١

لە کتێبی:
چەکوشوەشێنی ڕۆڵەکوژراو
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 13 خولەک  1112 بینین
هۆزی کورد قارەمانی زۆری داوە بە مێژووی دونیا، وەکوو: زەردەشت، کاوە، سەڵاحەدینی ئەیووبی و بابەکی دین، ئەم داستانەم لە بابەت کاوەی ئاسنگەرەوە: وڵاتی ئێران شەوەزەنگە، داگیرکەری بێبەزەیی کە وەک سێبەری شەیتان بەسەر هەموو وڵاتا مەینەتی کێشابوو، کۆمەڵ کڕوکەپ و بێ دەنگ ملی دانەواندبوو بۆ زۆر و ستەم، بەڵام نا... گەل تەسلیم نەبووە چاوەڕێیە، چاوەڕوانی دەستێکی ئاڵاهەڵگر لەم حاڵانە گەلی ئێران وەک ئاوی سەر ئاور ئەجۆشێ، بەڵام هەڵنەچووە، چاوەڕوانی هەڵچوونە، چاوەڕوانی دەرفەتە. با پێکەوە سەرێک لە بارەگای ئەژدیهاکە بدەین.

― من ئەژدیهاکم بەهێزترین پیاوی سەر زەوی، خاوەنی تەیارترین سپاهـ و خاوەنی خوێن و ماڵ و ژیانی هەموو خەڵکی ئێران، من ئەمانەم هەموو هەیە، تەنیا شتێک کە نیمە دڵە، دڵ، من هەرگیز، نازانم بەزەیی چییە؟

تەنانەت باوکیشم هەر بەدەستی خۆم کوژرا بە خەنجەر زگیم هەڵدڕی،... بێ دەنگ بن، بێ دەنگ بن، ئەزانن بۆچ باوکم کوشت؟ چونکە خەریک بوو ئامۆژگاری ئەکردم، لە ڕقی خودا ئەیترساندم، من لە هیچ شتێک نەترسام، و خۆشیشم لە چارەی کەسێک نایە کە ئامۆژگاریم بکا... تێ گەیشتن چم گوت؟!

―بەڵێ... بەڵێ:

― نا... تێ نەگەیشتوون ئەگەر بتانزانیایە چی ئەڵێم هەرگیز ئەو کارە خراپانە کە لە کەناری کۆشکی منا بە شەودا ڕوو ئەدا، هەڵنەئەکەوت! دوێشەو نیگابانی تایبەتی من کوژراوە - ئاخ چەندەم ڕق لە کوردۆکانەیە. شەرتم کردووە خوێنی هەموویان لە تەشت کەم، کوردۆک یانی سەر بەزێوی...

― ها تیرم تێ ئەگرن؟! کێ بوو...؟

کوانی نیگاهبان...؟ دەرکی حەوشی کۆشک ببەستە مەهێڵە کەس لێرە بچێتە دەرەوە...

بۆ هەمووتان باشە ئەمە بزانن کە ئێوە گەورەیانی وڵات، ئەگەر تا سەعاتێکی تر بۆم دەرنەخەن کێ ئەم تیرەی گرتە من، هەمووتان لەسەر بۆرجێکەوە بەر دەدەمە خوارەوە - ئیتر من ئەڕۆم خۆتان بیری لێ بکەنەوە...

― بەڵێ بەسەر چاو

― بەڵێ بەڵێ بەسەر چاوان...

― هەموو تاوانی ئەو کوردۆکانەیە. هەموومان بە کوژ ئەدا ئەیانەوێ لەگەڵ ئەژدیهاکە بمانکەنە دوژمن.

― وام پێ باشە فەرازی کوڕی کاوە بدەینە دەس ئەژدیهاکەوە. گیانی خۆمان لێ ڕزگار بکەین.

― بەڵێ وایە

― بەڵێ ناچارین وا بکەین

***

― تۆ... کوردۆکی لەعنەتی ئاخر لەبەر چی خەریک بووی بمکوژی...؟

― چونکە داگیرکەری، خوێنمژی، بەداخەوەم کە تیرەکەم نەپێکای، ئەمەش نەهاتێکی ترە، سوێند بە ئەهۆراموزدا هەتا ئەوڕۆ هەرگیز تیرم هەڵەی نەکردووە...

― جەلاد... جەلاد... وەرە لە گەردەنی دە...

بەڵام نا - بەم جۆرە زوو گیانت دەرنەچێ، تۆ ئەبێ بەو ئێش و دەردە بمری... ئەهای جەلاد هەر ڕۆژێ کەمێک گۆشتی لەشی لێ بکەوە، جێی برینەکەشی خوێی پێوە بکە. تا گیانی دەرئەچێ.

