4- نیساء

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 41 خولەک  2852 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەی خەڵکینە! لە پەروەرندەکەی خۆتان ترسوو هەبێ، کە هەر ئەوە ئێوەی هەر لە یەک کەسەوە خستۆتەوە و جووتەکەشی هەر لەو کەسە خستۆتەوە و لەو دووانەوە پیاوی زۆر و ژنی زۆری وەدی هێنا. لەو خودایە ترسوو هەبێ؛ بە ناوی ئەو، ئێوە یەکتری سوێند دەدەن؛ ئاگاو لە خزمانیش هەبێ. خوا هەمیشە چاوێرە بەسەرتانەوە.

2) ماڵی هەتیو بدەنەوە بە هەتیوان. ناپاک بە پاک مەگۆڕنەوە و ماڵی ئەوان تێکەڵ ماڵی خۆتان مەکەن؛ کە تاوانێکی مەزنە.

3) ئەگەر لەمەڕ کیژە هەتیوەکانەوە، لەوە ترسان کە نەتوانن بە تەرزێکی حەق و ڕەوا دەگەڵیان بجووڵێنەوە، دەتوانن وازیان لێ بێنن و ژنانی تر - چەندی خۆتان پێتان باشە و پێتان دەشێن - مارە بکەن؛ دووان بن یان سییان پێکەوە، یا چواریش بن هەر ڕەوایە. ئەگەر ترسان کە نەتوانن ژنەکانتان وەکوو یەک تماشا بکەن، با یەکێک بێ وەل ئەوانە ڕابووێرن کە بوونەتە موڵکی خۆتان. بۆ خۆ لە غەدر پاراستن، ئەمە کارێ پەسندە.

4) وەک پێشکەشێک مارەییی ژنەکان بدەن. ئەگەر ئەوان هەر بۆ خۆیان شتێکیان لە مارەیییەکە بەنگۆ بەخشی، بیخۆن و نۆشی گیانوو بێ.

5) ماڵی خۆتان - کە خوا کردوویەتە مایەی گوزەرانتان - مەدەنە دەست کەمئاوەزان؛ [بەڵام] جلک و بژیویان لە ماڵی خۆتان دابین کەن و بە ڕووی خۆشەوە بیاندوێنن.

6) هەتیوان تاقی کەنەوە تا دەبنە گەنجێ ڕەسیدە؛ جا ئەر دیتان خاس و خراپ لە یەکتر جوێ دەکەنەوە، ئەوسا ماڵیان بدەنەوە. لە ترسی ئەوەشدا نەوا گەورە ببن - بەدەر لە ئەندازە و بەلەز - ماڵیان مەخۆن. کێ زەنگینە خۆ پارێزێ، کێش نەدارە، هەر ئەوەندەی کە پێویستیی ژیانیەتی - بە دابی ڕۆژ - لێی هەڵگرێ. هەرکاتێکیش ماڵەکەیان دەدەنەوە، با شایەت ئاگایان لێ بێ. بۆ لێ پرسینەوەش هەر خودا بەسە.

7) لە کەلەپووری دای و باب و خزمی نزیک - کەم بێ یان زۆر - نێرینە بەشی خۆی هەیە و مێوینەش تیا بەشدارە و بەشیان بۆ بڕیار دراوە.

8) گەر لە وەختی دابەشینی کەلەپووردا، کەسوکار و هەتیوان و بێنەوایان لەوێ هەبوون، لەو ماڵە شتێکیان دەنێ و بە ڕووی خۆشەوە بیاندوێنن.

9) ئەو کەسانەی لەپاش خۆیان منداڵانی سەروپێچکەی بێدەستەڵات بەجێ دێڵن، با لە وەسیەت کردنێدا، ترسی خوایان لە دڵدا بێ و شتێکی وا لەپاش خۆیان ڕاسپێرن، هیچ ناهەقیی تێدا نەبێ.

10) ئەو کەسانەی بە ناڕەوا داراییی هەتیوان دەخۆن با بزانن کە ئاگرێ دەخەنە هەناویانەوە و تووشی ئاگرێکی بە هەڵپە و گڕ دەبن.

11) خودا پێو ڕادەگەیێنێ: کەلەپوورتان با بۆ نێرینە دوو بەش و بۆ مێوینە نیوەی بەشی نێرینە بێ. گەر ژمارەی مێوینە لە دووان پتر بوون، دوو بەش لە سێ بەشی میراتەکە ئەبەن. ئەگەر مێوینە یەکێ بوو، نیوەی کەلەپوور بۆ ئەمە. ئەگەر مردوو عەولادی لەپاش بەجێ ما، دای و بابی، هەرکامێکیان شەش یەکیان لەو ماڵە هەیە. ئەگەر هیچ فرزەندی نییە و دای و بابی دەبێ میراتەکە بگرن، لە سێ کوت، کوتێک بۆ دایکە. ئەگەر مردوو برا و خوشکی بەجێ هێشتوون، پاش دانەوەی قەرزوقۆڵە و پێکهێنانی وەسیەتەکە، دایک شەش یەکی پێ دەبڕێ. ئێوە نازانن لە بابان و فرزەندانوو کامیان بۆ بەهرە پێدانوو نزیکترن. بڕیارێکە لە خواوە بۆو داندراوە. خودا زانای لەکارزانە.

12) لەو میراتەی لە ژنانوو بەجێ دەمێنێ - ئەگەر هیچ فرزەندیان نەبوو - لە دوو بەش بەشێکتان هەیە. ئەگەر عەولادیشیان هەبوو، ئێوە چوار یەکوو پێ دەبڕێ؛ پاش دانەوەی قەرزوقۆڵە و وەسیەتێ کە کردوویانە. ئەگەر ئێوە مردن و عەولادوو نەبوو، ژنەکانوو چوار یەکی میراتوو دەگرن. ئەگەر عەولادیشتان هەبوو، ژنتان هەشت یەکیان پێ دەبڕێ؛ پاش پێکهێنانی وەسیەتتان و دانەوەی قەرزوقۆڵە. ئەگەر پیاوێ یاکوو ژنێ مرد و باب و فرزەندی لێ بەجێ نەما و برایەک یا خوشکێکی بوو، هەریەک لەوان شەش یەکی کەلەپووری هەس. ئەگەر لە یەکێک پتر بوون، بە هەموویان سێ یەکی کەلەپوور دەگا؛ پاش پێکهێنانی وەسیەت و دانەوەی قەرز. ناشێ وەسیەت بە جۆرێک بێ کە بە ئانقەست بە زەرەری کەلەپوورگران تەواو بێ. ئەم بڕیارە لە خوداوەیە و خوداش بۆ خۆی ئاگادار و لەسەرخۆیە.

13) ئەم دەستوورانە سنوورن، خوا دایناوە. هەرکەسێکی بە فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بێ، دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و هەتا سەر هەر تیا دەبن و لەوپەڕی بەختەوەریدان.

14) هەر کەسێکیش لە فەرمانی خوا و پێغەمبەرەکەی دەرچێ و سنووری خوا بە هیچ بگرێ، دەیخاتە دووڕ ئاگرەوە و هەتا سەر هەر لەوێ دەبێ و بەوپەڕی سووکایەتییەوە ئازار دەدرێ.

15) هەر ژنێکتان کە هەستوو کرد نامۆیان بە خۆ فێر دەکەن، چوار کەسی خاوەن باوەڕیان بەرنە سەرێ - لەو عانەدا کە لێک جووت بوون - وەختێ ئەوان هاتن شایەتییان لەسەر دان، هەر لە ماڵدا قەتیسیان کەن تا بە مردن لەناو دەچن، یان تا خودا دەرەتانیان نیشان دەدا.

16) ئەو جووتەی لە ئێوە ئەو کارە دەکەن، ئازاریان دەن. ئەگەر پەشیمان بوونەوە و دەستیان هەڵگرت و ڕێی چاکەیان گرتە بەر، ئێوە دەستیان لێ هەڵگرن. خوا لە پەژیوان دەبوورێ و دلۆڤانە.

17) خودا تۆبە هەر لەوانە قبووڵ دەکا کە لە ڕووی نەزانینەوە خراپەیان لێ ڕوو دەدا و گورجێ پەژیوان دەبنەوە. خودا زانای لەکارزانە.

18) ئیتر پەژیوان بوونەوەی ئەوانە هیچ بەهرەی نییە کە لە وەختی گیانەڵاودا دەڵێن: ئێمە پەژیوانین. پەژیوانیی ئەوانەشی قبووڵ نییە کە بە خوانەناسی دەمرن. ئێمە بۆ وان ئازارێکی زۆر بەژانمان ساز کردووە.

19) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆتان ڕەوا نییە ژنان بە زۆرداری بکەنە ماڵی میراتی. نابێ زۆریشیان بۆ بێنن بڕێک لەوەی پێتان داون دیسان لێیان بستێننەوە؛ جا مەگین هەر بە ئاشکرا کاری بێناموسی بکەن. بە تەرزێکی جوان و ڕەوا، دەگەڵیانا بجووڵنەوە. ئەگەر خۆشتان نەهات لێیان، شتی وا هەن حەزی لێ نەکەن و چاکەی زۆری لە خواوە بۆنگۆ تێدا بێ.

