وەڵامی ڕەخنەیەکی ئەدیبانە

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  692 بینین

ژن:

سەلامێکی گەرموگوڕ پێشکەش بەگوێگری بەڕێزی بەرنامەی تاپۆ.

لە بەرنامەکانی پێشوودا نامەی کاک «مرادی بەختیاری»مان بۆ خوێندنەوە و بەڵێنمان دا لە بەرنامەکانی داهاتوودا وەڵامی بدەینەوە، بەڵام باشترە کورتە و کاکڵێک لە نامەی ئەو گوێگرە خوێندەوارە بەڕێزەمان دووپاتەکەینەوە تا باسەکەمان لەیەک نەپچڕێ و هەر وەڵامێک لەبەرانبەر پرسیارێکا بێ و هەر ڕەخنەیەک کە ئەو برا بەنرخەمان لە نووسەری بەرنامەکەی گرتووە لە جێگای خۆیا وەڵام بدرێتەوە.

کاک مرادی بەختیاری نووسیویەتی کە بۆ چ بەرنامەکە چەشنێک لێناکەن کە هەرکەس خاوەنی چێشکەیەکی هونەرییە، بتوانێ لەو بەرنامەیەدا خۆی بنوێنێ؟

بۆ وەڵامی ئەم وتەیە ئەڵێین ئێمە لە مێژە لەم بەرنامەیەدا رامانگەیاندووە کە بەرنامەکەمان دەرگایەکی ئاواڵەیە بۆ هەموو ئەو کەسانە کە بە بەرگ و بارێکی هونەرییەوە دێن. من ڕەنگە لە هەموو بەرنامەیەکا جارێکم ئەم مەبەستە راگەیاندبێ کە تاک هەر چەندە شارەزا بێ - کە من بێگومان نیم - ئاوەزی بە هەموو لایەک راناگا و هەرچەندە هونەرمەند بێ - کە من دیسانەوە نیم - ناتوانێ مەکۆی هەموو هونەرێک بێ، تەنانەت تاک لەیەک بەشی هونەریشا ناتوانێ بیرورای لەسەدا سەد دروست بێ. ئێمەش هەروەک کاک مراد نووسیویەتی لامان وایە بڕوای هونەری و لێکدانەوەی عاتیفی هەموو کەس لەیەک جیاوازی هەیە، بەڵام من ناچارم لە راگەیاندنی ئەو شتانە کە بەلای منەوە باش و راستن هەروەهاش ناچارم بێ بەزەیی هەموو دەوروپشتی ئەو شتانە کە لە هونەرا بەلامەوە دواکەوتوو و دزێون روون بکەمەوە، بێگومان هەر کەسێ بۆ خۆی رێگا و شوێنێکی هەڵبژاردووە کە پاش هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی پێی گەیشتووە و ئەو بیر و بڕوایە کە هەیەتی ئەیکاتە تەرازووی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی بەر جەوەند و نرخی شێوەیەکی هونەری.

ئێمە هەزار جارمان کوتووە و دیسانەوە ئەیڵێمەوە کە ئەو هونەرە بێ دەربەستانە کە جەنبەی دینامیکی و لافی بزووتن و ژیان و بەرەوپێش بردنی قافڵەی کۆمەڵیان تێدا نییە، بەلامانەوە بێ نرخ و بەتاڵن، لامان وایە هونەرێ کە تەنیا فۆڕم و قالبێکی مینیاتۆڕییەو هیچی تر و چەشنی دەهۆڵی دەنگ زلی بێ ناوەڕۆک مێشکی کۆمەڵ دێنێتە ئیش، دژی هونەری راستەقینەن. ئەگەر بێ ئینسافی نەکەن ئێمە لەسەرەتای پەیدابوونی هونەرەوە پێداهاتووین و بە چەشنێکی گشتی ئەم باسەمان شی کردۆتەوە کە هونەر چۆن پەیدا بووە و بەڵگەی بە نرخمان لە مێژووی کۆمەڵایەتی بەرەی ئادەمیزادی بە دەستەوە داوە و هەروەهاش قسەی مامۆستایانی هونەر و کۆمەڵ ناسیمان کردۆتە شاهید میسال. هەڵبەت لە پێش هەموو شتێکا تایبەتییەکانی شێوەیەکی وێژەییمان هەڵداوە و تا ئەو جێگایە لە وزەی دەسکورتی زانست و ماوەماندا بووبێ هەوڵمان داوە هۆی گەشانەوە و پەرگرتن و کزبوون و لەناوچوونی شێوەکە لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دیاری کەین. وەک ئەزانێ، ئەگەر دیسانەوە بە تەوازوع و خۆ بەکەم زانییەوە نەفەرمووی نازانم، هونەر و هەموو کاروبارێکی تری کۆمەڵایەتی وەک لیزگەی زنجیر بەیەکەوە بەستراون و هەموویان تەئسیری موتەقابیل و کاری دوولایەنیان لەسەر یەک هەیە.

