2- بەقەرە

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 62 خولەک  5270 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، میم.

2) ئەم کتێبە هیچ گومانی تێدا نییە؛ بۆ ئەوانەی پارێزگارن، ڕێ شاندەرە:

3) ئەو کەسانەی بڕوایان بە نەدیار هەیە و نوێژ دەکەن و لەو بژیوەش کە ئێمە پێمان داون، دەبەخشن.

4) ئەوانەش کە بەو کتێبەی لەمەڕا بۆ تۆ هاتووە و بەوانەش بۆ پێغەمبەرانی بەر لە تۆ بەڕێ کراوە، بەبڕوان و لە هاتنی ڕۆژی پەسڵانێ، گومانێکیان نییە.

5) ئەوانە پەروەرندەیان ڕێبەریانە و دیارە گرۆی ڕزگارانن.

6) گەلی خودا نەناسانیش بترسێنی، یان ترسیان وەبەر نەهێنی، وەکوو یەکە؛ ئەوان لە باوەڕی هێنان خۆ دەبوێرن.

7) لە خوداوە دڵ و گوێیان مۆر کراوە و پەردەیەکیش بە بەر چاویاندا کشاوە و بەشیان ئازاری بەژانە.

8) لەم خەڵکەدا ئی وا هەیە، ئێژن: باوەرمان بە خودا و ڕۆژی سەڵا هێناوە؛ کەچی باوەڕیشیان نییە.

9) ئەوان خودا و باوەڕداران فریو دەدەن؛ کە هەر خۆیان فریو داوە و پێش ناحەسن.

10) دڵیان دەغەزێکی هەیە و خوا دەغەزی پتر کردوون؛ لەسەر ئەم درۆ کردنە، بەشیان ئازاری بەژانە.

11) ئەگەر کەسێ پێیان بێژێ: لەم هەردە بەدفەڕی مەکەن! ئێژن: ئێمە چاکەکارین.

12) باش بزانن، کە خراپەکار ئەوانن؛ بەڵام بۆ خۆیان نازانن.

13) هەرگاش یەکێ پێیان بێژێ: ئێوەش سایری ئەم خەڵکە بڕوا بێنن، ئێژن: جا چۆن ئێمە وەک نەفامان بڕوا بێنین؟ با بزانن، کە خۆیان نەفامەکانن؛ بەڵام بەخۆیان نازانن.

14) هەر وەختایەک دەگەنە خاوەن باوەڕان، دەڵێن: ئێمەش وەک ئێوە خاوەن باوەڕین. هەرگاش چوونە لای شەیتانەکانی خۆیان، ئێژن: ئێمە وەل خۆتانین؛ هەر گەمە بەمانە دەکەین.

15) خودا گاڵتە بەوان دەکا و بەریان بۆ بەرهەڵدا دەکا، تا لە ئەو سەرکێشییەدا سەرگەردان بن.

16) ئەوانە ڕاستەڕێیان دا بە گومڕایی و لە سەودادا تێشکاون و ڕێگەی ڕاستیان بەدی نەکرد.

17) ئەمانە ڕاست بە مەرەدی کەسانێ چوون، کە خەریکی پێکردنی ئاگرێک بوون؛ هەر کە ڕۆشنایی ئاگر دەوروبەری ڕۆشن کردن؛ خودا ڕووناکییەکەی بردن و لە تاریکێکی وادا وێڵی کردن، هیچ ئاشتەبایان نەدەدیت.

18) کەڕن، کوێرن، لاڵ و پاڵن؛ ناتوانن بشگەڕێنەوە.

19) یانە [هەر وەکوو کەسانێ کە] بارانی بەلووزەویان دەگەڵ هەور و چەخماخەدان لەو حەوایە بۆ ببارێ و بکەونە ناو تاریکایی؛ لە ترسی هەورەتریشقە، تلی لە گوێیان ڕابکەن، نەکا بمرن. خودا دەوری لەم خوا نەناسانە داوە.

20) لەوانەیە برووسکەی هەور کوێریان بکا. هەر شریخەی چەخماخە هات، دەکەونە ڕێ و هەرگا لێیان تاریک داهات؛ ڕادەوەستن. خۆ ئەگەر خوا بیویستایە، گوێ و چاوی لە کار دەخستن؛ خوا هەموو شتێکی پێ دەکرێ.

21) ئەی خەڵکینە! هەر ئەو خوایە بپەرستن کە ئێوە و زۆری تریشی پێش ئێوە وەدی هێناوە. بەشکوو خۆتان بپارێزن.

22) ئەو خودایە، هەردی بۆ کردوون بە ڕایەخ، ئاسمانی بەرز کردەوە و ئاوێکی لەو حەوایەوە بۆ باراندن؛ هەموو جۆرە بەروبووی – بەهۆی ئەو ئاوە – بۆ ڕوواندن. دەیسا کە ئەوەو زانیوە، چۆن شەریکان بۆ ئەو خوایە پەیدا دەکەن؟

23) ئەگەر لەمەی کە ئێمە بۆ عەبدی خۆمان ناردۆتە خوار بەگومانن و پێشتان وایە ڕاستی بۆ چوون، دەسا ئێوە وێڕای هاوباوەڕەکانتان بە گەلەکۆمەکی یەکتر – جگە لە خوا – سوورەتێکی وەک ئەو بێژن.

24) ئەگەر نەوکرد – کە هەرگیز بۆشتان ناکرێ – سا بترسن لەو ئاگرەی دەستەچیلەی تەوەن و لەشی مرۆیە و هەر بۆ خودانەناسەکان هەڵکراوە.

25) بەو کەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، موژدە بدە: باغاتێکی وایان دەبێ، جۆباریان بە بەردا دەڕوا و لە هەر میوەیەک بچێژن، ئێژن بەرێ ئەمە کرابووە بەشی مە و ئێستا وێنەیان هێناوە. ژنەکانیان لەوێ زۆر پاک و خاوێنن؛ تاهەتایەش هەر لە بەهەشتا دەمێنن.

26) خودا لەوە شەرم ناکا مێشوولە و لە پێشکەش کەمتر بە نموونە بێنێتەوە. جا ئەوانەی بەباوەڕن، ڕوون دەزانن ئەمە ڕاستە و لە پەروەرندەیانڕایە. ئەوانەی خودا نەناسن ئێژن: خودا لەم نموونە هێنانەوە چی گەرەک بوو؟ زۆرانی پێ گومڕا دەکا و فرەشیان شارەزا دەکا. هەر ئەوانە پێی تووشی گومڕایی دەبن کە لە ڕێگایە لادەدەن.

27) ئەو کەسانەی پەیمان دەگەڵ خوا دەبەستن و دەیشکێنن؛ ئەو شتەی خودا ویستوویە هەر بە ساغی بیهێڵنەوە، دەپسێنن و لە عەردا بەدفەڕی دەکەن، هەر خۆیان زیانبار دەبن.

28) چۆن لەو خوایە حاشا دەکەن کە لە نەبوو، ژیانی داوە بە ئێوە و لە پاشان دەتانمرێنێ و دیسان زیندوو دەکاتەوە و ئەوسا گشتوو بۆ لای ئەو دەگەڕێنەوە.

29) هەر خۆیەتی هەرچی لە زەمیندا هەیە، بۆ ئێوەی بەرهەم هێناوە و ئەوسا پەرژایە بەرزایی و حەوت نهۆمی لێ دروست کرد. هەر ئەویشە ئاگای لە هەموو شت هەیە.

30) ئەو کاتەی پەروەرندەی تۆ بە فریشتانی ڕاگەیاند: من دەمەوێ بریکارێک لەسەر زەمین دیاری بکەم؛ گوتیان: تۆ کەسێ وا دێنی لەوێدا خراپە بکا و خوێن بڕێژێ، کەچی ئێمە هەر شوکرانەی تۆ دەکەین و پەسنی پیرۆزیی تۆ دەدەین؟ گوتی: ئەوەی من دەیزانم، ئێوە ئاگاتان لێ نییە.

31) خودا هەموو ناوێکی فێری ئادەم کرد. ئەوسا هەموو شتەکانی لەبەر فریشتەکان ڕانا و گوتی: ئەگەر ڕاستی بۆ چوون ناوی ئەوانەم بۆ هەڵدەن.

32) گوتیان: هەر تۆی لە کەمایەتی بە دووری؛ ئێمە بەدەر لەوەی کە تۆ فێرت کردووین، هیچ نازانین. هەر بۆ خۆت زانای کارزانی.

33) گوتی ئەی ئادەم! دەسا تۆ ناوی هەموو ئەوانەیان بۆ هەڵبدە. وەختێ ئادەم هەموو ناوێکی بۆ هەڵدان، گوتی من بە ئێوەم نەوت کە هەر خۆمم هەر نهێنی لە عاسمانان و زەمیندان و هەرچی ئێوە وەیشێرن و بیدرکێنن، دەیانزانم؟

34) فەرمانمان بە فریشتان دا، کڕنۆش لە بەر ئادەم بەرن. غەیرەز ئیبلیس هەموویان سوژدەیان بۆ برد؛ ئەو کە خۆی بە زلتر دەزانی، سوژدەی نەبرد و سپڵە بوو.

35) گوتمان: ئادەم! خۆت و ژنت، لە بەهەشت نیشتەجێ بن و هەرچی لە هەر شوێنێ دەخۆن، نۆشی گیانوو؛ هەر تخونی ئەو دار [ی هانا] مەکەون؛ چون [بەم کارە] لە ناهەقییکاران دەبن.

36) شەیتان هەڵیخەڵەتاندن و لە بەهەشت دەریپەڕاندن. گوتمان: داوەزنە خوارەوە، خۆتان دوژمنی خۆتانن؛ تا ماوەیێ دیاری کراو، لەسەر زەمین ڕایببوێرن.

37) ئادەم لە پەروەرندەیڕا چەند وشەیەکی پێ گەییشت. ئەوسا تۆبەکەی قبووڵ کرد. هەر خۆیەتی لە پەژیوانان دەبوورێ و دلۆڤانە.

38) گوتمان: گشتوو لە بەهەشت بڕۆنە خوارێ؛ ئەوسا ئەگەر لای منەوە ڕێنوێنیێکتان بۆ هات، ئەوانەی بکەونە شوێنی ڕێنوێنیم، نە لە هیچ شتێ دەترسن نە خەم دەخۆن.

39) هەر کەسانیش خۆیان تووشی هەڵە کەن و لە نیشانەکانی من حاشایە بکەن؛ دەبن بە یاری ئاگر و هەتا سەر هەر تیا دەبن.

40) ئەی زار و زیچی ئیسرائیل! لە بیروو بێ چەندەم چاکە دەگەڵ کردوون. پەیمانی من بەجێ بێنن؛ منیش پەیمانێ پێم داون، پێک دێنم و هەر تەنیا لە خۆم بترسن.

41) بڕواو هەبێ بەوەی کە ناردوومەتە خوار، کە ئەمەش بە ڕاست دەزانێ وا ئێستا لە لای ئێوەیە. مەبنە پێشەنگی ئەوانەی حاشا لەم کتێبە دەکەن؛ ناشێ نیشانەکانی من بە نرخێکی کەم بفرۆشن. سا هەر لە خۆم ترسوو هەبێ.

42) ڕاستی ڕەوا بە ناڕەوا دامەپۆشن. حاشاو لەو ڕاستییە نەبێ، کە بۆ خۆتان ناسیوتانە.

43) نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ دەگەڵ کڕنۆشبەرەکاندا کڕنۆش بەرن.

44) ئاخۆ ئێوە کە فەرمان بەو مەردمە دەدەن چاکەی بکەن ، خۆتانی لێ هەڵداوێرن و هەر خۆشوو کتێب خوێنەوەن ؟ دەسا چیتانە تێ ناگەن ؟

45) بۆ خۆڕاگری و بۆ نوێژان هانا بەرن؛ کە ئەم کارە زۆر دژوارە؛ مەگین هەر بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان بە زل نازانن؛

46) ئەو کەسانەی سوور دەزانن تووشی پەروەرێنیان دەبن و دەگەڕێنەوە بۆ لای خۆی .

47) ئەی زار و زیچی ئیسرائیل! بیر لەو چاکە بکەنەوە کە من دەربارەتانم کرد؛ لە چاو خەڵکی هەموو دنیا پتر ڕێزم لە ئێوە نا.

48) خۆش بپارێزن لەو ڕۆژەی کە کەس تاوانی ناچێتە سەر کەسی تر؛ نە بارمتەی تێدا هەیە و نە هیچ خۆ کڕینەوەیەک؛ کەسیش دە هانای کەس نایە.

49) ئەوسا کە ڕزگارم کردن لە فیرعەون و دارودەستەی ، کە سەرەڕای جزیا دانوو ، کوڕانی لێ سەر دەبڕین و ژنەکانی ساغ دەهێشتن ؛ کە لەمەدا ئەزموونی زۆر مەزن هەبوو لە پەروەرندەتانەوە .

50) ئەوساش کە ئێمە دەریامان بۆ قەڵاشتن و نەجاتن دان و ئەوانەی وەل فیرعەون بوون، هەموومان بە خنکاندن دا و ئێوە تماشاو دەکردن.

51) ئەوساکەش کە دەگەڵ مووسا، ژوانی چل شەومان دانا، ئێوە ئەو ناهەقییەتان کرد: پاش ئەو گوێرەکەتان پەرست.

52) لە پاش ئەمەش لێتان خۆش بووین؛ بەشکوو شوکرانەبژێر بن.

53) ئەوساش کە ئێمە بە مووسا کتێب و هۆی بژاردن دا؛ بەشکوو ئێوە شارەزا بن.

