تڕاژێدی سەیدەوان

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 8 خولەک  3287 بینین

کۆمەڵ لەسەر ڕێگای راستە و هەرچی لە ناو کۆمەڵەوە هەستێ و باسی خواس و ویستی کۆمەڵ بکا، جوانە؛ چونکە ئەوەی وا بە هەڵە دەچێ تاکە و کۆمەڵ کەم وا هەیە رێگای چەوت بگرێتە بەر.

کۆمەڵ بە لای منەوە بەم کەمایەتییە ناڵێن کە سوودێکیان هەیە جیا لە سوودی گشتی و هونەرێکیان هەیە بەپێچەوانەی هونەری کۆمەڵ.

چینی پێکهێنەری، واتە ئەو کەسانە کە زۆربەن و هەمیشە روویان لە ژیانی مرۆڤایەتی و بەرزکردنەوەی پلە و پایەی ژیانی ئینسانییە، بە لێکدانەوەی من کۆمەڵ بەوان ئەکوترێ؛ ئەوانن کە خەمیان وەک تەم ومژی سەر چیا وایە و شادییان چەشنی پێکەنینی هەوەڵ زەردەی خۆرەتاوە؛ ئەوانن کە هونەریان ئێسک سووک و لە دڵ نزیک و خوێن شیرینە؛ هونەرێک کە بەخشڵی خۆماڵی رازاوەتەوە و ڕەنگ و بۆن و تامی بێگانەی پێوە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا لە هەموو شوێنێک چ لە ناوخۆو چ لەدەرەوە هەر جوانە، چونکە مانای بەرزی جوانی ئەو جوانییەیە کە پێوەندی بە هەرێمی بەر پانی جوانەوە هەیە و لەگەڵ باسی خاوەنیی یەک مانان؛ لە هەموو لایەک و بەلای هەموو کەسەوە بەرزە.

ژیانی خێڵاتی هێندێ خوو و رەوشتی تایبەتی خۆی هەیە، کە یەکیان دڵاوایی و بەخشین و ماڵی دنیا بەلاوە کەم بوونە، چونکە لەو چەشنە ژیانەدا ئاسان بژیوی و کەم بەڕێ چوون هەیە و باری ژیانەکە چەشنێکە کە ئادەمیزاد بەرامبەر بە پاشەکەوت کردن و بیر لە بەیانی ژیان کردنەوە بێ دەربەست دەبێ. لەبەر ئەوەیە کە کورد سەربەرزی و ئازایەتی ومیوانگری زۆرە و بەیتی «سەیدەوان» داستانی ئەم چەشنە ژیانە ئەگێڕێتەوە. بەداخەوەم کە وێژەی ئێمە لە ناو گەلانی جیهاندا بڵاونەبۆتەوە، دەنا خوا عالم کە بەیتی «سەیدەوان» زۆر لە «هاملێت»ی «شکسپێر» بەرزترە. شکسپێر لای وایە «هەبوون» یا «نەبوون»، مەبەست یەکێ لەو دوانەن؛ بەیتبێژی «سەیدەوان» ئەڵێ:

«دیلان یا ماتەم.» کامیان مەبەستی ژیانە؟!

قارەمانی شکسپێر «هاملێت»ی باوک کوژراو؛ دایکی خەیانەتکار و مامی پیاوکوژ بوونە هۆی پەژارەی «هاملێت»؛ بەڵام لە بەیتی «سەیدەوان»دا باوکێک سێ کوڕی گەنجی ئەمرن، کە یەکێک بە دەستی باوکەکە ئەکوژرێ.

خەمی «هاملێت» بەئەندازەی پەژارەی «عەبدولعەزیز»ی ڕۆڵە کوژراو گران نییە. جا با بچینەوە سەر داستانی «سەیدەوان».

«رەبی خودایە ئەتۆ هەوری رەحمەتی بێنی لە لای قیبلەی موبارەک. لە داوێنی فەڕەنگییان. لەسەر قەبری پیر خدری هەڵبڕێژی.

