ئەو

لە کتێبی:
تریفەی هەڵبەست
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  1424 بینین
دیسان خەیاڵی دووی پەریی نیگار
ماخۆلانێتی جێ بە خۆی ناگرێ
دڵی نەسرەوتی هەمیشە لای یار
گلاراوێتی، دابین ناکرێ
وەختە تەق بکا ئارەزووی بزێو
بۆ ماچی خونچەی تەڕی سووری لێو.
دەمێکە دڵەی لاسار و وڕکن
ئارام و ئۆقرەی لێ هەڵگیراوە
ئا لەو ڕۆژەوە کە سەرنجی من
لە بەژن و باڵای ئەو حەپەساوە
***
لە گۆنای گەشی ئاڵ و قوڵپنی
لە چاوی ڕەشی کەمێ شەرمنی
لە دەست و پەنجەی ڕێک و خرپنی
لە لارولەنجەی لەشی جرپنی!
لە پاوپووزی سپی و گۆشتنی
لە نازونووزی زوو پێگەیشتنی
کە هەر یەکەیان وەک پیانۆ، کەمان
جۆرێ ئاوازەن بۆ شیعری تازە
بۆ ئەو دیوانەی کە بووکی نیاز
ئیلهامی خۆزگەی دەستەی دڵخوازە