سەر گوزەشتەی خۆم نووسی لە دەفتەر
لە کتێبی:
دیوانی مەزڵووم
بەرهەمی:
مەزڵووم (1916-1955)
1 خولەک
531 بینین
سەر گوزەشتەی خۆم نووسی لە دەفتەر
ئیدارە و خوێندن تەواو سەربەسەر
شەش ساڵ بوو عومرم چوومە مەدرسە
لە بۆ تەعلیمی عیلم و هەندەسە
هەتا دو سێ ساڵ سەعیم کرد بە گیان
ئەوسایە مادەم چووە گوڵستان
وەقتێ کە عەقڵم تەواو هاتە دوو
بۆ خوێندەواری ئاگرم تێچوو
لە بۆ تەعلیمی عیلم و شەریعەت
چوومە سلەیمانی پڕ سەزاو مەینەت
چەندە مامەوە بێ ماڵ و بێ حاڵ
بێ ئێوە ناخۆش ڕامبوارد بە سواڵ
جومعە دەعوەتم نانە ڕەقی کۆن
یا ماشێنی ڕوون بە بێ تام و ڕۆن
من چەژنم ئەکرد بە شۆربای شیناو
ئەمکردە بەرم یەک کەوای دڕاو
لەگەڵ ئەم حاڵە بێ فلس و موفلیس
چواردە ساڵە بووم گەییمە تەسریف
چونکە لوتفی حەق یاوەرم نەبوو
بە تەرەقی خۆم باوەڕم نەبوو
وەسوەسەی دونیا بوو بە هامڕازم
بوو بە ڕەفیقی ئاواتەخوازم
مائیل بووم بە دڵ بە دنیا داری
کەمێ هەوەس و هەوای دڵداری
موبتەلا بوونی مەزڵوومناسناوی ئەدەبی ئەپرسی
هەزار و سێسەد هەم چلی نووسی