54) ئەوساش مووسا بە هۆزەکەی خۆی ڕاگەیاند: گەلۆ! بە گۆلک پەرەستیو ناهەقیتان لە خۆتان کرد؛ پەژیوانی لە لای بەدیهێنەرتانەوە دەربڕن؛ سا وەرن یەکتر بکووژن؛ لای بەدی هێنەرتانەوە ئەم کارە بۆتان چاترە. کە تۆبەی لێ قبووڵ کردن؛ هەر ئەویشە لە پەژیوانان خۆش دەبێ و دلۆڤانە.

55) ئەوساش کە بە مووساتان گوت : ئێمە بڕوات پێ ناهێنین تا ئاشکرا خوا نەبینین ؛ کە هەر لەبەر چاوی خۆتان برووسکەتان بەسەردا هات .

56) لە پاش ئەوەی کە مردبوون سەرلەنوێ زیندوو کردنەوە ، شایەت شوکرانەبژێر بن .

57) هەوریشمان کردە سەیوانوو؛ گەزۆ و مەلی شێلاقەشمان بۆ هەناردن: بخۆن لەو بژیوە پاکەی بەشمان داون. ئەوان ناحەقیێکیان لە ئێمە نەکرد؛ دەربارەی خۆیان ناحەق بوون.

58) ئەوساش پێمان ڕاگەیاندن: بڕۆنە ناو شارەکەوە؛ هەر شتێکی دەخۆن و چی دەخۆنەوە، بە ئارەزووی خۆتان بکەن. هەر لە دەرگا چوونە ئەودیو، سوژدە بەرن و بێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەرکی گرانمان مەخە سەر. ئەوسا مە لە گوناهانوو خۆش دەبین و پاداشمان لەمەڕ کارچاکان پتر دەبێ.

59) ئیتر لە ڕێ لادەرەکان – هەرچی بەوان سپێرابوو – بەراوەژوو ڕەفتاریان کرد؛ ئەوسا ئێمەش لە تۆڵەی ئەو بەدفەڕیەدا، بەڵایەکمان لە عاسمانەوە بۆ ناردن.

60) ئەو هەڕەتەش کە وا مووسا ئاوی بۆ پەیڕەوانی خواست. گوتمان بە دار عاساکەی خۆت لەو بەردە دە! دوازدە کانی لێ هەڵقوڵی؛ هەر تیرەیەک جێی وەخواردنی خۆی زانی. سا لەو بەشەی خودا داویە بخۆن، وەخۆن، لە عەرزا بەدفەڕی مەکەن.

61) ئەو دەمەشتان لە بیر بێ کە گوتتان: مووسا! ئێمە بە یەک جۆرە خۆراک هەدا نادەین؛ لە پەروەرندەت بخوازە لەوەی زەوی دەیڕوێنێ، وەک سەوزەوات و خەیار و نیسک و سیر و پیواز، بۆمان بەرهەم بێنێ. گوتی: ئێوە خراپ بە چاک دەگۆڕنەوە؟ سەربەرەژێر بچنە شارێک دڵخوازی ئێوە لەوێە. بەڵام چونکە لە نیشانانی خودا حاشایان دەکرد، هەر لە ناهەق پێغەمبەرەکانیان دەکوشت، یاغی بوون و ملیان لە دەس درێژی دەنا، وەبەر غەزەبی خوا کەوتن و چارەڕەشی و زەبوونییان بۆ بڕیار درا.

62) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئەو کەسانەش کە جوولەکە و فەلە و سایبی مەزەب بوون، ئەگەر بە خوا و رۆژی پەسڵان باوەڕیان بێ و ئاکارچاک بن، لە لای پەروەرندەیانڕا پاداشی خۆیان پێ دەگا و نە هیچ ترسێکیان لە سەرە، نە خەم دەخۆن.

63) ئەوساش کە ئێمە بەڵێنمان لێ وەرگرتن و کێوی توورمان بە سەرتانەوە بڵند کرد؛ گوتمان: هەرچی پێمان داون توندی بگرن، چی تێدا لە بیری مەکەن. شایەتا خۆ بپارێزن.

64) لە پاش ئەوە خۆتان لێ بوارد. ئەگەر چاکە و بەزەیی خوا دەهاناتان نەهاتایە، ئێوە لە زیانباران بوون.

65) لە حاڵی ئەو کەسانەشتان خەبەردار بوون کە وا لە ڕۆژی شەممەدا لە ڕادەی خۆیان دەرکەوتن، پێمان گوتن: مەیموونی تڕۆکراو بن.

66) بە پەندێکی وامان بردن، هاوچەرخان و دوای ئەوانیش، چاوترسێن کا و دەرسێک بێ بۆ پارێزگاران.

67) بیر لەو جارەش بکەنەوە کە مووسا بە هۆزەکەی گوت: خودا فەرمانوو پێ دەدا کە ئێوە چێڵێک سەرژێ کەن. گوتیان: ئاخۆ دەتەوێ گاڵتەن پێ بدەی؟ گوتی: پەنا دەبەم بە خوا کە لە ڕێزەی نەزانان بم.

68) گوتیان لە پەروەرندەی خۆت پرسیار بکە، چۆن چێڵێکە؟ گوتی: ئێژێ ئەو چێڵەیە کە نە پیری پەک کەوتەیە و نە کەم تەمەن؛ ناوەنجییە. بە چیتان فەرمان پێدراوە دەبێ بیکەن.

69) گوتیان لە پەروەرندەی خۆت پرسێ بکە پێمان بێژێ چ ڕەنگێکە؟ گوتی: ئێژێ چێڵێکی هێندە ڕەنگ زەردە، تواشاچی دڵخۆش دەکا.

70) گوتیان: دیسان لە پەروەرندەت بپرسە با پێن بڵێ چۆن چۆنییە؟ مانگا سەری لێ تێک داوین؛ ئەگەر خودا خۆی حەز بکا دەتوانین شارەزا بین.

71) گوتی: ئێژێ نە چێڵێکی هەڤووتییە، جووتی بکا و نە ئاو دەکێشێ بۆ زەوی، هیچ پەڵەشی تێدا نییە. گوتیان ئێستا ڕاستەکەت بۆ خستینە ڕوو. ئیتر ئەوسا سەریان ژێ کرد؛ وەختیش بوو ئەم کارە نەکەن.

72) ئەوسا یەکێکیان کوشتبوو،[ لە سەر گوژەر ]یەکتری تان تێوەدەدا، کە خودا بۆی وەدەرخستن ئەوەی کە دەتانشاردەوە.

73) ئەوسا گوتمان: پاژێک لە لاشی چێڵەکە لە لاکی کوژراوەکە دەن، خودا ئاوا مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئاوا نیشانەکانی خۆی نیشان دەدا، بەشکوو بتوانن تێبگەن.

74) لە پاش ئەمەش بوونە دڵڕەقێکی وەها لە چەشنی بەرد؛ بگرە ڕەقتریش بوو لە بەرد؛ چونکە تەختەبەردی وا هەن چەند جۆباری لە بەر دەڕۆن؛ هەیشە ترەک ترەک دەبێ و ئاوی لێوە فیچقە دەکا؛ هی واش هەیە لە ترسی خوا جاڵە دەبێ. خوا لە هەر کارێکی دەیکەن ئاگادارە.

75) ئاخۆ ئێوە بەو هیوایەن کە باوەڕیتان پێ بێنین، کەچی دەستەیەک هەر لەوان وتاری خوایان دەبیست و لە پاش ئەوە تێی دەگەیین، دەیانگۆڕی و دەشیانزانی کە دەیگۆڕن؟

76) هەرگایەکیش تووشی باوەڕداران دەبن، ئێژن: باوەڕمان هێناوە، هەرگا دەگەنە یەکتری، پێیان ئێژن: ئاخۆ ئێوە ئەو زانستەی خوا پێداون لای ئەوانی دەدرکێنن، تا بیکەنە بەڵگەی خۆیان لجەم پەروەرندەی ئێوە؟ دەئاخر تا کەی تێناگەن!؟

77) بۆچی ئەمانە نازانن هەرچی نهێنی دڵیانە و هەرچی بە ئاشکرا دەیڵێن، خوا دەیزانێ؟

78) لەوانیشدا ئی وا هەن کە نەخوێندەن و بێژگە ئارەزوو، لە کتێب سەر دەرناکەن؛ ئەمانە هەر لە خەیاڵات و گوماندان.

79) سا هاوارە بۆ ئەوانە بە دەستی خۆ کتێبەکە دەنووسن و پاشان ئێژن: ئەمە لە خواوە هاتووە، تا بە نرخی کەم بیفرۆشن. هاوار لەوان لەوەی بە دەس نووسیویانە و هاوار لەوان بۆ نرخێ گیریان کەوتووە.

80) دەشڵێن: ئاگر تووشمان نابێ؛ مەگین چەند ڕۆژێ، ئەویش کەم. بێژە: ئاخۆ خودا بەڵێنی پێ داون – کە خودا لە بەڵێنی خۆی پاشگەز نابێ – یان هەر لە نەزانیەوە قسە لەسەر خودا دەکەن؟

81) دیارە هەر کەس خۆی تووشی خراپە بکا و خراپەکەی دەوری دابێ، ئەوانە یاری ئاگرن و تا هەتا هەر تێیدا دەبن.

82) ئەوانەش کە باوەڕدار و ئاکارچاک بوون، بەهەشتین و هەر لەوێدا دەمێننەوە.

83) ئەو سەردەمەش کە پەیمانن لە بەرەی ئیسرائیل وەرگرت: غەیرەز خودا نەپەرستن و چاکە دەگەڵ داک و باب و نزیکان و هەتیو و هەژاران کەن و بۆ مەردم قسەی باش بکەن؛ نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ لە دوای ئەوە – کەمێک نەبێ – پشتوو تێکرد و خۆو لە پەیمانەکە بوارد.

84) پەیمانیشمان لێتان ئەستاند کە: هوونی یەکتر مەڕێژن و خۆتان هەر لە زێدی خۆتان وەدەر مەنێن. پاشان بۆ ئەو پەیمانەشتان بڕیاروو دا و بۆ خۆشتان شایەتی دەدەن.

85) لە دوای ئەوەش هەر خۆتان بوون کوشتاروو لە یەکتر دەکرد؛ بە پشتیوانی خەڵکی تر – بە تاوان و دەسدرێژی – هێندێ کە هەر لە خۆتانن، لە وڵاتیان وەدەر دەنێن. کە لێشوو بە دیل دەگیرێ، هەمووتان خوێنەکەی دەدەن؛ کە هیچ بۆشتان ڕەوا نییە دەریان بکەن. ئاخۆ ئێوە بە هێندێ لە ناوەرۆکی کتێبەکەو بڕوا دەکەن، لە هێندێکی حاشا دەکەن؟ هەر کەس لەنگۆ ئەوە بکا دیارە لە ژیانی دنیادا ڕیسوا دەبێ و لەو دنیاشا زۆر بە توندی ئازار دەدرێ. خودا لە هەموو کارێکتان ئاگادارە.

86) ئەو کەسانە ژینی دنیایان کڕیوە و قیامەتیان لە نرخی داوە، ئیتر نە باری ئازاریان سووک دەکرێ و نە کەس یاریدەیان دەدا.

87) ئێمە خۆمان کتێبمان داوە بە مووسا و چەند پێغەمبەری تریشمان لە دوای ئەو نارد. چەند بەڵگەی زۆر ئاشکراشمان دا بە عیسا کوڕی مەریەم، لە گیانی پیرۆزی خۆشمان یاریدەن دا. هەتا ئێستا هەر پێغەمبەرێکوو بۆ هات و شتێ وای گوت کە ئێوە لێتان خۆش نەهات، خۆتان لەو بە زلتر زانی و بە هێندێکتان گوت درۆزن و هێندێکیشیانوو هەر کوشتوون.

88) گوتیان: دڵمان سەرپۆشی پێدا دراوە. نەخێر، ئەوان بەهۆی لە خودا لادانیان، بەر نەحلەتی خودا کەوتوون و بە دەگمەن بڕوا دەکەن.

89) هەر کاتێکی کتێبێکیان لەلایەن خوداوە بۆ دێ و ئەم کتێبەش دەسەلمێنێ کە ئێستا لە لای ئەوانە و لە پێشووشدا گەرەکیان بوو بەسەر خودانەناساندا زاڵیان بکا، کەچی وەختێ هات و ناسییان، بە گژیدا دێن. دەسا کەسانێ دژ بەون، بەر نەحلەتی خوا کەون.

90) ئای کە خۆیان بە نرخێکی خراپ فرۆشت! هەر چونکە خوا لە هەر عەبدێ لە عەبدانی وا حەز بکا بە چاکەی بخوێنێتەوە و فەرمانی خۆی بەو بسپێرێ، ئێرەیی بەو دەردەی بردن کە لێی بکەونە حاشایە؛ بەم کارەیان دوو جار وەبەر غەزەب کەوتن؛ ئەو چاوچنۆکانە ئازارێکی ئابڕووبەریان دەبێ.

91) ئەگەر بێتوو پێیان بێژن: بەو کتێبەی خودا ناردوویەتە خوارێ، بڕواو هەبێ، ئێژن: ئێمە هەر بەو کتێبەی کە بۆ خۆن هاتۆتە خوار، بڕوا دەکەین؛ کتێبی تر – با بڕواشی بە کتێبەکەی ئێمە هەبێ – ئێمە بەڕاستی نازانین. بێژە: ئەگەر بڕواو هەیە، ئەدی بۆچی لە پێشوودا پێغەمبەرەکانی خودا و [لە خوتوخۆڕایی] دەکوشت؟

92) کاتێ مووساش بە چەندین نیشانەی پتەو هاتە لاتان، کەچی دوای ئەو گوێرەکەیەکتان پەیدا کرد، دەتانپەرست.

