٥

لە کتێبی:
چەکوشوەشێنی ڕۆڵەکوژراو
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 12 خولەک  786 بینین

― ماوەیەکە منیان هێناوەتە نێو ئەم هۆدەیە. کەس پرسیارم لێ ناکا. چاوم هەمیشە بڕیوەتە دەرگاکە کە کەی دەرگا بکرێتەوە و جەللاد بە بەرگی سوور و شمشیرەکەیەوە کە دڵۆپی خوێنی لێ دەتکێ، بێتە ژوورەوە. تیژایی تیغی شمشیرەکەی بکەوێتە سەرەوەی ڕەگی گەردنی من. ئاخ خودایە مردن چەندە تاڵە! بەڵام لەوەش تاڵتر ژیانە لەم حاڵەدا... داخوا ئێستا باوکم چ دەکا؟ کاردۆ خەریکی چییە؟ ئاخ میترا میترا... ئەی خودای گەورە! ئەو کچە جوانە پاش مەرگی من دڵ بە کێ خۆش دەکا؟ ئاخ بڵێم خوداحافیز میترا، خوداحافیز چیاکانی کالیدی.

― سەلام فەراز، ئایا بۆ مردن ئامادەی؟

― ئەڵێی بۆ زەماوەندم بانگ دەکەی، کێ هەیە مردنی پێ خۆش بێ ڕامهۆ؟! بەڵام مردن باشترە لە دیتنی ڕوڵەتی پیسی ئێوەی کۆشکنشین. ئەم زەلامە کێیە؟ ئەم نیقابە چییە بە ڕوویدا داوە؟ من کە ئەبێ هەر بمرم باشترە چاوم بە ڕواڵەتی کوژیاری خۆشم بکەوێ.

― تۆ نابێ لێرە بمری. لە دەرەوەی شار جێگایەکیان بۆ مردنی تۆ دیاری کردووە. ئەم پیاوە لە گەڵتا دێ، بەڵام باشترە تۆش بەرگی سەربازانی ئەژدیهاک لە بەر کەی، بگرە ئەمەش لیباس.

― ها... خەریکن ئەم شۆڕەش دێنە سەر شانم کە بەرگی سەربازانی ئەژدیهاکی چەپەڵ لە بەر کەم.

― زۆر قسان مەکە فەراز! کەسێک کە لە سەرەمەرگدایە ئەبێ بیری بەلای ئەهورامزداوە بێ و هێندە زۆربڵێیی نەکا، دەی خێرا ساز بە. ئەم نیگابانە دەتباتە ئەو جێگایە کە بۆت لە بەر چاو گیراوە.

― یانی ئەمن دەدەنە دەست ئەم تاقە نیگابانە؟ ناترسن لە ناو ڕێگادا بیکوژم و ڕاکەم.

― نەچی بیری ڕاکردن بکەوێتە سەرت! ئەم نیگابانە لەوانە نییە بیرت لێ کردۆتەوە. ئەهای سەرباز هەر کەس ویستی ڕابکا بیکوژە تێ گەیشتی؟! دەی جا ساز بن بڕۆن.

― زۆر چاکە ئەمە ڕۆیشتین...

