٤

لە کتێبی:
چەکوشوەشێنی ڕۆڵەکوژراو
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 12 خولەک  659 بینین

― مار لەسەر شانی شین بووە.

― ئا ئا دوو ماری ڕەش.

― میترا گوێت لێیە لە هەموو لایەک باسی مارەکانی سەر شانی ئەژدیهاکە؟

― بەڵێ گوێم لێیە. فەراز بڕوانە ئەو سەربازە لە مێژە کەوتۆتە شوێن ئێمە چاومان لەسەر هەڵناگرێ.

― ئای تۆ ئەترسی؟ بۆ لات وایە کە هەموو کەس ئێمەی خستۆتە ژێر چاوەدێری؟ ئەم سەربازە سەری داخست و خەریکی شت کڕینە.

― نا فەراز من ماوەیەک ئاگاداریم، ئەو بێگومان کەوتۆتە شوێن ئێمەوە و ڕەنگە لێمان بەگومان بووبێ. باش سەرنج بدە. جارجار لەژێر چاویەوە بۆ ئێمە دەڕوانێ.

― ئەهـ... با ئێمە جێگاکەمان بگۆڕینەوە. ئەچینە جێگایەکی تر، بزانین بەشوێنماندا دێ. ئەگەر هات دیارە کە مەبەستێکی هەیە.

― باشترە سەری لێ بشێوێنین، ئەگونجێ ئەو بەتەنێ نەبێ، من بەلایەکا دەڕۆم تۆش بە لایەکی ترا بڕۆ. باشە؟!

― ئەگەر ئێمەی خستبێتە ژێر چاوەدێری ئەڵبەت سەربازی تریشی لەگەڵدایە، چونکە ئەم خوێڕییانە هەرگیز ناتوانن بەتەنیایی بەرەنگاری ئێمە بکەن. من بەم لایەدا دەڕۆم، تۆش لەو لاوە. لە ئاخری ئەم کۆڵانە یەکتری دەبینینەوە بەڵام ئەگەر من کەوتمە شەڕەوە تۆ ڕا کە.

― باشە بڕۆ بڕۆ...

― ڕاوەستە کچی جوان!

―چییە سەرباز، من خزمەتێکم بۆ ئێوە لەدەست دێ؟ ئێمە هەموو خزمەتکاری ئەژدیهاکی مەزنین.

― ئەژدیهاک کاری بە تۆ نییە. منم کە نیازم هەیە. ماوەیەک لە باوەشی تۆدا دنیا فەرامۆش کەم.

― ئاخ کەسێک دەیەوێ دنیا فەرامۆش کا کە بەمەیلی ئەو نەچەرخێ، یان لە شتێک بترسێ. من دڵنیام کە سەربازانی ئەژدیهاک لە هیچ شتێک ناترسن.

― بۆچ کچی جوان؟ ئەم کاردۆکە چەپەڵانە وەک سندان لە بن دەستمان دەرهاتوون. لە هەموو شوێنێک هەن. وەک شەیتان بەهەموو ڕواڵەتێک خۆیان دەنوێنن. خەو و خۆراکیان لێ هەڵگرتووین. جا لەبەر ئەوە من دەمەوێ کەمێک لە باوەشی تۆدا بحەوێمەوە، یا ترس و لەرز لە بیر بەرمەوە.

― زۆر باشە سەرباز، بەڵام من خۆم جێگایەکم هەیە دەچین بۆ ئەوێ پێت چۆنە؟

― زۆرم پێ خۆشە، بەڵام من فەرماندەی سەربازانی ئەم ناوەندەم. ئەحواڵمان پێ گەیشتووە کە چەند کاردۆکێک بە سەرۆکایەتیی فەرازی کوڕی کاوە هاتوونەتە شار. ڕاوەستە با بچم ئەوان بێدار کەم و ڕاسپێرێکیان پێ بڵێم و پاشان دێمەوە بۆ لات.

― زۆر باشە سەرباز. من هەر لێرە چاوەڕێم... ئەهـ چی بوو سەربازی فەرماندە زۆرت پێ چوو؟

― دەستووری پێویستم دا. ئاخر کوڕێکی گەنج لای تۆ بوو، لەلات وەستابوو، ڕواڵەتی زۆر لە فەرازی کوڕی کاوە ئەچوو. گوتم نەکا خۆی بێ، دەستوورم دا کە ئەو کوڕە بگرن دەستی کردەوە بیکوژن.

