ڕاسپێری هونەر

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 5 خولەک  923 بینین

سەلام لە گوێگری بەزەوق و چێشکە پاراوی بەرنامەی تاپۆ.

زۆر کەس لە خۆی ئەپرسێ کە ئایا هونەر وێنەی زانست، پێتەویستی ژیانی ئادەمیزادە، یان نە؛ هونەر لە کۆمەڵا چ نەخشێکی بەدەستە و ڕاسپێری چییە؟ ئاخۆ هونەر بۆ ئادەمیزاد لەو شتانەیە کە ئەگەر نەبێ زیان ئەگەیەنێ بە مرۆڤایەتی؟

لە زۆر کەسمان بیستووە کە بۆ نموونە «هونەری شاعیری» بێ بایەخ ئەدەنە قەڵەم و تەنانەت تاقمێکیش هەن کە شیعر و شاعیری بە ڕاگر و گنخێنەر و خنکێنەری کۆمەڵ ئەزانن. ئەوانە بێ ئەوە بیر بکەنەوە کە هونەر و زانست دوو لفەدوانەی کۆششی مێشک و ئاوەزی ئادەمیزادن، لانی لایەنگری زانست ئەگرن و ئەڵێن زۆر خوو بەهونەر گرتن و زۆر پەرژانە سەر هونەر ڕێگای بەرەوپێش چوونی زانست ئەگرێ، لەکاتێکا ئەگەر مێژووی خەباتی ئادەمیزاد لە هەوەڵی پەیدابوونی کۆمەڵی کلانییەوە (CLAN) تا ئەمڕۆ بزانن هەرگیز بڕوایان وەها نابێ کە هەیە.

ئادەمیزاد جیاوازی هەرە گەورەی لەگەڵ گیاندارانی ترا ئەوەیە کە بەدیهێنەری هونەرە، بەشێکی کەم و کووڕ لە زانست تەنانەت لەناو گیانداریشا هەیە، بەڵام هونەر تایبەتی ئادەمیزادە؛ لەو کاتەوە ئادەمیزاد دابەش بووە بەدەستە و تاقم و بەیەکەوە ژیاوە، واتە لەو ڕۆژگارەوە کە ژیانی خێزانی و بنەماڵەیی واتە کلان دامەزراوە، ئادەمیزاد هونەری ناسیوە و گرنگترین ڕاسپێری خراوەتە ئەستۆی ئەو بەشەی مەعریفەتی ئینسانی. وشە و دەنگ و بزووتن، بەریز وێژە و مووسیقا و وێنەگری و سەمایان پێکهێناوە، تەنانەت ئایین و ئوستوورەی «ماوراء الطبیعە» بەرهەمی پەنجەی یەزدانی و خوڵقێنەری هونەرن؛ هونەر هەمیشە لە درێژایی مێژووی ژیانی ئادەمیزادا چرایەک بووە بۆ ڕۆشنکردنەوەی بەرپێی زانست. هەر کات ئادەمیزاد بەهۆی ئاوەزی کەم وکورتیەوە دامابێ لە گەیشتنی بەئاواتێک، پەنای بردۆتە بەر جیهانی پان و بەرین و بێ پەرژین و لەمپەری هونەر؛ ئەو جیهانە وا ڕاستەقینەی وشک و زبری دەوروبەری ژیانی ئادەمیزاد ناتوانێ گەمارۆی بدا و تەنگی پێ هەڵچنێ؛ زانست ناچارە هەر لەو شتانەی وەرگرێ کە لە دەوروپشتی هەن و خاوەنی مادە و جسمن، بەڵام هونەر لە دەریای بێ بنی عاتیفە و خەیاڵ سەرچاوە ئەگرێ؛ لە هونەرا هیچ بەرگێگ نییە کە پێش بەئاواتی ئادەمیزاد بگرێ. لەو جیهانەی هەڵفڕین هەیە، خەوبینین هەیە، جوانی بێ خەوش و خاڵە. هونەر تا ڕادەیەکە ئاوات بڕوا ئەتوانێ هەڵفڕێ. بێ ئەوە جیهانی ڕاستەقینەش لەبیر بەرێتەوە. هونەر پردێکە لە واقعیەتەوە هەڵبەستراوە بۆ حەقیقەت. ماکسیم گۆرکی نووسەری بەرزی رووس ئەڵێ هیچ بەرهەم و داهاتێکی زەوقی ئادەمیزاد نییە کە بەهرەیەکی لە ڕاستەقینە نەبێ. زیهنی ئادەمیزاد ئاوێتەیەکە لە ئاوات و ڕاستەقینە.«قالیچەی باڵدار»، «چەکمەی خۆش ئاژۆ»، «دراکۆڤلان» (DRACOVLAN)، «کڵاوی سەخری جن»، «هەڵفڕین و تەنوورەی دێو»، «چەرخ و فەلەکی پیرەژن»، هەموو نوێنەری هەڵپەی بێ وچانی هونەرن بۆ دۆزینەوەی ڕێگای زاڵبوون بەسەر فەزا و ئاسمانا و دەرچوون لە کێشەر و پێوەندی خاک، بەتایبەت « چەرخ و فەلەکی پیرەژن» تەواو باری سەنعات و زانستی تیا بەهێزە؛ ئێستە واباشە هەرکام لە سێ وشەی «چەرخ» و «فەلەک» و «پیرەژن» وردبینەوە، تادەرکەوێ کە ئیستعارە و سەمبول سازی چ کارێکی کردووە.

