٢

لە کتێبی:
چەکوشوەشێنی ڕۆڵەکوژراو
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 16 خولەک  754 بینین

― تۆ ئاخری ئەو کوڕانەی من بە کوشت دەدەی دەستت داوەتە کارێکی پڕ مەترسی، ئێوە بەو چەند سەد کەسە چۆن ئەتوانن ئەژدیهاک شکست بدەن، پیاوی چاک بە دەست لەم کارە هەڵگرە.

― خێزانی داوێنپاک و بەوەفام تۆ چەشنێک قسە ئەکەی ئەڵێی لە بیرت چۆتەوە کە ئێمە کاردۆکین، ئاریزانین. گۆیا ئەم هەموو خوێنە ئاڵە کە ئەڕژێ، ئەم سەرە بێ تاوانانە کە ئەچنە ژێر تیغی جەللاد هەستی تۆڵە لە تۆدا هەڵناسەنگێنێ؟! فەرامۆشت کردووە کە ئەم کوژراوانە برا و خوشکی ئێمە بوون، ڕۆڵەی شیرینمان بوون، ئەگەر هەموو کەس هەر پاسی ماڵی خۆی بکا و مناڵەکانی خۆی بپارێزێ، ئەی کێ هەستێ؟ چ کەسێ ئاڵای سەرنەوی جەمشید بەدەستەوە گرێ؟!... نا... نا خێزانی من کاردۆک، چ ژن بێ و چ پیاو، نابێ بەم چەشنە بدوێ.

― هـ ها سەلام بابە.

― ها دروود.

― دروود کوڕە خۆشەویستەکانم، دروود.

― ئاهـ... ڕۆڵە شیرینەکانم، نیگەران بووم ئەوە لە کوێ بوون؟!

― هـ...ها... دایە گیان ئەترسای لە کووچە و کۆڵانی شارا گوم بووین ها...؟

― نا کوڕی من دایکت لەوە ناترسێ! ئەزانێ کە ئێستا شاری ئێمە و وڵاتی ئێمە بۆنی خوێن دای گرتووە، لە هەموو لایەکی لوورەی چەقڵ و کەمتیار بەرز بۆتەوە. ئەم دڕندانە بۆنی خوێن شێتی کردوون.

― شێر هەرگیز نابێتە نێچیری چەقڵ و ڕێوی بابە گیان.

― ئافەرین کوڕم، ئافەرین. بەڵێ ئێوە شێرن، شێری چیای کالیدی، ئاهورامەزدا پشت و پەناتان بێ.

― ها... هـ... دایکم هێندە ترسنۆکە کە ئەمن هەر کات دێمەوە ماڵێ، ئەترسم و لە دڵی خۆما ئەڵێم ئەژدیهاک هەر خاوەنی دەسەڵات ئەبێ، بەڵام کاردۆ شتێکی تر ئەڵێ، ئەو لای وایە لە شەڕی دواییدا ڕۆژ بەسەر شەوا زاڵ ئەبێ.

― بەڵام تا ئەو کاتە هەزار دایک لەسەر تەرمی ڕۆڵەی خۆیان دائەنیشن، هەزار دەریا لە خوێن و ئەسرین پێک دێ، من نازانم شەڕی دوایی کەیە؟

― تا ئادەمیزاد هەیە، تا ئەهورای نەمر و ئەهریمەنی بێدادگەر زیندوون، ئەم شەڕەش درێژەی هەیە، ژیان بناغەی لەسەر شەڕی چاکە و خراپە دانراوە.

― ئاهـ... ئەمن ئەو قسەیەم لە موبیدی گەورەش بیستووە بابە گیان.

― ئەم وتارە بەرزە هی زەردەشتە، زەردەشتی کاردۆک.

― بابە من هەواڵێکم هێناوە، ئەگەر چی زۆریش جێگای بڕوا نییە بەڵام گێڕانەوەی باشترە.

― بڵێ کوڕم بڵێ بزانم هەواڵەکەت چییە؟

― باشترە بەتەنیا بین بابە گیان.

