٣

لە کتێبی:
چەکوشوەشێنی ڕۆڵەکوژراو
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 15 خولەک  826 بینین

― فەراز چیی بەسەر هاتووە؟ ئایا کوشتوویانە یان؟ ئایا دایکێک تا کەی دەتوانێ ئەم دەردە هەموار بکا؟ تکایە کاوە پێم بڵێ فەراز ماوە یان کوژراوە؟

― لەسەرخۆ بە ئافرەت. لەسەرخۆ بە. مەگەر تەنیا فەرازی تۆیە بەدەست ئەم دڕندانە کوژراوە؟! لە هەموو ئێرانا دایکان کۆسکەوتوون، هەموو کەس تازیەبارە.

― یانی کوڕەکەم کوژراوە... ئاخ فەراز... فەرازی جوانم... دایکت پاش مەرگی تۆ چۆن بژی...

― مەگری مەگری دایە گیان، ئەمە چارەنووسی ئێمەیە... بەڵام ئەمن بۆ چی وا ئەڵێم... چۆن نەگری.

―ها... بەسیەتی ئیتر بەسیەتی... ئێوە بەم شیوەن و گریانە، گیانی فەراز ئازار ئەدەن. فەراز نامرێ ئەو فیدایی ڕێگای ئازادییە. هەرگیز نامرێ. ئەگەر ئەمڕۆ ڕواڵەتی لە پێش چاومان لا چووە، لەنێو دڵماندا دەژی... ئاخ فەراز مەرگی تۆ چەند گرانە، بەڵام ڕووت سپی بێ کوڕم وەک ڕووی مرۆڤایەتیت سپی کردووە... دروود بۆ گیانی نەمرت... فەرازی من ڕۆڵەی دلێرم، کوڵی دڵی باوکی پیرت پێشکەش بە گۆڕی سارد و سڕت. ئێتر زایەڵەی پێکەنینت نایەتە بەر گوێم. باوکی کڵۆڵت بە مەرگی تۆ سۆمایی لە چاوی بڕا. تۆ باییدارترین دیاریی ئێمەی بۆ شۆڕش و ئازادی. لە گۆڕەکەتا بە ئاسوودەیی بخەوە. مەرگی تۆ زۆر زۆر زۆر خەسار بوو، کوڕم.

***

― ئاهـ... خودایە، فەراز؟

― دروود بۆ کاوەی مەزن.

― ئا... دروود کوڕم... ئای ئا... ئەمن چاوم دروست دەبینێ؟

― چاوی هەڵۆی چیای کالیدی هەرگیز بە هەڵە ناچێ.

― بەڵام کوڕم فەراز؟

― ئاخ فەراز ڕۆڵەی شیرینم...

― میترا، تکایە تۆ خەریکی بەهۆشەوەهێنانی دایکی کاردۆ بە... فەراز، چاوم بە دیتنت ڕووناک بۆوە... بڵێ... بڵێ بزانم، کوڕم چۆن ڕزگار بووی؟

― ئاخ بابە... زۆر شەکەتم، دەمەوێ بخەوم چەند شەو و ڕۆژە نەخەوتووم... هەرچی دەتەوێ لە کاردۆ بپرسە... تا... دەمەوی بخەوم بابە...

― خەوی لێ کەوت، تەنیا ئەو بووە توانیویە خۆ لەبەردەم هەموو شکنجە بگرێ... باشترە بخەوێ!

― دەی کوڕم تۆ بۆم بگێڕەوە فەراز چۆن ڕزگار بوو؟ من بەجارێ دڵنیا بووم ئەو کوژراوە.

― ڕامهۆ بوو بە هۆی ڕزگاریی فەراز. ئەو هەواڵەی دا بە من کە فەراز نەمردووە. منی ڕێنوێنی کرد بۆ زیندان و ڕزگارم کرد.

