ئەمشەو لە خەوما مودیرێکم دی

لە کتێبی:
دیوانی مەزڵووم
بەرهەمی:
مەزڵووم (1916-1955)
 2 خولەک  612 بینین
ئەمشەو لە خەوما مودیرێکم دی
ساحێب ئیدارە و سوڵتە و تەجەللی
مودیر وەزیفەی خۆی تەواو ئەکرد
ئیشی میللەتی بەسەرچاو ئەکرد
ئەیکرد تەماشای ئیشی ئیستیهلاک
فەرمانی ئەدا سەربەست و بێ باک
ڕۆژێ دای لە زەنگ فەراشی بانگ کرد
هاتە ژوورەوە تەمننای بۆ کرد
وتی ئەم غەوغا و هەرایە چییە
ئەم خەڵقە زۆرە ئیشی بە چییە
وتی: ئەهالین هەموویان هاتوون
بۆ وەرگرتنی شەکر پیدا بوون
کوێخاکەی دوێنێ ڕۆنەکەی هێنا
هاتووە بۆ شەکر ئێستا وا لێرا
فەرمووی پێی بڵێ بێتە ژوورەوە
حورمەتی بگرە هەر لە دورەوە
سۆئالی لێکرد لە ڕووی موحیبەت
حاڵ و ئەحواڵ و ئیدارە و سیحەت
وتی: لە سایەی لوتفی تۆ چاکین
فەقەت بێ شەکر گەلێ هیلاکین
شەکری ئەداتێ سەری چوار کیلۆ
ئەڵێی فڵان کەس: ئەمیشە بۆ تۆ
ئەگەر ئیشەکە ئاوا نەبوایە
بە مەرامی خۆی شەکرم ئەدایە
فەراش دووبارە ئەچێتەوە ژوور
دیسان تەمەنا ئەکات لە حزوور
ئەڵێی فڵان شێخ قوربان هاتووە
دوو ڕەبە نۆکی بۆ تۆ ناردۆ
دێتە ژوورەوە ئەوەستێ ساتێ
سەری سێ کیلۆ شەکری ئەداتێ
کەسێ کاغەزی دۆستێکی بێنێ
سەری دوو کیلۆ شەکر ئەسێنێ
ئەمێنێ ئەهلی فەقیر و هەژار
مسکێن و زەلیل، ژنی هەتیوبار
مودیر عاقڵە کە ئەیان بینێ
بە جێگای ئومێد کەسیان نابینێ
ئەڵێ مەیعادی شەکر نەماوە
بە بیتاقەیە هەمووی نووسراوە
ئیتر بە هیچ کەس شەکر نادرێ
بڕۆن بەیانی شەکر ئەدرێ
وەقتێ سبەینێ فەقیر و هەژاژ
ئەچنەوە سەری بە چار و ناچار
مودیر بیتاقە لای خۆی دائەنێ
یەک بە یەک ئیسمیان ئەخوێنێ
بە هەشت سەرخێزان بە سەد موشەقەت
کیلۆیە شەکر ئەدا بە ڕەحمەت
ئەگەر فەقیرێ شکوای خۆی بکا
لێی عاجز ئەبێ هەم ڕیسوای ئەکا
ئەڵێ هەی وەحشی بۆ عەقڵت وایە
بۆچی کارگەی شەکرم لە لایە
حکومەت چی داوە هەر ئەوە ئەدەم
مەعلوم حەقی کەس بە هیچ کەس نادەم
کەسێ گوێی لێبێ ئەڵێ عادلە
ساحیب ویجدانە خەیلێ عاقڵە
یاخوا قانون و ئیدارەی وەها
خوا نەیدا بە کەس نەبێ موبتەلا
کە ئەم حاڵەم دی مەعلوم بوو لە لام
بێدار بووم لە خەو بە گورجی هەستام
وەقتێ ئەڕوانم ماڵی خۆمانە
لە کوێ مودیرەو، کامە دیوانە