لە مەیدانی شارا برسی و تینوو بیبەستنەوە.

― من لە مردن باکم نییە سەگی چەپەڵ، دڵنیا بە گیانت بەرەو جەهەننەم بە زوویی بەڕێ ئەکرێ. داگیرکەری چەپەڵی ترسنۆک.

― لێی دە جەلاد بیکوژە... لێی دە یاڵڵا... تۆ...

― ئاخ... ئاخ

― ئاخ... ئاخ ئەورامزدا...؟!... خۆت وڵاتەکەم بپارێزە... ئاخ: ئەی میهری گەورە... ئەی پارێزەری هۆزی ئاریا دڵی براکانم پڕ کە لە تووڕەیی و تۆڵە... ئاخ

― فەراز، کوڕم ڕۆڵەی بەشەرەفم چۆنی؟!

― دروود بۆ کاوەی مەزن

― یەواشتر قسە بکە کوڕم یەواشتر

فەرازی کوڕت ماوە... ئاخ بەڵام ڕەنگە دوا هەناسەی بێ، زۆر تینووە بابە... دەخنکێم سەراسەری لەشم... ئاخ - برینە، کاتێ خۆرەتاو ئەکەوێتە سەر زامەکانم... ئاخ ئاواتی مەرگ ئەخوازم کاوەی مەزن.

― نا... نا ڕۆڵەی شیرینم نا... تۆ نابێ بمری، تۆ ئەبێ بژی هێشتا کارمان زۆر ماوە، من هاتووم ڕزگارت کەم.

― بابە گیان... کاری من لەوە تێ پەڕیوە.

― ها بگرە... کەمێک ئاو بخۆوە، با هێزت بێتەوە بەر خۆت،

― ها... ئاخیش... ئاهـ... من خۆم بەسەر پێوە ناگرم، دەمارم خوێنی تێدا نەماوە، ئەگەر تۆش لە کۆڵم کەی نیگەبانەکان ئەمانبینن و دەرناچین. ها... نا... نا بەداخەوە کوڕم بێهێزی چاوی بێنوور کردووی، دەنا ئەبوو بزانی ئەو نیگابانە باڵابەرزە کێیە؟!... جارێ با دەست و پێت بکەمەوە کوڕم...

― یانی... نیگابانەکەتان کوشتووە؟!

― بەڵێ... بەڵێ کوڕم.

― ئاخ...

― بەڵێ کوڕم خوێن داری ئازاری ئاو دەدا... با یارمەتیت بدەم... ها... دەستت بخە سەرشانم... ئەها زۆر چاکە... های کاردۆ... وەرە، وەرە تۆش یارمەتیمان بدە...

― سەلام فەراز...

― ها... کاردۆ ئەوە تۆیی؟!... دروود کاردۆ دروود...

― ها... پەلە کەن کوڕم ئەگونجێ لە نیوەشەوا نیگابانێکی بنێرن... خێرا کەن...

― من فەراز لە کۆڵ دەکەم تۆش لە پێشەوە وریا بە بابە گیان.

― زۆر باشە. زۆر باشە... دەی جا با بڕۆین...

***

― هەمووتان بێعورزە و بێکارەن، نەتانتوانی ئاگاتان لە لاوێکی دیلی بریندار بێ، لە دەست هەمووتان ڕای کرد، ئێوە ئەبێ بمرن.

― باشترین هەلە، ئێستا ئیتر ئەتوانم بەسەریا زاڵ بم، ئەبێ زیاتر تووڕەی کەم، من شەیتانم ئاگام لە هەموو شت هەیە، با بچمە لای...

― هەمووتان ئەدەمە دەست جەللاد، ئێوە بە کەڵکی هیچ شتێک نایەن.

― گەورەم، سەروەری شایانی سەرزەوی- غوڵامت ئەزانێ کێ یارمەتی فەرازی دا و ڕزگاری کردووە.

― کێی ئەی پیرەپیاو؟!

― بڕوانە ئەو چاوانە ئەڵێی پۆڵووی ئاگرە

من سام دای گرتووم... من یەکێکم لە نۆکەرانی ئەژدیهاک فەرمانڕەوای مەزن.

― بڵێ بزانم ئەتەوێ چی بڵێی؟!

― قوربان فەرمان بدە ئەم خەڵکە بچنە دەرەوە بە تەنیا عەرزت دەکەم.

― تق تق، هەمووتان بڕۆنە دەرەوە.