― باشە کوڕم، بڕۆین ئەبێ سەرێک لە کارگەی ئاسنگەریەکەشم بدەم. چەند ئەندامی تازەمان هاتوون کە ئەبێ چەکیان بۆ دروست کەم، بڕۆین.

― ئەمنیش لەلای دایکم ئەمێنمەوە و داوای لێ دەکەم کە چیڕۆکێکی جوان و سەرنجڕاکێشی دەورانی جەمشیدم بۆ بگێڕێتەوە.

― زۆر باشە کوڕم.

***

― دەی کوڕم ئێستا بەتەنیاین بڵێ بزانم هەواڵ چییە؟!

― ڕامهۆت لە بیر ماوە بابە گیان؟!

― ها... بەڵێ، بەڵێ. ئەو کچە کە هەواڵی نەخۆشیی ئەژدیهاکی هێنا... بەڵێ؟!

― بەڵێ گەورەم، ئەو لە کۆشکی ئەژدیهاکا کار ئەکا، ئاگای لە هەموو هەواڵ و باسێک هەیە.

― بوونی ئەو لەوێ بۆ ئێمە زۆر گرنگە کوڕم، بەڵام...

― هەواڵی ئەم جارەی ڕامهۆ جێی باوەڕ نییە ئەو ئەڵێ کە شەیتان لەناو کۆشکی ئەژدیهاکدا ئەژی! و هەر ئەویش بۆتە هۆی چاکبوونەوەی ئەژدیهاک. ئەڵێ کە ئەم قسەی لە ئاشام بیستووە، قوربان.

― ئاشام! ئاشام ئەو خۆی لە ئیبلیس خراپترە. شەیتان هەمیشە کاری خراپەکردنە بەڵام ئاشام ئێرانییە، خۆی بە ئەژدیهاک فرۆشتووە. ئاخ ئەگەر بکەوێتە بەردەستم سوێند بە ئەهوراموزدا بەبزەیی ئەیکوژم.

― ئاهـ... ئەی هاوار...

― بابە... بابە چاوت لێیە ئەو پیاوکوژانە چی ئەکەن؟!

― ئاهـ بەڵێ کوڕم چاوم لێیە.

― ئەمن خۆم پێ ڕاناگیرێ، ئەبێ تەمبێیان بکەم.

― لەسەرەخۆ بە کوڕم! ئێمە کاری گەورەترمان لە پێشە.

― بۆ من ناکرێ بابە، ناکرێ. ئەوە ئەمن ڕۆیشتم.

― ... ئەهای پیاوکوژینە ئێوە ناوێرن پێش بە پیاو بگرن. ڕێ بەم ئافرەتە بێ دەسەڵاتە ئەگرن؟! ها... ناپیاوینە؟

― ... بە تۆ چی؟ ئەتۆ کێی...؟

― ئەگەر پیاون دەمتان ببەستن و باسکتان بخەنە کار؟!

... تق... شەق... ها ئەمە بۆ تۆ... بگرە ناپیاو ئەمەش ئی تۆ...

― کچی باش بڵێ بزانم ئازارێکت پێ نەگەیشتووە؟

― ئاخ... نا... باش بوو زوو گەیشتییە فریام. ئەم پیاوکوژانە پاش ئەوەی ماڵە باوکمیان سووتاند، دایکم و باوکمیان کوشت و منیشیان بە زۆر لەگەڵ خۆیان هێنا...هـ...

― ئەی پەستی بێ شەرمانە، حەیف زۆریان کرد... بڵێ بزانم ناوت چییە؟

― ناوم میترایە، کچی ئابراداتاسم.

― ئابراداتاس؟ وەزیری جەمشید! ئاهـ ئەی ئەهۆرای مەزن، ئابراداتاس کوژرا.

― بەڵێ لاوی قارەمان. باوکم بەدەست ئەم خوێنمژانە کوژرا، کاتێ دەمرد تەنیا ئامۆژگاری بۆ من ئەمە بوو کە بێمە لای کاوە و داوای لێ بکەم تۆڵەی خوێنی ئەو بکاتەوە.

