هەر وەکوو تام و مەزەی حەڵوا لە بڕوێشا نییە
لە کتێبی:
دیوانی ناری
بەرهەمی:
ناری (1874-1943)
2 خولەک
982 بینین
هەر وەکوو تام و مەزەی حەڵوا لە بڕوێشا نییە
زەڕڕەیە بۆنی خوا دۆزی لە دەروێشا نییە
زەلزەلەی ئاخر زەمان و ڕەغبەتی فیسق و فجوور
بۆیە تەئسیری لە سۆز و زیکری هووکێشا نییە
نێر و مێ یەکسانە ئەمڕۆ لای دڵی دێوانەدا
زەرگی ئەو فەرقی لە لێدانی پەس و پێشا نییە
بێ ڕیازەت سەیری گوڵزاری تەریقەت موشکیلە
لەززەتی شیرین لە شانەی شەهدی بێ مێشا نییە
تاقەتی باری ئەمانەت شێری مەیدانی ئەوێ
حەملی ئەو بارە لە قووەی قاتری ڕێشا نییە
قەتعی ڕێگەی مەعریفەت نەفسی موتیعی لازمە
حاڵەتی نەرمی لە کەللەی ئەسپی سەرکێشا نییە
دانەیی لوئلوء مەقامی خەزنەیی شاهانەیە
گەوهەری شاهی لە ڕەشکە و باری کاکێشا نییە
ئەسپی نەژدی لازمە بۆ قەتعی ڕێگەی مەعریفەت
سورعەت و جەولانی نەژدی قەت لە گامێشا نییە
گوڵشەنی حەق بولبولێکی نەغمەخوانی لازمە
سۆزی ئەو نەغمە لە باڵی زەرگەتە و مێشا نییە
بێ خەوی و خۆراکە دایم کار و پیشەی تۆبەکار
خۆ خەو و تێری لە خانەی خەڵوەت ئەندێشا نییە
سەفوەتی سۆفی لە شانە و ڕیشدا دەرناکەوێ
نووری دەروێشی لە پرچ و ڕەشتی و کێشا نییە
پەشمە و غارە لە بەینی سۆفی و دەروێش و شێخ
ئەو کەسەی یاری دەوێ کێشەی لەگەڵ خوێشا نییە