― ئافەرین کوڕم ئافەرین، بەڕاستی ناوی کاردۆت خەسار نەکردووە. نازانی دایکت لە چ حاڵێکدا بوو. من مەجبوور بووم کە پێی بڵێم فەراز کوژراوە. ئەو بێچارە دیتت کە بە دیتنی فەراز بێهۆش بوو.

ئەو خەریکە دێتەوە هۆش. لام وایە باش نییە لەم حاڵەدا چاوی بە فەراز بکەوێ.

― کچم؟

― بەڵێ!

― تۆ لەڕادەبەدەر میهرەبانی، خوا بتپارێزێ کچم.

کاردۆ یارمەتیی بدە، دایکت بەرنە هۆدەیەکی تر. هادەی خێرا کەن... دەی، بیبەنە هۆدەیەکی دی.

***

― ئاخ فەراز نازانی دووریی تۆ چەندە بۆ من گران بوو؟ بەتایبەت کاتێ قاو کرا کە تۆیان لە ژێر شکەنجەدا کوشتووە، چەندە ناڕەحەت بووم. ئەمویست بمرم. ژیان بۆ من بێ مانا بوو، تەنیا دڵخۆشیدانەوەی باوکت بوو کە بەرگری لە خۆکوشتنم دەکرد.

― ئا... تۆش خێرا باوەڕت کرد کە من مردووم؟ ها... ئاخر نەدەبوو بیر لەوەش بکەیەوە کە فەراز جارێ هیوای زۆری بە ژیان هەیە و بەم زوانە نایەوێ بمرێ!

― نا... هیچ کەس نایەوێ بمرێ فەراز، بەڵام مەرگ لەم قسانە ناپرسێ فەراز.

―هـ...هـ... میترا بەهەڵە چووی. مەرگ لە بەرامبەری ویستی پیاوانە پەست دەبێ. مەرگ هی ئەو کەسانەیە هیوای ژیانیان نامێنێ و مل بۆ مردن کەچ دەکەن. ئێمە بەهارێکی خۆشمان لەبەرە، بەهارێکی پڕ ئاگر و گوڵ، پڕ ئاگر و گوڵ و شینایی. بەهاری ئەوین و دڵداری و ڕزگاری... ئاخ خودایە... لە مێژە مەلی بزە لە هێلانەی لێوانمان تاراوە... بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو چارەڕەشی و کڵۆڵییە، دەنگی جریوەی مەلی نەورۆز ئەبیستم، میترا.

لە پشت دیواری هەرەس و بەفر و سەهۆڵ بەرەو چیای کالیدی، بەرەو ئێران، باڵ ئەگرێتەوە. من دڵنیام، میترا. دڵنیام بەیانی بە هەموو پڕشنگ و شکۆیەوە هی ئێمەیە. ئەمە سرووشی پاک بە منی گوتووە. کاتێ لەژێر شکەنجەدا ئەمناڵاند، ئەم دەنگە هاتە گوێم. دەنگی سروش بوو. هەر لە دەنگی کاوەی مەزن ئەچوو کە ئەیگوت:

― کوڕی دلێری کاردۆک، پتەو بە وەک چیای بەرزی کالیدی، مەبەزە. گاڵتە بە مردن بکە. نەورۆزێکی ڕەنگینمان لەپێشە. مردن بۆ دوژمنانی تۆیە. پیاو بە فەراز پێ بکەنە. دۆستت شاد و دوژمن کوێر بە، قارەمانی شۆڕش پێ بکەنە.

― ئەم دەنگە گیانێکی تازەی کرد بە لەشما. لێ بڕام خۆم ڕاگرم. وە دیت کە بە یارمەتیی ئەهۆرای مەزن سەرکەوتم، میترا.

― ئاهـ... فەراز تۆ سەراپای گیانت هیوایە، تۆ ئاگرێکی کە گەرمایت بۆ دۆستان و سووتاندنت بۆ دوژمنانە.

― ئاهـ... هـ... ئێستا پێم بڵێ بزانم، تۆ لە تاقمی گەرمەوەبووەکانی یان سووتاوەکانی؟

― فەراز من دڵم بە قسەکانت گەرم ئەبێتەوە بەڵام هەناسەی ساردیشم هەر بەهۆی تۆوەیە.

