گۆران و هەژار کامیان بەرزترن؟

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  848 بینین

سەلام لە گوێگری بەهەست و هونەر پەرەستی بەرنامەی تاپۆ.

کەمێک بە بۆنەی کارەکەمەوە و بڕێکیش لەبەر ئەمە کە هەڤاڵ و ئاشنا و ڕۆشنای هونەر دۆستم زۆرە، دووچاری هەندێ کۆڕی وا ئەبم کە تیا دائەمێنم و گاهێ پرسیاری وەهام لێ ئەکرێ کە وەڵامەکەی نازانم، یا وا ئەبێ کە لەنێوان شیکردنەوەی و لێدوانی مەبەستێکی هونەرییا مەبەستی وا دێتە پێشەوە کە لە پێشا بیرم لێ نەکردبۆوە. ئەم کۆڕو ئەنجوومەنە بچووک و دۆستانەیە بۆمن جێگای شەوی شیعر و کۆری وێژەیی و هەڵسەنگاندنی هونەری ئەگرێتەوەو لام وایە ئەو بڕوایانە کە لەو دانیشتنە گەرم و برایانەدا دەرئەبڕڕێ، کەڵکی ئەوەی هەبێ کە ئێوەش گوێتان لێ بێ و لێی ئاگادار بن. هەڵبەت ئەگەر بڕوایەکی ترتان هەبێ و بەڵگەی باشتان بۆ بڕواکەتان لەدەستدا بێ، ئێمە بڕواکەی ئێوەش بەناوی خۆتانەوە بڵاو ئەکەینەوە. بەم چەشنە ڕایەڵکەیەکی لەیەک گەیشتن و هەڵسەنگاندن لە نێوان ئێمە و ئێوەدا بەدی دێ کە زۆر جێگای کەڵکە و ئەگونجێ زۆر شت لەم ئاڵوگۆڕی بڕوایەدا ڕوون بێتەوە.

شەوێک لە کۆڕێکی بچووکی دۆستانەدا ئەم باسە وێژەیییە لە گۆڕێ بوو کە «پلە و پایەی دەسەڵات و سامانی شاعیری «گۆران» و «هەژار» کامیان بەرزتر و زۆرترە؟» بۆ ڕوونبوونەوەی باسەکە لە پێشا باس لەوە کرا کە شاعیر ئەبێ چ ئیمتیازێکی هەبێ بۆ ئەوە بچێتە ڕیزی شاعیری باشەوەو هەموو پێکهاتین کە شاعیر ئەبێ جگە لە دەسەڵاتێکی مەعنەوی کە «هەوێنی شاعیرانەی دەروونی» ئەتوانین پێ بڵێین، واتە جگە لەوە کە ئەبێ زەوق و لێهاتوویی سروشتی هەبێ بۆ شیعرکوتن، ئەبێ چەند شتی تریشی هەبێ کە بریتین لە شارەزایی بە مێژووی هونەری وڵاتەکەی خۆی و وڵاتانی تری جیهان، بۆ ئەوە کە بتوانێ لە سەرچاوەی هونەری گەلانی تر خۆی تێراو کا. وا باشترە کە زمانێکی زیندووی بێگانە بزانێ، چونکە بەو زمانانە کتێبی زۆر سەبارەت بە هونەر و وێژە نووسراوە کە ئەگونجێ وەرنەگێڕڕابێتەوە بۆ زمانەکەی خۆی. تەنانەت ئەگەر شاعیر وەرگێڕڕاوی دیوانێکی شیعریشی لەبەردەست بێ، ناتوانێ بەهرە لە هەموو ئەو جوانییانە کە لە ئەسڵی کتێبەکەدا هەن وەربگرێ، چونکە هەر زمانێک شتی وەها تایبەتی تێدایە کە بەوەرگێڕاندن لەناو ئەچێ. کە وەها بوو شاعیر ئەبێ هەم زەوقی شاعیرانەی هەبێ، هەم لە وێژەی جیهان ئاگادار بێ. هەواڵێک پرسیاری کرد سەبارەت بەم ڕاستەقینە ئەڵێن چی کە بەیتبێژ لەگەڵ ئەوەشا شوێنەواری زۆر گەورەی خوڵقاندووە جگە لە زمانی گەلەکەی خۆی زمانێکی تری نەزانیوە. وەڵام ئەمە بوو لەو کاتەدا ئەکرا شاعیری کورد خۆی بێ نیاز بزانێ لە زانیاری و وێژەی گەلانی تر، چونکە ژیانی کورد ساکار بوو. ئابوورییەکی ساکار و کۆمەڵێکی ساکار، بەڵام ئەمڕۆ لەو ساکاریییە، نە لە ئابووریدا و نە لە کۆمەڵ و ویستی کۆمەڵایەتیدا نیشانەیەک نەماوە. ژیانی کورد پێچ و قەمچی پەیدا کردووە و چارەنووسی تێکەڵ بووە لەگەڵ چارەنووسی جیهان. ئابوورییەکەی گۆڕاوە. شارنشینی و بازرگانی و سنعەت پەرەی سەندووە و شاعیری کورد ناتوانێ خۆی بپارێزێ لەو هەموو گۆڕانە و ناچارە بۆ ئەمڕۆ و کۆمەڵی ئەمڕۆ شیعر بڵێ.

