تا قیبلەیی من وا لە مەقاماتی سەفەردا

ئەم غەزەلەی بۆ بابە عەلی شێخ مەحموودی حەفید نووسیوە کە لەو کاتەدا لە میسر ئەیخوێند
لە کتێبی:
دیوانی ناری
بەرهەمی:
ناری (1874-1943)
 1 خولەک  980 بینین
تا قیبلەیی من وا لە مەقاماتی سەفەردا
یاڕەببی نەبێ خاتری هەرگیز لە خەتەردا
گەر سەرفی غەمم بێ بە دەمی عومری عەزیزم
ناڵێ ئەحەدێ، نەقدی حەیاتی بە زەرەر دا
بڕوا مەکە، وەک ئەهلی سلێمانی و کەرکووک
کەس دەوڵەتی ئیمانی بە سڵق و بە گەزەردا
بۆ تۆ ئەگەڕێ بولبولی دڵ کووچە بە کووچە
بێچارە لەبەر تۆزی سەفەر، غەرقە لە گەردا
مەیلی غەزەلم ناوەتە پێچاڵی هەم و غەم
دڵ خاڵییە ئەمڕۆ، چ لە بەیتا، چ لە فەردا
تا خاتری من میسرە لەبۆ عەکسی جەماڵت
لای ئەهلی خیرەد، عەینی خدێوم لە نەزەردا
بۆ چی نییە ئاساری سەوادی ڕەقەمی تۆ
وەک سورمە هەتا ڕەونەقی بینش بە بەسەردا