93) لەو کاتەشدا کە پەیمانن دەگەڵ بەستن و کێوی توورمان لە سەر بەرز کردەوە و پێمان گوتن: هەرچی لە ئێمەوڕا بۆ دێ توندی بگرن و بیبیسن؛ گوتیان: بەڵێ، بیستمان و گوێ نادەینێ. ئەوینی گۆلک پەرستی وەهایان دەدڵ چەقیبوو باوەڕی لە بیر بردنەوە. بێژە ئەگەر بڕوادارن، بڕواکەتان تووشی کاری گەلێ نالەباری کردوون.

94) بێژە: ئەگەر بە ڕاستانە و پێتان وایە لە خوداوە ماڵی ئەولا بۆ ئێوە تەرخان کراوە و بەشی کەسی تێدا نییە، دەسا داوا بکەن بمرن.

95) هەرگیز ئەو داوایە ناکەن، چون دەزانن چییان کردووە؛ خوداش ناهەقان دەناسێ.

96) بێ گومانە دەیانبینی لە هەموو کەس لە دنیادا بۆ ژیانێ پاپاترن؛ تەنانەتی لەو کەسانەش کە شەریک بۆ خوا دەناسن. هەرکام لەوان پێ خۆشە هەزار ساڵ بژی. خۆ تەمەنی هەزار ساڵەش لە ئازار دووری ناخاتەو. خودا هەموو کردەیانی لە بەر چاوە.

97) بێژە هەر کەس کە دوژمنی جوبرائیلە[ با بزانێ: ] هەر ئەوە کە ئەم قورئانەی – بە ئیزنی خوا – حەواڵەی دڵی تۆ دەکا و بە کتێبەکانی دیکەی ئاسمانیش باوەڕ دەکا و ڕێشاندەر و مژدە دەرە بۆ ئەوانەی باوەڕدارن.

98) هەرکێ دژی خودا و پێغەمبەرەکانی و فریشتانی و جوبرائیل و میکایل بێ، خوداش دژ خوانەناسانە.

99) دیارە ئێمە نیشانانی ئاشکران بۆ تۆ ناردووە؛ ئەوانەی حاشای لێدەکەن، هەر لە ڕێ لادەرەکانن.

100) ئەدی بۆچی هەر جارێکی پەیمان دەگەڵ خوا دەبەستن، هێندێک هەر لە ناو ئەواندا دێن هەڵیدەوەشێننەوە. زۆرینەشیان هەر باوەڕی پێ ناهێنن.

101) دوای ئەمەی ئەم پێغەمبەرە خودا ناردوویەتە ناویان، بڕوای بەو کتێبەش هەیە کە لایانە؛ دیسان هێندێک لەوانەی ئەهلی کتێبن، لە کتێبی خوا خۆ دەبوێرن و ڕووی تێناکەن. هەر ئێژی نەشیان زانیوە.

102) کەوتوونە شوێن ئەو شتانەی شایەتینی لە زەمانی سولەیماندا بە ورتە دەیانخوێندەوە. سولەیمان خوانەناس نەبوو؛ شایەتینی خوانەناس بوون؛ خەڵکیان فێرە جادوو دەکرد. ئەو زانستەش کە هاتبووە سەر هارووت و مارووتی جووتە فرشتە لە بابلدا، هەر کەسێکیان فێری جادوو بکردایە، پێشەکی تێیان دەگەیاند: ئێمە هەر بۆ جەڕباندنین، نەکەی خودات لە بیر بچێ؛ هەر هێندەشیان لێ فێر دەبوون ژن و شوو لێک جیاوە کەن؛ کە توانای ئەوەیان نەبوو – بێ ئیزنی خوا – زیان لە هیچ کەسێ بدەن. هەر شتێکی وا فێر دەبوون کە زیان لە خەڵک بدا و بۆ خۆیان سوودێکی نەبێ؛ دەشیانزانی کڕیارانی جادووگەری لەو دنیا هیچ بەشیان نییە. ئای ئەگەر تێگەیشتبان دەیانزانی چۆن خۆیان خراپ دەفرۆشن.

103) ئەمان ئەگەر بڕوایان بە خودا هەبا و پارێزگار بان، دەیانزانی کە پاداشی چاکتر وا لە لای خودایە.

104) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە مەبێژن «ڕاعِنا»؛ بێژن: «تماشامان بکە» و گوێ بدەنێ. بۆ ئەو خودانەناسانە جەزرەبەی زۆر بەژان هەیە.

105) ئەوانەی ئەهلی کتێبن و دینی خۆیان لە دەس داوە و ئەوانەی خوا بە خاوەن شەریک دەزانن، حەز ناکەن هیچ شتێکی چاکتان لە پەروەرندەوڕا بۆ بێ. خوداش بە مەیلی خۆیەتی، لە هەر کەسێ خۆی حەز بکا – بەتایبەتی – بە چاکە دەیخوێنێتەوە. خودا خێوی چاکە و بەزەیی هەرە زۆر و زەوەندەیە.

106) هەر ئایەتێک لە کار بخەین یان لە بیری ببەینەوە، ئایەتێکی لەو باشتر یان هەر وەک ئەوی ئەخەینە جێ. مەگەر نەتزانیوە خودا هەموو کارێکی پێ دەکرێ.

107) نەتزانیوە کە ئەم عەرز و عاسمانانە هەر موڵکی خوان، غەیرەز خوداش دۆست و هاریکارتان نییە؟

108) ئاخۆ ئێوە دەتانەوێ لە پێغەمبەرتان بپرسن، وەکوو پێشوو لە مووسا پرسیار کرابوو؟ هەر کەسێکیش بێ خودایی بە باوەڕ بگۆڕێتەوە، بە بێ گومان ڕێگەی ڕاسی لێ ون بووە.

109) زۆر کەس لە خاوەن کتێبان – چونکە ئێرەییو پێ دەبەن – حەزێ دەکەن لە پاش باوەڕی هێنانوو – کە لە لاشیان ئاشکرایە ڕاست کامەیە – پەژیوانوو بکەنەوە. ئێوە چاویان لێ بپۆشن و لە هەڵەکانیان ببوورن، تا فەرمانی خودا دەگا؛ خوا هەموو کاری پێ دەکرێ.

110) نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ هەر چاکەیەک بکەنە پێش باری خۆتان، لای خودا پێو دەگاتەوە؛ هەرچی بیکەن خوا دەیبینێ.

111) گوتیان: هەر تەنیا مووسایی یان عیسایی دەچنە بەهەشت؛ ئەمە ئاواتی خۆیانە. بێژە: دەسا بەڵگەی خۆتانن نیشان دەن! ئەگەر پێو وایە ڕاست دەکەن.

112) بەڵێ، هەر کەس – بە بێ خەوش – هەمیشە ڕووی لە خودا بێ و ئاکارچاک بێ، پاداشی خۆی لە پەروەرندەی وەردەگرێ و ئەم کەسانە نە هیچ ترسێکیان دێتە سەر، نە خەم دەخۆن.

113) جهوو گوتیان: فەلەکان هیچ کارەیەک نین. فەلەش کوتیان: جوولەکەکان لەسەر هیچن؛ کە هەر دوو لاش کتێب خوێنن. نەزانیش هەر ئەوەی دەڵێن کە ئەمانە پێیان ئێژن. ئەوسا خودا ڕۆژی قیامەت بەو کارەیانە ڕادەگا کە کێشەیان لەسەری بوو.

114) کێ ناهەقترە لەو کەسەی ڕێگە نەدا ناوی خودا لە مزگەوتەکانی خوادا بهێندرێ و هەوڵیش بدا وێران ببن؟ نەدەبوایە ئەمانە هەر بچنە ناویان مەگین بە ترس و لەرزەوە. بەشیان لە دنیا سووکییە و لە قیامەتیش ئازاری دژواریان هەیە.

115) خۆرهەڵات و خۆرئاوا – هەرتک – هی خودان؛ ڕوو بکەنە هەر لایەکی، خوا لەوێیە؛ زانستی خوا بەربڵاوە و ئاگادارە.

116) گوتیان: خوا بۆ خۆی فرزەندی هەڵبژیوە. خودا لەو شتانە پاکە؛ بەڵکوو هەرچی لە ئاسمانان و زەمینە، گش بۆ ئەوە و گشتی بە فەرمانی ئەون.

117) داهێنەری عاسمانەکان و زەمینە و هەر کە ویستی کارێ پێک بێ، فەرمان دەدا: ببە! دەبێ.

118) لە هیچ نەزانەکان گوتیان: بۆچی خوا ئێمە نادوێنێ، یان بەڵگەیەکمان بۆ نایە؟ بەر لەوانیش هەر ئەم قسانەیان هەبووە. دیارە دڵیان لێکتر دەکەن. ئێمە بەڵگەکانی خۆمان نیشانی ئەوانە داوە کە ئامادەن بیسەلمێنن.

119) ئێمە تۆمان بە تێڕادیوی ناردووە کە مزگێنیش بدەی و بیشیان ترسێنی؛ دەربارەی دۆژەهییەکانیش بەرپرس نیت.

120) ئەم جوولەکانە و فەلانە، تا نەچیە سەر دینی ئەوان، هەرگیز خۆشیان لە تۆ نایە. بێژە: ڕێی ڕاس هەر ڕێی خوداس. ئەگەر تۆ پاش ئەو زانستەی بۆت هاتووە، شوێن ئارەزووی ئەوان کەوی، ئیتر خودا دۆستایەتیت ناکا و تازە نایەتە یاریدەتەوە.

121) ئەو کەسانەی کە کتێبمان پیان داوە و وەک پێویستە دەیخوێننەوە و دیارە بڕوایان پێی هەیە، ئەوی بڕواشی پێ نەکەن لە ڕێزەی زیانبارانن.

122) ئەی بەرەی سەر بە ئیسرائیل! لە بیر مەکەن چەندەم چاکە دەگەڵ کردن، لە چاو خەڵکی هەموو دنیا، پتر ڕێزم لە ئێوە نا.

123) ئەشێ بشترسن لەو ڕۆژەی کە ڕۆژی هەر کەس هەر کەسە و کڕینەوە لەو ڕۆژەدا باوی نییە و تکاکاری بەهرە نادا و کەسیش دەهانای کەس نایە.

124) ئەوسا خودا بە چەند وشە ئەزموونی ئیبراهیمی کرد؛ پێکی هێنان. گوتی: دەتکەم بە ڕێبەری خەڵکی دنیا. گوتی: ئەدی تۆرەمەکەم؟ گوتی: ناهەقییکاران وەبەر بەڵێنم ناکەون.

125) لەو کاتەشا بڕیارن دا ماڵی کابە مەکۆیەکی مەردم بێ بە دڵنیایی و جێی ئیبراهیم بکەن بە نوێژگەی خۆتان و ئیبراهیم و ئیسماعیلیشمان ڕاسپارد کە ماڵەکەم بۆ ئەوانەی لە دەوری دەسووڕێنەوە و بۆ ئەوەی هەر لەوێ دەبن و بۆ ئەوانەی کڕنۆش و سوژدەم بۆ دەبەن، پاکژ بکەن.

126) ئیبراهیم بە پاڕانەوە گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئەم شارە بێ وەی بهێڵە؛ خەڵکەکەشی هەرکێ بە خوا و ڕۆژی سەڵا بڕوای هێنا، لە بەروبوو تەسەلیان کە. گوتی: هەرکێش حاشا بکا، وا دەکەم سەردەمێکی کەم ڕای ببوێرێ، ئەوسا بەرەو ئازاری تینی ئاگر و چارەڕەشی بەڕێی دەکەم. ئای چ ئەنجامێ خراپە!

127) لەو دەمەشدا کە ئیبراهیم و ئیسماعیل بناغەی ماڵەکەی خۆیان بڵند دەکرد، دەیانگوت: پەروەرندەمان! لێن قبووڵ کەی، تۆ هەر بۆ خۆت زۆر بیسەر و فرە زانای.

128) پەروەرێنمان! خۆت وا بکەی هەتا سەر بەر فەرمانت بین؛ تۆرەمەشن وا ڕابێنە کۆمەڵێک بن لە فەرمانی تۆ دەرنەچن و ڕێوشوێنی تۆ پەرستیمان نیشان دە و تۆبەمان لێ قبووڵ بکە. تۆی تۆبە قبووڵ دەکەی و دلۆڤانی.

129) پەروەرێنمان! پێغەمبەرێکی هەر لەوان بەڕێ بکە، تا نیشانەکانی تۆیان بە سەردا بخوێنێتەوە و لە کتێب و کارزانیدا ڕایان بێنێ و لە هەڵە بێ پەڵەیان کا. دەستەڵات داری لە کارزان، هەر بۆ خۆتی.

130) کێی وا هەیە کە ئایینی ئیبراهیم بنێتە لاوە؟ جا مەگین هەر خۆی گەوج بکا. ئێمە ئەومان لەم دنیا هەڵبژاردووە و لەو دنیاشا وا لە ڕێزی پیاوچاکانا.

131) وەختێ پەروەرندەی پێی گوت: وەرە خۆ بە من بسپێرە، ڕگوتی وا خۆم دایە دەستی ڕاهێنەری هەموو دنیا.

132) ئیبراهیم بۆ کوڕەکانی و یەعقووبیشی قەوینتی کرد: فرزەندانم! خوا ئەم دینەی بۆ ئێوە هەڵبژاردووە؛ ئەگەر وایە، غەیر بە موسوڵمانی مەمرن.