― ها...ها... فەرازی کوڕی کاوە؟! ئاهـ ئەو چۆن دەوێرێ بێتە ناو شار، وا دیارە فەرماندە زۆر لەو کوڕە ئەترسێ وا نییە؟!

― نا من لە هیچ کەس ناترسم بەتایبەت ئێستا کە لەلای تۆم.

― ئەمە شانازییە بۆ من فەرماندە، فەرموو با بڕۆین...

― میترا ئەو پیاوە چەپەڵە بۆ کوێ دەبا؟ ها ئاوڕی داوە، بەدەست خەریکە حاڵیم دەکا...هـ تێگەیشتم بۆ کوێ دەچێ... بەڵام من گوێم لە قسەکانی فەرماندەی سەربازەکان بوو، وا دیارە منیان ناسیوە. بەم جلوبەرگە ناتوانم بکەومە شوێنیان، لەهەر کوێ تووشم بن، پێشم پێ دەگرن. ڕاستە کە هیچمان پێ ناکرێ بەڵام لانی کەم کاتم دەگرن... ها بیرێکی چاکم کردەوە... با بچمە لای ئەو سەربازە کە پاڵی داوە بەو دەرگایە... دروود بۆ تۆ سەرباز.

― دروود.

من یەکێکم لە خزمەتکارەکانی ئەژدیهاک هەواڵێکی خۆشم هەیە، من دەزانم فەرازی کوڕی کاوە لە کوێیە. وەرە با نیشانت بدەم. ئەو ئێستا لە ماڵێکا لێی خەوتووە. پێویست نییە هەواڵێک بە کەسێک بدەی. خۆت بیکوژە با ئەم شانازییە ببێتە

نسیبی تۆ. مەگەر تۆ ناتەوێ ببیتە فەرماندە؟! حەیف نییە هەر سەربازێکی ئاسایی ببی؟ مەترسێ منیش یارمەتیت دەدەم. خێرا کە، نەکا بەخەبەر بێتەوە. پەلە کە. ها ئە لێرەوە. کەمێک توندتر... ئە ئەمە ماڵەکەیانە... هەتا کەس چاوی لێمان نییە... تۆزێ لەو لاترەوە ها... ئاشانا باش بوو، ئەمەش بۆ تۆ... با لیباسەکانی داکەنم... با بچم بزانم میترا چی کرد؟!... چا بوو ئەوجار ئیتر کەس نامناسێ با بڕۆم...

***

―چییە ئەتۆ زۆر بەپەلەی فەرماندە؟ من لەبەر دەستی تۆدام. نەکا لە منیش بترسی؟ ها ئەمن هەرگیز لام وا نەبوو ئێوە هێندە لەم کاردۆکانە ئەترسن.

― من و ترس؟ هەرگیز، بریا ئەمڕۆ چاوم بە فەراز دەکەوت. دەستوورم دابوو هیچ کەس نەیەتە یارمەتیم. ئەمەویست بەدەستی خۆم بیکوژم. تا ئەم ئێرانییە سەر بزێوانە تێ بگەن کە بێهوودە قارەمانێکیان لە فەراز ساز کردووە.

― ئافەرین فەرماندە، بڵێ بزانم ئێستا ئەگەر لەم کاتەدا فەراز بێتە ژوورەوە تۆ چ دەکەی؟

― فەراز؟ فەراز کاری بێرە چییە؟

― ها... ها... هـ پرسیارێک بوو کردم مەبەستێکم نەبوو بۆچ ترسای؟

― هۆ هۆ، لەباتی ئەم قسانە، وەرە، وەرە، وەرە باوەشمەوە، کچی جوان. وەرە هەتا ئەوەندەت بگوشم بەخۆمەوە تا دەنگی شکانی ئێسکەکانت بژنەوم.

― ئاخ فەرماندە مەگەر نازانی لەشی من زۆر ناسکە، وە باسکی تۆش زۆر بەهێزە، تکایە ئارامتر بە...

― هۆ هۆ... فەرماندە... فەراز... فەراز...

― فەراز؟ فەرازی چی سەرباز؟

― قوربان فەراز هاتۆتە ناو ئەو ماڵەوە، ئێمە هەتا ئێرە بە شوێنیەوە بووین.