هەڵبەت من بە پێچەوانەی «برتراندراسل» لام وا نییە ئەگەر لووتی «کلئۆپاتڕا» کەمێک کورتتر بوایە، جیهان ئەمڕۆ بە قۆناخێکی ترا تێئەپەڕی، چونکە نەخش و تەئسیری تاک هەر وەک «پلێخانۆف» بەکەم ئەزانێ لەسەر ناچاری مێژوویی و لەسەر کاری کۆمەڵایەتی؛ بەڵام ئەمەی کە ئەمڕۆ ئێمە قسەی لێ ئەکەین هونەرەو هونەر کاری تاکی نییە. راستە کە تاک ئەیخوڵقێنێ، بەڵام کارێکی گشتی و کۆمەڵییە. ئەمەش تایبەتی بێ کەم و زیادی کاری کۆمەڵایەتییە کە کار ئەکاتە سەر کۆمەڵ و لە کۆمەڵەوە کاری ئەکرێتە سەر. بەم چەشنە دەرئەکەوێ ماشەرەبەنی وەها ئاڵۆز کە هەر سەرەی بە شوێنێکەوە بەستراوە، دۆزینەوەی جەمسەری کارێکی دژوارە و من کە خۆم لەگەڵ ئەو پشێوەو ئاڵۆزییە وا خەریک ئەکەم، هەڵبەت هەروەک یەکێک لە ئێوە مافی ئەوەم هەیە کە شێوەیەکم بە لاوە پێ باش بێ.

کاکی من بێگومان تۆ ئەوەت بەگوێ گەیشتووە کە ئەڵێن نووسەر پێویست نییە بتوانێ ئاکام لە نووسراوەکەی خۆی وەربگرێ، ئەو راسپێری هەر ئەمەیە کە باش و خراپ ڕوون بکاتەوە. بەلای منەوە نووسەر و هەموو هونەرمەندێکی تر لە پێش هەموو شتێکا ئادەمیزادێکە کە هەموو تایبەتییەکی ئەندامانی تری کۆمەڵی تێدایە و هەر ڕوونکردنەوەو دەرخستنی باش و خراپ خۆی چەشنە ئاکام وەرگرتنێکە. ئەوەی کە ئەڵێن ئاکام وەرنەگرێ مەبەست ئەمەیە کە نووسراوەکەی نەکاتە مەیدانی شیعار و رمبەرمب، دەنا ئەوەی کە «داستایووسکی» ئەنووسێ پەیکەرەی سی ساڵ چەوسانەوە لەبەرامبەر دەرەبەگی بەرچاو بەچلچرا روونەوە راوەستابوو، مەبەستی کابرای فەلایە؛ خۆی ئەتوانێ هاندەرانەترین ئاکام بێ. دیارە کە داستایووسکی لایەنی فەلای چەوساوەی گرتووە و بەسیحری وشە هەژاری و زۆرلێکراوی ئەوی لە بەرامبەر دەرەبەگی تێروتەسەل و زۆردار دەربڕیوە.

ئادەمیزاد ئەویش کەسێک کە کاری هونەری ئەکا، چ نووسین بێ، چ شیعر، چ نەقاشی، چ پەیکەرەسازی و ئەو کەسانە کە ڕەخنەگر و هەڵسەنگێنەری شوێنەواری هونەرین، وەک هەموو کەسێکی تر خاوەنی هەستی خۆش ویستن و ناخۆش ویستنن و ناتوانن کەنار بن لە کێشەری ویست و ئاواتیان. جگە لەمانە تکایە «کاک مراد» ئادەمیزادێکی لایەن نەگرم نیشان بدا و بەواتەی کوردی سەرم بشکێنێ.

بەڵام ئەوەی کە من لە هونەرا خەریکی دروستکردنی چێشکەی ئیستاندارد و یەک چەشنم. برای خۆشەویست وای دائەنێن کە بڕوای من لە هونەرا بڕوایەکی باش بێ، جا لەو حاڵەدا لاوەکانمان زیانێک نابینن لە شوێن گرتنی بڕوای من و ئەگەر دروست نەبێ لەسەر ئێوە و هەڤاڵانی تری وەک ئێوەیە کە هەڵەکانم راست بکەنەوە تا گوێگرەکان تووشی هەڵە نەبن. ئەمانە لە کاتێکدا ئەگونجێ کە من کارەکەم کاری هونەری رووت بێ. من لەم بەرنامەیەدا زیاتری کارم لەسەر نەقد و هەڵسەنگاندن ساغ بووەتەوەو ئەگەر لاوێک بڕوای منی بە لاوە دروست بێ، ئەمە ئیتر دروستکردنی چەشکەی ئیستاندارد نییە. خۆتان ئەزانن کە من ئامادەم بۆبیستن و وەرگرتنی ئینتقاد و بەئاوات ئەخوازم گوێگرانی بەڕێز هەموویان چەشنی ئێوە گوێ بگرن بۆ بەرنامەکە و ئەگەر تووشی هەڵەیەک هاتن کە بێگومان بیری ورد و ئاوەزی بەکار و چەشکەی پاراوتان زۆر لە بەرنامەکەدا تووش دێ، بۆمی بنووسن و منەتبارم کەن. ئەوا ئێوە و ئەوەش بەرنامەکە، دەیجا فەرموون بەخێر هاتن.

تا حەوتەی داهاتوو بەخواتان ئەسپێرم. شەوتان باش.