20) ئەگەر ویستوو ژنی خۆتان بە ژنێکی دیکە وەگۆڕن، ئەگەر بە ژنەکەی پێشووتان کلوورێک دراوتان دابێ، نابێ لێیان بستێننەوە. گەرەکتانە بە بوختان و بە خۆ تووشی گوناحی ئاشکرا کردن بیستێننەوە!؟

21) جا چۆنیان لێ دەستێننەوە، کە ئێوە بەیەکەوە بوون و هەر لە جێوبانێکدا خەوتوون؛ خۆشیتان لە یەکتر دیوە و ئەوان پەیمانی پتەویان دەگەڵ ئێوەدا بەستووە!؟

22) ژنانێک مەخوازن کە باوانی ئێوە خواستوویانن، مەگەر ئەوەی کە بووریوە. چونکە سەرجێی ئەمانە بە داوێنپیسی دادەندرێ و زۆر شوورەیییە و ڕێبازێکی زۆر خراپە.

23) ئەو ژنانەی پێو ناشێن و لەسەرتان حەرام کراون، بریەتین لە: دایک و کچ و خوشک و پلک و خاڵتیک و کچی برا و کچی خوشک و ئەو ژنانەی بە ساوایی شیری ئەمانوو خواردووە و ئەو کیژەی هاوشیرتان بووە و خەسووتان و ئەو کیژانەی خۆتان بە خودانوو کردوون و لەو ژنانەن کە ئێوە دەگەڵیان خەوتوون؛ ئەگەر دەگەڵیان نەخەوتوون قەیدی نییە. هەروەها ژنی کوڕیشتان؛ کە بە ڕاستی ئەو کوڕە هەر لە خۆتان بێ؛ دوو خوشکیش پێکەوە هێنان ڕەوا نییە؛ جا مەگین هەر لە پێشوودا ئەم کارەو بەسەر هاتبێ. کە خوا لە هەڵە دەبوورێ و دلۆڤانە.

24) ژنی بەشووتان پێ ناشێ؛ مەگین ئەوانەی بوونەتە ماڵی خۆتان. لە خوداوە ئەم بڕیارەو بۆ نووسراوە. جیا لەمە ڕێو دراوە بە دراوی خۆتان ژن بێنن؛ بەڵام بە پاکی بێ، نە بە داوێنپیسی. لە بەرانبەر ئەو لەزەتەی لە ژنەکانی دەبینن، ئەو ماڵەی خودا بۆیانی بڕیار داوە و کرای خۆیانە لەسەرتان، ئێوە بیدەن. ئەگەر لەپاش دیاریکردنی مارەیی، لە نێو خۆتاندا پێک هاتن، هیچ گوناهێکوو ناگاتێ و خودا زانای لەکارزانە.

25) کێش دەستەنگە و ئەو ماڵەی بۆ هەڵناسووڕێ کە ژنی خاوەن باوەڕی ئازاد بێنێ، با لەو کیژە باوەڕدارانە وا بوونەتە ئی خۆتان، مارە بکا. خوداش لە هەر کەس زیاتر لە بڕواتان ئاگادارە. هەمووتان تیرەی یەکترن؛ بە دەستووری خاوەنیان مارەیان بکەن. چۆن باوە لە ناو خۆتاندا مارەیییان بۆ ببڕنەوە. ئەوانیش با کەنیزانێ داوێنپاک بن، نە داوێنتەر؛ لە ژێرەوە دۆستی نێرینەیان نەبێ. بەڵام ئەگەر لەپاش ئەوەی هاتنە بەر ڕکێفی ئێوە، دەستیان دەگەڵ پیاوی نامەحرەم تێکەڵ کرد، ئازاردانیان نیوەی ئەو ژنانە دەبێ کە شوویان هەیە و ئازادن. ئەمە بۆ ئەو کەسانەیە ڕەبەنی ئازاریان دەدا. ئەگەر ئێوە خۆڕاگر بن، بێگومان بۆتان باشترە. خودا لە هەڵە دەبوورێ و دلۆڤانە.

26) خوا گەرەکیە ڕێتان بۆ ڕوون بکاتەوە و لە ڕێوشوێنی پێشینییانیش شارەزاو کا و پەژیوانیو لێ قبووڵ کا. خودا زانای لەکارزانە.

27) خودا دەیەوێ تۆبەتان لێ قبووڵ کا. ئەوانەش وا ئەکەونە شوێن هەوا و هەوەس، دەیانەوێ - بە تەواوی - ئێوە لە ڕێگە لا بدەن.

28) خوا گەرەکیە ئەرکتان لەسەر سووک بکا و مرۆش بێ هێز و پێزی دروست بووە.

29) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ماڵ و داراییی یەکتری - لە خوتوخۆڕایی - مەخۆن؛ مەگین بە سەودا و مامڵە و بە ڕازی بوون لە ناو خۆتان؛ کە ئەوسا پێتان ڕەوایە. بەهەق نەبێ، نابێ یەکتریش بکوژن. خودا دەربارەی هەمووتان دلۆڤانە.

30) هەرکەسێکیش لە ناهەق و هەر بە نیازی دەسدرێژی ئەم جۆرە کارانە بکا، گرفتاری ئاری دەکەین. ئەم کارە لەلایەن خودا زۆر هاسانە.

31) ئەگەر ئێوە ئەو تاوانە زەلامانەی پێمان ڕاگەیاندوون نەیکەن و خۆتان دوورەپەرێز بگرن، هەڵە و پەڵەی دیکەتان لەسەر لا دەبەین و دەتانبەینە شوێنێکی بەقەدر و عیزەت.

32) نابێ ئاوات بەو شتانە بخوازن کە خودا بەوانە هێندێک لەنگۆی بەرانبەر بە هێندێکی تر سەر خستووە. پیاوان بەپێی کردەوە و کۆششی خۆیان، ژنەکانیش بەرانبەر بە کردەوەیان [هەر کام] بەشی خۆیان هەیە. ئێوە دەبێ هەر لەبەر خودا وەپاڕێن، چاکەتان دەربارە بکا. خودا بۆ خۆی لە هەموو شت ئاگادارە.

33) دای و باب و خزمە زۆر نزیکەکان و ئەو کەسانەی پەیمانوو دەگەڵ گرێ دان، هەرگا مردن و ماڵێکیان لە دووا مابوو، با بەشی خۆیان پێ بگا. خودا لەسەر هەموو شتی ئاگادارە.

34) پیاوان بەسەر ژناندا دەستەڵاتیان هەس، کە خوا هێندێکی لە هێندێ هێژاتر بەدی هێناوە. دیارە پیاوان ئەرکی بەڕێچوونی ماڵیان لەسەر شانە. جا ژنانی باش ئەوانەن کە گوێبیسن و - وەک خودا فەرمانی داوە - دوور لە شوویان شەرمی خۆیان دەپارێزن و ئاگایان لە ماڵێ دەبێ. ئەو ژنانەش لە ئەشقی بوونیان دەترسن، نسحەت کەن و جێگەیان لێ جیا کەنەوە؛ ئەگەر لێشیان بدەن، دەبێ. ئەگەر دێنەوە بەر فەرمان، ئێوە بیانووی ئازاردانیان مەدۆزنەوە. خوا جێ بەرز و زانایە.

35) ئەگەر ترسان کە ژن و شوو لێک دوودڵن و وێک هەڵناکەن، کەیخودایەک لە کەسوکاری پیاوەکە و کەسوکارێکی ژنەکە بڵا ببنە ناوبژیکەر؛ هەرگا هەردووک لا ڕازی بوون پێک بێنەوە، خوا پێکیان دێنێتەوە، خودا زانا و ئاگادارە.

36) عەبدایەتیی خوا بکەن و هیچ شت مەکەن بە شەریکی. دەربارەی دای و بابتان و خزمەکان و هەتیوان و هەژاران و هاوسای دیوار بە دیوار و هاوسای دوور و هەواڵی هەمیشەییتان، ئەوانەی لە ڕێدا ماون و ئەوانەی بوونەتە موڵکتان، تا دەتوانن چاکە بکەن. ئەو کەسانەی لووت بڵند و خۆپەسندن، خودا هیچکامی خۆش ناوێن.

37) ئەو کەسانەی چکووسی دەکەنە پیشە و خەڵکیش بۆ ڕژدی هان دەدەن، ئەو بەشەی خودا پێی داون دەیشێرنەوە. [با بزانن کە] ئێمە بۆ پێنەزانان ئازاری ئابڕووبەرمان ئامادەیە.

38) ئەو کەسانەش کە بۆ ڕووبینی لە مەردم، ماڵی خۆ بەخت دەکەن و باوەڕیشیان بە خوا و ڕۆژی قیامەت نییە، [هەواڵەتیی شەیتان دەکەن]؛ هەر کەسیش شەیتان یاری بێ، خراپترین یاری هەیە.

