وەڵامی گوێگرێکی خۆشەویست

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  700 بینین

سەلام لە گوێگری بەڕێز و هونەر پارێزی بەرنامەی تاپۆ.

کاک ڕەحیمی بەهرامزادە لە بۆکانەوە نامەیەکی بۆ نووسیوین و پاش ئەوە کە نزای بۆ سەرکەوتنمان کردووە لە خزمەتی گەلا، چەن ڕەخنەیەکی لێ گرتووین و ئێمە لەم بەرنامەیەدا وەڵامی ئەدەینەوە. کاک ڕەحیم وا دیارە گەنجێکی بەشۆر و هونەرناسە و دەردەکەوێ بەرنامەی تاپۆی چەن حەوتە بەر لە ئێستەی گوێ لێ بووە کە لەودا کوتبوومان نابێ ماوە بدرێ ئەو شتە نزمانە کە ئەمڕۆ بەناوی گۆرانی کوردی لە ناو خەڵکا باوە پەرە بگرێ. لە نامەکەیا نووسیویە کە ئێوە خۆتان زۆر کاری وا ئەکەن کە خەیانەتە بە هونەری کوردی. کاک ڕەحیم مەبەستی ئێمەی کاربەدەستی ڕادیۆی کوردی بووەو نووسیویە کاتێ شیعرێکی کوردی ئەخوێندرێتەوە، پێتەویستی چییە کە لەناوی هونەرمەندێکی کە کورد نییە لە مووسیقای ئەوان لەگەڵ شیعرە کوردییەکەدا کەڵک وەربگیرێ. ئەمە ڕەخنەی یەکەمییەتی. ڕەخنەی دووهەمی ئەمەیە کە بۆچ ئێمە هەر باسی هونەرمەندانی ڕابوردوو ئەکەین و لانی هونەرمەندانی گەنج و ئەمڕۆییمان بەرداوە. ئەو گوێگرە هوشیارەمان نووسیویەتی کە بەڵێ باسی خزمەت و تێکۆشانی ڕابردووان بەکەڵکە، بەڵام ئەبێ بۆ گەنجەکانیش کە تامەزرۆی هونەرن هەنگاوێک بنرێ و ڕێنوێنی بکرێن و هان بدرێن. ڕەخنەی سێهەمی ئەمەیە کە بۆ چی بەستە فارسی و تورکییەکان وەرئەگێڕنەوە بە کوردی؟ ئەمانە ئەبنە مایەی لەناو چوونی ڕەسەنی ئاهەنگی کوردی. دانەری ئاهەنگ کە لە خەڵکی کورد دوورە و لەناویاندا نەژیاوە ئاگای لە چڵۆنیەتی ئاهەنگە بەرووەکان نییە، کاتێ کە پێی ئەکوترێ ئاهەنگێکی کوردی بۆ بڵاوبوونەوە لەسەر ڕادیۆ دابنێ، ناچار پەنا بۆ ئەو ئاهەنگانە کە یا تورکین، یا فارسی و خۆی لە دانانی ئاهەنگێکی تازە ڕزگار ئەکا. پاشان ئەو ئاهەنگە کە بێگومان پڕ بە پێستی چێشکە و هەستی کورد نییە، شیعرێکی بێ تام و بۆنی کوردی ئەخرێتە سەر کە تەنانەت شیعرەکەش پێناسی کوردی نییە. جا بیری لێ بکەنەوە کە لەم ناوەدا تەنیا وشەی ئاهەنگەکە کوردییە، نەگیانی شیعرەکان، نە هەناوی ئاهەنگەکە کوردی نیین. کاک ڕەحیم پاشان پرسیار ئەکا ئاخۆ ئەم کارەی ئێوە باشترە لە کاری گۆرانیبێژێکی کەم زان کە وشەی نزمی دوور لە خوو و ڕەوشتی جوانی بەسەر زمانا دێ و بەواتەی نووسەری تاپۆ ئەڵێ:«دایکی حەوت کوڕبی پێت دەکەم حاشا»؟!

برای گەنج و هێژامان کاک ڕەحیمی بەهرامزادە!

