گەر خەواریق بێ مەزەی حەلوا لە بڕوێشا هەیە
لە کتێبی:
دیوانی ناری
بەرهەمی:
ناری (1874-1943)
2 خولەک
832 بینین
گەر خەواریق بێ، مەزەی حەلوا لە بڕوێشا هەیە
ڕەونەق و بۆنی خودادۆزی لە دەروێشا هەیە
گەر بە سۆزی سەفوەتی دڵ یادی مەولا بێتە پێش
بێ شک و شوبهە کە تەئسیری لە هووکێشا هەیە
فەرقی نێر و مێ لە لای ئەهلی نەزەر موشکیل نییە
بێ نەزەر جەهلی لە تەشخیسی پەس و پێشا هەیە
واقیعەن ڕەسمی ڕیازەت شەرتە بۆ ئەهلی تەریق
بۆ یەکێ قسمەت لە شانەی شەهدی بێ مێشا هەیە
گەر نفووسی ئەولیا بێت و مەدەدکاری بکا
حەملی ئەو بارە لە قووەی قاتری ڕێشا هەیە
گەر بە تەعلیل و تەعەللول نەفسی سەرکێش بێ موتیع
تەرکی بەدخۆیی لە کەللەی ئەسپی سەرکێشا هەیە
خاک و دوڕ یەکسانە لای ئەربابی عیشقی مەعریفەت
گەوهەری شاهی لە ڕەشکە و باری کاکێشا هەیە
هیممەتی مەولا ببێ، کیسەڵ بە تەییارە ئەگا
گەر نەزەر بێ سورعەتی نەژدی لە گامێشا هەیە
گەر فنا في اللّهعەرەبی لە بۆ شەخسێ لە عەشقا دەس بدا
نەغمەیی بولبول لە باڵی زەرگەتە و مێشا هەیە
نیعمەت و جاهی جەلالی پیری سابیق بێتە پێش
سوورەتی تێری لە ڕوودەی خەڵوەت ئەندێشا هەیە
موختەسەر ئەسبابی فیسق و نەقسی قانوونی سەلاح
ڕێی لە قانوونی سەحیح و مەزهەب و کێشا هەیە
دڵ کە مەشغووڵی خودا بێ ئێش و نێشی مەخفییە
لەو مەقامە حاڵ ئەگەر بێ، قەلبی بێ ئێشا هەیە