39) چییان لێدەهات ئەمانە، باوەڕیان بە خودا و ڕۆژی سەڵا و ئەوسا لەو ماڵەی کە خودا بەشی داون، بیانبەخشیبا؟ خوا بە کاروباری ئەوان باش دەزانێ.

40) خوا بە سەنگی مێروولەی زەردی وردیلەش ناهەقی لە هیچکەس ناکا؛ بەڵام هەمبەر بە هەر چاکەیەکی بیکەن، دوو ئەوەندە پاداش دەدا و سەرەڕای ئەو پاداش دانەش خەڵاتی گرینگیان هەیە.

41) دەبێ چۆن بێ ئەگەر ئێمە لە هەر کۆمەڵێ هاوئایین یەکێکمان لێ هەڵبژاردن کە ببنە شایەت لەسەریان؟ تۆشمان کردە شایەتێک لەسەر ئەمانە.

42) ئەوێ ڕۆژێ ئەو کەسانەی لە ڕێی خودا کلا بوون و بە قسەی پێغەمبەریان نەکرد، حەزێ دەکەن ڕێکی ڕووکاری زەوی بان؛ ناشتوانن هیچ قسەیێک لە خودا وەشێرن.

43) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەسەرخۆشی لە نوێژێ نزیک مەبنەوە، هەتا تێبگەن دەڵێن چی. بە لەشپیسیش نوێژێ مەکەن - مەگین وەختێ ڕاگوزەر بن - تا کاتێ کە خۆ دەشۆرن ن ئەگەر - دنیابوو - نەخۆش بوون یان ڕێبوار بوون یان یەکێکتان لە سەر پێشاوێ هاتەوە یان تخونی ژنان کەوتن و دەستوو بە ئاو ڕانەگەیشت، خۆڵێکی پاک پەیدا کەن و ڕووخسار و دەستەکانتانی پێ بهەنوون. خودا چاوپۆشیو لێدەکا و لێو دەبوورێ.

44) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە کە بەشێک لە کتێبی خودایان پێدراوە، چۆن ڕێ لە خۆ هەڵە دەکەن، دەشیانەوێ ئێوەش لە ڕێگە لا بدەن؟

45) خودا دوژمنانی ئێوە لە خۆتان باشتر دەناسێ، ئێوە هەر خودا یاریدەرتان بێ، بەسە.

46) هێندێ کەس لە جوولەکەکان، وتاری خوا دەگۆڕن و قسەی تری دەخەنە جێ. بە تۆش دەڵێن: بیستمان و گوێمان نەدا؛ تۆش ببیسە: دەک قەت گوێت لە ئێمە نەبێ! زمانیان دەلالچ دەگرن و تانە لە دینت دەدەن و بە تەشەر ئێژن: «ڕاعنا». ئەگەر ئەمان بیانگوتایە: بیستمان و بە قسەت دەکەین و لێمان بیستی و دەبێ چاوێکت لێمان بێ، بۆیان چاکتر و ڕاستتر بوو. بەڵام خودا لە سەر ئەو ڕێ گۆڕینەیان نەفرینی خۆی لێ کردوون و لەوانە - کەمێکیان نەبێ - نایانەوێ بڕوا بێنن.

47) ئەی ئەوانەی لە پێشوودا کتێبی خوداو بۆ هاتبوو! بڕوا بێنن بەمەی ئێمە ناردوومانەتە خوارەوە؛ کە بڕوای بەوانەش هەیە وان لە کتێبەکەی ئێوەدا. بەر لەوەی دەموچاوگەلێ ساف بکەین و وەکی پشتی سەریان لێ کەین، ئێوەش هەروەک ئەوانەی شەمۆیان شکاند، بەر نەحلەتی ئێمە کەون و خوا بە هەرچی فەرمان بدا هەر وەدی دێ.

48) خودا لەوانە خۆش نابێ کە بێژن هاوکاری هەیە. لەمە بەدەر هەرکێ خودا مەیلی لێ بێ، لێی دەبوورێ. ئەو کەسانەی دەڵێن: خوا هاوکاری هەیە، بوختانێکی گەورەیان لە دەم دەردەچێ و تاوانێکی مەزن دەکەن.

49) تۆ لەوانەت نەڕوانیوە کە هەر خۆیان پاکانە بۆ خۆیان دەکەن؟ نازانن پاکانەی هەر کەس بە خودایە و هەر خودایە کە بە قەد هەودای باریکی ناوکەخورماش ناهەقی لە هیچ کەس ناکا.

50) دەبڕوانە درۆی چلۆن بە دەم خواوە هەڵدەبەستن؛ تاوان لەمە ئاشکراتر [نەبووە و] نابێ.

51) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە، کە وا بەشێک لە کتێبیان پێدراوە و بە بت و تاغووتێ بڕوایان هێناوە؟ ئێژن: ڕێ خوانەناسەکان لە ڕێگەی بڕوادارەکان سەرڕاستترە!؟

52) ئەوانە وەبەر نەحلەتی خودا کەوتوون؛ هەرکێ خوا نەحلەتی لێ بکا، هیچ کەسێ دەهانای نایە.

53) ئاخۆ ئەمان بەشیان بەو موڵکەوە هەیە؟ ئەگەر بیشیانبێ، ئەوەندەی تێکوڵی دەنکە خورمایەک بەهرەیان بۆ مەردم نییە.

54) یان ئەوانە ئێرەیی بەمانە دەبەن کە خوا چاکەی دەگەڵ کردوون؟ خۆ دیاریشە ئێمە بە بەرەی ئیبراهیم کتێب و کارزانیمان داو دەستەڵاتێکی گەورەشمان پێ سپاردن.

55) بڕێک بڕوایان پێ هێنا و بڕێکتر ڕوویان وەرگێڕا؛ کە ئەوانە کڵی جەهەندەم [بەشیانە] بەسیشیانە.

56) ئەو کەسانەی لە نیشانەکانی ئێمە حاشادەکەن، لە دواڕۆژدا بە ئاگر دەیان سووتێنین هەتا پێستیان داپلۆخا، پێستی تریان بۆ دەگۆڕین تا ئازار پتر بچێژن. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

57) ئەو کەسانەش کە بوونە خاوەنی بڕوا و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکەن، دەیانبەینە باغاتی وا جۆباریان بە بەردا دەڕوا و هەتا سەر هەر تیا دەبن؛ ژنانی پاک لە گش عەیب و سێبەری پڕیان دەدەینێ.

58) خودا فەرمانوو پێدەدا، هەرچی ماڵی ئامانەتە بیاندەنەوە بە خاوەنیان؛ هەرگایەکیش بەکاری مەردم ڕادەگەن، بێ لاگری و بە یەکسانی پێ ڕابگەن. خودا زۆر باش ئامۆژگاریتان بۆ دەکا. خودا هەموو شتێک دەبیسێ و هەموو شتێکیش دەبینێ.

59) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بە فەرمانی خودا و پێغەمبەری خودا و کاربەدەستانی خۆتان بن. هەرکاتێکیش لە سەر شتێ لە نێو خۆدا پێک نەهاتن، ئەگەر بڕواتان بەخودا و بەڕۆژی قیامەتێ هەیە، کێشەی خۆتان حەواڵەی خوا و پێغەمبەری خودا بکەن. ئەم کارە بۆتان باشترە و ئاکامی چاکتری هەیە.

60) ئەدی ئەوانەت نەدیوە، وا خۆیان هەڵخستۆتەوە، بەو قورعانەی بۆ تۆ هاتۆتە خوارەوە و بەو کتێبەش کە بەر لە تۆ ناردراوە، بڕوا دەکەن؛ دەشیانەوێ کێشەیان بەرنە لای تاغووت؛ فەرمانیشیان پێدراوە: حاشای لێکەن. دیارە شەیتان وای گەرەکە بە یەکجاری لە ڕێگەیان هەڵە بکا.

61) ئەگەر بێتوو پێتان بڵێن: وەرنە لای ئەم قورعانەوە کە خوا ناردوویەتە خوارێ و وەرنە لای ئەم پێغەمبەرە، دووڕازەکان دەبینی کە زۆر بەتوندی ڕوویان لە تۆ وەردەگێڕن.

62) ئەدی چۆنە ئەوانە لە سەر کارێ خۆیان دەیکەن، هەرگا تووشی بەڵایەک بوون، دێنە لات و بە خوا سوێن دەخۆن کە: ئێمە بە نیازی چاکە کردن و نێوان خۆشی ئەو ئاکارەمان ڕەچاو کرد؟

63) خوا دەزانێ ئەوانە چییان لە دڵدایە. ئەتۆ هەر وازیان لێ بێنە و نسحەتیان کە و تەرزێکی وایان بدوێنە، دڵیان بەرەو خۆت ڕاکێشی.