133) ئاخۆ ئێوە ئاگاو لێ بوو کە لە گیانەڵادا یەعقووب بە ڕۆڵەکانی خۆی دەگوت: لە دوای من چی دەپەرستن؟ گوتیان: چی تۆ پەرەستووتە دەیپەرستین کە باب و باپیرانی تۆ، ئیبراهیم و ئیسماعیل و ئیسحاقیش هەر ئەویان پەرست؛ کە خودای تاک و تەنیایە و ئێمەش خۆمان بەو دەسپێرین.

134) ئەوانە کۆمەڵانێک بوون کە ڕابوردوون، کردەوەیان بۆ خۆیانە. ئێوەش و کردەوەی خۆتان؛ کەس بۆ کرداری ئەوانوو لێ ناپرسێ.

135) گوتیان: ببنە جوو، یان فەلە، تاکوو ڕێگا پەیدا بکەن. بێژە: ئێمە لەسەر دینی ئیبراهیمین کە ناهەقی بەجێ هێشت و بەرەو هەق هات؛ شەریکیشی بۆ خودایە نەدەناسی.

136) ئێوە بێژن: ئێمە بە خوا و بەو شتانەی کە بۆمان هاتۆتە خوار و بەوانەی کە ناردراون بۆ ئیبراهیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و نەتەوەکانی و ئەوی بۆ مووساش و عیساش ناردراوە و ئەو شتانەی کە بە پێغەمبەران درا لە لای پەروەرێنیانەوە، باوەڕمان کرد. ئێمە جیاوازی ناخەینە نێوان هیچ کامێک لەمانە و خۆمان هەر بەو سپاردووە.

137) گەر ئەوانیش بەوەی کە ئێوە بڕواتان پێ هێناوە بڕوا بێنن، ئەوە کەوتوونەتە سەر ڕێ؛ بەڵام ئەگەر خۆ ببوێرن، ئەوان دژایەتیو دەکەن؛ خودا لە ئازاری ئەوان ئەتپارێزێ و زۆر بیسەر و فرە زانا هەر خۆیەتی.

138) ڕەنگێکە خودا ڕشتوویە و کێ هەیە لە خودا چاکتر ڕەنگ بڕێژێ؟ ئێمەش هەر ئەو دەپەرستین.

139) بێژە: ئێوە لەمەڕ خودا دەگەڵمان دەکەونە کێشە؛ کە پەروەرندەی ئێمەش و ئێوەش ئەوە؟ کردەی خۆمان بۆ خۆمان و کرداری خۆتان بۆ خۆتان؛ ئێمە بە دڵ دەیپەرستین؟

140) یا ئێژن کە: ئیبراهیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و نەوەی جوولەکە، یان مەسیحی بوون؟ بێژە: خودا چاکتر دەزانێ یان ئێوە؟ کێ لەو کەسە ناهەقترە، شایەتێکی لە لا هەبێ و لە خودای بشارێتەوە؟ خوداش لە هەموو ئاکاروو ئاگادارە.

141) ئەوانە کۆمەڵانێک بوون ئێستا لە بەینا نەماون، چییان کردبێ بۆ خۆیان کرد؛ ئێوەش کار بۆ خۆتان دەکەن. هەرچی ئەوان کردوویانە ئێوەی لێ بەرپرس نابن.

142) لەم مەردمە، بێ ئاوەزەکانیان ئێژن: چی ئەوانی وەرگێڕا لەو ڕووگەیانە کە بەرێ ڕوویان تێدەکرد؟ بێژە: خاوەر و خۆرنشین موڵکی خودان؛ خوا هەرکێ خۆی مەیلی لێ بێ، دەیخاتە سەر ڕاستە ڕێیە.

143) بەو ئاوایە ئێمە ئێوەمان کردۆتە ئۆمەتێکی هەڵبژاردە؛ تا ئاگاو لە مەردم هەبێ و پێغەمبەریش چاوەدێریتان لێ بکا. ئەو ڕووگەیەی پێشوو بەرەو ئەم دەوەستای، ئێمە هەر بۆیەمان گۆڕی تا بزانین کێ دوای پێغەمبەر دەکەوێ و کێهە پاشگەز دەبێتەوە. هەر چەند کارێکی دژوار بوو؛ مەگین بۆ کەسانێکی وا کە خودا شارەزای کردن. خودا ئەو بڕوای هەتانە تێکی نادا. خودا بەرانبەر بە مەردم زۆر دڵسۆز و دلۆڤانە.

144) دیتوومانی کە بەرەو حەوا دەڕوانی؛ ئێمە ڕووت بەرەو ڕووگەیەک وەردەگێڕین پەسەندت بێ. سا ڕووت بەرەو «مسجدالحرام» وەرگێڕە و لە هەر کوێش بن، هەر ڕوو بکەنە ئەوێوە. ئەوانەی ئەهلی کتێبن دەزانن کە ئەمە ڕاستە و لە پەروەرندەیان ڕایە. خوداش لە هەر کارێ بیکەن ئاگادارە.

145) ئەهلی کتێب هەر نیشانێکیان شان بدەی ڕوو دە ڕووگەکەی تۆ ناکەن؛ ئەتۆش ئیتر ڕوو ناکەیتە ڕووگەی ئەوان. هەر بەم جۆرە هیچ کامیشیان ڕوو ناکەنە ڕووگەی یەکتر؛ ئەتۆش لە پاش ئەو زانستەی بۆت هاتووە، ئەگەر بە شوێن ئارەزووی ئەواندا بڕۆی، لە ناهەقیکاران دەبی.

146) ئەهلی کتێب – وەک کوڕانی خۆ دەناسن – ئەم پێغەمبەرە دەناسن. دەسەیکیشیان هەر چەند دەزانن هەق چییە، دەیشارنەوە.

147) ئەمە ڕاستەو لە پەروەرندەی تۆڕایە و هەرگیز لە دوودڵان مەبە.

148) هەر لایە شوێنێکیان هەیە ڕووی تێدەکەن. دەسا ئێوە بۆ چاکە کێ بەرکێ بکەن. لە هەر کوێ بن، خوا لێکوو کۆ دەکاتەوە. خودا توانای بەسەر هەموو شتدا هەیە.

149) لە هەر ئاقارێک دەرکەوتی، ڕوو بکە «مسجدالحرام»؛ ئەمە ڕاستەو لە پەروەرندەی تۆڕایە. هەر کارێکیش ئێوە بیکەن خوا دەیزانێ.

150) لە هەر شوێنێکەوە دەرچووی، هەر کابە بکە بە ڕووگە. لە هەر جێ بوون با ڕووتان هەر دەوێوە بێ، تا هیچ بەڵگەی دژی ئێوە بە دەس مەردمەوە نەبێ؛ جا مەگین ئەوی لاسارن و هەر حەز لە لاساری دەکەن. من دەمەوێ تەواو چاکەو دەگەڵ بکەم و دەمەوێ شارەزا ببن. ئێوە هیچ لەوان مەترسن؛ گەرەکە لە خۆم بترسن.

151) وەکوو ئەمەی پێغەمبەرێکمان لە خۆتان ناردە لاتان، نیشانەکانی ئێمەتان بەسەردا دەخوێنێتەوە و بۆ پاکی ڕاتان دەهێنێ و فێرتان دەکا لە کتێب و کارامەیی سەرتان دەرچێ و گەلێک شتی واو فێر دەکا کە لە پێشدا نەودەزانین.

152) سا ئێوە یادی من بکەن، تا منیش لە بیرتان نەکەم. هەر شوکرانەی من ببێژن و لە چاکەی من حاشا مەکەن.

153) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! پەنا بەرنە بەر نوێژان و خۆڕاگر بن؛ خوا دەگەڵ خۆڕاگرانە.

154) بەو کەسانەی لە ڕاهی خدا دەکوژرێن، مەڵێن مردوون؛ بەڵکە زیندوون، بەڵام ئێوە پێ نازانن.

155) دیارە ئێمە جاروبارە بە هێندێک ترس و برچی بوون و لە ناوچوون و کەم بوونەوەی ماڵی دنیا و بەروبووتان، دەتان ئەزمووین. مژدە بدە بەو کەسانەی خۆڕاگرن.

156) ئەو کەسانەی کە تووشی چۆرتمێک دەبن ئێژن: ئێمەش هەر ئی خواین و هەر بۆ لای ئەو دەچینەوە.

157) خێروبێر و بەزەیی پەروەرندەیان بۆ دەبارێ و شارەزا لە ڕێ ئەوانن.

158) سەفا و مەروە دوو کێلەکی خواپەرستین. هەرکێ دەچێتە زیارەتی ماڵی خودا، یان عەمرە بەجێ دەهێنێ، گەر تەوافی ئەو دووانەش بکا گوناهێکی نییە. هەر کەسێکیش هەر بە ویستی دڵی خۆی ئەو خێرە بکا، خوا پێ زانە و لە کارەکەی ئاگادارە.

159) ئەو کەسانەی ئەو شتانەی لەو کتێبەدا هەیە و بۆ شارەزایی مەردمە، لە پاش ئەوەی ناردوومانەتە خوارەوە، لە مەردمی دەشێرنەوە، وەبەر نەحلەتی خودا و هەموو نەفرین بێژان بکەون؛

160) جیا لەوانەی پاشان پەژیوان بوونەوە و ئاکاری چاکیان ڕەچاو کرد و وەشارتوویان ئاشکرا کرد. لە پەژیوانان خۆش دەبم و هەر منیشم لە پەژیوانان دەبوورم و دلۆڤانم.

161) ئەوانە بوونە کافر و بە کافری لە دنیا چوون، دەکەونە بەر نەحلەتی خوا و فریشتانوو هەموو خەڵکی.

162) تاهەتا هەر گرفتاری ئەو نەحلەتەن؛ ئازاریان هیچ سووک ناکرێ و وچانیشیان پێ نادرێ.

163) خودای ئێوە هەر خودای تاک و تەنیایە. بەغەیرەز ئەو هیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ هەر بۆ خۆشی دهەندەیە و دلۆڤانە.

164) لە سازدانی ئاسمانان و زەمین و هاتوچۆی شەو و ڕۆژان و لەو گەمیانەی لە دەریادا گەردش دەکەن و بەهرەیان بۆ مەردم هەیە و لە تەڤگەڕی بایەکان و ئەو هەورانەی لە دوڕ عەرزو عاسماندا ڕاگیراون و لەو ئاوەی خوا لە حەواوە دەیبارێنێ – کە بەهۆی ئەو زەمینی لە پاش مردنێ بووژاندەوە و هەموو جۆرە زیندەوەری تێدا بڵاو کردۆتەوە – بەڵگەی زۆر هەن بۆ ئەوانەی کە تێدەگەن.

165) لەم مەردمە ئی وا هەیە هاوبەش بۆ خوا پەیدا دەکەن و بەقەد خوا خۆشیان دەوێن. ئەوانەی خاوەن بڕواشن خودایان لە هەموو شتێک خۆشتر دەوێ. ئەو کەسانەی خودا بە ڕاستی ناناسن، وەختێ چاویان بە جەزرەبەدان دەکەوێ، ئەوسا بۆیان دەردەکەوێ: هێز و توان هەموو هی خوایە و ئازارێ خوا دەیدا توندو تیژە.

166) لەو دەمەدا کە ئازار و جەزرەبەیان دێتە بەرچاو، ڕێبەرەکان لە پەیڕەوەکانی خۆیان حاشا دەکەن و پەیوەندییان لێک پچڕاوە.

167) پەیڕەوەکان ئەوسا ئێژن: ئای خۆزگە هەر جارێکی تر دەگەڕاینەوە سەر دنیا، هەتا وەک ڕێبەرەکانمان لێن بە حاشان، ئێمەش حاشان لێ دەکردن. خودا ئاوا کردەی خۆیان لێ دەکاتە کوڵ و کەسەر؛ بۆ هەمیشەش هەر لە ناو ئاگردا دەبن.

168) ئەی خەڵکینە! لەو بەروبووی سەر زەمینە، کامی ڕەوا و پاکە بخۆن؛ بەشوێن شەیتانیشا مەڕۆن؛ کە ئەو بۆتان دژمنێکی ئاشکرایە.

169) ئەو هەر فەرمانوو پێ دەدا: کاری پیس و زۆر نالەبار ڕەچاو کەن و شتانی وا دەربارەی خودا ببێژن کە هەر ئاگاشووو لێ نییە.

170) ئەگەر بەوانە دەبێژن: هەر بەشوێن ئەوەدا بڕۆن کە لە خواوە ناردراوە، ئێژن: نەخێر، ئێمە هەر ئەو کارە دەکەین کە باب و باپیرەکانمان ڕەچاویان کرد. جا با بابوباپیریشیان هیچیان لە هیچ نەزانیبێ و ڕاستەڕێشیان هەر نەدیبێ!

171) نەقڵی ئەو خوانەناسانە وەک نەقڵی ئەو ئاژاڵەیە کە دەنگ دەدرێ؛ جیا لە خوڕین و چڕینێ هیچ نابیسن. کەڕن، لاڵن، چاویان کوێرە و لە تڵپاتی تەڕیش ناگەن.

172) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو بژیوەی پێمان داون، کامی پاکە ئەوە بخۆن؛ شوکری خوداش بەجێ بێنن، ئەگەر هەر ئەو دەپەرەستن.

173) تەنیا هەر لاکی مردار و گۆشت بەراز و خوێن و ئەوەی بۆ سەر بڕین ناوی غەیرەز خوای لێ دێنن، لە سەرتان حەرام کراوە. بەڵام هەرکێ لە ناچاری و بێ ئارەزوو، هەر بەشی تێر بوونی بخوا، هیچ گوناهێکی ناگاتێ؛ خودا لە گوناهان خۆش دەبێ و دلۆڤانە.