― دەی جا دەڵێی چ بکەین؟ ئەی لەعنەتی عەیشەکەی لێ شێواندین، تۆ دڵنیای سەرباز؟ کە فەراز هاتۆتە ئێرە؟!

― بەڵام فەرماندە، تۆ ماوەیەک لەمەو پێش ئەتگوت ناترسێی؟ چ بوو کە بە بیستنی ناوی فەراز سەرت لێ شێوا؟

― تۆ کێی کە بەم چەشنە بێئەدەبانە، لەگەڵ فەرماندەی خۆت قسان دەکەی؟

― فەرماندەی من؟ فەرماندەی من کاوەیە ترسەنۆکی چەپەڵ. ئەمەش شمشیرەکەم وەرە ها... ئەوەش بۆ تۆ... وەرە پێشێ...

― تۆ؟ تۆ...؟ تۆ؟

― بەڵێ من فەرازم، وەرە پێشێ، ئێستا کە شمشیرەکەت هەڵناگری... ها ئەمەش شمشیرەکەی من... من بە دەستی خاڵی لەگەڵت بە شەڕ دێم... ها...

― دەست خۆش فەراز.

― میترا حاڵت چۆنە؟ هەستە. هەستە، با بڕۆین گیانەکەم.

― ئەم فەرماندە بەڕێزە بێهۆش بووە، با لە تۆڵەی باوکم... ئەگەر چی وەک ئەمە وایە کە لەباتی خوێنی تاووس خوێنی مار بڕێژی.

ها...ها... با بڕۆین میترا... با بڕۆین...

***

― نازانم بەدەست ئەم مارانەوە چی بکەم؟ هەموو ڕۆژێ جارێک سەریان دەپەڕێنم، بۆ بەیانی دوو سەری تریان لێ دەڕوێتەوە، نازانم شەیتانی گەورە بۆچ منی لە بیر چۆتەوە؟ خۆ من هیچ نافەرمانیێکم نەکردووە!

―ها... ها... ها... ها...

― ئەوە دەنگی پێکەنینی ئیبلیسی مەزنە، وا دیارە دەیەوێ یارمەتیم بدا... بەڵێ خۆیەتی... خۆیەتی. یا ئیبلیسی گەورە! بگە فریام. لەدەست ئەم مارانە شەو و ڕۆژم نەماوە یارمەتیم بدە. تکا دەکەم شەیتانی مەزن تکا دەکەم.

― ئەژدیهاک، بڕوانە ئەم مارانە سەر دەهێنن بۆ ناو کونی گوێت، ئەمانە ماری ئاسایی نین مێشکخۆرن. بە مێشکی ئادەمیزاد دەبێ تێر کرێن، دەنا مێشکی تۆ دەخۆن. هەموو ڕۆژێ، دوو ئادەمیزاد سەر بڕە، مێشکیان دەربهێنە و بیدە بەم مارانە. ئیتر خەویان لێ دەکەوێ، تا دیسانەوە ڕۆژێکی تر برسیان بێتەوە لە خەو هەستن. ئەمە تەنیا چارەی تۆیە ئەژدیهاک، ئیتر من دەڕۆم...

― سپاست دەکەم شەیتانی گەورە سپاس.

***

― ئاگات لێ بوو چیان کرد؟ چ ئاگرێکیان کردەوە ئەو ژن و منداڵانەیان چۆن ئەسیر کرد؟ هەر دێت و دڕندەتر دەبن. جاران تەنیا پیاویان ئەسیر دەکرد، ئێستا لە ژن و منداڵ و پیرەپیاوەکانیشمان نابوورن.

― کوڕم! سەگی هار هەتا کاتی تۆپین هەر دێت و دڕندەتر دەبێ. ئەمانە پەلەقاژەی مەرگیانە، کوڕم. بەم کارانە مردنی خۆیان دەخەنە بەرەوە، بەڵام تۆ، کوڕم، ئارام بە. ئارام و لەسەرخۆ، بە هیچ، خۆت شلوێ مەکە. تا مەرگ نەبێ ژیان نابێ. تا شەڕ نەبێ هێمنی نابێ. ئەمە ڕێ و شوێنی ژیانە. هەموو شتێک دوو لانی هەیە لانی باش و خراپ. بەڵام کوڕم تەنانەت باری دزێو و خراپی شتەکەش پێویستە. وەک شەو بۆ هاتنی بەیان پێویستە وە هەر زستان بۆ بوونی بەهار.