― ئا... یانی چی؟ ئایا ئەمن بێئەدەبییەکم کردووە کە کچی ئابراداتاسی مەزن دڵی ڕەنجابێ؟

― نا فەراز ڕەنج و پەژارە لە دڵی خۆمدایە ئەوەی کە من ئەسووتێنێ تۆ نی، ئەوینی منە من ئەویندارم فەراز.

― ئێمە هەموومان ئەو ئەویندارەین، مەگەر ئەوین بە وڵات، ئەوین بە شۆڕش و ئاگاداری ناکرێ پێی بڵێی ئەوین ها؟!

― ئەمانە هەموو ئەوینێکی گەورە و پاکن، بەڵام گیانی من، بە ئاگری ئەوینێکی تایبەتی ئەسووتێم.

― یانی ئەتەوێ بڵێی ئاشقی پیاوێک بووی نەکا بڵێی کاردۆ ها؟

― ئەها. کاردۆ بەرزە، بەڵام وەک برایەک خۆشم دەوێ.

― ئەرێ من بزانم دڵدارەکەت کێیە؟

― فەراز تۆی، دڵداری من تۆی.

― چی ئەبیستم؟ ئایا بەڕاستیتە میترا؟ تۆ منت خۆش دەوێ؟

― پڕبەدڵ پڕ بە هەموو هەستم خۆشم دەوێی.

― ئاهـ خودای گەورە، خەو دەبینم یان بێدارم؟ تکایە، جارێکی تر دووبارەی بکەوە و دووبارەی کەوە.

― خۆشم دەوێی فەراز، زۆرم خۆش دەوێی.

― میترا ئەمنیش پێت بڵێم؟... لە مێژە تۆم خۆش دەوێ، بەڵام... بەڵام پێم باش نەبوو هیچ بڵێم. ئێستا کە وایە، ئیجازە بدە دەستەکانت ماچ کەم... ئاهـ میترا...

***

― هم... بێمێشکی بێکارە! تۆ بە کەلکی هیچ شتێک نایەی. بەم هەموو سپا و پاسەوانانەوە بەم زیندانە بەرز و پۆڵایەوە، نەتتوانی بەندێکی بێ دەسەڵات ڕابگری. ئەمە بۆ تۆ و بۆ من شوورەیییە.

― ببوورە شەیتانی مەزن من تاوانم نییە، پاسەوانەکان بێکارە و تەمبەڵن، ئەوێ شەوێ هەموویان لە دەرەوەی قەڵای زیندان خەویان لێ کەوتبوو. بەیانی بە زۆری تازیانە خەبەرمان کردنەوە.

― ئەم... ئەمە کەڵاوی دوژمنی گەورەی من، ئەورۆموزدایە...هـ... ئاخر من هەمیشە لە شەڕی ئەوا تێ شکم. چی بکەم نەخۆشییەکەت لە بیر نەچۆتەوە؟ ها... ئەژدیهاک.

― ئەتەوێ چی بکەی؟... نا! تکا ئەکەم من لە چاوی تۆ ئەترسم، بەم جۆرە پێدا مەڕوانە.

― ها...ها...ها

― من بۆ فەرمانت ئامادەم... بۆ فەرمانت ئامادەم ئاخر شەیتانی مەزن.

― نا... ئەژدیهاک! ئێرە، ئێرە، جێگای من نییە. ئەهۆراموزدا هاتۆتە یارمەتیی دوژمنەکانم. شار بۆنی پاکی و باشیی لێوە دێ، من دەبێ ڕاکەم بەڵام لە پێشدا، دەستوور بدە هەموو کەس کۆ بنەوە کۆڕێکی گەورە بگرن.

― لەبەر چی سەروەرم؟

― ها...هـ... کارت بەسەر ئەوەوە نەبێت. هەرچی گوتم وا بکە ئەژدیهاک.