«هەژار» و «گۆران» هەردووکیان فارسی و عەرەبی تورکی و کوردی ئەزانن و هەردووکیان زمانێکی ئورووپایی تا ڕادەیەک کە بتوانن نووسراوی ئەو زمانە بە بێ یارمەتی وەرگێڕ بخوێننەوە شارەزان کە وەهایە لەم بارەوە بەرامبەر دێنەوە، بەڵام ئەگونجێ کە «هەژار» بەسەر زاراوە جۆربەجۆرەکانی کوردییا شارەزاتر بێ، چونکە «کرمانجی ژووروو» کە لە ئێران پێی ئەگوترێ «بادینی»، باش ئەزانێ و لە شیعرەکانیا کە بەزاراوەی کرمانجی خواروون، وشەی کرمانجی ژووروو زۆر ئەهێنێ، وەک «بیرکم»، «هەیڤ»، «شەپاڵ»، «چەلەنگ»و زۆر وشەی تر؛ تەنانەت «هەژار» لە شێوەکانی زاراوەی کرمانجی خواروو کە لەئێران «سۆرانی» پێ ئەڵێن چەشنی «سنەیی»، «موکریانی»، «هەولێری»، بە تایبەت شێوەی «دەشتی دزەیی» و «سلێمانەیی» کەڵک وەرئەگرێ و بەلایەوە زاراوە و شێوەکانی کوردی بەیەکەوە جیاوازییان نییە و شاعیری کورد ئەتوانێ لە وشەی هەموویان کەڵک وەربگرێ، ئەم کارە لە شوێنەوارەکانی مامۆستا «گۆران»دا بەرچاو ناکەوێ. جا یا لەبەر کەم دەسەڵاتی بەسەر شێوەکانی کوردییا، یا لەبەر ئەمە کە پێی باش نەبووە لە شیعری سۆرانییا وشەی کرمانجی ژووروو بەکار بێنێ.

کۆڕەکەی ئێمە لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بەم ئاکامە گەیشت کە لەناو کوردا شاعیرێک کە لە ناسکی زەوق و جوانی تەعبیرا بگاتە «گۆران» زۆر کەمە، بە تایبەت لە پێهەڵگوتن و پەسندی جوانی تەبیعەتا، لە باسی ئەوین و جوانی ئافرەتا کەس ناگا بە«گۆران». هەڵبەت ئەوە کە ئەڵێین لەم ڕێبازەدا گۆران ڕێبواری تاقانە و چالاکە، مەبەستمان ئەمە نییە کە لە ڕێبازەکانی ترا دواکەوتووە. شیعری بەرزی «جیلوەی شانۆ» یا «تاقە ستارە» یا «دەروێش عەبدوڵڵا» یا «بۆ هاوڕێم بێکەس» لەو شیعرە بێ وێنانەن کە بەراستی سامانی وێژەی کوردی دەوڵەمەندتر کردووە و گوڵزاری زەوقی شیعرناسانی بەهاراوی کردووە. کێ ئەتوانێ لە چەند دێڕی کورتا باسێکی ڕەوان ناسی وەها باریک کە لە پارچە شیعری «تاقەستارە»دا هاتۆتە گۆڕێ بەیان بکا؟

ئەمە سەبارەت بە «گۆران»؛ هەژاریش لە هەرێمی شیعری حەماسیدا بێ وێنەیە. لە ڕۆشنایی ئەم ڕاستەقینەدا کە باسمان کرد بەم ئاکامە گەیشتین کە «گۆران» شاعیرێکی لیریک (غەنایی)یە و «هەژار» ئێپیک (حەماسی)یە. هەرکام لە هەرێمی خۆیانا دەسەڵاتدارن؛ بەڵام کاتێ «هەژار» لا ئەدا بۆ شێوەی «غەنایی»، یا «گۆران» ڕوو ئەکاتە مەڵبەندی «حەماسی»، کەمێک لە بەرزایییەکەیان کەم ئەبێتەوە. ڕەنگە «گۆران» لە شیعری حەماسییا کەم دەسەڵاتتر بێ تا «هەژار» لە شیعری غەناییدا.

شتێکی تریش ئەبێ بکوترێ، ئەویش ئەمەیە کە «هەژار» لە «شێوەی نوێ»دا تەواو کەم دەسەڵاتی خۆی نیشان ئەدا و «گۆران» لەم شێوەیەدا لەپێشترە تا شێوەی عەرووزی بەڵام لە شێوەی عەرووزیشا شیعری گەورەی خوڵقاندووە.

بە هیوای ئەوە کە بڕوای خۆتانمان بە بەڵگەوە بۆ بنووسن.

تا حەوتەی داهاتوو خواتان لەگەڵ.