174) ئەو کەسانەی ناوەرۆکی کتێبێ کە خودا ناردوویە، دەشێرنەوە و بە نرخی کەم دەیفرۆشن، ورگیان لە ئاگر داخنن؛ خودا لە رۆژی سەڵادا نایان دوێنێ و گونایان پاک ناکاتەوە و بەشیان ئازاری بەژانە.

175) ئەو کەسانە ڕێگەی ڕاسیان بە گومڕایی و بەخشینی خوایان بە جزیا گۆڕیگەسەو، دەبێ چەندە لەسەر ئاگر خۆڕاگرن؟!

176) ئەو[ ئازارەش [ بۆ ئەوەیە کە خوا بە حەق ئەم کتێبەی هەناردگە. ئەوانەش وا لەسەر باسی ئەم کتێبە کێشە دەکەن، گێرەوکێشەی دوور و درێژیان تووش دەبێ.

177) کاری چاک هەر ئەوە نییە ڕوو دە ڕۆژهەڵاتێ بکەن یان ڕۆژاوا. چاک ئەمەیە باوەڕیتان بە خوا و ڕۆژی سەڵایە و فرشتان و کتێب و پێغەمبەرانی خودا هەبێ و لەو سامانەی – هەرچەند زۆریشوو خۆش دەوێ – بەشێ بدەن بە خزمان و هەتیوان و هەژاران و ڕێونگان و پارسەکان و عەبدانی پێ بکڕنەوە و نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ هەرگاش پەیمانێک دەبەستن نەیشکێنن؛ لە نەداری گرفتاری و تەنگانەدا خۆڕاگر بن. مرۆی بەڕاستی ئەوانەن و دیارە لە خودا دەترسن.

178) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەمەڕ ئەوانەی کوژراون تۆڵەمان بۆ بڕیار داون: ڕزگار لە تۆڵەی ڕزگار و کۆیلە لە تۆڵەی کۆیلەدا و مێوینە لە بری مێوینە؛ هەرکێش لە برای هاودینی خۆی دەس لە خوێنگری هەڵگرێ، ئەبێ بە پێی دابی ڕۆژ بجووڵێتەوە و بە خۆشی خۆی مەسڵەت بکا. ئەم بڕیارە لە پەروەرندەی ئێوەڕا سووک بارییە و بەزەیە دەرهەق بە ئێوە، هەرکێ لەمە خۆ ببوێرێ، بەشی جەزرەبەی بەژانە.

179) ئەی خاوەن دڵانی وشیار! ژیانوو بە تۆڵەوە بەندە؛ بەشکوو خۆتان بپارێزن.

180) بۆو نووسراوە: هەرگا کەسێک لەنگۆ هاتە سەر مردن و ماڵێکی لە پاش دەمێنێ، بە تەرزێکی خوداپەسند وەسیەت بکا کە باب و دایک و خزمانی، هەر کەسێ بەشی خۆی پێ بگا. پارێزگاران پێویستە ئەم کارە بکەن.

181) ئیتر هەر کەس پاش بیستنی وەسیەتەکە دەسکاری بکا و بیگۆڕێ، ئەو کەسانەی کە دەیگۆڕن، تاوانبارن. خودا بیسەر و زانایە.

182) هەرگا کەسێ هەستی پێکرد کە وەسیەتکار لەو وەسیەتەی کردوویەتی ناهەق بووە و خۆی تووشی گوناهـ کردووە، تێبکۆشێ میراتگرانی پێک بێنێ، گوناح نییە. خودا لە گوناهـ دەبوورێ و دلۆڤانە.

183) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆو نووسراوە: ڕۆژوو بگرن – هەر وەک لەسەر پێشینەکانیشوو نووسرا – شایەت لە خودا بترسن.

184) چەند ڕۆژێکن [نە زۆر زێدە]، هەرکێ لەنگۆ لەش بەبارە یان ڕێبوارە با چەند ڕۆژی تر پێ ببێ. ئەو کەسانەش وا زۆر بە سەختی ڕۆژوویان پێ ئەگیرێ، بەجێ ڕۆژوو «فیدیە» یان لەسەرە و دەبێ خۆراکی هەژارێک بدەن. ئەر کەسێکیش خۆی حەز بکا خۆراکی زۆرتر ببەخشێ، بۆی باشترە. گەر ئێوە بتانزانیبا بەڕۆژوو بوون بۆ ئێوە گەلێ چاترە.

185) مانگی ڕەمەزان مانگێکە قورئان لەودا کل کراوە؛ کە ڕێ بە مەردم نیشان دا و زۆر نیشانەی شارەزایی و هۆی لێکتر هەڵوەژاردنی پاک و ناپاکی تێدایە. جا هەر کەسێ مانگی ڕەمەزان دەبینێ، لەسەریەتی بەڕۆژوو بێ؛ هەر کەسێکیش لەش بەبارە یان ڕێبوارە، ئەو ژمارە لە ڕۆژانی دیکە پێ بێ. خوا سانایی ئێوەی دەوێ و نایەوێ ئەرکوو گران بێ. ڕۆژەکانی – تەواو – پێ بن و یادی خودا بکەنەوە؛ کە ئەو ڕێگەی نیشان داون و پێویستە شوکرانەی بکەن.

186) هەرگایەکی عەبدەکانم لەمەڕ من لە تۆ دەپرسن، من نزیکم؛ هەر کەس هانام وەبەر بێنێ، بێ وەرامی ناهێڵمەوە. با ئەوانیش لە فەرمانی من دەرنەچن، بڕوای تەواویان بە من بێ؛ بەشکوو ڕێی ڕاست بەدی بکەن.

187) سەرجێیی ژنان کردنوو، لە شەوانی ڕەمەزان، بۆتان ڕەوایە؛ ئەوان کەل پەلی ئێوەن و ئێوە پۆشەنی ئەوانن. خودا لەوە ئاگادارە ئێوە بەرێ دەرهەق بە خۆتان غەیان بوون؛ بەو پەژیوان بوونەوەتان عافووی کردن و بەخشیونی. هەر لە ئێستاوە دەتوانن دەستیان دەگەڵ تێکەڵ کەن و هەرچی خودا لە چارەتانی نووسیوە شوێنی کەون و بخۆن، وەخۆن تا ئەو دەمەی دەمەو بەیان هەودای لە هەودای ڕەش دەناسنەوە. پاشان ڕۆژووتان تەواو کەن هەتا شەوێ. هەر وەختێکی لە مزگەوتاندا مات دەبن، تخوون ژنانتان مەکەون. ئەمانە سنووری خودان نەچن تخوونیان بکەون. ئا بەم جۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ مەردم ئاشکرا دەکا، شایەتا خۆ بپارێزن.

188) لە خواردنی ماڵی یەکتر – بە ناڕەوا – دوور کەونەوە؛ مەشی دەن بە کاربەدەستان تا ڕێو هەبێ بە ناڕەوا ماڵی مەردمی تر بخۆن. بۆ خۆتان ئەمە دەزانن.

189) دەربارەی مانگ نوێ بوونەوەش لێت دەپرسن. بێژە: بۆ زانینی وەخت و چوونە حەجی مەردم بەهرە دەگەیێنێ. واش چاک نییە لە پشتەوە ناوماڵی خەڵکەوە؛ چاک ئەوەیە بپرینگێنەوە و لە درگاوە بچنە ناو ماڵانەوە. ترسیشوو لە خودا هەبێ؛ بەشکوو بتوانن ڕزگار بن.

190) ئێوە دەگەڵ ئەوانەدا کە شەڕ بە ئێوە دەفرۆشن، لە ڕاهی خودا بجەنگن. نابێ دەسدرێژی بکەن؛ خودا لە دەسدرێژی کەران خۆشی نایە.

191) لە هەر شوێنێ دەستوو کەوتن بیانکوژن. لەو شوێنەشیان وەدەر بنێن کە ئێوەیان لێ وەدەر نا. سۆدرەییش زۆر لە کوشتنێ خراترە. لە دەوروبەری «مسجدالحرام» یشا نابێ شەڕیان دەگەڵ بکەن؛ مەگین ئەوان لەوێ شەڕتان پێ بفرۆشن؛ ئەگەر لەوێش شەڕیان بۆ ئێوە هەڵگیرساند، لە کوشتنیان ڕامەوەستن؛ پاداشی خوانەناسان هەر ئەمەیە.

192) ئەگەر دەس بەرداریشتان بوون، خودا لە گوناهـ دەبوورێ و دلۆڤانە.

193) لە کوشتنیان وچان مەدەن تا ئاژاوە لە دنیا بنەبڕ دەبێ و دین هەر دینی خودا دەبێ؛ ئەگەر ئەوان دەسبەردار بوون، دەست درێژی هەر لە دژی ناهەقە.

194) مانگی شەڕبەس بەرانبەر بە مانگی شەڕبەس؛ شکاندنی هەر ڕێزێکیش تۆڵەی هەیە. سا هەر کەسێ دەسدرێژی لە ئێوە کرد، ئێوەش هەر بە ئەندازەی ئەو دەسدرێژی بکەنەوە و لە خودا ترستان هەبێ؛ خوا دەگەڵ خۆپارێزانە.

195) ماڵی خۆتان تا دەتوانن لە ڕاهی خودا ببەخشن؛ خۆشتان بە فەتەڕات مەدەن بە دەستی خۆ. چاکە بکەن، خوا ئاکارچاکی خۆش دەوێن.

196) حەج و عەمرە هەر بۆ خودا بە تەواوی بەجێ بێنن. ئەگەر هەر ڕێگەشیان نەدان، ئەوسا چەندی بۆتان دەلوێ ئاژەڵ بکەنە قوربانی. هەتا ئاژەڵی قوربانی نەگاتە جێی دیاری کراو سەر مەتاشن. کێش لە ئێوە لەش بەبارە یان ئازارێکی لە سەردا، لە بارتەقای بەڕۆژوو بێ یان خێرێک ببەشێتەوە، یان ئاژەڵێک بکاتە خێر هەر لەوێدا. هەرکاتیش ترسێکوو نەما، هەرکێ ویستی بەهرە ببا، لە عەمرە تا کاتی حەجێ، هەر چەندێکی لە دەستی دێ، حەیوان بکاتە قوربانی. ئەگەر دەستیشی نەڕۆییشت، سێ ڕۆژ لە حەج بەڕۆژوو بێ؛ وەختێ گەڕاشنەوە حەو ڕۆژ؛ کە تێکڕایی دەبێتە دە ڕۆژی تەواو. ئەم بەهرە بردنەش هەر بۆ کەسێکە خۆی ماڵی لە مەککەدا نەبێ. ئەبێ لە خودا بترسن، خوا لە تۆڵەساندنا توندوتیژە.

197) هەڕەتی حەج چەند مانگی دیاری کراون. هەر کەسێکی لەوانەدا فەرزی حەجێ بەجێ بێنێ، تخوونی ژنان کەوتن و نێوونرتکە لێک هەڵدان و لە ڕێگەی خودا لادان و قسە بە زۆرانێدان و شەڕ و هەرا – ببڕای ببڕای – لە حەجدا نین، هەر کارێکی چاکیش بکەن، خودا دەیزانێ. زەوادی ڕێگەشوو پێ بێ؛ چاکترین تۆشە بۆ ئێوە، خۆ لە گوناح پارازتنە. گەرەک لە من ترسوو هەبێ ئەی گرۆی خاوەن ئاوەزان!

198) ئەگەر لە ماوەی حەجیشدا ڕۆزی لە خوا داوا بکەن، هیچ گوناهوو لەسەر نییە. گەر لە «عرفات» داگەڕان، لە پەنا «مشعرالحرام» یادی ناوی خودا بکەن؛ کە دوای ئەوەی هیچ شارەزاییتان نەبوو، خستنیە سەر ڕاستەڕێیە.

199) لە هەر کوێشدا خەڵک داگەڕان، ئێوەش لەوێ داگەڕێن و لە خودا بپاڕێنەوە بتانبەخشێ؛ خودا لە تاوان دەبوورێ و دلۆڤانە.

200) هەرگا ئێوە ڕێوشوێنی پێداویستوو بەجێ هێنا، وەک یادی باب و باپیری خۆتان دەکەن – هەر ئاواو لەوە پتریش – یاد لە خودا بکەنەوە. لەو خەڵکەدا ئی وا هەیە هەر دەڵێ: پەروەرندەمان! لە دنیا کامڕەوامان کە. ئەوانە لە ڕۆژی سەڵا بەشیان نییە.

201) ئی واش هەیە ئێژێ: ئەی پەروەرندەمان! هەم لە دنیا و هەم لە سەڵا تووشی خێر و خۆشیمان کە و لە ئازاری ئاگریش بمانپارێزە.

202) جا ئەوان بە پێی کردەیان بەشیان دەبێ. خوا بە پەلە بە کاروباران ڕادەگا.

203) لە ڕۆژانی دیاری کراو ناوی خوداو لە بیر نەچێ، هەر کەس دوو ڕۆژی پێش بخا گوناهێکی نایەتە سەر. هەر کەسێکیش خۆپارێزە و ترسی خودای لە دڵدایە – ئەگەر هێندێکیش دوا کەوت – گوناهێکی لەسەر نییە. بیشیزانن کە هەمووتان لای خواوە خڕ دەکرێنەوە.

204) لەم خەڵکەدا ئی وا هەیە قسە و گفتی سەبارەت بە ژیانی دنیا بۆ تۆ سەیر و سەرسووڕێنە و لەسەر ئەوەی لە دڵیایە خوا بە شایەت دێنێتەوە؛ کەچی هەر ئەو لە دوژمناتی کردنا زۆر سەرسەختە.