― بەسەر چاو قوربان فەرمانبەرم.

***

― بێدەنگ بن، بێدەنگ بن، هەمووتان دەزانن کە دوژمنانی من هەر ڕۆژی پیلانێک دەگێڕن، هێرش ئەکەنە سەر سەربازەکانم و ئەیانکوژن، لە بیرتان چۆتەوە کە من کێم؟ و چۆن سپای جەمشیدم تێک شکاند؟ فەرامۆشتان کردووە کە من لەگەڵ ڕەحم و بەزەیی بێگانەم؟ حەزم لە لاشەی بێ سەر و ئەندامی کون کون کراو و سەری بڕاوە؟ ئایا ئێوەی ڕەش و ڕووت و بێ دەسەڵات ئەتانەوێ بەرەنگاری من بوەستن؟!

بیر بکەنەوە لە هەموو ئێرانا، بنەماڵەیەک هەیە کوڕی نەکوژرابێ؟ یان تاڵان نەکرابێ و ماڵی نەسووتابێ؟! من لە کوشتن و خوێن ڕشتن ماندوو نەبووم، ئەگەر ئێوەش لە مردن و بەندکردن نەوەستاون زۆرم پێ خۆشە دیسانەوە دەست پێ ئەکەینەوە، بزانن کامەمان سەر ئەکەوین؟!

― سەرکەوتن بۆ ئێمەیە و مردن بۆ تۆ.

― ئەمەش بەڵگەی سەرکەوتنمان... ها بگرە.

― ئەمە بەڵگەی شکستی ئێوەیە، بڕوانن ئەم نێزەیە چۆن لە حەواوە ماوەتەوە.

― زۆر سەیرە؟!

― ئەی خۆ لە حەوا ڕاوەستاوە؟

― سەیر...

― ئێستا زانیتان کە نێزەش ناوێرێ لە سنگی ئەژدیهاک نزیک بێتەوە...ها...ها...

― سەروەر ئەگەر ماوە بفەرموون. من ئەڕۆم ئیتر. ئێوەش بەتەواوی هاتوونەتەوە سەر خۆ و نەخۆشیتان نەماوە. منیش ئەمەوێ بگەمە فریای نەخۆشێکی تر. من پزیشکم، کارم تیمارکردنی نەخۆشە. زۆر خۆم بە بەختیار ئەزانم کە توانیم ئەژدیهاکی مەزن لەو نەخۆشییە ڕزگار کەم، تکام ئەمەیە کە ماوە بفەرموون، سەر شانەکانتان ماچ کەم.

― سپاست دەکەم پزیشکی زانا، شانی من بۆ ماچکردن ئامادەیە.

― سەروەرم ئەمە شانازییە بۆ من با سەر شانت ماچ کەم تا بتوانم لە هەندەران بڵێم لێوی ئەم پزیشکە پیرە سەرشانی شکۆداری ئەژدیهاکی ماچ کردووە. قوربان ئیتر من لە خزمەت مەرەخەس دەبم...

― سەر کەوی پزیشکی پیر! بەهیوای دیدار!

― کاتێ من خەریک بووم لە دەرگا بچمە دەرەوە، جێگاکەت بگۆڕە... دەنا ئەو نێزە کە بە ئەفسوونی من ڕاوەستاوە سنگت کون ئەکا...

― ئاخ... نێزەکە باڵی گرتەوە. بڕوانە ئەم کۆڵەکەبەردەی کون کرد... شەیتان! شەیتان! کاری شەیتانە.

― ئەمە کاری شەیتانە.

― ئیتر من کارێکم نییە، هێزی منتان چاو پێ کەوت، بڕۆن و ئارام بن.

