شانۆگەری چۆن و کەی سەری هەڵداوە؟

لە کتێبی:
تاپۆ و بوومەلێڵ
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 6 خولەک  2379 بینین

سەلامێکی گەرم و گوڕ پێشکەش بەگوێگری هۆگری هەوای بژوێنی هونەر.

باسی ئەمڕۆ تەرخان ئەکەین بۆ ئەم مەبەستە کە تئاتر یا شانۆگەری چۆن و لە کەیەوە لەناو کۆمەڵا پەیدا بووە و بەکوێ گەیشتووە و لەناو کۆمەڵی کوردا ئەم هونەرە پێشینەی چییە و ئەمڕۆ لە چ پلەیەکدایە؟

شانۆگەری لەگەڵ نووسینی نومایشنامە جیاوازییەکیان لە بارەی زەمانەوە هەیە، واتا پێش ئەوە کە نووسین و خەت هەبێ شانۆگەری و نیشاندانی مەبەستێکی کۆمەڵایەتی یا ئایینی بەچەشنێکی نزیک لە تئاتری ئەمڕۆ هەبووە و ئەم نیشاندانە ئەگەڕێتەوە بۆ هونەری جادووکارانە کە کوتمان دایکی هەموو هونەرێکی تری ئەمڕۆ بووە و هەر بەشێکی هونەر کە بیگری لە ئاکامی پەرەگرتنی ئەو شێوە جادووکارانەی هونەری پێشوودا پەیدا بووە. تەنانەت پەیکەرە دروست کردن و ئاڕشیتێکتی و تئاتری ئەمڕۆ.

بێگومان ئادەمیزادی بەڕوو، پێش ئەوە زمانی کەوێتە کارو بۆ هەموو شتێکی دەوروبەری ناوێک دابنێ و کۆمەڵ ئەو ناوە بگرێ و بەکاری بهێنێ، دەستی لەکارا بووە. جا بیری لێ بکەنەوە کە ئەو ئادەمیزادە کاتێ ویستبێتی بەخێڵەکەی حاڵی بکا کە لە بێشەیەکا شێر یا ماری دیوە بەئیشاڕە و زیل و بەمی دەنگ ئەو کارەی پێ نەکرابێ چی کردووە؟ بێگومان شکڵی ئەو دڕندەیا ماری لە قوڕ و بەوێنەیەکی سەرەتایی دروست کردووە. ئەمە پەیکەر سازکردن. هەر ئەو ئادەمیزادە ناو غارەکەی خۆی بەش کردووە و هەر بەشەی کردۆتە جێگای تایبەتی شتێک. وەک شوێنی خەوتن، شوێنی هەمارکردنی خواردەمەنی و ئازۆخە و پێتەویستی تر و ئارشیتێکتی هەر ئەم لەبەر چاوگرتنەی پێتەویستەکانی جێگای حەسانەوە و یا کارکردنە کە جوانی و تەفەننونیشی تێکەڵ بووە. ئەمێنێتەوە تئاتر یا شانۆگەری کە ئەمڕۆ وا دێتە بەرچاو کە گوایە تئاتر ناچارە نومایشنامەیەکی نووسراوی هەبێ و دەورگێڕەکان بکەونە شوێن پییەس و سووژەیەکی نووسراو. ئەپرسین تئاتر چییە؟ ئاخۆ تەنیا بۆ تەفەننون و سەرگەرم کردن پەیدا بووە و بەهرەیەکی کۆمەڵایەتی نییە و بەناوی پێتەویستێکی ژیان خۆی نەنواندووە؟ وەڵام ئەمەیە تئاتر یانی نواندنەوەی ئەو ڕاستەقینە کۆمەڵایەتییانە کە ئامبازی ژیانی مرۆڤن بەچەشنێکی هونەرمەندانە واتە بەهێزی عاتفە و بەهۆی جووڵە و قسە و حاڵەتەوە و بەکەڵک وەرگرتن لە وێنەسازی بۆ تەبیعەتێ کە داستانی ڕووداوە تئاترییەکەی تێدا هەڵکەوتووە. ئەم قەیدی دوایی، یانی کەڵک وەرگرتن لە وێنەسازی- دێکۆڕ- لەپێشدا پێتەویست نەبووە، چونکە ئادەمیزاد خۆی لە تەبیعەتا ژیاوە و دێکۆڕی ئامادە و سروشتی هەبووە.

