زەمانە قەت لەگەڵ ئەولادی ئادەم باوە نابێ

لە کتێبی:
دیوانی ویساڵی
بەرهەمی:
ویساڵی (1902-1973)
 2 خولەک  833 بینین
زەمانە قەت لەگەڵ ئەولادی ئادەم باوە نابێ
وەکوو گورپەی سیاهـ ئەسڵەن بە مەردوم ئاشنا نابێ
خودا تاکەی شکا پشتم بە باری میحنەتی دنیا
کەسێ وەک من لە دنیادا زەلیل و بێنەوا نابێ
بڕۆ لای موڕشیدی کامیل عیلاجی دەردی عوسیانت
بکە، مەیلی خودا وایە کە عیللەت بێدەوا نابێ
مەخۆ تەفرە لەبۆ نەفس و مەبە مەغروور بە ئەم دنیا
درۆیە جیلوەیی دنیا لەبۆ هیچ کەس بەقای نابێ
ئەوی ئەووەڵ خودا داینا ئەبێ مەوجوود بێت و بڕوا
بەڵێ، بوون و نەبوون هیچیان بەبێ ئەمری خودا نابێ
لەبۆ هەر دەرد دەوایێکە، لەبۆ پیری دەوا مردن
حەیات و ژینی دنیایی، بە خواهانی شوما نابێ
ئەگەر ئیمان سەلامەت بێ قوبووڵ کە زەحمەتی دنیا
ویساڵی گوڵ لە ۆ بولبول بەبێ خاری جەفا نابێ
ئەگەر مایەت هەبوو ئەکڕێ لە بازاڕا مەتاعی چاک
ئەگەر ڕووت بی، مەڕۆ، ئەشیا لە هیچ لا بێ بەها نابێ
بە عیززەت یا بە زیللەت بێ لە دنیا هەر ئەبێ دەرچین
وەکوو ئەیبینی ئەم دنیا ئەمین بە، هەروەها نابێ
عەزیزم مەنزڵت دوورە، خەریکی توێشەیی ڕێ بە
هەتا کەی مەست و بێهۆشی سەفەر بێ توێشە جا نابێ
وەفای بۆ کەس نەبوو دنیا هەتا بۆ تۆی ببێ یارا
کەسێ عاقڵ بێ لەم دنیا بە ئوممێدی وەفا نابێ
ویساڵیناسناوی ئەدەبی قوڕبەسەر چ بکا؟ بە بێ دەسمایە داماوە
مەگەر غەففار ببەخشێت، وەئیللا بێ جەزا نابێ