***

― ها وەزیر دیسانەوە پەرۆشی؟ چی ڕووی داوە؟

― نازانم چی بڵێم؟! نازانم بڵێم چی ڕامهۆ؟! من ئێرانیم، بەڵام لەگەڵ هەموو کردەوە خەراپەکانی ئەژدیهاک هاوبەشم، بەشی هەرە گەورەی تاوان بە ئەستۆی منەوەیە، ئەژدیهاک بێگانەیە ئەگەر خراپەش دەکا لانی کەم لەگەڵ هۆزەکەی خۆی ناکا. بەڵام من چی؟ نازانم! نازانم ئەتوانم هیوادار بم کە ئەهۆراموزدا لە تاوانم ئەبوورێ یان نا؟

― وەزیری بەڕێز! تۆ هەرگیز ئەو قسانەت نەکردووە. چ ڕووی داوە کە ئەمڕۆ کەوتوویەتە بیری ئەم مەبەستەوە؟

― ئەزانم ڕامهۆ، ئەزانم ئەتەوێ بڵێی کە درەنگ بووە. من ئیتر ڕووی گەڕانەوەم نییە، بەم هەموو تاوانەوە هەرگیز نابەخشرێم. هەرگیز! دەمێ ساڵە خزمەت بە هەژدیهاک دەکەم، نەک لەبەر ئەوەیە کە خۆشم دەوێ چونکە لێی دەترسم نامەوێ کوڕەکەم بکوژی و کچەکەم بکەوێتە دەست سەربازەکانی ئەژدیهاک، خزمەتی من بۆ خۆپاراستنە، بەڵام لە کاتێکەوە بۆم دەرکەوتووە ئەژدیهاک بەندەی ئەهریمەنە شەرم و شوورەیی دای گرتووم... ئاخ... من چەندە چارەڕەشم، من خزمەتکاری بەندەی شەیتانم.

― ئێستا کە بۆت دەرکەوتووە، لەم ماوە درێژەدا بە هەڵە چوویی، ناتەوێ تۆڵەی ئەم خراپانە بکەیتەوە؟

― چۆن؟ مەگەر ئەتوانم؟

― سەروەرم ئەگەر بتەوێ دەتوانی، ئەژدیهاک زۆری بڕوا بە تۆ هەیە، ئەتوانی لەم بڕوایە بە سوودی شۆڕشگێڕەکان کەڵک وەربگری.

― مەبەستت ئەمەیە کە یارمەتی شۆڕشگێڕەکان بدەم؟ نا... نا من لە ئەژدیهاک دەترسم.

― ئەی لە ئەهوراموزدا ناترسی؟ لات وا نییە کە پەشیمانبوونەوەت دەبێ بە کردەوە پیشان بدرێ؟ بە وتەی خۆتان، هەتا ئێستا لەسەر ڕێگای تاوان بوون، ئەگەر پەشیمانن، ئەبێ بکەونە سەر ڕێبازی خزمەت و تێکۆشان.

― ڕامهۆ تۆ ڕێگایەکت بەرچاو دەکەوێ؟ یان لات وایە من بتوانم بە چەشنێ یارمەتیی لاوە قارەمانەکانمان بدەم؟ خۆت دەزانی کە من پیاوی شەڕ و مەیدان نیم.

― قوربان بۆ شەڕکردن هەر تەنیا پیاوی شەڕکەر بەس نییە پیاوی ژیر پێویستی بە ئاوەزیشە من دڵنیام تۆ ئەتوانی خزمەتێکی گرنگ بە وڵاتەکەمان بکەی.

― باشە بڵێ بزانم، من چی بکەم بڵێ؟

― دۆزینەوەی ڕێگا لەسەر من سەروەرم.

― من ئامادەم ڕامهۆ، هەر کات پێویست بوو هەواڵم پێ بدە.

― بەسەر چاو گەورەم ئێستا جارێ بە دوعا.

― خوات لەگەڵ کچی بەشەڕەف خوات لەگەڵ.