― ئاهـ... حەیف بۆ ئابراداتاس، من ناوم کاردۆیە، کوڕی کاوەم. باوکیشم لێرەیە. وەرە، وەرە با بچینە لای. دڵنیام وەک کچی خۆی ئاگای لێت دەبێ.

― سپاست دەکەم کاردۆ.

***

― ئەم کاردۆکانە لە ڕادەبەدەر سەربزێو بوون. ئێوەش بەم هەموو سپا و لەشکرەوە چارەیان ناکەن. ئەمن نازانم ئێوە بە کاری چی دێن؟! ئەگەر ئەمڕۆ هەموویان لە بەین نەبەن هەمووتان ئەکوژم، بۆ من تەنیا خوێنڕشتن گرنگە، چ خوێنی ئێوە بێ کە دەست و پێوەندی منن، چ خوێنی دوژمنەکانم بێ.

― قوربان ئێمە تاوانێکمان نییە. هەرچی پێویست بووە کردوومانە بەڵام تا ئێستا بۆمان دەرنەکەوتووە ئەو کەسەی کە هێرشی بردۆتە سەر سەربازەکان و دوو کەسی لێ کوشتوون و کچەکەی ئابراداتاسی ڕزگار کردووە کێ بووە؟

― تۆ خەرەفاوی ئاشام، بۆ مەگەر پێویستە هەر ئەو کەسە کە سەربازەکانی منی کوشتووە بە سزای خۆی بگا؟! نا... بکوژن بێ جیاوازی، بێ ئەوە کە لە تاوانکار و بێ تاوان بپرسن، ئەگەر هەرچی کاردۆکە بکوژرێ ئەو کەسەشیان لەناودایە. بۆ من تەنیا کوشتار گرنگە. ئەم سەری سەد جارەیە کە ئەڵێم دڵی من تەنیا بە خوێنڕشتن فێنک ئەبێتەوە ئێستا ئیتر بڕۆن... بڕۆن... ئیتر...

***

― هـ. بڕوانە میترا بە دەستی ڕاستت ژێی کەوانەکە بگرە، ها، تیرەکەش بگرە. بڕوانە وەکوو من. چاوت لێیە؟ ئەم جارە دەستی چەپت... ئاوا بیگرە دەی... ها... ئافەرین... ئەم جارە دەستی ڕاستت بە ژێی کەوانەکەوە بکێشە هەتا ئەتوانی... ها... دەی ئافەرین... ئافەرین کچی ئابراداتاس... باش ئەچیتە پێشەوە... دڵنیام سینگی پیاوانی ئەژدیهاک لەم دارە ڕەقتر نییە، بڕوانە پێکانی تیرەکەت لێی چووەتە خوارەوە.

― فەراز ئەمە تۆی کە مامۆستای چاکی و باشم فێر ئەکەی.

― ها... بڕوانە باوکم چ زەرێیەکی بۆ دروست کردووە. پڕ بە بەری خۆیەتی... ڕاستی میترا تۆ تەنانەت لە بەرگی ئاسنیشا هەر جوانی!

― ها... فەراز بۆ ئێمە قسەکردن لە جوانی پووچە، ئێمە سەرتاسەری ژیانمان ناحەزی و تاڵییە.

― هـ...ها...هـ... نا میترا بە هەڵە چووی. نا، ئەهۆراموزدا هەیە. جوانی و جوانیش هەیە. بەڵام هەروەک ڕۆژ جاروبار ئەکەوێتە ژێر پەڵە هەورێکەوە، کاتێکی واش هەیە کە جوانی لەژێر خاکا پەژار ئەدا و دائەپۆشرێ. ئایا لەو کاتەدا ئێمە ناتوانین بڵێین کە خۆرەتاو هەر ماوە؟ ئایا ڕەوایە لە هاتنە دەری هەتاو ناهومێد بین؟... نا میترا... نا دەسەڵاتی جوانی بۆ هەمیشە هەیە و ئەمێنێ. ڕاستە کە تۆ باوکت کوژراوە میترا. ڕاستە کە وڵاتەکەمان داگیر کراوە، بەڵام ئەهۆراموزدا هەر ماوە، ئاگر لە ئاگردانەکانا هەر ئەگڕێ، خوا نەکا ئاگری کوانووی سینگمان خامۆش بێ میترا.