چەرخ لەمێژە بەنیشانەی بزووتن و حەڕەکە ئیستعارەیە کە بۆ زانستی میکانیکی و فیزیکی چەرخی چاڵاو کە بەکوردی پێی ئەڵێن کۆل و بیر، هەڵبەت کۆلی تەنیا بەکەرەسەی بووزووتەنینیش ئەڵێن، چەرخی چاڵاو ڕەنگە یەکەم دەزگایەکی سنعاتی بووبێ کە بەشەر کردوویە بە خزمەتکاری خۆی، تەنانەت ئێستەش لە هونەری نەقاشییا لە سەبکی «ئەمپر سیۆنیسم»ەوە تاشێوە نوێیەکان «چەرخ» واتە و مەفهوومێکی ئیستیعارەیییە بۆ زانستی میکانیکی،«فەلەک» واتە ئاسمان ئەو فەزا بەرینەیە کە ئادەمیزادی سەرزەوی ئەلکێنێ بەئەستێرە گەشەکانەوە و بیری هەستیارانەی بەشەر هان ئەدا بۆ پشکنین و سەردەرهێنان و زانستی کورتە و وزەی فڕینی بیر و خەیاڵی زۆر و بەربڵاوە، بیر ئەکاتەوە کە چەند سەیر ئەبوو بیتوانیایە بەچەرخێک واتە کەرەسەیەکی میکانیکی بەسەر ئەم ڕێبازە بێ گرێ و گۆڵەی فەلەکە دا باڵ بگرێتەوە، چونکە هەروەک شاعیری ئێرانی ئەڵێ:

شنیدستم که هر کوکب جهانی استفارسی
جداگانه زمین و آسمانی استفارسی

بەڵام بزانین «پیرەژن» لەم کارەساتەدا نەخشی چییە؟ پیرەژن ڕەمزی ئادەمیزادی پڕ تاقیکاری و ساردوگەرم چێشتووە و ئەم ئادەمیزادە ئەشێ کە ڕێبواری سەفەرێکی پڕ مەترسی بێ.

هۆیەکی تریش کە پیرەژن بۆ ئەم گەشتی فەزایە لە بەر چاو گیراوە کە پیرەژن لە ئابووری کۆمەڵا پێکهێنەری بەرهەم و داهاتێک نییە و ئەگەریش لەناو بچێ و بێ سەرو شوێن بڕوا زیانێک لە کۆمەڵ ناکەوێ، هەر ئەو ئاواتەیە کە لەپێشا هونەر نوێنەری بوو ئێستە لەم چەرخەدا کە ئێمە تیا ئەژین لە چەشنی ئاواتێکی ئەفسانەیی دەرچووە و بووەتە کارێکی زانستی. فەزا بەهەموو ڕەمز و ڕازێکییەوە کەوتۆتە بەر تیشکی زانست، بەڵێ هەروەک لە هەوەڵەوە گوتمان زانست و هونەر دوو لفەدوانەی تێکۆشانی گیان و ئاوەزی ئادەمیزادن و نە وەک هونەر هەر تەنیا ڕێگای بەرەو پێش چوونی زانست ناگرێ، بەڵکو ئەو ڕێگایە کە بەتەم ومژ و تۆز و خۆڵ داپۆشراوە ڕوون ئەکاتەوە.

تا حەوتەی داهاتوو بەخوای گەورەتان ئەسپێرین.