***

― ئاهـ... من خەریکم دەمرم سەرشانم ئارامی لێ هەڵگرتووم، ئای ئاشام؟ ئاشام لە کوێی؟

― لێرەم گەورەم، فەرمایشتێکتان هەبوو؟

― سەرشانم ئارامی لێ هەڵگرتووم، ئەڵێیی گیانم دەردەچێ نازانم بۆچ ئەمڕۆ کتوپڕەوە ژان وەستا؟ خۆم نایبینم وەرە بزانە بریندار نییە؟

― ماوە بفەرموو قوربان با بزانم...؟ ئاهـ خودای گەورە! ما... مار...؟! دوو... دوو ماری ڕەش قوربان.

― چییە ئاشام بۆ چی ڕات کرد؟ ماری چی؟

― قوربان لەسەر هەرکام لە شانەکانت ما... مارێکی ڕەش هاتۆتە دەر!

― چیی لێوی شەیتانە ماری لێ شین بووە ئێستا چار چییە وەزیر؟ مارە پێمەوە دەدەن! وەرە وەزیر بەم خەنجەرە سەریان لە لەشیان جوێ کەوە.

― قوربان! م... من ناوێرم.

― ها... ترسنۆک من خۆم ئەم کارە دەکەم.

― ها...ها ئەمە یەکێکیان... ئەمەش ئەوی تریان... ئاخ ئاسوودە بووم ئیتر شانم ژان ناکەن، من دوێنێ شەوێ خەو لە چاوم نەکەوتووە، وەزیر ئێستا ئەمەوێ کەمێک بخەوم، بڕۆ بەڵام زمانت گرێ دە، نەکا ئەم باسە بدرکێنی ها...

― بەسەر چاو قوربان! بەسەر چاو!

***

― ئاهـ... ئاخ...هـ... من خەریکم لە پێ دەکەوم کاردۆ کەی دەگەینە لای کاوە؟ هـ... ها...

― منیش پێم بەشوێنما نایە، بەم کێوانەدا ڕێگا ڕۆیشتن بۆ منی پیرەمێرد زۆر سەختە.

― ها... هێندەمان نەماوە بگەینە غارەکە، بڕوانن فەراز لەبەر دەرگای غارەکە کێشک دەکێشێ!

― باشە... باش...

― هۆی! تۆی کاردۆ؟ وەرنە پێشەوە. وەرن.

― بە خێر بێی کاردۆ.

― سپاس فەراز... کاوە لە ژوورێیە؟

― بەڵێ بچۆ ژووری غارەکە.

― باشە دەچم با ئەو میوانانە لێرە بن...

― گەورەم دوو میوانی تازەمان بۆ هاتووە، یەکیان ڕامهۆیە کە دەیناسی، بەڵام ئەوی تریان...

― چییە بۆ بێ دەنگ بووی؟ ئەوی تریان کێیە؟

― بابە گیان تا بەڵێن نەدەی وەک میوانێک ڕەفتاری لەگەڵ دەکەی ناوی نابەم.

― بڵێ کوڕم بڵێ، هۆزی کاردۆ میوانگر و دڵاوان، مەگەر وا نییە کوڕم؟

― هەر لەبەر ئەمەیە کە کاکە کاردۆم داوای لێ کردی کە ڕێز لەم میوانە بگری.

― ئێستا بڵێ کوڕم میوانی تازەمان کێیە؟

― ئاشام وەزیری ئەژدیهاک.

― ها... گوتت ئاشام؟ تاوانکاری گەورە؟... نا...نا نا کوڕم، من سوێندم خواردووە بەدەستی خۆم بیکوژم ئەمن نامەوێ چاوم بەم خیانەتکارە بکەوێ.

― بابە... بابە... من لام وا بوو ئەگەر شەیتانیش ببێتە میوانی تۆ، لە تاوانی دەبووری، بەڵام وا دیارە ژێرچەپۆکەیی چەن ساڵەی هۆزەکەمان ڕەوشتی بەرزی لە بیر بردوویەتەوە. کاردۆ میوانەکەت هەڵگرە و لێرە بڕۆ، سوێند بە یەزدانی مەزن هەر کەس بیەوێ پێشت پێ بگرێ، تەنانەت ئەگەر باوکیشم بێ، بەم شمشێرە وەڵامی دەدەمەوە. ئێمە شکستی ئەمەین کە پیاوەتیمان لە بیر چۆتەوە، هەستە برای پاڵەوانم. هەستە. بە میوانەکەت بڵێ کاردۆکیش پەست بوون مرۆڤایەتییان لا نەماوە.