64) هەر کەسێکمان بە پێغەمبەری ناردووە، بۆیە بووە کە بەخەڵک ڕابگەیێنێ، بە ئیزنی خوا دەبێ فەرمانی قبووڵ کەن. جا ئەمانەش لەپاش ئەوەی کە ئەو غەدرەیان لە خۆ کرد، گەر بهاتبانەوە لای تۆ و داوای خودا لێ خۆشبوونیان بکردایە؛ تۆیەکیش کە پێغەمبەری، داوای لە گوناهـ بووردنت بۆ ئەوانە بکردبا، بێ گومان ئەوسا دەیاندی کە خوا پەژیوانیەکەیان قبووڵ دەکا و دلۆڤانە.

65) بەڵام نەخێر، سوێندەکە بە پەروەرندەی تۆ ئەمانە نابنە خاوەنی بڕوا مەگین وەختێ کە لە کێشە و هەرای نێوان خۆیانا بتکەنە قازی و لە دڵەوە بەهەر فەرمانێ تۆ بیدەی ڕەدایان بێ و بەتەواوی ملکەچی بن.

66) ئەگەر ئێمە بۆ ئەمانەمان نووسیبا، کوشتاری خۆبەخۆ بکەن یان لە وڵاتوو دەرکەون - کەمیان نەبێ - نەیاندەکرد. کەچی ئەگەر وەکوو نەسیحەتیان دەکرا کردبایان، بۆ ئەوان چاکی دەهێنا و باوەڕیشیان بە خودا پتەوتر دەبوو.

67) ئەوسا ئێمەش لە لایەنی خۆمانەوە پاداشێکی مەزنمان بەوان دەبەخشی.

68) واشمان دەکرد کە لە ڕێگەی ڕاستی ئێمەش شارەزابن.

69) هەر کەسێکی بە فەرمانی خودا و ئەم پێغەمبەرە بێ، دەبێتە هاوڕێی ئەوانەی خودا چاکەی دەگەڵ کردوون؛ لە ڕێزەی پێغەمبەران و خوداپەرستانی ڕاستی و شەهیدان و پیاوچاکەکان؛ چ هاوڕێیانێکی چاکیشن ئەمانە!

70) ئەم چاکەیە خودا دەربارەیان دەکا و خوایان بەسە کە بەکردەیان دەزانێ.

71) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەمیشە هۆشی خۆو هەبێ و ئامادە بن دەستە دەستە، یان پێکەوە و بە تێکڕایی، بچنە خەزا.

72) هێندێکی واتان دەناو دان کە لە ئانقەست خۆ وەدوا دەدا و ناگاتێ. ئەگەر ئەوسا ئێوە تووشی چۆرتمێک بن، ئێژێ: خودا منی بەچاکە خوێندەوە کە من دەگەڵیاندا نەبووم.

73) ئەگەر ئێوە لە سایەی چاکەی خوداوە دەسکەوتێ باشوو دەس کەوت، وەک کەسێکی کە دەپێشدا هەر یەکتروو نەناسیبێ و دۆستایەتییتان نەبووبێ، ئێژێ: خۆزی منیش ڕەگەڵیان کەوتبام؛ ئەوسا منیش لەو خێروبێرە گەورەیە بەشدار دەبووم.

74) با ئەوانەی بۆ قیامەتێ دەس لە دنیایە هەڵدەگرن، بچنە خەزا لە ڕای خوادا. ئەوەش کە دەچێتە خەزا لە ڕێی خودا، چ بکوژرێ و چ سەرکەوێ لەو دنیا پاداشێکی گەورەی دەدەینێ.

75) بۆچی ئێوە ناچنە خەزا لەڕای خودا و لە بەر هێز لێ گیراوەکان؟ لە بەر پیاوان و ژنان و منداڵانێ کە دەڵێن: ئەی پەروەرێنمان! لەم شارە وا خەڵکەکەی ناهەقیکارن، ڕزگارن کەو لە لای خۆتەوە یار و یاوەرێکما بۆ دیاری بکە!

76) ئەوانەی خاوەن باوەڕن، خەزا لەڕای خودا دەکەن. ئەوانەش کە خوانەناسن لە ڕێگەی تاغووت شەڕ دەکەن. دەسا ئێوە بچنە شەڕی ئەوانەی دۆستی شەیتانن، فێڵی شەیتان زەبوون و بێ هێز و پێزە.

77) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە، پێیان گوترا: هەتا لە مەککەن شەڕ مەکەن؛ نوێژ بکەن و زەکات بدەن. کاتێ بیستیان خەزایان لە سەر نووسراوە و زانیان دەبێ بچنە شەڕێ، ئەوەندەیان لەو خەڵکەی کەدەچنە گژیان ترس ڕێ نیشت، کە لە خوداش هەر ئەوەندە ترساون و بگرە پتریش دەترسان؟ دەیانگوت: ئەی پەروەرێنمان! بۆچی خەزات بۆ نووسیوین، چی دەبوو تا ماوەیەکی تر دوات خستبان؟ بێژە: ژیانی دنیایە کەم و کورتە و بۆ ئەوانەی کە ترسیان لە خودا هەیە، ژیانی ئەولا زۆر باشترە و بەقەد داوی زراوی ناو دەنکە خورما، کەس ناهەقی لێ ناکرێ.

78) لە هەر کوێ بن تەنانەت ئەگەر لە قەڵای زۆر قایمیش [خۆ وەشێرن]، مردن دەتاندۆزێتەوە. هەرگا چاکەیان دێتە ڕێ، ئێژن: ئەمە لە خواوەیە. ئەگەر تووشی ناخۆشیش بوون، ئێژن: ئەمە لە تۆڕا بوو. بێژە: خۆشی و ناخۆشی هەر بە دەس خوایە. ئەرێ ئەم مەردمە چییانە؟ وەکوو دەهیچ قسەیەک تێنەگەن وایە!

79) تووشی هەر چاکەیەک ببی، لە خواوەیە. نا لەباریشت بێتەڕێ، بزانە کە لە خۆت ڕایە. تۆمان کل کرد کە بە سەر ئەو مەردمەوە پێغەمبەر بێ. هێندەت بەسە کە خودا ئاگای لێت هەیە.

80) هەر کەسێکی بەر فەرمانی پێغەمبەرە، دیارە بەر فەرمانی خوایە؛ هەر کەسیش خۆی لێ ببوێرێ، ئێمە بۆیەمان تۆ نەنارد کە لەسەریان چاوەدێر بی.

81) [لە ناویاندا کەسانێ هەن] ئێژن: ئێمە لە فەرمانی تۆ دەرناچین؛ بەڵام کە لێت دوور دەکەون - پێچەوانەی فەرمانی تۆ - شەوانە ڕاوێژێ دەکەن. هەر خەیاڵێ کە لەشەودا بەدڵیاندا ڕادەبوورێ، خوا دەینووسێ. تۆ ئەشێ وازیان لێ بێنی و خۆت هەر بە خودا بسپێری و کارسازت خودا بێ بەستە.

82) ئاخۆ ئەمانە لە قورئان وردنابنەوە و [سەرنجی ڕانەکێشاون]؟ ئەگەر قورئان کاری کەسێکی تر بووایە غەیرەز خودا، دیارە مەبەستی ناڕێک و دژیەکتریان فرە تێدا پەیدا دەکرد.

83) هەرگایەکی سەبارەت بە هێمنایەتی، یان مەترسی، دەنگ و باسێکیان پێدەگا، سەربەخۆ لە لای هەموو کەس دەیکەنە قاو. گەر هەر لە لای پێغەمبەر و کاربەدەستەکانی خۆیان بیانگوتایە، دەیانزانی ڕاستەقینەکەی کامەیە و ئەو جۆرە دەنگوباسانە لە کوێوە سەریان هەڵداوە. ئەگەر چاکە و بەزەیی خواتان نەبووایە، - کەمتان نەبێ - دەبوونە پەیڕەوی شەیتان.

84) تۆ لەسەرتە لە ڕای خودا بچیە خەزا و تۆ هەر ئەرکی خۆت لەسەرە. دنەو هانەی باوەڕدارەکانیش بدە، شایەت خوا لە بەدفەڕی و زەبروزەنگی خوانەناسان بووپارێزێ. خودا لەوان بەگوڕتر و ئازاترە و لە بەڵا بەسەرهێنانیش لەوان بەدەست و بردترە.

85) هەرکێ بێتە تکاکار و تکای بۆ کاری چاکە بێ، خۆیشی بەشی تێدا هەیە. هەر کەسێکیش تکا بۆ خراپە بکا، ئەویش بەشی لە خراپەکە پێدەگا. خودا لە سەر هەموو شتێ توانایە.

86) هەر کەسێکی چاک و خۆشیتان لێدەکا، ئێوە چاکتر چاک و خۆشی دەگەڵ بکەن؛ یان وەکوو ئەو پرسڤەکەی بدەنەوە. خوا بە هەموو شت ڕادەگا.