کێ دیویەتی لەسەر سێ کوڕان ڕا بووک بچنەوە ماڵی بابیان بە کیژی؟»

«عەبدولعەزیز»ی داسنی، سێ کوڕی ئەبێ بە ناوی «سەیدەوان» و «نێچیروان» و «مەلکەوان». سێ کوڕی گەنج کە کاتی ژن هێنانیانەو سێ بووکیان بە ڕۆژێک بۆ دێنن. عەشیرەتی داسنی هەموو لە شایی و زەماوەندا بەشدارن، «مەلکەوان» شەوی هەوەڵ «پەردووگیر» ئەبێ و ئەمرێ خەفەتێکی گەورە ئەخاتە سەر دڵی باوکی، بەڵام «عەبدولعەزیز» کوردە، سەرۆکی خێڵی «داسنی»یانە، چۆن ڕووی هەیە بە عەشیرەتەکەی بڵێ:

«دەستی دیلان بەردەن و بڵاوی کەن!»

راستە کە کوڕ مردن پشت شکێن و بڕست بڕە، بەڵام ئەی سەرۆکی چی؟ ئەی پیاوەتی و میوان خۆشەویستی چی لێ بکا؟«عەبدولعەزیز» دەنگ ناکا و هەڵپەڕکێ و زەماوەند هەر دەمێنێ. تا شەوی دووهەم دەشتەوانان هەڵی دەدەنێ کە «نێچیروان» لە رەوەز، تووش و چڕە هەڵدێراوە و مردووە. دیسانەوە باوکی کۆس کەوتوو برینی ئەکولێتەوەو خەم و بەهەموو گرانییەکەوە ئەکەوێتە سەر دڵی و بیر ئەکاتەوە دوو کوڕی جوانەمەرگ بوون، ئەم زەماوەندە شوومە، ئەم بەهارە بێ فەڕە، بێ فەڕە دزێوە، چی بکا؟

ئایا لەگەڵ ئەوەشا کە تەرمی دوو کوڕی لەبەر دەستییەتی، زەماوەند هەر بمێنێ؟ ئەگەر بە داسنییان بڵێ: من زەماوەند ناگێڕم و ئێوە هەڵپەڕکێ بوەستێنن، چی پێ ئەڵێن؟!

ئاخۆ ناڵێن: «عەبدولعەزیز، پیرە، خەرفاوە و پیاوێکی ئاخر شەڕە؟»

ئەمانە ژێردەستی خۆی؛ بێ جیاوازی کوڕە داسنی کوڕی ئەون و هەموو ئەوڕۆ لە شادی ئەوا بەشدارن. میوانن گەڕی هەڵپەڕکێ گەرمە، کیژ و کوڕی داسنی خەریکی «رۆینە» و «سوێچکەیی» و «چۆپی» و «سێ جارە»ن. ئاخۆ بچێتە ناویان و بەپڕمەی گریانەوە بڵێ: «ئەی کوڕ و کیژی داسنی دیلانەکەتان بەردەن، لە باتی شایی، شین بگێڕن، «مەلکەوان» و «نێچیروان» مردن و ئێوە بۆ دوو زاوای نەماو شایی ئەکەن!؟» بەڵام نا، عەبدولعەزیز کوردە، ئەوانەش میوانن. رەوا نییە زەماوەنەکەیان بشێوێ. ئەی دڵی پەژارەداری چی لێ بکا؟ ئەم هەموو خەم و دەردە بۆ کوێ بەرێ؟

وا باشە لە ئاوایی دەرکەوێ، پەنا بەرێتە بەر داوێنی چیا، خەفەتی بدا بە دەم شەماڵی سەرشێتی شیو و دۆڵا. با لە هەرای هەڵپەڕکێ رزگار بێ، ئاگری بەجۆشی دەروون ئەیبا، ئەیبا تا ئەو جێگایە وا رێبازی مەڕو بزنە کێوییە. لە ژێر بەردێکا ئارام ئەگرێ، بەڵام دڵی وەک ئاوی سەر ئاگری بەتین ئەجۆشێ و هەڵئەچێ. فرمێسکی گەرمی بەسەر گۆنای پڕ چینیا دێتە خوارەوە!

دەوروبەری بەهارە، بەڵام چ بەهارێک، بەهارێکی رەش و ناحەز، ناحەزتر لە هەموو زستانێک.

چاوی تیژی وەک هەڵۆی پیری چیا ئەڕوانێتە ئەو بەری دۆڵەکە؛ بەهانەی لە ماڵ دەرکەوتن و کۆڕی زەماوەند جێهێشتنی ئەمەیە، کە دەچێ گۆشتی راوێک بێنێتەوە. لێرەدایە کە تڕاژێدی دەگاتە ئەوپەڕی خۆی، دەستێکی بەهێز لە کاردایە بۆ پەروەراندنی دڵتەزێنترین بەسەرهات.

