق و توند و تۆسن بای، بڵاوەیان لێ دەکردی. تۆ بیان بوورە و لە لای خودا داوای بووردنیان بۆ بکە و لە کار تەگبیریان پێ بکە. وەختێ لێ بڕای کارێ بکەی، هەر بە تەمای خوا تێکەوە؛ خودا ئەوانەی خۆش دەوێ کە خۆیان هەر بەو دەسپێرن.

160) ئەگەر خودا و دەهانا بێ، کەس بەسەرتاندا زاڵ نابێ؛ ئەگەر وازیشتان لێ بێرێ، کێیە پاشان پێی دەکرێ یاریدەو بکا؟ با هانای خاوەن باوەڕان هەر خودا بێ و خۆیان بە وی بسپێرن.

161) بۆ هیچ پێغەمبەرێ ناشێ دەگەڵ خەڵک، فێڵ و فەرەجان بنوێنێ؛ هەر کەسێکیش فێڵبازی و دەسبڕی بکا - بەو تەشقەڵەوە کە دەیکا - ڕۆژی قیامەت دەبیندرێ و ئەوسا هەر کەس لە بارتەقای کردەوەی خۆی سزا دەدرێ و هیچ ناهەقیان لێ ناکرێ.

162) ئاخۆ کەسێ هەر بۆ ڕەزای خوا کۆشیوە، وەک ئەوەیە کە خودای لەخۆی تووڕەکرد؟ کە ئەنوای ئەم جەهەندەمەو چارەنووسی خراپی هەس.

163) بۆ هەموو ئەو دووجوونانە خودا چەند پلەی داناوە و هەر خۆی لە هەموو کردەیان چاوەدێرە.

164) باوەڕداران بەر منەتی چاکەی خودان؛ کە یەکێک هەر لە خۆیانی ناردووە پێغەمبەریان بێ؛ نیشانەکانی خودایان بەسەردا دەخوێنێتەوە و بە پاکژی ڕایان دەگرێ و لە کتێب و کارزانیدا ڕایان دێنێ؛ کە دەپێشدا هیچیان لە هیچ نەدەزانی.

165) ئاخۆ کاتێ زیانوو لە دوژمن پێگەیشت - کە جارێکیش دوو ئەوەندەو زیان لێدان - هیچ پرسیتان: زیانەکەمان لە چی بوو؟ بێژە: لە خۆتانەوە بوو، خوا بە هەموو شت توانایە.

166) هەرچی ئەو ڕۆژە تووشوو هات - وا دوو کۆمەڵ بەیەک گەیین - [گشتی] بە ئیزنی خودا بوو، هەتا خاوەن باوەڕەکان نیشان بدا؛

167) تا دووڕووگەلیش بناسێ؛ پێن وترا: ئێوەش وەرن لە ڕێی خودا خەزا بکەن، یان ببنە هێزی بەرگری. گوتیان: ئەگەر بنزانیبا شەڕوو بەسەردا سەپاوە، دیارە وەدووتان دەکەوتین. ئەوێ ڕۆژێ لە بێ دینی نزیکتر بوون تا لە باوەڕی بە خودا. ئەو شتانەی بە دەم دەیڵێن، ئەوە نییە کە ڕازە و لە دڵیاندایە؛ خوا لەوەی دەیشارنەوە ئاگادارترە.

168) ئەوانەی کە خۆیان نەچووبوونە خەزا، لەمەڕ هاوەڵانیان دەگوت: ئەگەر بە قسەیان کردباین نەدەکوژران. بێژە: سا ئەگەر ڕاست دەکەن، خۆ لە مردن بپارێزن.

169) ئەو کەسانەی لە ڕێی خودادا کوژراون، هەرگیز نابێ بەمردوویان حیساب بکەن؛ هەر زیندوون و خودا بژیویان دەداتێ؛

170) دڵیان خۆشە بەو چاکەیە کە خودا دەربارەی کردوون. شادن بەوەش کە ئەوانەی وا نەگەیشتوونە ئەمان و بە جێ ماون، هیچ ترسێکیان لە سەر نابێ و هیچ خەمێکیان لە بەر نابێ.

171) دڵیان خۆشە بە نیعمەتی خودا و زیادە بە شانەی ئەو. بەوەش کە خوا پاداشی باوەڕدارەکان وندا ناکا.

172) ئەو کەسانەی کە لە پاش بریندار بوونیش فەرمانی خوا و پێغەمبەریان بەجێ هێنا، بۆ ئەوانیانە وا کاری چاکیان کرد و لە خوا ترسان، پاداشێکی گەورە هەیە.

173) ئەو کەسانەی پێیان وتن: گەلە کۆمەگیو لێ کراوە و بەپانەوە دێنە سەرتان، ئەشێ ترسوو لێیان هەبێ؛ باوەڕیان بەهێزتر بووە و گوتیان: ئێمە هەر خودامان بێ بەسمانە و چاکترین پشت و پەنامان تەنیا ئەوە.