205) هەر کە لە تۆ دوور کەوتەوە، مل لە بەدفەڕی دەنێت و لە عەرزا خراپە دەکا و کێڵگە و ڕەسەن لە بەین ئەبا. خودا هەرگیز لە بەدفەڕان خۆشی نایە.

206) کە پێی وترا: ئەشێ ترست هەبێ لە خوا، دەمارزلی پتر بەرەو گوناهـ دەیبا. با جەهەندەمی لێ پڕ بێ، جێ حەسانەوەیەکی زۆر خراپیشە.

207) هی واش لە ناو مەردم هەیە بۆ ڕەزای خوا گیان دەبەخشن. خودا دەگەڵ عەبدانی خۆی دلۆڤانە.

208) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەموو لاتان ئامادەی فەرمانبەری بن. پێ مەنێنە جێ پای شەیتان؛ ئاشکراهـ کە شەیتان پێتان دوژمنە.

209) پاش ئەوەی ئەو بەڵگە ئاشکرایانەتان بۆ هاتووە، ئەگەر بێتوو هەڵخلیسکێن، دەبێ ئەوەندە بزانن کە خوا توانا و لەکارزانە.

210) ئاخۆ ئەوان چاوەنۆڕن خوا و فریشتەکانی خودا لە ناو سەیوانی هەوراندا بێنە لایان و کارەکە کۆتایی پێ بێت؟ هەموو کارێک هەر بەرەو خودا دێتەوە.

211) لە بەرەی ئیسرائیل بپرسە! چەند نیشانەی ئاشکرامان داوە بەوان؟ هەر کەس چاکەی دەگەڵ بکەین و پێ نەزانێ، با بزانێ خوا لە سزای پێ نەزانان توندوتیژە.

212) ژینی دنیا بۆ ئەوانەی خوانەناسن خەمڵیوە و ڕازاوەتەوە و گەمەی خۆیان بە خاوەن باوەڕان دەکەن؛ کەچی لە خودا ترسەکان ڕۆژی سەڵا وان لە سەری ئەوانەوە. خودا بۆ هەر کەسێ حەز کا، بێ ژمارە ڕۆزی دەنێرێ.

213) بەرێ، مەردم هەمووی چین و بەرەیەک بوون. خودا پێغەمبەری ناردن مژدەدەر و ترسێنەر بن، کتێبی ڕاست و ڕەواشی ڕەگەڵ خستن تا ئەو شتەی بوونە بنەمای کێشەیان، بۆیان یەکاڵا کەنەوە و پێکیان بێنن. هەر ئەوانەش بۆ یەکتریان نەدەسەلماند کە دەپێشدا کتێب بۆ ئەوان هاتبوو، بەڵگەی ئاشکراشیان لابوو؛ بەڵام ئێرەیی ناو خۆیان کارێکی وای کرد، پێک نەیەن. ئیتر خودا بە ئیزنی خۆی ڕێگەی ڕاستی نیشانی باوەڕداران دا و تێی گەیاندن ئەو کێشە لەبەرچی کرا. خودا بۆ هەر کەس حەز بکا شارەزای ڕاستەڕێی دەکا.

214) ئاخۆ ئێوە لاتان وایە[ بە هاسانی ] دەچنە بەهەشت؟ کەچی هێشتا ئەوەی بە سەر پێشینانتانا هاتووە، بە سەر ئی وا نەهاتووە. ئەوان تووشی گەلێ تەنگانە و ئازار و نەداری و چەوسانەوە بوون؛ زۆر بە توندی تەکان دران، تەنانەت پێغەمبەریش و یارانی باوەڕداریشی دەیانگوت کە: کەی خودا دەهانامان دێ؟ تۆ بزانە کە یاریدەی خوا نزیکە.

215) لێت دەپرسن: چێ ببەخشن؟ پییان بێژە: هەر شتی چاک کە دەیبەخشن بیدەن بە دای و بابان و خزمانی نزیکتان و هەتیوان و هەژاران و ئەوانەی لە ڕێدا ماون. هەر چاکەیێ ئێوە بیکەن، دیارە خودا پێ دەزانێ.

216) خەزاتان لە سەر نووسراوە، هەرچەندە خۆشتان لێی نایە. ڕەنگە لە شتێک حەز نەکەن بەڵام بۆتان وەخێر گەڕێ، ڕەنگیش هەیە ئاوات بۆ شتێ وا بخوازن کە ئاکامەکەی باش نەبێ؛ خوا دەزانێ و ئێوە سەری لێ دەرناکەن.

217) لێت دەپرسن: تووشی شەڕ بوون لە مانگی شەڕبەسا چۆنە؟ بێژە: شەڕ لە هەیڤی وادا گوناهێکی زۆر گەورەیە و ڕێگەی بەرەو خوا بەستن و حاشا لە خودا کردن و ماڵی خوا بەڕێز نەگرتن، لێ وەدەرنانی خەڵکەکەی – لە لای خودا – تاوانی هەرە مەزنە؛ ئاژاوەش بۆ شەڕ نانەوە لە کوشتنێ خراپترە. ئەوان دەستوو لێ بەرنادەن، هەر دەگەڵ ئێوە بەشەڕ دێن هەتا – ئەگەر بۆیان بلوێ – ئێوە لە دینەکەی خۆتان وەربگێڕن. هەر کەسیش لە دین وەرگەڕێ و بە خودانەناسی بمرێ، ڕەنج خەساری دنیاش و قیامەتیش دەبن و دەکەونە ناو دۆزەقەوە و تاهەتا هەر تیا دەبن.

218) ئەوانەی لە ڕێگەی خودا دەربەدەرن و باوەڕیان بە خودا هەیە و لە ڕای خودا چوونە خەزا، بە هومێدن خوا بە چاکە وەیان خوێنێ، خودا لەوانە دەبوورێ و دلۆڤانە.

219) لەمەڕ شەراب و قوماریش لێت دەپرسن؛ بێژە: تاوانیان گەورەیە و بۆ خەڵکیش بەهرەیان هەیە؛ تاوانەکە لە بەهرەکەیان زۆرترە. پرسی ئەوەشت پێدەکەن، چی لە ڕێی خوادا بەخت کەن؟ بێژە: زێدە لە پێویستوو. ئا بەم جۆرە خوا نیشانەکانی خۆیتان نیشان دەدا، شایەت ئێوە بتوانن بیر بکەنەوە؛

220) هەم لە دنیا و هەم لە سەڵا. لێت دەپرسن: دەربارەی هەتیوان چۆن بین؟ بێژە: ئەگەر بە دڵسۆزی ئاگاو لێ بن کاری چاکە. ئەگەر دەگەڵ ئێوە دەژین، وەک برا و خوشکی خۆتان بن. خوا دەزانێ کێ بەدفەڕە و کێ کارچاکە؛ ئەگەر خودا مەیلی لێ با ئەرکی لێ گران دەکردن؛ خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

221) خواستن و شوو پێ کردنی بتپەرستان بۆ مێر و ژنی باوەڕدار ڕەوا نییە، با زۆریشیان حەز لێ بکەن؛ هەتا نەبنە خاوەن باوەڕ ناشێ بیانکەنە هاوسەرتان. کەنیز و بەندەی باوەڕدار بۆ هاوجووتی، لە مێر و ژنی ئازادی خودانەناس هێژاترن. ئەوان گەرەکیانە ئێوە بەرەو جەهەندەم ڕاکێشن؛ خواش گەرەکیە بە ئیزنی خۆی لە گوناهانتان ببوورێ و بتانگەیێنێتە بەهەشت. خودا ئەم نیشانانەی خۆی بۆ مەردم ڕوون دەکاتەوە.

222) لە مەڕ عوزری ژنانەوەش لێت دەپرسن، بێژە: ئەویش ئازارێکە؛ ئەو چەند ڕۆژەی خوێنیان هەیە، سەر جێیی ژنانوو مەکەن؛ ڕاوەستن تا پاک دەبنەوە. هەرگا لە خوێن پا بوونەوە، لەو جێیەوە کە خوا فەرمانی پێداون بۆیان وەرن. خوا لەو کەسانە خۆشی دێ کە لە گوناح پەژیوانن و دەیانەوێ بە پاک و خاوێنی بژین.

223) ژنانوو کێڵگەی خۆتانن؛ لە هەر کوێوە دەتانەوێ، بچنە کێڵگەی خۆتانەوە؛ تۆشەیەکیش وەپێش خۆ خەن. دەبێ لە خوداش بترسن، بیشیزانن دەگەڵ خوا ڕووبەڕوو دەبن. مژدەش بدە بەوانەی خاوەن باوەڕن.

224) خودای مەکەن بە کەرستەی سوێندی خۆتان؛ کە ڕێگەی چاکەو لێ ببڕێ و پارێزگاریو پێ نەهێڵێ و بە کاری مەردم ڕانەگەن؛ خودا ئەژنەوێ و زانایە.

225) خوا بۆ سوێندی سەرزارەکی گوناهوو لەسەر نانووسێ؛ بەڵام ئەگەر لە تەهی دڵتانەوە بێ، خودا لێو دەپرسێتەوە. خودا لە هەڵە دەبوورێ و لەسەرخۆیە.

226) ئەو کەسانەی سوێندێ لە ژنەکانیان دەخۆن کە ئیتر دەگەڵیان نەنوون، دەبێ چوار مانگ چاوەنۆڕ بن؛ ئەگەر گەڕاشنەوە لایان، ئەوسا خودا گوناهـ بەخش و دلۆڤانە.

227) ئەگەر هەر لەسەر تەڵاقیش بڕیاریان دا، ئەوسا خودا دەبیسێ و ئاگاداریشە.

228) تەڵاق دریا و لەسەریانە هەتا سێ جار لە بێ نوێژی پاک دەبنەوە چاوەنۆڕ بن. ئەگەر بڕوایان بە خودا و ڕۆژی هەستانەوە هەیە، ڕەوا نییە ئەو تۆلەی خوا خستوویەتە زگیانەوە بیشارنەوە. لەم بەینەدا ئەگەر بیانەوێ ڕێک کەون، بۆ دیسان هێنانەوەیان، مێردەکانیان شیاوترن. هەروەک ئەرکی ژنانەیان لەسەر شانە، ژنەکانیش مافی ڕەوای خۆیان هەیە. پیاویش لە ژنان پلەیەک بەرە ژوورترن، خوداش خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

229) تەڵاقی ژن دوو کەڕەتە، ئەوسا یان ڕاگرتنی باش و خوداپەسند، یان بە خۆشی و بێ هەرا، دەس لێک بەردانە. لەو ماڵەی کە پێتان داون ڕەوا نییە هیچیان لێ وەربگرنەوە؛ مەگین ترسیان لەوە هەبێ کە نەتوانن سنووری فەرمانی خودا بپارێزن. ئەگەر ترستان لەوە هەبوو کە هەردووکیان سنووری خودا ناپارێزن، هیچ گوناهی تێدا نییە ژنەکە خۆی بکڕێتەوە. ئەمانەن سنووری خودا، لە سنووری خودا دەرمەچن؛ ئەو کەسانەی لە سنووری خودا دەردەچن ئەوانەن کە غەدرێ دەکەن.

230) ئەگەر لە پاش ئەم دوو جارەش تەڵاقی دا، ژنەکەی بۆحەڵال نییە تا ژنەکە دەچێ مێردێکی تر دەکا؛ ئەگەر لەو مێردەی کردووشیە تەڵاق درا، ئەوساکە هیچ گوناهێکیان لەسەر نییە دووبارە بگەڕێنەوە بۆ لای یەکتر؛ بەو مەرجە کە وابزانن هەر دووکیان بە تەرزێ ڕەوا - وەک خودا فەرمانی داوە - وێک هەڵدەکەن. ئەمانە سنووری خودان، ڕوونیان دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانە وا حاڵی دەبن.

231) ئەگەر ژنوو تەڵاق دان و ماوەی چاوەنۆڕیەکەیان بڕوایە، یان بە تەرزێ خوداپەسند ڕایانگرن، یان بەرانبەر بە یاسای دین ئازادیان کەن. نەکا بە قەس ئازاردانیان، ڕایانگرن و لە هەق لادەن. هەر کەسێ وا ڕەفتار بکا ناهەقی لە خۆی کردووە. ئەوانە نیشانەی خودان، ناشێ بە گەمەی بزانن. با لە بیروو بێ کە خودا چەندی چاکە دەگەڵ کردن. لە بیر مەکەن خوا ئەو کتێبەی بۆ ناردوون کە لەوێدا لە کارزانی سەرڕاست دەبن و بەو ئامۆژگاریتان دەکا. ئەشێ بترسن لە خودا و باش بزانن خودا هەموو شت دەزانێ.

232) هەرگا ژنانتان تەڵاق دا و کاتی حەیەیان بەسەر چوو - ئەگەر بە تەرزێکی ڕەوا وەل ئاوجووتی پێشوویانا ڕێک کەوتن - ئێوە مەبنە بەرهەڵستی شوو کردنیان. کێ لە ئێوە بڕوای بە خوا و ڕۆژی قیامەتێ هەبێ، ئەم ئامۆژگاریە پێک دێنێ؛ ئەمە بە سوودی ئێوەیە و بەهرەی بۆ پاکیتان هەیە. خوا دەیزانێ و ئێوە سەری لێ دەرناکەن.

