کە تۆم ناسی
لە کتێبی:
تریفەی هەڵبەست
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
1 خولەک
1562 بینین
پەریی خەیاڵی هەمیشەم
خوای دڵداری تازەپیشەم
خولیای گەرمی هەرزەکاریم
تاقانەی بەری دڵداریم
فریشتەی ژیانی تازەم
گۆرانیی خۆشی ئاوازەم.
***
تەمی خەمی بەری چاوم،
ونبووی ناو دڵداری ناوم:
ڕۆژانی ئەوسای ڕابردووم
دڵی بێهەستی وەک مردووم
گۆشەگیری و گیانی تەنگم
سەراپا ژینی بێدەنگم
کە تۆم ناسی لێم بەدەر بوون
وەک نەمدیبن لێم بەسەرچوون
کە تۆم ناسی سۆزی گیانم
ساڕێژی کرد زامی ژانم.
کە تۆم ناسی ئاشی بەختم
کەوتەوە گەڕی خۆش وەختم
هەوری ناسۆرم توایەوە
عومرم لە نوێ نووسرایەوە
پەریی خەیاڵی هەمیشەم
خوای دڵداری تازەپیشەم.