174) هاوڕێ دەگەڵ نیعمەت و چاکەی خودادا - بێ ئەوەی تووشی زیان بن - گەڕانەوە و هەڵوەدای ڕەزای خودا بوون؛ هەر خوداشە چاکەی گرینگی بە دەستە.

175) لە ڕاستیدا ئەوە شەیتانەڤو [گەرەکیە ئێوە] لە هاودەستانی خۆی بترسێنێ. ئێوە لەوان ترسوو نەبێ و ئەگەر بڕوادارن دەبێ هەر تەنیا لە من بترسن.

176) بەوانە نیگەران مەبە کە بە پەلە لە دژی دین تێ دەکۆشن؛ ناتوانن هیچ زیانێکی لە خوا بدەن. خوا دەیەوێ کە ئەوانە لەو دنیا بەشێکیان نەبێ و تووشی ئازاری دژوار بن.

177) ئەو کەسانەی لەباتی بڕوا بە خودا، بێ بڕوایی هەڵدەبژێرن، هیچ زیان لە خوا نادەن و جەزرەبەی بەژانیان دەبێ.

178) با ئەوانەی خوانەناسن وا بیر نەبەن ئەو مۆڵەتەی دەیاندەینێ چاکە بۆیان؛ هەر بۆیە مۆڵەتیان دەدەین تا تاوانیان فرەوە بێ. ئازارێکی ئاوڕووبەریش بەشیان دەبێ.

179) خوا هیچ کاتێ باوەڕدارانی لە بارودۆخێکا - وا ئێوە هەن - نەهێشتۆتەوە؛ مەگەر لە بەر ئەوەی ناپاکان لە پاکان هەڵاوێرێ. خودا ئێوە لە پێوار ئاگادار ناکا؛ بەڵام خودا لە ناو پێغەمبەرانیدا، کێی بووێ هەڵی دەبژێرێ. دەبێ ئێوە بڕواو بە خوا و بە پێغەمبەرەکانی بێ و ئەگەر ئەو باوەڕەو هێنا و خۆشتان پاراست، پاداشێکی یەکجار گڕینگوو پێ دەدرێ.

180) ئەوانەی چنۆکی دەکەن لەو بەشەی خودا پێی داون، خەیال نەکەن ئەم کارە بۆ وان قازانجە؛ بەڵکوو بۆ خۆیان خراپە. ڕۆژی قیامەت دەبێتە تۆق دەملیاندا و [با بزانن کە] ئاسمانان و زەمینیش هەر بۆ خودا دەمێنێتەوە و خودا لە هەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە.

181) خودا وتەی ئەوانەی بیست کە دەیان گوت: خوا هەژارە و ئێمە داراین. وا ئێمە ئەم گفتەیان و بە ناحەق کوشتنی پێغەمبەرانیان بۆ تۆمار دەکەین و پێیان ئێژین: سا بچێژن دەردی بە ئاگر سووتانێ؛

182) چونکە ئێوە ئەو جۆرە کارانەو دەکرد؛ خودا هەرگیز غەدر لە عەبدی خۆی ناکا.

183) ئەوی گوتیان: «لە خواوە پێن سپێراوە کە باوەڕی بە هیچ پێغەمبەرێک نەکەین، مەگین ئەوەی بە حەیوانێ قوربانییەوە بێتە لامان، ئاگر بیخوا»، بێژە: ئەگەر قسەو ڕاستە، ئەدی بۆچی پێغەمبەرەکانی پێش من چەند نیشانەی ئاشکراشیان بۆ هێنان و ئەوەی ئێستاش ئێوە داوای دەکەن کردیان، کەچی ئێوە کوشتووتانن؟

184) هەروەک بڕوا بە تۆ ناکەن، لە پێغەمبەرانی پێش تۆش حاشایان کرد. هەرچەند بە بەڵگەی ئاشکرا و نوسراوگەل و کتێبی دیاری دەرەوە هاتنە لایان.

185) هەموو کەسێک تامی مردنێ دەچێژێ؛ ڕۆژی سەڵاش هەقی خۆتان دەنێنە مشت. کێ لە ئاگر کلاکرێ و ببرێتەوە نێو بەهەشتەوە، دەیباتەوە و بەختەوەرە. ئەم ژیانەی سەر دنیا بنەمای فریوە.

186) ئێوە لە گیان و دارایی بەر تاقیکاری دەکەون و لەوانەی ئەهلی کتێبن و لەو کەسانەی شەریک بۆ خودا دادەنێن، زۆر قسەی ناخۆش دەبیسن و ئازاری زۆریشتان دەدەن. جا ئەگەر خۆڕاگر بن و لە ناڕەوا بە پارێز بن، کارێ جامێرانە دەکەن.