233) دایکان دەبێ بە منداڵیان دوو ساڵی ڕەبەق شیر بدەن. بۆ کەسێکی کە بییەوێ بە تەواوی شیرێ بدا، لەم ماوەدا جلک و بژیوی دایکەکە - لەسەر دابی موسوڵمانانی ئەو شوێنە - لەسەر باوکە. کەسیش لە توانا بەدەری لەسەر نییە. هیچ دایک و بابێ نابێ لەبەر ساوایان زیان بە یەکتر بگەینن. ئەگەر منداڵ بابی نەبوو، میراتگران لەسەریانە جلک و بژیوی دایکەکەی فەراهەم کەن. جا ئەگەر داک و باب بە خۆشی و ڕاوێژ ویستیان[ زووتر] منداڵ لە شیر ببڕنەوە، هیچ گوناهێکیان ناگاتێ. خۆ ئەگەر گەرەکیشتان بێ کەسێکی تر شیر بداتە منداڵانتان - بەو مەرجە بە پێ دابی ڕۆژ، کرێی تەواوی بدەنێ - هیچ گوناهتان نایەتە سەر. دەبێ لە خوداش ترسوو بێ. ئەوەندەش دەبێ بزانن هەر کارێکی ئێوە دەیکەن، خودا دەیبینێ.

234) ئەوانەی لێتان دەمرن و ژنیان لێ بەجێ دەمێنێ، ژنەکانیان هەتا چوار مانگ و دە ڕۆژان چاوەنۆڕ بن؛ لەوە بەولا خۆیان هەر کارێکی دەیکەن - هەر هێندە ناڕەوا نەبێ - بێڵن بیکەن؛ ئێوە گوناحتان ناگاتێ؛ خوداش لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.

235) هیچ گوناهیشتان ناگاتێ کە خواستنی ژنەکانی شوو مردووتان ئارەزوو بێ و ناڕاستەوخۆ پێیان بێژن، یان هەر لە دڵی خۆتاندا بڕیار بدەن دەیانخوازن خوا دەزانێ کە باسیان هەر ئەدرکێنن. بەڵام نەکەن بە نهێنی بچنە ژووانێ؛ مەگین لەوێش خواپەسندانە بیان دوێنن. تا ماوەکە بەسەر نەچێ باسی مارە کردن مەکەن. دەبێ ئەوەندەش بزانن خوا دەزانێ ئێوە چیتان لە دڵدایە؛ لێی بترسن و بیشیزانن خودا لە گوناهـ دەبوورێ و لەسەرخۆیە.

236) ئەگەر ژنوو تەڵاق دەدەن، بەر لەوە دەگەڵیان بنوون و مارەییتان هێشتا بۆ دیاری نەکردوون، چییان ناکەوێ و ئێوە گوناهتان ناگاتێ. بەڵام وا چاکە شتێکیان لە ماڵی خۆتان بدەنێ؛ دارا لە ئەندازەی خۆی و هەژاریش بە ئەندازەی خۆی؛ وا چاکە بۆ چاکەکاران.

237) خۆ ئەگەر مارەییەکەتان بڕیبۆوە و هێشتا دەگەڵیان نەخەوتوون، تەڵاقتان دان، نیوەی مارەییان دەکەوێ، مەگین خۆیان پێو ببەخشن یان ئەو کەسە پێو ببەخشێ کە مارەبڕین بە دەست ئەوە؛ پێ بەخشینیش لە ئاکاری پارێزگاری نزیکترە. لە بیر مەکەن چاکە دەگەڵ یەکتر بکەن، خودا لە هەر کارێ دەیکەن چاوەدێرە.

238) لە نوێژان و بەتایبەتی ئەو نوێژەی لە نێواندایە، ئاگادار بن؛ ئەشێ بۆ فەرمانی خودا ڕابووەستن.

239) ئەگەر ترسێکوو لەسەر بوو - بە پیادەیی یان بە سواری - هەرگا ترسیشوو بەسەر چوو - چۆنی خودا فێری کردوون - یادی بکەن کە لە پێشدا نەودەزانی.

240) ئەوانەی لەنگۆ دەمرن و ژنەکانیان بەجێ دێڵن، ڕابسپێرن: هەتا ساڵێک مایەی گوزەرانەکەی دابین بکەن و دەری نەکەن؛ ئەگەر هەر بە خواستی خۆیان چوونە دەرێ - بۆ کارێکی خوداپەسند - ئێوە گوناهتان ناگاتێ. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

241) ژنانێ کە تەڵاق ئەدرێن، بەشی ڕەوای خۆیان هەیە؛ کە پێک هێنانی ئەم کارە، بڕیارە بۆ خوداترسان.

242) هەر بەو پێیەش خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە؛ شایەتا ئێوە تێبگەن.

243) ئەدی تۆ ئەوانەت نەدی بە هەزاران لەو کەسانەی ترسی مردن وای لێکردن زێدی خۆیان بەجێ بێڵن؟ خوا فەرمانی پێدان: بمرن! لە پاشان زیندووی کردنەوە. خودا سەبارەت بە مەردم چاکە دەکا، بەڵام بەشی زۆری مەردم لە شوکرانە خۆ دەبوێرن.

244) لە ڕای خودا بچنە خەزا و بزانن کە خوا بیسەر و ئاگادارە.

245) کێ ماڵی خۆی بە دەستەواو دەدا بە خوا، هەتا ئەویش چەند ئەوەندەی بداتەوە؟ کەم بژیوی و فەرحانیش هەر بە دەس ئەوە و هەمووش هەر دێنەوە لای ئەو.

246) نەت زانیوە چەند کەس لە نەجیم زادەکان - کە تۆرەمەی ئیسرائیل بوون - لە پاش مووسا، بە پێغەمبەرەکەی خۆیان وت: شایەکمان بۆ دیاری بکە تا لە ڕای خوا خەزا بکەین. گوتی: ئەگەر فەرمانی خەزاو بۆ دەرچی، پێو وانییە خۆ دەبوێرن؟ گوتیان: جا چۆن لە خەزایە- لە ڕای خوا بێ- خۆ دەبوێرین، کە دەشبینی ئێمەیان لە زێدی خۆمان وەدەرناوە و لە عەولادی خۆمانیان دوور خستووینەوە؟ کە بڕیاریان بۆ دەرکەوت بچنە خەزا، پشتیان تێکرد و ڕایان کرد؛ هەر کەمێکیان مابوونەوە. خوا ناهەقان باش دەناسێ.

247) پێغەمبەریان پێانی وت: خودا بۆ پاشایەتیتان تالووتی دیاری کردووە. گوتیان: کوا ئەو شایانی ئەم فەرمانەیە؟ کە ئێمە زۆر لەو شیاوتر و بە داراییش زێدەترین. گوتی: خودا ئەوی لەسەر کردوونەتە فەرماندە؛ زانست و قەڵافەتیشی لە ئێوە پتر پێداوە. خوا حەز بکا پاشایەتی بە هەر کەسێ بدا دەیدا؛ زانستی خوا بەربڵاوە و لە هەموو شت ئاگادارە.

248) پێغەمبەرەکەیان وتی: درۆشمی پاشایەتی ئەو لەلایەن پەروەرندەوڕا، تابووتێکە دڵنیا بوونی تێدایە؛ دەگەڵ هێندێک کەلەپۆڕی خانەدانی مووسا و هاروون، فریشتە هەڵیان گرتووە. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئێوە ئەگەر بڕواو بە خوا هەیە.

249) وەختێ تالووت لەشکەرەکەی خستە سەر ڕێ، گوتی: خودا بە جۆبارێک گەرەکیە تاقیو کاتەوە، هەر کەسێ لێی بخواتەوە لە من نییە؛ هەرکێش چی لێ نەخواتەوە سەر بە منە؛ مەگین کەسێ هەر بە لاوێچ لێی هەڵێنجێ. کەمێک نەبێ هەموویان لێیان خواردەوە. ئەوسا خۆی و باوەڕدارانی یارانی لە جۆیەکە پەڕینەوە. گوتیان: ئەمڕۆ لە وزەی ئێمەدا نییە کە دەروەستی جالووت و لەشکرەکەی بێین. ئەو کەسانەی بە هیوا بوون بە دیداری خودا بگەن، گوتیان زۆر جار کۆمەڵێ کەم - بە ئیزنی خوا - بە سەر کۆمەڵێکی زۆردا وەسەر کەوتوون. خوا یاری خۆڕاگرانە.

250) لە کاتێکا دەگەڵ جالووت و لەشکری تووشی یەک بوون، گوتیان: ئەی پەروەرندەمان! وابکە خۆڕاگر بین و لە مەیدانێدا بچەقین و لە کەسانی خوانەناس وەسەرمان بخە.

251) ئیتر - مەیلی خودای لە سەر - دوژمنەکانیان ڕەتاند و جالووت بە دەستی داوود چوو. خودا پاشایەتی و لەکارزانی پێدا و هەرچی بۆ خۆی پێویستی پێ بوو، فێری کرد. ئەگەر خودا هێندێکانی لەو ئاپۆرە بە هێندێکان تەرت و توونا کردایە، ئەم زەمینە خرا ببوو؛ بەڵام خودا چاکەی لەسەر هەموو خەڵکی دنیا هەیە.

252) ئەمانە نیشانەی خودان کە بەڕاستی هەر بۆ تۆی دەخوێنینەوە، کە بێ گومان یەکێک لە پێغەمبەرانی.

253) ئێمە لە ناو پێغەمبەرانی خۆماندا هێندێکیانمان لە هێندێکان بەڕێزتر گرت؛ جا لەواندا ئی وا هەبووە کە خوا ئەوی دواندووە؛ پلەوپایەی بڕێکیشی بردۆتە سەر. چەند نیشانەن دا بە عیسای کوڕی مەریەم؛ بە گیانی پیرۆزی خۆشمان یاریدەن دا. ئەم خەڵکانە لە دوای ئەمەی ئەو گش پێغەمبەرە هاتن، سەرەڕای ئەو نیشانانەی بۆ ئەوان هات - ئەگەر خودا مەیلی لێ با - شەڕی یەکتریان نەدەکرد؛ بەڵام ئەوان لە ناو خۆدا پێک نەهاتن؛ بازێک بوونە خاوەن باوەڕ، بازێکی تر کەوتنە سەر بار خوانەناسی. ئەگەر خوا مەیلی لێ با، نەیدەهێشت دەگژ یەک ڕاچن؛ بەڵام خودا بە خواستی خۆی کاران دەکا.

254) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو بژیوەی کە پێم داون بەخت بکەن، پێش ئەوەی ڕۆژەکە دابێ؛ کە ئەو ڕۆژە نە سەودا کردن دەمێنێ و نە تکا و نە دۆستایەتی؛ خوانەناسان ناهەقی لە خۆیان دەکەن.

255) غەیرەز خودا هیچ شت بۆ پەرستن ناشێ. هەر ئەو هەمیشە زیندووە و بەسەر هەموو شت ڕادەگا. نە خەونووچکە دەیباتەوە نە ڕادەزێ. هەرچی هەبێ لە ئاسمانان و زەمیندا هەر بۆ ئەوە. کێی وا هەیە هەتا - بۆ خۆی ئیزنی نەدا - بتوانێ تکای لا بکا؟ لەوەی ئێستا هەیە و دیارە، لەوەش پێش ئەمانیش بووگە و بەرپێوارە، ئاگادارە. ناشتوانن بە هیچێک لە زانستی ڕاگەن؛ جا مەگین خۆی مەیلی لێ بێ. زانستی ئەو، عاسمانەکان و زەمینی داگرتووە و پاراستنیان بۆ ئەو ئەرکێ گران نییە. هەرە پایەبەرز و مەزن، هەر خۆیەتی.

256) لەم دینەدا بە زۆر داسەپاندن نییە. شارەزایی لە گومڕایی هاوێر کرا. هەرکێ لە تاغووت نەبانە و بڕوای بە خودا بهێنێ، هەنگڵێکی هێندە توندی بە دەستەوە، هەرگیز پسانی بۆ نییە. خوداش بیسەر و زانایە.

257) خودا یاری گەلی خاوەن باوەڕانە و لە ناو تاریکستانەوە دەیانبا بەرەو ڕووناکی. دۆستی خودانەناسانیش هەر تاغووتە؛ لە ڕۆشنی دەریان دەخەن؛ بەرەو ڕووی تاریکستانیان بەڕێ دەکەن. دەبێ بچنە ناو ئاگر و هەتا سەر هەر دەوێدا بن.

258) تۆ ئەو کابرایەت نەدیبوو کە چۆن خودا هێز و دەستەڵاتی پێ دا، جوابەجەنگی دەگەڵ ئیبراهیمدا دەکرد، سەبارەت بە پەروەرندەی؟ ئەو دەمە ئیبراهیم گوتی: پەروەرندەی من کەسێکە ژینێ دەدا و دەشمرێنێ. گوتی: منیش زیندوو دێڵمەوە و دەمرێنم. ئیبراهیم وات: پەروەرندەم خۆر لە خۆرهەڵات ڕادێنی، [دادەی] ئەتۆ لە خۆرنشینەوەی بێنە. کاورای خوانەناس حەپەسا. خوا دەستەی ناهەقییکاران لە ڕێگە شارەزا ناکا.

259) یان ئەو کەسەی بە لای گوندێکا ڕادەبرد کە بە سەریەکدا تەپیبوو. گوتی: کەی خودا دەتوانێ ئەمە زیندوو بکاتەوە پاش مردنێ؟ ئەوسا خودا بۆ ماوەی سەد ساڵ مراندی و لە پاشان زیندووی کردەوە. لێی پرسی: تۆ چەندت پێ چوو؟ گوتی: ڕۆژێک یا خۆ کەمتریش لە ڕۆژێک. گوتی: نەخێر، ئەوا تۆ سەد ساڵە مردووی؛ دەبڕوانە خواردەمەنی و خواردنەوەت نەگۆڕاوە؛ تماشای کەرەکەشت کە! گەرەکمانە بتکەینە پەندێک بۆ مەردم. لەم ئێسقانانە بڕوانە چلۆن تێکیان دەخەینەوە و دەناو گۆشتیان هەڵدەکێشین. کاتێ ئەمەی بۆ دەرکەوت، گوتی: وا ئێستا دەزانم خوا هەموو کاری پێدەکرێ.

