دوو وێنە
لە کتێبی:
تریفەی هەڵبەست
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
1 خولەک
1029 بینین
بەیانیی دیم، وەکوو بەهار سەر لقی ئاڵ بوو
بۆ نەورۆزی مژدەی ژیان، نێرگزی ساڵ بوو
گەشەی گیانی لە باوەشی دایکی شادییا
وەک جریوەی دەم ئەستێرەی خۆشی ساماڵ بوو!
***
بەیانیی دیم، بزەی لێوی وەکوو مانگەشەو
سەر ڕوومەتی گۆمی شینی هیوای ماچ ئەکرد
جوانیی سروشت، دنیا هەمووی بۆ شۆخێتیی ئەو
لەبەر پێیا، دامابوون و سوجدەیان ئەبرد!
***
ئێوارەش دیم، وەکوو پاییز کز و زەبوون بوو
لەشی جوانی، خۆراکی دڕک بۆ زەبری بەرد بوو
بزەی لێو و گەشەی گیان و ئاواتی دەروون
نمێ فرمێسک، ئاخێکی قووڵ، ڕەنگێکی زەرد بوو!