― ئاخ فەراز تۆ چەند جوان قسە ئەکەی! چەندە هیوابزوێنە قسەکانت!

― هـ...ها... ئەگەر هیوا لە دڵێکا بمرێ، چی بۆ ئەمێنێتەوە؟! ژیانی بێ هیوای سەرکەوتن مەرگە؛ مەرگێکی تاڵ و دوور و درێژ.

― بەڵێ هەر وایە، بەڵام جاری واش هەیە کە هەموو ڕوچن و ڕوچنێک لە دڵ ئەبەسترێ، و ئادەمیزاد هەر چەند کە بیر ئەکاتەوە لەو شەوە تاریکەدا دیمەنی بەیانێک بەدی ناکا

―ها...هـ...تهها... تۆش وەکوو دایکم فێر بووی، ئێوە ئافرەتان زۆر دڵناسکن، زۆر بێورەن، بەڵام لێرەشدا مەجبوورم بڵێم کە بە هەڵە چوویی. هیچ شەوێک نییە کە بەیانێکی لێ وەدەر نەکەوێ. هەتا بووە هەر وا بووە وە هەر واش ئەبێ... ئاهـ میترا. ئیتر ئەمڕۆ مەشقی تیرت بەسە. ڕاستییەکەی من هیچم نەماوە کە فێری تۆی بکەم. تۆ خۆت شەڕکردن لە من فێر بووی، بەڵام شتێک ماوە! ژیان... تۆ لەم مەبەستەدا تۆ هێشتا شاگردی منی بەهیوام ڕۆژێک ئەویش باش فێر ببی.

― من تەنیا بۆ تۆڵەکردنەوە زیندووم فەراز ئەگەر تۆڵە وەرگرمەوە ئیتر هیچ ئاواتێکم نامێنێ.

―نا... نا... نا میترا. ڕاسپێری ئادەمیزاد ڕووخاندنی باری نالەباری ژیانە و دامەزراندنی بناغەی جوانی. بەڵام تۆ لەم ڕاسپێرییە، هەر بیر لە ڕووخانەکە ئەکەیەوە. پاش تۆڵەکردنەوە، ژیانی بەختیارانەی تۆ دەست پێ ئەکا... ئاهـ... من چەندە قسەدرێژم...؟

هەستە... هەستە با بڕۆینەوە ئێستا کاردۆ ناوچاوی تێک ناوە و لە گۆشەیەکا ماتی کردووە. دایکم ئەترسێ و باوکیشم خەریکی نەخشەکێشانە. هەستە با بڕۆین. هەستە...

― با بڕۆین هەستە...

***

―... ئاهـ بڕوانە بابە ئەو هەموو سوارەی لەبەر دەرکی ماڵی ئێمە کۆ بوونەوە...؟ خەریکن دادەبەزن.

― بە ورە بە کوڕم. خۆت ئاڵۆز مەکە. ئەهوراموزدا پشتیوانی ئێمەیە.

― ها... هاتوونە حەوشەکەمان، لێم ڕوونە کە بۆ سپاسکردن نەهاتوون... ها...

― تۆ لە هیچ کاتێکدا دەست لە گاڵتە هەڵناگری فەراز.

― لێ گەڕێ! لێ گەڕێ با پێ بکەنی کوڕم. تەنیا بەڵگەیەک کە لە جوانی و شادی ماوەتەوە پێکەنینی فەرازە.

― خێرا چارێک بدۆزنەوە، خۆتان بشارنەوە. ئەو خوێنمژانە ئەتانکوژن.

― فەراز هەزار گیانی هەیە دایە. هەر یەکێکیان بکوژن ئەوی تر جێی ئەو ئەگرێتەوە. لام وایە دەبێ لە چەند جێگا خۆمان حەشار دەین. ئەگەر خەیاڵی خراپیان بوو بیانکوژین.

