ڕەخنەیەکی ئەدیبانە

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 7 خولەک  742 بینین

سەلام لە گوێگری بەهەست و هونەر پەرەستی بەرنامەی تاپۆ، هیوادارین کامەران و بەختیار بن و پێوەندی خۆتان لەگەڵ ئێمەدا بەهێزتر کەن و هەر وەک لە بەرنامە پێشووەکاندا کوتوومانە، شەکەتیمان بە رەزامەندی ئێوەی بەڕێز لەم کارە کۆمەڵایەتییە کە بە ئەستۆمانەوەیە لائەچێ و پاداشی خۆمان وەرئەگرین.

گوێگرێکی بەڕێز لە سنەوە پرسیاری کردووە، بۆ چ ئێمە ئەم بەرنامەیەچەشنێک لێ ناکەین کە وەک ماڵی گشتی یا پارک و باغی نەتەوایەتی، هەموو کەس بتوانێ بچێتە ناویەوە و بڕوای هەرچی هەیە سەبارەت بە هونەر دەربڕێ؟

کاک مرادی بەختیاری کە وەک خۆی نووسیویەتی ساڵی شەشی ناوەندییە و بەم چەشنە درێژەی بە باسەکەی داوە: «ئایا ئێوە لاتان وانییە کە بڕوای هونەری وەک بڕوای زانستی نییە کە ناچار هەموو وەک یەک بن؟ ئایا لاتان وا نییە کە هونەر پێوەندی بە عاتیفەو چێشکەوە هەیە و قەتعیەتی بەشی زانست لە هونەرا نییە؟ کە وەهایە ئەبێ ئەمەش بزانن کە بڕوای تاکێک با زۆریش مامۆستا و لێزان بێ، ناتوانێ بۆ هەموو کەس ببێتە جێگای چاو لێکردن و سەرمەشق. هونەر هەزار رێگای لێ ئەبێتەوە کە گشتیان ئەگەنە ئاکام. لە زانستا شوێنی زانایەکی پێشوو کەوتن و بەکەڵک هێنانی تاقیکاری زانستی ئەو، تەقلید نییە. ئێستە کەس ناڵێ نابێ شوێن ئەو کەسە کەوم کە لە پێشا کەشفی کرد زەوی خڕە، یا مانگ بە دەورییا ئەسووڕێ یا هەموو جەغزێک خاوەنی ٣٦٠ دەرەجەیە، بەڵام لە هونەرا تەقلید و شوێن گرتن بێ ئەوەی هونەرمەند خۆی چێشکەیەکی تایبەت لە کار بێنێ و ڕێگایەکی سەربەخۆ بدۆزێتەوە، شتێکی نا پەسندە.

ئەڵێن سەعدی غەزەلی باو کردووە. ئەمە خۆی هونەرێکە، بەڵام حافزیش هونەرمەندە چونکە نەیویستووە ڕاستە و ڕاست پێ لەجێگای پێی سەعدی بنێ، لەگەڵ ئەوەشا غەزەلی کوتووە و تام و بۆنێکی چێشکە و لێکدانەوەی تایبەتی خۆی ئاوێتە کردووە. زۆر شاعیری وامان هەبووە و هەیە کە نوسخەی بەدەڵی شاعیرێکی گەورەن و ڕەنگە لە تەقلیدکردنی شاعیرە گەورەکەشا زۆر هونەریان نواندبێ، بەڵام هەرگیز نەبوون بە شاعیرێکی ناسراو و ئەگەر کەسێک بیەوێ تاریفی شاعیرێکی ئەوتۆ بکا هەر ئەوەندە ئەڵێ کە بەڕاستی جوان توانیویەتی شوێن فڵان شاعیری گەورە بکەوێ. لە راستییا هونەرمەندی ئەوتۆ، شەخسیەتێکی جەنبی و هەڵپەسێراوی هەیە. خۆی نییە بەڵکو دەنگدەرەوەی شەخسیەتی کەسێکی ترە؛ جا ئەمەش ئاشکرایە تا نوسخەی ئەسڵی هەبێ، کەس مەیلی گوێگرتن و خوێندنەوەی نوسخەی بە دەڵی ناکا. کەوابوو ماوە بدەن کە چێشکە پاراوەکان و زەوقی لاوانی گوێگر بکەونە هەوڵ. با خۆیان رێگایەک لە هونەرا بدۆزنەوە. من لام وایە ئەم بەرنامەیە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی لەسەر هونەرمەندانی لاو هەیە کە ئەیانگرێتە ژێردەست. هەروەک ئەگونجێ ئەو سێبەرە کە لەسەر سەریانی ئەکا لە گەرمای هاوین بیانپارێزێ، ئەگونجێ بەری رۆژی گەرمیشیان لە چلەی زستانا لێ بگرێ».