87) غەیرەز خودا هیچ شت بۆ پەرستن نابێ. لە ڕۆژی هەستانەوەدا - کە هاتنی بێ گومانە - لێکتروو کۆ دەکاتەوە. جا قسەی کێ لە قسەی خوا ڕاسترە؟

88) ئێوە چیتانە دەربارەی ئەو دووڕووانە، خۆتان کردۆتە دوو تاقم؟ لە بەر کارێ کردوویانە، بەراوەژووی کردوونەوە و [بە خوانەناسی داناون]. ئاخۆ ئێوە گەرەکتانە کەسێ خوا ڕێگەی لێ گوم کا، بیخەنەوە سەر ڕاستەڕێ؟ هەر کەسێ کە خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، تۆ ناتوانی ڕێگایەکی بۆ پەیدا کەی.

89) ئەو دووڕووانە - هەروەک خۆیان بێدینن - گەرەکیانە ئێوەش لە دینوو وەرگێڕن؛ ئەوسا وەکوو یەکتان لێ بێ. جا تا ئەوان لە ڕای خودا خۆیان دەربەدەر نەکەن و وەلتان نەیێنە خەزایە، ئێوە دۆستایەتییان مەکەن. ئەگەر ئەم کارەشیان نەکرد، ئێوە لە هەر کوێ تووشیان بوون، ڕێی هەڵاتنیان مەدەنێ و فەراقی ڕەشیان لێ ببڕن. دەگەڵ هیچ کامیش لەوانە دۆستایەتیتان هەر نەبێ و یار و یاوەر لە نێویانا هەڵمەبژێرن.

90) مەگین ئەوانەی پەیمانیان دەگەڵ کەسانێکدا هەیە، کە ئەوانیش بوونە هاوپەیمانی ئێوە؛ یان ئەوانەی لە ناچاری هاتوونە بەر داڵدەی ئێوە و لەو ناوەدا دوودڵ ماون بە گژ ئێوەدا بچن یا تووشی خزم کوشتن بن. ئەگەر خودا مەیلی لێ با، هێندەی دەستەڵات پێدەدان کە بە گژتاندا بچنەوە و سەریش کەون. ئەگەر خۆیان لە ئێوە دوور خستۆتەوە و بە گژتاندا نەهاتوون و دەیانەوێ شەڕتان لە ناودا نەمێنێ، خودا ڕێگەی پێ نەداون کە ئێوە دەستیان بۆ بەرن.

91) دەگەڵ گرۆیەکی تریشا ئێوە ڕووبەڕوو دەبن کە دەیانەوێ هەم لە ئێوە و هەم لەخزم و کەس و کاریان ئارخەیان بن؛ هەر وەختێکی ئەوان لێیان بگێڕنەوە، بێ سێ و دوو کردن دەچنە ناو خزمەکانیان. جا ئەوانە ئەگەر لێتان نەتەکنەوە و دەس لە بەدفەڕی هەڵنەگرن، لە هەر کوێ بەگیروو هێنان بیان کوژن و مەهێڵن لە دەستوو ڕاکەن. ئەوا ئێمە لە سەر ئەوان دەستەڵاتی تەواومان داوە بە ئێوە.

92) هیچ باوەڕدارێ بۆی نییە باوەڕدارێکی تر بکوژێ، جا مەگین بە هەڵە چووبێ. هەر کەسێکیش باوەڕدارە و، باوەڕداری بەهەڵە بەدەست کوژراوە، دەبێ لە بری ئەو کوشتنە کۆیلەیەکی خاوەن باوەڕ ئازاد بکا و خوێنباییشی بدا بە کەس و کارەکەی. جا مەگین پیاوەتی بکەن و پێی ببەخشن. ئەگەر کوشتە باوەڕدارە و سەر بە هۆزی دوژمنتانە، ئەوی بەدەستی کوژراوە لەسەریەتی کۆیلەیەکی باوەڕدار ئازاد بکات و [لە خوێنبایی وازبهێنن]. ئەگەر کوشتە لە هۆزێکی خوانەناسە و دەگەڵ ئێوەدا سوێندخۆرن، دەبێ خوێنباییەکەی بدرێ و بەندەیەکی باوەڕداریش ئازاد بکا. ئەو کەسێکی ئەو کارەی لەدەس قەومیوە و ناتوانێ بەندە ئازاد کا، لەسەریەتی دوو مانگی ڕەبەق لەسەریەک بە ڕۆژوو بێ. هەتا خودا پەژیوانی لێ قبووڵ کا. خودا زانای لەکارزانە.

93) هەر کەسێکیش هەرلە ئانقەست خاوەن باوەڕێک بکوژێ، لە بری ئەوە تا هەتایە هەر لە ناو جەحەندەم دایە و خودا لێی بە ڕکدا چووە و وەبەر نەحلەتی خستووە و ئازاردانێکی دژواری بۆ داناوە.

94) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە وەختێ بۆ خەزا بە ڕێدا دەڕۆن، هەموو شتێک لێکدەنەوە. نەکەن لە بەر ژیانی دنیا، بەوەی کەفەرمانبەری خۆی دەربڕیوە، بێژن: تۆ خاوەن باوەڕ نیت. ئێوە ئەگەر ماڵی دنیاتان گەرەکە، دەسکەوتی زۆر وا لای خودا. ئێوەش بەرێ هەر وابوون و باوەڕیتان بە خوا نەبوو؛ خودا ئێوەی بە بەزەیی خۆی خوێندەوە. سا بە وردی لە کاری خۆ خوردبنەوە؛ خودا لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.

95) ئەو بڕوادارانەی کە هەر لەماڵی خۆیان دەمێنن - جیا لەوانەی نوقوستانن - دەگەڵ ئەوانەی دەچنە جەنگ لە ڕای خودا و ماڵ و گیانیان ل ەڕێی ئەودا بەخت دەکەن، وەکوو یەک نین. خودا خەزاکارانی بەرامبەر بە خانەنشینان - بە پلەیەک - سەرخستووە. خوا بەڵێنی بە هەموو لایەکیان داوە کە چاکەیان دەگەڵ دەکا؛ بەڵام ئەوی لە مەیدانی خەزادا بن، لە چاو خانەنشینانەکان پاداشێکی هەرە مەزنیان دەداتێ؛

96) پلە و پایەگەلێکی زۆر - لە لای خواوە - هاوڕێ دەگەڵ لێخۆشبوون و میهرەوانی. خوا بەخشەندە و دلۆڤانە.

97) ئەو کەسانەی هەر لە جێی خۆیان مانەوە و ئەو غەدرەیان لە خۆیان کرد، کاتێ فریشتەی گیان کێشان پێیان دەڵێ: ئێوە لەچ بارێکدا بوون؟ دەڵێن ئێمە لە زەمیندا هێز و وزەلێگیراو بووین. پێیان دەڵێن: مەگەر سەرزەوینی خودا هەراو نەبوو تا لە زێدی خۆ کۆچ کەن و بڕۆنە جێگایەکی تر؟ ئەمانە دوژەە دەبێتە ئەنوایان و دواڕۆژی خراپیان هەس.

98) جا مەگین ئەو مێرو ژن و زارۆ هێزلێگیراوانەی هیچ دەرەتانیان نەبووبێ و بە ڕێگەشیان نەزانیبێ؛

99) هیچ دوور نییە خودا ئەمانە ببەخشێ. خودا چاوپۆشی لە لایە و بەخشەندەیە.

100) هەر کەسێکی لە ڕای خودا ل ەماڵی خۆی هەڵوەدا بێ، لەم زەمینە گەلێ شوێنی حاوانەوە و فەرحانی بۆ پەیدا دەبێ. هەر کەسێکیش لە زێدی خۆی دەربکەوێ و لە ڕێی خودا و پێغەمبەری خودادا دەربەدەر بووبێ و لە ئاوارەییدا بمرێ، خودا بۆ خۆی دەستەبەری پاداشیەتی و خوا لە گوناهان دەبوورێ و دلۆڤانە.

101) ئەر چوونە سەفەر و ترسان لەوە کە خوانەناسەکان تووشی تەشقەڵەتان بکەن، هیچ گوناهێکوو ناگاتێ نمێژتان هەڵبقرچێنن. بە ڕاستی خوانەناسەکان بە ئاشکرا دوژمنتانن.

102) ئەگەر تۆش دەگەڵیان [دەسەفەردا بووی] بۆ خۆت نوێژت بۆ دابەستن، با هێندێکیان بە چەکەوە نوێژ لە دوای تۆوە دابەستن؛ ئەگەر لە سوژدە بوونەوە بچنە دواوە و لە پشتەوە بووپارێزن. ئەمجار ئەوانەی لە نوێژدا بەشدار نەبوون، بێنە پێش و نوێژێ دەگەڵ تۆ دابەستن و لە سەر هۆش بن لە چەکەکان و لە خۆیان. خوانەناسان بە ئارەزوون ئێوە ئاگا و لە چەک و ئەسبابتان ببڕێ و لەپڕ پەلامارتان بدەن. ئەگەر باران تووشی سەغڵەتیتان دەکا، یان نەخۆشن، ئەگەر چەکەکانوو دانێن هیچ گوناهێکوو ناگاتێ؛ بەڵام هەر دەبێ وشیار بن. دیارە خودا بۆ ئەوانەی دین دوژمنن، ئازاردانی ئابڕووبەری ساز کردووە.