― بەڵێ قوربان... بەڵێ بەسەر چاوان.

― ها... بڵێ بزانم تۆ کێی و چ هەواڵێکت هەیە...

― ها... ها... ها... من شەیتانم ئەژدیهاک هاتووم بۆ یارمەتیی تۆ بەڵام بە مەرجێ.

― شەیتان؟... بڵێ بزانم مەرجەکەت چییە؟

― ئەبێ ببیتە بەندەی من، هەرگیز لە فەرمانی من دەرنەچیت! ها...ها

― یانی ئەبێ چی بکەم؟

― ئەزانی کە من هەموو کارێکم لەدەست دێ.

― بەڵێ ئەزانم تۆ خاوەنی تاریکی و خراپەی.

― ئافەرین بەندەی من، ئافەرین... ئەزانی ئەبێ چی بکەی؟! ئەبێ بکوژی، بێتاوان و تاوانبار. ئەبێ دژی ژیان و خۆشی و بەختیاری بەرەی بەشەر بی، ڕووت لە هەر لایەک کرد ئەبێ گیانلەبەری تێدا نەهێڵی، ئاوایییان چۆل کەی، پیاوەتی و چاکە لە بەین بەری.

― لە بەرامبەر ئەوە ئەتۆ چ یارمەتییەکت بۆ من لەدەست دێ؟!

― ها...ها...ها... من دەسەڵاتت ئەدەمێ بەهێزت ئەکەم، تەمەنت درێژ ئەکەم

― ئەبێ بەسەر دوژمنەکانمدا زاڵم کەی.

― ئەمە ئیتر شەڕە لە نێوان من و ئەهورامەزدا، تۆ بەندەی منی و دوژمنەکانت بەندەی ئەون، هیوادارم کە ئێمە سەر کەوین.

― تۆ نابێ بەجێم بهێڵی.

― ها...نا...نا ئەژدیهاک... نا... من لەسەر ڕواڵەتی نۆکەرێکی تایبەت هەمیشە لەلات ئەبم، وریا بە هەرگیز نابێ بەزەییت بە دڵتا بێ، هەرگیزاوهەرگیز.

― بەسەر چاو... بەسەر چاو، فەرمانبەردارم.

― ها...ها...ها...

***

― هاونشیتمانیی بەڕێز، ڕۆڵەی بەشەڕەفی ئاریا ئەزانن کە ساڵەهایە وڵاتی ئێمە داگیر کراوە، بێگانە بەسەرمانا زاڵ بووە، ساڵەهایە کە ئێمە بزەیەک نەهاتۆتە سەر لێومان، هەمیشە ترساوین. دەستە دەستە براوینە بەر تیغی سەربڕ و خوێنی ئاڵی لاوەکانمان ڕژاوە، ئایا کاتی ئەمە نەهاتووە خۆمان لە ژێر دەسەڵاتی ئەهریمەن ڕزگار کەین؟! براکانم مردن ئەوە نییە کە گیان لە لەش بچێتە دەر، ئەوە مردنە کە هەستی پیاوەتی و تۆڵە نەمێنێ، ئێمە ئەگەر مل بۆ زۆردار دانەوێنین مردووین ژیانی بێ سەربەستی وەک لەشی بێ گیان وایە.

― من... من بەرنە لای کاوە کارم پێیەتی من بەرنە لای کاوە...

― ها... لێی گەڕێن لێی گەڕێن با بێ بزانم کاری چییە؟... ها بڵێ بزانم کارت چییە... هۆ بە بەرگەکەتا دیارە تۆ کەنیزی کۆشکی ئەژدیهاکی...؟ وایە؟

― بەڵێ، من ناوم ڕامهۆیە، کارگەری کۆشکی ئەژدیهاکم، هەواڵێکم بۆ تۆ هێناوە.

― تۆ لە کوێ من ئەناسی؟ وە چۆنت زانی من لێرەم...؟

― لە کاردۆی کوڕی تۆم بیست کە ئێوە لێرە کۆ بوونەتەوە.

― کاردۆ... ئەهای کاردۆ...؟

― من لێرەم بابە، فەرمایشێکت هەبوو؟!

― تۆ ئەم ئافرەتە ئەناسی؟!

― ڕامهۆ...؟ ئۆ تۆ بۆچ هاتوویە ئێرە؟! بەڵێ بابە ئەیناسم.

― کوڕم جارێکی تر هەڵەی وا نەکەی، نابێ کەس بەم کۆڕە نهێنییانە کە ئێمە ئەیبەستین بزانێ.

