جیاوازیی نێوان شێوە وێژەیییەکانی فارسی

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  793 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ.

لە لێکۆڵینەوەی وێژەی ئێرانا گەیشتینە ئەم ئاکامە کە جیاوازییەکی بنەڕەتی وا کە لەنێوان شێوە وێژەیییەکانی ئورووپادا هەیە لە ناو سەبک و شێوەکانی فارسییا نییە، واتە شێوەی کلاسیک و ڕۆمانتیک و ڕیئالیستیک لە بناغەوە جیاوازن و هەرکام ڕاگەیێنەری مەبەستێکی تایبەت و فەلسەفەیێکی سەربەخۆن. لە کاتێکا لەنێوان سەبکی «خوراسانی» و «عێراقی» و «هیندی» ئێرانا جیاوازی بەم ئاشکرایییە بەرچاو ناکەوێ، تەنیا جیاوازییەکی ئەوتۆ کە ئەبێتە هۆی ناسینەوەی شێوەیەک و هەڵاواردنی لە شێوەکانی تر جیاوازی ڕواڵەتییە، واتە دیوی دەرەوەی وتار. ئەم پرسیارە دێتە پێش کە بۆ چ وەهایە و چۆنە لە ماوەی کورتی کەمتر لە چوارسەد ساڵا چەن شێوەی تەواو جیاواز کە جیاوازییان لە ناوەڕۆک و کاکڵدا بەیەکەوە هەیە، لە ئورووپا پەیدا ئەبن و لە ئێران لە ماوەیەکی هەزار ساڵییا واتە لە هەوەڵی پەیدا بوونی شێوەی «خوراسانی»یەوە تا دوایی شێوەی «هیندی» جیاوزاییەکی ئەوتۆ ناکەوێتە ناو شێوە شیعرەکانەوە؟!

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئەبێ بڵێین ئابووری فێئۆداڵی گۆڕا بە ئابووری بازرگانی و بەشوێن ئەم گۆڕانەدا شێوەی کلاسیک کە بەرهەمی ئابووری فێئۆداڵی و ئاریستۆکراسی بوو، بوو بە شێوەی ڕۆمانتیک کە نیازی کۆمەڵی سەودا گەری ئورووپا بوو. ئێمە زۆرجار کوتوومانە کە هونەر و زانیاری و خوو و ڕەوشت و هەموو ئەو شتانە ڕووکاری ژیانن و لەسەر بناغە و پایەی ئابووری دامەزراون، ئەگەر بناغە بڕووخێ بێگومان ڕووکاریش خۆی پێ ناگیرێ و ناچارە بەرەو نەمان و فەوتان بڕوا. شێوەی ڕۆمانتیک وردەوردە گۆڕا بە شێوەی ڕێئالیسم، چونکە ئابوورییەکی نوێتر هاتبوو. لانی کەم ئەگەر وڵاتانی ئورووپا هەر لەسەر ئابووری بازرگانی مانەوە، بەڵام پێشکەوتی سنعەت و تێکنیک و پەیدابوونی چەن تاقیکاری لە ئابووری گشتییا و دەرکەوتنی بێدادی، شێوەی ئابووری بێ دەربەستی تاکی بۆ ڕووناکبیران و خاوەن پێنووسانی ئورووپایی ڕوون کردەوە کە هەرێمێکی بژوێنتر و ئینسانیتر هەیە لە تاک پەرستی و بڕوا بە کۆللێکتیڤ (Collective)، چ لە ئابوورییا و چ لە هونەرا پەرەی گرت.

مەبەست ئەمەیە کە لە ئورووپا بناغە گۆڕا و بە گۆڕانی بناغەی ئابووری ڕووکاریش کە هونەر بەشێکیەتی گۆڕا، بەڵام لە ئێرانا بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵ ئابووری فێئوداڵی مایەوە، گاهێک بێ هێز بوو، بەڵام لەناو نەچوو و توانی هەڵداتەوە، هەروەک لە «چین»یشا وەها بوو و ئابووری دەرەبەگی زیاتر لە دوو هەزار ساڵ بەحەوسەڵە و گیان سەختییەوە خۆی ڕاگرت، بەڵام ئەمەش خۆی پرسیارێکە و شیاوی وەڵامێکی ترە کە بۆ چی لە ئورووپا ئابووری گۆڕا و لە ئێرانا نەگۆڕرا. ئەزانین کە هەموو گۆڕانێک لە بەرەنگاری «تێز» و «ئانتی تێز» دێتە بەرهەم و هیچ مەبەستێک لەم هەرێمە تێناپەڕێ و ئەم دەسەڵاتی تێز و ئانتی تێز بەسەر هەموو مەبەستێکا ڕەوایە و لێرەدا پێویستە بزانین چ هۆیەک یارمەتی مانەوەی تێزەکە ئەدا کە ئانتی تێز ناتوانێ بەسەریا زاڵ بێ و«سەنتێز» بێتە ڕوو؟ بە چەشنێکی تر چ بارێکی تایبەت دێتە فریای فێئۆدالیسم کە ماوە نادا لە ژێر هێرشی بازرگانییا لەناو بچێ؟