103) هەرگا لە نوێژێ بوونەوە، بەپێوە و بە دانیشتن و کە لە سەر لایەک ڕادەکشێن، یادی خودا و لە بیر نەچێ. لە وەختی خاترجەمیشدا - کە هیچ ترستان نەماوە - بە ئاسایی نوێژەکانی خۆتان بکەن. نوێژ لە سەر خاوەن باوەڕان نووسراوێکە، وەختی بۆ دیاری کراوە.

104) لە دانەپەی دوژمنا هیچ سستی مەکەن. ئەگەر ئێوە لەوان تووشی ئازار دەبن، ئەوانیش - هەروەکوو ئێوە - لە ئێوە ئازار دەبینن. ئێوە هومێدوو خودایە، ئەوان ئەمەشیان لا نییە. خودا زانای لەکارزانە.

105) ئەم قورعانەمان بۆ لای تۆ ناردۆتە خوار، کە هەرچی تێیدایە ڕاستە. سا تۆ بە هۆی ئەم قورعانە - وەک خودا ڕێی نیشان داوی - بەکاری مەردم ڕابگە، خۆشت مەکە بە لاگری گزیکاران.

106) لە بەر خودا بپاڕێوە کە لێت خۆش بێ، خودا لە گوناهـ دەبوورێ و دلۆڤانە.

107) گێرە و کێشە لەسەر ئەو کەسانە مەکە کە دەگەڵ خۆیان غەیانن. خوا حەز ناکا لەو کەسانەی زۆر غەیان و گوناهبارن.

108) شت لە خەڵک دەشارنەوە، خۆ ناتوانن لە خودا هیچ بشێرنەوە؛ خوداش دەگەڵیانە کاتێ کە شەوانە قسەگەلێ دەکەن کە پێ قادێ نییە. هەر کارێکی ئەوان دەیکەن، دیارە خودا ئاگای لێیە.

109) وا گریمان تا لە سەر دنیا ژیاون، توانیت لاگیریان لێ بکەی و لە سەر ئەوانە بە جواب بی؛ ئەدی کێ لە ڕۆژی سەڵا توانای هەیە - کە لە بەرانبەر خوداوە - لە سەر ئەوان بکاتەوە، یان کێ هەیە کارەکەیان وەستۆ بگرێ؟

110) هەر کەسێکیش کاری نالەبار بکا، یان غەدرێکی لە خۆی بکا، پاشان لە خودا بخوازێ کە بیبەخشێ، دەبینێ کە خوا لێی بوور و دلۆڤانە.

111) هەر کەس گوناحێ بکا، گوناهەکەی زیان بە خۆی دەگەیێنێ و خودا زانای لەکارزانە.

112) هەرکێ بە هەڵە یان بەقەست، تاوانێکی لێ ڕووبدا و بیخاتە سەر بێگوناهێک، ئاشکرایە باری تاوانی، بوختانی لە سەر شانە.

113) ئەگەر چاکە و بەزەیی خوا دەهانای تۆ نەهاتایە، هێندێ لەوان قورمی خۆیان خۆش کردبوو ڕێت لێ ون کەن. هەر خۆیانن کە ڕێگە لەخۆ گوم دەکەن؛ ئەو ناتانن هیچ زیانێک لە تۆ بدەن. خوا کتێبی بۆ ناردووی و لەکارزانی فێر کردووی؛ زۆر شتی وای فێری تۆ کرد کە تۆ پێشوو نەت دەزانین. چاکەی زۆر هێژا و گرینگت لە خواوە دەگەڵ کراوە.

114) زۆربەی سرتە و چپەکەیان بەهرەی نییە، جا مەگین باسی خێرات و کاری ڕەوا و پێک هێنانەوەی مەردم بێ. هەر کەس مەحزی ڕەزای خودا چپە بکا، لە دواڕۆژدا پاداشی گەورەی دەدەینێ.

115) هەر کەسێکی لە پاش ڕاستی بۆ دەرکەوتن و شارەزا بوونی لەم دینە، پێچەوانەی پێغەمبەر بجووڵێتەوە و ڕچەیەک بگرێتە بەرێ کە ڕێی باوەڕداران نییە، ئێمە بەو ڕێیەیدا دەبەین کە خۆی هەڵیبژاردووە. تا دەیخەینە جەهەندەم و دواڕۆژی زۆر ناخۆش دەبێ.

116) خودا لەوانە نابوورێ کە شەریکی بۆ بناسن. لەوە پێوە لەهەر کەسێ بۆ خۆی حەز کا، عافووی دەکا. هەر کەسێکی شەریک بۆ خودا دابنێ لە ڕادەبەدەر گومڕایە.

117) ئەوانە لەجیاتی خودا هانا دەبەنە بەر بەرد و کڕەکی وا کە زۆربەیان ناوی مێوینەیان هەیە و دیارە هاوار دەبەنە بەر ئەو شەیتانەی سەربزێوی کردووە و دەرکراوە؛

118) خودا بە نەحلەتی کردووە و ئەویش لە جوابا گوتوویە: شەرتە لە عەبدەکانی تۆ بەشێک بۆ خۆم گل دەمەوە؛

119) دیاریشە لە ڕاستە ڕێ یان دەردەخەم و دڵیان پر دەکەم لە ئاوات و بۆ خۆم فەرمانیان پێدەدەم گوێچکەی وڵساتیان دادڕن و فەرمانیشیان بۆ دەردەخەم تەرح و بیچمی ئەو شتانەی خوا کردوویە، تێکی بدەن و بیگۆڕن. جا هەر کەسێ خودای نەوێ و دەگەڵ شەیتان ببێتە دۆست، دیارە چەند زیانمەند دەبێ.

120) بەڵێ بەڵێنیان پێدەدا و دەیانخاتە سەر ئارەزوو. ئەو بەڵێنی کە شەیتان بەوانی دەدا، فریو نەبێ چیتر نییە.

121) جێی ئەوانە جەحەندەمە و دەرەتانی تریان نییە.

122) ئەوانە کە بە بڕوان و ئاکار چاکن، دەیانبەینە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و هەتا سەر هەر تیا دەبن. دیارە وادەی خودا هەقە و کێ لە خودا ڕاسگۆترە؟

123) نە بە ئاواتی ئێوەیە و نە بەهەوا و ئارەزووی ئەو کەسانەیە بە ئەهلی کتێب حەسێبن. هەر مرۆیەک کارێکی نالەبار بکا، بەو کارەی خۆی جزیا دەدرێ و جیا لە خوا هیچ کەسی بۆ پەیدا نابێ دۆستی بێ و دەهاواری بێ.

124) هەر مرۆیەک – نێر بێ یان مێ – هەر هێندە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بێ، دەچنە بەهەشتەوە و بە ئەندازەی تڵیشی وردیلەی ناوکەخورمایەش ناهەقیان لێ ناکرێ.

125) چ دیندارێک دینی لەو کەسە چاترە کە خۆی بە خوا سپاردووە و چاکەکارە و کەوتۆتە شوێنی ئایینی ئیبراهیمی لە ناڕەوا لادەر و بەرەو هەق هاتوو؟ ئەو ئیبڕاهیمەی کە خودا ببووە دۆستی.

126) هەر شتێک لە ئاسمانان و زەمیندایە، هی خودایە و هەر خوایە لە هەموو شت ئاگادارە.

127) دەربارەی ژنەکانەوە لێت دەپرسن؛ بێژە: بە هۆی ئەم کتێبە - کە بۆتان دەخوێنرێتەوە - خودا جوابی ئەو پرسیارە و دەداتەوە. ئەو کیژانەی کە بە هەتیوی ماونەوە و ئەو ماڵەی کە دەیانکەوێ، نایاندەنێ و گەرەکتانە لە خۆتانیان مارە بکەن، هەروەها ئەو مناڵانەی زەبوون و بێ دەرەتانن، لەسەرتانە دەگەڵ هەموو هەتیواندا بە یەکسانی ڕەفتار کەن و ئێوە هەرکارێ چاک بکەن، لێتان ڕوون بێ کە خودا لێی ئاگادارە.

128) ئەگەر ژنێک هەستی بەوە کرد مێردەکەی ئەشقی بووە یا نە ڕووی لێ وەردەگێڕێ، قەیدێ ناکا هەوڵی لە هەڤ هاتن بدەن؛ ئاشت بوونەوە لەو دڕدۆنگیە باشترە. خۆشەویستی ماڵی دنیاش لە لای هەموو کەسێ هەیە. جا ئەگەر چاکەی بکەن و خۆ لە هەڵە بپارێزن، خودا لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.

