گەوەرە شێت

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  812 بینین

هەموو هاوینێک ئاوایییەکەی ئێمە چەند ڕۆژی سەرەتایی جموجووڵێکی تێ دەکەوت؛ هەر دووکەس کە ئەکەوتنە یەک، باس ئەبوو بە باسی «گەوەرە شێت». لە کانی ژنان، لەسەر خرمانان، لە مزگەوت و حوجرەی فەقێیان، لە هەموو شوێنێک باسی گەوەرەشێتیان دەکرد. گەوەر ئافرەتێکی شێت و سەرگەردان بوو کەس نەیدەزانی سێ وەرزی دیکە بۆ کوێ ئەچێ و چۆن ئەژی؛ تەنیا ئەوە ئاشکرا بوو کە ئەو یەکەم ڕۆژی هاوین لەگەڵ یەکەم گزنگی خۆر لەسەر ئاسۆ دەردەکەوت، کەمێک لەبەرزایی سەر گۆڕستانی ئاوایی رائەوەستا و چاوی ماندوو و شڵەژاوی بەهەر چوار لای گۆڕستانەکەدا ئەگێرا. بای بەیان شڕۆڵی جلوبەرگەکەی رائەشەکاند، لەو کاتەدا لە خودای کوڵوڵی یۆنانی کۆن ئەچوو، پاشان وەک خەونێکی پڕ ماتەم ئەهات بۆ ناو جەرگی ئاوایی و لەگەڵ خۆیا هەزار ئەفسانە و راز و خەیاڵی لە دڵی دانیشتووانی دێدا ئەبووژاندەوە. ئەوانەی وا تەمەنیان زۆرتر بوو ئەیانگوت گەوەر تەمەنی لە سی تێناپەڕێ، بەڵام زۆر حەستەم بوو کەسێ ڕواڵەتی تێکشکاوی گەوەر ببینێ و بڕوابەم قسەیە بکا، ئەتکوت بە نووکی گاسنی ڕۆژگار، چیمەنی سەرسەوزی تەوێل و گۆنای هەزار کووزی خوار و چەوتی تێکراوە، بەتایبەت نیگای بێ گیان و بێ دەربەستی کە نەتئەزانی تەوس و توانجی پتر تێدایە یا رق و تووڕەیی. هەرگیز نەبوو کە تۆ گەوەر ببینی و ترووسکەی بێتین و تیژ تێپەڕی زەردەخەندەیەک لە سەر لێوی نەبێ، بەڵام ئەو زەردەیە زوو هێلانەی وشک و چۆڵی لێوی بەجێ ئەهێشت و ئەبوەوە بە پەیکەرەی خەم و دەرد. هەموو مێژووی ژیانی ئادەمیزاد، هەموو سەرکەوت و تێشکانێک لەیەک کاتی کورتا ئەوەندە مەلی نیگای تۆ لە چاوتەوە هەڵفڕێ و بگاتە سەر وشکارۆی روخساری ئەو، وەک برووسکەی شەوێکی بە هەوری بەهار، ڕۆشن ئەبوو و ئەگوژاوە.

من هەمیشە بەتاسەوە بووم، وەک مەراقێکی وەدی نەهاتوو ئەم ویست بتوانم قسەی لەگەڵ بکەم، چونکە زۆرم ئەفسانە و داستان سەبارەت بەم ئافرەتە بیستبوو، یەکێک ئەیکوت جنۆکە دەستیان لێ وەشاندووە، یەکی تر ئەیکوت حەزی لە گەنجێک کردووە و پێی نەگەیشتووە، لەبەر ئەمە شێت بووە، بەڵام هیچکام لەم داستانانە بۆ من جێگای بڕوا نەبوو. ڕۆژێک ئاواتم وەدی هات؛ کاتێ کە بەیانی زوو وەک هەمیشە ئەچووم تا لە بێدەنگی بەیانییا کەمێک لە کەناری رووباری بچووکی قەراخی ئاواییا دابنیشم و هەندێ بیر لە هەڵپەی بێوچانی ئادەمیزاد بکەمەوە، نەرمە ئاهەنگی ئاوی رووبار کە دەنگی ئەو پەڕی دیواری پۆڵایینی تەمەن بە گوێی مڕۆڤا ئەچێنێ و سەری بەرزی چیا کە لەگەڵ چەن پەڵە هەوری سپی و نەزۆکا راز و نیازیەتی و هەرگیز ئادەمیزاد نازانێ کە سروشت چی لە دڵایەو بەم بێ دەنگییە کە لە هەموو هاوارێک، لە هەموو بانگەوازێک بەرزترە، ئەیەوێ چی بە ئادەمیزادی سەرلێشێواو بڵێ؟!

