دیانەت باری کرد ڕۆیی مەگەر پاشبارەکەی ماوە
لە کتێبی:
دیوانی ویساڵی
بەرهەمی:
ویساڵی (1902-1973)
2 خولەک
736 بینین
دیانەت باری کرد ڕۆیی مەگەر پاشبارەکەی ماوە
بە دینار و درەم عالەم هەموو ئایینی گۆڕاوە
بە ڕاستی نابینێ ڕێگەی هیدایەت چاوی کەس چونکە
قەناعەت بووەتە خاشاک و تەماعیش عەینی لافاوە
مقەڕڕی ئەسلیەی ئێمە لە ئەوەڵ باغی جەننەت بوو
کە چی بۆ حیرسی یەکدانە هەموو کەوتینە دونیاوە
وەکوو لاولاو ئاڵاوین، لە دنیا تازە بەرنابین
نەجاتی زەحمەتە هەر کەس کە ئیمڕۆ کەوتە ئەم داوە
ئەمن ترسم هەیە یاران لە هەر دوو لاوە بێبەش بین
لە گێژاوی تەمەع سەیری کە عالەم زۆری خنکاوە
لە گێژاوی تەماعا نەفس و شەیتان هەر وەکوو سەییاد
خەریکی جەڕڕی ئیمانن کە ئیمڕۆ دین لە تەنکاوە
دەسا خالیق موعینمان لێ نەبن غالب بە سەرمانا
کە دین وا لە هەلاکەتدا میسالی کەشتی سەر ئاوە
چ عالم بێ، چ سەیید بێ، هەموو گیرۆدەیی نەفسین
ئیتر بەرزەنجییە ئایە وەیا ساداتی باراوە
خودا ئیمان سەلامەت کا، ئەژین ناژین بە دەربەس نیم
کە ئەم لاشمان نەبێ چاکە نەبین مەحرووم لە ئەو لاوە
بەڵێ زۆر کەس مودەڕڕیس بوون خەریکی کەسبی دینی بوون
لەگەڵ گوێچکەی دیناریان دی عەمامە کەوتە ئەو لاوە
گوتم ئێوە مودەڕڕیس بوون بەجارێ بۆچی لاتان دا
گوتی بۆ دەفعی مایەحتاج لە ئێمە بەس بکە قاوە
گرانە باری ئیحتیاجی بۆمان هەڵناگیرێ چ بکەین
تەماشا کە لە موحتاجی گەلێ کەس چاوی نووساوە
لەپێشا گشت بە نانی جۆ هەموو پووکمان بریندار بوو
ئەوا ئێستا گەیشتووینە قوبووڵی و گۆشت و پاقلاوە