― من ئاریایەکی خوێنپاکم، ڕاستە کە لە کۆشکی ئەژدیهاکدا کار ئەکەم، بەڵام هەرگیز براکانی خۆم لە بیر ناچێتەوە و ئێستاش هەواڵێکی خۆشم بۆ هێناون.

― کاردۆ قسەی ئەم کچە جێی بڕوایە؟

― بەڵێ بابە، لام وا نییە خەیاڵێکی خراپی هەبێ.

― باشە بڵێ بزانم هەواڵەکەی چییە کچم؟

― ئەژدیهاک یەکجار زۆر نەخۆشە، باوەڕ ناکەم بژیت.

― ها... زۆر باش بوو... چاکە... زۆر چاکە...

― تکایە بێ دەنگ بن. تکایە بێ دەنگ بن، گوێ بگرن مردنی دوژمن هەواڵێکی خۆشە، بەڵام بۆ ئێمە سوودێکی نییە، ئێمە کە خۆشمان مردووین هەستی تۆڵەمان تێدا نەماوە، ئەگەر ئەژدیهاکیش نەمێنێ مل بۆ زۆردارێکی دیکە دادەنەوێنین. دوژمنی ئێمە لەناو هەناوی خۆماندا ئەژی دوژمنی ئێمە ترس و خۆپارێزییە، ئەبێ هەوڵ بدەین لە پێشدا دوژمنی ناو دڵی خۆمان بکوژین هەر وەک میهر خودای نوور و پڕشنگی لەگەڵ تاریکی شەڕیانە، ئێمەش ئەبێ لەگەڵ زۆردار و داگیرکاری بەرەنگار بین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا مەرگی ئەژدیهاک دەرفەتێکە، تکایە هەموو بڵاوەی بکەن، هەر کەس بچێتەوە سەر ئیش و کاری خۆی، وریای دەوروبەرتان بن.

***

― قوربان! پزیشکێ هاتووە ئەڵێ ئەتوانم نەخۆشیی ئەژدیهاکی مەزن چاک بکەمەوە... چی ئەفەرمووی؟!

― وا دیارە هەواڵی نییە کە هەتا ئێستا چەند هەزار کەس هاتوون و منیان پێ تیمار نەکراوە و هەموویانم کوشتووە؟

― بۆ چی گەورەم، هەموو ئەمانەم پێی گووت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕازی بووە.

― باشە بڵێ بانگی کەنە ناو کۆشکەوە، وا دیارە لە ژیان تێر بووە.

― بەسەر چاو قوربان...

― سەلام لە فەرمانڕەوای مەزن ئەژدیهاک خاوەنی دەسەڵات و شکۆ!

― ها... تۆ ئەو پزیشکەی کە هاتووی چارەی دەردی من بکەی؟

― بەڵێ گەورەم بەڵێ.

― ئەزانی ئەگەر سەرنەکەوی چ چارەنووسێک دێتە ڕێت؟

― هەموو شتێکم بیستووە قوربان.

― باشە هەرچی ئەیکەی بیکە.

― ئەبێ بەتەنیا چاوم پێت بکەوێ قوربان دەستوور بفەرموون وەزیر بچێتە دەرەوە!

― ئاشام؟!

― بەڵێ قوربان!

― بڕۆ دەرەوە.

― بەسەر چاو...

― خێرا کە دەست پێ بکە، من حەوسەڵەی درۆ و دەلەسەم نییە.

― سەرت هەڵێنە ئەژدیهاک، سەرت هەڵێنە بزانە من کێم؟!

― ها... شەیتان فەرمانڕەوای من! لە مێژە دیار نیت، من چاوەڕوانی هاتنت بووم.

― من ئەو نەخۆشییەم بۆ ناردووی، تۆ بە دڵی من ناجوڵێیتەوە، دیسانیش ژیان هەر ماوە کاری باش هەر هەیە، وا دیارە لایەنگرانی ئاورامزدا لە تۆ بەهێزترن، تۆ خەریکی شکست ئەخۆی، ئەم مەبەستە ئەزانی یانی چی ئەژدیهاک؟ یانی شکانی من، ئەگەر تۆ شکست بخۆی من شکست ئەخۆم.

― من لە خزمەتکردن بە شەیتانی مەزن خوای خراپە کۆتاییم نەکردووە، بەڵام گەورەم من بەتەنیام، ئەوان گەلێکن، تۆش ماوەیەکە لێم بێخەبەری.