***

― ها نیگابان تۆ ماوەی سەعاتێکە لەگەڵ منی. لەو ماوەیدا هەتا ئێستا قسەیەکت نەکردووە، نەکا تۆ لاڵ بی؟ یان لە ترسان زمانت چۆتە بەست؟ ئم، هەر قسان ناکەی، ڕەنگە تۆ ناوبانگی منت بیستبێ. نازانی ئەگەر بمەوێ ڕاکەم هەزاری وەک تۆ ناتوانێ پێشم پێ بگرێ؟ شمشیرم وەک ئاگری ناو پووش و پڵاش ئەیانکاتە خۆڵەمێش. من ئەمەوێ ڕاکەم، بزانم تۆ چۆن پێشم پێ دەگری؟ ها...؟ وەڵڵاهی زۆر سەیرە! هەر وەڵام ناداتەوە... با جارێ دابەزین من زۆر شەکەتم لە زیندانی ئەژدیهاک زووخاو دەدەنە دەرخواردی بەندییەکان،... زووخاو دەدەنە دەرخواردی بەندییەکان،... ئاخ بە ماوەی تۆ سەرباز... تۆش دابەزە پشوویەک بدە پاشان دەڕۆین... تەماشای ئەم نیگابانە چەندە بێ ترس لێی خەفت، ڕاستی من بۆ چ ڕانەکەم...؟ ئەمە کەی ژیرییە کە من بە پێی خۆم بچمە بەردەستی سەربڕی؟ بەڵام ئەم نیگابانە... با لەمانە کە وە خەبەر نەیە ئەسڵەن...! بێچارە! ئەو لە من شەکەتترە. لە پیاوەتی بەدەرە ڕابکەم و خەبەری نەکەمەوە... ئەگەر ویستی پێشم پێ بگرێ دەیکوژم و بۆ خۆم بۆی دەردەچم...! کە وایە چاک وایە وە خەبەری بێنم! ئەهای کاکە... کاکە هەستە بزانم... تۆ زۆر لە سەر هەست دەخەوی. لام وا بوو بەم زووانە وە خەبەر نایەی. بەڵام با نەڵێی فەراز ناپیاوانە خەریک بوو ڕاکا. هاتم خەبەرت کەمەوە و بڵێم دەڕۆم. ئەو کاتە کە ویستت پێشم پێ بگری دەتکوژم... دەی سەرباز دەڵێی چی؟ لێم دەگەڕێی بێ شەڕ بڕۆم؟ یان شەڕەفی سەربازی ڕێت نادا؟ بڵێ بزانم وەڵامت چییە؟... ها شمشیر دەکێشی... ها... ها تێ گەیشتم... شمشیرەکەت هەڵکێشا، ئەتەوێ بڵێی ئەگەر بمەوێ بڕۆم بەم شمشیرە لەتوکوتم دەکەی. ها... ها... زۆر باشە. کە وایە، ئامادە بە... کوتوویانە موویەک لە بەرازێک بکەیەوە خۆی شتێکە. تۆش یەکێکی لە سەربازەکانی ئەژدیهاک کوشتنی تۆش خۆی کارێکە... ئامادە بە سەرباز... هاوار! دیارە باش شمشیر دەوەشێنی... بەڵام هەر ئێستا کارەکەت تەواو دەکەم... ها بگرە... نەخێر زۆر گیانسەختە... تا ئێستا کەس نەیتوانیوە لە بەرامبەر مندا ڕاوەستێ... نەخێر فایدەی نییە... ئاخ بەزاتی خودای شمشیرەکەی لێ ستاندم پێم خۆشە بە دەستی سەربازێکی پاڵەوان دەکوژرێم، ئێستاکە لووتی شمشیرەکەت وا بەسەر دڵمەوە، دەمەوێ تکایەکت لێ بکەم... پێم خۆشە کوژیاری خۆم ببینم، بەڕاستی تۆ پاڵەوانی... منم فەراز کاردۆی برات.

― کاردۆ؟! کاردۆ تۆی؟! ها... ها تۆی کاردۆ؟!

― بەڵێ. بەڵێ منم. تۆ ئازاترین ڕۆڵەی چیای. لەم ماوەیەدا بۆم دەرکەوت مردن لای تۆ گاڵتەیە. تۆ لە هیچ شتێ ناترسی فەراز.

― منیش بۆم دەرکەوت کە تۆ دیسانیش هەر وەکوو کاتی منداڵی لە من بەهێزتر و پاڵەوانتری بەڵام بە گیانی تۆ کاکە زۆر شەکەتم، کەمێک سواری سەرشانی خۆتم ناکەی.

― ها... ها... بۆ چ براکەم؟ بەڵام با بچینەوە چیا، ئەو کاتە هەرچەند دەتەوێ سواری شانم بە.

― ڕاستی کاردۆ، میترا حاڵی چۆنە؟

― بۆ زیاد لە هەموو کەس پرسیاری میترا دەکەی؟

― ئەی دەتەوێ حاڵی شێری پیری چیا بپرسم؟! لێم ڕوونە کە پەژارە ڕوو ناکاتە کاوەی نەبەز. بۆنی چیا بەرەولووتم دێ، بۆنی بەهار، بۆنی نەورۆز... با بڕۆین دەی...