ئێمە هەرگیز نەمانکوتووە کە کارمان بێ کەم و کووڕی و کەمایەتییە. ڕەنگە زۆر کەمایەتی وا لە کارمانا هەبێ کە گوێگرەکان وەک خۆمان شارەزای نەبن؛ بەهیواین وردەوردە بەسەر ئەو کەمایەتییانەدا زاڵ بین، بەڵام ئەوە کە ئێوە نووسیوتانە باسی هونەرمەندە گەنجەکانیش بکەین، لامان وایە کە ئێمە لە ناساندنی ئەو برا بەهەست و هونەرمەندانەدا، چ مووسیقار، چ شاعیر، چ نووسەر و یا دەنگ خۆش کۆتاییمان نەکردووە، مەگەر لە هەبوونی ئەوان ئاگامان نەبووبێ، کە ئەویش تاوانی ئێمە نییە. ڕەنگە ئەوە کەمتەرخەمی ئێوە بێ کە ئاگاتان لە بوونی شاعیرێکی گەنج یا هەر هونەرمەندێکی تر هەبێ و بەئێمەی نەناسێنن. ئێمە لە هەموو بەرنامەیەکدا دووپاتەی ئەکەینەوە کە بەدەستێک چەپڵە لێنادرێ. ئێمە و ئێوە بەیەکەوە ئەتوانین ڕاسپێریمان بەباشی بەڕێوە بەرین، چونکە ئێمە ناتوانین و لە وزەماندا نییە هەموو هونەرمەندێک لە هەموو شوێنێک بناسین، کە وەها بوو هەموو گوێگرێک لە سەریەتی کە هونەرمەندانی شار و ئاوایی خۆی بەئێمەی بناسێنێ، شوێنەوار و کاریان بۆ ئێمە بنووسێ و بنێرێ و ئێمەش ڕاسپێریمانە کە ئەگەر شوێنەوارەکانیان کەڵکی بڵاوکردنەوەی هەبێ بەناوی خۆیانەوە بڵاویان کەینەوە و کارێک بکەین کە لەهەموو شوێنێک بیناسن، بەڵام یەک شت هەیە کە نابێ لە یاد بکرێ و ئەویش ئەمەیە کە ئێمە کۆڕی نووسەرانمان هەیە و هەر نووسراوێک چ هی نووسەرانی خۆمان بێ و چ لە لایەن گوێگرەکانەوە بێت ئەو کۆڕە بەوردی ئەیخوێنێتەوە و بڕوای لەسەر ئەدا، تەنانەت ئەتوانێ ئەگەر لەنگ و لۆرییەک لە نووسراوەکەدا هەبێ دەستی تێبەرێ و چەوتییەکان ڕاست کاتەوە.

ئێمە زۆرمان پێ خۆشە کە پەیوەندێکی پتەومان لەگەڵ ئێوە هەبێ، گەشەی کاری ئێمە بەمەوە بەستراوە کە ئێوە لە کارمان ڕازی بن؛ هەڵبەت ئەمە کە ئێوە لە سەدا سەد ڕازی بن، نە بۆ ئێوەش ئەلوێ، چونکە لەو حاڵەدا ئیتر ئێمە خۆمان بەراسپێریدار نازانین بۆ بەرەوپێش چوون و باشترکردنی بەرنامەکانمان و ئێوەش هەوڵ نادەن بۆ دۆزینەوی هەڵەکانی ئێمە و ڕێنوێنی کردنمان.

با ئەمەش لە دوایی ئەم باسەدا بڵێم کە ئەم بەرنامانە گشتیان بۆ ئێوەن و هی ئێوەن و باشتر بوو کە لەکاتی ڕەخنە گرتنا ئەمەتان لەبەر چاو بێ کە بەشێک لەبەرزکردنەوەی بەرنامەکە هی ئێوەیە.

کاک حەسەنی ڕەسووڵی خوێندکاری زانکۆی وێژەی زانسگەی تاران پرسیاری کردووە ئایا بەلای ئێوەوە هونەرمەند هەر بەشاعیر و نووسەر ئەکوترێ؟ ئەگەر لاتان وا نییە بۆ چ باسی گۆرانیبێژێک، نەقاشێک یا مووسیقارێکی کورد ناکەن؟

وەڵامی کاک حەسەن ئەمەیە کە نەخێر هونەرمەند بەلای ئێمەوە هەر تەنیا بە شاعیر و نووسەر ناکوترێ مووسیقار و نەقاش و دەنگخۆشیش هونەرمەندن، بەڵام شاعیر و نووسەر لەناو کوردا زۆرترن لە مووسیقار و نەقاش و هونەری دەنگ خۆشیش لەو چەشنە هونەرانە نییە کە بەرنامەی لەسەر بنووسرێ؛ هەر ئەوەندە کە دەنگیان لە ڕادیۆوە بڵاو ئەکرێتەوە خۆی چەشنێک ناساندنە. ئەگەر نەقاش یا مووسیقارێکی کورد هەبێ و بە ئێمەی بناسێنن، زۆر سپاستان ئەکەین.

لێرەدا بەرنامەکەمان دوایی هات؛ تا حەوتەی داهاتوو خواتان لەگەڵ.