― ببوورە بابە گیان، من جار جار ڕق و کینە سەرم لێ دەشێوێنێ. ئەڵێم بریا هەر کام لەم چەپەڵە ترسەنۆکانە هەزار گیانیان هەبووایە و هەموو گیانیان بە نووکی شمشیرەکانی لە لەشیان هاتبایە دەر ئاخ کەی ڕۆژی تۆڵە دەگا کەی؟

― نزیکە ڕۆڵەم نزیکە، زۆر نزیکە. ئەمڕۆ بۆیە تۆم هێنا ئێرە کە چاوت بەم ڕوانگە ناشیرنە بکەوێ. وە بزانی کە ئەژدیهاک هەرگیز لە هەڵپەی خۆراک بۆ مارەکانی سەر شانی ناوەستێ. لە ڕاستییا ئەم مارانە بەری گیان و هەستی ئەژدیهاکن کە لە داری گەندەڵی لەشی شین بووە. ئەژدیهاک نەفسی ناپاکی و چەپەڵییە. ئەو بارێکی مەبەستە و ئێمەش بارێکی تر. ئێمە و ئەو لە شەڕ ناچارین، هەر وەک شەیتان و ئەهورامزدا ناچارن شەڕ بکەن.

― ئاهـ بڕوانە بابە. ئەم دێیە چۆڵ بووە، هەموو کەسیان ئەسیر کردووە، ئێستا نیشانەیەک لە ژیان وەبەر چاو ناکەوێ. ئەڵێی هەرگیز ئاوایی نەبووە. تەنیا دووکەڵی سووتمان و چەند لاشەی بێ گیان... ئاخ خودایە چەند تاڵە.

هەرچی زۆر و زوڵمی ئەژدیهاک زیاتر بێ، بڕوای ئێمە و خەباتکارەکانمان بەو ئەندازە پتەوتر دەبێ. ئەمانەش کە بە هاندان غیرەتیان نەبزووت، زوڵم و زۆر ناچاریان دەکا ڕا بکەن و بێنە لای ئێمە، چونکە هەمیشە چاوەڕوانن ڕۆژێک نۆرەی ئەوانیش بێ و بکرێنە خۆراکی ماری سەر شانی ئەژدیهاک. قسەم هەڵ گرە کوڕم. ئەمەش بە سوودی ئێمەیە.

― من شاگردی تۆم، کوڕی تۆم، سەربازی ژێر فەرمانی تۆم. هەر دەستوور و ئامۆژگاریێکی بیفەرمووی لام ڕەوایە بابە گیان.

― سپاس کوڕم، سپاس! لێم ڕوونە ئێستا کە گەڕاینەوە بۆ چیا هەزارەها کەس ئەندامی تازەمان بۆ هاتووە. فێر کردنی ئەمانە لە سەر تۆیە. دەبێ وەهایان بار بهێنی کە بۆ شەڕ ئامادە بن.

― بە سەرچاو گەورەم.

― سوار بە کوڕم با بگەڕێنیەوە سوار بە.

***

― کارێکت بە من هەبوو قوربان؟

― بەڵێ ڕامهۆ بەڵێ. ئەزانی کە تا ئێستا هەزار کەسم لە مەرگ ڕزگار کردوە و ناردوومنە لای کاوە و ئێستاش لە کۆڕی شۆڕشدان.

― بەڵێ قوربان ئاگام لێیە. ئێوە لەو دوو کەسانە کە هەموو ڕۆژێ دەبێ بکوژرێن و مێشکیان بدرێتە دەرخواردی مارەکان. یەکێکیانت ئازاد کردووە و لە جێگای ئەو حەیوانێکی دیکەت سەر بڕیوە و مێشکیت ئاوێتەی مێشکی ئادەمیزادەکەی تر کردووە. ئەمە خزمەتێکی گەورەیە کە تۆ بە ڕۆڵەکانی چیات کردووە. دڵنیام کە ئەهورامزدا تاوانی پێشووی ئێوەی بەخشیوە.

― بەڵێ من دەمەوێ خزمەتێکی تریش بکەم. ئەمە ئاخرین یارمەتیی منە بە شۆرش.

― مەبەستتان لە ئاخرین یارمەتی چییە قوربان؟

― خۆت دەزانی کە تا ئێستا دە کوڕی کاوە سەر بڕاون و بوونەتە قوربانی و خۆراکی ئەو مارانە.