***

― وەڵامت چییە ئاشام، تۆ چوویە زیندان فەرازت هێنا کە بیهێنی بۆ لای من. پاشان فەرازت ڕاپەڕاندووە. ڕێگای هەڵاتنت نیشان داوە. ئایا ئەمانە ڕاستن؟

― بەڵێ ڕاستن بەڵێ. هەموو ئەمانە ڕاستن. من ئیتر لە خوێنڕشتن وەڕەز بووم. چیدی ناتوانم هاوکاری کارە چەپەڵەکانت بکەم.

― ئاگات لێیە چی دەڵێی وەزیر؟

― بەڵێ باش دەزانم، منی تاوانکار ماوەیەکی زۆر یارمەتیی تۆم دەدا. خەڵکم دەکوشت، پیلانم دەکێشا بەڵام ئیتر بەسە! ئەمەش بزانە کە تۆ، تۆ بەم زووانە وەکوو سەگ دەکوژرێی. کۆشکت خاپوور دەکرێ.

― هەر ئێستا دەستوور دەدەم لەباتی فەراز تۆ بکوژن مێشکت دەکەمە خۆراکی مارەکان، بەڵام ئەم مارانە مێشکی لاویان پێ خۆشترە، بڕوا ناکەم مێشکی کۆن و ڕزیوی تۆیان بوێ.

― مەترسە ئەژدیهاک، مەترسە! مارەکان مێشکی حەیوانیش دەخۆن. تا ئێستا هەر مێشکی حەیوانێک و ئادەمیزادێکیان خواردووە. یانی ئەمە کاری من بووە. هەموو ئەو کەسانەی کە ئەبوو مێشکیان دەرخواردی ئەو مارانە بدرێ لە هەردووانیان، یەکێکیانم ئازاد کردووە. ئێستاش لە کۆڕی شۆڕشدان تێ گەیشتی؟ هەر ئەمانەشن کە کۆشکی تۆ دەڕووخێنن.

― جەللاد...؟ جەللاد؟

― بەڵێ قوربان.

― وەرە لە گەردنی دە بێدەنگی کە.

― بۆ من مەرگ ڕزگارییە، ئازادبوونە. لە کاتێکا دەمرم کە دڵم پڕە لە یادی ئەهورامەزدا و هیوام بە دواڕۆژی شۆڕشی چیا بەتینە، ئێران ئەبێ سەرکەوێ. وە ئەم وڵاتە ئەبێ بە گۆڕستانی بێگانە.

― بێ دەنگ بە! بیکوژن.

― بەڵێ بەسەر چاو قوربان... هگ...

***

― کاوەی مەزن! ئاشام پیاوانە مرد. ئەمەش نامەیەکە کە بۆ تۆی نووسیوە و داوای سەرکەوتنی بۆ کردووی و بە منی گوت ئیتر نابێ لە کۆشکی ئەژدیهاکا بژیم. منیش هاتمە ئێرە خزمەتت.

― بە خێر هاتی کچم، بەخێر هاتی. مەرگی ئاشام دەری خست کە ئێرانی هەرگیز بۆ ئەبەد بە هەڵە ناچێ و لەسەر خەیانەت ناڕوا. گیانی ئاشام میوانی کۆشکی مینو بێ، تۆش بچۆ لای میترا، کچم.

― هـ... ها... بەسەر چاو.

― ئاشام بۆ ڕزگارکردنی من خۆی بە کوشت دا. من هەرگیز ئەم فیداکاریە لە بیر ناچێتەوە. هەمیشە بە ناوی پیاوێکی بەرز یادی دەکەم.

― ئەمەش شەهیدێکی تر بوو. ئاخ کە چەندەمان شەهید دا بە ئێران! چەندمان دەربەدەری و ڕۆژەڕەشی چێشت! خوا بکا خوێنی ئاڵی ئەم هەموو شەهیدانە بەزەییی ئەهۆرامەزدامان بۆ هان بدا. دیسانەوە نەورۆز بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەمان. نەورۆزێک کە لە مێژە لێمان تۆراوە.

― فەراز...! فەراز وەرە ئێرە کارم پێتە.

― بڕۆ کوڕم، بڕۆ. میترا چاوەڕێتە. ئەمڕۆ شەڕی دوایییە. بەهاری ئەوساڵ هەر لە ئێستاوە دەستی پێ کردووە. باشە ئێستا تۆ و میترا تەنیا نین، کاردۆ و ڕامهۆشتان لەگەڵە.