― بە دوعا بابە، بە دوعا!

― ڕاوەستە کاردۆ ڕاوەستە، ببوورە کوڕم بە ئاشام بڵێ بێتە ئێرە، بێتە ژوورەوە.

― سپاس کاوەی مەزن... ئاشامی بەڕێز، وەرنە ژوورەوە...

― دروود بۆ کاوە شۆڕشگێڕی قارەمان.

― دروود ئاشام. بە خێر هاتی.

― تۆ هەقت هەیە لە من تووڕە بی. هەقت هەیە سەرزەنشتم بکەی، ئەزانم من تاوانکارم ئێستا من هاتووم بە چەشنێ تاوانەکەم سووک کەم، هەرچی تۆ بڵێی وا دەکەم. تەنانەت ئەگەر فەرمان بدەی بەم پیرییە شمشێر بەدەستەوە دەگرم و لە ڕیزی لاوەکاندا دژی ئەژدیهاک شەڕ دەکەم.

― ئاشام، من و تۆ بە منداڵی پێکەوە هاوەڵ بووین. بە یەکەوە گەورە بووین. هەردووکمان سەردەمی شایەتیی جەمشیدمان لە بیرە. هەردووکمان ڕۆڵەی ئەم وڵاتەین. من چاوەڕوانی ئەمە نەبووم کە تۆ کردت. سوێندم خواردبوو کە بەدەستی خۆم بتکوژم. بەڵام تۆ میوانی ئێمەی و ئەڵێی کە پەشیمان بوویەتیەوە، هیوادارم ئەهوراموزدا لە تاوانت خۆش بێ ئەم شەو میوان بە، ڕاستە کە ئەم غارە جێکای تۆ نییە و ناڕەحەت دەبی، بەڵام باشە شەوێکیش ئاگات لە ژیانی هەژاران بێ تا هەست بە دەردیان بکەی.

― بەڵێ کاوە، تۆ جێی شانازی وڵاتەکەمانی. من بە بەختیاری دەزانم کە لە لاتان بم، بەڵام لام وایە لە کۆشکی ئەژدیهاکا باشتر دەتوانم یارمەتیتان بدەم، هەواڵێکیشم بۆ هێناون: ئەژدیهاک، ئەژدیهاک دوو ماری ڕەشی لەسەر شانی هاتۆتە دەر، هەموو ڕۆژێک جارێک سەریان دەبڕێ، بەڵام دیسانەوە هەروەک گیا شین دەبنەوە.

― نەمزانی ئەو پزیشکە شەیتان بوو، جێی دەمی شەیتان هەر دەبێ ماری لێ شین بێ.

― بابە شەو درەنگە، هاواڵەکان چاوەڕوانی ئێوەن تا بزانن بەیانی چی بکەن قوربان؟

― کوڕم من و ئاشام لە مێژە یەکتریمان نەدیوە، ماوە نادەی کەمێک باسی بیرەوەریی لاویی خۆمان بکەین؟

― سەروەرم ئێوە دەستوور بە ئێمە بدەن خۆمان بەوانی تر ڕادەگەیەنین.

― زۆر باشە کوڕم، تۆ بە سەرۆکایەتیی ٥٠ کەس، هێرش بکەنە سەر قەڵای خارخار. فەراز تۆش لەگەڵ چەند کەسێکا لەناو شار وریای جووڵانەوەی سپای ئەژدیهاک بن، منیش بەیانی دەچمە لای شاهەنشا فەریدون، لەمێژە نەچوومەتە خزمەتی.

― زۆر چاکە بابە.

― بە چاوان بابە، زۆر چاکە.

― سەرکەوتوو بن کوڕم.

***