― کوڕم ئەوان نزیکەی سەد کەسن ئێمەش سێ پیاوین چۆن ئەتوانین بەگژیاندا بچین؟

― ئەوان سەد ڕێوین و ئێمە شێرین بابە گیان.

― ئەهـ... ئەو پڵینگەتان لە بیر نەچێ. مەبەستم میترایە.

― کە وەهایە خۆتان حەشار دەن، بزانین چۆن ئەبێ.

― خۆتان حەشار دەن... زوو... زوو...

― ئەهای... خۆتان بدەن بەدەستەوە... خۆت و کوڕەکانت کاوە... ئەوەش بزانن ئەگەر خۆتان نەدەن بەدەستەوە...

― با ئەمن لە پێشدا تەسلیم بم. من ئەترسم ئاخر ها...هـ...ها... هەر ئێستا ئەڕۆم و خۆم ئەدەم بەدەستەوە.

― کوڕە بۆ کوێ ترسنۆکی خوێڕی؟! ئەتەوێ ئابڕوومان بەری؟

― ها... ها... هـ... من تەسلیمم، جگە لە منیش کەس لە ماڵێدا نییە. ڕاوەستن ئەوە هاتم بۆ لاتان...

― ئەتۆ ئەوانی تر لەگەڵ خۆت بەرە منیش ئەگەر خۆم پێ ڕزگار کرا، ئەگەڕێمەوە لاتان.

― نا... نا من بەجێتان ناهێڵم.

― بڕۆ کوڕم. بڕۆ. بڕۆ کاردۆ. دایکت و میترا لەگەڵ خۆت بەرە، منیش دێم.

― ئێمە باوەڕتان پێ ناکەین... وەرنە دەرەوە...

― بڕۆ کاردۆ، بڕۆ خێرا کە، یەکێکمان بگرن، باشترە لە هەموومان... تکا دەکەم نیگەرانی من مەبە خێرا کە.

― بڕۆن کوڕم... میترا تۆش لەگەڵ خێزانمدا وەرە خێرا کە با بڕۆین...

― مەئمووری ئەژدیهاک من چەکم پێ نییە، ئەوە هاتم تەسلیم دەبم...

― دەستی ببەستن، دەستی ببەستن یاڵڵا... خێرا کەن کوڕینە. دەستی ببەستن... با بڕۆین...

***

― ئەی ئەهۆرامەزدا! ئەی خاوەنی ژیان و بوون، گوێت لە من بێ. من کە بەندەی بچووکی تۆم، وڵات ئاگر و خوێن و ئەسرینە. ئیبلیس فەرمانڕەوایە. ئەی ئەهۆرای مەزن! گوێت لە نزای من بێ. یارمەتیمان بدە، ئاورگا پاکەکان بپارێزین تا ناوی پیرۆزت بکەینە نەخشی هەموو دڵێک. ئاناهیتا و میهر بنێرە بۆ یارمەتیی شمشێروەشێنەکانمان. بەسەرمانا ببارە ئەی هەوری بەزەییی کردگار. دڵمان بە تۆڵە تەیار کە و باهۆمان بەهێز کە بۆ بەرەنگاریی دوژمنی ئەهۆرا...

***

― بڵێ بزانم ئەی کاردۆکی چەپەڵ، تۆ ئەو سەربازانەی منت کوشتووە؟ مەگەر لە ڕقی من نەترسای؟ مەگەر نەتزانی چ چارەنووسێک چاوەڕێتە؟ بۆ چ بێ دەنگی؟... وا دیارە زۆر ترساوی...؟ من بیستوومە ئەڵێن خێڵی کاردۆک لە هیچ شتێک ناترسن. ئێستا بڵێ بزانم چۆن وێرات دەست بدەیتە ئەم کارە؟ زمانت لە دەمتا نییە؟! بۆ جوابم نادەیتەوە؟

― تۆ... تۆ شیاوی ئەوە نی کە من وەڵامت دەمەوە.

― بە ڕاست؟ هەر ئێستا تێت دەگەیەنم... ئەها جەللاد... جەللاد...

― بەڵێ قوربان!