― بەڵێ دەزانم.

― ئێستاش فەراز گیراوە.

― ئاهـ... بەڵێ بەڵێ.

― ماوەیەکی لەمەو پێش بە چەند سەد کەس گەمارۆیان دا و گرتیان. من چاوم لە شەڕی پاڵەوانانەی بوو. لە بەر کۆشکی ئەژدیهاکدا شەڕیان دەکرد. بەداخەوە من هیچ کارێکم بۆی لە دەست نەهات. ئەمڕۆ نۆرەی ئەوە. نۆرەی ئەوە کە سەری ببڕن.

― ئاهـ بەڵێ.

― من پێم حەیفە کە لاوێکی وەها بەکار، لەنێو بچێ. ئەمەوێ ڕزگاری کەم.

― چۆن ئەتەوێ ڕزگاری کەی؟ فەراز کەسێک نییە کە نەناسرێ. وەک من بیستوومە ئەمڕۆ لە کۆشکا بەم بۆنەوە جێژنێک ئەگیرێ. ئەژدیهاک دەستووری داوە فەراز بەرنە لای خۆی و لەبەر چاوی خۆیەوە سەری ببڕن. بەم حاڵەوە باوەڕناکەم.

― ئەو پەڕی ئەمەیە کە گیانم لەسەر ئەم کارە دابنێم. من وەزیری ئەژدیهاکم، ئەتوانم بچمە زیندان و فەراز بێنمە دەرەوە و بڵێم کە دیبەمە لای ئەژدیهاک و پاشان خۆم دەزانم چی لێ بکەم، بەڵام لەبەر ئەمە تۆم بانگ کرد کە یارمەتیم بدەی.

― من ئامادەم بەڵام خۆتان بفەرموون دەبێ چ بکەم؟

― کاتێ فەرازم هێنایە دەر ئەیدەمە دەست تۆ. جا دەبێ هەر جۆرێک بێ، لە کۆشک بیبەیتە دەرێ، ئەسپێکی بۆ ئامادە کەی و سوار بێ و لە هەرێمی مەترسی دوور کەوێتەوە. تکایە سڵاوی گەرمی منیش بە کاوە بگەیەنە.

― بەسەر چاو قوربان، بەسەر چاو!

―خوات لەگەڵ ڕامهۆ، خوات لەگەڵ بۆ هەمیشە! باوەڕ ناکەم چاومان بە یەکتر بکەوێتەوە ڕامهۆ.

― ئەهورامەزدا پشت و پەنات بێ، وەزیری مەزن.

***

― سپاس زیندانەوان. دەرگای زیندانەکە بکەوە. ئەمەوێ فەراز بەمە لای ئەژدیهاک. ئاخر ئەمڕۆ نۆرەی ئەوە.

― بەسەر چاو گەورەم...

― ها... شێری چیا، حاڵت چۆنە؟

― تۆی ئارشام؟ بۆچ بە تەوسەوە قسەم لەگەڵ دەکەی؟

― تۆ خەیانەتکاری. تۆ چەپەڵی. دژی شایەتیی ئەژدیهاک هەستاوی. ئەتەوێ شاهەنشایی ئێران زیندوو کەیەوە؛ ها...؟ ئەمانە بەس نین بۆ ئەمە کە ڕقم لێت بێ؟

― یانی چی؟ تۆ زۆر گۆڕاوی وەزیر. مەگەر...؟

― بێ دەنگ بە! بێ دەنگ بە، نەفام... من نۆکەری ئەژدیهاکم. ئێستاش هاتووم بتبەم بۆ لای ئەو. ئەمڕۆ نۆرەی تۆیە کە بمری.

― وا دیارە من و کاردۆ بە هەڵە چووین. بریا لێ دەگەڕاین هەر لەوێ دەتیکوشت. تف لە تۆ خانی وڵاتفرۆش!

― ئاگات لێیە زیندانەوان؟ ئاگات لێیە چی دەڵێ؟ خێرا کە لاقی بکەوە. یاڵڵا، لاقی لە بەند ڕزگار کە. ئەمەوێ کاتێ بەرەو مەرگ دەڕوا، بیبینم بزانم لە ترسانە لە پێ ناکەوێ... یاڵڵا، زوو کە.

― بەڵێ قوربان بەسەر چاو!

***