― ها...ها...ها... نا...نا... ئەژدیهاک شەیتان بەندەکانی خۆی هەرگیز لە بیر ناکا، من لە دڵی تۆدا ئەژیم، دڵی تۆ تەنیا سەنگەرێکە کە لەوا من خوام شکست داوە، دە دڵی تۆدا فەرمان فەرمانی شەوە، زەنگ و کینە و خوێن ڕشتنە، یانی فەرمانی من ئەژدیهاک، تێ ئەگەی چی ئەڵێم؟

― بەڵێ گەورەم تێ ئەگەم، بەڵام ئەم نەخۆشییە تەنگی پێ هەڵچنیوم.

― ها... هـ... ها... هەستە ئەژدیهاک هەستە لە جێوبانەکەت ڕاستەوە بە، تۆ نەخۆش نی، هەستە.

― هـ... ئاهـ... خۆ من باش بوومەوە، ئیتر ئەندامی لەشم نایەشێ، سپاس بۆ شەیتانی گەورە.

― من ئەچمە دەرەوە، بە ڕواڵەتێکی تر دێمەوە لات، ئەبمە خزمەتکارێکی کۆشک، بەڵام دیسانەوە ئەیخەمەوە بیرت، تۆ بەندەی منی نابێ ڕاسپێری خۆت لە بیر کەی، کوشتار، تاڵان، ئاگرتێبەردان، وێرانکردن، دڵڕەقی، چەپەڵی، ئەمانەن ڕاسپێری تۆ.

― فەرمانت لەسەر سەرم.

― چاوت بنێ سەر یەک، من ئەڕۆم پاشان تۆش هەستە و بچۆ بەشوێن کارەکانتدا.

―... ئاهـ لەبەر چاوم گوم بوو، دەرک و پەنجەرەی کۆشک بەستران، بە کوێدا ڕۆیشت، من هیچ نەخۆشیم نەماوە، باشترە ئەم ڕاستەقینەیە بە خەڵک ڕاگەیەنم، با دوژمنانی من لەم هەلە کەڵک وەرنەگرن... ئەهای ئاشام... ئاشام؟

― بەڵێ قوربان بەڵێ.

― وەرە، وەرە.

― بەسەر چاو قوربان، بەڵێ.

― ئەبینیت کە من چاک بوومەتەوە، هەستە بڕۆ ئەم هەواڵە بدە بە خەڵک.

― زۆر خۆشحاڵم قوربان... بەڵام... بەڵام... بەڵام کابرای پزیشک؟!

― لەم باسە مەکۆڵەوە ئاشام... بڕۆ.

― بەسەر چاو، هەر ئێستا ئەڕۆم ئەم موژدە گەورەیە بە هەموو کەس ڕائەگەیەنم، هەر ئێستا ئەڕۆم قوربان.

― زووتر... بڕۆ زووتر.

***

― سەلام لە ئاشام وەزیری بەڕێز.

― سەلام ڕامهۆ.

― ئێ... وا دیارە وەزیر لە شتێک ئەکەنەوە؟ ئایا ئاڵۆزی ئێوە هۆیەکی هەیە؟

― ئاهـ... ڕامهۆ، من شتێکی سەیرم چاو پێ کەوتووە لێم ڕوونە بەلای هەر کەسێکەوە بیڵێم بڕوام پێ ناکا.

― ئەو شتە سەیرە چییە گەورەم، ئەکرێ منیش بزانم؟!

― شەیتان، ڕامهۆ، شەیتان! من لەم کۆشکەدا سێبەری شەیتان ئەبینم.

― پەنا بۆ ئەورامەزدا، فەرمووت شەیتان؟

― بەڵێ ڕامهۆ. ئەزانی کە ئەژدیهاک چەند نەخۆش بوو، هیچ بیرت کردۆتەوە بزانی چۆن بوو لە پڕ چاک بۆوە؟!

― ئهە... بەڵێ ئەم مەبەستە زۆر سەیر بوو، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ شەیتان چییە؟

― بڵێ بزانم ڕامهۆ تۆ لەپێشدا ئەم نۆکەرەت دیبوو کە چەند مانگ لەمەو پێش هاتۆتە کۆشک؟

― نەخێر گەورەم، بەڵام ئەوەندە ئەزانم کە زۆر لە ئەژدیهاک نزیکە.

― ئەمە شەیتانە ڕامهۆ، شەیتان! من لەم بارەوە هیچ گومانم بۆ نەماوەتەوە.

― تۆ دڵنیای قوربان؟

― ها... من وەها سەرم لێ شێواوە کە تەنانەت لە بوونی خۆشم ناتوانم بەتەواوی دڵنیا بم، بڕوانە ڕامهۆ بڕوانە شەیتان... خەریکە بەرەو ئێرە دێ.

― ئوهـ...