― وەرە سەری ئەم زماندرێژە ببڕە... یاڵلا

― نا ئەژدیهاک، پەلە مەکە لە پێشدا شکەنجەی بدە، تا هەموو هاواڵەکانی ڕاستی بڵێ ئەم جار بە جەزرەبە بیکوژە...

― ئەهـ دەنگی شەیتانی مەزنە. بەسەر چاو گەورەم! فەرمانت ڕەوایە... ئەهای جەللاد! دەست ڕاگرە، ئەم لاوە هەرزە چەنەیە نابێ هەر وا سووک و ئاسان بمرێ، مەر کتوپڕ ناڕەحەتی نییە.

ئێستا بیبە ئەوەندەی شکەنجە بدە تا هەموو دۆستەکانی دەردەخا، بەڵام نابێ بمرێ تێ گەیشتی؟!

― بەڵێ... بەسەر چاو. بەسەر چاو.

― ناتەوێ چاوت لە شکەنجەی ئەو لاوە بێ؟! ڕاوەستە با بە بەرچاوی خۆتەوە ئەزیەتی بدەن، ئەمە بۆ تۆ زۆر باشە.

― فەرمانت لەسەر سەرم! پێویست نییە بیبەیە دەرەوە. هەر لەبەر چاوی منەوە شکنجەی کە جارێ لە تازیانەوە دەست پێ بکە... یاڵڵا.

― بەسەر چاو...

― لێی دە دەی... ها... دەی

― ئاخ... ها... ئوخ...

― هـ...ها...ئهـ...ها...

***

― مەگری کچم مەگری، فەراز بوو بە قوربانی گەل و نیشتمان، گیانی لە مینوی پەروەردگار ئەفڕێ. فەراز جێی شانازیی هەموومانە.

― هـ...ها...ئێ... چۆن نەگریم... مەگەر ئەکرێ پێش بە سێڵاوی ئەسرین بگرم...؟

―ها... تکا دەکەم میترا... تکا دەکەم، ئەگەر دایکی فەراز بزانێ خۆی ئەکوژێ.

― من تۆڵەی دەکەمەوە، سوێند بە ئەهۆراموزدا خوێنی فەرازی قارەمان بە فیڕۆ ناچێ. من دەریایەک لە خوێنی ئەم داگیرکەرانە ساز دەکەم، دڵنیا بە برای جوانەمەرگم، دڵنیا بە.

***

―ئەم کۆشکە بۆنی مەرگ و شەیتانی گرتووە، چەند شەوێکی تاریکە خودای گەورە! ئەم لاوە بێچارەیە ئێستا لە چ حاڵێکدایە؟ من ئەبێ کارێکی بۆ بکەم، ئەو برای کاردۆیە، ئاخ...هـ کاردۆی خۆشەویستم... نا... نا من نابێ بێڵم ئەو لەو زیندانەدا بمرێ...

بەڵام چۆن؟ من کە بەتەنیا کارێکم لەدەست نایە...؟... ئاهـ کەوتەوە بیرم بڵێ وا باشە، هەستم... هەستم بڕۆم...

جا ئێستا بەم شەوە تاریکە کاردۆ چۆن بدۆزمەوە؟ باوەڕ ناکەم لەم شوێنانەدا بێ...! ئەم پەنا ئاورگەیە جێی ژوانی من و ئەو بوو. ها لێرە چاومان بە یەکتر کەوت... ئاخ... من کە بیرم بۆ هیچ لا بڕ ناکا. باشترە بچمە ناو ئاورگەکە، کەمێ لە ئەهۆراموزدا بپاڕێمەوە... وا زۆر باشە...

― ئەوریمەزدا پەنام بۆ تۆ هێناوە، تۆی خاوێن، تۆی خاوەنی گەرمایی پڕشنگ، تا کەی ئەبێ دیل بین؟ تا کەی ژێرچەپۆکە بین؟ مەرگی فەراز خەمێک نییە لە بیر بچێتەوە... ئەی ئاهۆرامەزدا هەڵی نەگری...

― ئاهـ... کەسێک لەناو مزگەوتەکەدا خەریکی نزایە، ئەبێ کێ بێ...