دەوروبەر بەهارە، گیا شینە لاسکی ناسکی گوڵی کێوی بە دەم بای نەرم و نیانەوە ئەلەرێتەوە. دڵی باوکێک پڕ لە مەینەت، پەردووی زاوای دوو کوڕی گەنج بە تاڵە، دوو بووک چاوەڕوانە، داسنی لە شایی و خۆشییا نوقم بوون. «عەبدولعەزیز» گاهێ بە دڵیا دێ: «دووانم مردن، «سەیدەوان»م ماوە! ژیان شایییە یا شینە؟!»

دەنگی گۆرانی بێژ و دەهۆڵ و زوڕنای ناو دێ کە زۆر دوور لە دەرەوە دێتە بەر گوێ، ئەو جارانە وا شەماڵ ئەیهێنێ، ئەڵێ: «ژیان شایییە!» دوای مردن، هەموو دەمرن، چونکە لە هەوەڵەوە نەبوون، هاتن و پاشان ڕۆیشتن، کە وەهایە ژیان قۆناخێکی کەم خایەن و کورتە لە نێوان دوو نەبوونی درێژ و بێ بەستێنا. هەرا و بگرتنێکە لە بەینی دوو بێدەنگی و هەدادان، کە وەهایە ژیان شایییە و بۆ نەمانی بێدەنگی ماوە زۆرە، بەڵام دۆڵی کپ و خامۆش کە ئەڵێی گریانێکی بە کوڵی پیاوانەی لە گەروودا بەستراوەتەوە، ئەڵێ: «نا، نا، ژیان ماتەمە، ژیان کۆس کەوتنە، ژیان لە گۆ کەوتنی دوو لێوی پڕ بزەیە!»

با، لەوبەری دۆڵەکەوە یاری بە مووی زەردی ریشی بزنە کێوییەک ئەکا و لێکی ئەدا و ئەیهۆنێتەوەو «عەبدولعەزیزی» بە چاوێکەوە کە فرمێسکی مەینەتی تێزاوە، ئەڕوانێتە ئەو مووە زەردانە کە ئەڵێی پرچی «گوڵە بەڕۆژە» یا قژی «گەنمەکابە»یە و با ئەیشەکێنێ. وا ئەزانێ بەڕاستی مووی ریشی بزنە کێوییە. تەقەی تفەنگ هەڵدەستێ، وەک پڕمەی گریانێکی بە کۆڵ ئەچێ، نا ئەڵێی قاقای پڕ لە تەوسی ئینسانە بەژیان! شتێکی زیندوو لە پشت بەردێکەوە ئەکەوێتە خوارەوە، وا دیارە پێکراوە. «عەبدولعەزیز» دەگاتە سەری، ئەبینێ «سەیدەوان»ە، مووی زەرد و خوێنی سوور دەم و چاوی سپی لە سەرگیای سەوز تێکەڵ بوون؛ هەناسە لە سینگی چیادا قەتیس ماوە، کەو لە قاسپە کەوتووە، ڕۆژ خۆی لە ژێر هەورێکی چڵکنا شاردۆتەوە!

«عەبدولعەزیز» چی بۆ ماوەتەوە؟! دانیشێ، چونکە ئەژنۆی هێزی نییە؟ لە بێدەنگی ئەترسی و ناشتوانێ بگری، چونکە پەشۆکاوە، هەموو دنیا لەبەر چاوی دەبێتە یەک پرسیار: ژیان شینە یا شایییە؟! خەم لەوە گەورەترە کە لە دڵی پیر و ناسکی «عەبدولعزیز»ا جێگای ببێتەوە، ئەپاڕێتەوە، لەبەر خوا ئەپاڕێتەوە:

«رەبی خودایە بای ڕەحمەتێ بێنێ لە لای قیبلەی مومبارەک

لە داوێنی فەڕەنگیان. بیدەی لە خەمی «عەبدولعەزیز»ی و

لەبەحری خوێیەی تێپەڕێنی!»

چەند خەمێکی گەورەیە، خەمی «عەبدولعەزیز»ی داسنی کە دوو کوڕی ئەمرن و یەکێکی بە دەستی خۆی ئەکوژێ؛ لە کاتێکا بەهارە و کاتی بووژانەوە و ژیانە. بەیت بێژ چ تڕاژیدییەکی بەرزی پێکهێناوە، گیانی نەمری شادبێ.