187) ئەوسا خودا بەڵێنی لەو کەسان ساند کە کتێبیان بۆ هاتووە، بە مەردمی ڕاگەیێنن و نەیشارنەوە؛ کەچی ئەوان لە پەیمان پاشگەز بوونەوە و بە نرخێکی کەمیان فرۆت؛ ئای کە سەودای خراپیان کرد.

188) قەت وا مەزانە ئەوانەی دڵ خۆش ئەکەن بە کارێ کردوویانە و پێیان خۆشە بۆ کارێ کە نەیانکردووە تاریف بکرێن، لە جەزرەبە ڕزگار دەبن؛ جەزرەبەی بەژان بۆ وانە.

189) لە عاسمانەکان و زەمیندا فەرمان، فەرمانی خودایە و خودا بە سەر هەموو شتدا توانای هەیە.

190) لە ئافراندنی ئاسمانان و لە زەمیندا و ئاڵوگۆڕی شەو و ڕۆژان، زۆر نیشانەی پتەو هەیە بۆ ئەوانەی کە خێوی دڵی وشیارن.

191) ئەوانەی - چ بە وێستاوی و چ لەجێوە، بە دانیشتن، چ لە سەر تەنیشت ڕادەزێن - هەر یادی خودا دەکەن و لە سازدانی ئەم عاسمانان و زەمینە ڕادەمێنن، دەڵێن: ئەی پەروەرندەمان! تۆ ئەم دەزگایەت بە فیڕۆ ساز نەداوە، پاکی و بێ عەیبی بۆ تۆیە؛ هەر بۆ خۆشت لە ئازاری بە ئاگرمان بپارێزە.

192) پەروەرێنمان! هەر کەس تۆ بیخەیتە ئاگر، تووشی شوورەییت کردووە. ئەوانەی ناهەقیکارن، هیچ کەس دەهانایان نایە.

193) پەروەرێنمان! ئێمە بیستمان بانگ ڕایەڵێک گازی دەکرد کە باوەڕی بە پەروەرندەتان بێنین. ئێمەش باوەڕیمان هێنا؛ سا بۆ خۆت ئەی پەروەرێنمان! لە گوناهانمان خۆش ببە و هەر خراپەی کردوومانە، وەیکوژێنە و دەگەڵ ئەوانەی پیاوچاکن بن مرێنە.

194) پەروەرێنمان! ئەو شتانەش بە ئێمە ڕەوا ببینە کە لە زوان پێغەمبەرانتەوە بەڵێنت پێمان داوە؛ شەرمەزاری ڕۆژی قیامەتمان مەکە. تۆ لە هەر پەیمانێ بیدەی لاریت نییە.

195) پەروەرێنیان ئاوا بە دەنگیانەوە هات، کە: من کردەی هیچ مرۆیەک - لە نێر و مێ - بە بێ پاداش ناهێڵمەوە؛ گشتوو لە لای من چون یەکن. ئەو کەسانەی لە زێدی خۆ دەرکراون و لە ڕای من ئازاریان دیوە و چوونە خەزا و دژی منیان کوشتبێ یان بە کوشت چووبن، بێ گومانە گوناهیان دەکوژێنمەوە و لە پاداشی کردەوەیان دەیانخەمە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا؛ کە ئەمە چاکەی خودایە دەربارەیان؛ کە پاداشی هەرەباشیش وا لای خوایە.

196) هات و چوون و گڕوفڕی خوانەناسان لە وڵاتان، نەچێ هەڵت خەڵەتێنێ.

197) ڕابواردنێکی هندکە و پاشان شوێنیان جەحەندەمە و جێیان گەلێک بێ زەلەتە.

198) بەڵام ئەوانەی وا ترسیان لە پەروەرندەی خۆیانە، باغاتێکیان دەبێ جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تا سەر تیا دەبن و میوانداری لای خودایە. ئەوەی کە لە خواوە دەدرێ هەر بۆ پیاوچاکان ڕەوایە.

199) لە ناو ئەهلی کتێبیش کەسانی وا هەن کە بڕوای بە خودا هەیە و بەو قورئانەی کە بۆ ئێوە هاتەخوار و بەو کتێبەی کە بۆ خۆیان ناردراوە، خاکەڕان لە هەمبەر خودا و بەڵگە و نیشانەکانی خوا بە نرخی کەم سەودا ناکەن؛ ئەوانە پەروەرندەیان پاداشی کاریان دەداتێ. خودا زۆر زوو بە کاری هەر کەس ڕادەگا.

200) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خۆڕاگر بن، لە خۆڕاگریشا هەر لە پێشەوە بن. بۆ پاراستنی سنوورگەل هەمیشە ساز و تەیار بن. لە خواش ترسوو هەبێ، بەشکەم ڕزگار ببن.