129) ئێوە هەرچەند هەوڵیش بدەن، قەت ناتوانن لەگەڵ ژنانی خۆتاندا بێ جیاوازی ڕەفتار بکەن. سا ئەوەندە لە خۆیان دوور مەخەنەوە کە هەڵپەساردە و تەخسیریان کەن. ئەگەر دەگەڵیان پێک بێن و خۆ لە گونا بپارێزن، خودا بووردنی لە لایە و دلۆڤانە.

130) خۆ ئەگەر هەر بە یەکجاریش دەس لێک بەردەن، خودا فەرحانی لە لایە و هەر دووکیان بێ نیاز دەکا و بەزەیی خودا هەراوە و هەر بۆ خۆشی لەکارزانە.

131) بۆ خودایە هەر شتێک لە عاسمانان و زەمیندایە. ئەو کەسانەی لە پێشوودا کتێبی ئێمەیان بۆ هات، ئێوەشمان ڕاسپاردووە کە دەبێ لە خوا بترسن. خۆ ئەگەر حاشاشی لێ بکەن، دیسان هەرچی کە لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە بۆ خودایە و خوا هەمیشە هەر لە گش کەس بێ نیازە و هەر دەبێ پەسندی بدرێ.

132) ئارێ هەرچی کە لە ناو عاسمانەکان و زەویدایە، سەر بە خوایە. هەر خودا کارساز بێ بەسە.

133) ئەی مەردم! ئەگەر خوا حەز کا، گشتوو تەرت و تونا دەکا و غەیری ئێوە لە جێگەو دادەمەزرێنێ و خودا ئەو کارەی لە دەس دێ.

134) کێ لە ئێوە گەرەکیەتی لە دنیا خۆشی ڕابوێرێ، با تێبگا کە خۆشی دنیا و قیامەتیش وا لای خودا و خوداش بیسەر و بینەرە.

135) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بە یەکسانی و بێ جیاوازی [بە کاری مەردم ڕابگەن] و بۆ خوداش شایەتی بدەن؛ هەرچەندە شایەتی دانوو بە زیانی خۆتان و دایک و بابتان و خزمانیشوو بێ. [ئەر شایەتی بۆدراوان] دارا بن یاخۆ هەژار بن، خوا بۆ ئەوان دڵسۆزترە؛ مەکەونە شوێن ئارەزووتان، نەوا لە ڕێگە لا بدەن. ئەگەر زمان بخەنە لا، یا خۆتان لە شایەتی دان بدزنەوە، لە هەر کارێ ئێوە دەیکەن، خوا هەمیشە ئاگادارە.

136) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! وێڕای ئەوەی بڕواتان بە خوا هێناوە، ئەشێ بڕواو بە پێغەمبەرەکەی هەبێ و بڕواو بەو قورعانە هەبێ بۆ پێغەمبەری ناردووە و بڕواتان بەو کتێبەش بێ کە بەر لە قورئان ناردوویە. هەر کەسێکیش لە خودا و فرشتەکانی و کتێبانی و پێغەمبەرەکانی خودا و ڕۆژی سەڵا حاشا بکا، لە ڕادەبەدەر گومڕایە.

137) ئەو کەسانەی هەوەڵجار بڕوایان هێنا و پاشان پەشیمان بوونەوە؛ دووبارە بڕوایان هێنا و بە شوێنیا حاشایان لێ کرد، ئەوسا خودانەناسیان پتەوتر بوو، هەرگیز خودا نایان بەخشێ و ڕێگایەکیان نیشان نادا.

138) مزگێنی بە بەدووڕازان کە ئازارێکی زۆر بەژان وا لە ڕێیان.

139) ئەو کەسانەی دەبنە دۆستی خوانەناسان و لە کۆمەڵ باوەڕداران دەتەکنەوە، ئاخۆ بە تەمان کە لای وان قەدر و حورمەتیان دەس کەوێ؟ با بزانن کە قەدر و ڕێز هەر لای خوا هەیە و هیچی تر.

140) لەم قورعانا بە ئێوەی ڕاگەیاندووە: هەرگایەکی پێتان زانی کەسانێک هەن لە وەختی قورئان خوێندنا دەس دەکەن بە گاڵتەو گەپ و بە درۆی هەڵبەستەی دەزانن، ئێوە نابێ - هەتا ئەو باسە نەگۆڕن - لە گەڵیاندا دابنیشن؛ دەنا ئێوەش ئەوسا وەکوو ئەوان دەبن. دیارە خودا گش ئەو کەسانەی دووڕوو بن، وێڕای گەلی خوانەناسان لە دوژەە کۆ دەکاتەوە.

141) ئەوانە لێتان دەخەڤتێن: سا هەرگا خوا ئێوەی سەرخست، ئێژن: ئێمەش هەر دەگەڵ ئێوەدا نەبووین؟ خۆ ئەگەر خوانەناسانیش لە بەشێکدا باو خۆشتر بوون، پێیان ئێژن: هونەر هونەری ئێمە بوو؛ ئێمە بە دڵ دەگەڵتان بووین؛ ئێمە نەنهێشت باوەڕداران بتانگەنێ و دەرۆستوو بێن. خودا دوایی و ڕۆژی سەڵا بە کاروبارتان ڕادەگا. خودا هەرگیز هیچ ڕێگایەک نادا بە خودانەناسان کە دژی باوەڕداران بێ.

142) بە دڵ دەغەڵانی دووڕوو دەیانەوێ خوا فریو دەن، کەچی خوا دەیانخەڵەتنێ. ئەگەر دەچن نوێژ دابەستن، بە تەوەزەلی هەڵدەستن؛ ڕووبینی لە خەڵک دەکەن؛ کەمیان نەبێ کەمتر ناوی خوداش دێنن؛

143) وازوازین لەم نێوانەدا؛ دوودڵن بچنە لای ئەمان، یان خۆبدەنە لای ئەوان. کەسێ خوا ڕێی لێ بگۆڕێ، تۆ ناتوانی هیچ ڕێگەیەکی نیشان دەی.

144) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەدەر لە خاوەن باوەڕان مەبنە دۆستی خوانەناسان. ئاخۆ ئێوە دەتانەوێ بەڵگەیەکی بە ئاشکرای دژی خۆتان بدەن بە خوا؟!

145) دیارە ئەو کەسانەی دووڕوون، وان لە قاتی هەرەبەرەژێری دوژەە. تۆ ناتوانی یاریدەریان بۆ پەیدا کەی.

146) مەگین ئەو کەسانەی دووڕوون دەست لە دووڕوویی هەڵگرن و تەواو پەشیمان ببنەوە و ڕێگەی چاکە بگرنە بەر و خۆیان بە خودا بسپێرن و بە دڵی پاک ببنە دینداری بە ڕاستی. ئەوسا ئەویش وێڕای باوەڕداران دەبن و لە دواڕۆژدا خودا بەباوەڕدارەکان پاداشی زۆر گرینگ دەدا.

147) ئەگەر ئێوە بڕواتان بە خودا هەبێ و چاکەی ئەوتان دەچاودا بێ، خوا چ کاری بە ئازاری ئێوە داوە؟ خودا سوپاسی پێزانان قبووڵ دەکا و لە هەموو شت ئاگادارە.

148) خودا پێی خۆش نە هیچ کەس بە دەنگی بەرز قسەی ناحەز بدرکێنێ؛ مەگین غەدری لێکرا بێ. خودا بیسەر و زانایە.

149) ئەگر ئێوە چاکە بکەن - ئەو چاکەیە و ئاشکرا بێ یان نهێنی - یان لە کارێکی نالەبار چاوبپۆشن، خوا هەمیشە توانایە بۆ عافوو کردن.

150) ئەو کەسانەی دڵیان دژی خوا و پێغەمبەرەکانیەتی و دیارە دەیانەوێ لە نێوان خوا و پێغەمبەرەکانی فەرقێ دانێن، ئێژن: ئێمە باوەڕ بەهێندێکیان دەکەین، هێندێکیشیان بە جێگەی باوەڕ نازانین؛ گەرەکیانە لەم نێوانە ڕێگەیەک بۆ خۆ پەیدا کەن.

151) بە ڕاستی کە ئەمانە خودانەناسن و ئێمە بۆ ئەو خوانەناسانە ئازاری ئابڕووبەرمان ئامادەس.

152) ئەوانەش کە باوەڕیان هەس بە خوا و پێغەمبەرەکانی و لە ناویانا فەرق و جیاوازی دانانێن، لە دواڕۆژدا خودا پاداشیان دەداتێ و لە گوناهانیان دەبوورێ و دلۆڤانە.