کاک مراد پاشان نووسیویەتی:«باشتر ئەوەیە کە نووسەری بەرنامەکە تەنیا ڕێگا پێشان بدا و ئەو شتانە کە ئەیزانی و پاش هەوڵێکی زۆر بە دەستی هێناوە لە بەرنامەکەدا بۆ گوێگران روون کاتەوە، ئیتر کاری بەسەر ئەمەوە نەبێ کە کامە رێگا باشە و کامیان هەڵەیە. بە واتەی خۆی تەرازوویەک هەڵنەگری کە بەرد و وەزنەکانی و سووک و قورس کردنی تای تەرازووەکە هەر خۆی بیزانێ و کەسی تر. بۆ نموونە کاتێ باسی شێوەیەکی هونەری ئەکا، بڵێ کە چۆن پەیدا بوو و هۆی پەیدا بوونی چ بوو، گەورەیانی ئەو شێوەیە کێ بوون، تایبەتییەکانی شێوەکە چین، کەی دوایی هات و لەبەر چی. نەک پێشداوەری بکا و لە هێزی زانستی هونەری خۆی کەڵک وەرگرێ بۆ ئەوە شێوەیەک بکوتێ و لەبەر چاوی خەڵکی بخا و شێوەیەکی تر کە خۆی لەبەر هەر ویستێک کە هەیەتی پەسەندی کردووە بەرز کاتەوە و ماوەی بیر کردنەوە و هەڵسەنگاندن لە گوێگر ببڕێ و وزەی وەکار کەوتنی چێشکە و لێکدانەوەی نەداتێ. ڕەنگە کەمێک دوور لە ئەدەب بێ، بەڵام یارییەک هەیە لە کوردەواری کە باشە لێرەدا باسی بکەم. یارییەکە بەم چەشنەیە: چەن کەس دائەبن و چەن کەسی تر بە سەریانا باز ئەدەن. ئەو کەسە وا ناتوانێ باز بدات تەنیا دەس ئەنێتە سەر پشتی هەواڵی دابوو و ئەڵێ: «بە گوێی ماموەستام».

ئاخۆ باشە لاوەکانمان هەموو بڵێن بە گوێی ماموەستا سوارە؟ من ئەو نووسەرەم زۆر پێ هونەرمەندە، بەڵام لەگەڵ ئەو کارەشیا موافق نیم کە ئەیەوێ چێشکەی ئیستاندارد و یەک چەشن ساز بکا.

من خۆم ڕەنگە بزانم ئەم موشکلەیە چۆن پەیدا بووە. لام وایە نووسەری بەرنامەکە وابیر ئەکاتەوە ئەتوانی هەرچی وا خۆی خوێندوویەتی و کردوویەتی و دیویەتی و بەهەموویانەوە بەواتەی فارسی دیدی هونەری و لێکدانەوەی زانستی و فەرهەنگی ئەویان پێکهێناوە لە چەند بەرنامەی کەم ماوەدا، ئەویش لە پشت میکرۆفۆنی رادیۆوە کە تەنیا یەکجار وزەی گوێگرتن ئەدا بە بیستیار، فێری گوێگرانی خۆی بکا. من خۆم خوێندکارم و لە ماوەی خوێندنمدا زۆر ماموەستای وەهام دیوە کە ئەوانەی خۆی ئەیانزانێ و بەدیهییاتی ئەوەڵییەیان دائەنێ، لای وایە کە خوێندکارەکەشی ئەبێ بێگومان بیانزانێ و لەسەر ئەم بڕوا هەڵەیە دەرس ئەڵێتەوە. بۆ نموونە، ئەڵێ فڵانە شاعیرە پێڕەوی فڵانە شاعیری تر بووە و بێ ئەوە هیچی لێ زیاد بکا تێئەپەڕێ، لە کاتێکا بۆ خوێندکار، هەر وەک شاعیری دوایی نەناسراوە، شاعیری پێشووش کە پێڕەوی لێوە کراوە نەناسراوە و لەراستییا دژواری و موشکلە ئەبێتە دووان. ماموەستا سوارەش ئەڵێ ئەزانین کە شێوەی دادائیسمی ئورووپا شێوەیەکی پاشەرۆک و بێ ناوەرۆکە و هەر شێوەیەکی تریش کە باری کۆمەڵایەتی تێدا بەهێز نەبێ هەر وەهایە.

کەس نییە و ڕەنگە من هەوەڵ کەس بم کە وێراومە بەم برا نووسەرەمان بڵێم ماموەستا دادائیسم کامەیە؟ بازی کۆمەڵایەتی بەچی ئەڵێی؟ ئاخۆ لات وایە بۆ تاقمێ خوێندەواری زانای وەک خۆت قسە ئەکەی یا بۆ من و هاوتای من؟! ئەگەر بۆ خۆت و وەک خۆتە ئەمە ئیتر کوتنی ناوێ. مەگەر بڵێی سەرتاشی بێکارم، سەری هەواڵانی سەرتاشی ترم ئەتاشم! ئەگەر بۆ ئێمەشە تکایە بەپێی زانستمان بدوێ و بەرەبەرە بچۆ پێشەوە. بەرنامەکانت کورتە، مەبەستەکانت دژوارن و گوێگرەکانت هەموویان شارەزا نین. ببوورن کە ماوەتم گرت و هەرچی لە دڵما بوو کوتم. ئەوە بزانن کە مەبەست باشتربوونە نەک ڕەخنەگرتن».

لێرەدا نامە جوان و رێک و پێکەکەی کاک مراد تەواو ئەبێ و ئێمە چونکە پێمان حەیف بوو هەموو نامەکەتان بۆ نەخوێنینەوە ماوەمان نەماوە وەڵامی بدەینەوە، بەڵام گوێگرانی خۆشەویست ئەوە بزانن کە ئێمە هەرگیز خۆمان بێ نیاز نازانین لە رێنوماییتان و هەرگیز بە رەخنەتان دڵمەند نابین و هەمیشە ئامادەی بیستن و کەڵک وەرگرتنی رێ بەدیکاریتانین. تا بەرنامەی داهاتوو کە وەڵامی ئەم گوێگرە بەڕێزە ئەدەینەوە خواتان لەگەڵ. شەوتان خۆش.