― ئەی بۆ چ باسی خۆت و دایکت ناکەی؟

― ئێمە پیر بووین کوڕم. تەنیا کاتێ من ئەبووژێمەوە و دەچمەوە تەمەنی لاوی کە ئەژدیهاک تێک بشکێنم. بێگانە و داگیرکەر لە وڵاتدا نەمێنێ. ئەو کات دەزانی کە باوکی پیرت چۆن وەک گوڵی ژاکاو ئاوی لەژێر کرێ دەبووژێتەوە! دەی... ئیتر متێرا چاوەڕوان مەکە. بڕۆ کوڕم بڕۆ خوات لەگەڵ بێ... فەراز؟!

― بەڵێ بابە.

― لە بیرت نەچێ کە ئەمڕۆ شەڕی دوایییە ئەبێ هەموو ئامادە بن.

― بەسەر چاو بابە، بەسەر چاو...

― من لەو کاتەوە کاردۆم نەدیوە کە لێتان بپرسم بەسەرهاتی ئەو ڕۆژەتان چۆن بوو؟!

― هـ... هـ... ها... باشترە لە خۆی بپرسی.

― دەبێ شتێک هەبێ و من نەیزانم؟ چییە هەمووتان پێ ئەکەنن؟! پێم وایە قسەیەکی خۆشە... فەراز بە منیش ناڵێی؟!

― خوشک و برام تکاتان لێ دەکەم لەلای دەزگیرانەکەم ئابڕووم مەبەن!

― قەیدی نییە گیانەکەم! منیش پێم خۆشە بزانم.

― بە خوا بڵێم چی؟ قارەمانی ئەم بەزم و بەسەرهاتە ڕامهۆ و کاردۆ بوون، ئەیانویست من بترسێنن...ها...ها... ڕاستییەکەی لە ترساندنی منیشدا سەریش کەوتن.

― گیانەکەم، هەر لە ئەوەڵەوە بۆم بگێڕەوە.

― حەیف نییە پیاو ئەم هەوا خۆشە و دیمەنە جوان و پاکە، بەم قسانە خەسار کا؟!

― ها... ها... نەخێر سوودی نییە، ناچێتە ژێر بار، خۆت بیگێڕەوە کاردۆ.

― ها... ها... بەڵێ داستانەکە بەم چەشنە بوو کە ئەمن ڕووبەندێکم... ها... ها...

― ئەگەر زیاتر لەسەری بڕۆی سواری سەر شانت دەبم. خۆت دەزانی کە لە منداڵییەوە بەم کارە فێرم. باشە! خۆم دەیگێڕمەوە... وەزیر خوالێخۆشبوو هاتە زیندان. زۆر بەتوڕەییەوە قسەی لەگەڵ کردم و لە زیندانی هێنامە دەرەوە و دامیە دەستی ئەم خوشکە ڕامخانە ها...هـ... ئەویش پاش ماوەیەک لە هۆدەکە هێنامیە دەرەوە و لەگەڵ خۆی بردمی و دامیە دەستی ئەم کاک کاردۆیە... بەڵام کاردۆ بەرگی سەربازانی ئەژدیهاکی لەبەر کردبوو ڕووشی بە ڕووبەند داپۆشیبوو.

― دەی جا تۆ بە قسەکردن و ئەندامیڕا ئەوت ناسییەوە؟!

― ئەندامی زۆر کەس هەیە وەکوو هی کاردۆ زەلام. بە قسەکردنیش مەگەر کاک کاردۆ قسەی دەکرد؟! ماوەیەک بە سواری تێ پەڕین. ئەسڵەن یەک کەلیمەی لە دەمی دەرنەهات. هەرچی پرسیارم دەکرد، جوابی نەدەداوە. پاشان لە شوێنێک دابەزین.

― ئەزانم بۆ ئەوە دابەزیبوون کە ڕابکەی؟

― نەخێر، نەخێر. شەکەت بووم لە بەینی ڕێدا دابەزین، بەڵێ کاتێ کە دابەزین، من وام زانی کە کاردۆ یا وا باشترە کە بڵێم کاکە نیگابان خەوی لێ کەوت و هەستام و چووم خەبەری بکەمەوە.

― نەخێر، وا نەبوو! بەئەسپایی هاتی بزانی خەوتووم یا نە؟! ئەگەر خەوتبام، ڕابکەی. ها؟!

― ها...ها...