تئاتر بۆ ئادەمیزادی بەروو، شتێکی خەریککەری تەفەننونی نەبووە، بەڵکوو بەشێکی پێتەویستی ژیانی ئەوبووە، کە وەها بوو بەهرەی کۆمەڵایەتی نەبووە. ئادەمیزاد ئەگەر ویستبێتی خۆی ساز بکا لە پێشا بۆ ئەو کارە تەمرینی کردووە. تاقمێ لە خێڵەکە بوون بەدوژمن و تاقمێکی تر ویستوویانە ئەو دوژمنانە کە بەڕواڵەت کراون بەدوژمن بشکێنێ و لەناویان بەرێ. ئەمە خۆی بۆتە مایەیەک بۆ شانۆگەری بێ ئەوە پییەسێک (نومایشنامە) لە کارا بێ.

لە سەرەتای سەدەی شەشەمی پێش لە دایک بوونی عیسادا، نومایشنامەی نووسراو لەناو یۆنانییەکانا پەیدا بوو. لە سەرەتاوە تڕاژیدی ئایینی بە چەشنی سروود، هەر وەک لە ئێرانی کۆنا سروودی ئاگر (نیایشی ئەهوورامەزدا) هەبوو، لە یۆنانی سەدەی شەشی پێش لە دایک بوونا دەستی پێکرد. بۆ نموونە سروودێ کە بۆ ڕێزگرتنی خوای شەڕاب دیونسووس لە جەژنە ئایینییەکانا لە لایەن تیپێکی تایبەتەوە ئەخوێنرایەوە. سروودی قوربانی کردنی ئاسک، یەکێکی ترە لەو سروودە تڕاژدیکە ئایینییانە. گەورەترین تڕاژێدی نووسی ئاینی ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی بەر لەمیلاد «ئی بیس»ە کە ئاڵ و گۆڕێکی لەو چەشنەنومایشنامە ئایینیییانەدا پێکهێنا و دیالۆگی هێنا ناو سروودەکانەوە. ئاکتۆر ACTOR واتە نەخشیاری شانۆ ئەکەوتە دەمە تەقە و گوفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی تیپەکە و بەم چەشنە تڕاژدێدی لە سروودێکی رووتەوە گۆڕا بەوتووێژ و سروود، تێکەڵ.

ئاخۆ ئەم چەشنە شانۆگەرییە زۆر لە بەیتە کوردییەکان ناچێ کە هەندێکیان بەقسەو پەخشان بوو و بڕێکیان بەشیعر و هەڵبەست؟ بەیتخوان لە کاتی خوێندنەوەی پەخشانەکەدا هەوڵی ئەدا بیری گوێگر ئامادە بکا بۆ پەردەیەکی تر لە بەیتە نومایشنامەکە و ئەمجار دەستی ئەکرد بەخوێندنەوەی بەشە هەڵبەستەکە.

پاش تڕاژیدی ئایینی، دڕام یا دڕاما (DRAMA) لە یۆنان پەیدا بوو. ئی سی خۆلۆس گەورەترین دڕام نووسی یۆنان بوو- ئی سی خۆلۆس لە ژمارەی سروودخوێنانی ساکاری نومایشنامەی کەم کردەوە، لە جیاتی ئەوە دیالۆگی دڕامی زۆر کرد و جموجۆڵ واتە نواندنی بەحەڕەکەی باو کرد. پڕۆمیووس ماگیدا بەنووسینی نومایشنامەی ئاگامێ مو نون و سۆفۆکل یا سۆفۆکلێس بەنووسینی ئۆدیپ گەورەترین تەئسیریان کردە سەر دڕام نووسینی یۆنان. یورپیدیس لە نومایشنامە نووسەکانی پێش خۆی زۆرتر، بەلای ڕاستەقینەوە چوو. هیپبو لیتووس و میریا و ئەیوون چەن نومایشنامەی ئەو نومایشنامە بەرزەی یۆنانی کۆنن کە تەنانەت لە سەردەمی ئێمەشدا سەرنج رائەکێشێ. شتڕاوس مووسیقاری بەناوبانگ، نومایشنامەی ئەلکترای کردووە بە ئۆپێڕا OPERRA.

بەداخەوە لە ناو کوردان تا ئەم دوایییانە نومایشنامە نەنووسراوە، بەڵام شانۆگەری هەبووە، زۆرتری یارییەکانی کوردستان کە بە گەل ئەکرێن، چەشنە نومایشنامەیەکن. یەکێک لەوانە «میر میرێن»ە کە نومایشنامەیەکی کۆمێدییە و بۆ ڕەخنەگرتن و قەشمەری کردن بەزۆردار ساز ئەکرێ. هۆی ئەمە کە بۆچ لەناو کوردا نومایشنامە نەنووسراوە ئاشکرایە و لێدوانی ناوێ.

تا بەرنامەیەکی تر خواتان لەگەڵ.