― ئەی میهری گەورە، یەزدانی شەڕ! پارێزگاری هۆزی ئاریا! یارمەتیم بدە. هەموو گیانم پڕ کە لە تۆڵە. مەهێڵە خوێنی گەشی فەراز لە ناو بچێ...

―ئاهـ... چی... ئەوە دەنگی کاردۆیە... سپاس بۆ تۆ خودایە... با بچینە ژوورەوە...

― تۆ کێی...؟ لە جێگای خۆت مەبزووە،... ئاهـ

ڕاستە ئێرە نیوە تاریکە بەڵام تروسکەی شمشێرەکەم نابینی؟

― منم ڕامهۆ! مەترسێ گیانەکەم، خۆمم.

― ئاهـ بۆچ هاتوویە ئێرە ڕامهۆ؟ مەگەر نازانی هەموو هەستێک لە دڵی مندا مردووە، من پاش مەرگی فەرازی برام تەنیا بۆ ئەوە زیندووم کە هەتا ئەتوانم بکوژم و پاشان پیاوانە بکوژرێم.

― تۆ بەهەڵە چووی کاردۆ. فەراز نەمردووە.

― گاڵتە مەکە ڕامهۆ، من مناڵ نیم کە بەم قسانە دڵخۆشیم دەیەوە.

― بە ئەهۆراموزدا سوێند دەخۆم درۆ ناکەم. فەراز ماوە. ئێستا لە زیندانە. من هاتووم بە یارمەتیی تۆ لە زیندان ڕزگاری کەین. ئەبێ پەلە بکەین. فەراز لە حاڵێکی خراپدایە.

― ها، ئەوە گەورەترین موژدە بوو ڕامهۆ. بڕۆین با بڕۆین... سپاس بۆ ئەهۆرای گەورە... دروود بۆ تۆ میهری پڕشنگدار.

― زوو کە... با بڕۆین...

***

― بڕوانە کاردۆ... ئەم دەرکەی زیندانە، ئەبێ هەر چۆن بێ ئەم نیگابانە بکوژی و کلیلی زیندانی لێ وەرگری.

― ئاهـ... زۆر باشە، ئەبێ کارێک بکەم بەرەو ئەو تاریکایییە بێ... فووت... ئەم. ئاخ! ئەوەش ئەمە. ئێستا ئەبێ کلیلەکان بدۆزمەوە.

― زوو بە. زوو بە.

― ئەمەش کلیلەکەی زیندان.

― زۆر باشە، من دوو ئەسپم بۆ ئێوە لەبەر دەرگای زیندان بەستۆتەوە، سواریان بن و ڕا کەن. ئیتر من دەڕۆم...

― سپاس ڕامهۆ... سپاس... ئاخ ئەو زیندانە چەند تاریکە... ئاهـ فەراز برای خۆشەویستم... وا دیارە بێهۆشە.

― هـ...ها... نە کاردۆ... نا... ئاخ... بێهۆش نیم، نەمزانی تۆ دێی، سرووش ئەم هەواڵەی بە من دا...

― ئەتوانی بڕۆی؟

― من بە زەحمەت ئەتوانم هەناسە بکێشم... نا براکەم... نا ئەبێ کەمێک سواری سەر شانت بم.

― ئۆهـ چەشنی سەردەمی مناڵی کە فەرازم سواری شانم ئەکرد... باشە... باشە برای قارەمانم باشە... هەستە... دەی...ها

― بەهـ... بەهـ...بەهـ... چ جێگەیەکی خۆشم هەیە! هێندە ئاسوودەم هەرگیز نامەوێ بێمە خوار!

― تۆ جێگات لەسەر چاو و دڵی مندایە براکەم. بزانم ئەتوانی خۆت بەسەر ئەسپەوە بگری؟

― ئەڵبەت ئەتوانم، ئەڵبەت.

― ها... کە وایە، زۆر باشە. با بچینە دەرەوە لە زیندان... ها ئەوەتا ئەو دوو ئەسپە زین کراون و زامارن... ها... دەی بچۆ سەر زینەکەی...

***