موددەتێکی زۆرە عەزمی دیدەنی یارم هەیە

لە کتێبی:
دیوانی ویساڵی
بەرهەمی:
ویساڵی (1902-1973)
 2 خولەک  865 بینین
موددەتێکی زۆرە عەزمی دیدەنی یارم هەیە
بۆ ئیشارەی مەقدەمی گوڵ، چاوی خونبارم هەیە
سینەکەم سووتا بەتابی عەشقی ڕویی نازەنین
هەروەکوو مەجمەر هەمیشە قەلبی پڕ نارم هەیە
هەمقەرینی ڕۆژ و شەومە حوببی بەلقیسی حەبیب
وەک سولێمانی جێیانی لەعلی دڵدارم هەیە
هەر وەکوو بولبول غەزەلخوانم بەسەر شاخی گڵۆ
بەزمی عوشرەت ساز ئەکەم چون عەیشی گوڵزارم هەیە
من لەگەڵ دەمسازی غەمدا تەپڵی شاهی لێ ئەدەم
خەسرەوی شیرین نیگارم، قەسری زرکارم هەیە
وا تەڵاقم دا عەجووزەی هیجر و شاهید بن ڕەفیق
بیکر و وەسڵم بۆ پەیا بوو، ئارەزووی نارم هەیە
هەوری زوڵفی وا لەسەر ماهی ڕوخی زائیل بووە
تاری هیجرانم بەسەر چوو، شەمسی دیدارم هەیە
وا لە مەیخانی فەرەحدا شاهید و مەی حازرن
خاترێکی جەمع و خۆش و یاری نازدام هەیە
هەر سەحەرگە نەغمەخانم میسلی قومری خۆش نەوا
سەد شوکر ئێستە لە باغا وەردی بێ خارم هەیە
ڕۆژ و شەو مەستم بە جامی خەمری بۆسی لێوی یار
هەر وەکوو قەیسەر هەمیشە یاری خوممارم هەیە
کەوکەبی سەعدم لە مەتلەع حمدللە تالیعە
بەم هەموو جاهـ و جەلالە بەختی بێدارم هەیە
نەونیهالی باغی ئۆمید، ئەی ویساڵیناسناوی ئەدەبی هاتە بەر
لائیقە ئێستە بنازم سەرو و جوبارم هەیە