153) ئەوانەی ئەهلی کتێبن، لێت دەخوازن کتێبێکیان [بە تایبەتی] لە ئاسمانەوە بۆ بێنی. هەر ئەوانە ئەوی لە مووسایان دەویست، زۆر لەم کارەش گرینگتر بوو. گوتیان: خوامان بە ئاشکرا پێ نیشان دە! لە سزای ئەم بەدفەڕیەدا بەر هەورەتریشقە کەوتن. جارێکی تر - پاش دیتنی گەلێک بەڵگەی بە ئاشکرا - چون بوونە گوێرەکە پەرست. چاوپۆشیمان لەوەشیان کرد؛ بەڵگەی دەستەڵات داریمان دا بە مووسا.

154) بە هۆی پەیمانێ کە دایان، چیای توورن لە سەر وان لە بەرزی ڕاگرت؛ پێمان وتن: بە سوژدەوە لەو دەرکەوە بچنە ژوورێ و پێشمان وتن نابێ لە ڕۆژی شەممەدا دەست درێژیو لێ ڕوو بدا؛ پەیمانێکی پتەویشمان لێ ستاندن.

155) ئەوسا لە سەر پەیمان شکاندنیان و خۆبواردنیان لە نیشانەکانی خوا و هەر لە ناهەق کوشتنی پێغەمبەرانیان و گوتنیان: «ئێمە دڵمان داخراوە»؛ [بەر نفرینی خۆمان خستن.] هەر خودا خۆی دڵی بە مۆر داخستبوون. ئیتر بەشی کەمیان نەبێ، لە باوەڕ هێنان بێ بەشن.

156) لە بەر لە ڕێ خوا لادان و ئەو بوختانە گەورە بۆ مەریەمیان هەڵبەست؛

157) لە بەر ئەوەش کە دەیانگوت: ئێمە عیسای کوڕی مەریەمن لە ناو برد - کە پێغەمبەری خودا بوو - کەچی نە ئەوان کوشتیان، نە توانیان لە قەنارەی دەن؛ بەڵام سەریان لێ تێک چووبوو، نەیانناسی و ئەو کەسانەی دەربارەی ئەم لە ناو خۆدا کێشەیانە، لە ڕایەکەیان دوودڵن لەو بارەوە و هەر پەیڕەوانی گومانن و بێگومان نەیانکوشتووە؛

158) بەڵکوو خوا بەرەو خۆی هەڵکێشایەوە. خوا هەمیشە خاوەنی دەستەڵات بووە و لەکارزانە.

159) لەوانەی ئەهلی کتێبن، هەر کەسێکیان - بەر لە مەرگی - بڕوای بە عیسا دەهێنێ، دیارە [عیساش] ڕۆژی قیامەت دەبێتە شایەت لە سەریان.

160) بەو ناهەقیەی کە لە جوولەکان دەرکەوت و زۆر کەسیان لە ڕێگەی خودایە وەرگەڕان، لەو شتانەی بۆیان ڕەوا کرابوو، بێ بەشمان کردن.

161) هەروا بە هۆی سووت خواردنیان، کە پێیان گوترابوو مەیخۆن و بە فێڕۆ دارایی مەردمیان دەخوارد؛ ئێمەش بۆ ئەو پێ نەزانانن و سپڵانە ئازارێکی گەلێ بەژانمان ساز داوە.

162) بەڵام زۆر زاناکانیان و بڕواداران - بە تایبەت ئەو کەسانە وا نوێژ بە باشی بەجێ دێنن - هەروەها زەکات دەران و ئەوانەی کە بە خوا و بەرۆژی سەڵا خاوەن بڕوان و بەوەی بۆ تۆ ناردراوەتە خوارەوە و بەوەش وا پێش تۆ ناردراوە، باوەڕیان هەس؛ بە ئەوانە بەم زووانە پاداشێکی گرینگ دەدەین.

163) ئێمە فەرمانی خۆمانمان خستە دڵت، هەر وەک نووح و پێغەمبەرانی دوای ویشمان واتێگەیاند. خستیشمانە دڵی پاکی ئیبراهیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و نەوەکان و عیسا و ئەییوب و یونس و هاروون و سولەیمان؛ زەبووریشماندا بە داوود.

164) پێغەمبەرانی دیکەشمان بەڕێ کردن؛ چ ئەوانەی کە دەپێشدا بوون و چوون و سەربهوردیانمان بۆ گوتووی و چ ئەوانەی دەربارەیان نەمدواندووی. خوداش بۆ خۆی - ڕاستەوخۆ - مووسای دواندوووە.

165) گش لە گشتیان پێغەمبەری مژدەدەر و ترسێنەر بوون. هەتا لە پاش پێغەمبەران ئەو خەڵکە هیچ بەڵگەیەکیان لە لا نەبێ بۆ لای خودا. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

166) خودا بۆ خۆی ئاگای لێیە و فرشتەکانیش هەموویان ئاگادارن، کە خودا بە زانستی خۆی ئەمەی بۆ تۆ ناردۆتە خوار. ئاگادار بوونی خوا بەسە.

167) ئەوانەی لە دین دەرچوون و ڕێگەی خوداناسان دەبڕن، ڕێ لێ گوم بووی لە ڕادەبەدەر ئەوانن.

168) ئەوانە لە ڕێگەی خودا لایاندا و ناهەقیان کرد؛ خودا نە لێیان خۆش دەبێ، نە ڕێگەیەکیان نیشان دەدا؛

169) مەگەر تەنیا ڕێی جەحەندەم، کە هەر تیا دەمێننەوە و ئەمەش لای خودا هاسانە.

170) ئەی خەڵکینە! ئەم پێغەمبەرە بەرهەقە و لەلایەن پەروەرندەتانڕا هاتووە. دەسا باوەڕی پێ بێنن قازانجتانە. ئەگەر لە قسەی خوداش دەرچن، باش بزانن هەر شتێک لە ئاسمانان و زەمیندایە، بۆ خودایە و خودا زانای لەکارزانە.

171) ئەی کەسانی ئەهلی کتێب! هەڵەڕۆیی لە دینی خۆتاندا مەکەن؛ جگە لە ڕاست دەربارەی خودا مەبێژن. ئاشکرایە کە مەسیحی کوڕی مریەم پێغەمبەری خودا بووە. خودا بە فەرمانی خۆی و هەر لە نەفەسی پیرۆزی خۆی هاویتیە ناو تۆلی مەریەم. دەسا ئێوە باوەڕتان بە خودا هەبێ و بە پێغەمبەرانی ئەویش بڕوا بێنن و مەبێژن سێن. واز لەم قسانە بهێنن؛ کە بۆ ئێوە وا چاکترە. دیارە هەر خوایەکتان هەیە و ئەویش لەو تۆمەتە دوورە کە هیچ فرزەندێکی هەبێ. هەرچی لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە، هەر بۆ ئەوە. بۆ پێک هێنانی کاروبار هەر خۆی بەسە.

172) مەسیح هەرگیز لەوە حاشای نەکردووە کە بەندەیەکی خودایە؛ فرشتانی نزیک بە خوداش، هەر وەتر. هەر کەسێکی بە کوێلایەتی خودا ڕازی نەبێت و بادی هەوایی بنوێنێ، هەر بینا خوا هەموو لایەک لە لای خۆی کۆکاتەوە.

173) ئەوسا ئەوی خاوەن باوەڕ و کارچاکن، سەرباری پاداشی خۆیان خودا پتر چاکەیان دەربارە دەکا. ئەو کەسانەش کە لە خودا لایانداوە و پیشەیان لووت بەرزی بووە، خودا تووشی جەزرەبەی بەژانیان دەکا و لە خوا پێوە هیچ دۆست و هاریکارێکیان دەس ناکەوێ.

174) ئەی خەڵکینە! لەپەروەرندەی ئێوەڕا بەڵگەیەکتان بۆ هاتووە و ڕۆشناییەکی ئاشکرامان بۆ ئێوە ناردۆتە خوارێ.

175) جا ئەوانەی باوەڕیان بە خوا هێناوە و خۆیان هەر بەو سپاردووە، بە زوویەکی زوو دەیانخاتە بەر بەزەیی خۆی و زیاتریش. دەشیانخاتە سەر ڕێگەی ڕاستی بەرەو خۆی.

176) لەمەڕ کەسێ کە باوک و فرزەندی نییە و دەمرێ، پرسیارت لێدەکەن؛ بێژە: خودا ئەو جوابەتان دەداتەوە: ئەگەر پیاوێ هیچ عەولادی نییە و دەمرێ و هەر تەنیا خوشکێکی هەیە، نیوەی میراتەکەی دەبا. خۆ ئەگەر خوشکەکە بمرێ و هیچ فرزەندی لە پاش نەبێ، براکەی میراتێ دەبا. ئەگەر مردوو پیاوێکە و دوو خوشکی لێ مان، دوو بەش لە سێ بەشیان هەیە. ئەگەر چەند خوشک و چەند برا لە پاش مردوو بە جێ مابوون و مردوو فرزەندێکی نەبوو، هەر نێرینەی دوو ئەوەندەی مێوینە میراتێ دەگرێ. خوا بۆتان ڕوون دەکاتەوە، نە وەکوو لێتان تێک بچێ. خوا لە هەموو شت زانایە.