کێشێکی بەهێز کێشامی و لە پاڵ دەستیا دایمەزراندم، بێ ئەوە رووی وەربگێڕێ و بزانێ من کێم، کوتی:

―«تۆش لە تەنیایی وەڕەز بووی؟»

هیچ دەنگم نەکرد. درێژەی دا:

―«بەڵێ ئادەمیزاد زۆربەیان تەنیان، لەگەڵ ئەوەشا کە بەڕواڵەت هەزار هەڤاڵ و خزم و کەس و کاریان هەیە.»

لام سەیر بوو کە ئافرەتێکی شێت ئەم قسانە بکا. بە ئەسپایی و بە چەشنێ کە نەیسڵەمێنمەوە پرسیم:

―«تۆش تەنیای؟»

بە تەوسەوە روانی بۆم و دیتم کە لە نزیکەوە ئەکرێ جاڕی جوانییەکی نەماو لە زەوی پڕ لە خاڵ و خەوشی دەم وچاویا بەدی کەی.

کوتی:

―«ئەوساڵەش هەر ئەم وەرزە بوو کە ئەو ڕۆیشت و من تەنیا کەوتمەوە.»

بەدوودڵیەوە پرسیم:

―«ئەو کێ بوو؟»

دیار بوو بیرەوەری تاڵی هاتۆتە خورۆش و سەر ڕێژ ئەکا. کەمێک چاوی بە دەوروپشتا گێڕا و کاتی دڵنیا بوو کەسێ بە دەورو پشتمانەوە نییە، کوتی:

―«کۆڕپەکەم، کۆرپەی نازار و خۆشەویستم!»

دەنگی ئەتکوت لە ژێڕ چاڵێکی بێ بنەوە دێتەدەر؛ کپ و خەماوی بوو. لەسەر قسەکەی ڕۆیشت:

―«باوکم زۆر دەوڵەمەند بوو؛ زیاتر لە دیوەخانی ئاغابوو، بەهارێکی سەوزی خەیاڵاوی کە یەکەم بەهاری گەنجی من بوو، فەقێ مارف هاتە ئاواییەکەمان و هێندەی پێ نەچوو کە من و ئەو دڵمان دا بەیەک. هاوین هات و گەرمای ئەوینی ئێمەش لەگەڵ گەرمای هەوا هەر هات و زۆرتر بوو؛ بەڵام باوکم ئامادە نەبوو من بدا بە فەقێیەک کەبە واتەی ئەو نەیدەزانی کوڕی کێیەو لە کوێوە هاتووە. لایەکم ئەوین بوو کە بانگی ئەکردم بۆ بەهەشتی خەیاڵاوی هەمیشە بەهار، ئەو لای ترم باوکم بوو کە لەبەر چاوم ببوو بەڕواڵەتێکی دزێو و هەڕەشەی لێئەکردم کە هەنگاو نەنێم بۆ لای ئەو گوڵزار و بەهارە کە ناوی ئەوین بوو. کوتم کەمن گەنج بووم، گەنجێکی تازەساڵ و نەمدەزانی لەم ناوەدا چی بکەم.

با سەرت نەهێنمە ئێش؛ من پاش دوو ساڵ ببووم بە دایکی کوڕێک کە لەگەڵ فەقێ مارفا ئەتکوت سێوێکن و کراون بەدوو کوتەوە، بەڵام فەقێ مارف هەر ئەوەندە مێردی من بوو؛ پاشان ڕۆیشت و منی تەنیا بەجێ هێشت. کاتێ کۆرپەکەم ببوو بە هەشت ساڵە، لەپڕ نەخۆش کەوت؛ من پارەم نەبوو کە بیبەمە لای دوکتۆر، باوکیشم لێم بەرقدا کەوتبوو و ماوەی ئەو دە ساڵە قسەی لەگەڵ نەکردبووم، تەنانەت ئەو ڕۆژەش کە چوومە لای داوام کرد پارەیەکم بداتێ، بە توانجەوە کوتی ئەم کوڕە باوکی هەیە، بۆ داوا لە فەقێ مارف ناکەی پارەی دوکتۆر و دەرمانی بۆبدا؟ پاڕانەوە و گریانی من دڵی وەک بەردی باوکمی نەرم نەکرد، کاتێ گەڕامەوە، گۆشەجەرگم، سۆمای چاوم لە جێگاکەیا...».

وا دیار بوو نایەوێ لەمە زیاتر قسە بکا، چونکە بێدەنگ بوو و چاوی بڕییە گۆڕستانی ئەوپەڕی. رووبارەکە تاوی بەسەر کشابوو و لەپێکەنینی توانجاوی ئافرەتێکی کوڕمردوو ئەچوو.

تا حەوتەی داهاتوو خواتان لەگەڵ.