شاڵاوی هۆزە بیابان گەڕە کۆچەرەکان بۆسەر «بانوو» واتە فەلاتی ئێران، هۆی هەرە گرنگی دواکەوتنی ئابووری ئێرانە. ئەو هێرشانە وڵاتیان شڵەژاند و باری بەرەو پێشکەوتی ئابوورییان تێکدا و نەوەک تەنیا بوونە هۆی ڕاوەستانی بەلەزی پێشکەوت، بەڵکو بەرەو پاشیش ئابوورییان گێڕاوە.

ئەزانین پاش پەیدابوونی ئایینی ئیسلام جگە لە دوو سێ خانەدانی وەک «ئالی زیار» و «ئالی بوویە» و «سامانی» هەر ئەمیر و سوڵتانێک کە هات و لە ئێرانا فەرمانڕەوایی کرد تا دامەزرانی «سەفەوییە» ڕەگەز ئێرانی و ڕاهاتووی ژیانی کۆمەڵی ئێران و هۆگری خوو و ڕەوشتی ئێمە نەبوو، زیاتریان لەو هۆزانە بوون کە بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات لەوپەڕی «ماوراء النهر» و لە «تورکستان»ەوە هاتبوون و بە چەن شەڕ و پشێوە دروستکردن توانییان هەرکام حکوومەتێک پێکبهێنن وەک «سەلجووقی» و «غەزنەوی» و «ئاق قۆینڵوو»؛ هیچ کام لەو حکوومەتانە جگە لەوە کە ئێرانی نەبوون ئەوەندەش دەسەڵاتیان پەرەدار نەبوو کە تەواوی ئێران بگرێتەوە و ماوەی حکوومەتی بنەماڵەشیان زۆر نەبوو. هێرشی مەغوولەکان کە گەورەترین بەڵای پێشکەوتی ئێران بوو لەوەی کە بووش ئابووری زیاتر وە دواخست. ئەو ئەمیرە دەسەڵاتدارانە خۆیان لە پێشا بە مەڕداری و شوانی ئەژیان و ئابوورییەکەیان دواکەوتوو بوو. ئەزانین کە لەسەردەمی ئەشکانیش «اقطاع» و «فێئۆدالیسم» - کە خاوەنی ئابوورییەکی پێشکەوتووترە لە ئابووری ئاژەڵداری - لە ئێرانا دامەزرابوو، تەنانەت لە دوایی سەردەمی ساسانییا بەرەو بۆرژوازی بازرگانیش چووبوو.

سنعەتکار لە شارەکان پەیدا ببوون و بەپێی کتێبە داستانییە ئێرانییەکان بازرگان لە کۆمەڵا ڕێزێکی زۆری هەبوو؛ ڕێگای تیجاڕەتی هاوریشم کە ئورووپای بە هیند و چین و شەڕقی ئێستاوە پێوەند ئەدا بە ئێرانا تێپەڕی؛ لەبەر ئەمە ئابووری ئێران کاتێ بە هۆی فەرمانڕەوایی ئەو هۆزە ماڵاتدار و کۆچەرانەوە ڕەنگی ئابووری شوانی گرت لە ڕاستییا دواکەوتی بەسەراهات. شارنشینی وەک لە ئورووپا هەبوو پاش تێکڕووخانی «چاچ» و «سەمەرقەند» و «قەرغانە» و «هەرات» و «ئۆرگەنج» و «خوجەند» لە ئێرانا پەیدا نەبوو؛ ئەمە هۆیەکی هەرە گەورە بوو کە لە ئاکامیا ئەشرافە فێئۆدالەکان وەک لە ئورووپا جێ گرتوو و بە دەسەڵات بوون، لە ئێرانا نەیانتوانی تەئسیریان لە حکوومەتا هەبێ. هێرش و شەڕ و کوشتار هێمنی نەهێشت کە ئەزانین هێمنی بۆ پێشکەوتی ئابووری گەلێک پێویستە.

تا حەوتەی داهاتوو بە خواتان ئەسپێرین. هیوامان بەختەوەری ئێوەیە.