― نا... نا... نا میترا باوەڕیان پێ نەکەی! ئەم دووانە ئەیانەوێ ئەمڕۆ بەجارێ لەلای تۆ ئابڕووم بەرن.

― ئاخر خۆ من نازانم چی بووە؟! ها... ها...

― بەڵێ چوومە ژوور سەری کاک کاردۆ یان بڵێم سەربازەکەی ئەژدیهاکم خەبەر کردەوە. کوتم من دەمەوێ ڕابکەم ئەویش شمشیرەکەی هەڵکێشا و لێمان بوو بە شەڕ... بە گیانی میترا و بە گیانی هەموومان، پاش ماوەکەی بە خۆم دەیگێڕمەوە، وە نە ئیزنیش دەدەم کە کاک کاردۆ بیگێڕێتەوە. ها. ها... ها... ها...

― باشە کاردۆ ناڕەحەتی مەکە. بەسە.

― ئەمن قسەیەکم نییە، دەی جا هەستن وا باشە بچینەوە بۆ لای باوکم.

― زۆر چاکە هەستن با بڕۆین.

***

― شۆڕشگێڕانی بەشەڕەفی ئێرانی و کاردۆکی! براکانم! ئەمڕۆ هەوەڵ ڕۆژی نەورۆزە، خۆتان دەزانن کە لە مێژە بەهارمان نەدیوە. ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە دەبێ بە گیان و دڵ تێ کۆشن وڵات لەم کەمتیار و چەقەڵانە پاک کەینەوە، هەمووتان ڕۆڵەی کوژراو و براسەربڕاو و ماڵسووتاون، شەڕتان لە پێشە؛ لەسەر پاراستنی وڵاتە و پاشان بۆ تۆڵەساندنەوەی خۆتان. سەرکەوتن بۆ تێکۆشەرە. ئەژدیهایەکی ترسنۆک، وەک ڕێوی، لەبەر هێرشی شێرانەتان ڕا دەکا، ئەو تەنیا لە کوشتنی بێ دەسەڵات بەکارە، ئیتر بۆ پێشەوە... بۆ سەربەستی و ئازادی! بەرەو نەورۆز...

― براکانم هەر وەکوو باوکم دەستووری دا، ئێمە لەپەنای ئەم شاخانەدا خۆمان حەشار دەدەین و نابزوێین. سوارەکانمان هێرش دەکەنە سەر سوپای ئەژدیهاک. سەرۆکایەتیی سوارەکانمان بە کاردۆی نەبەزە، پاش هێرش، ئەوان دوژمن بەرەو لای خۆیان ڕادەکێشن. دوژمن لە شار دێتە دەرەوە. ئەم جار ئێمە تیرەبارانیان دەکەین. ئێستا ئیتر ئامادە بن...

― ئێمە هێرش دەکەین بەڵام لەگەڵ سوپای دوژمن تێکەڵ نابین. دەیانکێشین بەرەو چیا با وا بزانن کە ئێمە لەبەریان ڕەویوین. با بکەونە شوێنمان. دەی جا بۆ پێشەوە...

― سەرکەوتن هی ئێمەیە... بیاندەنە بەر تیر. بیانکوژن... تیرەبارانیان کەن... ئافەرین!

― ئافەرین کاردۆ!... بژی فەراز! وەک گەڵاڕێزان دوژمن لەسەر ئەسپ بەر دەنەوە... دوژمن خەریکە دەشکێ، خەریکە ڕادەکا لەبەر هێرشی پیاوانەمان خۆ ناگرن... ها... خەریکە ڕا دەکەن... لێیان دەن...

***

― ئیتر هەموو شتێک دوایی هات. ئەژدیهاک تێک شکا. نەورۆز گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەمان. دەستوور بدەن لە هەموو سەر ئاسۆیەک ئاور بکەنەوە. ئاگری گەرمی پیرۆز، نیشانەی سەرکەوتنی ئەهورامزدایە بەسەر ئەهریمەندا. منیش دەچم بۆ لای فەریدوون و پیرۆزباییی شایەنی پێ دەڵێم...

***
بەم جۆرە بێگانە وڵاتی ئێرانی لێ بوو بە گۆڕستان. ئێران وەک بەهەشتی جاویدان ڕازایەوە. ئێمە ئێستاش بە یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزانە، کاتی نەورۆز ئاگر دەکەینەوە. نەورۆزتان پیرۆز...