260) ئەوساش کە ئیبراهیم گوتی: پەروەرندەم! ئەتۆ مریان چلۆن زیندوو دەکەیتەوە؟ نیشانم دە. گوتی: ئاخۆ تۆ هێشتا باوەڕت نییە؟! گوتی: بەڵێ، بەڵام من گەرەکمە ئیتر بە تەواوی دڵنیا بم. گوتی: دەسا چوار مەل بگرە و پەل پەلیان کە و بیانکە چوار کوت؛ هەر کوتێکیان بە سەر کەژێکەوە دانێ و بانگیان بکە، بە فڕکە دێنەوە بۆ لات. بشزانە خوا چەندە خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە.

261) بەسەرهاتی ئەو کەسانەی ماڵیان لە ڕاهی خودادا بەخت دەکەن، وەک بەسەرهاتی دەنکێکە حەوت گوڵ دەدا و هەر گوڵەی سەد دانەی تێدا. خودا چەند ئەوەندە پاداش دەدا بە هەر کەس بییەوێ. خودا چاکەی یەکجار زۆرە و زۆر زانایە.

262) ئەو کەسانەی ماڵ لە ڕای خوا دەبەخشن و بە چاویاندا نادەنەوە و تووشی ئازارێکیان ناکەن، خوا تێی هەڵدێنێتەوە و نە هیچ ترسێکیان لەسەرە و نە خەم دەخۆن.

263) دواندنی نەرمونیان و چاو لێ پۆشین، لەو خێر کردنە چاکترە کە ئازاری بە شوێنا بێ. خودا ئاتاجی کەس نییە و [لە کاردا] بە کاوەخۆیە.

264) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خێرەکانوو بە منەت لە سەر کردن و ئازاردان، بەفیڕۆ مەدەن. نەچن وەک ئەو کەسانە بن کە باوەڕیان بە خوا و ڕۆژی سەڵا نییە و بۆ ڕووبینی لە ماڵی خۆیان دەبەخشن؛ ئەم کارەیان لەوە دەکا کە تاتەبەردێکی زۆر لووس هێندێ خۆڵی لە سەر بارە و بارانی توندی وێ دەکەوێ و بیشواتەوە و هەر تاتێکی ڕووت وەمێنێ. هیچ بەهرەیان لەو بەخشینە دەسگیر نابێ و خودا گرۆی خوانەناسان لە ڕێگە شارەزا ناکا.

265) ئەو کەسانەش کە لە چاکە دەگەڵ هەژاران کردن دا، بە هومێدن خودا لە خۆ ڕازی کەن و دڵیان بەبڕوا پتەو بێ، خێرەکەیان وەک باغێکە لە سەر گردێک و بارانی پەڵەی لێ بدا و بەروبووی دوو ئەوەندە بێ؛ ئەگەر پەڵەشی لێ نەدا، نمە باران تێراوی کا. هەر کارێ کە ئێوە دەیکەن خوا دەیبینێ.

266) کێو حەز دەکا ببێتە خاوەنی باغێک لە گش جۆرە خورما و ڕەزێک، شەقەجۆی بە ناودا بڕوا و هەمووشیان هاتبنە بەروپیریش بڕستی بڕیبێ و زارۆی سەروپێچکەی هەبن؛ لە ناخافڵ گڕەبایەکی لێ هەڵکا و بیسووتێنێ؟ خودا ئاوا نیشانەکانی نیشانی ئێوە دەدا، شایەت بیری لێ بکەنەوە.

267) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو شتانەی کە لە زەمین پێمان داون و پەیدای دەکەن، بەخت بکەن؛ نەک لە شتێ هێندە چرووک کە بۆخۆشتان ئەگەر چاوپۆشی لێ نەکەن، ناتانەوێ. بیشیزانن خودا ئاتاجی کەس نییە و هەر دەبێ تاریفی بکرێ.

268) شەیتان ئێوە لە نەداری دەترسێنێ و بۆ خراپە هانوو دەدا. خواش بەڵێنی لێ خۆش بوون و خۆشی ژیانوو پێ دەدا. فەرحانی وا لای خودایە و خۆی زانایە.

269) لەکارزانی دەدا بە هەر کەس بییەوێ. بە هەر کەسیش لەکارزانی بدرێ، ئەوە خێری زۆری پێدراوە. ئامۆژگاریش بەهرە نادا مەگین بۆ خاوەن ئاوەزان.

270) هەرماڵێکی دەیکەنە خێر، یان دەقەبەڵ خودای دەکەن، خوا دەیزانێ و ئەوانەی خودانەناسن هیچ یاریدەدەریان نییە.

271) گەر بە ئاشکرا خێر بکەن کارێ خاسە؛ خۆ ئەگەر بە نهێنیش بێ و دەستی نەداری پێ بگرن، باشتریشە و گوناهتان لە سەر لادەبا. خودا لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.

272) ئەرکی سەرشانی تۆ نییە ئەمانە بخەیە سەر ڕێ؛ بەڵام هەر کەس خودا بۆخۆی مەیلی لێ بێ شارەزای ڕاستەڕێی دەکا. هەرچی بە خێر دەیبەشنەوە بۆ خۆتانە و دیارە ئێوە هەر بۆ ڕەزامەندی خودا خێرێ دەکەن. هەر شتێ بە خێری دەدەن تەواوی پێو دەدرێتەوە و هیچ ناهەقیو لێ ناکرێ.

273) ئەوانە خێریان پێ دەشێ کە لە خوداپەرەستیدا بێ دەرەتان ماونەتەوە و هێزی دەرکەوتنیان نییە کە بۆ خۆیان هەوڵێ بدەن؛ ئەوی ئاگایان لێ نییە، وادەزانن هیچ ئاتاج نین؛ چونکە حەیایان بە خۆیە. لە بیچمیان دەیان ناسنەوە؛ دەنا هەرگیز وەکوو پارسەکی دیکە نین گێرە بکەن. ئێوە هەرچی بە خێر لەو بارە بەخت کەن، خوا دەیزانێ.

274) ئەوانەی بە شەو یان بە ڕۆژ، بە نهێنی و بە ئاشکرا لە ڕێگەی خودا خێر دەکەن، لای خودا پاداشیان هەیە و نە هیچ ترسێکیان لەسەرە و نە خەم دەخۆن.

275) ئەو کەسانەی نزوول دەخۆن، ڕاستبوونەوەیان لەو دنیا، وەک ڕاپەڕینی کەسێکی شەیتان دەستی لێ وەشاندبێ، وەهایە. هەر چونکە ئەمانە ئێژن: مامەڵەش هەر وەک نزوولە. خودا سەودای ڕەوا دیوە و نزوولی پێ ناڕەوایە. سا هەر کەسێ ئامۆژگاری خودا دەبیە و دەس هەڵ دەگرێ، لەو شتانەی لەمەوبەر دەستی داوەتێ دەبەخشرێ و خودا بە کاری ڕادەگا هەر کەسێکیش دیسان بچێتەوە سەری، دەبن بە یاری ئاگر و تاهەتا هەر تیا دەبن.

276) خودا پیتی نزوول هەر کەم دەکاتەوە و پیتی خێرات پتر دەکا. خودا ئەوانەی خۆش ناوێ پێ نەزان و گونابارن.

277) ئەو کەسانەی بڕوایان بە خوا هێناوە و کاری چاک ڕەچاو دەکەن و لە نوێژ کردن و زەکات دان سستی ناکەن، پاداشیان وا لای خودایە و نەهیچ ترسیان دێتە بەرێ و نە خەم دەخۆن.

278) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەبێ لە خودا بترسن، ئەگەر بەڕاست باوەڕدارن، ئەو سووتی هێشتا ماوتانە نەتانەوێ.

279) ئەگەر دەستی لێ هەڵنەگرن، سا بزانن ئێوە دەگەڵ خودا و پێغەمبەرەکەیدا شەڕێ دەکەن. ئەگەر دەستی لێ هەڵگرن، دەسمایەی خۆو بستێننەوە؛ ئیتر ئەوسا نە ئێوە ناهەقی دەکەن نە ناهەقیتان لێ دەکرێ.

280) ئەگەر قەرزاریش نەدار بوو، ماوەی بدەن هەتا دەیبێ. ئەر بشزانن، پێ بەخشینی بۆو چاترە.

281) ترسیشوو لەو رۆژە هەبێ کە دەوهێننەوە لای خودا؛ ئەوێ ڕۆژێ هەر کەس هەرچی کردوویەتی - بە تەواوی- دێتەوە ڕێی و ناهەقی لە کەس ناکرێ.

282) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەرگا بۆ ماوەیێ دیاری، قەرزی دەگەڵ یەکتر دەکەن، بینووسن و با نووسەرێ خوداپەسند بۆتان بخاتە ناو قاقەز. ناشێ نووسەر لەم کارە تەنەخی بکا؛ با بنووسێ وەک خوا فەرمانی پێداوە. هەرچی قەرزدار بۆی دەڵێ، ئەو بینووسێ و ئەبێ ترسی خودای هەبێ و ئەولاوئەملای تێدا نەکا. ئەگەر ئەو کەسەی قەردارە، کەم ئاوەزە، یان بێ هێزە، یان ناتوانێ ئەوەی پێویستە بنووسرێ دەری ببڕێ، با سەرپەرستی ڕەوای ئەو لەباتی ئەو بیدرکێنێ و دوو پیاو لە خۆتان شایەت بن. ئەگەر دوو پیاو پەیدا نەبوون، با پیاوێک و دوو ژنی وا کە ئێوەش لێیان ڕازی بن، لە کار ئاگادار بکرێن؛ تا ئەگەر یەکێ لەم دووانە لە بیری چوو، ئەوی تر بیری خاتەوە. هەر وەختێکی بۆ شایەتی دان بان کران، ڕەوا نییە خۆ ببوێرن. لە نووسینی ماوەی قەرز - کەم بێ یان زۆر - نابێ لەشگرانی بکەن و هەر بینووسن و مەوداکەشی دیاری بکەن. لە لای خودا ڕەواترە و بۆ شایەتی لەسەردانێ لەبارترە و لە دوودڵی نەهێشتنێ نزیکترە؛ مەگین وەختێ ئاڵوگۆڕتان دەست بەدەست و بە نەغد بێ؛ ئەوسا ئەگەر نەشی نووسن قەیدێ ناکا. بەڵام دیسان لە وەختی دادوستەددا شایەت هەبن. ناشێ نە شایەتەکانتان نە نووسەر زیانێ بکەن؛ گەر وانەکەن تاوان لە ملی خۆتانە و ئەشێ لە خودا بترسن. خودا فێری کارتان دەکا و هەر خودایە لە هەموو شت ئاگادارە.

283) ئەگەر لەسەر سەفەر بوون و نووسەرتان بۆ پەیدا نەبوو، ئەشێ بارمتە وەرگرن؛ جا مەگین لێک خاترجەم بن کە ئەوسا بارمتەی ناوێ. با قەرزدار ترسی خودای لە دڵدا بێ و قەرزەکەی خۆی بداتەوە. ئەو کەسانەی شایەتیشن خۆ لە شایەتی نەبوێرن. هەر کەسێکی لە شایەتی خۆ ببوێرێ، بە دڵ خۆی تووش گوناح دەکا و خوا بە گش کارتان دەزانێ.

284) سەر بە خوایە هەرچی لە ئاسمانەکان و زەمیندایە. ئەوی لە ناو دڵتاندایە - چ دەری خەن، چ وەیشارن - خوا لەو بارە لە ئێوە دەپرسێتەوە. هەرکێ بۆ خۆی مەیلی لێ بێ، لێی دەبوورێ و هەر کەسێکیش خۆی حەز بکا، جزیای دەدا. هەر خودایە لەسەر هەموو شت توانایە.

285) ئەم پێغەمبەرە و ئەوانەی وەل ئەو باوەڕەیان هێناوە، لێیان ڕوونە کە ئەو شتە لەلایەن پەروەرندەیان هاتۆتە خوارێ بۆ لایان؛ بڕوا دەکەن بە خودا و فرشتەکانی و کتێبانی و سەرلەبەر پێغەمبەرانی و ئێژن: ئێمە بۆ هیچ لا لە پێغەمبەرانی فەرق و جیاوازی دانانێین؛ فەرموودەی خودامان بیست و پێکمان هێنا، ئەی پەروەرندەی هەموومان! بمان بەخشە و هەر دەگەڕێینەوە لای تۆ.

286) خوا ئەرکی لە توانا بەدەر، بە سەر کەسدا ناسەپێنێ؛ چاکەی بکا بۆ خۆیەتی و خراپەشی دژی خۆیە. ئەی پەروەرندەی گلامان! ئەگەر شتێکمان لە بیر چوو، یان تیا بە هەڵە چووین، لێمان مەگرە. ئەی پەروەرندەی هەموومان! ئەرکی ئەوەندە گرانمان مەخە سەرشان وەک ئەوانەی بەر لە ئێمە لەسەریان بوو. ئەی خودانی هەموو لامان! ئەرکی وامان پێ مەسپێرە کە لە توانامان بەدەر بێ. تۆ هەر خۆت لێمان ببوورە و بەر بەزەیی خۆتمان بخە و بمانبەخشە. هەموو کاروبارێکی مە بە دەس تۆیە و سەریشمانخەی لەسەر ئەوانەی ناتناسن.